خەونی سەمای شارێک، سەمافڕکێکانی یادەوەریی سەماکارێک

487
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: کاروان عومەر

 

سەرەتای جەستە ناسینم بوو، ورشەی شەپۆلی تیشکی خۆر… مەلۆتکە سەمای وەک وزەی ڕاستەقینەی جەستە پێ سپاردم.

سەما منداڵێک بوو دەبوو دەستی بگرم و هەنگاو بە هەنگاو فێری بکەم: خەمم بخوا و خەمی بخۆم. دایکم بە پێکەنینەوە دەیووت: «وازی لێبێنن تازە خووی پێوە گرتووە و با بە ڕووتی لە ماڵەکەدا بۆخۆی خەریکی هەڵبەز و دابەز بێت!»

ئەو منداڵە چەتوونە بەنازە، بێنازە، هەمیشە پڕی دەکردم لە وزەی ژیان، هەمیشە فێری دەکردم خۆم بم، بەڵام نەرم وزەی سەما مەستبونێکی تێدا هەڵدهگیرساندم، کە بتوانم دواڕۆژێک لە بۆتەی خەیاڵدانمدا بنەخشێنم. خاڵێکی درەوشاوەی دوور لە نێوان من و ئەودا مەودایەکی دوور زۆر دوور و پڕ لە هەوراز و نشێو. پڕ لە کێشمەکێش و کەوتن؛ بەڵام بە هەستانەوەی بەهێز.

سەما ڕیشەی ڕاستگۆیی تێدا ڕوواندم و بەشی مێینەی خۆمی پێناساندم، شیرینتر لە تیشکی خۆر و بریسکانەوە، وزەی سەما مەستبونێکی تێداهەڵگیرساندم، تا باز بەسەر گوێسەبانەی ماڵە کۆنەکەماندا بدەم.

بەسەر سەربانە گڵینەکانی گەڕەکی چوارباخ دا، گەڕەکاوگەڕەک سەما بکەم… جارجارەیش بە بزەی سێبەرێک بە وێنای یەک چرکە جەستە سەمایەک بەناو حەوشەی ماڵەکاندا، بە ئەسپایی گوزەربکەم و کەس بەفریای وەڵامە فڕینێکم ناکەوێ، بە سووڕان و بەرزبونەوەی بازێک… خۆڵی پێشەپێکانم لە دواهەمین بەرکەوتن و خشاندنی پێش جێهێشتن دەخەمە سەما.

چەند کۆڵانێک هەر بە سەماکردن جێدەهێڵم و شوێنپێکانیشم بزر دەکەم، بەناو قەراغ شاردا لەپاڵ ئەسپسوارێک، لەسەر پردەکەی بۆگەنە، پاڵەوانبازی و کێبڕکێی سەرکێشی، بەپڕتاو که بە تەقلە چەشنی کۆترە ڕۆکی کێوی، بەناو هەڵموهاڵاوی گالۆپە باز هەنگاوێ بەرزدەبمەوە و بە ئەسپایی پێ لەسەر خێرایی غارغارێنی ئەو هەشاماتە دەنێم، بە شێنەیی پێشە پێیەک بەناو بادا دەهاوم و دەکەومەوە سەرزەوی.

من هەر وام، بەردەوام باز بەسەر دیوار و سنوورەکانی شاردا دەدەم. بەسەر کێڵگە و مەزراکانی قەراغ شاردا دەپەڕێمەوە و ڕاستەوخۆ بەلای چەپدا بەسەر بەرزاییەکانی سەرشەقام دا بەرەو سەرەوە. بەسەر گۆڕستانی بە زۆر داپۆشراوی جووەکاندا؛ هەر بە بازە سەما هەڵدەگەڕێم و تێپەڕ بە سەرای شاردا، بۆ یەکەمین و دواهەمین جار بەناو مەڵکەندی دا وچانێک بۆ ناوی ئەم شارە دەکەم، هەر لە وێ دا؛ بەناو دڵی ئەودا دواتر بەدەم سەماوه دەرباز دەبم.

هەر لەسەرەوەم و لە فڕیندام و دەبینم لە بەردەرکی سەرادا سەما ڕژانێکە و پڕ پڕە، بەڵام؛ ڕاچەنینێک لە گوللەی وێڵ دایبڕیم، گوللەیەک دەردەچێ و دەنگەکەی یاوەری بازە سەمایەکە، ئاسکە بازێکم زامداری دەنگێکی ڕەق بوو، پەلە، زۆر بەپەلە بۆ هەڵهاتن و نیشتنەوەم کەوتمە ناو دارەبازێکی خاڵیی سەردیوارێکی فەرامۆشکراوی گڵینی شار، بەناو کۆڵانە بەرتەنگەکانی قەزازەکان سەمافڕکێمە. بە چەشنی شاباز کە سێهەمین بازمە بۆ سەمافڕکێ بەرز زۆر بەرز دیسانەوە بە فڕینێک تێهەڵئەچمەوە. بە ئاسکە بازێکی دی گەیشتمە سەر کانی ئاسکان، هەر لەو شوێنەوە دوای نیشتنەوە دەمویست و بەردەوام؛ من دەمەوێت پەڕبازیەک بە باڵەکانم بکەم و گەمەیەک بێت بۆ فێرە فڕینێکی ناکۆتا، بەسەر شەقامەکاندا بەڕاکردنە سەما بەرەو خوارێ.

جادەیەک چۆڵ و سێبەر بوو، تاکو گەیشتن بە باخی گشتی، جار جارە وچانێکی بەر دەم دیوارێک و زوو زوو وێناکردنە سەمایەک. وچانە جوڵەیەکی کورتتری بەردەم کۆڵەکە کارەبایەک، ئەوەندەی تر مەستبوونی گەیاندە لێرەدەرچوون و گەیاندمیە دەم گەیشتن بە میدیا و یادەوەریەکانم.

ساتی کۆرسی سێهەمی منداڵانی بالێت و ئەو زەردەپەڕەی جوانتر و نامۆترکرد، بەرەو دوا نزیکە سەدمەترێک و وچانێکی توند لە ناوەڕاستی جەستە وزە تەواو لە سێ بەندەوە قوڵپی دەدا، ئەوەی لە جەستەمەوە ئاماژەی دەدا و هانی دەدام؛ بازەپەتێکی دەم بای کەوانە ئاسا بوو بەدرێژایی ئەو ڕاستەڕێیە، کە سەمافڕینێکی نوێی پێناساندم.

لەگەڵ کەوانەی جەستەم پێچەوانەیەک بوو لە وێنا چاوێکی خەمبار، من لەو کەوانە سەمایەدا بەسەر شاردا گەز گەز باڵام دەکرد، بای سازگار و باڵدار و پەڕەندەکان پێشوازم بوون و دەنگدانەوەی فڕین و بای ئەو ئێوارە فڕینە، موسیکی بازەپەتێک و سەماکردنم بوون، موسیکێک پڕ لە ڕیتم لەسەر پەیژە و بەجیاوازی ئاواز و پڕ هارمۆنی و هەمانکات پڕ یاخبوون و توڕەیی، ڕازاوە بە بیرۆکە و پرسیار و وەڵامەکانی ئەو ئێوارەی دەم بایە. که جار جارەش هەوری سپی ناسکی ئەو ئێوارە، دەبوونە پۆشاکی جەستەی ڕەهاو ڕووتم لەو ئاسمانە بەرینەدا، ئاوازی پێوانەی کات و خێرایی، هێز و گرێدانی دەنگ، هارمۆنی، ڕازاندنەوە و لێکدانەوەکانی ئەو ئێوارە و ڕۆژگارە موسیکە سەمایەم بێ مەرامەت نەبوون. وەکچۆن بێ گاشە و گێچەڵ تێنەپەڕین، ئەوەندەی نەبرد دەنگی زبری وردە بەرد تێکەڵ بوو بە تێکڕای جوانی ئەو ئێوارەیە، دەنگی هاڕەی ڕەقی ڕەشەبەرد جار جارەش خڕه و دەستەبەرد، سەرتاپا سەمای شادی پەرەندە و باڵندەکانی دەم بای ئەو ئێوارەیەی زامدار دەکرد.

دواتر لەوە تێگەیشتم، که ئەو بەردانە تێگرتنێکی بە مەبەستە؛ و هاوڕێکانی ئەو گەشتەم خۆیان دەدایە دەم بەردەکان، ئەوان بۆ پاراستنی سەما زامدار دەبوون. وردتر سەیرم کرد دارلاستیک بەدەستەکان لەدامەزراوەیەکەوە کە دژە هونەر و ڕووناکی لە مەڵبەندێک کە بۆ تێکدانە دزەیان کردۆتە سەر شەقامی بەرد بارانکردنەی ئەو ئێوارە سەما فڕینم تێدا دەکرد، ڕەش ئەچوونەوە کە لەسەرەوە لێم دەڕوانین ڕەش بچووک زۆر بچووک و گرگن، خەسیوتریش لەژێر زەبری گەدای نان و ئازادیدا، بە دارلاستیکەکانیانەوە هاتبوون جەستەی فڕینێکم هەپروون بە هەپروون بکەن.

ئەوان نەیاندەزانی سەمایەک بە وزەی خۆر و ڕیتمی خۆشەویستییەوە بکرێت، هەردەم بەرەو ئازادبوون لە باڵە فڕێدایە و هەرگیز نیشتنەوەی نابێتە کۆیلە بوون، بۆ کەسانێکی ونبوو و دوور لە ژیانپەرستی و خۆشەویستی، بەڵام ئیتر ئەوان لە خەیاڵدانی کۆنەپەرستییەوه لێی دەڕوانن.

هەر لەوێدا وەک باڵندەیەکی سەماکەری کۆچەری، بەزمانی جەستە و بە هاوئاهەنگی وزەی خۆر و هەورەکان لەو ئێوارە سەمایەدا بۆم نووسین: «کەسێک که هەوەسبازانە تەوتەمەکانی خۆی بکاتە وانەی شانۆ، کەسێک ئەبەد دەنگێکی ڕەوانی موزیکی دەرنەهێنابێ و بەرگوێ نەکەوتبێت، کەسێ لێبووکی دەم زەمەن و گەمە سەپێنراوەکان بێ، کەسێ خۆی دەداتە دەم هەموو باس و خواستێکەوه، تەنانەت هەواڵدزیش هیچ کات ناتوانێت بچێتە ژێر باری گرانی ئازادی جەستە و دەربڕینەوە، هیچ کات؛ چونکە ناتوانن گوێ لە موسیک بگرن، هەردەم گاڵتەجاڕانە و نەزانانە لە ئازادی دەڕوانێت.»

ئەوەی مەست و سەرسامی کردم بینینی چەند هاوڕێیەک بوو، بەچاوێک پەسەندی ئەوانیان نیشان دەدا و بە چاوێکی زۆر پڕ له گومان و ترسنۆکییەوە، کە ڕیشەیەکی لە دین دا و ڕیشەیەکی لە خود پارێزیدا بوو.

پاشان خەیاڵیانم دەخوێندەوه، که پێیان دەگوتم: «وتمان بفڕە بەس ئەوەندە بەرز نا، وتمان سەما بکه بەڵام ئەوەنده پڕله خۆشەویستی و ڕاستگۆیی نا، وتمان بەرزبفڕه، بەڵام تۆ بەم سەرتاپا فڕینەت ئێمەت تێپەڕاند.

ئای ئەوان نەیاندەویست دان بەوەدا بنێن، که من لەدوای بوون و دەرچونمەوە لە ئاوی بەپیت، لەدوای بەرکەوتنم بە یەکەمین ورشەی تیشکی خۆر، ڕاستەوخۆ پیتاندنی جەستە و زەویم پێکەوە لەسەر ڕووبەرێکی بەفەڕ نەخشاند.

فڕین تاوان نیە، ڕاستەوخۆ جەستە بە ئاماژەکان دەسپێرم، سەماکردن لێکدانەوەی چیرۆکی ژیانە، ڕاستەوخۆ زمانی جەستە بە دەربڕین دەناسێنم، بێئەوەی ئاوڕ لە دواوە، لە گوناهـ، لە تاوان، لە هەڵە و لە پەتا بدەمەوە… من بازدەدەم و سەمادەکەم. ئێوه چۆن لە فڕین تێدەگەن؟ چۆن لە درشتی سەرهاووردنی زمانم تێدەگەن؟ وەڵامتان گەر هەبێ یان نەبێ چی ڕوودەدا؟

من سەمای شار دەکەم، تۆ شار وێران دەکەیت، من شانۆ بە سەما دەکەم؛ تۆ سەر شانۆکان تاریک و شەرمەزار دەکەیت، من زەمەن و میلۆدی و هارمۆنی موسیک بە جوڵەوە گرێدەدەم، تۆ ئارەزووی مەستبون بە موسیک ئەتخنکێنیت. من شێوەکاری ناخم و لە قوڵاییەوە وزە دەدەمە سەماکان، تۆش هێڵی وێنەکان لەباردەبەیت. من حەوت کەڕەت بەرەو قوڵایی ئاسمان دەفڕم و بازدەدەم، بەڵام هیچم بەدی نەکرد و تەنانەت حەوت نهۆمەکەی ناو وەهمی ئێوەش دیارنەبوو.

ئیتر هەتا دڵ لێ دەدات من بازدەدەم و سەمادەکەم، تەنانەت ئەو خەسیوانەی بەردیشم تێدەگرن، لەبەردەم وزەی وەستانە سەمایەکدا بەرگە ناگرن و تەنانەت من ورشەیەکیشیان تێناگرم. ئیتر ئاوا ئەو ئێوارە سەرمەستبوونە بەردەوامە، تاوەکو ڕاکێشانی هێزی کێشکردنی زەمین، بڕیاری نیشتنەوەی کتوپڕم پێ دەدات. لە شار چیم دی؟ هۆڵی شانۆکان وەک ماڵەکان خاڵییە…

شارێک تەواو خاڵی لە سەما و خامۆش، بەڵام یادەوەری سەمای جوڵەی یەکەمی تیا بەدی دەکرێ، که لە تەنیشتیشەوە بارەگایەک بە ئاڵای سور، بە دڵ چەوساوە و بە ناوی ئازادییەوە، ئەوێ هەڕەشەی کوشتنی خۆشەویستی و ئازادی تیا کرا، ئەوانیش دەیانەوێت لە هەواڵە گرنگەکانی ئەو ئێوارەدا، بەر ئەنجامی بەردی ڕەش و بەردی دەستی هەوەسبازەکان بڵاو بکەنەوە. ئەمەیش ناشرینی چیرۆکی شار و سەمایەک بوو، ئەوەتەنها هەناسەبەخش بوو نوسینەکەی شێرۆ بوو.

لەگەڵ ئەوەشدا من بۆ باخچەکانی ئازادی شار دەفڕم چیمداوە لە باخچەی پاشای نەفام، پێیان گوتم: هەنگاوە سەمایەک بنێ، باخچەی پاشا ئەوەتا لەوێیە لەوبەر ئاوە، ئەوەی بەردیشم نەفامانە تێدەگرێت، من لەم سەرەوە، فڕینێکی شێتانەی تێدەگرم بەڵام من هەمیشە لە ڕێگای جوانی کچێکدا سەمادەکەم، ئەمجارە سەرەتا بە باز دواتر فڕین، هەر لەوێوە بەسەر دیوار و لێواری باڵەخانەکاندا، تێکڕا بە ڕوانگە و بەسەر هەزارمێرددا، بە سەمای تارماییەکانی شەو، تارمایی جوڵەکان لە پانتاییە سپیەکانی ئەشکەوتەکەدا، توانەوەی جەستەی منداڵانی سەما بەسەر بەردەکاندا کەوتمە ناو گێژاوێ لە یادەوەری و ئەسرین. نەمهێشت لەوە زۆرتر هەستەکان و سۆزەکان بمبەنەوە، بەڵکو جوڵە و سەماکان بردیانمەوە بەرەو گۆڕەپانی سەرەتایی سەرچنار و خولی سەمای منداڵان هێشتا لەوێ بوو.

سەما و گۆرانی ئارامی گیانە، خەندە و پێکەنین گوڵە لێوی منداڵان بوو، دوابڕیارە و ئیتر دەبێ، باز بەسەر دیوار و سنوورەکانی جیهاندا بدەم و ڕاستەوخۆ بەناو دڵی ئەودا دەرباز بم. بەڵێ، سەرلەنوێ ئالێرەدام من! بە لێدانی حەوت هەستە سەمادەکەم و لەو پێناوەشدایە شاخ و دەشتەکان تەوژمم پێدەدەن و دەمبزوێنن. ئەو دۆخەی هەموو مەینەتی و ئازارەکان پاڵپێوەنەرن بۆ ئارام بوونەوە.

ماچم کە ئەی تاریکە ڕێ ماچم کە ماچم کە ئەی تاریکە زەمەن ماچم کە ئەوە منم سەمام لە ڕووناکییەکی بزربوەوە بەرەو پشکۆی خۆشەویستیەکی نوێ هەڵگرتووە و بڵندی ئەکەم. سەماکردن تاوان نییە مرۆڤ، بەڵکو ئارامگە و ئاراستەی جەستەیەکە، لە ناو ئاوی پیتاندنەوە هاتۆتە دەر و بەرەو زەوییەکی بەپیت کەوتۆتە ڕێ، هەروەک چۆن لە دوای باران زەوی هەڵم دەکات، هەروەک چۆن لە دوای هەڵم گوڵ خونچە دەکات، هەروەک چۆن گوڵ لە دوای خونچە لێوەکانی دەکرێنەوە، ئیتر مرۆڤ تۆش وابە و باشبە.

مرۆڤ تۆش ئیتر بۆ هەمیشە مەبە بە فیۆنا و واز لە وێرانکردنی سەندریللاکانی سەما بێنە و خۆت وەک مەزلوم پیشان مەدە، وازبێنە لە تەرەکردنی باڵندە دەستپێکردوەکانی سەما. ئەوەندەی تر ناشرینی مەکە ئەو سەکۆیە، ئاەـ ماوەیەکی زۆر بوو لە بیرمکردبوون چونکه لە ئێستادا سەما دەکەم من، هەموشتێک وەک دیاری بۆ ئێوەیە، ئەوەی تەنها دەمێنێتەوە هەناسەیە ئەویش ڕێنمایی هەستەکانمە، بۆ ئێوە منداڵانی شار، بۆ ئێوە گەنجانی شار، مرۆڤە جوانەکانی شار. بازوەکانم بەرەو ئاسمان بەرز زۆر بەرز فڕێ دەدەم، سەرم بەرەو خوار بەرەو ناوملم دادەبەزێ و نقوم دەبێت، دەمم فراوان دەبێ و دەخوازێ شەرابی جوڵە لەدوای خوماربوون بخواتەوە، دەخوازێ بە ریتم و ناسکی و شنە تەزووی وزەی سەما مەست بێت، جەستەم دەخوازێ تەلیسمە بریقەدارەکانی تیشکی دەرچوو… تیشکی بەیەک گەیشتنی وزەی جەستە بۆ جەستە، تیشکی منداڵی ناومنداڵدانی ئێسک و ماسولکە و پێستم، تیشکی پیتێنراوی ناو ئاوی بەپیتی جەستە و با و زەمین و خۆڵ. دواتر تۆ بخواتەوە ئەی سەمای سەرمەستبوون و بەختەوەری. من لێرەم بەردەوام، ئەی سەمای ناکۆتای شار.

 

پەراوێزەکان

کۆترە ڕۆکی: هەموو کۆترێکی ماڵی دەچنەوە سەر کۆتری ڕۆکی.

گالۆپە باز: گالۆپە باز یان هەنگاو بازێکە، کە لە سروشتی ئەسپدا هەیە و لە کاتی غارداندا، سەماکارانی کلاسیک و مۆدێرن بە شێوەی جیاواز پێی هەڵدەستن.

ئاسکە باز: یەکێکە لە بازە سەماکانی سەماکارانی سەمای کلاسیک و مۆدێرن.

دارەباز: تابووت، دارەمەیت

پەرباز: بەواتای فڕین، بۆ باڵندە بەکاردێت بەتایبەت کەو و کەڵەشێر لە کاتی شەڕدا.

بازەپەت: ئەو بازەیە کە زۆرتر لە شوێنی بەرزەوە بە خۆبەستن بە پەتێکی لاستیکەوە بۆ خۆ خستنە خوارەوە ئەنجام دەدرێت، جەستە شێوەی کەوانە وەردەگرێت بەدەم باوە.

سەرهاووردن: تێڕامان، بیرکردنەوە

فیۆنا: باوەژنی سەندرێللایە لە چیرۆکی سەندرێللادا، کە هەمیشە کچە نەزان و ناشرینەکانی خۆی دەباتە پێش و سەندرێللاش دەچەوسێنێتەوە

سەندریللا: ئەو کچە جوان و شیرینەیە کە باوەژنەکەی هەوڵ دەدات بیشارێتەوە بۆ ئەوەی کچە ناشرین و نەزانەکانی ببنە هاوسەری شازادە.

ئاوی بەپیت: ئەو ئاوەی لەسکی دایکدا کۆرپە تێیدا دەژی پێش لەدایک بوون.

ئەم تێکستە لە هەندێ شوێندا، دەق ئاوێزانی تیاکراوە بە دەقی چەند هۆنەرێکی کورد بیرۆکەی ئەم تێکستە لە ساڵی ٢٠٢٠ داڕێژراوە و لە سەرەتای ساڵە ٢٠٢١ دەستکراوە بە نوسینی و ٢٨ی ٤ی ٢٠٢١ نووسینی کۆتایی پێ هاتووە.

ڕۆژی جیهانی سەما لەساڵی ١٩٨٢ لەلایەن کۆمیتەی نێونەتەوەیی سەما و پەیمانگای نێونەتەوەیی شانۆ، له بەرواری ڕۆژی له دایکبوونی یەکێک له مەزنه ڕیفۆرمیستەکانی سەمای کلاسیک، جان جۆرجیس نۆڤیرا (١٧٢٧- ١٨١٠) کە ڕێکەوتی ٢٩ ی مانگی ٤ دەکات، بەڕووی جیهاندا بەرپاکردنی ڕاگەیاندرا.

بڵاوکردنەوە: