ژنان لە ڕوانینی پیاوانەی (پەنجا و هەشت)دا

409
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: سارا خەنشا

یان مەكئەیوان دەڵێ”كاتێك كە ژنان دەست لەخوێندنەوە هەڵدەگرن، ڕۆمان دەمرێت.”

ڕەخنەی فێمینیستی بە پێی ئەو پێناسەیەی حسێنی لێی كردووە بریتییە لەو ” ڕەخنەیەی كە پرسەكانی ژنان بە واتا بەربڵاوەكەی لە دەقە وێژەیییەكان لەبەر چاو دەگرێت و سەرنج دەداتە ڕۆڵ و ئەركی ژنان لە كەلتوور و كۆمەڵگا و هۆی پێمڵبوونی مافی ژنان” هەندێك لە ڕەخنەگران لەسەر ئەم باوەڕەن كە “ڕەخنەی فێمینیستی ئەركێكی پڕ بایەخی لە كۆتایی هێنان بەو ستەمەدا هەیە كە لە جیهانی دەرەوەی دەق دا بەسەر ژنان دێنن” ئێستا بەرهەمە وێژەیییەكان بەتایبەت ڕۆمان و چیرۆك، ئاوێنەیەكی باڵانوێنن بۆ نیشاندانی پرسەكانی ژنان لە ئاستێكی بەربڵاودا.

“ئێلێن شواڵتر” لە ڕەخنەی فێمینستیدا دوو ئاڕاستەی سەرەكی دێنێتە ئاراوە:

1- ڕەخنەی ژنانە: كە بەواتای ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمەكانی ژنانەیە. ئامانجی سەرەكی ڕەخنەی ژنانە لەبەرچاوگرتنی چوارچێوەیەكی دیاریكراو بۆ لێكدانەوە و شیكردنەوەی بەرهەمە ژنانەكانە. ئەم ڕەخنەیەی شواڵتر بە كورتی ئەم چوار ئاڕاستەیە لەخۆ دەگرن “ژینناسانە، زمانناسانە، ڕەوانناسانە و كەلتووری، كە پەرژان بە هەر یەك لەم بوارانە هەوڵێكە بۆ لێكدانەوە و ڕوونكردنەوەی چۆنیەتیی بەرهەمێكی ژنانە.”

2- دەركەوتن (جلوە) و وێنەكانی ژنان، بەو واتایە كە ژنان لە بەرهەمە ئەدەبییەكاندا چۆن نیشان دراون و لە كام ڕۆڵ و قاڵبدا پێشكەشی خوێنەران دەكرێن. بە بڕوای لایەنگرانی ئەم ئاڕاستەیە، زۆربەی نووسەرانی پیاو ناڕاستەوخۆ وای بۆ دەچن كە خوێنەری بەرهەمەكانیان پیاون، هەر بۆیە ئەو وێنەیەی لە ژن لە نێو بەرهەمەكانیاندا پێشكەش كراوە بە شێوەیەكە كە لەگەڵ پێداویستییەكانی كەلتووری پیاو سالاریی بەرانبەر بێت. بە واتایێكی تر، ئامانج لەم ڕەخنەیە، تاوتوێ كردنی لێكدانەوەیەكە كە ژن لە بارەی بەرهەمە ئەدەبییەكانی پیاوانی نووسەر دێنێتە ئاراوە. لەم جۆرە ڕەخنەیەدا، نیشاندەر (دانەر)ە ڕەگەزییە ژنانەكان لێك دەدرێتەوە كە ناوەرۆكە سەرەكییەكەی، بەراوردی كەسایەتییەكان و پرسە كڵێشەییە ژنانەكان لەگەڵ ئەو توخمانەیە كە لە بەرهەمێكی پیاوانەدا دەخوێندرێتەوە. بە گشتی ڕەخنەی جۆری دووەم ڕوانینی تایبەتی ژنانە لەمەڕ تایبەتمەندییەكانی خۆی، وەك سەیركەرێك، لەمەڕ كەلتوور، فیلم، یان بەرهەمێكی هونەری و ئەدەبی” .

“ڕوانینی نێرانە” زاراوەیەكە لەنێو فێمێنیستەكان بەكار دێت، كاتێك باس لەوە دەكەن كە چۆن پیاو، ژن دەكاتە ئۆبژەیەكی سێكسی. بۆ یەكەم جار ئەم زاراوەیە لەلایەن “لاورا مالڤی” لە ساڵی 1975 بەكار هاتووە، لە وتارێك بەناونیشانی “چێژی بینراو و گێڕانەوەی سینەمایی”.

بە ئۆبژە كردنی سێكسیش واتە وەك كاڵایەك بۆ وەرگرتنی چێژی سێكسی. ئەم دوو زاراوەیەش زیاتر لەگەڵ یەكتر بە كار دێن لە تیۆری فیمینیسمدا، بۆ لێكۆڵینەوە لە دۆخی ژنان لە كۆمەڵگای پیاو سالارییدا.

لە ڕوانگەی فیمینیسمەوە بە ئۆبژەكردنی سێكسی یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگەی پیاو سالاریی، كە تیایدا ژن و پیاو یەكسان نین و ژنان وەك پیاوان مامەڵەیان لەگەڵ ناكرێت.

مالڤی، ئاماژە بە ژنان دەكات وەك “هەڵگری مانا” و پیاوانیش وەك “دروستكەری مانا” ئەم دەربڕینەی مالڤی ئەوەمان پێ دەڵێت، كە ژنان بە دەگەمەن ڕۆڵی بینەر دەبینن، ئەوە پیاوانن كە هەمیشە بینەرن، لەم كاتەشدا ژنان دەبنە بینراو یان دەتوانین بڵێن دەبنە ئۆبژە لە كاتێكدا پیاوان دەبنە سوژە. ئەمەش پشتگیریی و پاڵپشتییەكە بۆ بیر و ڕاكەی “سیمۆن دی بوڤوار” كە دەڵێت: “ژنان لە كۆمەڵگەی پیاوسالارییدا بە “ئەوانی دیكە” یان بە “ئەوانەی نێر نین” ناسراون. هاوكات “جۆن بێرگەر” لە كتێبەكەیدا “ڕێگاكانی بینین” ئاماژە بەوە دەكات كە كۆمەڵگەی پیاوسالاریی بە پێویستی دەزانێت ژن بكرێتە ئۆبژە بۆ پیاوی ئەكتیڤ. ئەو جەخت لەوە دەكاتەوە چۆن لە كۆمەڵگەی پیاوسالارییدا كە دەسەڵاتی ڕەگەزەكان هاوتای یەكتری نین، ژن وەك ئۆبژەیەكی پاسیڤ (منفعل) دەبینرێت بۆ چاوی پیاو، چۆن هەر ئەم ڕوانینەش ژن دروست دەكات.

” ژن دەبێت لە هەموو ئەو شتانە بكۆڵێتەوە كە ئەو چییە و چی دەكات. چونكە ئەو لە چاوی ئەوانی دیكەدا دەردەكەوێت، بەتایبەت چۆن لە چاوی پیاودا دەردەكەوێت گرنگییەكی جەوهەری هەیە لە سەركەوتنەكانی ژیانی ئەو ژنەدا. ژن كاتێك هەست بەخۆی دەكات و بەهای خۆی دەزانێت، كە لەلایەن ئەوانی دیكەوە بینرا و هەستی پێ كرا. ژنان دەردەكەون، پیاوانیش سەیریان دەكەن، ژنان دەبینن چۆن سەیر دەكرێن، ئەمە تەنها پەیوەندی نێوان ژن و پیاو دیاری ناكات، بەڵكوو پەیوەندی ژن لەگەڵ خودی خۆشیدا دیاری دەكات. ئەوەی لە نێو ژندا ڕووپێوی ژن دەكات (ژن دەپێوێت) ژنە ڕووپێوكراوەكەیە. بەم جۆرە ژنە خۆی دەكات بە ئۆبژە بۆ چاوی خەڵك.” بێرگەر باس لەوەش دەكات كە ڕوانین هەرچەند وەك بێلایەنانە دەردەكەوێت، بەڵام هۆكارێكە بۆ دەسەڵات و كۆنتڕۆل كردن. گریەر دەڵێت: “جەستەی ژن مەیدانی جەنگە، ئەو شوێنەیە كە تیایدا شەڕ بۆ ئازادی دەكات. ژن بەردەوام لە ڕێی جەستەیەوە كۆنتڕۆڵ كراوە و چەوسێنراوەتەوە، كراوەتە ئۆبژەی سێكسی، بۆتە قوربانی.”

هەروەك لە نۆڤلێتی پەنجا و هەشتدا دیتمان ئەم شێوە ڕوانینە لە ژن و جەستەی ژندا ڕاشكاوانە خۆی دەنواند. تەنیا ڕۆڵێكی كە ژنانی ئەم چیرۆكە لە ئەستۆیان بوو بە ئۆبژەكردنی جەستەیان و قوربانیدان و ڕاپەڕاندنی كاری ماڵ و خەمساردی و ناكارامەیی لە كارە كۆمەڵایەتییەكاندا بوو. پەنجا و هەشت باس لەبەرگری و یاخیبوونی ژنان نییە، ئەوەندەی ڕەنگدانەوەی واقیعی ژنانی كۆمەڵگایەكە، كە دەشێت ئەم كۆمەڵگایە هەر كۆمەڵگایەك بێت لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانەدا، یان تەنانەت خودی جیهان بێت. ژنی ئەم نۆڤلێتە بەهۆی ژنبوونی ڕووبەڕووی ئەزموونی سەخت و تەنگوچەڵەمە و ئازار دەبێتەوە و وەك ژن دەچەوسێتەوە و ڕووبەڕوی توندوتیژی دەبێتەوە لەلایەن ڕەگەزی بەرانبەریەوە. لە ڕێگەی ئەم نۆڤلێتەوە تیشك خراوەتە سەر بارودۆخی ژنانی باشووری كوردستان لەم سەردەمەدا. ژنانی ئەم چیرۆكە بە هیچ شێوەیەك هەڵوێست وەرناگرن و ڕاناچڵەكێن لەبەرانبەر ئەو توندوتیژییە و سووكایەتییانەی دەرهەقیان دەكرێت. ئەوەش نیشان دەدات كە ئەم ژنانە لەژێر هەڕەشەدا بوونە و یاخود ئەو جۆرە كە دەبێت ئاگاداری مافی خۆیان نەبوون و یاسایەكی ئەوەتۆ نییە كە ئەم دۆخە بخاتە ژێر چاودێری و لێپێچینەوە. هەرچەند ئاشكرایە گێڕەڕەوەی ئەم چیرۆكە وەك یەكێك لە ژنانی ئەم كۆمەڵگەیە بە شوێنی خۆی وەك چینێكی چەوساوە و بوونێكی پلە نزم ڕازییە.

لەم نۆڤلێتەدا شوێنی بە تاڵی ژن “بە واتا مرۆڤییەكەیەوە” تەواو بەرهەست بوو.

مێری لە بلاڤۆكە بە ناوناگە سێسەد لاپەڕەیەكەیدا لەژێر ناوی “گرتنی مافی ژنان”دا دەڵێت: پیاوێك لەسەر ئەم باوەڕە بوو كە ژنانەیەتی بەرهەمێكی چێكراوە. چونكە ژنان لەگەڵ پیاوان یەكسان لەدایكدەبن. بەڵام بەشێوەیەك پەروەردە دەكرێن كە ژێردەست و لاواز و گەمژە بن. ژن بۆ ئەمە پەروەردە دەكرێت كە لیستۆك یان دارەدەستی پیاو بێت بەبێ ئەوەی كە پرسیارێك لەبارەی هۆی ئەم شێوە هەڵسوكەوتەی پیاو بكاتەوە، بەردوام لە خزمەت خۆشی و ڕابواردنی ئەودایە. تۆ بڵێی ئێمە لەم نۆڤڵێتەدا شتێكمان جگە لەژیر دەستبوون و گەمژە و لاواز بوونی ژن بینیبێ؟! ئەو تەنیا بووكەڵەیەك لە دەست خاوەنەكەیدا نەبوو؟

بۆیە فیمینیستەكان داوای ئازادیی جەستەی ژنیان كردووە، داوای ئەوەیان كردووە كە ژن مافی ئەوەی هەبێت خۆی خاوەنی جەستەی خۆی بێت. لێرەشدا گرنگە ژنان بە ئاگا بن لە بەها و بایەخی جەستەی خۆیان، هۆشیار بن لەوەی كە چۆن خاوەنداری لە جەستەی خۆیان دەكەن و نابێت جەستەیان بكەن بە كەرەستە بۆ چاوی نێر.

ئۆبژەكردنی جەستەی ژنان و دەسكەوتی سێكسی لەچەوساندنەوەی جنسی لە ژنانی چیرۆكەكاندا، پەرەدان بەو تێڕوانینانەی كە ژنانی لە گۆڕەپانی هونەر دەردەكرد و لە هۆكارە سەرەكییەكانی نەبوونی ژنان لە جیهانی هونەر و هۆی ژیر دەستی ژنان بووە.

بابەتێكی تر كە جێی سەرنجە ئەمەیە كە ئاخۆ ژنە نووسەرێك بۆی هەیە بەم شێوەیە لە ئۆبژەكردنی جەستەی بنووسێتەوە و ئەگەریش بینووسێتەوە ئەو جۆرە كە پێویستە لە لایەن ڕەخنەگرانەوە بە هەند وەردەگیرێت، یاخود بەتوندی دەكەوێتە بەر تیشكی ڕەخنەگرتن و توانج و “بەبێشەرم”ی گوزارشتی لێوە دەكرێ؟ هەر كاتێ باسی ژن دەكرێت بە مێشك و چەمكێكی لە پێش دیاریكراو ڕووبەڕووی دەبنەوە. ژن دەبێ بەم شێوەیە قسە بكات. ژن ناسك و خۆنەگرە. ژن دەنگی ناسك و ئارامە. ئەم شێوە ڕوانینە لەمەڕ ژن كڵێشە گەلێكە كە لە بەستێنی كەلتووری كوردەواریدا هەیە و چاری ناچار لە چیرۆكەكانیشدا ڕەنگ دەداتەوە. هەروەك لەم پەنجا و هەشت دا ئەم كڵێشەگەلە تەنیا تایبەتمەندی ژنەكانی بوو و گێڕەڕەوەی پەنجا و هەشت وەك نموونەی ژنانی كۆمەڵگە تەنانەت بوێری ئەمەی نەبوو كە ڕاستی و ئازار و هەستەكانی بۆ كەسێكی تر جگە لەخۆی بگێڕێتەوە!! تۆ بڵێی ئەگەر نووسەری ئەم چیرۆكە ژنێك بوایە، بێوەری ئەمەی بوایە بەجێناوی منەوە بیگێڕێتەوە؟!

ئەوەی پێی دەڵێن ئازایەتیی ئەدەبی، تایبەت بە پیاو بووە، ژن هەمیشە خاوەنی ترسی ئەدەبی بووە، ژن تەنانەت ئەگەر چیرۆكی ژیانی خۆیشی گێڕابێتەوە، لە ترسی كۆمەڵ، بوێری ئەوەی شك نەبردووە، بە جێناوی یەكەم كەسی تاك (من) بینووسێتەوە، هەمیشە هانای بۆ جێناوی سێیەم كەسی تاك (ئەو) بردووە، ئاخر چۆن بوێرێت بە ناوی خۆیەوە بنووسێت، كاتێك ئەم شێوە ڕوانین و ترسە ئابڵۆقەی دابێت؟!

لە ڕاستیدا لە ڕوانگەی پیاو سالارانەوە ژن لە پێناوی وروژاندنی پیاودا خوڵقاوە. كەلتوورە جیاوازەكان هەموویان ژنیان سەركوت دەكرد، لەوپەڕی دلۆڤانیدا، ژنیان پەراوێز دەخست، ئاخر لە كن هەموو كەلتوورەكان، پیاو ئاوەز و ژن جەستە بوو، ئاخر هەر لە سوقرات و ئەفلاتوون و داروین و شۆپێنهاوەر و نیچەشەوە هەتا عەققاد ژنیان پێ نوقسان بوو. بودلێر دەیگوت”ئەی مێ/ ئەی شاژنی وڵاتی تاوان/ ئەی شكۆمەندی نزم/ ئەی شەرمی باڵا” بەڵام ، مەی زیادە دەبێژێت”ئەی پیاو، تا من بە دەست تۆوە زەلیل بم، تۆیش زەلیل دەبیت، تا من ئازاد نەبم، تۆیش ئازاد نابیت.”

لە ڕاستیدا تاقە مافێك كە پیاو بەژنی ڕەوا بینیبێ، مافی (گێڕانەوە)ی چیرۆك بوو، ئەویش بە یارمەتیی جەستەی!.

 

سەرچاوەكان:

١-  وتاری(بررسی رویکردهای چهارگانە ی نقد فمینیستی الن شوالتر در رمان نقرە دختر دریای کابل اپر حمیرا قادری، مولود گلائی، مهرناز گلائی.)

٢- وتاری “دروستکردنی شوناسی ژن لە ڕوانینی پیاودا”، شیلان ڕەشید، کولتور مەگەزین.

٣-  وتاری” ئەدەبی ئافرەتان، لە گۆشە نیگای رەخنەگرانەوە”، سابیر حوسێن، گۆڤاری بیاڤ.

٤- وتاری (هنر و زیباشناسی فمینیسم، اسماعیل کوتیانی)

٥-  وتاری “نووسینی ژنانە” حەمە سەعید حەسەن

٦-  کتێبی فمنیسم، سوزان، ێ‌لیس، مترجم زیبا جلالی نائینی، تهران نشر و پژوهش شیرازە، ١٣٨٠

٧- وتاری (زنان به روایت مردان بررسی بازنمایی زنان و دختران در ێ‌پار نویسندگان مرد رمانهای نوجوان در ایران ، مریم کهنسال(

ئەم بابەتە لەكەناڵی خاتوونەكانی شنۆ بڵاو بووەتەوە.

@xatunakaniktebishno

بڵاوکردنەوە: