کزە دەنگەکانی کات

562
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: شاخەوان ئەحمەد

ڕێبوارانە جانتام لە کۆڵنا و

کات گەشتم پیدەکات

بە وزەی شەپۆڵی نیگەرانیی شیردراین

گەورەبووین و

یادەوەریی لەودیو دیوارە کۆنکریتییەکان

فڕێیداینە سەر شۆستەکان

 

ڕێبوارانە

گەڕام بەدوای ژیاندا

دەنگەکانمان کزبوون و هیلاک وەک پەناهەندەیەکی ئازاد

ئەی قەڵاکانی سەردەم:

بە ڕووی ئاوارەییمدا بکرێنەوە

دەروونەکان مەتوێنەوە

باچیتر هەوای نیگەرانیی و بۆنی بارووت نەمانباتەوە ناو قۆزاخەکان

 

ڕێبوارانە

کات گەشتم پێدەکات

پرسیارەکان ڕامان دەکێشن، ڕامان/دەگرن

وەرزەکانی زەوی چاوم ڕەش دادەگرن

بە فرمێسکە ڕەشەکاندا زانیم

کاتەکانی سروشت لە پەلەپروزێدان

ڕێبوارانە بە تەنیشت گۆڕستانەکاندا تێدەپەڕیم

وێنای هەستەکانم دەکرد!

ئێوەش لە کێلی گۆڕستانەکان ڕوون ببنەوە

چەندە نامۆ!

بە سۆزەوە بیر لە رووحە بزرەکان بکەنەوە

چەندە ئاسوودەن!

بۆنی جەرگم بکەن، وەک بۆنی برینی سەردەم

چ کزەیێکی لێوە دێت!

 

کات دەمئاژوات و وەک هەمیشە لە سەفەردام

(با)ی مردن خێرا لولمادەدات

چ بڵێسەیێکە گەشتی با

چەندە بە گوژم

گەشتە ناچارەکانی کات، چەندە سیل ئاسان!

چەندە ئاسوودەم لە کاروانی ناچارییدا نەمێنم

چیدی غەزوو بۆ ژیان نەکەم

 

ڕێبوارانە جانتام لە کۆڵنا و

کات سەفەرمی راسانت

جادەیێکی خۆڵەمێشیی بردمی

 

ڕێبوارانە جانتام لە کۆڵنا و

کات گەڕاندمیەوە بۆ مێژوو

نە سەمۆدراو

نە فاڵچی و نە پێغەمبەرم

داهاتوو نیگا دەکات

دوونیایێک لە کینە دەبینم

 

وەک ڕێبوارەکان هەمیشە چاوم پشکوتووە

هەموو بەخەبەر بوونەکانم بەربەرین

سروەکان و تریفەکان و شکۆفەکانیش

پڕن لە بەربەرییەت

 

ڕێبوارانە

نیوە شەوان شۆستەکان بە ئاگا دێنم

دەنگی سەگ، قۆڕە قۆڕی گەدە کۆدەکەمەوە و دەیانژمێرم

دەگەڕێم و دەروون و نا یەکسانیییەکان کۆدەکەمەوە

بێزاردەبم

دووبارە ڕادەکەمەوە بۆ ناو کاروانچییەکانی مردن و

خێراتر لە فرۆکە و درووشکە و با

شپرزەییانە جانتا لە کۆڵ دەنێمەوە و

کزە دەنگەکانی کات دەکەمە یادەوەرییی هەتاهەتایی ناو تابووتم

بڵاوکردنەوە: