خێراگەشتێک بەنێو دونیای کافکادا

791
0
بڵاوکردنەوە:

وەرگێڕان و ئامادەکردن: ڕەها ئەبوبەکر

فرانز کافکا و شارەکەی

فرانز کافکا لە ٣ی جولای ساڵی ١٨٨٣ لە پڕاگ لەدایک بووە؛ خوێندنی قوتابخانە، زانکۆ و بەدەستهێنانی دکتۆراکەی لە یاسا؛ هەروەتر، کارکردن، نووسین، گشت هاوڕێ و کۆبوونەوە ڕووناکبیرییەکانیشی هەر لە پڕاگ بوو. زۆرجاران بیری لە جێهێشتنی کردووەتەوە، بەڵام هەرچۆنێکی بێت، هەرگیز نەیتوانیوە بەیەکجاری جێی بهێڵێت. دوای مردنیشی لە ساڵی ١٩٢٤، لە گۆڕستانی نوێی جووەکان لە ستراشنس کە ناوچەیەکی پڕاگە، نێژراوە. لەو کاتەوە، پەیوەندییەکی بەهێز و هەمیشەیی لەنێوان پڕاگ و کافکادا، درووست دەبێت.

“پڕاگ هەرگیز لێناگەڕێ بڕۆی… ئەم دایکە بچووکە ئازیزە، چنگی تیژی هەن.”

– کافکا

گۆڕەپانی شارۆچکەی کۆن

گۆڕەپانی شارۆچکەی کۆن، ناوەندێکی گرنگ و مێژوویی و، چەقی بزاڤی پڕاگی کۆن بووە. ژیانی کافکا لە چەند لایەکەوە بەم گۆڕەپانەوە پەیوەست بوو؛ بە شێوەیەک کە جێگەی لەدایکبوونی، قوتابخانەکەی، زانکۆکەی، ئاپارتمانی خێزانەکەی و ئەو خانووەشی کە بە منداڵی تێیدا ژیابوو، هەموویان دەکەوتنە ئەم شوێنەوە. لە ساڵانی لاوییدا، لەژێر پەیکەری (مەریەم)دا کە لە ساڵی ١٩١٨ ڕووخێنرا، لەگەڵ ماکس برۆدی هاوڕێی یەکتریان دەبینی. کاتێکیش لەم شوێنەوە، سەیری کۆشکی (کینسکی)ی دەکرد، دەیتوانی کڕیارەکان کە دەچوونە دوکانی بابییەوە، ببینێت.

“قوتابخانەی سەرەتاییم لێرە بوو؛ لەوێ لە بینای بەرانبەریشی، زانکۆکەم بوو؛ ئێستایش تۆزێک لەولاتر بەلای چەپەوە، ئۆفیسەکەمە. ئەم بازنە بچووکە” – بە پەنجەی هەندێک بازنەی بچووکی کێشان – “هەموو ژیانمی لەخۆ گرتووە.”

– فرانز کافکا

ژیانی قوتابخانە – کافکا لە قوتابخانەی سەرەتایی

پاش چوار ساڵ لە خوێندنی سەرەتایی، کافکا چووە قوتابخانەی مرۆییی نیشتیمانیی ئەڵمانی لە کۆشکی کینسکی کە لە گۆڕەپانی شارۆچکەی کۆن بوو. لەم دامەزراوە مرۆییە قەدیمگەراییە، خوێندکارەکان فێرە ئەڵمانی، بیرکاری، زانستەکان و فەلسەفە دەکران؛ لەسەروو هەمووشییەوە، لە ڕێگەی خوێندنێکی توند و گرانی لاتینی و گریکییەوە، بە ڕۆحی دونیای کۆن ئاشنا دەکران. دواجار دوای هەشت ساڵ لە فشاری تاقیکردنەوە، گاڵتەپێکردن لەلایەن خوێندکارەکانی دیکەوە و چەشتنی ناخۆشی، کافکا لە ساڵی ١٩٠١ تاقیکردنەوەکانی ماتورا 1 (هاوئاستی ئەی)ی ئەنجام دا و خۆی بۆ خوێندنی زانکۆ ئامادە کرد.

ئۆتلا، دڵخوازترین خوشکی فرانز کافکا بوو

ئۆتلا، دڵخوازترین خوشکی فرانز کافکا بوو. کەسێک بوو کە دەیتوانی لە نووسین و شێوەژیانی ناباوی کافکا تێبگات و پشتگیرییەکی لەدڵەوەی بۆ کافکا، لە ناتەبایی لەگەڵ بابی هەبوو. ئۆتلا براکەی زۆر خۆشدەویست، کاتێک کە کافکا پێویستی بە پشوودان و چاکبوونەوە هەبوو لە نەخۆشییەکەی، بەخشندانە دەرگەی ماڵەکەی خۆی بۆ کردەوە، بردی بۆ خانووی کێڵگەکەیان و لەوێ چاودێری کرد. کاتێکیش کە تەندروستی براکەی خراپتر بوو، هەوڵی درێژکردنەوەی مۆڵەتی نەخۆشییەکەی کافکا و سەردانکردنی بووژانگەی دا. لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٤٣، ئۆتلا کە لە تیریزینشتات[1] بووبوو بە پزیشکی نیشتەجێ[2]، وەکوو یاریدەدەری خۆبەخشانە لەگەڵ گرووپێک منداڵی جوو، ڕۆیشت بۆ ئۆردوگای مەرگ لە ئاوشڤیتز[3] و لەوێ بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراوانە مرد.

“خۆشەویستی نێوان خوشک و برا، دووپاتکردنەوەی خۆشەویستی نێوان دایبابە.”

– کافکا، یاداشتەکان

ماکس برۆد، هاوڕێ و ژیننامەنووسی کافکا

ماکس برۆد، نزیکترین هاوڕێی کافکا و، کەسایەتییەکی دیار و گرنگ بوو: نووسەری زیاتر لە هەشتا کتێب و چەندان وتار و لێکۆڵینەوە، وەرگێڕ، ڕەخنەگری میوزیکی و باڵیۆزی ڕۆشنبیری. ماکس برۆد لە ئەوانەیە کە دەبێ لەپای ئەوەی جیهانی بە شڤایک’ی هاشک[4] و ئۆپێراکانی یاناچک[5] ئاشنا کرد، سوپاسی تایبەتی بکرێت. کاتێک کە وتاری پرسەکەی کافکای پێشکەش کرد، ئەو -بەپێجەوانەی کۆچکردووەوە- نووسەرێکی نێودەوڵەتی و بەنێوبانگ بوو. کاتێکیش لە ساڵی ١٩٦٨ لە تەلئەبیب مرد، لەلایەن دونیای ئەدەبییەوە، وەکوو ئەو کەسەی کە پێش هەمووان هەستی بە بەهرە و توانای بڵندی کافکا کرد، بەردەوام دنە و هەوڵی دەدا کافکا بە دونیا بناسێنێ، شیوەنی بۆ گێڕرا. شیوەنیان بۆ ئەو هاوڕێیە گێڕا، کە لە پەنای کافکا وەستابوو و بە وەسێتەکەی کە لەنێوبردنی هەموو بەرهەمەکانی بوو، ڕازی نەبوو. شیوەنیان بۆ یەکەم ژیننامەنووسی کافکا گێڕا، ئەو کەسەی کە بە بوێری و لەخۆڕابینییەکی زۆرەوە، لەپێناو ئەوەی کە لە ناخی هاوڕێکەیدا دەیبینی، پێی بەسەر دڵی خۆی نا و پێشێلی کۆتا خواستەکانی کرد.

“دوێنێ، لەگەڵ ماکس ئێوارەیەکی ناوازەمان بەسەر برد. هەرکات خۆم خۆش بوێت، ئەوم زیاتریش خۆش دەوێت.”

– کافکا، یاداشتەکان

کافێ لۆڤر

کافکا لەگەڵ هەریەک لە هاوڕێیانی؛ ماکس برۆد، هوگۆ بێرگمان و فێلیکس وێلتشدا، بەشێك بوون لە بازنەیەکی فەلسەفی، لە کافێ لۆڤر کە دەکەوێتە شەقامی نارۆدنی[6]ی ئەمڕۆ، دیدەنیان دەکرد. ئەم گرووپە، بەشێوەیەکی سەرەکی بایەخیان بە کار و بەرهەمەکانی یەک لە بەنێوبانگترین فەیلەسووفەکانی ئەو سەردەمەی پڕاگ؛ فرانز برێنتانۆ دەدا. کۆبوونەوەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٠٥، وەختێک کە ماکس برۆد بە هۆکاری ئەوەی لە کورتەڕۆمانەکەی “ڕۆحە دووانییەکان”دا بێڕێزی بە سەرگرووپەکە کردبوو و لە گرووپەکە دوور خرایەوە، کۆتاییان پێ هات.

“لەگەڵ ک. لە کافێ لۆڤر، ژوول لافۆرگ[7] دەخوێنینەوە. ئەو سەعاتە نەرم و نیانانەی، کە بەتەواوی تێیدا هەست بە ئاسودەیی دەکەم.”

– ماکس برۆد

کافکا و ژن

لە تەمەنی لاوییدا، کافکا بێبەش نەبوو لە خۆشیی شەوانی باڕەکان، تیاترۆخانەکان و ماڵە ناوخراپڕۆیشتووەکانی وەک ساڵۆن شوها یان ساڵۆن گۆڵدشمیت کە بەناوبانگ بوو بە قاوەی گەرم و ئافرەتی ڕووت. لە سەدەی بیستەمدا، هیچ نەنگییەک لەوەدا نەبوو بۆ زگورتەپیاوێک، کە هاموشۆی ئەم شوێنانە بکات و خۆشی لێ ببینێ، بەڵکو تەنانەت باوەڕێکی گشتیی هەبوو، بۆ کەسانێک کە هێشتا نەچووبونە کردەی هاوسەرگیرییەوە، بە پێویستیش دەزانرا.

“باڕی ترۆکادێرۆ. ئەو شوێنە بوو تێیدا  کەوتە داوی خۆشەویستی ئەو کچەی کە بە جێرمانیا[8]‘ی ناو پوولی ئەڵمانی دەچوو. بەڵام زۆر بە نامۆیی کشایەوە، بەپێی پێویست جددی نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر سەیر خۆشیدەویست.”

– ماکس برۆد، یاداشتەکان

کافکای هونەرمەند

لە دەوروبەر و کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٠٥دا، کافکا بەشداری وانەی شێوەکاری کرد و بیرۆکەی بوون بە هونەرمەندی لە مێشکدا گەڵاڵە بووبوو. ماکس برۆد سەرسامی کارە هونەرییەکانی کافکا بوو، تێبینیی “هاوتەریبی توانای دەستڕەنگینی و چیرۆکنووسی”ی کافکا کرد و شایەتی بۆ دووانەبەهرەیی هاوڕێکەی دا. ماکس برۆد مکوڕ بوو لە کۆکردنەوەی وێنەکێشراوەکانی کافکا – سکێچەکانی گەشت، وێنە لامسەرلاییەکانی کاتی وانە و وێنەکانی سەر پۆستکارت. بێگومان، هەندێ لە وێنەکێشراوەکانی کافکا، لەمڕۆدا هەوادارێکی زۆری هەیە و لەسەر بەرگی کتێبەکانیشی دادەنرێن. ژمارەیەکی نادیار لە وێنە بڵاونەکراوەکانی کافکا تا ئەمڕۆ بە وەدەستنەگەیشتوویی(دەستپێڕانەگەیشتووییی) ماونەتەوە، بەو واتایەی، هێشتا ئەگەری دۆزینەوەی نوێ هەیە.

“هونەرمەندێکی خاوەن توانای تایبەت و خۆیێتی، هەروەک چۆن وێنەکێشێک هەیەتی.”

– ماکس برۆد

یاداشتەکانی کافکا

پێکهاتوون لە یاداشتەکانی ساڵانی ١٩٠٩ تا ١٩٢٣. یاداشتەکان، وەک هاوەڵی ژیان و تیانووسێک بۆ سکێچە ئەدەبی و لە هەندێک باریشدا، وەک نێوەندێک بۆ بەستنی پەیوەندییەکی بەهێز وابوون؛ بەڵام بەگشتی، کافکا شتانێکی یاداشت دەکرد کە ڕۆژانە بەری دەکەوت و نەیدەتوانی یان با بڵێین، وا ئاسوودە نەبوو لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانیدا هاوبەشی پێ بکات. دوای مردنی کافکا، ماکس برۆد یاداشتەکانی کافکای هاوڕێی وەک دۆکیومێنتێکی ئەدەبیی بەهادار بڵاو کردنەوە، کە هاوشان لەگەڵ نامەکانیدا، سەرچاوەیەکی بێهاوتان بۆ ئەو توێژەر و خوێنەرانەی کە دەیانەوێت قووڵتر لە کافکا و کارەکانی تێبگەن و ڕۆ بچن.

“ئەم دونیا مەزنەی کە لە ناخمدایە؛ چلۆن بتوانم خۆم و ئەم دونیایەش ئازاد بکەم، بەبێ پارچەپارچەبوونی خۆم. پێم باشترە کە ببمە هەزاران پارچە، وەک لەوەی لە ناوەوەی خۆم لەگەڵ ئەم دونیایەدا بنێژرێم.”

– فرانز کافکا، یاداشتەکان

فیلیس باوەر’ی دەزگیرانی کافکا

پاش یەکەم یەکتربینینیان لە ئەپارتمانەکەی ماکس برۆد، لە ساڵی ١٩١٢، فرانز کافکا و فیلیس باوەر نزیکەی پێنجسەد نامە و کارتی پۆستەیان ئاڵوگۆڕ کرد. فیلیس باوەر، لەبەر ئەوەی لە “کارڵ لیندرۆم ئەی جی[9]” کە کۆمپانیاییەکی فۆتۆگرافی بوو، کاری دەکرد؛ زۆربەی کاتەکانی سەرقاڵ بوو و کەمێکیش سەری لە ئەدەبیات دەردەکرد. لەگەڵ ئەوەی کە بە دەگمەن یەکتریان دەبینی، لێ دووجار و بە دوو شێوازی جودا، بوون بە دەزگیرانی یەکدی و هەردووک جارەکەش، هەر زوو لێکتری جیا بوونەوە. کافکا، لەلایەن خۆیەوە بەبەردەوام گلەیی ئەوەی دەکرد کە ناتوانێ پەیوەست ببێ بە هاوسەرگیرییەوە، لەوەی هەم بێزار بوو لەم نەریتە بۆرژوازییە، هەمیش پێی وا بوو کە هاوسەرگیری، کاریگەری خراپی بەسەر نووسینییەوە جێ دەهێڵێت. لە لە ئاکامیشدا پاش جیابوونەوەی دواییان، کاتێ فیلیس باوەر لەگەڵ کەسێکی دی هاوسەرگیری کرد، کافکا تا کۆتایی ژیانی بە زگورتی مایەوە.

“گەر خۆشی دەوێم، شایەنی نیم.”

– فرانز کافکا، یاداشتەکان

تێڕامان

یەکەمین بڵاوکراوەی کافکا؛ تێڕامان، کۆکراوەی هەژدە پارچە کورتەپەخشانە، کە لەنێوان ساڵانی ١٩٠٤ تا ١٩١٢ نووسراون. بەنزیکەیی نیوەی تێکستەکان، پێشووتر لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو ببونەوە. بەرگی هەندێ لە کورتەچیرۆکەکان کە لە لایپزیگ لەلایەن ئیرنست ڕوڤۆڵت ڤێرلاگ[10]‘ەوە بڵاو کرابوونەوە، وەکوو منداڵان لەسەر لاڕێ، پەنجەرەی سەر شەقام و تاسەی بوون بە هیندیی سوور، وردە نەخش و نیگاریان لەسەر بوون. بڵاوکەرەوەکان هەشسەد کۆپیان لە کتێبەکە چاپ کرد. هەرچۆنێکی بێت، کتێبەکە لە سەرەتادا و تا ساڵی ١٩٢٤ سەرکەوتنێکی زۆری وەدەست نەهێنا، لێ کاتێ لەو ساڵەدا کافکا مرد، هیچ کۆپییەکی لە بازاڕدا نەما و هەرهەمووی لێ فڕۆشرا.

“ئێمە وەک قەدی دارەکانین لەنێو بەفردا. وا دەردەکەوێ کە بەیەکسانی پشوو بدەن، وەک ئەوەی کە هەوڵ و کۆششێکی زۆری نەوێت تا دووریان بخەیتەوە. بەڵام نەخێر، ناتوانرێت ئەوە بکرێت، چون توند بە زەوییەکەوە لکاون. بەڵام ببینە، تەنانەت ئەگەر ئەوە تەنیا خەیاڵێکیش بێت.”

– فرانز کافکا، تێڕامان

بەدگۆڕان

کافکا لە ١٧ی نێڤەمبەری ساڵی ١٩١٢دا، دەستی بە نووسینی باشترین چیرۆکی زانراوی خۆی کرد. لە ماوەی تەنیا سێ حەوتوودا، چیرۆکی گرێگۆر سامسای فرۆشیار کە زۆر سامناکانە لە سبەینەیەکدا دەگۆڕێ بۆ مێروویەکی زەبەلاح، نووسی.”چیرۆکی مێروو”، وەکوو کورت وۆڵفی بڵاوکەرەوەکەی کافکا پێی دەگوت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩١٥ لە گۆڤاری “گەڵا سپییەکان” و دواتریش لە زنجیرەکتێبی “نوێترین ڕۆژ”ی کورت وۆڵفدا، بڵاو کرایەوە. یەکەم فیلمی سیناریۆوەرگیراوی ئەم چیرۆکە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥١ کە لە ئەمێریکا بەرهەم هێنرا؛ بە دووایدا فیلمی زیاتر لە بەڕیتانیای مەزن، ڤەنزوێلا، ڕۆژئاوای ئەڵمانیا، سوێد و کەنەداش هاتنە بەرهەم.

“بەیانییەک کە گریگۆر سامسا لە خەونە سەیروسەمەرەکانی وەخەبەر هات، لەنێو جێخەوەکەیدا خۆی بینی کە گۆڕاوە بۆ مێروویەکی زەبەلاح. لەسەر قاوغە ڕەقەکەی پشتی ڕاکشابوو، گەر کەمێکیش سەری بەرز بکردبایەوە، دەیتوانی سکە کەوانەیی و قاوەییەکەی ببینێ کە بەسەر چەند بەشێکی ڕەقی نووشتاوەبوودا دابەش بووبوو؛ لە سەریشییەوە، سەرچەفەکە بەحاڵ خۆی گرتبوو و وا پێدەچوو ئێستا نا ئێستا بەتەواوی بخزێت. لاقە زۆرەکانی، بەبەراورد بە بە ئەندامەکانی دیکەی لەشی خەمبارانە باریک بوون و، لاوازانە بەبەرچاوییە دەلەرزین.”

– فرانز کافکا، بەدگۆڕان

دادگایی

ڕۆمانی دادگایی کە خودی نووسەر بە تەواونەکراوی بەجێیهێشت، لە ماوەی تەنیا شەش مانگدا، لە نێوان ئۆگستی ساڵی ١٩١٤ بۆ جەنیوەریی ساڵی ١٩١٥دا نووسراوە. ڕۆمانەکە چیرۆکی جۆزێف ک.‘ە، کە لە بەیانیی سییەمین ساڵرۆژی لەدایکبوونیدا دەستگیر دەکرێ و پاشان لەبەردەم دادگایییەکی نەناسراو لێ گەلێک بەهێزدا، دادگایی دەکرێت. ڕۆمانەکە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٢٥ و پاش مردنی کافکا، لەلایەن ماکس برۆدی هاوڕێیەوە بڵاو کرایەوە. بۆ زۆربەی زوبانە زیندووەکانی دونیا وەرگێڕراوە، سەرەتا و لە ساڵی ١٩٣٣ بۆ فڕانسی، ئیتاڵی و نەرویژی؛ پاشان لە ساڵی ١٩٣٦ بۆ پۆڵەندی؛ لە ساڵی ١٩٣٧یش کەوتە بەردەستی خوێنەرانی ئەمێریکایی و بەڕیتانیایی. ڕۆمانەکە، سەرکەوتنێکی گەورەی لە سەرانسەری دونیادا بەدەست هێنا. ئۆپێرایێکی دادگایییەکە، کە لەلایەن گۆتفرێد ڤن ئینەم’ەوە[11] نووسراوە، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٥٣ لە ساڵزبورگ نمایش کرا. یەکەم فیلمی سیناریۆوەرگیراوی ئەم ڕۆمانە، لە ساڵی ١٩٦٢ و لەلایەن ئۆرسن ویڵز’ەوە[12] دەرهێنانی بۆ کرا.

“دەبێ کەسێک بوختانی بۆ جۆزێف ک.ی کردبێ، بەیانییەک، بەبێ ئەوەی هیچی هەڵەی کردبێت، دەستگیر کرا.”

–  فرانز کافکا، دادگایی

نامە بۆ باوک

نامە بۆ باوک، کە لە ساڵی ١٩١٩ نووسراوە، بە کلیلی ژیان و کارەکانی کافکا دادەنرێ. ئەم شێوە ددانپێدانانە ڕوون و ئاشکرایەی کێشەی نێوان باوک و کوڕێک، بە کارێکی تاک و دەگمەن دادەنرێ لەنێو کۆی ئەدەبیاتی دونیادا. بوونی هەم تاوانبارکردن و هەمیش خۆ-شیکردنەوە لەم تێکستەدا، وێنایەکی ڕوونی ژیان و دەروونی ئاڵۆزی نووسەر دەدەن بەدەستەوە. کافکا، بە ستایلێکی بێوچانی ئاشکرا، زۆرداری و باڵادەستی باوکی نیشان دەدات: “بڕێ جار، نەخشەی گۆی زەوی دێنمە پێشچاوم و هەست دەکەم بە تەواوی جەستەتەوە بەسەریدا کەوتوویت.” نامەکە، هەرگیز نەنێردرا.

شێوازی پێشوازیکردنت لە کتێبەکانم، هەرچەند زووش پێی ڕاهاتین، لێ هەستی شكۆ و شانازیمی لەنێو برد: “لەسەر ئەو مێزە دایبنێ.”

– فرانس کافکا، نامە بۆ باوک

میلینا یەسنیسکا، خۆشەویستەکەی کافکا

لە کۆتاییەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٩، کافکا، میلینیا یەسنیسکای ڕۆژنامەنووسی چیکی و هاوسەری بۆن ڤیڤانتی ناسی، کە دەیویست چیرۆکی توونچی بۆ زمانی چیکی وەربگیڕێت. هەر زوو پەیوەندییەکی بەتین و سۆزدارانە لەنێوان کافکا و میلینای خێزانداری نائاسوودەدا، کە ئەمیان لە پڕاگ و، ئەویشیان لە ڤیەننا دەژیا سەری هەڵدا. پەیوەندییەکە هەرچەند زامەت بوو، بەڵام زۆری نەخایەند و بەردەوام نەبوو: پاش ماوەیەکی کەم، هەریەکەیان ڕێگەی خۆی گرتە بەر و لێک جوودا بوونەوە. دواتر، میلینا یەسنیسکا بوو بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی پڕاگ و ڤیەننا. وەکوو کۆمیونیستێک، بەشدار بوو لە بەرخۆدان دژی داگیرکاری وڵاتەکەی لەلایەن پارتی نازییەوە، کە لە دواییشدا ژیانی خۆی لەسەر دانا: میلینا یەسنیسکا لە ٧ی مەیی ١٩٤٤، لە ئۆردوگای زۆرەملێی ڕاڤنسبروک[13]دا گیانی سپارد.

“ئەو ئاگرێکی زیندووە، ئاگرێک کە هەرگیز پێشووتر نەمبینیوە.”

– کافکا

کۆشک

لە کۆتاییەکانی جەنیوەریی ساڵی ١٩٢٢، فرانز کافکا دەستی بە نووسینی دوایین کاری مەزنی خۆی کرد: کۆشک. هەرچۆنێکی بێت، ئەم ڕۆمانەشیان بە تەواونەکراوی مایەوە و پاش مردنی، لەلایەن ماکس برۆدی هاوڕێیەوە، لە ساڵی ١٩٢٦ بڵاو کرایەوە. ژمارەی لێکدانەوە گونجاوەکان بۆ ڕووداوە لێڵەکانی دەروبەری ڕووپێو ک. گەلێک زۆرن. کۆشک، هەر تەنیا بەدرێژایی هەزاران لاپەڕەی ڕەخنەی ئەدەبیی لێک نەدراوەتەوە؛ بەڵکو کراوە بە شانۆ، خراوەتە نێو میوزیک و چەندان فیلمیشی لێ دروست کراوە.

“بەگشتی، کۆشك لە دوورەوە، ئەو شوێنە بوو کە ک. چاوەڕێی دەکرد. نە قەڵاتێکی کۆن بوو و نە عەمارەتێکی جوان و نوێ، بەڵکوو کۆمەڵە خانوویەکی دوو نهۆمی بچووک و بەربڵاو بوو کە لەپاڵ یەکتر ڕیز کرابوون. ئەوەی پێشتر نەیزانیبایە کۆشکە، ڕەنگە بە شارۆچکەیەکی تێبگەیشتبایە.”

– فرانز کافکا، کۆشک

ڕاینە ماریا ڕیلکە

ڕاینە ڕیلکە هەشت ساڵان لە کافکا گەورەتر بوو، وەختێک کە لە ساڵی ١٨٩٠ پڕاگی بەجێهێشت، کافکا هێشتا لە قوتابخانە سەرەتاییەکەی پشت کڵێسای تین بوو. کاتێکیش کە یەکەم تێکستی کافکا بەچاپ گەیەنرا، ڕیلکە نووسەرێکی دامەزراو و، خاوەن نێو و ناوبانگی تایبەتیی خۆی بوو. نازانرێ کە ئاخۆ هەرگیز ڕووبەڕوو یەکدیان دیتووە یان نا، لێ دەزانین کە ڕیلکە بایەخ و گرنگیی تایبەتیی بە کارەکانی کافکا داوە. ڕیلکە بەتایبەت چیرۆکی “بەدگۆڕان”ی زۆر لەلا پەسەند بوو. لە ساڵی ١٩٢٢، بەم شێوەیە داوا لە کورت وۆڵفی بڵاوکەرەوە دەکات: “تکایە دڵنیا ببنەوە لەوەی کە لە هەر بەرهەمێکی نوێی فرانز کافکا ئاگادارم بکەنەوە. ڕێگەم بدەن بۆتانی دووپات بکەمەوە، من بەهیچ شێوەیەک خوێنەرێکی خراپی ئەو نیم.”

“بۆ جارێکیش نەبووە دێڕێکی ئەم نووسەرە بخوێنمەوە و بە نامۆترین شێوە، سەراسیمەم نەکات.” – ڕاینە ماریا ڕیلکە

دۆرا دیامانت، کۆتا دڵداری کافکا

کافکا، لە سەرەتای جوولایی ساڵی ١٩٢٣، لە ئۆردوگایەکی پشوودانی مۆریتز و لە کەناراوەکانی بەڵتیک، چاوی بە کچێکی سادە و ساکار و لەبەردڵان کەوت: دۆرا دیامانتی بیست ساڵان کە سەر بە خێزانێکی جووی هەسیدیی ئۆرسۆدۆکسیی پۆڵەندی بوو. لە دەوروبەری پاییزدا، کافکا لەگەڵ دۆرادا ڕووی لە بەرلین کرد و بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا، دوور لە لە ماڵی باوانی ژیا. لەوێش، لە هەڕەتی قاتوقڕی و ناهەمواری بەرلیندا، خەونی بە چوون بۆ فەڵەستین و، کردنەوەی چێشتخانەیەکی خنجیلانە لەگەڵ دۆرادا دەبینی. لەسەر جێگەی نەخۆشییەکەیەوە، داوای دەستی دۆرای لە بابی کرد، لێ بە هیچ کلۆجێک ڕازی نەبوو. چەند مانگێ دواتر، کاتێ کە کافکا لە لێواری مردندا بوو، دۆرا دیامانتی کۆتا دڵداری، دڵسۆزانە و وەفادارانە تاوەکوو کۆتایی لەلای مایەوە.

“ئێوارەیەک کە لەسەر کورسیی شوێنێکی گشتی دانیشتبووین، کوڕیژگەیەک گورجوگۆڵانە هەڵستا و لە کاتی ڕۆیشتنیدا، کەوت و زۆر هەستی بە شەرمەزاری کرد. کافکا، بە چاوێکی گەش و ڕێزدارانەوە پێی گوت: “چەندە لێهاتووانە کەوتی، چەندە لێهاتووانەش هەڵستایتەوە!” کاتێک کە دواتر بیرم لەم وشانە دەکردەوە، وا پێدەچوون بیانەوێت هیوایەک دەربخەن کە هەمووشتێک شیاوی چاکبوونەوەیە – بێجگە لە کافکا. کافکا، لەودیوی چاکبوونەوە بوو.”

– دۆرا دیامانت

مردن و نەخۆشیی کافکا

لە سێپتەمبەری ساڵی ١٩١٧، دەرکەوت کە کافکا هەوکردنی بۆڕیچەی هەوا[14]ی هەیە. ماکس برۆد ئامۆژگاری کرد بچێتە لای پزیشکی پسپۆر، پرۆفێسۆر فریدڵ پیک، کە هەوکردنی بەشی سەرەوەی سییەکانی پشتڕاست کردەوە. وەڵامی کافکا: “ئەوە وەکوو ئەوە وایە، بە کەسێک بڵێی بەچکەبەراز لەکاتێکدا ئەوەی کە بەڕاستی مەبەستتە پێی بڵێی، بەرازە.” نەخۆشیی سیل، ئاڕاستەیەکی دیکەی بە ژیانی کافکا بەخشی. کافکا لە سەرەتادا وا ڕاهاتبوو کە نەخۆشییەکەی بقۆزێتەوە؛ بۆ نموونە، وەکوو بەهانەیەک بەکاری هێنا تا لە هاوسەرگیریی دووەمی لەگەڵ فیلیس باوەر بچێتە دەرێ و هەروەتر بۆ ئەوەی لە ئیشی ئۆفیسەکەشی خانەنشینی پێشوەختە بکرێت. نەخۆشییەکە، کاریگەرییەکی زۆری بەسەر ژیان و نووسینەکانی کافکادا بەجێهێشت. دوای مانەوە لە چەندان بیمارگە و بووژانگەی جوداجودادا، کافکا لە کۆتاییدا و لە ساڵی ١٩٢٤، نەیتوانی چی دی بەرگە بگرێت و خۆی بەدەست نەخۆشییە پڕ ئێش و ئازارەکەیەوە دا.

“خزمەتکارەکە بەیانیی دواتر هات، ئەوە ڕاستە (ئەوکاتە لە کۆشکی شۆنبۆرن ئاپارتمانێکم هەبوو)، کچێکی باش، خۆنەویست، لێ گەلێک سەنگین، خوێنەکەی بینی و گوتی: “دۆکتۆر، کاتی زۆرت نەماوە لە ژیان.” بەڵام لەچاو جاران، هەستم بە باشتر دەکرد؛ چوومە ئۆفیس و پاشنیوەڕۆیش چووم بۆ لای دۆکتۆر. ماباقی چیرۆکەکە گرنگ نییە لێرەدا.”

– فرانز کافکا بۆ میلینا

 

سەرچاوەکان:

١- www.vitalis-verlag.com/en/topics/kafkas-world/

٢- کۆشک، فرانز کافکا، وەرگیڕانی عەتا نەهایی. بڵاوکراوەی؛ ناوەندی ڕۆشنبیریی و هونەریی ئەندێشە، ٢٠١٣

٣- Letters to Milena, Franz Kafka, Translated by Philip Boehm

 

پەراوێزەکان: 

[1] ئۆردوگایەکی زیدانیی نازییەکان بوو

[2] پزیشکی مەشقکەر

[3] ئۆردوگایەکی زیندانیی نازییەکان بوو

[4] شڤایکی سەربازی چاک؛ ڕۆمانێکە لەلایەن جارۆسلاڤ هاشک’ەوە کە نووسەرێکی چیکی بوو، نووسراوە

[5] کەمپۆزەرێکی چیکی بوو

[6] Národní

[7] شاعیرێکی فڕانسی-ئۆرەگوایی بوو

[8] Germania

[9] Carl Lindström A.G.

[10] بڵاوکەرەوەیەکی ئەڵمانی بوو

[11] کەمپۆزەرێکی نەمساوییە

[12] ئەکتەر، دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمهێنێکی ئەمێریکییە

[13] ئۆردوگایەکی زیدانیی نازییەکان بوو

[14] bronchial catarrh

بڵاوکردنەوە: