لە بەردەم یاسادا

385
0
بڵاوکردنەوە:

(کورتە چیرۆک)

نـــووسینی: فڕانز کافکا

لە ئینگلیزییەوە: دڵشاد حامید دەروێش

لە بەردەم یاسادا دەرگاوانێک وەستاوە. پیاوێک لە گوندەوە دێتە لای و مۆڵەتی چوونە نێو یاسای لێدەخوازێت. دەرگاوان پێیدەڵێت کە لە ئێستادا ناتوانێت. دوای بیرکردنەوە پیاوەکە لێیدەپرسێت کە ئایە دواتر ڕێگەیدەدات. دەرگاوانەکە وەڵامی دەداتەوە: ((دەشێت، بەڵام جارێ نا)). لەبەر ئەوەی دەروازەی یاسا وەک هەمیشە واڵا بوو، دەرگاوانیش چووە لایەکییەوە. پیاوەکە نوشتایەوە تاوەکو لە دەروازەکەوە تەماشایەکی ناوەوە بکات. دەرگاوان کە ئەمە دەبینێت بە پێکەنینێکەوە پێی دەڵێت: ئەگەر هێندە بۆت بایەخدارە، بۆ بەبێ مۆڵەتی من خۆتی پێدا ناکەیت. بەڵام ئەوە بزانە کە ڕاستە من بەهێزم، وەلێ بچووکترین دەرگاوانی ئێرەم. لە بەردەم هەر هۆڵێکدا دەرگاوانێک وەستاوە، یەک لەوی پێشوو بەهێزتر، بە جۆرێک من تەنانەت بەرگەی سەرنجێکی سێیەمیان ناگرم. گوندییەکە چاوەڕێی ئەم کۆسپ و لەمپەرانەی نەدەکرد، ئەو وایدەزانی کە دەبێت یاسا هەمیشە بۆ هەمووان بەردەست بێت. بەڵام ئیستا کە لە نزیکەوە لە دەرگاوانی پاڵتۆ خوری، لە لووتە زل و قیتەکەی و تەنکە ڕیشە ڕەش و درێژە تەتارییەکەی دەڕوانێت. بڕیاری ئەوە دەدات کە باشترە چاوەڕێ بێت تاوەکو دەیکەنە ژوورەوە. دەرگاوان تەپڵەکێکی پێدەدات و دەشهێڵێت لە تەنیشت دەروازەکەوە دابنیشێت. رۆژ دێ و دەڕوا، ساڵ دێو دەڕوا کابرای گوندنشین هەر دانیشتووە. چەندان جار هەوڵدەدات ڕێگەی بدەن بچێتە ژوورەوە، بە پاڕانەوەکانی دەرگاوان جاڕس و ماندوو دەکات. دەرگاوان زۆربەی جارەکان کورتە پرساندنێکی لەتەکدا دەکرد، لەبارەی زاگە و زۆر شتی دیکە پرسیاری لێدەکرد. وەلێ پرسیارەکان خەمساردانە بوون، هەر لەوانەی کە مرۆ مەزنەکان دەیانپرسن. لە کۆتاییشدا هەموو جارێک پێی دەگووت کە ئێستاش هەر ناتوانێت بیکاتە ژوورەوە.

پیاوەکە زۆر شتی لەتەک خۆیدا بۆ سەفەرەکەی هێنابوو، هەموویانی -بە بەنرخەکانیشەوە- دا بە دەرگاوانەکە تاوەکو ڕازی بکات. ئەویش گەرچی هەمووی لێوەردەگرێت، وەلێ پێیدەڵێت: ((ئەمانەت لێوەردەگرم تەنیا لەبەر ئەوەی کە وانەزانیت شکستت هێناوە لەوەی شتێک بکەیت)). بۆ چەندان ساڵ پیاوەکە بەنزیکەیی هەمیشە چاودێری دەرگاوانەکە دەکات. دەرگاوانەکانی دیکە لەیاددەکات و وا دەزانێت کە ئەم تاکە لەمپەرە لە نێوان خۆی و یاسادا. لە ساڵانی سەرەتادا بەبێ بیرکردنەوە و بە دەنگێکی بەرز نەفرەتی لە بارودۆخی دژواری خۆی دەکرد، دواتر، لەتەک هەڵکشانی تەمەنیدا، تەنیا لەبەر خۆیەوە منگەمینگی دەکرد. کابرای دێهاتی وەک منداڵی لێهات، لەبەر ئەوەشی کە بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە لە دەرگاوانی کۆڵیبوەوە، بە کێچەکانی نێو پاڵتۆ فەرووەکەی دەرگاوان ئاشنا بوو، تەنانەت داوای دەستگیرۆیشی لێدەکردن لە قایل کردنیدا.

لە کۆتاییدا ڕۆشنایی چاوەکانی کزبوون، نەشیدەزانی کە ئایە ئەوە دەورووبەری خۆیەتی بەڕاستی تاریکتر بووە، یاخود تەنیا چاوەکانی فریوی دەدەن. بەڵام نها لە تاریکیدا دەرک بە نوورێک دەکات کە بە بەردەوامی لە دەروازەکەوە بەرەو یاسا دەردەچێت. ئێستا کاتێکی درێژی بۆ ژیان لە بەردەمدا نەماوە. بەر لە مەرگ، ئەزموونی ئەو کاتە دوورو درێژەی لە سەریدا کۆکردەوە و پرسیارێکی گەڵاڵەکرد کە پێشتر لە دەرگاوانی نەپرسیوە. لەبەر ئەوەی کە چیتر توانای ڕاستکردنەوە جەستە شەکەتەکەی نەبوو، دەستێک بۆ دەرگاوانەکە ڕادەوەشێنێت، دەرگاوانەکە دەبوو بۆی بنوشتێتەوە، ئاخر ئەو جیاوازییە گەورەی نێوانیان شتەکانی بەزیانی کابرای دێهاتی گۆڕیبوو. دەرگاوانەکە دەپرسێت: ((ئیستا دەتهەوێ چی دیکە بزانیت؟ تۆ بۆ واز ناهێنیت؟)). کابرای دێهاتی دەڵێت: ((باشە ئەگەر هەمووان لە تەقەللای یاسادان بۆ بە درێژایی ئەم هەموو ساڵە جگە لە من کەس داوای چوونە ژوورەوەی نەکردووە؟)). دەرگاوانەکە دەبینێت کابرا وا لە سەرەمەرگدایە، بۆ ئەوەی بگاتە گوێیە کز و گرانەکانی، هاوار دەکات: ((کەسی دیکە ناتوانێت بچێتە ژوورەوە، ئەم دەرگایە بەتەنیا بۆ تۆ چێ کراوە، ئیستاش وا دایدەخەم)).

 

١- زاگە: شوێنەزا

٢- دەستگیرۆیی: یارمەتی

٣- جاڕس: بێزار

سەرچاوە:

-Franz Kafka, collected stories, Before the Law, translated by Willa and Edwin Muir, Everyman’s Library, 1993.

بڵاوکردنەوە: