شەپۆلی نوێی سینەمای فەرەنسی

498
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ئیدریس عەبدی

پێشەکی

دەستەواژەی شەپۆلی نوێ بۆ یەکەمین جار لە کۆتایی ساڵی 1957 لەلایەن فرانسۆا جیرۆ (Francoise Giroud) ڕۆژنامەنووسی حەوتوونامەی لائێکسپرێس (L’Express) و بەمەبەستی پێهەڵدان بە گەنجانی فەرەنسی بەکار هات. لە واقعدا ئەم ناولێنانە پێش لە دەستپێکی شەپۆلێک لە داهێنانە سینەماییەکان لەلایەن چەند گەنجێکی فەرەنسی و لە کۆتایەکانی دەیەی 50 و سەرەتای دەیەی 60 هاتە ئاراەوە. کاتێک فیلمی چوارسەد زەربەی Les Quatre Cents Coups فرانسوا ترۆفۆ دەرهێنەری 27 ساڵەی فەرەنسی لە فێستیڤاڵی کانی ساڵی 1958 نەمایش کرا، هەمووان کەوتنە بیری ئەوەی کە جیرۆ لەکۆتایی ساڵی 1957 دەستەواژەی شەپۆلی نوێی بەکار هێنا بوو.

ترۆگۆ یەکێک لەڕەخنەگرانی گۆڤاری بەناوبانگی کایە دۆسینەما Cahiers du Cinema بوو، کە لەگەڵ چەند ڕەخنەگرێکی دیکەی ئەم گۆڤارە، بەرهەمهێنانی فیلمیان دەست پێکردن. زۆربەی وتارەکانیان لەم گۆڤارەدا بەپێی کۆمەڵێک لە بنەما هونەرییەکان وەکوو “تیوری مولێف” یان “کامێرا قەڵەم” بوو کە بەرهەم هزری و لێکۆڵینەوەکانی کەسانێک وەکوو ئاندێرە بازن (André Bazin) وئالێکساندێر ئاسترۆک (Alexandre Astruc) بوو.

گرینگترین نووسەرانی گۆڤاری کایە دۆ سینەما کەدەستیان بە بەرهەمهێنانی فیلم کرد و بەرهەمەکانیان لە چوارچێوەی شەپۆلی نوێ سینەمای فەرەنسی پێناسە دەکرێن بریتین بوو لە: فرانسۆا ترۆفۆ (François Truffaut)، ژان لۆک گۆدار (Jean-Luc Godard)، ژاک ریۆت (Jacques Rivette)، کڵۆد شابرۆڵ (‎Claude Chabrol)، ئێریک ڕۆمێر (Éric Rohmer). ئەم کەسانە لەکۆتاییەکانی دەیەی 50ی و سەرەتای دەیەی 60 زاینیی جووڵەیەکی سینەماییان دەستپێکرد و لەلایەن هەندێک لە ڕەخنەگران و دەرهێنەرانی فەرەنسی درێژەی پەیدا کرد.

سینەمای جیهان لەڕوانگەی جیاوازە بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر رکێفی پیشەی فیلمسازی ئامریکا (هۆلیوۆد)بوو. لەڕوانگەی فۆرمی پێکهاتەگەلی تایبەت بۆ سینەماتۆگرافی، ئیدیت و بارودۆخی دشواری بەرهەمهێنان لە سینەمای هۆلیوۆد زاڵبوو کە کاری دەرهێنەرانی سینەمای قورس کردبوو و دەبووایەت لەو چوارچێوە پێناسەکراوە بۆ سینەمای ئامریکا فیلم بەرهەمبهێنن. لە  ڕوانگەی فۆرمی گێرانەوەی چیرۆکیش پێوەرەکانی سینەمای ئامریکا بەسەر سینەمای جیهاندا زاڵ بوو. بۆ نموونە چیرۆک گەلی ئێقتباسی لە بەرهەمە ئەدەبی باش و ناودارەکان و یان گێرانەوەی چیرۆک لەلایەن دانایەکی گشتیی کە پاڵەوانی چیرۆک لاوازییەکی کەمی هەیە و لە درامێکی دوو کاتژمێری، بە خۆشبەختی دەگات لەو کلیشانە بوون کە لە سینەمای هۆلیوۆد دووپات دەبوونەوە.

ڕەخنەگرانی گۆڤاری کایەدۆسینەما بەباشی دەیانتوانی ئەم کلیشە بێزارکەرانە لە فیلمە ئامریکایەکان و تەنانەت فیلمە فەرەنسییەکان لێک جیا بکەنەوە. ئەوان فیلمسازانێک وەکوو هیچکۆک، هاوارد هاکس و جێری لویس بە هۆی شێوازی بەرهەمهێنانی جیاوازی فیلمەکانیان ستایش دەکرد.

لە کۆتایی ساڵەکانی دەیەی 60ی زاینیی هەندێک لەم ڕەخنەگرانە بڕیاریاندا کە کاری ڕەخنەگری وەلابنێن و بەشێوەی پراکتیکی لە سینەما دەستبەکاربن. ئەم کەسانە بە بودجەی زۆر کەم و بە یارمەتی دۆستان و ئەکتەرە ئاماتۆرەکان، بەرهەمهێنانی فیلمیان دەست پێکرد. دەرئەنجامی کارەکانیان تاڕادەیەک سەرنجڕاکێش بوو نە تەنها گەنجانی فەرەنسی هاندا بۆ ئەوەی بەو شێوازە فیلم بەرهەم بهێنن بەڵکوو کاریگەری لەسەر سینەمای هۆلیوۆدیش دانا. فیلمسازانێک لە هۆلیوۆد وەکوو مارتین سکۆرسیزی، فرانسێس فۆرد کاپۆلا، ئارتۆر پێن بە ئاشکرا رایانگەیاند کە لەشەپۆلی نوێ سینەمای فەرەنسە کاریگەریان وەرگرتووە. لەم وتارەدا ئاماژە بە بنەماکان و تایبەتمەندییەکان شەپۆلی نوێ سینەمای فەرەنسی ئەدەین.

گۆڤاری کایە دۆسینەما

گۆڤاری کایەدۆسینەما (Cahiers du cinéma) کۆنترین گۆڤاری سینەمایە کە تا ئێستاش چاپ و بڵاودەبێتەوە. ئەم گۆڤارە لە ساڵی 1951 لەلایەن چەند کەس لە چالاکانی سینەمای فەرەنسە وەکوو ئاندێرە بازن و ژاک دونیول واڵکرۆز دامەزرا. گرینگرترین کاریگەری ئەم گۆڤارە لەسەر مێژووی سینەما، کەڵک وەرگرتن لە ڕەخنەگرانێک وەکوو فرانسۆا ترۆفۆ و ژان لۆک گۆدار بوو کە بنەما تیۆریی و پراکتیکی شەپۆلی نوێ سینەمای فەرەنسەیان داڕشت. ئەم دەرهێنەرانە فیلم گەل و دەرهێنەرانێک کە لایان پەسەند بوو، ستایش دەکرد و لە بەرانبەر فیلمگەلی خراپ و بێ کوالیتی ئامریکایی و فەرەنسی بە توندی دەوستانەوە. ترۆفۆ لەساڵی 1954 وتارێکی گرینگی بەناوی “هۆگریەکی تایبەت لەسینەمای فەرەنسی” certaine tendance du cinéma français) Une نووسی و لەلایەن زۆرێک لە فیلمسازان وەکوو مانیفێستی شەپۆلی نوێ سینەمای فەرەنسی پێناسە کرا. لەم وتارەدا ترۆفۆ باس لە گرینگی دەرهێنەر وەکوو هونەرمەندێک مولێف دەکات و تیوری مولێفی وەکوو بنەمای سەرەکی بەرهەمهێنانی فیلم پێناسە کرد. بەپێی ئەم تیۆرییە کە پێشووتریش لەلایەن ئاندێرە بازن و ئالێکساندێر ئاسترۆک باسی لێ کرابوو، دەرهێنەر دەبێت کاریگەری سەنتراڵ و تاکەکەسی لەسەر بەرهەمە هونەرییەکی ببێت.

لە واقعدا، دەرهێنەر تەنها کامێرا بەدەستێکی بەتاڵ لە فێکر و هزر نییە کە ئەکتەرەکان لە جێگای خۆیان دادەنێت و گێرانەوەیەکی بەڵگەمەند نیشان دەدات، بەڵکوو دەرهێنەر دەبێت لە ڕێگای هونەرەکەیەوە قسە بکات، چوون زمانی ئەو، هونەری دەرهێنەرە. ئالێکساندێر ئاسترۆک لە وتاری گرینگ و کاریگەری “لەدایک بوونی ئاڤانگاردێکی نوێ: کامێرا قەڵەم” دەنووسێت:

دەرهێنەر چی دیکە فۆرمێک لە نەمایش یان جێبەجێ کردنی دیمەنێک نییە، بەڵکوو بە مانای واقیعی نووسەرە. فیلمسازی مولیف بە کامێراکەی دەنووسێت بەهەمان شێوەی کە نووسەرێک بەقەڵەمەکەی دەنووسێت.

جەختکردنەوەی ئەم تیۆرییە لەسەر جێگە و پێگەی دەرهێنەرە وەکوو هونەرمەندێکی سەرەکی و کاریگەر لە بەرهەمهێنانی فیلمدا. لە واقعدا ڕەخنەی ترۆفۆ لەسەر هەموو ئەو فیلمانەی تا دەیەی 50 بەرهەم هاتبوون ئەوە بوو کە دەرهێنەر وەکوو هونەرمەندێک کەمترین کاریگەری بووە لە بەرهەمهێنانی فیلمدا. بەپێی ئەم تێروانینە کاتێک جێری لویس کومیدیەنی بەناوبانگی ئامریکایی فیلمگەلێک لەسەر کەسایەتی خۆی بەرهەم دەهێنێت لەلایەن ڕەخنەگران و نووسەرانی گۆڤاری کایەدۆسینەماوە ستایش دەکرێت.

گۆدار لە یەکێک لەوتووێژەکانیدا لە ساڵی 1967 لە کایەدۆسینەما بڵاو کرایەوە، بەم شێوە لەسەر جێری لویس قسەدەکات: “تەنها کەسێک کە لە هۆلیوۆد کاری جیاواز دەکات، تەنها کەسێک کە تووشی دەستەبەندی و یاسا وڕێساکانی بەرهەمهێنانی فیلمی هۆلیوۆدی نییە، تەنها کەسێک کە بوێرانە فیلم بەرهەم دەهێنێت.” ئەم جۆرە پێاهەڵدانی گۆدار بە لویسدا، نیشانەی ئەوەیە کە گۆدار بروای تەواوی بەوە هەیە کە دەرهێنەر لەپرۆسەی بەرهەمهێنانی هونەری فیلمدا، گرینگی و کاریگەری تایبەتی هەیە.

گۆڤاری کایەدۆسینەما هەر لە سەرەتای دامەزراندنی لە فەرەنسە هۆگران و خوێنەری زۆر بوو و لە دوای بڵاوبوونەوەی ڕەخنەکانی کەسانێک وەکوو ترۆفۆ و هاوڕێیانی لەم گۆڤارەدا لەهەموو جیهان ناوبانگ و خوێنەری پەیداکرد. لە سەرەتاکانی دەیەی 60ی زاینیی، وێنەگەلێک لە فیلمسازی بەناوبانگ فریتزلانگ بڵاوکرایەوە کە گۆڤاری کایەدۆسینەمای بەدەستەوەیە بڵاوکرایەوە کە نیشانی ئەدا ئەم گۆڤارە لەنێو فیلمسازانی جیهانەوە گرینگی و بایەخی پێ ئەدرێت. هەرچەندە لەساڵی 1963 لەژێر کاریگەری سیاسی و هەڵوێستگەلی سینەمایی سەرنووسەری گۆڤار لەئێریک ڕۆمێرەوە گۆردرا بە ژاک ڕیوت بەڵام هێشتا ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی خوێنەرانی کایەدۆ سینەما زۆرتر دەبوون. ئەم گۆڤارە لەدوای دەیەی 60 وردە وردە ڕێژەی خوێنەرانی کەم بوونەوە. هۆکاریشی ئەوە بوو کە زۆربەی وتارەکانی توند بوون و ئەو فیلمانەی لەڕوانگەی ڕەخنەگرانی کایەدۆسینەما لاواز بوون زۆر بە بێ روحمی و بە توندترین شێوە ڕەخنەیان لێ دەگیرا.

لەلایەکی دیکەوە لەسەرەتای دەیەی 70 بە بڵاوبوونەوەی وتارێکی شیکاری دەربارەی فیلمی هۆلیوۆدی “SAW”  ڕوانگەی گۆڤارەکە بەرەو سینەمای تیجاری گۆڕدرا. هەرچەندە هێشتا کایەدۆسینەما لەگەڵ گۆڤاری پۆزیتیف دوو گۆڤاری بەناوبانگی سینەمایی وڵاتی فەرەنسان، بەڵام بە تێپەربوونی کات وکەم بوونی چالاکی کەسانی بەناوبانگ ئەم دوو گۆڤارە، بەرەبەرە ناوبانگی جیهانیان کەم بۆەتەوە.

تایبەتمەندیەکانی شەپۆلی نوێی سینەمای فەرەنسی

ئێستا تارادەیەکی زۆر لەگەڵ پێشینییە تیۆریکەکانی شەپۆلی نوێ سینەمای فەرەنسی ئاشنا بووین، دەبێت وەڵامی چەند پرسیاری گرینگ بدەینەوە. فیلمەکانی شەپۆلی نوێی سینەمای فەرەنسی چ تایبەتمەندیگەلێکیان هەیە؟ بۆ کارناسان لەسەر ئەو باوڕەن فیلمەکانی شەپۆلی نوێ بە نیسبەت ئەو فیلمانەی کە پێش ئەم شەپۆلە بەرهەمهاتوون جیاوازترن؟ دەرهێنەرانێک وەکوو گۆدار و ترۆفۆ چۆن بنەما تیورییەکانی خۆیان پراکتیکی کردەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە دەتوانین لە سێ بەشدا بدەینەوە: 1.تایبەتمەندییەکانی بەرهەمهێنانی فیلم 2. تایبەتمەندی فۆرمی 3.تایبەتمەندی ناوەڕۆکی

 

1.تایبەتمەندیگەلی بەرهەمهێنانی فیلم

تاکوو پێش دەیەی 50 دەرهێنەرانی فەرەنسی دوو ڕێگای سەرەکییان بۆ دەستپێک و هاتنە نێو سینەما بوو. یەکەم ئەوە بوو کە چەندین ساڵ وەکوو یاریدەدەری دەرهێنەر فێربن و ئەزموون وەربگرن تاکوو بتوانن لە داهاتوودا فیلم بەرهەمبهێنن و کاری فیلمسازی دەست پێبکەن. ڕێگای دووهەم ئەوە بوو کە بودجەی حکومەت وەربگرن بۆ بەرهەمهێنانی فیلم. ئەم بودجانە بە مەرجێک تەرخان دەکرا کە دەرهێنەرەکان دڵنیایی ئەوەیان بدایەت کە سەرمایەی فیلمەکە دەگەرێتەوە یان پشتیوانی ئەوەیان بووایەت کە فیلمەکەیان کوالیتی بەرزی هەیە. هەر دوو ڕێگاکە بۆ گەنجانی گۆڤاری کایەدۆسینەما دشوار بوو. ئەوان بیرۆکەی نوێیان بوو و دەیانویست بە زووترین کات فیلمەکانیان بەرهەم بهێنن. هەر بۆیە هەر کام لەم گەنجانە بە بودجەی زۆر کەمی خۆیان کاری فیلمسازیان دەست پێکرد. دەتوانین بڵێین لەدەیەی 50 دا، چەندی کورتە فیلم و فیلمی بەڵگەیی گرینگ و کاریگەر لەلایەن فیلمسازانی شەپۆلی نوێ بەرهەم هاتن. ئێریک ڕۆمێر کورتە فیلمی Journal d’un scélérat لەساڵی 1950 بەرهەم هێنا، گۆدار لەساڵی 1952 فیلمی بەڵگەیی Operation Beton بەرهەم هێنا و ژاک ڕیوت لەساڵی 1956 فیلمی سی خولەکی Le coup du berger بەرهەم هێنا.

هەندێک لە ڕەخنەگران لەسەر ئەو باوەرەن دەرهێنەرانی شەپۆلی نوێ سینەمای فەرەنسی لە کۆتایەکانی دەیەی 50 لە قوتابخانەی کورتە فیلم بە سەرکەوتووی دەرچوون و ئەزموونیان وەرگرت بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی فیلمی درێژ دەست پێبکەن.

لە کۆتایی دەیەی 50 بە پێشکەوتنی سینەما، دابینکردنی کامێرای هەرزان و ئاسان و بچووک، زۆر ئاسان بوو. لەلایەکی دیکەوە حکومەتی فەرەنسە لەدوای شەری جیهانی مەجالی زۆرتری پەیداکردبوو کەبودجەی زۆرتر بۆ بەرهەمهێنانی فیلم تەرخان بکات. ئەمانە هۆکارێک بوون کە زۆرێک لە گەنجانی هۆگری سینەما، بەرهەمهێنانی فیلم دەست پێبکەن. هەندێک کەس لەسەر ئەو باوەڕەن فیلمی “وە خودا ژنی خوڵقاند” And God Created Woman لە دەرهێنانی ڕاجێر وادایم لەساڵی 1956 یەکەمین فیلمی درێژی شەپۆلی نوێ سینەمای فەرەنسە بووە. وادایم لەکاتی بەرهەمهێنانی ئەم فیلمەدا 28ساڵ تەمەنی بووە. یەکەمین فیلمی درێژی نووسەرانی گۆڤاری کایەدۆسینەما لەساڵی 1958 لەلایەن کڵۆد شابرۆڵ کە 28 ساڵ تەمەنی بووە بەناوی ” Le Beau Serge ” بەرهەم هاتووە. شابرۆڵ بودجەی بەرهەمهێنای ئەم فیلمەی (37ملیۆن فرانک) لە خەزووری بەقەرز وەرگرتبوو و هەوڵیدا کەمترین بوودجە لە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمەدا خەرج بکات. ئەکتەرەکانی ئەم فیلمە کڵۆد بریلی و جێرارد بلین بوون، ئەم ئەکتەرانە ئاماتۆر بوون و حەقدەستی کەمیان وەرگرت. هەموو دیمەنەکانی ئەم فیلمە لە گوندێکی بچووک تۆمار کرا. لەواقعدا، لەم فیلمە هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی شەپۆلی نوێ دەبیندرا بەڵام شێوازی گێرانەوەی چیرۆکەکەی لەگەڵ فیلمەکانی هۆلیوۆد لێکچووی هەبوو. بە گشتیی دەتوانین بڵێین کە تایبەتمەندی جیاوازی بەرهەمهێنانی فیلم لە شەپۆلی نوێ 1.هەرزان بوون 2. سادەیی قۆناخەکانی بەرهەمهێنان بوو. بەکارهێنانی کامێرای هەرزان و بچووک و بەکارهێنانی ئەکتەری ئاماتۆر تایبەتمەندی ئەم فیلمانەیە. لە زۆربەی فیلمەکان دەرهێنەرەکان بۆ ئەوەی بودجەی کەم خەرج بکەن خزم و کەس و هاوڕێیانی خۆیان وەکوو ئەکتەر بەکارهێناوە. تەنانەت دەرهێنەرەکان هەندێک جار وەکوو ئەکتەر لە فیلمەکانیان بەشداریان کردووە. بەشداری دەرهێنەرەکان وەکوو ئەکتەر لە فیلمەکانیاندا، بەرە بەرە وەکوو واژوویەکی لێهات لە فیلمەکاندا.

  1. تایبەتمەندی فۆرمی

شەپۆلی نوێ سینەمای فەرەنسی لە ڕوانگەی فۆرمەوە لە بەرانبەر فیلمەکانی ڕابردوودا جیاوازی زۆر بوو. یەکێک لە جیاوازیەکانی بەکار هێنانی کامێرای سووک و هەندێڵ بوو. لە زۆربەی فیلمەکانی شەپۆل نوێ دەبینی کامێرا هەندێڵە و بەدوای کاراکتێرەکان دەروات. بۆ نموونە لە فیلمی “جولز و جیم” کامێرا لەگەڵ کاراکتەرەکان هەڵدێت و بەدوایاندا دەروات. لە واقعدا بینەر بە ئاشکرا، هەست بە بوونی کامێرا دەکات. وەکوو بڵێی کامێرا فیلمسازانی شەپۆلی نوێ بێدەنگ و پاسیڤ نییە، بەڵكوو چالاکە و چێرۆک دەگێرێتەوە. چوون کامێرا، گۆشەنیگا دەدات بە بینەر و پێی دەڵێت لەسەر چی تەرکیز بکات. لەفیلمی en douze tableaux بەرهەمی ژان لۆک گۆدار و لە چەند دیمەنێکدا، کامێرا لە پشتی هەندێک لە کاراکتەرەکانی فیلم دەجووڵێت و لە کاتێکدا کە ئەکتەرەکان دیالۆگ دەڵێن بەردەوام دەبینین کە گۆشەنیگای کامێرا دەگۆردێت و بە بینەر دەڵێت لەو کاتەدا لەسەر کام یەک لەئەکتەرەکان تەرکیز بکات. رائول کۆتار سینەماتۆگرافێکی بەناوبانگە و لە زۆربەی فیلمەکانی شەپۆلی نوێ کاری سینەماتۆگرافی ئەنجامداوە. راجێر ئەبرێت لەسەر ئەو باوەرەیە، کامێرا لە دەستی کۆتاردا تەنها گرتەکان تۆمار ناکات بەڵکوو بینەرێکە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە بابەت لەلایەن کامێراوە چاودێری دەکرێت و لە چەند ڕەهەنەدەوە بابەتەکان نیشان ئەدات. لە کۆتایی فیلمی en douze tableaux کاتێک کاراکتەری سەرەکی فیلم دەمرێت، کامێرا دەکەوێتە خوارەوە. لەوانەیە بەو مانا بێت کامێرا بەم جووڵە سەری دادەنەوێنێت و بۆ چارەنووسی نانا کاراکتەری سەرەکی فیلمەکە بەداخە.

یەکێکی دیکە لەتایبەتمەندیکانی فۆرمی شەپۆلی نوێی سینەمای فەرەنسی ئەوەیە لە ئیدتدا بە زۆری جامپ کات Jump Cut دەبینین. لە سینەمای کلاسیکدا هەوڵەکان بۆ ئەوە بوو بینەر ڕەوتێکی بەردەوام و یەکپارچە لەنێوان گرتەکانی دیمەنێکدا ببینێت. ئیدیتۆر هەوڵی ئەدا گرتەکانی دیمەنێک بەبێ جامپ کات نیشان بدرێت. بەڵام ژان لۆک گۆدار بۆ یەکەمین جار لەفیلمی À bout de soufflé بیری لەوە کردەوە، باشتر وایە بەجێگای نیشاندانی گرتەی زیادە فیلمکەی کورتتر بکاتەوە و گرتە بەسودەکانی نیشانی بینەر بدات. گۆدار بۆ یەکەمین جار ڕەوتی بەردەوامی گرتەکانی لە دیمەنێکدا تێکشکاند. لە دیمەنێکی بەناوبانگی فیلمی À bout de soufflé کاراکتەری سەرەکیەکان لە ئوتۆمۆبیلێکدا دیالۆگ دەڵێن، یەکێک لەدیارترین و بەناوبانگترین نموونەی جامپ کات دەبینین. لەوانەیە گۆدار دوو ئامانجی لە بەکارهێنانی جامپ کات بێت: 1. بروای وابوو فیلمەکەی دیمەنی درێژی زۆرە و دەبێت کورتیان بکاتەوە. لە واقعدا بەرهەمهێنەر داوای لە گۆدار کردبوو کە 5000 مەتر نگاتیڤ بەکار بهێنێت بەڵام گۆدار 8000 مەتری بەکار هێنابوو.2. گواستنەوە ماناکان لە ڕێگای بەکار هێنانی ئەم تەکنیکە. بۆ نموونە لەفیلمی À bout de soufflé کاتێک کاراکتەری سەرەکی فیلم پۆلیسێک دەکۆژێت، چەندین جامپ کات لە چەکی دەستی کاراکتەری سەرەکی و پۆلیسەکە دەبینین. لەوانەیە مەبەستی گۆدار ئەوە بێت ئەم مانایە بگوازێتەوە بۆ بینەر کە چۆنییەتی مەرگی پۆلیسەکە نە لە چیرۆکی سەرەکی فیلم و نە بۆ کاراکتەری سەرەکی زۆر گرینگ نییە. ئەم تەکنیکە لە فیلمەکانی دیکەی شەپۆلی نوێی سینەمای فەرەنسی درێژەی پەیدا کرد.

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندیەکانی شەپۆلی نوێ سینەمای فەرەنسی بەکارهێنانی موزیکە. بەپێچەوانەی فیلمە کلاسیکەکان کە موزیک تەنها بۆ جەخت کردنەوە و پڕ ڕەنگ کردنەوەی هەستی بینەر بەکار دەهات، لە فیلمەکانی شەپۆلی نوێ موزیک ڕۆڵی گێرانەوەی چێروکی هەیە. لە فیلمی Paris nous appartient یەکێک لە کاراکتەرەکانی فیلمەکە ڕۆڵی دەرهێنەرێکی شانۆ دەگێرێت لەو بەشانەی کە گێرانەوە بەشێک لە چیرۆک لەبواری جێبەجێ کردنەوە کێشەساز دەبێت ئەرکی گێرانەوەی چیرۆک بە موزیک دەسپێردرێت. هەروەها لەفیلمی en douze tableaux ی ژان لۆک گۆدار موزیک کاریگەری جیدی لەسەر ڕەوتی گێرانەوەی چیرۆک هەیە. لەم فیلمەدا بەشێوەی سینەمای بێدەنگ کورتکراوەی چیرۆکی فیلمەکە لە سەرەتای هەر دیمەنێک نووسراوە و موزیکی میشیل لۆگران (Michel Legrand) دەبیستین، بەڵام موزیک لە هەندێک دیمەندا بەشێوەیەکی ئاشکرا و زەق و لەپڕدا دەپچرێت. بە شێوازێک کەڕاجێر ئەبرێت باوەری وایە موزیک دەیەوێت ڕووداوەکانی دیمەنەکان بگێرێتەوە بەڵام ناتوانێت ئەم کارە گرینگە ئەنجام بدات. سۆزان سانتاگ لێکدانەوەیەکی دیکەی بۆ ئەم بابەتە هەیە و دەڵێت: ڕیتمی تێپەربوونی ژیان دەوستێت و دەست پێدەکاتەوە. هۆکاری وەستان و دەست پێکردنەوە موزیک لە تایتڵی فیلمەکەدا هەر ئەمەیە. لە واقعدا ئەبرێت ناوەڕۆک سازی موزیک لە بەرچاو دەگرێت و سانتاگ کاریگەری موزیک لەسەر فۆرم لەبەرچاو دەگرێت.

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندی فۆرم لە شەپۆلی نوێ ئەوە بوو کە ئەکتەرەکان دەیانتوانی و مۆڵەتی ئەوەیان پێدرابوو کە دیالۆگەکانی خۆیان بگۆڕن. دەیگێرنەوە ژان لۆک گۆدار دیالۆگی فیلمەکانی لەسەر سێت نووسیووە و بە ئەکتەرەکانی داوە و ئەکتەرەکانیشی مۆڵەتی ئەوەیان بووە کە دیالۆگەکان بگۆڕن.

میشیل ماری مامۆستا و مێژوو نووسی زانکۆ سۆربۆنی فەرەنسە و مۆنتراڵی کەنەدا بڕوای وابوو یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی فیلمەکانی شەپۆلی نوێ، نەبوونی دێکۆپاژی وردە. لە واقعدا نەتەنها دیالۆگ بەڵكوو شێوازی ئەکتەری و تەنانەت ئەکتەکان لە کاتی تۆمارکردن دروست دەبوون و بەم شێوە ئەکتەر ئازادی پێدەدرا و دیالۆگ و ئەکتی واقیعی دەخوڵقا.

هەروەها لە فیلمەکانی شەپۆلی نوێ تەکنیکی فریز فرێم (Freeze Frame) بەکارهاتووە. گرینگترین نموونە بۆ بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە دەتوانێن ئاماژە بە کۆتایی فیلمی Les Quatre Cents Coups بکەین. لە دوای هەڵهاتنی کاراکتەری سەرەکی بەرەو دەریا (دەریا لێرەدا سەمبۆلە) دەروانێت بەرەو کامێرا و وێنەکە فریز دەبێت. هەروەها لەفیلمی Paris nous appartient چەندین فریز فرێم لە یەکێک لە کاراکتەرە ژنەکانی فیلمەکە دەبینین. ئەم فریز فرێمانە وێنەکانی سەر دیواری ژووری کاراکتەرەکەمان نیشان ئەدات و ژاک ڕیوت دەرهێنەری ئەم فیلمە بەم شێوازە کاراکتەرەکە بە بینەر دەناسێنێت.

  1. تایبەتمەندی ناوەڕۆکی

لە ڕەهەندی ناوەڕۆکەوە فیلمەکانی شەپۆلی نوێ زۆرتر ژیانی یەک کاراکتەری سەرەکییە. ئەم کاراکتەرە، بیر و باوەری دەرهێنەر و یان ژیانی دەرهێنەر نیشان ئەدات. بۆ نموونە فیلمی Les Quatre Cents Coups ی فرانسۆا ترۆفۆ زۆرتر بیروەرییەکانی خودی ترۆفۆ لە قوناخی منداڵی خۆی نیشان ئەدات. لە فیلمی À bout de souffle چیرۆکی ژیانی ئاڵۆز و دشواری دزێک دەبینین کە لە واقعدا ئەم فیلمە بە پێی ژیانی کەسێکی واقیعی بەرهەمهاتووە.

لە فیلمەکانی شەپۆلی نوێ لەسەر پێوەندی سێکسی کە هێزی ژنانی فڕیودەرە جەخت دەکرێتەوە. لەم ڕوانگەوە شەپۆلی نوێ لە فیلمی نوار نزیکە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فیلمی نوار بوونی ژنی فریودەرە (Femme Fatale) کە کاراکتەری ئانتاگۆنیستە و بە جوانی و رۆخساری ڕەواڵەتی بی گوناهی خۆی پیاوان فریو ئەدات. هەندێک لە فیلمەکانی شەپۆلی نوێ وەکوو Ascenseur pour l’échafaud زۆرتر تایبەتمەندی فیلمی نوار فەرەنسی دەبینین.

لە فیلمە نوارەکاندا ژنانی فریودەر کاراکتەری ئانتاگۆنیستن و بە جوانی خۆیان پیاوان فریو ئەدەن. بەڵام لە فیلمەکانی شەپۆلی نوێ ئەم جوانییە لە شێوازی ئامریکایی و لەوانەیە ناواقیعی دوور دەکەوێتەوە و ئاسایی دەبێتەوە. لە فیلمەکانی شەپۆلی نوێ عەشقی ئاسمانی بوونی نییە.

ئەگەر هەستێک لەنێوان ژن و پیاوێکدا هەیە، بەشێکی زۆری بۆ سێکس دەگەرێتەوە. لەفیلمی À bout de soufflé کاراکتەری سەرەکی ئەگەرچی هەڵەکان و جێگە وپێگەی خۆی فیدای ژنە خۆشەویستەکەی دەکات بەڵام لە هەموو فیلمەکە ئاماژە بەوە ئەدات کە ژنەکەی بۆ پێوەندی سێکسی ئەوێت. ناتوانین بڵێین ئەم دوو کاراکتەرە هەستی خۆشەویستی لەنێوانیان نییە، خۆشەویستی هەیە بەڵام بنەڕەت و ئامانج لەم خۆشەویستییە بۆ
چێژبردن و سێکسە. لە فیلمی جولز و جیمدا، کاراکتەری سەرەکی فیلم ژنێکە لە ڕوانگەی سێکسیەوە ئازادە و حەز بەوە ناکات کە جەستەی تەنها بۆ یەک پیاو تەرخان بکات. ئەم ژنە بە پێچەوانەی فیلمەکانی نوار ئانتاگۆنیست نییە و لەوانەیە زۆرێک لە بینەران لەگەڵ کاتارسیسمیان هەبێت. ئەتوانین نموونەی سەرنج ڕاکێش تر لەفیلمی Ma nuit chez Maud ببینین. لەم فیلمەدا کاراکتەری پیاو ئامانجی ئەوەیە پێوەندی ئەویندارانە و واقیعی دروست بکات. ئەو باس کە ئەوینی واقیعی دەکات و بەجێگای پێوەندی سێکسی بەدوای پێکهێنانی ژیانی هاوبەشییە. ئەم کاراکتەرە سەرەرای ئەوەی لە باسە فەلسەفییەکانی باس لەوە دەکات کە سێکس گرینگی تایبەتی لە پێوەندی ژن وپیاودا هەیە. ئێریک ڕۆمێر، مەبەستی ئەوە نییە گرینگی پێوەندی سێکسی بێ بایەخ و کەم ڕەنگ بکاتەوە بەڵکوو مەبەستی ئەوەیە کە جێگای پێوەندی سێکسی لە بەرانبەر بیر و باوەڕی قووڵی ئاینیی هەڵبسەنگێنێت. لە بەرانبەر ئەم کاراکتەرەدا ژنێک هەیە بەناوی مۆد و بەپێچەوانەی چاوەڕوانی کۆمەڵگا، حەز بە پێوەندی سێکسی ئازاد دەکات و ئامانجی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی نییە. مۆد دەیەوێت لەگەڵ کاراکتەری سەرەکی فیلم پێوەندی سێکسی بێت و حاشا لەوەیش ناکات کە دەیەوێت، بە جەستەی کاراکتەری سەرەکی فیلم فریو بدات.

ژان لۆک گۆدار ئەم تایبەتمەندییە ناوەڕۆکیەی فیلمەکانی شەپۆلی نوێی سینەمای فەرەنسی لە وتەیەکدا کورت کردوەتەوە: “هەموو ئەو شتەی بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێک پێویستە یەک کچ و یەک چەکە”

لە کۆتاییدا نابێت لەبیری بکەین ئەم تایبەتمەندییانەی کە باسمان کرد لە سینەمای ئەم سەردەمەدا، ئاسایی بۆتەوە و ئەم تایبەتمەندییانە تەنها لە دەیەی 50 و 60 تایبەتمەندی جیاواز بوون.

 

جۆری تایبەتمەندی تایبەتمەندی شیکردنەوە فیلم
بەرهەمهێنانی فیلم بوودجەی کەم ستاڤ و کەل وپەلی هەرزان Le Beau Serge
ڕووناکی ئاسایی دیمەنەکانی شاری پاریس Jules and Jim
 

 

فۆرم

کامێرای هەندێڵ گۆڕینی خێرای گۆشە نیگا و جووڵەی کامێرا Jules and Jim
جامپ کات تێکشکاندنی ڕەوتی بەردەوامی فیلم À bout de souffle
موزیکی داینامیک و ڕاوی موزیک تەنها بۆ جەخت کردنەوە لەسەر هەست بەکار نایەت en douze tableaux
دیالۆگ و ئەکتی ئازادی ئەکتەر پابەند نەبوونی تەواو بە دەق À bout de souffle
فریز فرێم زیاد کردنی بەک شۆتی بێ جووڵە لەفیلم Parisnous appartient
 

 

 

ناوەڕۆک

پۆرترەی تاکەکەسی پاڵەوانی گێرانەوەی چیرۆکێکی تاکەکسی Les Quatre Cents Coups
جەخت کردنەوە لەسەر بابەتی سێکسی ژنان ژنان بە ئاشکرا جەستەیان بۆ فریودانی پیاوان بەکار دەهێنن Ma nuit chez Maud
نزیک بە فیلمی نوار تایبەتمەندی هاوبەشی لەنێوان نوار و شەپۆلی نوێ Ascenseur pour l’échafaud

 

بڵاوکردنەوە: