ڕیالیزمی شاعیرانە لە سینەمادا

376
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئیدریس عەبدی

ڕیالیزمی شاعیرانە بزووتنەوەیەکی سینەمای فەڕەنسی بوو، کە لە سەرەتاکانی دەیەی 1930 دەستی پێکرد. ژان رێنوار، مارسێل کارنە، ژوولین دوویۆیە و ژان گریمۆن، فیلمسازانێک بوون کە لەم بزووتنەوەیەدا بە شێوەیەکی نایەکگرتووانە فیلمیان بەرهەمهێنا و بزووتنەوەی ڕیالیزمی شاعیرانەیان پێکهێنا.

فیلمەکانی ڕیالیزمی شاعیرانە پڕە لە نائومیدی، ئەم فیلمانە دەربارەی ژیانی کەسانی پەراوێزنشینە، کە لە نائومیدی و بێ هیواییدا دەژین. لەم کۆمەڵگا پەراوێزنشینە، پاڵەوانێک هەڵدەستێتەوە و لە ڕووداوێکدا، تووشی ئەوێنێکی ئارمانی دەبێت و ئومێد و هیوای بۆ دەگەرێتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا تووشی نائومیدی و بێ هیوایی دەبێت. ئەم پاڵەوانانە دووبارە بێ هیوا دەبنەوە و لە زۆربەی فیلمەکانی ئەم بزووتنەوەیەدا، پاڵەوان لە کۆتاییدا دەمرێت. ئەم سینەمایە، بە زۆری قەدەر گەرایانەیە و چارەنووس لەسەر ژیانی پاڵەوانی فیلم زاڵە.

بەستێنەکانی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی بزووتنەوەی ڕیالیزمی شاعیرانە

داڕمانی دوو کۆمپانیاای گەورەی فیلمسازی فەڕەنسا (پاتە و گۆمۆن) لە دەیەی 1930 بازاڕی بەرهەمهێنانی فیلمی لە وڵاتی فەڕەنسادا خستە باوەشی کۆمەڵێك کۆمپانیاای بچووک، بەشێوەیەک کە زیاتر لە 90٪ هەموو بەرهەمەکانی نیوەی دووهەمی ساڵی 1930، لەلایەن ئەم کۆمپانیاا بچووکانە بەرهەمهاتن. ئەم بارودۆخە ئاسانکاری کرد بۆ ئەوەی فیلمسازانی سەربەخۆی فەڕەنسا دەستیان بە ستۆدیۆکان و کەل و پەلی بەرهەمهێنانی فیلم بگات. ئەم کۆمپانیا بچووکانە بە پێچەوانەی کۆمپانیا ئامریکییەکان، لەنێوان خۆیاندا بۆ دروستکردنی تراستێک (تراست Trust لە هاوپەیمانی چەند کۆمپانیایەک، کە هەموویان لە یەک بەرهەمدا چالاکی دەکەن پێکدێت) بە ئاکام گەیشتن. کۆمپانیا ئامریکایەکان هەوڵیان ئەدا کە پێکەوە کێبڕکێ بکەن و هەوڵ بدەن، کە یەکتر لاواز بکەن.

دوو هۆکار، یارمەتی فیلمسازانی فەڕەنسی و بەتایبەت فیلمسازانی بزووتنەوەی ڕیالیزمی شاعیرانەی دا کە دەربکەون و پێش بکەون:

1- یاسا حوکومەتییەکان، کە پاڵپشتی بەرهەمە ناوخۆییەکانی ئەکرد.

2- هاتنی دەنگ بۆ سینەما بوو، ئەمە هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی بەردەنگانی فەڕەنسی بۆ بیستنی دیالۆگ بە زمانی فەڕەنسی هان بدرێن کە فیلم ببینن.

بزووتنەوەی ڕیالیزمی شاعیرانە، لە ژێر سێبەری سەرکەوتن و داڕمانی هاوپەیمانی حیزبە چەپەکانی فەڕەنسا، لە ژێر ناوی بەرەی خەڵکی سەری هەڵدا.

ئەم حیزبە لەساڵی 1936 بە دروشمی (گەلی هیوابەخش)، دەسەڵاتی گرتە دەست و بەڵێنی گۆڕانکاریدا لە ژیانی خەڵک، بەڵام لە دوای شەش مانگ هیواکان لەناوچوون و هیچ گۆڕانکارییەک لەژیانی خەڵکدا دروست نەبوو و ئەم هاوپەیمانییە ڕووخا. فیلمگەلی بێ هیوا و نائومێدبەخشانەی Le Quai des brumes (1938) و Le Jour Se Lève (1939) بەرهەمی مارسێل کارنە و فیلمی La Règle du jeu (1939) بەرهەمی (ژان ڕێنوار)ن، کە لە چوارچێوەی ئەم بزووتنەوەیەدا بوون، داڕمانی هیوا و ئومێدی بەرەی خەڵکیان نیشان دەدا و وێنەی بێ هیوایی و نائۆمێدبەخشانەی کۆتایی ئەم فیلمانە پێش بینی شەڕێکی داسەپاویان دەدا.

(دەیڤید بۆردول) ئاماژەی بە فیلمەکانی (دۆ ویویە) و (ڕێنوار) دەدا و ڕای وایە؛ ئەو فیلمە گرینگانەی کە ئیلهامیان لە بەرەی خەڵک وەرگرتبوو جیاوازی زۆریان لەگەڵ فیلمەکانی ڕیالیزمی شاعیرانە نییە. هەروەها ڕای وابووم، کە فیلمەکانی ڕیالیزمی شاعیرانە بە گۆشەنیگایەکی تاڵ لەگەڵ پاڵەوانانی چینی کرێکار هاودەردی دەکەن و کاریگەری بەرەی خەڵکیان پێوە دیارە.

تایبەتمەندیەکانی بزووتنەوەی ڕیالیزمی شاعیرانە

واقیع گەرایی لە ڕیالیزمی شاعیرانەدا لەگەڵ ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی فیلمە بەڵگەییەکان جیاوازی هەیە. لە ڕیالیزمی شاعیرانەدا گرینگییەکی زۆر بە میزانسن دەدرێت. لە دیزاینی دیکۆر و ڕووناکی ورد دەبنەوە و ئەم بزووتنەوەیە لەم ڕوانگەیەوە لە ئێکسپێرسیۆنیزمی ئەڵمانیا نزیکە. واقیعگەرایی لە ڕیالیزمی شاعیرانەدا، لەسەر ستۆدیۆ و میزانسنی ستیلیزە دەخوڵقێت و لەم ڕوانگەیەوە ڕیالیزمێکی ڕەسەن نییە. واقیعگەرایی ئێنتێزاعی ڕیالیزمی شاعیرانە لەگەڵ سیمبلگەرایی شاعیرانەی چیرۆک تەبایە. چیرۆکی ئەم فیلمانە بە تەواوەتی چارەنووسسازییە و بەرەوپێش چوون و پەرەسەندنی چیرۆک بە شێوەیەکە، کە چارەنووسی شوومی کاراکتەری سەرەکی، بێ هیوایی و نائومێدی ئەو بە باشی نیشان دەدات. دیکۆر، ڕووناکی، دیالۆگ، سیمبولەکان و جوڵە، هەموویان لە خزمەتی نیشاندانی لەناوچوون و ڕووخانی کارەکتەرەکانی ئەم فیلمانەن. بۆ نموونە: لە ڕووناکی دەموچاوی کارەکتەری سەرەکی ئەم فیلمانە لە تەنیشتەوەیە و بەشی سەرەکی و گرینگی لۆکەیشن بە ڕووناکی نیشان دەدرێت. یان کارکردی ئەکسێسوارێک بە ڕووناکی دەگۆردرێت بە مانەیەکی سیمبولیک و ئێنتیزاعی.

تاگفایل
بڵاوکردنەوە: