شانۆیی هاملێت-ی کامەران ڕەئوف (بەشی دووەم)

409
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: کاوە جەلال

بەشی دووەم و کۆتایی

دیمەنی هەشتەم

دەروازەی زیندان کراوەتەوە. هاملێت لەگەڵ ئەکتەرەکاندایە و بەدەم ئامادەکردنی نمایشێکەوە پێشنیار دەکات، کە ئەکتەرەکان گەرەکە لەکاتی نمایشکردندا لە سەرۆک بڕوانن.

کاتێک هۆراشیۆ بۆ لایان دێت، هاملێت هەستی خۆشەویستیی خۆی بۆ ئەو هەڤاڵە دەردەبڕێت، چونکە لەو ڕاستگۆتر و بەوەفاتری نەبینیوە.

پێش دەستپێکردنی نمایشەکە لێڕوانەران دێنە ژوورەوە کە بریتین لە: سەرۆک، گێڕترود، ڕۆزنکڕانتس، گولدنستێرن، پۆلۆنیوس، ئۆفیلیا و چەند کەسێکی دی.

ئەکتەرەکان سەمایەک بە ئاوەڵیی موزیک دادەڕێژن، سەرۆک لەو سەمایەدا دەرکی ئاماژەیەک دەکات و هەڵدەستێت، لێڕوانەرانیش هەروا، ئەوجا ئەکتەرەکان جگە لە ژنێک و پیاوێک دەکشێنەوە. پیاوەکە باوەش بۆ ژنەکە دەکاتەوە و ژنەکە ڕەزامەندانە بەرەو ڕووی دەچێت. بەو نمایشە هەموو دەشڵەژێن. سەرۆک بەتووڕەیی داوا دەکات کە ئەو گاڵتەجاڕییە بووەستێنن، لێ هاملێت دەخوازێت کە ئەکتەرەکان لە نمایشکردن بەردەوام بن، ئەوجا بەگژ پاسەواناندا دەچێتەوە کە تا کەی ژیانی ڕسوایی و کۆیلایەتی قبووڵ بکەن: “(…) دادگەی بێدەنگی لە جەور و ستەمی ستەمکاران، دادگەی بێدەنگی لە ئەڤینی قەدەغەکراو، دادگەی بێدەنگی لە خاو و خلیچکیی دادگە، لە تۆقاندنی دادوەر لە جێبەجێکردنی یاسا، دادگەی بێدەنگی لە زوڵم و ستەمی ستەمکارانی هیچ و پووچ و بێنرخ بەرانبەر خەڵکانی ئازاد (…)”.

گێرترودی دایکی بەتووڕەیی دێت بۆ لای هاملێت و لە نێوان دایک و کوڕدا دەبێت بە دەمەقاڵە.

گێرترود: “تۆ چیت لە من دەوێت؟ بە نیازی چیت؟ (…) دەتەوێت بمکوژیت؟” (هاوار دەکات).

هاملێت خێرا دەمی دایکی دەگرێت: “دایکە بەشداریی خوێنڕشتنت کردووە، خوێنڕشتنێک کە ئەوەندە خراپە نزیکە لە کوشتنی باوکم و شووکردن بە براکەی.”

گێڕترود: “کوشتنی باوکت؟”

هاملێت بەچەشنێک پەژارەی گرژبۆوەی نێو ناخی کاری تێدەکات کە ئیدی دەکەوێتە سەر زەوی و لەهۆش خۆی دەچێت. دایکی بەدەم بانگکردنی هۆراشیۆ و پاسەوانانەوە هاملێت جێدەهێڵێت، کتوپڕ پۆلۆنیوس دەردەکەوێت و دەیەوێت بەپەلە هەواڵی ڕەوشی هاملێت بە سەرۆک بگەیەنێت، لێ کەسێکی ڕەشپۆش و دەمامکدار دێت و بە خەنجەرێک پۆلۆنیوس دەکوژێت، پاشان خەنجەرەکە دەخاتە نێو دەستی هاملێتەوە و دەڕوات.

دیمەنی نۆیەم

سەرۆک لەگەڵ ڕۆزنکڕانتس و گولدنستێرندا وەستاوە و زۆر تووڕەیە. ئاخر هاملێت لە کاتێكی هەڵچوون و شێتانەدا خەنجەرێکی کردووە بە دڵی پۆلۆنیوسدا! هەردووکیان لەو بڕوایەدان کە سەرۆک پێویستە هاملێت لە خۆی دووربخاتەوە، چونکە پاراستنی ژیانی سەرۆک پاراستنی وڵات و سەرجەم گەلە. سەرۆک ئەو پێشنیارەی بەدڵە و داوایان لێ دەکات کە دوای ئەوەی هاملێت دێتەوە سەر خۆی، لەگەڵ خۆیان بیبەن بۆ باشوور.

گێرترود باوەڕ ناکات کاری وا لە هاملێت بووەشێتەوە، لێ سەرۆک بۆی ڕووندەکاتەوە کە هاملێت تووشی هیستریا بووە، ئەوجا کاتێک پۆلۆنیوس ویستوویەتی هێوری بکاتەوە، ئەو خەنجەری پاسەوانێکی ڕاکێشاوە و پۆلۆنیوسی پێکوشتووە. دوای ئەوەی هۆراشیۆ دێت بۆ لایان، گێرترود هەواڵی هاملێتی لێ دەپرسێت، ئەویش لە وەڵامدا دەبێژێت، کە: “ئاگادار نییە، لە بەشی تایبەتی چارەسەری بۆ دەکەن”. دایکی بە بیستنی “بەشی تایبەتی” دەکەوێتە گومانەوە، لێ سەرۆک وەڵامی دەداتەوە کە باری دەروونیی هاملێت پێویستی بەو بەشەیە.

هەروەها ڕەوشی ئۆفیلیا تەواو دەشێوێت و تێکدەچێت، لە خۆیەوە قسەی بێمانا دەکات. کاتێک ئۆفیلیا دێت بۆ لایان، دایکی هاملێت ناناسێتەوە.

لێرتس بەهۆی کوشتنی باوکییەوە بەپەلە دەگەڕێتەوە بۆ وڵات و دەیەوێت بزانێت کێ ئەو تاوانەی ئەنجامداوە تا تۆڵەی باوکی لێ بسێنێت، لێ سەرۆک پێیڕادەگەیەنێت کە بکوژی باوکی تاکە دوژمنی هەردووکیانە. ئەو خۆی لەبەر دوو هۆ سزای ئەو تاوانبارەی نەداوە: یەکەم، لەبەر دایکی کە خانمی دەزگایە و چاوپۆشی لە هەموو کردەوەکانی دەکات، دووەم، هاملێت ڕێز و خۆشەویستییەکی زۆری لای جەماوەر هەیە. سەرەڕای ئەوە خوێنی باوکی نافەوتێت. ئەو بڕیاری داوە کە سبەینێ هاملێت پێکەوە لەتەک هەڤاڵەکانی و چەند پاسەوانێکی لاوازدا ڕەوانەی باشوور بکات، ئەوجا گەرەکە لە ڕێگە تووشی چەند جەردەیەکی یاخی ببن و هاملێت لەو شەڕەدا بکوژرێت.

لێ سەرۆک پلانی لەوە زیاتری بەدەستەوەیە: دوای ئەوەی دایکی هاملێت دەخزێتە نێو پرسە و پەژارەوە بۆ کوڕەکەی، هێدی هێدی هەموو دەسەڵاتەکانی لێدەسێنێتەوە، هاوکات گەرەکە لێرتس جێگەی باوکی بگرێتەوە و پۆستی ڕاوێژکاری سیاسیی دەزگا وەربگرێت. ئەوجا بۆ ئەوەی لێرتس بەتەواوی لە نیازی سەرۆک دڵنیا بێت، بە سەرپەرشتیاری ئەو پلانەی دەناسێنێت: ڕەشپۆشە دەمامکدارەکە دێتە ژوورەوە و دەمامکەکەی لادەبات: هۆراشیۆ، “بەوەفاترین پیاوی دەزگا و رۆڵەی کارەساتەکان”!

 

(دەوڵەت بە بڵندگۆ ئاگادارییەکی فەرمی ڕادەگەیەنێت کە پۆلۆنیوس خۆی کوشتووە، چونکە ماوەیەک لەوەوبەر توشی خەمۆکی بوو بوو، هاملێتیش بۆ چارەسەری پزیشکی دەنێررێت بۆ لەندەن، چونکە بە بیستنی مەرگی پۆلۆنیوس تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە، ئاخر ئەو دوای مەرگی باوکی هەموو خۆشەویستیی خۆی دابوو بە پۆلۆنیوس).

دیمەنی دەیەم

بڕیاری ناردنی هاملێت بۆ باشوور جێبەجێ دەکرێت. هۆراشۆ لەنێو دەروازەی کراوەی زینداندا چاوەروانە! هاملێت لەنێو قەفەزەکەدا دەچەمێتەوە و دەکەوێت، ئەوجا لە قەفەزێکی ژێرەوە زیندانییان دەست بەرزدەکەنەوە و هاملێتی کەوتوو هەڵدەگرن و بەرەو دەرەوەی دەبەن. لێ ئەو هێشتا هەر بە: “من هەم یان نیم، ئەمەیە پرسیارەکە” خۆی دەڕەنجێنێت، ئاخر ئایا “کامیان ئەرکی مرۆڤی ئازادە، ئاوڕدانەوە لە جەور و ستەمی دەسەڵاتداران یاخود دژ بەم ژیانە بجەنگێین بۆ ئەوەی کۆتایی بە دەریایەک لە ستەم بهێنین”.

لێرەدا شانۆییەکە تەواو دەبێت.

٢– بونیادی درامایی “هاملێت”ی شەیکسپیر و کامەران ڕەئوف

لە بنەڕەتدا کەرەسەی ئاملێتوسی زاکسۆ بۆ شەیکسپیر بریتی بوو لە “ئیدێیەک”، کەواتە وەک وروژێنەر تەواو گونجاو بوو بە مەبەستێکی تایبەتیی ئەو: نووسینی درامایەک پەیوەند بە “دۆخی هەنووکەیی سیاسی”ی ئێنگلاندەوە. لەم ڕوانگەیەوە ئەو نەیدەویست وەک لە تراژیدیای گریکیدا “دۆخی پاڵەوانێتییەکی پێش-مێژوو” بداتەوە. ئەو هەمان مۆرکی بە دراماکانی دیکەی دا.

“هاملێت”ی شەیکسپیر هاوشێوەی شانۆنامە گریکی و ڕۆمییەکان ئەڕیستۆتێلیانەیە، واتا داخراوە. ئێمە لەم شێوەیەی میمێزیسدا (موحاکاتدا) هێڵێکی سوورمان لە سەرەتایەکەوە بەسەر نێوەندێکی پڕگرژیدا بەرەو کۆتاییەک هەیە. لێ شەیکسپیر لە ڕووی داڕشتنەوە چیدی ڕەچاوی سێ-یەکانەی کلاسیکییانەی جێ و کات و کردار ناکات کە مۆرکی داڕشتنی ئەڕیستۆتێلیانەی درامایە، بەڵکو کردارنوێنی سەرباری داخراوییەکەی لە چەند جێیەکی جیاوازدا دادەڕێژێت. جگە لەوە شەیکسپیر فیگوری کۆمیکی دەهێنێتە نێو تراژیدییەکانییەوە.

تێمای “هاملێت” لای کامەران ڕەئوف نەک لە چیرۆکی ناوبراوی زاکسۆوە، بەڵکو لە دراماکەی شەیکسپیرەوە دەبێت بە کەرەسەی داڕشتنێکی درامایی، لێ نەک داخراو، بەڵکو کراوە. ئەوجا چۆن شەیکسپیر لە لایەنی خۆیەوە تەنیا یەک بەشی چیرۆکەکەی زاکسۆ لە پێنج دیمەندا دەخاتە فۆرمی دراماییەوە، بە هەمان شێوە کامەران ڕەئوف لە لایەنی خۆیەوە هەردوو بەشی یەکەم و پێنجەم ی دراماکەی شەیکسپیر وەلاوە دەنێت، ئەوجا لە بەشماوەی کەرەسەیی بەردەستییەوە درامایەکی نوێ لە دە دیمەندا (لە سکریپتەکەدا لە هەشت دیمەندا) دەسازێنێت بە ناوەرۆک و فۆرمێکی کراوەی نوێوە. بە شێوەیەکی بەرجەستە ببێژین: بەشی یەکەم وەلاوەنراوە، واتا دەرکەوتنی گیانی شا هاملێتی کوژراو لە بەردەم پاسەوانانی کۆشکی هێلزینگوێردا، ئەوجا گەیاندنی هەواڵەکە بە هۆراشیۆ و لە ئەویشەوە بە هاملێت؛ هەروەها بەشی پێنجەم یان کۆتایی کە شەڕی نێوان هاملێت و لێرتسە و لە کۆتاییشدا بە مردنی هەموویان دەوڵەتی شانشینیی دێنەمارک لەناودەچێت، هیچ واتایەکی بۆ داڕشتن وەرنەگرتووە. جگە لەوە گەرەکە لە ڕووی داڕشتنەوە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە لای کامەران رەئوف ئەدگاری سێ-یەکانەی جێ و کات و کردار ڕەچاو کراوە سەرباری نەهێشتنی داخراوییەکەی شانۆیی کلاسیکی.

لابردنی بەشی یەکەم و پێنجەمی دراماکەی شەیکسپیر کلیلێکە بۆ تێگەیشتن لە درامەکەی کامەران ڕەئوف و مەبەستە هونەرییەکانی، چونکە یەکەمیان “سەرەتا” و ئەویدیکەیان “کۆتایی”یە و درامایەکی داخراو دەخەنەوە. ئەم پرسە پێوەخەریکبوونی تایبەت پێویست دەکات و لە خوارەوە بەوردی ڕووی تێدەکەین. گرنگ جارێ لەم پەیوەندییەی ئێرەدا ئەوەیە کە ڕووبکەینە نمایشگە و بابەتەکانی نواندن.

شانۆ لای کامەران ڕەئوف بریتییە لە “شانۆی ئاڕێنایی” (Arena) بە دوو بەر دانیشتنی لێڕوانەرانەوە، کەواتە پەیوەندییە ترادیسیۆنییەکەی نمایشگە و لێڕوانەران کە جیاکردنەوەیانە بە پەردە، هەڵوەشێنراوەتەوە، واتە ڕووبەڕوو نین، بەڵکو نمایشگە وەک قەفەز (زیندان) لە چوار لاوە بنیاتنراوە و هاوکات زیندانی دیلکردنی لەخۆگرتووە. ئێمە دەتوانین قەفەزە گەورەکە پێکەوە لەتەک دوو بورجی چاودێریدا وەک هێمای دەوڵەتێکی ستەمکار دابنێین. دوو بورجەکە کە لێوەیان هەندێک جار ڕووناکی وەک دوو چاوی لێڕوانەر دەپەخشێت، دەشێت وەک سێکولاریزەکردنی چاوی خودایی دایانبنێین کە گۆیا هەموو شتێک دەبینێت، هەردووکیان هێمان بۆ کۆنترۆلکردنی دانیشتوانی دەوڵەت. جگە لەوە دەرەوەی نمایشگە کە وەک باوە فەزای تایبەتی لێڕوانەرانە، هەروەها رۆڵی نمایشگە وەردەگرێت. ئەمە لە بنەڕەتدا یەکێکە لە توخمەکانی شانۆی ئێپیکی (مەلحەمی)ی برێشت کە لێرە وەک پێکهاتەیەکی توخمی ڕەچاوکراوە.

ئاشکرایە کارایی ڕێکڤیزیتەکان ئەوەیە کە شوێنە درامییەکان دەربخەن. ڕێکڤیزیتەکانی شانۆ جگە لە شیشبەندی قەفەزەکە بریتین لە بڵندگۆ، کورسی، تەپڵ، موزیک، گڵۆپ، ئامێری مۆبایل، تفەنگ، خەنجەر و هتد. هەروەها چەک و پاسەوان و دەستڕێژی فیشەک پێشانی دەدەن کە سەرجەم وڵات زیندانە و لە نێویدا هاوکات زیندانی “گێرەشێوێنان” جیاکراوەتەوە. لێرە ڕوناکی بەتایبەتی دەستوێژێکە بۆ جیاکردنەوەی دیمەنەکان لە یەکدی – لەبریی پەردە. لێ نەک تەنیا ڕێکڤیزیتەکان، بەڵکو هەروەها پۆشاک (کۆستیوم) دەری دەخات کە ئێمە پەیوەندین بە دەوڵەتێکی سەربازیی مۆدێرنەوە.

بەتایبەتی کارەکتەرەکان دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێنن لە جۆری دراماکە نزیکبکەوینەوە. بەگشتی کارەکتەرەکان بریتین لە: موئاناتاوی، شەیدا، سادە، ساویلکە، قەشمەر، خائین، درۆزن، ڕسوا و هتد. بێگومان دەشێت چەند کارەکتەرێک پێکەوە لە یەک کەسدا هەبن، بۆ نموونە پۆلۆنیوس هاوکات قەشمەر و جەبان و ڕسوایە، یان هۆراشیۆ جەبان و ترسنۆک و خائینە، بەڵێ تەنانەت کۆمیکێتی بە خودی سەرۆک دەدرێت: بە پێڕابواردن وردەنان بۆ دیلەکانی زیندان فڕێ دەدات هەر وەک کۆتر بن. لەم ڕوانگەیەوە هاملێتی کامەران ڕەئوف بریتییە لە “تراژیکۆمیدیا” (کە لە خوارەوە وردتر ڕووی تێدەکەین).

مۆرکێکی دیکەی “هاملێت” ئەوەیە کە بە شێوەزاری سلێمانی نووسراوە یان نوێنراوە. بێگومان ئەمە پەیوەند بە داڕشتنی ئەدەبییەوە پرسیار لەتەک خۆیدا دەهێنێت، لێ پێدەچێت کێشەی کردارنوێنی و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە لێڕوانەرانەوە کاریگەریی خۆی لەم لایەنەدا نواندبێت، چونکە کوردەکان نەک تەنیا زمانێکی یەکگرتوویان نیە، بەڵکو لە هەندێک ناوچەدا گوێیان بە دەنگی “د” ڕانەهاتووە یان دەیقرتێنن، چونکە لەسەر زار کێش بە گوزارشتی وشە دەدات.

٣- پرسیاری داڕشتنی درامایی

ئێمە پەیوەند بە “تێمای هاملێت”ەوە گەرەکە ڕووبکەینە پرسی فێنۆمێنە هونەرییەکان کە نیگامان دەکەن. لێرەدا دەشێت ئەوان نەک تەنیا ئێمە وەک وەرگر (ڕێسیپیەنت)، بەڵکو هەروەها وەک هونەرمەند بە خۆیانەوە خەریک بکەن، کەواتە دەشێت لەم ڕووەی دووەمەوە پێشبینیی ئێستێتیکی بوروژێنن و ببنەوە بە کەرەسەی داڕشتنی نوێی هونەری.

لێ گەرەکە لەم پەیوەندییەدا بپرسین، کە ئایا هۆی چییە هونەرمەندێک ڕێ دەدات لە سەردەمی هەنوووکەدا نیگای کارێکی نیگاکردووی شەیکسپیر بکاتەوە و وەک کەرەسەی درامایەکی سەردەمی وەریبگرێت؟ ئاشکرایە ئێمە بەم پرسیارە خۆمان هێناوەتە نێو گرژییەکەوە لە نێوان “کار” و “هونەرمەند”دا، کەواتە هاتووینەتە نێو پەیوەندییەکی ئەوتۆوە کە جیاوازە لە پەیوەندیی نێوان هونەرمەند و وروژێنەکانی نێو خودی کردەکێتی، بۆ نموونە هەر ڕووداوێکی لێرەبوونیانەی نێومرۆڤی (گێڕانەوەی ڕووداوێکی هەڵگرتن-ڕەدووکەوتن).

دەرککردنی ئێستێتیکییانەی فێنۆمێنە وروژێنەکان پەیوەند بە دراماوە / شانۆییەوە زۆر ئاڵۆزە، ئەوە تەنانەت ئاڵۆزتر وەک لە ڕەوشی جۆرەکانی دیکەی میمێزیسدا، چونکە دەستکەوتی سەرجەم جۆرەکانی دیکەی میمێزیسی لەخۆگرتووە، وەک: هۆنینەوەی هۆزانی (و ئەمڕۆ بەتایبەتی پەخشانی)، ئەوجا موزیک و ڕیتم (ئەڕیستۆتێلیس). بە هەر حاڵ، دراما هەردەم کەرەسەیەکی هەیە کە دەشێت هونەرمەند دەرچوو لە موئاناتی خۆیی نێو پەیوەندییە جڤاکییەکانەوە لەنێو هۆشی خۆیدا گۆڕانی پێبدات، یان ئەو کەرەسەیە لەنێو کەلەپوری ئەدەبیدا بیبینێتەوە (“مەم و زین”ی خانی یان “حەسار”ی شێرزاد حەسەن). لێ گرنگ لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە کە کەرەسە یەکسەر نابێت بە بابەتی داڕشتن، کەواتە پرسی داڕشتنی میمێزیانە ئەوە نییە کە هۆنەر زیرەکانە تەکنیکەکانى دراما بخاتە گەڕ و بەسەر کەرەسەکەیدا بەکاریانبەرێت. ئەمە بۆیە ناشێت، چونکە ڕووداوى تراژیدیا پاشینەییە، بۆیە هۆنەر دەبێت ئێستێتیکییانە دەرکى بکات، لێرەشدا ئاشکرایە کە ئەو لە خۆیەوە ناکەوێتە گەڕان بەدووى کەرەسەیەکدا و ئەوجا لەسەر تەکنیکی درامایى بینووسێت (لە بنەڕەتدا ئەم شێوەیەی کارکردن نەک تەنیا تراژیدیایەکی ڕەسەن بەدیناهێنێت، بەڵکو خودی کەس لەو ڕووەوە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە کە داخۆ ئەو هونەرمەندێکی جددی بێت)، نەخێر، بەڵکو دەبێت کەرەسە بە پرسیارە کرۆکییەکانی نێو خۆی هونەرمەند بهەنگێوێت. بە هەر حاڵ، کەرەسە جارێ فۆرمی درامایی لە خۆ ناگرێت، یان بە زمانی ئەڕیستۆتێلیس ببێژین، جارێ هەقیقەتی (فۆرمی) نییە، بەڵکو ئەم هەقیقەتە هەمیشە دوای فۆرماندنی سەراپایی دێتەگۆڕێ.

کەرەسەی دەرککراو هەمیشە “شتێک ی وێنەیی” لەنێو هۆشی هۆنەردا پێکدەهێنێت، ئەوجا لە لایەنی خۆیەوە دەبێت بە بزوێنەرى ئەندێشە، واتا هۆنەر ئازادانە “وێنا”ى ئەو کردارانە دەکات کە لەنێو هۆشی خۆیدا گەڵاڵەبوون. کەواتە ئەو لە کارەکتەری چالاکى نێو کەرەسەکەی ناڕوانێت (کلاودیوس یان پۆلۆنیوس ی خوێنراوە)، بەڵکو لە ڕووداوێک دەڕوانێت لە شێوەى “کارەسات”دا کە بەسەر کردارنوێنێکدا دێت، ئەمیش بێگومان – بەگوێرەی کرۆکی تراژیدیا – لەژێر “زەبر”ى بەخت و بەدبەختیدا. لەم ڕوانگەیەوە ناوەرۆکى تراژیدیا بریتییە لە داڕشتنى کردارنوێنى ی گرێدراو بە بەخت و بەدبەختییەوە. ئاشکرایە لە تراژیدیادا دەسەڵاتی بەدبەختی سەروەرە.

ئێمە لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین پەیوەند بە داڕشتنی میمێزیانەی “هاملێت”ەوە ببێژین، کە دراما بزوێنەرەکەی شەیکسپیر وەک سەرجەم لەنێو پێشبینیکردنەوەی هونەریدا “هەڵوەشێنراوەتەوە”، ئەوجا بە هەڵوەشاوەیی لە بەردەم دیدی نوێی هونەریدا ئەو بەشانە یان ئەو کردارانەی نێوی واتایان بۆ داڕشتن وەرگرتووە کە بەتایبەتی لەتەک پرسیار و مەبەستەکانی (ئینتەنسیۆنەکانی) هونەرمەند خۆیدا دەگونجێن. ئەمەش بەواتای، ئەو تێمایە کە بەردەوام دەبێتەوە بە وروژێنی داڕشتن و داڕشتنەوە، لای هەر هونەرمەندێکی بەدیهێنەری دراماکە بە شێوەی جیاواز دەفۆرمێنرێت و وەک داڕشتنێکی دیکە دێتە نێوانەوە، ئەوەش چە بەگوێرەی مەبەستی خۆیی دەربڕین و چە بەگوێرەی سەردەمی جیاوازی دەستبۆبردنەوە و هەروەها دەڤەری جیاوازی کولتووری. ئەمەش بۆیە ئەوهایە، چونکە داڕشتنەوەی دراماییانەی خۆیی بریتییە لە داڕشتنی کردارە دەرککراوەکانی خۆ نەک کارکردن بە پێشنموونە (نموزەج).

داڕشتنی میمێزیانەی “هاملێت”ی شەیکسپیر داخراوە. لای شەیکسپیر دەستپێکی تەنگژەی دێنەمارک کە بە کوشتنی شارراوەی شا هاملێت دەستیپێکردووە، لەتەک دەرکەوتنی گیانی ئەوی کوژراودا بەرجەستەدەکرێت، ئەوجا لە کۆتاییدا، لە دیمەنی پێنجەمدا، دوای شەڕی نێوان لێرتس و هاملێت (ی کوڕ)، پاشان ئاشکرابوونی پیلانەکانی کلاودیوس و مردنی هەموویان، دراماکە بەرەو کۆتایی دەبرێت کە ئیدی وڵاتی دێنەکان بەهۆی لەناوچوونی ڕەچەڵەکی شایانەوە دەکەوێتە ژێر ڕکێفی نەرویجەوە.

بە پێچەوانەوە “هاملێت”ی کامەران ڕەئوف کراوەیە. دەستپێکی نمایشەکە دەستڕێژی فیشەکە، ئەوجا یەکسەر، کەواتە بەبێ “ڕێبەری / مەدخەل” سەرۆک لە بەردەم “دەسەڵاتداران”ی دەزگادا / دەوڵەتدا دەبینین کە ئاهەنگگێڕانە هەواڵی دەسەڵاتدارییە سەربازییەکەی خۆی و هەڵوێستی توندی بەرانبەر هەڕەشەکانی وڵاتی ڕۆژهەڵات ڕادەگەیەنێت. جگە لەوە لە دوا دیمەنی “دەیەم”دا تەنیا یەکەم هەنگاوی بڕیارەکەی سەرۆک جێبەجێدەکرێت کە دەستپێکی خستنەڕێی هاملێتە بۆ دەرەوەی وڵات و شانۆییەکە بە کەوتنەڕێی ئەو تەواو دەبێت. لە بنەڕتدا تەواوبوونی شانۆییەکە لەم جێیەدا یەکسەر لێڕوانەر / خوێنەر بەرەو دەستپێکی دراماکە وەردەچەرخێنێت و لێرەشدا بەتەواوی بۆی خویا دەبێت کە دراماکە بەکراوەیی کۆتایی پێهێنراوە. ئەم کراوەییە ئەدگارێکی تایبەتیی بە “هاملێت”ی کامەران ڕەئوف داوە کە سەرجەمێکی کراوەی هەڵواسراوە بە پرسیارەوە، ئەوجا هەموو ئەو مەراقانە کە کتوپڕ بۆ لێڕوانەر چێدەبن، بەندن بە دەرخستنی پاشخانەکانەوە و “ستەمترینیان” خیانەتی هۆراشیۆیە لە هاملێتی هەڤاڵی هێژای – کە لە کرۆکدا هیچ هێژای ئەو نییە. نەخێر، هاملێت لەو پرسە ئەخلاقییەی هەڤاڵێتیدا بەسەهوودا چووە. بە هەر حاڵ، ئێمە لێرە وەک لە شانۆی کلاسیکیدا ڕاچڵەکاندن و ترساندنمان لە پێناوی کاتارزیسدا (خاڵیبوونەوەی خۆی لێڕوانەراندا) نییە، یان ڕوونتر ببێژین، دەرخستنی کتوپڕی هۆراشیۆ وەک مرۆڤکوژی ڕاستەوخۆی سەرۆک کە تەنانەت سڵ لەوە ناکاتەوە هاملێتی بەناو هەڤاڵی هێژا لە تاوانێکی کوشتنەوە بگلێنێت، “موفاجەئەیە”، لێ موفاجەئەیەک کە لێڕوانەر دەخاتە بەردەم پرسیارەکانی ڕاستی و ویژدان، لێرەشەوە لای ئەو بەتایبەتی تووڕەبوونی ئەخلاقی وەک پرسێکی نێوجیهانی سەرهەڵدەدات. ئاخر گۆیا کەسێک هەڤاڵی هێژایە، کەچی لە بنەڕەتدا ئەوها نییە، چونکە بەلایەوە ئاساییە خیانەت لەو کەسە بکات کە بەڕێزەوە ئەوی بە هەڤاڵی خۆی داناوە. نواندن لە پێناوی خستنەوەی تووڕەبوونی ئەخلاقیدا، لەپاڵ تێکەڵکردنی نمایشگە و فەزای لێڕوانەراندا، ئەدگارێکی دیکەی شانۆیی ئێپیکییە (مەلحەمییە) کە کامەران ڕەئوف بە “هاملێت”ی داوە.

بێگومان نەبوونی کۆتاییەکی یەکلاکەرەوە لە شانۆیی “هاملێت”دا دەمانخاتە بەردەم پرسێکی دی: نووسەر / دەرهێنەر لە ڕووی کارکردنی هونەرییەوە هیچ ئیلتیزامێکی نەکردووە بۆ ئەوەی کێشە کرۆکییەکانی دەزگا چارەسەر بکات. بە شێوەیەکی بەرجەستە ببێژین: گومان لەوە ناکرێت کە دەوڵەتێکی سەربازی هەیە و دەسەڵاتدارییەکەی هەنووکەی بەناڕەوا، بە واتای وشە: بەڕێی براکوژییەوە خۆی سەپاندووە، ئەوجا ناچارە هەموو ڕێگەیەک بۆ پاراستنی خۆی تا دەگات بە دەسەڵاتی تێرۆر بگرێتە بەر. گەر ئێمە ئەم ڕەوشە کرۆکییەی نێو دراماکە ڕەچاو بکەین، ئەوە بێگومان پێکەوە لەتەک “جەماوەر”ی خۆشەویستی هاملێتدا کە سەرۆک لێی دەترسێت و چالاکترینی خەباتگێڕەکانی خستووەتە زیندانەوە، ئەوا دەشێت لۆژیکییانە لە پرسی یەکلاکردنەوەی دراماتیکییانەی کردارنوێنییەکەدا بەر یەکلاکردنەوەی کێشەکانی ئەو پەیوەندییە سیاسییانەی نێو دەوڵەت بکەوین، کەواتە ڕووخاندنی ئەو دەسەڵاتدارییە لە لایەن جەماوەرەوە بە سەرکردایەتیی هاملێت وەک ئەگەری کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان وەربگرین. لێ ئێمە دەتوانین لە درامایەکی داخراودا پێشبینیی یەکلاکردنەوەیەکی بەو جۆرە یان هەر جۆرێکی دی بکەین، بە پێچەوانەشەوە ئێمە لەم پەیوەندییەی ئێرەدا کە کراوەییە، لە بەردەم پرسیاری دیکەداین: لێرە هونەرمەند مەبەستی ئەوە بووە کە پرسیار بهێنێتە نێوانەوە و خەریکبوون پێیانەوە بۆ لێڕوانەران / خوێنەران جێبهێڵێت. ئاخر هاملێت بە خواستی تۆڵە نەتەنراوە، بەڵکو ئەو وەک تەنراو بە ناسۆر تەنیا ئەوداڵی ڕاستییە، لێ نەک ڕاستییەکی شۆڕشگێڕی بە مەبەستی لەناوبردنی سەرۆک و دامەزراندنی دەسەڵاتدارییەکی نوێ، بەڵکو ئەو لە سەرەتا تا کۆتایی “دەیەوێت مەسەلەکەی بۆ ڕوون ببێتەوە”. بێگومان ئەو بەئاگایە لە پرسی خەبات بۆ نەهێشتنی جەور و ستەم، سەرەڕای ئەوە ڕەخنەییانە سەرزەنشتی خۆی دەکات کە هیچ نەبێت پێی ناکرێت هاوشێوەی هونەرمەندانی ڕەسەن ڕووبەڕووی ستەم بووەستێتەوە. ئەوجا لە لایەنی سەرۆکی دەزگاوە پلانێکی دەسیسەییمان بۆ لەناوبردنی هاملێت هەیە، لێ بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا هاملێت لە تاوانێکی کوشتنەوە دەگلێنێت کە ئەو خۆی ئەنجامی نەداوە، بەڵکو فێڵبازانە وەک تاوانبار دەردەخرێت و لە کۆتاییدا گەرەکە لە ڕێی نەفیکردنی بەرەو دەرەوەی وڵات بکوژرێت. سەرۆکی دەسیسەچی و براکوژ کە زۆر لە مەترسییەکانی دەسەڵات بەئاگایە، نایەوێت بەهۆی کوشتنی هاملێتەوە پەنجەی خەتاباری بۆ خۆی و لێرتس درێژبکرێت. ئێمە لێرەدا دەکەوینە بەردەم چارەنووسی نادیاری هاملێت، چونکە وەک گۆتمان، لەتەک بەڕێکەوتنیدا، یان بەرجەستەتر ببێژین، لەتەک هەڵگرتنیدا لە لایەن هاوڵاتیانی دیلکراوی نێو قەفەزەوە کە دەشێت هێماییانە وەک شێوەیەکی ماڵئاواییلێکردن و پێشاندانی دڵسۆزی بیبینین، شانۆییەکە تەواو دەبێت. لەم ڕوانگەیەوە هاملێت نەک تەنیا “مەسەلەکەی بۆ ڕوون نابێتەوە”، بەڵکو تەنانەت پتر دەئاڵۆزێت، جا گەرچی سەرۆک بە بینینی سەمای خۆشەویستیی نێوان دوو ئەکتەرەکە تەواو سەغڵەت دەبێت و هاملێتیش دەگات بە جەختی سەبارەت بە کوشتنی باوکی لە لایەن مامییەوە. بێگومان ئاشکرایە ئەم پرسانە کێشەی لێڕوانەرانن وەک بەشێکی جیانەکراوەی نمایشەکە. ئەوان گەرەکە لە هەر ئەگەرێک بهزرێن.

لەم جێیەدا چاک دەکەین گەر بەراوردکارییانە ڕووبکەینەوە هاملێتی شەیکسپیر کە درامای تۆڵەیە، واتا درامای پاڵەوانە. ئاشکرایە مۆرکەکانی پاڵەوانی کلاسیکی بریتین لە موئانات، جددییەت، سەرڕاستی، دلێری. لێ دلێری هەڵوێستێکی ناخەکییە نەک تەنیا لە بەردەم مەرگدا، بەڵکو هەروەها بوێرییە بۆ لێبوردن و داواکردنی لێبوردن. ئەم ئەدگارانەی پاڵەوان لە کۆتاییدا دەردەخرێن، ئەویش بەوە کە هاملێت و لێرتس داوای لێبوردن لە یەکدی دەکەن، هاوکات تەریب بەو دەرخستنە ئەدگاری پیلانگێڕ و جەبانی شای دەسەڵاتسێن دیاردەهێنرێن. ئێمە لێرەدا گەرەکە ئاماژە بۆ کارکردنی درامییانەی شەیکسپیر بدەینەوە کە لادانە لە جددییەتی پاڵەوان و تەنانەت بەڕوونی لای خودی هاملێت دەیبینین: بۆ نموونە پشکنینی هەگبەکەی ڕۆزنکرانتس و گولدنستێرن لە لایەن هاملێت و ئاشکراکردنی نامەکەی شا بۆ دەسەڵاتداری ئێنگلاند کە گەرەکە هاملێت بکوژێت، ئەوجا گۆڕینی نامەکە بە یەکێکی دی بە داواکارییەوە بۆ کوشتنی ئەوان هەردووکیان، کردارێکی ناپاڵەوانانەیە، چونکە مۆرکی پاڵەوانی کلاسیکی بریتییە لە ڕووبەڕوویی و ڕاستەوخۆیی نەک کرداری سیخوڕی. لێ ئێمە لە “درامای هاملێت”ی کامەران ڕەئوفدا سەراپا ئەدگاری ئەنتی-پاڵەوان دەبینین، ئەمەش ڕووندەبێتەوە گەر بڕوانین، کە هۆنەر / دەرهێنەر نەک تەنیا ئەدگاری پاڵەوانێتیی تۆڵەسێنی لە هاملێتی کردارنوێنی سەرەکی کردۆتەوە و تەنانەت بە ئەم و ئەو ڕادەبوێرێت (پاڵەوان هەرگیز بە هیچ کەس ڕانابوێرێت!)، هەروەها نەک تەنیا کارەکتەرێکی کۆمیکییانەی بە پۆلۆنیوس یان ڕۆزنبێرگ و گولدنستێرن داوە، کە هەر سێکیان بەگوێرەی پێورە فیزیکییەکانی کۆمیدیا کرداردەنوێنن، بەڵکو تەنانەت خودی سەرۆک کە لە لایەک مەزنی دەپەخشێنێت، لە لایەکی دی مەهزەلییانە وردە نان بۆ دیلی دەوڵەتەکەی فڕێدەدات، هەر وەک چۆن مرۆڤ خۆراک بۆ کۆتر هەڵدەدات. لەم ڕوانگەیەوە درامای “هاملێت”ی کامەران ڕەئوف بریتییە لە تراژیکۆمیدیا.

ئێمە گەرەکە لە هەردوو درامای “هاملێت”دا رۆڵی هۆراشیۆ زۆر بەهەند وەربگرین، چونکە کلیلێکە بۆ تێگەیشتن لە جیهانبینیی هەردوو هونەرمەند. هۆراشیۆ لای شەیکسپیر تا کۆتایی، کەواتە تا دوای مەرگی هاملێت، هەر هەڤاڵە بەوەفا و خۆشەویستەکەی منداڵی دەمێنێتەوە، بە پێچەوانەشەوە ئێمە لای کامەران ڕەئوف تا نزیکەی کۆتایی هەمان هەڤاڵێتی دەبینین، لێ کتوپڕ بۆمان ئاشکرا دەبێت کە ئەو هەڤاڵێتییە لە لایەنی هۆراشیۆوە هیچی دیکە نەبووە جگە لە پەیوەندییەکی رواڵەتی. هۆراشیۆ کارەکتەرێکی پیسە: جەبانێکە کە مەبەستمەندانە ناخی خۆی شاردۆتەوە و رواڵەتی ئەخلاقی (واتا هەڤاڵێتیی) پەخشاندووە، هەروەها وەک جەبان ئامرازی دەسەڵاتە، واتا هینی خودی سەرۆک، بەڵێ تەنانەت ئامادەیە ببێت بە “مرۆڤکوژی تایبەت”ی ئەو، لێرەشدا نەک تەنیا سڵ لە بەجێگەیاندنی پلانی کوشتنی پۆلۆنیوس ناکاتەوە، بەڵکو تەنانەت “ئامادەیە” هاملێت وەک تاوانبار تێوەبگلێنێت! ئێمە لێرەدا زۆر بەتایبەتی دەستبردنی کامەران ڕەئوف بۆ فێنۆمێنی “جەبانی” دەبینین وەک پرسێکی یەکجار هەنووکەیی لەنێو جیهانی هاڤرکێی بێداد و ماچ و پاشقولدا. شانۆییە کراوەکە پابەندمان دەکات بە هەقیقەتی پاشینەیی ئەوتۆوە، کە لە نێوەندە کولتوورییە نوێکەی داڕشتنەوەی تێمای هاملێتدا کێشەی ئەخلاقین و مرۆڤ دووچاری لێهزرین دەکەن.

لەم ڕوانگەیەوە “هاملێت”ی کامەران ڕەئوف وەک سەرەنجام بووە بە “کار”ێکی دی، ئەمەش بەواتای، درامایەکی ئامادەکراو نییە، بەڵکو بەرهەمی ئافراندنێکی میمێزیانەی نوێیە، واتا داڕشتنەوەی سەربەخۆی “هاملێت”ی شەیکسپیر نییە، بەڵکو بریتییە لە داڕشتنی دەرککردنی “هاملێت”ی شەیکسپیر لە موئاناتی خۆیی ی پەیوەند بە پرسیار و مەبەستە ئێستێتیکییەکانی خۆوە. ئەوە کێشە ئەخلاقییەکانی خۆشەویستی، هەڤاڵێتی، بێوەفایی و بەوەفایی و جەبانین کە لەنێو دەسەڵاتدارییەکی تۆتالیتێردا بە سازاندنی نوێی زنجیرەی کردارەکان دادەڕێژرێن و تێیدا هونەرییانە کەتواری (واقعی) سەردەم دەبزوێنرێت  – لێ بەبێ چارەسەر. ئەوەش پێدەچێت لە کەتواری تەنگژاویی ئەم سەردەمەدا کارێکی نەگونجاو بێت، چونکە ئێمە دەتوانین پێشبینی بکەین کە دانانی چارەسەر لەم پەیوەندییە ناوبراوەدا “کییچ” دەخاتەوە، ئەویش بە داڕشتنی پاڵەوانێکی شۆڕشگێڕ کە بە یاریدەی جەماوەر دەسەڵاتداریی ستەمکار دەڕووخێنێت. لێ ئەمە شێوەیەکی ئەوتۆی کارکردنی هونەرییە کە ئامانجی پێش هەموو شتێک مەساجکردنی دەروونی ئاپۆرەیە.

شانۆیی “هاملێت” بە پێچەوانەوە کێشەی گۆڕانکاری دەخاتە شێوەی پرسیارەوە. ئاخر ئەو هەموو دیلەی نێو زیندان: پارێزەران و هونەرمەندان و هتد کە “بەری خۆریان لێگیراوە”، دەستبەرداری “هەڵاتنی خۆر بەسەر خۆیان و خەڵکدا” نابن. کەواتە خەبات بۆ گۆڕینی دەسەڵات لەنێو کەتواردا بەرخراوە و سەرۆک و لایەنگرانی تۆقاندووە. لەم ڕوانگەیەوە شانۆیی “هاملێت” ئەگەری ژیانی ڕزگاربووی لە ستەم هێشتۆتەوە، جا گەرچی رۆڵێکی تەواو لاوەکی بە خەباتگێڕان دەدات – ئاخر ئەوان مەبەستی سەرەکیی هۆنینەوە نین. بەڵێ، شانۆیی “هاملێت” دەیەوێت لە کەنارەوە ئانیشکی ڕەخنەیی بهاوێژێت، ئەویش بەوە کە پرسە ئەخلاقییەکانی نێو ژیانی جڤاکی دیاردەهێنێت و ئاڕاستەی پێشبینییەکانی لێڕوانەرانیان دەکات. هونەر گەرەکە میدیەمی دیارهێنانی ڕاستی بمێنێتەوە بەبێ کرداری گۆڕین کە لە سەردەمی ئەمڕۆماندا “کییچ” دەخاتەوە.

ئێمە گەرەکە بۆ نزیککەوتنەوە لەم پرسە سەرلەنوێ لە ڕیالیزەکردنی هونەرییانەی “هاملێت” بڕوانینەوە: کاتێک لەنێو نمایشەکەدا سەرلەنوێ هونەر وەک میدیەمی خویابوونی ڕاستی وەردەگیرێت و بەوەش ترس لە هونەر دەردەخرێت، ئیدی بەو کارە رۆڵی هونەر لە بنیاتنانی توانستی بەرهەڵستیدا بەرانبەر بێدادی جەختلێدەکرێت. هەروەها ڕەنگە نالەبار نەبێت لەم جێیەدا نەهێشتنی پەیوەندییە بەرانبەرییەکەی لێڕوانەران و نمایشگە بهێنینەوە یاد، چونکە کردنی فەزای لێڕوانەرانیش بە نمایشگە، پتر لێڕوانەران لە هونەر نزیکدەخاتەوە، ئەوجا موفاجەئەی لابردنی ماسک (ەکەی هۆراشیۆ) بۆ خاتری بزواندنی تووڕەبوونی مۆرالی لە بنەڕەتدا بەئاگاهێنانی لێڕوانەرانە لە کێشەیەکی کرۆکییانەی سەردەم پەیوەند بە گەلێک پرسی دیکەی خەماوییەوە.

٤پرسی وەرگری تراژیدیا

ئێمە لە بنەڕەتدا گەرەکە گریمانە بکەین کە “هاملێت” وەک درامایەکی ناسراو یەکسەر لە لایەن وەرگری ڕاستینەی دراماوە دەناسرێتەوە، یان بە شێوەیەکی دی ببێژین: گەرەکە وەرگری دراما بیناسێتەوە گەر هاتوو وەرگرێکی ڕاستینە بێت، ئەوجا گەر داڕشتنەوەیەکی نوێی ببینێت، یەکسەر جیاوازییەکانیان لەبەر دیدی شارەزای ئەودا خویا دەبن و دەشێت بۆی ببن بە بابەتی پێوەخەریکبوونی نوێ: خۆیی بێت وەک وەرگر، یان ڕەخنەیی-ئەدەبی بێت. ئاشکرایە ئێمە لێرەدا بەندین بە وەرگری ئاگامەندەوە کە دەزانێت پرسەکانی داڕشتنی هونەری لای خۆی پاشپاتبکاتەوە، ئەمەش بەواتای، درامای جددی یان تراژیدیا هونەری ئاپۆرە نییە، بەڵێ تەنانەت بە نمایشی تۆمارکراوی لە تەلەڤیزیۆندا کە میدیایەکی جەماوەرییە، هێشتا هەر نابێت بە بابەتی ئاپۆرە، واتا بریتی نییە لە بابەتی کاتبەسەربردن.

لێ ئێمە گەرەکە لە ڕووی “وەرگر”ەوە ڕەچاوی جیاوازییەک بکەین: کاتێک لە درامای ئەڕیستۆتێلیدا جمهورێکی داخراوی تایبەتیمان هەیە کە شارەزایە و وەک ئەوە لە هونەرمەندان و فەیلەسوفان نزیکە، ئەوا لە “هاملێت”دا وەک تراژیکۆمیدیا سنووری داخراوییەکەی جمهوری تایبەت تێپەڕێنراوە. ئەم تێپەڕاندنە بەوەدا دەبینرێت کە “هاملێت” ئەدگاری مۆنارشییانەی تراژیدیا و دێمۆکراتییانەی کۆمیدیای یەکخستووە، لێ هەروەها لە لایەنی نزیکخستنەوەیدا لە لێڕوانەران توخمگەلی درامای ئێپیکی (مەلحەمی)ی لەخۆگرتووە، ئەوەش نەک تەنیا لە لایەنی ڕیالیزەکردنی شانۆییەوە لە نێوان لێڕوانەراندا کە تەنانەت دەتوانن لەمبەر و لەوبەر یەکدی ببینن گەر هاتوو دیدی تەرکیزکەریان لەسەر نمایشەکە لابەرن، بەڵکو هەروەها لەو لایەنەشدا کە ویستوویەتی تووڕەبوونی مۆرالی بوروژێنێت.

لەم ڕوانگەیەوە دەشێت “هاملێت”ی کامەران ڕەئوف بەر کەسانی سادەی جڤاکی بکەوێت. سەرەڕای ئەوە گەرەکە بپرسین: ئایا ئەو کەسانە کێن کە دەچن بۆ تیاتەر تا لەوێ نمایشێک ببینن؟ ئاشکرایە گەر تەنانەت هەوڵ بدرێت کە هەرکەس بۆ تیاتەر بانگ بکرێت، هێشتا هەر ئەو پرسیارە بەکراوەیی دەمێنێتەوە کە داخۆ ئەو کەسانە کێ بن کە ڕۆیشتن بۆ تیاتەر وەک ئاتاجێک دەبینن و نمایشی شانۆیی وەک هونەرێکی سەربەخۆ لە جیهانی کردەکی یان لە کەتوار دەرک دەکەن؟ ئەمەش بێگومان بەواتای، ئەوان نەک تەنیا بۆ خاتری ئەزموونکردنی جوانییەکەی یان فۆرمێنراویی وەستایانەی کەرەسەکەی دەچن بۆ “لێڕوانینی”، بەڵکو هەروەها لەوەش بەئاگان کە هونەر کرۆکێکی ڕاستیی لەخۆگرتووە؟ ئاخر ئەوان “بینەر” نین و لەسەر کورسی پاڵی لێبدەنەوە، بەڵکو “لێڕوانەر”ن، کەواتە بەرەی چالاکی هەر نمایشێکن. ئێمە لێرە لەنێو کێشەی “جوانە”ی دراماییداین کە جیاوازە لە تەمسیلیەی خۆشی کاتبەسەربردن، لە سترانی میللی و شایی چەپی، یان لە وێنەی فریشتەی گووپنی باڵدار. ئاخر وەک گۆتمان، “هاملێت” بابەتی ئەو خوێنەرەیە / لێڕوانەرەیە کە شارەزای هونەرە و دەزانێت پرۆسەکانی داڕشتنی هونەری پاشپاتبکاتەوە: خۆی بخاتە جێی هونەرمەندەکە و بە لێهزرین ئەوە ئەنجامبداتەوە کە هونەرمەند وێنەییانە دایڕشتووە.

لێ ئێمە لێرەدا لای پرسیارێکین کە گەرەکە دروست بەگوێرەی ئێستێتیکی دەیڤید هیوم بەهەندی وەربگرین تا ڕێ لە بەهەڵەتێگەیشتن بگرین: هیچ کەس بۆی نییە کەسێکی دی بە بێچێژ دابنێت، ئەوەش تەنیا لەبەرئەوەی گۆیا بە دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا دەست بۆ شایی دەگرێت و لێرەشدا قایلە بە سادەترین جۆری شایی کە “چەپی”یە، یان لە بەردەم تەمسیلییە خۆشەکانی کاتبەسەربردندا دادەنیشێت و قاقا پێدەکەنێت، بەو ڕێیەشەوە دەچێتە دۆخی شادییەوە، یان لە ژوور سەری وێنەی پیاوی چەکدار هەڵدەواسێت. کەواتە ئێمە بۆمان نییە پێوارە بەهاییەکانی (نرخێنەرەکانی) پێشکەوتوو و دواکەوتوو دابنێین و بە خودی ئەو پێوارانە ڕوو لە کەسانی هۆش-سادە بکەین، جا ئەو هۆش-سادانە کاسبی نێو بازاڕ یان ئەکادیمیی خاوەن دکتۆرا بن.

سەرەڕای ئەوە وەک پێشتر گۆتمان، تراژیدیاش وەرگری تایبەتی خۆی هەیە و جیاوازە لە ئاپۆرە، هاوشێوەی فەلسەفەکاران کە بوارەکەیان تەواو تایبەتە بە کەسانی پرسیارمەندی ئاڵۆز (موعەقەد) و بەهیچ شێوەیەک ناتوانن و نایانەوێت ئەو پرسیارانەیان بکەن بە بابەتی گفتوگۆ لەتەک کەسانی سادەدا. لێ لەو جڤاکانەدا کە دابی ڕەخنەیان نییە، کێشەکە ئەوەیە کە بەهۆی نەبوونی کولتووری ڕەخنەوە سنوورەکان جیا نەکراونەتەوە، ئەوجا بەدووی ئەوەدا پرسی بوارگەلی جودای هونەری نەچووەتە بواری پەروەردەوە کە ئیدی هەرکەس فێرببێت سنووری خۆی بناسێت. ئاخر ئێمە لە ئەزموونەوە دەزانین، گەر کەسێک خوێنەری چیرۆک و ڕۆمانی سادەی خۆشەویستی بێت، هەرگیز تاقەتی نییە بڕوات بۆ تیاتەر تا لەوێ لە نمایشێکی “هاملێت” بڕوانێت، هاوکات گەر لەتەک خۆیدا ڕاستگۆ بێت، دەیدرکێنێت کە شانۆیی ئاڵۆز بابەتی ئەو نییە، چونکە هۆشی ئەو تەنیا دەرەقەتی داڕشتنە سادەکانی ژیانی ڕۆژانە دێت، کەواتە تراژیدیا یان تراژیکۆمیدیا لەتەک ئەودا یەکناگرێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە بڕیارێکی وەک “تراژیدیا هونەری ئاپۆرە نییە”، دەرچوون نییە لە تیۆرییەوە، هەروەها فیزداریی دەستەبژێرگەری نییە، بەڵکو ئێمە ئەوە لە هەڵوێستی خودی ئاپۆرەوە دەزانین، هەر ئەم هەڵوێستەشە کە دەبێت تیۆرییانە دیاریبکرێت تا هەر کەس بەڕوونی جودایی پرسەکان ببینێت، هاوکات دەرفەت بۆ خۆخاڵیکردنەوەی نێوچایخانەیی بەسەر کارە هونەرییە جددییەکاندا نەهێڵرێتەوە. ئاخر دەشێت ئەم ڕەوشە لەو جڤاکانەدا کە تێیاندا مرۆڤان سنووری خۆیان ناناسن، بە چەشنێک بکەوێتەوە کە ئیدی خۆدەربڕین لەبارەی فێنۆمێنە هونەرییەکان بەزۆریی بریتی بێت لە ستایشی سەرزارەکی یان شەڕانگێزی (بۆ نموونە لای کوردەکانی ئێراق کە لە نێویاندا خۆهەڵقورتاندنی شەڕانگێز یان پەسنی بابەت وەک خۆ-هەڵکێشان بوون بە نەریت)، لێرەشەوە دەشێت لە بواری ئەدەب و هونەردا پرۆسەی “تەختاندن” (Nivellieren) بگەیەنرێتە ڕادەیەکی ئەوتۆ کە ئیدی هەرکەس هەموو بابەتێک بە شایستەی خۆی بزانێت و نەک تەنیا داواکاری بۆ سادەکردنەوەی بابەت بەرزبکاتەوە (“ئاخر کاکە خەڵک دەبێت لێی تێبگات!”)، بەڵکو تەنانەت بوێرێت “خۆی دەرببڕێت”، “هەڵوێست وەربگرێت” – کە بێگومان مافی ئەوەی نییە.

بەڵێ، تراژیکۆمیدیا نەک تەنیا بابەتی ئاپۆرە نییە، بەڵکو بابەتی خوێندەواران و ئەکادیمییانی رواڵەتیش نییە، چونکە ڕووداوە پاشخانییەکانی تراژیکۆمیدیا داوای ئەکتێکی ئافرێنەرانەی گوزارشت دەکەن، بۆیە ئاڵۆز هۆنراونەتەوە، واتا وێنەکان لەنێو پەیوەندیی میمێزیانەی چڕچنراودا پێکەوەگرێدراون و لێڕوانەر دەبێت چە فۆرمی سەرجەمییانەی کراوەی شانۆییەکە و چە تاک تاکی وێنەکان بناسێتەوە، لێرەشدا لەوە بەئاگایە کە هیچ کامیان ڕیال نییە، بابەتی بەکارهێنانی ڕۆژانە نییە، بەڵکو پێکڕا وێنەی تەمسیلکەرن لە خزمەتی سەرجەمە وێنەی نمایشکراودا: بورج، تفەنگ، زیندانی نێو گەورە-زیندان، موزیک، میدیای ڕاگەیاندن وەک ناوبڕ، تاریکی لەبریی دادانەوەی پەردە، بەکورتی هیچ کام لەمانە بابەتی ڕیالی ڕۆژانە یان نێو سروشت نییە، بەڵکو پێکڕا خۆیان لە ڕەوشی تەمسیلکردندا دەبیننەوە. تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە بەرانبەرییەکەی لێڕوانەر-نمایشگە و دانانی نمایشگە وەک ئارێنا لە نێوان دوو بەرەی لێڕوانەراندا بریتییە لە چێکردنی پەیوەندییەکی نوێی هونەری. سەرجەمی ئەم وێنەیە کە هەر توخمێکی لە لایەنی خۆیەوە تەمسیل دەکات، پێویستی بە وەرگری ئاگامەندی تایبەتە. ئێمە تەنیا کاتێک دەتوانین لە سەرجەمی وێنەییانەی بزۆکی نمایشگەیەک تێبگەین، گەر بەبێ دروستکردنی هیچ تێڕوانینێکی پێشیانی، بەبێ پێشبڕیار (حوکمی موسبەق)، بۆ ئەوێ بڕۆین، هاوکات لەوە بەئاگا بین کە ئێمە لە فۆرمێنراوی ئێستێتیکی دەڕوانین – جیهانێکی تایبەت لە دەرەوەی کەتواری جڤاکی، کە گومانی تێدا نییە کرۆکێکی داپۆشراوی ڕاستیی لەخۆگرتووە. لێ ئەم کرۆکە دەشێت خوێنەر / لێڕوانەر خۆی دیاریبهێنێت، ئەویش کاتێک دەرککردنى پسیکۆلۆژیانەى (واتا بینراوی جەستەیی) بابەتەکە هۆشەکییانە دەرکدەکاتەوە و پرسەکانی نێوی کە وێنەییانە داڕێژراون، دەکات بە کێشەی هزر. ئاخر موئانات تەنیا پاڵهێزی ئافراندن نییە، بەڵکو پاڵهێزی وەرگرتنی بابەتە هونەرییەکانیشە، هەروەها، لە ڕووی ڕەخنەی هونەرەوە، دەرککردنەوەی هزریی هونەر باشترین دەرفەتی شیاو بۆ گۆزارەی شیاو لەبارەی هونەر دەڕەخسێنێت.

٥- واتای هەنووکەیی “هاملێت”

بەندەگێتی هەردەم پابەندکردنی ویستی خۆیە بە ویستی کەسێک یان کەسانی دییەوە. بەندەگی خۆویستانە یان بەناچاری هەر خۆزگە و داواکارییەکی ئەویدی بەجێدەهێنێت، چونکە بڕیار دەدات خۆی وەک مرۆڤ لەنێو پەیوەندیی ئەوتۆدا نەفی بکات کە چواندنی گشتییان پێدراوە، بۆ نموونە پارتی هەرەمییانەی سیاسی یان دەوڵەتی دیکتاتۆری، واتا ئۆرگانی ئەوتۆ کە سیستەمییانە بنیاتنراون و وەک ئۆتۆرێتی (دەسەڵاتڕۆیشتوو) تاکەکەسان لەنێو خۆیاندا گرێ دەدەن. بەندەگییان لەم جۆرە پەیوەندییانەدا وەک بەکرەی بزوێنەری سیستەم و سەقامگیرکردنی کارا دەبن، چونکە بەڕێی بەشداریپێکردنەوە لە نواندنی هەر شێوەیەکی دەسەڵاتدا دەرفەتی سوودی خۆییان بۆ دەڕەخسێت. بەم شێوەیە میکانیکێتی لەنێو هەر پەیوەندییەکی سیاسیدا سەروەری وەردەگرێت: پەرلەمانتار یان پارێزگار و هتد دادەنرێن و لادەبرێن، ئەم بەرپرسیار دەخرێتە جێی ئەو بەرپرسیار، کوڕ جێی باوکی وەک ڕاوێژکاری سیاسیی دەوڵەت دەگرێتەوە، گرنگ ئەوەیە کە سیستەمی بنیاتنراو بە سەقامگیری بهێڵرێتەوە، کە بێگومان بەدیدەهێنرێت گەر خەڵک تا ڕادەی شیان پاسیڤ (ناچالاک) و هاوکات بە دەسەلاتدارانەوە پابەند بکرێت، چاکترین دەستوێژ بۆ بەدیهێنانی ئەم مەبەستەش هەوڵدانە بۆ باڵادەستیی رواڵەتگەری تا هەر ڕاستییەکی نێو پەیوەندییە سیاسییەکان لە بەردیدی گەل بزرببێت. لێرەوەیە ئیدی کەسان بەهۆی پابەندییان بە دەسەڵاتدارانەوە، بەتایبەتی پابەندیی ئابوورییەوە، ناچار دەبن بەرگرییان لێ بکەن، هاوکات خۆیان لە لاوازیی ئاگاییەوە، بەڵێ لە نامۆبوونی هۆشەکییانەوە، بەو رواڵەتگەرییە خوازراوەی دەسەڵاتداران دەگونجێنن و تا ڕادەی شیان دەیدەنە بەر. بەم شێوەیە ئیدی لە وڵاتدا خواردن و خواردنەوە، سەما و ملدانەبەر و تەمەڵی لای سەروەران و خەڵک دەبن بە نەریت. بەڵێ خەڵک بە واتای وشە دەبێت بە داماوێکی پێکەنیو-کڕووزاوە، هەڵپەکەری چڵێس، هاوکات هیچ گرنگییەک بە بایەخی خۆی لەنێو مێژوودا نادات، تەنانەت خواستی بۆ هەر جووڵەیەکی جڤاکی لا نامێنێت، ئەوە تەنانەت لەو کاتانەشدا کە کەمینەگەلی بچووک بە بەرچاوی ئەوی پاسیڤەوە ناڕەزایی سەبارەت بە هەر بەدپەیوەندییەکی سیاسی یان جڤاکی دەردەبڕن. لەم بەدڕەوشەوە ئیدی ڕێ خۆشکراوە بۆ ئەوەی بێڕێزییەکانی هەر بەکرەیەکی سیستەم بەرانبەر خەڵک لە سنوور دەبچن، تەنانەت پاسەوانی زیندان بەدەم گۆرانییەوە لاشەی بۆگەنکردووی زیندانی دووربخاتەوە، جا گەرچی دوور نییە کەسی مردوو ڕۆژنامەوانێکی بوێر بووبێت و دەستی بۆ هەقیقەتی شارراوەی “سەرۆکی مەزن” بردبێت، پارێزەرێک بووبێت و لە بەرگریکردنی هەقیقەتدا ئازادیی لێ زەوت کرابێت، یان هونەرمەندێک بووبێت کە بەهۆی بەرهەمێکی ئافرێنراوەوە بەری خۆری لێ گیرابێت.

بێگومان پەیوەندیی بەو چەشنەی دەسەڵاتدار-بەندەگیی نێو سیستەم کە ئاڕاستەیەکی شۆڕبۆوەی هەرەمی دەسەڵاتە، هاوکات ئاڕاستەیەکی بەرەڤاژ لەژێرەوە بەرەو ژوور لەخۆدەگرێت، چونکە نەک تەنیا دەسەڵاتداران دەتوانن بەکرەکانی سیستەم هەڵسووڕێنن، کۆنترۆل بکەن، بەڵکو ئەوانیش لە لایەنی خۆیانەوە دەسەڵاتداران فریو دەدەن و بەو ڕێیەوە سەروەری بەسەریاندا بەدەستدەهێننەوە، بۆ نموونە بە مەزناندنی درۆزنانەی سەرۆک (“ئاخر قوربان ئایندەی گەل و وڵات بەندە بە جەنابتانەوە!”)، یان بە هەواڵی درۆ و وێنەى بژاردەکراوی میدیاکانیان و شاردنەوەى هەقیقەتەکانی ژیانی جڤاکی لێیان، لێرەشدا ئاشکرایە ئەوان فریودەخۆن، چونکە لە جڤاک و ژیانی ڕۆژانەی دابڕاون. ئامانجی بەندەگییان بە لەخشتەبردن و مانیپولەکردنی سەروەرانیان ئەوەیە کە بەدپەیوەندییە سیاسییەکان ڕابگرن، چونکە خۆیان بەتایبەتی لێیان سوودمەندن.

لێ هێشتا هەر پەیوەندیی سەروەری-بەندەگێتی لە ڕووی کارایی سیاسی و جڤاکییەوە سەرەنجامە، لە بنەڕەتدا دەرهاویشتەی ناکۆکییە ئەخلاقییەکانی تاکەکەسانە کە ناخەکییانە لەگۆڕێن و دەرەکییانە کردار و هەڵوێستی ئەوان لەنێو و بەنێو جیهاندا دیاری دەکەن، کەواتە دەشێت بە نەرێنی وەک بەدڕەوشتمەندیی کردار لە ژیانی سیاسی و جڤاکیدا وەک سەرەنجام کارا ببن: پەیوەندیی ناوبراوی سەروەری-بەندەگێتی بخەنەوە، یان هیچ نەبێت دەرفەت بڕەخسێنن بۆ زیتبوونەوەی ئەو جۆرە پەیوەندییانە (بێگومان دەشێت لە دەسەڵاتداریی سیاسیی مرۆڤدۆستدا بە ئەرێنی وەک ڕەوشتمەندیی کردار کارا ببن). ئێمە لێرەدا بەڕوونی بەر بەها ناخەکییەکانی وەک خۆشەویستی، هەڤاڵێتی، بەوەفایی، دادپەروەری، ڕاستگۆیی و گەلێکی دی دەکەوین. لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکاندا، هاوشێوەی دەوڵەتەکەی “هاملێت” کە تێیدا جەخت لە بەدپەیوەندیی سەروەری-بەندەگێتی دەکرێت و هەروەها کارەکییانە بنیاتدەنرێت، نەک تەنیا پرسە مۆرالییەکانی پێکەوەژیان، وەک خۆشەویستی، هەڤاڵێتی، سۆسیالێتی و هتد، بەهۆی بەرژەوەندیی کەسییەوە لە بوارەکانی پراکسیسی سیاسیدا لەکاردەکەون، بەڵکو تەنانەت لە پەیوەندییە جڤاکییەکاندا قرچەڵۆک دەبن، یان ستەمی بەندەگێتیی نێو سیستەم لەنێو پەیوەندییە جڤاکییەکانیشدا تەنانەت هەڤاڵێتی دەخاتە سەر لێژایی ڕۆچوون بەرەو نەمان.

هەڤاڵێتی، وەک شێوەیەکی سۆسیالی پەیوەندی، هەردەم خۆشەویستییە، لێ لە خۆخۆشویستن جیانابێتەوە، بە واتایەکی دی، کێ خۆی خۆشنەوێت، ناتوانێت کەسانی دیکەی خۆشبوێت. ئەوجا ئەوە فەزیلەکانی هەریەکەی هەڤاڵانە کە بنەڕەتی هەڤاڵێتیی ڕاستینە پێکدەهێنن. بە دیدی ئەڕیستۆتێلیس لەم جۆرەی هەڤاڵێتیدا هەریەکەی هەڤاڵەکان بۆ خاتری خودی ئەویدی چاکە و سەرفرازیی بۆ دەخوازێت، کە بێگومان هەڵوێستێکی ئاشکرا جەختلێکراوی هەریەکەیانە، کەواتە بەڕوونی دەرکی پێکردبێت. لەم ڕوانگەیەوە هەڤاڵێتی وەک خۆشەویستی، ناساندن و بەدەر لە ئیرەیی، هاوکات شێوەیەکی دلێرییە – دلێری وەک فەزیلە کە هەردەم ئاوەزمەندانە چالاک دەبێت. بە پێچەوانەشەوە بەندەگێتی وازهێنانە لە “خۆ”، یان دەستبەرداربوونی خۆیە، واتا کردارێکی ئەوتۆ کە نیتچە ناوی دەنێت “جەبانی”.

جەبان (پۆلۆنیوس، ڕۆزنکڕانتس، گولدنستێرن، لێ بەتایبەتی هۆراشیۆ) لەنێو بەندەگێتیدا دیلی خواستگەلی رواڵەتییە کە دەرەکییانە پێناسەکراون، واتا ئەو ئامانجی سێنسە (حەواسە) وروژاوەکانی خۆی دەبینێت، لێ بەهۆی جەبانییەوە ناچارە لەنێو پەیوەندیی بەندەگێتیدا هەوڵ بۆ ساتارکردنیان بدات، نەک خۆی وەک کەسێتییەکی دلێر بۆ بەدیهێنانیان تێبکۆشێت. ئاخر وەک گۆتمان جەبان دەستبەرداری خۆی بووە، ئەو وەک بەندەگی لەنێو پەیوەندیگەلی دەرەکییانە پێناسەکراودا بەکرەئاسا دەبزوێت، کەواتە ئەو ناتوانێت بە کەمترین شێوە ڕێفلەکسیڤ بێت (ڕووبکاتە خۆی)، بەڵێ تەنانەت دژایەتیی هەر کەسێک دەکات کە هەڵوێستی بەو چەشنە ڕووەو خۆی وەربگرێت: بە خودی خۆیەوە خەریک ببێت، هاوشێوەی ئەو دلێرانە کە دەشێت بکەونە “تەنگژەی شوناس”ەوە و ئەوجا بەپەرچیوی ڕووەو خۆیان ئەوداڵی وەڵام بن سەبارەت بە کەسێتییان. هۆراشیۆ نەک تەنیا بێشوناسە، بەڵکو تەنانەت دەستبەرداری پرسیاری شوناسی خۆی بووە. بێگومان نەشیاو نییە کە لەنێو پەیوەندییەکانی ژینجیهاندا لای ئەو پرسیار سەبارەت بە کرداری خۆی سەرهەڵبدات و پەرچێنەرانە ڕووبکاتە خۆی، واتا کتوپڕ ئەو خۆیە ئاشکرابکاتەوە کە ئەو دەستبەرداری بووە، لێ ئەو یەکسەر پرسیارەکە لە ئاگایی خۆی دووردەخاتەوە و دەیچەپێنێت، چونکە نایەوێت و ناتوانێت هیچ لەبارەی ئەوە بزانێت. ئاخر ئەو جەبانە و بەو زانینە ژیانی ڕاهاتووی لەق دەبێت! ئەو هەردەم خەریکی ئەمسەر و ئەوسەرە تا ڕێ بگرێت لە بەرەنگاربوونەوەی هەر هەقیقەتێک، هاوکات تا بتوانێت بە هەر شێوەیەک زامن بۆ خۆی بچەسپێنێت، جا ئەو زامنە پەچەی چڕچنراوی قودسییەت بێت، دەستکەلاکانی ماچ و پاشقول بن، قبووڵکردنی ئەرکی مرۆڤکوژیی بێت بۆ سەروەرانی، یان بریتی بێت لە بەها ڕەوانییەکانی وەک شێخایەتی و سیاسەتی پارتایەتی، کە بێگومان دەشێت پێکڕا یان بەجیا وەک دەستوێژی خۆپاراستن و پەچەی حەشاردەر بەگەڕیانبخات. بۆیە ئەو هەرگیز ناتوانێت لە دەرگەی ماڵی خۆیەوە بێ سڵەمینەوە دەر-بکەوێت، بەڵکو بە لەشی کۆنترۆلکراو، بەڵێ کەسێتیی تاریککراو بە پەچەی مۆرال، بەرەو هەر پێکەوەبوونێکی جڤاکی، بەناو نێو-هەڤاڵی، بەڕێدەکەوێت، هاوکات چەکى جیاوازی بەرهەڵستی و لێدان دەهێنێتە سەرپێ تاکو ئەو پەچە رواڵەتییەی مۆرالی لەسەر هەڵنەماڵرێت کە وەک میراتێکی سوننەتی وەریگرتووە و خۆی پێداپۆشیوە. بۆیە گەرچی ئەو لە چایخانەکە لەنێو بەناو هەڤاڵاندا دانیشتووە، گەرچی ئەو لەتەک بەناو هەڤاڵانیدا بۆ سەیران دەڕوات، لێ لەبەر ئەوەی خودی خۆی نییە، بەڵکو خۆپۆشیوێکی گرژبۆوە و سڵەمیوەیە و نیازی پێکەوەبوونی پڕخۆشەویستیی نییە، ئەوا لە هیچ کامیاندا ناتوانێت بەڕاستی چێژ ببینێت، واتا هاوشێوەی کەسانی دلێر پێبکەنێت، سەیران بکات و شادی بچێژێت: ئەزموونی متمانە و گاڵتەوگەپ بکات! نەخێر، هۆراشیۆکان کەمترین چێژی ژیان ناکەن  – ژیان کە هەردەم تەنراوە بە سپۆنتانێتی و خۆشەویستی بۆ دۆستانی شایانی خۆشویستن.

بێگومان هەڤاڵێتی لە دەوڵەتەکەی “هاملێت”دا بەتەواوی لەکارنەکەوتووە، بەڵکو هێشتا هەر لە دەرەوەی سیستەمی سیاسی و ئابووری و بەڕێوەبەری شیاوی ئەزموونکردنە لای ئاگامەندانی خاوەن موئانات: هونەرمەندان یان سیاسەتکارانی دژبەری ستەمکاری. لێ تا ئەو کاتە کە ستەمکاری و بەشداریپێکردن لە دەسەڵاتدا، هاوکات پرسی ئایندەی وڵات وەک دەستوێژی ڕەوایەتیدان بە دەسەڵاتی سیستەم، کارا بن و پێکڕا سەقامگیریی بۆ دابین بکەن، تا ئەو کاتەش ئاگامەندانی قبووڵنەکردووی ئەو بەدڕەوشانە وەک “گیرخواردوو” لە موئاناتدا دەمێننەوە. ئاخر خەڵک ڕێی داوە پاسیڤ بکرێت و لەنێو رواڵەتگەریدا بزرببێت، هاوکات کۆمەڵایەتێتیی (ئیجتیماعێتیی) ناسۆسیال و چەنەبازیی سوننەتی لە گشت بوارێکدا نەریتئاسا تەنیونەتەوە، بەڵێ درۆ گەورەکانی وەک “ئازادیی هاوڵاتیان” و “شکۆفەی جڤاکی”، دەربڕینە سەرزارەکییەکانی وەک “ئازیزم” و “بەڕێزم”، “سەرۆکی حەکیم” و زۆری دی، وەک تەوەنی رواڵەتی سەرجەم پەیوەندییەکانی کایەی سیاسی و تەنانەت کەم یان زۆر جڤاکییان داپۆشیوە، بوون بە ئۆبژێکتیڤێتییەکی ڕیشە داکوتیو، کە ئیدی کاتێک ئاگامەندان بە پرسیار و کردار بەری دەکەون، لە ناخیاندا پتر موئانات دەخاتەوە. ئەوان کەسانی تێماون، لێرەشدا ئاشکرایە “تێ-ماو” هاوشێوەی هاملێت لە دۆخێکدایە کە نازانێت چی بکات: نە ئەمسەر و نە ئەوسەری لێدیارە، بۆیە بەزۆریی خۆی دەڕەنجێنێت. بێگومان دەشێت هزرینی ڕەخنەیی لە بەدڕەوشەکانی ستەمکاری بتوانێت خۆڕەنجاندنی نێو دۆخی “تێ-ماوی” نەهێڵێت و لێرەشەوە ببێت بە مایەی ڕەنجدان بۆ گۆڕینی ئەو بەدڕەوشانە (وەک لای شۆڕشگێڕان و کودەتاچییان)، لێ مەسەلەکە لێرەدا هێندە ئاسان ئەوە نییە کە هەروەک ببێژین: “دەی کوڕینە با بکەوینە ڕێ بۆ هێنانی جیهانێکی باشتر!”، بەڵکو مەسەلەکە لەو هزرینە ڕەخنەییەدا بەتایبەتیتر ئەوەیە کە “کوڕ و کچی باشەکان”ی نێو ڕەوشی تێماوی خۆیان سەرەتا جێی پرسیارن، ئەوەش لەو ڕووەوە کە داخۆ تا چەند خۆیەتیی خۆیانیان لەنێو جیهانی بێدادی و ماچ و پاشقولدا ڕەخنەییانە بەهەند وەرگرتبێت و بەو ڕێیەوە بنیاتیان نابێت، یان داخۆ تا چەند ئەوان رواڵەتگەرایانە لەنێو جیهانی هاڤرکێوە سوننەگەرایانە تەقەلا بۆ دەسەڵاتی خۆیی بدەن – دەرکەوتن یان ناساندنی دەرەکی، سامان و چێکردنەوەی بەدپەیوەندیی دەسەڵات! پرسیارەکە لەنێو دۆخی تێماویدا سەرەتا ڕوودەکاتە وەرگۆڕینی کەسێتیی سۆسیۆکولتووری بۆ کەسێتییەکی ئازادی هەڵوەستاو بەنێو جیهاندا کە بە ویستی ئازادی خۆی بڕیار بۆ هەر شێوەیەکی پەیوەندی، جڤاکی یان سیاسی، دەدات.

لێ جێی سەرنجە کە لە “هاملێت”دا وەک هونەر، سەرباری تێماوییەکەی هاملێت، سەرلەنوێ هونەر وەک میدیەمی دیاهێنانی ڕاستی وەردەگیرێت، بێگومان نەک ڕاستییەکی مێتافیزیکی وەک لە تراژیدیای گریکی ئەنتیکەدا، بەڵکو ڕاستی لە پاشخانی سەندن و نواندنی دەسەڵاتدا، کەواتە ڕاستی وەک ڕوداوی نێوجیهانی. سەمای دیارهێنانی ڕاستی لە “هاملێت”دا وەک هونەرێکی نمایشکراوی نێو هونەر ئالەنگارییەکە بە ئاڕاستەی هۆشی لێڕوانەران کە دەشێت بە تووڕەکردنی مۆرالیانەیان وەک پرسیار لەنێو هۆشیاندا بنیشێت. ئاخر دیاردانی کتوپڕ و ساتەکییانەی ڕاستی دەتوانێت پێشبینییەکانی ئەوان (خوێنەران، لێڕوانەران) بە خۆیەوە بەند بکات، بەوەش ئاگایی ئەوان بگۆڕێت، ئەوجا لێرەوە کاریگەری لەسەر ژینجیهان بنوێنێت. بۆیە ئەوە بەڕێکەوت نییە کە ئێمە ترسی دەسەڵاتداران لە هونەر وەک گەڤێکی ڕۆشناییدەر لە زاری هاملێتەوە دەبیستین، چونکە ئەوان لە کاریگەرییەکەی وەک دیارهێنەری ڕاستییەکان دەترسن، بۆیە هەوڵ دەدەن هونەرمەندان بکڕن و “بییانهێننە ڕیزەوە”، یان وەکو دی بییانگرن، لەناویانبەرن.

 

 

سەرچاوەکان

 

سەرچاوەی سەرەکی

کامەران ڕەئوف:

  • سکریپتی درامای هاملێت.
  • سینۆگرافیی نمایشی هاملێت

سەرچاوەی لاوەکی

  • سەرچاوە بە کوردی

کاوە جەلال:

  • هەوڵێک بۆ نزیککەوتنەوە لە دیالێکتیکى نێگەتیڤى ئادۆرنۆ. گۆڤاری ئایندە. ژ 56، 2004
  • تێگەی مێمێزیس لای ئەڕیستۆتێلیس. گۆڤاری زانکۆی کۆیە. ژمارە 5، 2006.
  • تیۆریى وێنە لە فەلسەفەى هوسەرلدا، گۆڤارى زانکۆى سلێمانى، ژمارە 39، 2013.
  • کارۆل زاوەرلاند: رێبەرییەک بۆ ئێستێتیکى ئادۆرنۆ، گۆڤارى کۆنسێپت، ژمارە 5، 2012، (وەرگێڕان لە ئەڵمانییەوە).

 

  • سەرچاوە بە ئەڵمانی
  • Aristoteles: Poetik. Hauptwerke, Ausgewählt und übersetzt von Wilhelm Nestle, Stuttgart 1968.
  • Aristoteles, Nikomachische Ethik. Stuttgart 2017.
  • Cay Dollerup: Der dänische Hintergrund in Shakespeares “Hamlet”. Sinn und Form, Heft 4, 2008.
  • Johannes Gerschewski, Die drei Säulen und das Überleben elektoraler Autokratien: Eine Replik, Zeitschrift für Vergleichende Politikwissenschaft: Comparative Governance and Politics, 11(2), 237-246. https://nbn-resolving.org/
  • Paul Herrmann: Erläuterungen zu den ersten neuen Büchern der dänischen Geschichte des Saxo Grammaticus. Leipzig 1901.
  • William Shakespeare: Hamlet, Prinz von Dä Übersetzt von August Wilhelm von Schlegel. Leipzig 1987.
  • Wolfgang Weiß: Das Drama der Shakespeare Zeit. Versuch einer Beschreibung. Stuttgart Berlin Köln Mainz 1979.
  • Wolfgang Sofski: Über die Feigheit. Deutschland Funk Kultur. Beitrag vom 18.06.2006
بڵاوکردنەوە: