تێڕامان لە “گەمژە”ی دۆستۆیڤسکی

385
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: هێرمان هێسە

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ خالید

ساڵی ١٩١٩

پاڵەوانی  ڕۆمانی “گەمژە”ی دۆستۆیڤسکی کە شازادە لیۆ میشکینە، بەزۆری لەگەڵ عیسادا بەراورد دەکرێت. کردنی ئەمەش تەواو ئاسانە. دەتوانی هەرکەسێک کە سروشی بەهۆی راستیە ئەفسوناوییەکانەوە وەرگرتبێت و ئەوەی کە چیدی بیرکردنەوە و ژیان لەیەک جیانەکاتەوە و لەوەشەوە خۆی لە ناوەڕاستی دەوروبەرەکەیدا تەریک دەکاتەوە و دەبێتە دژ بە هەموو. لەودیو ئەوەوە بەرواردکردن لەنێوان میشکین و عیسادا وا بۆم دەردەکەوێت تەواو گونجاو نەبێت. بەتەنها یەک خاسیەت لە میشکیندا، بە دڵنیاییەوە خاسیەتێکی گرنگ، کە سەرنجم ڕادەکێشێت وەک خاسیەتی عیسا ئەویش پاکیزەیی ترسنۆکانەیەتی. ترسی شاراوە لە سێکس و وەچەنانەوە خاسیەتێکە کە ناکرێت لە عیسای” مێژوویی” دا نەبێت، عیسای ناو کتێبی پیرۆز، کە ئەدگارێکە بەڕوونی بەشێکە لە ژیانی و فەرامۆش نەکراوە تەنانەت لە پۆترێتە هەرە رووکەشیەکەی عیسادا کە “رێنان” کێشاویەتی.

بەڵام شتێکی نامۆیە، هەرچەندیشە کەمێک هاوسۆزم لەگەڵ بەراوردکردنی بەردەوامی نێوان میشکین و مەسیح، کە منیش هەردوو وێنەکە دەبینم بەشێوەیەکی نائاگاییانە بەیەکەوە بەستراون. بەتەنها درەنگ لێم ڕوویدا و پەیوەستیش بوو بە بابەتێکی بچووکەوە. رۆژێک کە بیرم لە “گەمژە” دەکردەوە ئەوەم بۆدەرکەوت کە بیرکردنەوەی هەنووکەییم هەمیشە وادەردەکەوێت کە بەشێوەیکی ئاشکرا بیرکردنەوەیەکی گرنگ نەبێت. لە دەرکەوتنی یەکەمی ناو خەیاڵمدا هەمیشە لە دیمەنێکی تایبەتی لاوەکیدا ئەیبینم کە هیچ گرنگ نییە لە خۆیدا. ڕێک هەمان ئەزموونیشم هەیە لەگەڵ رزگارکەردا. هەرکاتێک ئاماژەیەک وێنەی عیسا دێنێتە پێشەوە یاخود کاتێک وشەی “عیسا” دەبیستم و دەبینم، ئەوەی کە یەکەم شت دێتە مێشکمەوە عیسای سەر خاچەکە نییە، یاخود عیسای ناو بیابان و چۆڵی، یان عیسای ئەفسون ئافەرۆزەکەر، یاخود عیسای زیندووبووەوە، بەڵکو عیسا لە باخچەی زەیتووندا چێژدەبینێت لە جامی کۆتایی تەنهایی و رۆحی بە غەمی مەرگی چاوەڕێکراو و سەرلەنوێ زیندووبوونەوە هەلاهەلابووە و، کاتێک دەڕوانێتە دەوروبەری بۆ هاوەڵەکانی لە پێویستی بەسۆز و منداڵانە بۆ مورتاحی و بەدوای کەمێک گەرموگوڕی و نزیکی مرۆڤانەدا دەگەڕێت، وەهمێکی ئارامکەرەوەی راگوزەر لە ناوەڕاستی تەنهاییە بێهیواکەیدا دەبینێت کە هاوەڵەکانی نوستون! هەموویان پێکەوە، پیتەری شایستە، جۆنی قۆز- هەموو ئەم خەڵکە باشانە کە لەبارەیانەوە دووبارە و دووبارە بە مەبەست و خۆشەویستانە خۆی فریودا، لەگەڵ ئەوانەی کە هاوبەشی بیرەکانی بوون بەلایەنی کەمەوە بەشێک لە بیرەکانی-وەک ئەوەی بیانتوانیایە لێی تێبگەن، وەک ئەوەی بکرایە لە راستی و واقیعدا بیروڕاکانی بەم خەڵکانە بگەیەنێت بۆ ئەوەی کەمێک بیانهەژێنێت، شتێک وەک لێتێگەیشتن وەک پەیوەندیەکی نزیک. ئێستاش لە ساتی ئازاری تەحەمولنەکراودا لادەکاتەوە بۆلای ئەم هاوەڵانە و ئەوانەی کە تاکە هاوەڵی بوون. ئیتر ئێستا بە ئاشکرا و بەتەواوی مرۆڤە، تەواو ئازارچەشتووە بەشێوەیەک زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە لێیان نزیک دەبێتەوە و ئارامی و پاڵپشتی لە هەر وشەیەکی بێمانا یاخود ئاماژەیەکی هاوڕێیانەیان ببینێتەوە- بەڵام نەخێر، ئەوان لەوێ نین، نوستون و دەپرخێنن. ساتی ترسناک، نازانم کەچۆن لە ساڵانی ئەوپەڕی گەنجیما هاتە مێشکمەوە و وەک وتیشم، گەر بیر لە عیسا بکەمەوە هەمیشە و یەکسەر یادەوەری ئەم ساتە دێتە مێشکمەوە.

لێکچوونێکی ئەمەش لە حاڵەتی میشکیندا هەیە. ئەگەر بە هەمان شێوە بیری لێبکەمەوە، “گەمژە”، ئەوە ساتێکە بەشێوەیکی ئاشکرا کەمتر گرنگە کە یەکەمجار هاتە مێشکمەوە و بە هەمان شێوەش ساتێکی نامەعقولی تەواوی تەریکبوونەوە و تەنهایی تراژیدییە. دیمەنەکە لە ئێوارەی پاڤلۆڤسک لە ماڵی لێبێدێڤدایە کاتێک شازادە پاش چەند رۆژێکی کەم لە فێ لێدانەکەی و کە هێشتاش لێی چاکدەبێتەوە، لەلایەن تەواوی خێزانی یاپانچینەوە سەردانی دەکرێت لەکاتێکدا کتوپڕ گەنجە مۆدێلە شۆڕشگێڕ و نیهیلستەکان خۆیان دەکەن بەنێو ئەم بازنە دڵخۆش و جوان بەڵام لەناوەوە گرژەدا. کاتێک ئایپۆلیتی چەنەباز لەگەڵ خۆنمایشکەر “کوڕی پاڤلیشێڤ” و کاتێک “بۆکسەر” و ئەوانی دیکە خۆیان بەژوورێدا دەکەن، ئەمە مشتومڕخوازە و هەمیشە دیمەنێکی قێزەون و نیگەرانیهێنەرە کاتێک ئەم خەڵکە گەنجە سنووردار و سەرلێشێواوە زۆر بەشێوەیەکی ناشیرین و پەتی ئاشکرادەبن بە شەڕانگێزیەکەیانەوە وەک ئەوەی لەسەر شانۆیەکی پڕ لەڕووناکی وەستابن کە لەوێدا هەر وشەیەکیان دووبار ئازار بەسەر خوێنەردا دەدا، یەکەمیان لەبەرئەو کاریگەریەی کەلەسەر میشکینی چاک هەیەتی و پاشانیش بەهۆی ئەو بێبەزێتیەی کە دەمامک لەسەر قسەکەرەکە لادەبات و بە ڕووتی نیشانی دەدا-ئەمەش نامۆ و جێگای لەبیرکردن نییە هەرچەندە ئەو پاسیجە بەتایبەتی گرنگ و جەخت لەسەرکراوە نییە کە من مەبەستمە. لەلایەکەوە کۆمەڵگە، خەڵکە دونیاییە رازاوەکە، دەوڵەمەندەکە، خۆبەزلزانەکە، موحافیزکارەکە و لەلاکەی دیکەوە گەنجە بەهەڵپەکە، دڵڕەقەکە، هیچ نازانێت بێجگە لە یاخیبوون و رقبوونەوە لە ترادیسیۆن، بێ بەزەیی، بێ باک، کێوی، ناماقوولانە دەبەنگ لەبارەی هەموو عەقڵگەراییە بیردۆزەییەکەیانەوە و ئەوەشی کە وەستاوە لەنێوان ئەم دوو گروپەدا شازادەیە، تەنها، دیار، کە لەلایەن هەردوو لایەنەکەوە بەشێوەیەکی هەستپێکراو چاودێری دەکرێت و تەواو لێی ئاگادارن. ئینجا بارودۆخەکە چۆن کۆتایی دێت؟ کۆتایی دێت بەوەی کە میشکین، سەرەڕای ئەو هەڵە بچووکانەی کە دەیکات لەکاتی خۆشی دەربڕینەکەدا، کە هەڵسوکەوت دەکات رێک وەک جۆرەکەی خۆی، ناسک، سروشتی منداڵ ئاسا، بەزەردەخەنەوە قبووڵی ئەوەی تەحەمول ناکرێت دەکات، وەڵامی هەموو قسە بێشەرمەکان بە خۆنەویستانە دەداتەوە، ویستی هەیە کە هەموو هەڵەکان لەخۆ بگرێت و بگەڕێت بۆ هەموو هەڵەکان لەناو خۆیدا- سەرنەکەوتنی تەواوی لەمەدا ئەوەیە کە لەئەنجامدا ڕقیان لێی دەبێت، نەک لەلایەن لایەکەوە یاخود ئەوی دیکەوە، نەک لەلایەن گەنجەوە دژ بە پیرەکان یاخود بە پێچەوانەشەوە، بەڵکو لەلایەن هەردوو لاوە، هەردوولا! هەموو دژی ئەوەستنەوە، پێی ناوە بە قاچی هەموودا؛ بۆ ساتێک هەرە دژبەیەکە کۆمەڵایەتییە پەڕگیرەکە لە تەمەن و روانگەدا بەتەواوی سڕاونەتەوە، هەموو یەکگرتوون و یەکێکن لە پشتتێکردن بە تووڕە و تڕۆییەوە لە تاکێک لەناویاندا کە پاک و روونە!

ئەوە چییە کە وادەکات لەم “گەمژە”یە وا نامومکین بێت لە جیهانی خەڵکانی دیکەدا؟ بۆچی هیچ کەسێک لێی تێناگات، سەرەڕای ئەوەی بگرە هەموو بەشێوازێک خۆشیان دەوێت، بگرە هەموو ناسکیەکەی بەجێگای هاوسۆزی دەبیننەوە تەنانەت بەزۆریش بەنمونەیی دادەنێن؟ چی جیای دەکاتەوە، مرۆڤی ئەفسون، لە ئەوانی دیکە، خەڵکی ئاسایی؟ بۆچی ئەوان یەکسەر رەتیدەکەنەوە؟ بۆچی دەبێت وابکەن بەشێوەیەکی حەتمی؟ بۆچی شتەکان ئاوەهان بۆ وەک ئەوەی ئاوەها بوو بۆ عیسا، کە لەکۆتاییدا بەجێهێلرا نەک بەتەنها لەلایەن جیهانەوە بەڵکو لەلایەن هەموو هاوەڵەکانیشیەوە؟

ئەوە لەبەر ئەوەیە کە شێوازی بیرکردنەوەی “گەمژە” جیاوازە لە شێوازی بیرکردنەوەی ئەوانی دیکە. نەک ئەوەی کە نالۆژیکیانە بیردەکاتەوە یاخود بەشێوەیەکی منداڵانە و پەیوەستبوونەوە جودا لەوەی ئەوان-ئەوە نییە. شێوازی بیرکردنەوەی ئەوەیە کە من پێی دەڵێم “ئەفسوناوی”. ئەم “گەمژە” ناسکە بەتەواوی نکوڵی لە جیهان و شێوازی بیرکردنەوە و هەست کردن و جیهان و واقیعی خەڵکانی دیکە دەکات. واقیعی ئەو شتێکە بەتەواوی جیاواز لە واقیعی ئەوانی دیکە. واقیعی ئەوان لەچاوی ئەودا هیچ نییە جگە لە سێبەرێک نەبێت و ئەوەش بەهۆی بینین و داواکردنی واقیعێکی تەواو نوێوەیە کە ئەو دەبێتە دوژمنیان.

جیاوازیەکە لەوەدا نییە کە ئەوان خەڵاتی دەستەڵات و پارە و خێزان و دەوڵەت و بەها هاوشێوەکانی دەکەن و ئەویش واناکات. ئەوەش نییە کە ئەو نوێنەری رۆحی دەکات و ئەوانیش ماتریاڵی یاخود هەرچۆنێک بتەوێت فۆرمەلەی بکەیت. ئەمە بابەتەکە نییە. بۆ “گەمژە”ش جیهانی مادی بوونی هەیە، ئەو ئامادەگیانە ئەو گرنگیەی ئەم شتانە دان پێدادەنێت تەنانەت ئەگەر بە کەمتر مکوڕانەش وەریانبگرێت. نە داواکەی و نە ئایدیاڵەکەشی ئەوەی زاهیدانەی هیندویەک نییە، مردن لەپێناو ئەم جیهانەی واقیعە ئاشکراکان بە قازانجی رۆحێک پڕە لە خۆیدا و دڵنیایە لەوەی کە ئەوە بەتەنها واقیعە.

نەخێر، سەبارەت بە هاوبەشی و پەیوەندی نێوان سروشت و رۆح، سەبارەت بە کارلێکی پێویستیان، میشکین تەواو بەتوانایە لە گەیشتن بە تێگەیشتنێک لەگەڵ ئەوانی دیکەدا. بەڵام بۆ ئەوان پێکەوەهەڵکردن و شیاوی یەکسانی هەردوو جیهانەکە بنەما و ئایدیایە، بەڵام بۆ ئەو ژیان و واقیعە! بۆ ئەوەی ئەمە ڕوونکەینەوە، با بەجۆڕیکی دیکە باسی بکەین. میشکین جیاوازە لە ئەوانی دیکە لەبەرئەوەی وەک گەمژە و فێگرتویەک و لەهەمان کاتیشدا کەسێکی زۆر زیرەکە و پەیەوەندیەکی نزیکتر و راستەوخۆتری هەیە لەگەڵ نائاگایی وەک ئەوەی کە ئەوان هەیانە. بۆ ئەو بەرزترین ئەزموون ئەو نیوە چرکەیەیەی دەرک پێکردنی باڵا و روانگەیە کە ئەو بۆ چەند جارێک هەستی پێکردوە و ئەو توانا ئەفسوناویەی چرکە ساتەیە و بۆ تێپەڕینی ساتێک و بۆ ئەوەی بەتوانا بیت بۆ ئەوەی هەموو شتێک بیت و، بۆ جەختکردنەوە لە هەموو شتێک و بۆ هاوسۆزی لەگەڵ هەموو شتێک و بۆ تێگەیشتن و قبوڵکردنی هەموو شتێک لە جیهاندا. لێرە جەوهەری بوونییەتی. ئەو دیراسەی ئەفسوون و حیکمەتی ئاڵۆزی نەکردووە، نەیخوێندوونەتەوە و سەرسامبێت پێیان، بەڵام (مەگەر بەتەنها لەزۆر ساتی کەمدا) بەراستی ئەزموونی کردوون. ئەو بەتەنها بیرکردنەوە و سروشی نامۆ و مەزنی نەبووە بەڵکو لە جارێک زیاتر لە دەروازەی ئەفسووندا وەستاوە کە هەموو شتێک جەختی لێکراوە و کە نەک بەتەنها ئایدیای دوورەدەست راستە بەڵکو دژی هەر ئایدیایەکی لەو چەشنەیە.

ئەمە ئەو شتە مەترسیدارەیە لەبارەی ئەم پیاوەوە کە هەموو ئەوانی دیکە لێی دەترسن. ئەو بە تەواوی تەنها ناوەستێتەوە و هەموو جیهانیش دژی نییە. هێشتا خەڵکانێکی کەم هەیە، خەڵکانی کەمی بە گومان و تەواو ترسێنراو و تۆقێنەریش کە هەندێ جار بەسۆزانە لێی تێدەگەن: رۆگۆژین و ناستاسیا. تاوانباران و هیستریەکان لێی تێدەگەن، ئەو کە منداڵێکی بێ گوناح و ناسکە! بەڵام ئەم منداڵە لەلایەن خوداوە ئەوەنە ناسک نییە کەوادەردەکەوێت. بێ گوناحیەکەی بەهەرحاڵ بێزیانە و خەڵکی بەتەواوی لێی دەترسن.

وەک وتم “گەمژە” نزیکە لەو هێڵی سنوورەوە کە هەموو ئایدیایەک و دژەکەی وەک ڕاست ناسراونەتەوە. واتە ئەو حەدسێکی هەیە کە هیچ ئایدیایەک و هیچ یاسایەک و هیچ کارەکتەرێک یاخود نیزامێک کە هەن راستەقینە و ڕاستنین بێجگە لەوە نەبێت کە لە جەمسەرێکەوە لێیان دەڕوانرێت و بۆ هەر جەمسەرێكیش جەمسەرێکی دژ هەیە. سەقامگیربوون لەسەر جەمسەرێک و لەخۆگرتنی پێگەیەک کەلێیەوە لە جیهان دەڕوانرێت و رێکدەخرێت ئەمە بنەمای یەکەمی هەموو نیزامێک و کەلتورێک و کۆمەڵگە و ئەخلاقێکە. هەر کەسێک هەستکات ئەگەر بەتەنها بۆ ساتێکیش کە رۆح و سروشت و چاکە و خراپە کارلەیەکدی دەکەن و دەگۆڕنەوە ئەوە مەترسیدارترین دوژمنی هەموو شێوەکانی نیزامە. ئەوە ئەو شوێنەیە کە نیزامی دژ بوونی هەیە و لەوێشەوە فەوزا دەستپێدەکات.

شێوازێکی بیرکردنەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ نائاگایی و فەوزا و هەموو فۆڕمەکانی ڕێکخستنی مرۆڤ لەناودەبات. لە گفتوگۆدا کەسێک بە “گەمژە” دەڵێت کە ئەو بەتەنها قسە لەبارەی ڕاستیەوە دەکات، هیچ لەوە زیاترنا و ئەمەش هەڵە و بەدبەختییە. ئاوەهایە. هەموو شتێک ڕاستە، دەکرێت “بەڵێ” بۆ هەمووشت بکرێت. بۆ هێنانی نیزام بۆ جیهان و بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکان و بۆ دامەزراندنی یاسا و کۆمەڵگە و رێکخراو و کەلتور و ئەخلاقی مومکین، دەبێت “نەخێر” بۆ “بەڵێ” زیادکرێت و دەبێت جیهان دابەشکرێت بۆ دژەکان، بۆ باشە و خراپە. هەرچەندیش یەکەم دامەزراندنی هەر “نەخێر”ێک و هەر قەدەغەکردنێک هەڕەمەکی بێت ئەوا دەبێتە شتێکی پیرۆز کاتێک دەبێتە یاسا و ئەنجامەکان بەرهەمدەهێنێت و دەبێتە بناغە بۆ ڕوانینێک و سیستمێکی نیزام.

بەرزترین واقیع لە چاوی کەلتوری مرۆڤدا لەناو ئەم دابەشکردنەی جیهاندایە بۆ رۆشن و تاریک، باش و خراپ، رێگەپێدراو و قەدەغەکراو. بۆ میشکین بەرزترین واقیع، هەرچەندە، ئەزموونی ئەفسووناوی هەڵگەڕانەوەی هەموو یاسا جێگیرەکانە، بەهانەی یەکسانە بۆ بوونی هەردوو جەمسەرەکە. گەمژە، گەر بیر لەکۆتاییە لۆژیکیەکەی بکرێتەوە بەرەو ژن سالاری نائاگایی دەچێت و کەلتور لەناودەبات. مێزی یاساکان ناشکێنێت بەڵکو هەڵیان دەگێڕێتەوە و دژەکانیان کە لەسەر پشتەکانیان نووسراوە پیشان دەدات.

ئەو ڕاستیەی ئەم دوژمنی نیزامە، ئەم ڕووخێنەرە تۆقێنەرە وەک تاوانبار دەرناکەوێت بەڵکو وەک کەسێکی شەرمن و خۆشەویست و پڕ لە منداڵی و ئەفسون، دڵ باش، خۆنەویست، پیاوێکی باش، ئەمەش نهێنی ئەم کتێبە تۆقێنەرەیە. دۆستۆیڤسکی لە پەیپێبردنێکی مەزنەوە ئەم کارەکتەرەی وەک پیاوێکی نەخۆش، فێگرتوو، دروست کرد. هەموو نوێنەرەکانی داهاتووی نوێ و ترسناک و نادیار، هەموو مژدەدەرێکی نیزامی هەستپێکراو لە دۆستۆیڤسکید ڕاۆگۆژین و ناستاسیا و دواتریش هەرچوار کارامازۆڤە نەخۆش و بەگومان و زیادبارکراوەن. هەموو وەک لادەر و وەک کەسی نامۆی هەڵاوێردە پێشکەشکراون. بەڵام، هەموو بەشێوەیەکن کە ئێمە هەستمان بۆ ئەم لادان و نەخۆشی عەقڵیە شتێکە وەک ئەو ئازارە بەرێزە پیرۆزە کە ئاسیاییەکان باوەڕیان وایە کە قەرزاری پیاوە شێتەکانن بۆی.

ئەوەی کە دیار و نامۆ و گرنگ و چارەنووسسازە ئەوە نییە کە لە جێگەیەک لە رووسیا لە ساڵانی ١٨٥٠کان و ١٨٦٠کاندا فێگرتوویەکی بلیمەت ئەم خەیاڵاتانەی هەبووە و ئەم کەسانەی ئافەرۆزکردووە. گرنگترین ئەوەیە کە ئەم کتێبانە بۆ ماوەی سێ دەیە بوونە کاری زۆر گرنگ و پەیامبەرانە بۆ خەڵکانی گەنجی ئەوروپا. ئەوەی نامۆیە ئەوەیە کە ئێمە دەڕوانینە ڕووخساری ئەم تاوانبارانە، هیستریانە، گەمژانەی دۆستۆیڤسکی تەواو بە جیاوازی لەوەی کە دەڕوانینە روخساری تاوانبارانی دیکە یاخود گەمژەکان لە ڕۆمانە بەناوبانگەکانی دیکەدا، ئێمە بەشیوەیەکی بێ مەبەست لێیان تێدەگەین و خۆشمان دەوێن کە ناچارین هەست بکەین کە شتێک لەناوماندا پەیوەستە بەو، نزیکە لەم خەڵکانەوە.

ئەمەش بەهۆی رێککەوتەوە نییە و تەنانەت کەمتریش، بەهۆی رەگەزە دەرەکی و ئەدەبییەکانی کارەکانی دۆستۆیڤسکی نییە. سەرەڕای ئەوەی رەنگە هەریەکێ لەم ئەدگارانە، توڕەکەرانە دەربکەوێت- بەڵام بەتەنها دەتوانیت کە چۆن ئەو پێش سایکۆلۆژیای پەرەپێدراوی نائاگایی دەکەوێت-ئێمە شەیدای کارەکەی نین وەک دەربڕی ڕوانگەیەکی مەزن و کارامەییەکی مەزن یاخود نوێنەریکەری جیهانێک کە بەشێوەیەکی سەرەکی زانراوە و ئاشنایە پێمان، بەڵکو زیاتر لەوە ئێمە وەک پەیامبەری و رەنگدانەوەی پێشکەوتنی هەڵوەشاندنەوە و فەوزا ئەزموونی دەکەین کە بە ئاشکرا بینیمان لەئەوروپا کە بۆ چەند ساڵی دوایی بەردەوامە. نەک لەبەرئەوەی ئەم جیهانی کاراکتەرە خەیاڵیانە نوێنەری وێنەی داهاتوویەکی ئایدیاڵ دەکات-کەس وەک ئەمە لێی تێناگات. نەخێر، ئێمە لە میشکیندا و هەموو کاراکتەرەکانی دیکە، نمونەکان نابینین بۆ کۆپیکردنەوە؛ لەبری ئەوە پەیدەبەین بەو حەتمیەتەی کە دەڵێت، “بەناو ئەمەدا دەبێت تێپەڕین، ئەمە چارەنووسمانە!”

داهاتوو دڵنیا نییە، بەڵام ئەو رێگایەی کە لێرەدا نیشاندراوە ئاڵۆز نییە. مانای پێداچونەوەی ڕۆحیە. بەرەو میشکین پێشەنگی دەکات و بانگی بیرکردنەوەی “ئەفسووناوی” دەکات، قبووڵکردنی فەوزا. گەڕانەوە بۆ بێمانایی ونائاگایی و بێ فۆڕمی بۆ ئاژەڵی بوون و زۆر زیاتر لەودیوی بەئاژەڵی بوون، بۆ سەرەتای هەموو شتەکان. نەک لەبەرئەوەی لەوێ بمێنینەوە و نەک لەبەرئەوەی ببینە ئاژەڵ یاخود بوونەوەری سەرەتایی. زیاتر لەوە بۆ ئەوەی خۆمان سەرلەنوێ ئاراستە بکەینەوە، رەگەکانی بوونمان و غەریزە لەبیرکراوەکان و شیمانەی پەرەسەندن بدۆزینەوە و بۆ ئەوەی بتوانین ئافەرۆزەیەکی نوێ و هەڵسەنگاندنێکی نوێ و دابەشکردنێکی نوێی جیهان بکەین. هیچ پرۆگرامێک ناتوانێت ئەم رێگایەمان فێرکات، هیچ شۆڕشێک ناتوانێت دەرگاکانیمان بۆ واڵا بکات. هەریەکێک بەتەنها بەم رێگایەدا تێپەڕ دەبێت، هەریەک لەگەڵ خۆیدا. هەر یەکێک لەئێمە بۆ ماوەی کاژێرێک لەژیانیدا دەبێت لەسەر سنوورەکەی “میشکین” بوەستێت کە تیایدا راستیەکان دەوەستن و نوێیەک دەستپێدەکات. هەریەکێک لەئێمە جارێک بۆ ساتێک لەژیانیدا لەناو خۆیدا ئەزموونی هەمان شت دەکات کە میشکین لە ساتەکانی پێشبینیکردنیدا ئەزموونی کرد، هەروەک دۆستۆیڤسکی خۆی لەو ساتانەدا ئەزموونی کرد، کاتێک رووبەڕوو بۆ لەسێدارەدان وەستا و لە چیشەوە هاتەدەرەوە بە ڕوانینێکی پەیامبەرانەوە.

 

سەرچاوە: www.holybooks.com

بڵاوکردنەوە: