شانۆیی «هاملێت»ی کامەران ڕەئوف (بەشی یەکەم)

582
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: کاوە جەلال

بەشی یەکەم

ڕێبەری

“هاملێت” وەک تێما هەمیشە هەنووکەییە، واتا بۆ هەموو سەردەمێک دەگونجێت و لە هەموو کولتوورێکدا دەرفەتی داڕشتنەوەی نوێی دەڕەخسێنێت.

لێ هەوڵی نزیککەوتنەوە لە فێنۆمێنە ئەدەبی یان هونەرییەکان هەمیشە کورتهێن دەبێت گەر بەگوێرەی شابلۆنی تەواوکراو لێیان نزیکبکەوینەوە. ئاخر مرۆ لە هەوڵی بەو چەشنەدا ڕەچاوی ئەو داواکارییە ناخەکی-ئێستێتیکییانە ناکات کە خودی فێنۆمێنی نیگاکردوو-نیگاکراو زیتی کردوونەتەوە. هاوکات ئەوەش ئاشکرایە کە هەر ژانرێکی هونەری مۆرکی تایبەتی هەیە کە داوای نیگاکردنەوەی تایبەت بە خۆی دەکات و دەبێت بە ڕێنومای هەر خەریکبوونێک پێوەی. لەم پەیوەندییەدا گومانی تێدا نییە کە دراما وەک داڕشتنی کردارنوێنی ئالۆزترە لە هۆزان یان چیرۆک، ئەوجا مەسەلەکە پەیوەند بە درامایەکەوە کە دەشێت کەرەسەکەی لە لایەن درامایەکی دیکەی سەردەمێکی دیاریکراوی کولتوورێکی دیکەوە وروژێنرابێت، ئالۆزترە و داوای پێوەخەریکبوونی توێژەری یان ڕەخنەیی تایبەت بە خۆی دەکات.

ئێمە لێرەدا تەواو لە بابەتی نووسینەکەمان نزیک کەوتووینەتەوە: ئەم نووسینە لەبارەی درامای “هاملێت”ی کامەران ڕەئوفە. لێ گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە گەرچی ئێمە سەرەتا سکریپتی دراماکەمان وەک دەرککراوی نیگاکردوو داناوە، سەرەڕای ئەوە لە ڕەوتی پێوەخەریکبووندا نمایشی شانۆییەکەمان کردووە بە دوا بابەتی دەرککراوی پێوەخەریکبوو، چونکە نووسەر خۆی کە دەرهێنەریشە، لەم ئاستەیدا بەتەواوی فۆرمی خوازراوی پێداوە. ئەوجا لەبەر ئەوەی دراماکە وروژێنێکی دیکەی هەیە کە ئەویش درامایە، واتا “هاملێت”ی شەیکسپیرە، ئەوا پێویست بووە کە هەروەها ڕووبکەینە ئەم درامایە تاکو فۆرم و ناوەرۆکی درامای سەرەکیی مەبەستلێبوو ڕوونتر دیاربهێنین. لێ ئێمە بەم کارە خۆمان لە پرسێکی گەلێک دژوارەوە لەنێو دابی کارکردنی ئەدەبی و هونەریدا ئاڵاندووە و ناچاربووین ڕۆشنایی پێبدەین، چونکە ئێمە لەم خەریکبوونەدا کەوتووینەتە بەردەم شێوەی تێگەیشتنی ئەدەب و هونەر و خەریکبوونی زانستی یان ڕەخنەیی-سوننەتی پێیانەوە. ڕوونتر ببێژین، ئێمە ناچار بووین دانوستانی پرسێکی دیکە بکەین کە بریتییە لە “ئامادەکردن” (“اعداد”) و “داڕشتنی میمێزیانە”، ئەمەش لە لایەنی خۆیەوە پاڵهێز بووە بۆ وردبوونەوە لە هەردوو تەوەری ئەدەب / هونەر کە بەرهەمهێنەر و وەرگرن.

پرسیارێکی دیکەی کرۆکی کە لە شانۆیی “هاملێت”ی کامەران رەئوفەوە سەرهەڵدەدات، واتای هەنووکەیی دراماکەیە لە دەڤەری کولتووریی نمایشکردنیدا. بۆیە گەرەک بووە ئەم پرسەش لە ڕووی هزرییەوە دانوستان بکەین تاکو کێشە کرۆکییەکانی نێوی وەک کێشەی ئەخلاقی و سیاسیی سەردەم دیاربهێنین.

1- تێمی هاملێت

لە دێنەمارک داستانی شازادەیەک هەیە بە ناوی ئاملێتوس، کە گۆیا پێش سەردەمی ڤایکینگەکان لە یوتلاند ژیاوە. ئەوجا لە سەردەمێکی زۆر درەنگتردا مەتران ئابسالۆنس کە ساڵی 1167 شاری کۆپنهاگن دروست دەکات، هانی قەشە زاکسۆ گراماتیکوس (Saxo Grammaticus، نزیکەی 1150-1220) دەدات بۆ نووسینەوەی مێژووی دێنەکان کە خەڵک زارەکییانە دەیانگێڕایەوە. یەکێک لە چیرۆکەکانی نێو ئەو گێڕانەوە زارەکییە لەبارەی ژیانی کەسێتییەکە بەناوی ئاملێتوس کە زاکسۆ لە بەشی دووەمی کارەکەیدا دەینووسێتەوە.

کەواتە زاکسۆ بۆ یەکەم جار لە چەرخی ناڤیندا، نزیکەی 1200ی زایینی، چیرۆکی ئاملێتوس دەنووسێتەوە، ئەوجا شەیکسپیر لە سەردەمی ڕێنیسانسدا (پێدەچێت ساڵی 1601) ئەو چیرۆکە دەخاتە فۆرمی “دراما”وە و ڕووداوەکانی نێوی لە کۆشک و سەرای هێلزینگوێری دێنەمارکدا دادەڕێژێت. دراماکە ساڵی (1603) بڵاودەکرێتەوە، لێ بە داڕشتنێکی نالەبار، کە پاشان ساڵی (1605) سەرلەنوێ چاپ دەکرێتەوە و ئەم جارە قەوارەی دراما چاککراوەکە نزیکەی دوو ئەوەندەی داڕشتنەکەی چاپی یەکەمە. لێ گەرەکە لەم جێیەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە “هاملێت”ی شەیکسپیر یەکەم درامای ئینگلیزی نییە لە چیرۆکی ئاملێتوسەوە نووسرابێت. لە نێوان ساڵانی 1589 و 1594دا شانۆییەکی “هاملێت” لە لەندەن نمایش دەکرێت و بەگشتی وا دادەنرێت لە نووسینی تۆماس کاید بووبێت کە ناسراوە بە نووسەری “درامای تۆڵە”. لێ ئەم “هاملێت”ەی کاید بزربووە.

چیرۆکی ئاملێتوس لای زاکسۆ چەند بەشێکە و تەنیا بەشی یەکەمی لای شەیکسپیر واتا بۆ داڕشتنی دراماکەی وەردەگرێت. واتا: شازادەی گەنج خۆی بۆ خاتری مەبەستەکانی وەک شێت پێشان دەدات و لە کۆتاییدا تۆڵەی باوکی کوژراوی دەسێنێت. کەواتە هاملێتی شەیکسپیریش سەر بە درامای تۆڵەیە کە تێیدا نەک تەنیا پرسە مرۆڤییەکانی دەسەڵات، هەلبازی، خیانەت و هتد بەرجەستە دەکرێن، بەڵکو هەروەها قەدەری ئەو دەسەڵاتدارییەش: دەوڵەت بەهۆی تەماعی دەسەڵات و ناکۆکییە نێوکەسییەکانەوە لەناودەچێت و ئەو وڵاتەش دەکەوێتە ژێر ڕکێفی دەوڵەتێکی دیکەوە کە نەرویجە.

تێمی “هاملێت” لە دراماکەی کامەران ڕەئوفدا جیاوازە. ئێمە لێرە چیدی “درامای تۆڵە”مان نییە، بەڵکو سەرجەمی پلانە دەسیسەییەکان لە دەوڵەتێکی دیکتاتۆریی مۆدێرندا ڕەوتی خۆیان وەردەگرن، هاملێتیش تەنیا ئەوەی پێدەکرێت کە ڕاستیی شارراوە بە هاوکاریی تیپێکی شانۆیی ئاشکرا بکات، بێگومان بەبێ ئەوەی وەک سەوداسەری ڕاستی بە ئامانجی خۆی بگات. کەواتە نووسەر / دەرهێنەر نایەوێت هاملێت پێکەوە لەتەک جەماوەری خۆشەویستیدا کۆتایی بە ستەمکاری بهێنێت، یان ئەو هیچ ئیلتیزامێک ناکات بۆ ئەوەی رۆڵێکی جڤاکی بە هونەرەکەی بدات، بەڵکو وەک هونەرێک دەیهێڵێتەوە کە “لە کەنارەوە ئانیشکی ڕەخنەیی خۆی دەهاوێژێت” (ئادۆرنۆ).

١-١ چیرۆکی ئاملێتوس لای زاکسۆ گراماتیکوس

شای دێنەکان بەناوی ڕۆڕیکوس دوای زاڵبوونی بەسەر سلاڤەکاندا بڕیار دەدات کە هەردوو برا هۆرڤێندیلوس و فێنگۆ بکات بە فەرمانداری یوتلاند. لێ خواستی گەیشتن بە ناوبانگ هۆرڤێندیلوس دەبزوێنێت بۆ بوون بە جەردەی دەریا و سێ ساڵ بە ڕاووڕووت بەسەر دەبات، پاشان دەگەڕێتەوە بۆ دێنەمارک و جوانترین و نایابترین بەشی تاڵانییەکانی دەبەخشێت بە شا ڕۆڕیکوس، ئەویش وەک پاداشتی ئەو دیارییانە کچەکەی خۆی بە ناوی گێروتا پێدەدات. هۆرڤێندیلوس لەم ژنە کوڕێکی دەبێت بە ناوی ئاملێتوس.

فێنگۆ بەم هەموو سەرفرازییەی براکەی تووشی ئیرەیی دەبێت و دەیکوژێت، پاشان بێوەژنەکەی بەزۆر هەڵدەگرێتەوە. لێ فێنگۆ بۆ شاردنەوەی هۆکاری ئەو تاوانە ڕایدەگەیەنێت کە گۆیا بەو کردارە تەنیا ئەرکی خۆی بەجێگەیاندووە، چونکە گێروتای ناسک و دڵچاک ئازاری زۆری بە دەستی هۆرڤێندیلوسی برایەوە چێژتووە، بۆیە ویستوویەتی بە کوشتنی ئەو گێروتا لە ستەم ڕزگار بکات.

بەدووی ئەوەدا ژیانی ئاملێتوس لە لایەن مامییەوە دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە بڕیارێکی ژیرانە دەدات کە خۆی وەک شێتبوو دەربخات. بۆ نموونە هەموو ڕۆژێک ئۆدەی دایکی پیس دەکات، ئەوجا خۆی لەسەر زەوییەکە لەنێو پیساییەکەدا دەگەوزێنێت. ئاملێتوس بە خۆدەربڕینی بێسەروبەر و کرداری گەمژانە دەبێت بە مایەی گاڵتەجاڕیی دەوروبەرەکەی. لێ ڕۆژێک هەڤاڵێکی فێنگۆ کە گومانی لە ئاملێتوس هەیە، بە فێنگۆ دەبێژێت کە دەیەوێت ژیریی بێسنووری ئاملێتوس بسەلمێنێت. فێنگۆ گەرەکە بۆ ئەو مەبەستە بەبیانووی کارێکی گرنگ لە کۆشک دووربکەوێتەوە، هاوکات ئاملێتوس بەتەنیا لەگەڵ دایکیدا جێبهێڵێت و لە ئۆدەکەیدا دەرگەیان بەتەنیا لەسەر دابخرێت. بێگومان پێویستە پێشتر کەسێک خۆی لەو ئۆدەیەدا بشارێتەوە تا بەنهێنی گوێ لە گفتوگۆی نێوانیان بگرێت. کابرای هەڤاڵ هاوکات ئامادەیی دەردەبڕێت کە ئەو ئەرکە لەئەستۆ بگرێت. فێنگۆ بەم پلانەی هەڤاڵەکەی ڕازی دەبێت و ڕۆژی دیاریکراو لە کۆشک دەردەچێت. لێ ئاملێتوس لەو پیاوە زرنگتر دەبێت. کاتێک دێت بۆ ئۆدەی دایکی، ڕەچاوی ئەوە دەکات کە ڕەنگە کەسێک لەوێ خۆی شاردبێتەوە تا گوێ لە گفتوگۆیان بگرێت، بۆیە وەک کەڵەشێر دەقووقێنێت و هاوشێوەی باڵەکوتێی کەڵەشێر دەست بە قۆڵەکوتێ دەکات، ئەوجا باز دەداتە سەر کۆمەڵە پووشی هەڵدراوەی نێو ئۆدەکە تا بزانێت داخۆ شتێکی لەژێردایە یان نا. کاتێک دەرکی شتێکی توندوتۆڵ دەکات، یەکسەر شمشێرەکەی تێوەدەژەنێت و کابرای سیخوڕ دەکوژێت، بەو هۆیەشەوە لە نێوان دایک و کوڕدا دەبێت بە دەمەقاڵە. ئاملێتوس لە ڕەوتی ئەو دەمەقاڵێیەدا دەیدرکێنێت کە بەئەنقەست خۆی شێت کردووە تا تۆڵەی باوکی بسێنێت.

فێنگۆ دوای گەڕانەوەی لە هیچ کوێ برادەرەکەی نادۆزێتەوە و دەکەوێتە گومانەوە، هاوکات دەگات بەو باوەڕە کە شتێک لەژێر سەری برازاکەیدایە و بۆیە دەبێت لەناویبەرێت، لێ لە ترسی شا ڕۆڕیکوس و دایکی ئەوەی پێناکرێت، بۆیە بەلایەوە باشترە ڕەوانەی بریتانیای بکات و شای ئەو وڵاتە بیکوژێت. فێنگۆ بۆ ئەو مەبەستە نامەیەک بۆ شای بریتانیا لەسەر پارچەیەک تەختە هەڵدەکۆڵێت و دەیدات بە دوو ئاوەڵی ئاملێتوس. لێ ئاملێتوس پێش کەوتنەڕێ ڕێنوماییەکی نهێنی بە دایکی دەدات: ئەو گەرەکە هۆڵەکە بە فەرشێکی گەورەی چنراو بڕازێنێتەوە و دوای ساڵێک لەو هۆڵەدا پرسەیەکی بۆ بگێڕێت.

ئاملێتوس لە ڕێ نامەکەی فێنگۆ بۆ شای بریتانیا ئاشکرا دەکات، ئەوجا نووسراوەکە دەکڕێنێت و لەبریی ئەو یەکێکی دی هەڵدەکۆڵێت، کە تێیدا داوا دەکات شا گەرەکە دوو ئاوەڵەکەی ئەو لەناوبەرێت، هەروەها کچەکەی خۆی بدات بەو کوڕە ژیر و لێهاتووە کە لەگەڵ ئەواندا بۆ لای شا نێرراوە.

ئاملێتوس دوای هاوسەرگیری بۆ ماوەی ساڵێک لە بریتانیا دەمێنێتەوە، پاشان دەگەڕێتەوە بۆ یوتلاند تاکو لەوێ لە پرسەی خۆیدا کە گێروتای دایکی ڕێکیخستووە، بەشداری بکات. لەوێ سەرلەنوێ خۆی وەک شێت دەردەخاتەوە، هاوکات بە دەرکەوتنەوەی ئەو هەموو بەشدارانی پرسەکە تووشی حەپەسان و پاشان پێپێکەنین دەبن. بەم شێوەیە پرسەی نێو هۆڵەکە دەبێت بە کۆبوونەوەی شادی و مەیخواردنەوە، تا هەموو مەست دەبن و هەر لەوێ خەویان لێدەکەوێت. ئاملێتوس فەرشەکە کە دایکی لەسەر پێشنیاری خۆی هەڵیواسیبوو، دەکاتەوە و دەیدات بەسەریاندا، ئەوجا ئاگری تێبەردەدات و هەموویان دەسووتێنێت. بەدووی ئەوەدا دەڕوات بۆ ئۆدەی فێنگۆی مامی و شمشێرەکەی خۆی دەخاتە جێی ئەوەی فێنگۆ، پاشان بێداری دەکاتەوە و پێی ڕادەگەیەنێت کە وا بەگزادەکانی لەنێو ئاگردا دەسووتێن، ئێستاش خۆی هاتووە بۆ لای تا تۆڵەی باوکی بسێنێت. فێنۆ ڕادەچەنێت و پەلاماری شمشێر دەدات، لێ کاتێک بێهودە هەوڵ دەدات لە کێلان دەریبکێشێت و بەدەستییەوە نایەت، ئاملێتوس دەیکوژێت.

ئاملێتوس دوای کوشتنی مامی گۆتارێکی ئاگرین لە بەردەم هاوڵاتیانی شاردا دەدات و هەموو شتێکیان بۆ ڕووندەکاتەوە، کە هەموو ناخیان دەهەژێت و فرمێسک بە چاوانیاندا دەچۆڕێتەوە. ئیدی گەل ئاملێتوس وەک میری خۆی دەناسێنێت، ئەویش دوای ئەو ڕووداوانە سێ کەشتی دەڕازێنێتەوە و بە پۆشاکی کەشخەی میرانەوە دەگەڕێتەوە بۆ بریتانیا، هاوکات باشترین پیاوانی جەنگاوەر لەگەڵ خۆیدا دەبات. ئەو هەروەها فەرمان دەدات کە لەسەر قەڵغانێک هەموو کردارەکانی لە سەرەتای گەنجێتییەوە بە وێنە دابڕێژن: کوشتنی هۆرڤێندیلوس لە لایەن فێنگۆ، خۆتێکدانی ئەو تا سەندنەوەی تۆڵەی باوکی.

کاتێک شای بریتانیا کوشتنی فێنگۆ لە زاری ئاملێتوس دەبیستێت، یەکسەر تێکدەچێت، چونکە دەزانێت کە ئێستا دەبێت تۆڵەی فێنگۆ بسێنێتەوە: ئاخر هەردووکیان گفتیان بەیەک دابوو کە گەر هەر یەکێکیان بکوژرێت، دەبێت ئەوی دیکەیان تۆڵەی بسێنێت. لێ لەبەر ئەوەی ئاملێتوس میوانی ئەوە و گوناهە دەست بۆ میوان ببرێت، ئەوا دەیەوێت ئەرکی تۆڵەسەندنەوە بدات بە کەسێکی دی. بۆیە پلانێک دادەنێت: هاوسەری شا ماوەیەک لەوەوبەر بە نەخۆشی مردبوو، بۆیە بە ئاملێتوس دەبێژێت کە سکۆتلەندییەکان شاژنێکی جەنگاوەریان بە ناوی هێرموترودا هەیە و دەیەوێت بیخوازێت، ئەویش گەرەکە ببێت بە سەرۆکی شاندی خوازبێنیکەر. بەم شێوەیە ئاملێتوس دەکەوێتە ڕێ، لێ لە سکۆتلاند، نزیک کۆشکی شاژن، ئەسپەکان لەسەر گژوگیایەکی کەنار ڕێگەکە دەحەوێنێتەوە، خۆیشی ڕادەکشێت، قەڵغانەکەی دەکات بە سەرین و خەوی لێدەکەوێت. کاتێک هەواڵی هاتنی ئەو پیاوە و شاندەکەی بە شاژن دەگەیەنرێت، شاژن دە پیاو دەنێرێت تا لە نزیکەوە چەک و کەلوپەلی ئەو بێگانانە ببینن. یەکێک لەو دە پیاوە کە سیخوڕێکی زۆر ژیر دەبێت، بەنهێنی قەڵغانی ژێر سەری ئاملێتوس دەردەکێشێت بەبێ ئەوەی بێداری بکاتەوە یان ئاوەڵەکانی دەرکی پێبکەن، هەروەها ئەو نامەیەش لە هەگبەکەیدا دەردەهێنێت کە شا بۆ شاژنی نووسیوە. شاژن سەرەتا تەماشای قەڵغانەکە دەکات و بەوەش کرۆکی ئاملێتوس دەناسێت، لە نامەکەشدا دەخوێنێتەوە کە شای بریتانیا داوای هاوسەرگیری و کوشتنی ئاملێتوسی لێدەکات. لێ هێرموترودا ئەڤینداری ئاملێتوس دەبێت و دەیەوێت شوو بە ئەو بکات، بۆیە نامەکەی شا دەسڕێتەوە و داخوازییەکی دیکەی لەسەر دەنووسێت کە گۆیا شای بریتانیا خوازبێنیی شاژنی بۆ کەسی نامەهێن کردووە، هاوکات فەرمان بە پیاوەکانی دەدات، خێرا قەڵغان و نامەکە بگەڕێننەوە بۆ جێی خۆیان.

ئاملێتوس هەست دەکات کە قەڵغانەکەی لەژێر سەردا نەماوە، بۆیە خۆی دەکاتەوە بە نووستوو، ئەوجا کاتێک سیخوڕە ژیرەکەی شاژن قەڵغان و نامەکە دەهێنێتەوە، ئاملێتوس ڕادەپەڕێت و کابرا دەگرێت، هاوکات ئاوەڵەکانی بێدار دەکاتەوە و بە نامەکەوە دەکەوێتە ڕێ بەرەو کۆشکی شاژن. کاتێک هێرموترودا نامەکە دەخوێنێتەوە، کرداری ئاملێتوس لەدژی فێنگۆ بەپەسەند دادەنێت و ڕەزامەندیی خۆیشی بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ ئەودا دەردەبڕێت، ئەوجا دوای بەجێگەیاندنی هەموو کاروبارەکان، ئاملێتوس پێکەوە لەگەڵ هاوسەرە نوێکەیدا و بە ئاوەڵیی لەشکرێکی بەهێزی سکۆتلەندی دەگەڕێتەوە بۆ بریتانیا. لەوێ هاوسەری یەکەمی بەپیرییەوە دێت و گەرچی پێی ناخۆشە مێردەکەی ژنێکی دووەمی هێناوە، سەرەڕای ئەوە هاوسەرگیرییەکەی لێ قبووڵ دەکات، چونکە مێردی خۆی خۆش دەوێت، جگە لەوە کوڕێکی لە ئەو هەیە و پێویستە وەک دایک بیپارێزێت.

شای بریتانیا بەروڵەت زاواکەی لەئامێز دەگرێت، ئەوجا داوەتێکی خواردن ئامادە دەکات تا بەو ڕێیەوە پلانی خۆی بشارێتەوە. ئاملێتوس دەرک بە نیازی ناپاکی خەزووری دەکات، لێ ئەویش هەستی خۆی دەشارێتەوە، هاوکات 200 سوار لەگەڵ خۆی دەهێنێت و لەژێر پۆشاکەکەیەوە زرێپۆش دەبەستێت. کاتێک لە کۆشکی شا نزیکدەکەوێتەوە، شا لای دەروازەی کۆشکەکەی چاوەڕوانی دەکات و بە ڕمێک هەوڵی کوشتنی دەدات، لێ ئەو بەهۆی زرێپۆشەکەوە تەنیا بەسووکی بریندار دەبێت. ئاملێتوس سەرەتا شەڕی ناوێت، بۆیە کابرای سیخوڕی ژنە نوێکەی دەنێرێت بۆ لای شا تا ڕاستیی بردنی نامە و قەڵغانەکەی بۆ ڕوونبکاتەوە، لێ کاتێک کابرا کتوپڕ هەڵدێت، ئیدی شەڕ ڕوودەدات و شا زۆرینەی سوپاکەی ئاملێتوس لەناودەبات. ئاملێتوس بۆ شەڕی ڕۆژی داهاتوو پلانێکی ژیرانە دادەنێت: ژمارەی جەنگاوەرەکانی بەوە زیاد دەکات کە لاشەی ئاوەڵە کوژراوەکان لەسەر توڵی دار، بەپاڵ بەردەوە یان وەک زیندوو لەسەر ئەسپ دادەنێت، پێکڕا بەچەکداری. دوای ئەوەی تیشکی خۆر دەکەوێتە سەر چەکی مردووەکان، لەو بەرەوە بەرواڵەت سووپایەکی گەورە دەبینرێت، کەواتە جەنگاوەرەکان ئێستاش بەقەد ژمارەی پێشوویانن سەرباری دۆڕاندنیان لە ڕۆژی ڕابوردوودا. بریتانییەکان بە بینینی ئەو دیمەنە لە مەیدانی شەڕ هەڵدێن، لێ لەبەر ئەوەی شا کەمێک خاوتر لە ئەوان هەڵدێت، دێنەکان پێیڕادەگەن و دەیکوژن. ئاملێتوس دوای ئەو سەرکەوتنە لەگەڵ هەردوو هاوسەرەکەیدا دەگەڕێتەوە بۆ دێنەمارک.

لەوێ ئێستا ڤیگلێتوس دوای مەرگی ڕۆڕێکوس هاتووەتە سەر تەخت و بێبەزەییانە دایکی ئاملێتوس دەچەوسێنێتەوە. سەرەڕای ئەوە ئاملێتوس جوانترین و باشترین بەشی تاڵانییەکانی خۆی پێشکەشی ئەو دەکات، بەمەش گۆیا بە چاکە پاداشتی خراپەی ئەو دەداتەوە. لێ ماوەیەک دوای ئەوە لە هەلێکی تۆڵەسەندنەوەدا جەنگ لەدژی ڕادەگەیەنێت و بەسەریدا زاڵ دەبێت. ڤیگلێتوس پاشان بە یاریدەی شۆنن و سیلاند بەهێز دەبێتەوە و داوایەکی شەڕی دووکەسی دەخاتە بەردەم ئاملێتوس، ئەویش قبووڵی دەکات. ئاملێتوس پێش دەستپێکردنی ئەو شەڕە ئەگەری کوژرانی خۆی لەگەڵ هێرموترودا باس دەکات، لێ ئەو گفتی پێدەدات کە دوای مردنیشی بەوەفا دەمێنێتەوە و هاوسەرگیری ناکاتەوە. سەرەڕای ئەوە هێرموترودا گفتی خۆی ناباتە سەر، بەڵکو دوای ئەوەی ڤیگلێتوس لەو شەڕەدا ئاملێتوس دەکوژێت، شوو بە بکوژی مێردەکەی دەکاتەوە. ڤیگلێتوس دوای ماوەیەکی درێژخایەنی حوکمڕانی بە نەخۆشی دەمرێت.

١-٢ هاملێتی شەیکسپیر

دیمەنی یەکەم

لە بەردەم کۆشکی هێلزینگوێردا گیانێک بۆ فڕانسیسکۆ و بێرناردۆی پاسەوان دیاردەدات کە زۆر لە شا هاملێتی کۆچکردوو دەچێت. هەردووکیان ئەو هەواڵە بە هۆڕاشیۆ و ماڕسێلوس دەگەیەنن، ئەوجا دوای ئەوەی گیانەکە لە بەردەم هەموویاندا دیاردەداتەوە، هۆراشیۆ بڕیار دەدات ئەو هەواڵە بە هاملێتی کوڕ ڕابگەیەنێت.

شا کلاودیوس جێی براکەی وەک شای وڵات گرتۆتەوە و هاوسەرەکەی وەک ژنی خۆی مارە کردۆتەوە، بەو بۆنەیەشەوە بڕیاری داوە ئاهەنگێک بگێڕرێت، جگە لەوە گەرەکە فۆرتینبراس ی شای نەرویج بزانێت کە وڵاتەکەی سەرباری مەرگی شا هاملێت هێشتا هەر بەهێزە.

هەروەها لێرتس لە فەڕەنساوە گەڕاوەتەوە بۆ دێنەمارک تاکو لە ئاهەنگی تاج لەسەرنانی کلاودیوسدا بەشداری بکات، هاوکات دەخوازێت دوای ئەو ئاهەنگە بگەڕێتەوە بۆ فەڕەنسا، بۆ ئەو مەبەستەش تکا لە شا کلاودیوس دەکات. دوای ئەوەی شا بۆی دەردەکەوێت کە پۆلۆنیوس ی باوکی بە گەڕانەوەی ئەو بۆ فەڕەنسا ڕازییە، ئەویش ڕەزامەندیی خۆی دەردەبڕێت.

هاملێت لە ڕەوشێکی پەرێشاندایە، هاوکات لەسەر تکای دایکی بڕیار دەدات کە بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەی نەگەڕێتەوە بۆ ڤیتنبێرگ ی ئەڵمانیا.

هۆراشیۆ ئەزموونی بینینی گیانەکە بۆ هاملێت دەگێڕێتەوە، ئەویش بڕیار دەدات شەوی داهاتوو لە سەرەی ئێشکگرتنی مارسێلوس و بێرناردۆدا لەوێ ئامادە بێت.

لێرتس، دوای خۆئامادەکردنی بۆ گەشتەکەی، ئامۆژگاریی ئۆفیلیای خوشکی دەکات کە هێندە هەستی ئەڤیندارییەکەی هاملێت بەهەند وەرنەگرێت. جگە لەوە پۆلۆنیوسی باوکیان ئامۆژگاریی کوڕەکەی دەکات کە گەرەکە لە ژیاندا زۆر ئاگای لە پێگەی جڤاکیانەی خۆی بێت، بۆ نموونە هەر کەسێک کە تازە قۆڵی هەڤاڵانەی بە قۆڵیدا کردووە، یەکسەر بە هەڤاڵی خۆی دانەنێت، هەروەها ئامۆژگاریی کەسانی دی وەربگرێت بەبێ ئەوەی حوکم بدات. لێرتس بە ڕێزی کوڕانەوە ماڵئاوایی دەکات. هەروەها پۆلۆنیوسیش گاڵتەی بەو هەستی خۆشەویستییە دێت کە هاملێت بۆ ئۆفیلیای دەربڕیوە، بۆیە بە باشی دەزانێت کە کچەکەی باوەڕ بە سوێندەکانی ئەو هەرزەکارە نەکات. ئۆفیلیا گفت بە باوکی دەدات کە لە پێشنیاری دەرنەچێت.

شەو درەنگ لە شوێنی ئێشکگرتندا سەرلەنوێ گیانەکە دەردەکەوێتەوە و بە دەست بانگی هاملێت بۆ لای خۆی دەکات، پاشان پێی ڕادەگەیەنێت کە ئەو گیانی باوکێتی و چیرۆکی کوشتنی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە: ئەو وەک ڕاهاتبوو پاشنیوەڕوان لە باخەکە دەنووست، ڕۆژێک لەکاتی نووستندا مامی بە شووشەیەک ژەهرەوە دێت بۆ ئەوێ و دڵۆپ دڵۆپ ژەهر دەکاتە نێو گوێیەوە؛ ئەو دەبێت تۆڵەی باوکی بسێنێت، لێ با قەدەری دایکی بۆ ئاسمان جێبهێڵێت. هاملێت بە بیستنی وشەی کوشتن تەواو دەساکێت.

دیمەنی دووەم

ئۆفیلیا نازانێت بۆ هاملێت ئەوها شێواوە. پۆلۆنیوسی باوکی وای دادەنێت کە هاملێت تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە، چونکە ئۆفیلیا هەستی خۆشەویستییەکەی ئەوی ڕەتکردۆتەوە. پۆلۆنیوس هەروەها پلانێک دادەنێت کە شا کلاودیوس بە چاوی خۆی ڕەفتاری هاملێت ببینێت، تا بۆی ساغبێتەوە کە چۆن خۆشەویستییەکەی بۆ ئۆفیلیا ئەوی تێکداوە، بۆیە دیدارێک لە نێوان هاملێت و ئۆفیلیادا ڕێکدەخات تا هەردووکیان بەنهێنی لە حەشارگەیەکەوە چاودێرییان بکەن.

ڕۆزنکڕانتس و گولدنستێرن دوو هەڤاڵی منداڵیی هاملێتن، هەردووکیان بەختەوەرن و دێنەمارک بە وڵاتێکی ئاسوودە و پڕئاسایش دادەنێن، لێ بە دیدی هاملێت وڵاتەکەیان خراپترین زیندانە لە جیهاندا. رۆزنکڕانتس بە هاملێتی ڕادەگەیەنێت کە هەڤاڵە ئەکتەرەکانی ئەوی بینیوە و نیازیان وایە سەردانی بکەن. لە میانەی گفتوگۆکانیاندا ئەکتەرەکان دەردەکەون و هاملێت بەگەرمی پێشوازییان لێدەکات، ئەوجا لە ئەکتەرێکیان دەپرسێت کە داخۆ بتوانن شانۆیی “کوشتنی گۆنزاگۆس” نمایش بکەن و هاوکات سیینێکی (Scene) تایبەتی بهێننە نێوییەوە کە ئەو خۆی دەینووسێت.

دیمەنی سێیەم

کاتێک هاملێت بۆ لای ئۆفیلیا دێت، پۆلۆنیوس و شا خۆیان لە پشتی فەرشێکەوە دەشارنەوە. هاملێت بە پرسیاری ڕەوشت و جوانی ئۆفیلیا بەگیردەهێنێت، لێ ئەو لە پرسیارەکە تێناگات. کاتێک جوانی وەک دەسەڵاتێک ڕەوشت دەکات بە نێوەندیاری خۆی، ئەوا ڕەوشت بە پێچەوانەوە ناتوانێت هەمان مامەڵە لەتەک جوانیدا بکات؛ ئۆفیلیا نەدەبوو باوەڕی بە هەستی خۆشەویستیی دەربڕراوی ئەو بکردایە، چونکە ڕەوشت ناتوانێت لەنێو ڕەچەڵەکی ئەواندا کارا ببێت. بۆ نموونە ئەو خۆی کرداری ئەوتۆی لێدەوەشێتەوە کە تەنانەت دایکی بەو هۆیەوە ئاوات دەخوازێت ئەوی نەهێنایەتە جیهانەوە. جگە لەوە بۆ ئۆفیلیا باشترە بڕوات لە کلۆستەرێک ببێت بە ڕاهیبە، نەک زارۆکێکی گوناهبار بهێنێتە جیهانەوە. ئۆفیلیا بەو گوتانەی هاملێت تەواو دەپەشۆکێت.

شا بە بینینی ڕەفتارەکانی هاملێت دەگات بەو باوەڕە کە ئەو لە خۆشەویستییەوە وای لێنەهاتووە، بەڵکو شتێک لە ناخیدایە و دەرپەڕینی یەکجار مەترسیدارە. بۆیە دەبێت تا زووە ڕەوانەی ئێنگلاندی بکات.

هاملێت لەکاتی نزیکبوونەوەی نمایشکردنی شانۆییەکەدا بە هۆراشیۆی هەڤاڵی دەبێژێت کە ئەو خۆی سیینێکی (Scene) پەیوەند بە مەرگی باوکییەوە هێناوەتە نێو نمایشەکەوە، هاوکات تکای لێ دەکات کە لەتەک نواندنی ئەو سیینەدا یەکسەر ڕەچاوی پەرچەکرداری مامی بکات.

ئەکتەرەکان بە ئامادەیی شا و شاژن و دەسەڵاتدارانی کۆشک پانتۆمیمێک لەنێو شانۆییەکەدا نمایش دەکەن کە تێیدا شا و شاژنێک باوەش بە یەکدا دەکەن، ئەوجا شاژن دەکەوێتە سەر ئەژنۆ و هێمای وەفاداریی خۆی بۆ ئەو پێشان دەدات. شا هەڵیدەستێنێت و سەری دەخاتە سەر سنگی. دوای ئەوەی شا لەسەر فەرشێکی گوڵین ڕادەکشێت و دەنوێت، شاژن جێیدەهێڵێت. یەکسەر بەدووی ئەوەدا کەسێک دێت، تاجی شا لە سەری لادەبات و تاجەکە ماچ دەکات، ئەوجا ژەهر دەکاتە نێو گوێی شاوە و دەڕوات. پاشان شاژن دەگەڕێتەوە و دەبینێت کە شا مردووە، بۆیە دەست دەکات بە هاوار و سکاڵا. ژەهراویکەر لەتەک دوو یان سێ لاڵدا دەگەڕێتەوە و ئەوها دەنوێنێت کە ئەویش لەتەک شاژندا شیوەن بگێڕێت. لاشەکە دەبرێت، کابرای تاوانباریش بە دیاریبەخشین دەستدەکات بە هەوڵی ڕازیکردنی شاژن، کە سەرەتا ڕازی نابێت، لێ لە کۆتاییدا خۆشەویستییەکەی قبووڵ دەکات.

شا بە بینینی ئەو پانتۆمیمە ڕادەچەنێت، هەروەها پۆلۆنیوس دەنگ هەڵدەبڕێت کە خێرا کۆتایی بە نمایش بهێنن. هاملێت ئێستا بۆی ئاشکرا دەبێت کە گیانی دەرکەوتوو درۆی لەگەڵ نەکردووە.

شاژن ڕۆزنکڕانتس و گولدنستێرن ڕادەسپێرێت هاملێتی کوڕی بانگ بکەن تا لە ئۆدەکەی خۆی هەندێک گفتوگۆی لەگەڵدا بکات. هەروەها پۆلۆنیوس دێت بۆ لای هاملێت و هەمان نیازی دایکی پێڕادەگەیەنێت، پاشان هەواڵی ڕۆیشتنی هاملێت بۆ لای دایکی دەبات بۆ شا و گفتی پێدەدات کە خۆی لە پشتی دیوارپۆشەکەوە بشارێتەوە تا گوێ لە گفتوگۆی نێوانیان بگرێت. دوای ئەوەی شا بەتەنیایە، لەکاتی نوێژکردندا دەیدرکێنێت کە ئەو برای خۆی کوشتووە، هاملێتیش لەو کاتەی نوێژکردندا هەلی بۆ دەڕەخسێت مامی بکوژێتەوە، لێ نایکات، چونکە کوشتن لەکاتی نوێژکردندا کاری بەکرێگیراوانە، بۆیە دەبێت بۆ سەندنەوەی تۆڵەی باوکی لە هەلێکی دی بگەڕێت.

کاتێک هاملێت لە ئۆدەی دایکی نزیک دەکەوێتەوە و بانگی دایکی دەکات، پۆلۆنیوس لەوێ دەبێت و خۆی یەکسەر لە پشت فەرشی دیکۆرییانەی دیوارەکەوە دەشارێتەوە. لێ دایک و کوڕ دەبێت بە دەمەقاڵەیان و هەر یەکەیان سەرزەنشتی ئەویدیکەیان دەکات، ئەوجا ڕەفتاری توورەی هاملێت دایکی زۆر دەترسێنێت و لێی دەپرسێت: “چیت دەوێت؟ خۆ نیازت نییە بمکوژیت؟ ئۆ فریام بکەون! تکایە فریام بکەون!”

پۆلۆنیوس یەکسەر لە پشتی دیوارپۆشەکەوە دەنگ هەڵدەبڕێت کە خێرا بە هانای شاژنەوە بێن، بەوەش هاملێت سووڕدەمێنێت، یەکسەر شمشێرەکەی دەردەکێشێت و بەنێو فەرشەکەدا دەیچەقێنێتە نێو لەشییەوە. ئەوجا هاملێت دەمەقاڵەکەی لەگەڵ دایکیدا تیژتر دەکاتەوە: ئەو ڕووداوە “وەک ڕشتنی خوێنی شایەک وایە کە پاشان خوێنڕێژ هاوسەرەکەی ئەوی لە خۆی مارەکردبێتەوە”. لەو میانەیەدا گیانەکە دیاردەدات و داوا لە هاملێت دەکات کە بڕوانێت دایکی چەند پەرێشانە. بێگومان گیانەکە بۆ گێرترودی دایکی دیارنادات، بۆیە بە ترسەوە لە هاملێت دەپرسێت کە بۆچی ئەوها چاوانی لە بۆشایی بڕیوە و لەتەک هەوای بێجەستەدا دەدوێت؟ لێ هاملێت وەڵامی دەداتەوە کە با بڕوانێت چۆن باوکی لەو دەرگەیەوە دەڕواتە دەرەوە. دایکی ئێستا بەتەواوی بڕوا دەهێنێت کە کوڕەکەی شێتبووە.

دیمەنی چوارەم

شاژن ڕووداوی کوشتنی پۆلۆنیوس بۆ شا دەگێڕێتەوە، لێ ئەو پێشتر بڕیاری خۆی داوە کە ئازادیی هاملێت مەترسییە لەسەر دەسەڵاتەکەی، بۆیە دەبێت لەتەک هەڵاتنی خۆردا بە ئاوەڵیی گولدنستێرن و ڕۆزنکڕانتس بینێرێت بۆ ئێنگلاند. هاملێت بەناچاری ئەو داواکارییە قبووڵ دەکات. کاتێک لەتەک ڕۆزنکڕانتس و گولدنستێرندا بەڕێوەیە بەرەو کەشتییەکە، فۆرتینبراسی شای نەرویج دەبینن کە بەنێو خاکی دێنەمارکدا خەریکی لەشکرکێشییە بۆ سەر پۆلۆنیا.

ئۆفیلیا بەهۆی مەرگی پۆلۆنیوسی باوکی و ڕەوشی هاملێتی خۆشەویستییەوە تێکدەچێت. هەروەها لێرتس بەهۆی کوژرانی باوکییەوە دەگەڕێتەوە بۆ دێنەمارک و لەتەک لایەنگرانیدا هەڵدەکوتێتە سەر کۆشکی شایانە. لایەنگرانی بە دەنگی بڵند ڕایدەگەیەنن کە ئەوان تەنیا لێرتس بە شای خۆیان دەزانن. ئەو دەیەوێت تۆڵەی باوکی بسێنێت، لێ شا کلاودیوس سوێندی بۆ دەخوات کە پۆلۆنیوسی نەکوشتووە، هاوکات گفتی پێدەدات کە لە دۆزینەوەی تاوانباردا هاوکاریی بکات.

هاملێت نامەیەک بە چەند کەشتییەوانێکدا بۆ هۆراشیۆ دەنێرێت و تێیدا دەنووسێت کە کەشتییەکەیان پێش گەیشتن بە ئێنگلاند لە لایەن جەردەی دەریاوە هێرشی کراوەتە سەر و جەردەکان دەستیان بەسەردا گرتووە، لێ بە گفتی بڕێک پارە ئەویان ئازاد کردووە و ڕێیان پێداوە بۆ ئەو مەبەستە بگەڕێتەوە بۆ دێنەمارک، پاشان کەشتییەکە بە ڕۆزنکڕانتس و گولدنستێرنەوە وەک سەرنشین کەوتۆتەوە ڕێ بەرەو ئێنگلاند.

لێرتس بۆی دەردەکەوێت کە هاملێت باوکی کوشتووە، لێ شا بۆی ڕوون دەکاتەوە کە لەبەر دوو هۆ ناتوانێت سزای بدات: یەکەم، دایکی کە شاژنە و زۆری خۆشدەوێت، دووەم، “هۆردوو” (“عەوام”) ئەوی خۆشدەوێت، بۆیە دەشێت ئەو تیرە کە دەیهاوێژێت، بۆ لای خۆی بگەڕێتەوە. دوای ئەوەی نامەبەرێک چەند نامەیەکی هاملێت دەهێنێت کە بۆ خاوەنشکۆ و شاژنی نووسیون و لە یەکێکیاندا باسی گەڕانەوەی خۆی بۆ دێنەمارک دەکات، شا پلانێکی نوێ دادەنێت و وەک پێشنیار دەیخاتە بەردەم لێرتس: ئەو و هاملێت گەرەکە گرەوی گەمەیەکی شمشێربازی بکەن؛ لێرتس گەرەکە دوای چەند جێمێک گەمە شمشێرێک هەڵببژێرێت کە نوکەکەی کول نەکراوە و دەتوانێت بە تێوەژەندنێکی وەستایانە تۆڵەی باوکی بسێنێت. لێرتس بەو پلانەی شا ڕازی دەبێت، لێ دەیەوێت هاوکات نووکی شمشێرەکەی خۆی ژەهراوی بکات. ئەوجا شا دەیەوێت پلانی کوشتنی هاملێت بە ڕێگەیەکی دیکەش مسۆگەرتر بکات: گەر پلانی یەکەم سەرینەگرت، ئەوا گەرەکە دوای شمشێربازییە دۆستانەکەی نێوان هەردووکیان ئاهەنگێک بگێڕرێت، لێرەشدا ئاشکرایە کە هاملێت دوای ئەو گەمەیە شەکەت و تینووە و داوای خواردنەوە دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش لەوێ جامێک شەرابی ژەهراوی دادەنێت.

شاژن کتوپڕ هەواڵی مەرگی ئۆفیلیا بۆ لێرتسی برای دەهێنێت: ئۆفیلیا بە دارەبییەکی سەر چەمەکەدا هەڵگەڕاوە تا کلیلەیەک بەسەر لقێکی شۆڕبۆوەی ئەو درەختەوە هەڵبوواسێت، لەو کاتەدا لقی درەختەکە لەژێر پێیدا شکاوە، ئەویش کەوتۆتە نێو ئاوی چەمەکەوە و خنکاوە.

دیمەنی پێنجەم

مەرگی ئۆفیلیا سەرەتا دەبێت بە کێشەیەکی ئایینی. تەنانەت دوو گۆڕهەڵکەنەکە لەوە دەدوێن کە گەر کەسێک خۆی بەئەنقەست لە ئاودا بخنکێنێت، شایانی ناشتنێکی کریستیانی نییە. هەروەها هاملێت و هۆراشیۆ لە گۆڕستانەکەن بەبێ ئەوەی بزانن چی ڕوویداوە. هێندە ناخایەنێت قەشە و کەسانی دی لاشەی ئۆفیلیا دەهێنن بۆ ئەوێ، هەروەها لێرتس و کەسانی دی، شا، شاژن و دەستوپێوەندان و هتد بەدووی جەنازەکەوەن.

قەشەیەک گومانی خۆی لە هۆی مردنی ئۆفیلیا بە لێرتس ڕادەگەیەنێت، بە دیدی ئەو گەر دەسەڵات ڕێگریی لە بەگەڕخستنی نەریتەکان نەکردایە، ئەوسا دەبوو ئۆفیلیا لە زەوییەکی پیرۆزنەکراودا بنێژرایە، لێ لێرتس سوورە لەسەر ئەوە کە دەبێت خوشکەکەی لە گۆڕستانێکی کریستیانیدا بنێژرێت. ئێستا هاملێت دەزانێت کە ئەوە لاشەی ئۆفیلیایە بۆ ئەوێ هێنراوە.

لێرتس داوا دەکات کە ئەردی سەر ئۆفیلیا لابەرن تا جارێکی دی خوشکی ئازیزی لە ئامێز بگرێتەوە، ئەوجا خۆی فڕێ دەداتە نێو گۆڕەگەوە، هاملێتیش هەمان کار دەکات و لە نێوان هەردووکیاندا دەبێت بە شەڕ. لێ هاملێت تێناگات کە بۆچی لێرتس ئەوها کیناوی بەرەو ڕووی بۆتەوە – ئەو کە هەمیشە لێرتسی خۆشویستووە.

هاملێت پاشان بۆ هۆراشیۆی هەڤاڵی دەگێڕێتەوە، کە بەڕێوە بەرەو ئێنگلاند لە کەشتییەکەدا نامەیەکی نهێنیی شای لە هەگبەیەکی ڕۆزنکڕانتس و گولدنستێرندا ئاشکرا کردووە و تێیدا شا بە نووسراو فەرمانی داوە، گەر هاملێت لە جەردەکان ڕزگاری ببێت، ئەوا بە گەیشتنی بۆ ئێنگلاند یەکسەر بکوژرێت. لێ ئەو خەتمەکەی باوکی پێبووە کە نموزەجی هەمان خەتمی دێنەمارکە، ئەوجا نامەیەکی هاوشێوەی نامەکەی شای نووسیوە بە داواکارییەوە بۆ لەناوبردنی ڕۆزنکڕانتس و گولدنستێرن، پاشان خەتمی لێ داوە و نامەکەی خستۆتەوە نێو هەگبەکەیان. هەردووکیان زۆر مەبەستیان بووە کە هاملێت لەناوببرێت، بۆیە بەهۆی کوشتنی ئەوانەوە تووشی ئازاری ویژدان نابێت. ئەو هەروەها دەیدرکێنێت کە دەیەوێت لەتەک لێرتسدا ئاشتبێتەوە.

پێش دەستپێکردنی گەمەی شمشێربازییەکە شا بانگی هاملێت دەکات و دەستی لێرتس دەخاتە نێو دەستییەوە. هاملێت داوای لێبوردن لە لێرتس دەکات کە ناڕەوایی بەرانبەر کردووە، لێ لێرتس وەڵامی دەداتەوە کە ئەو لەگەڵیدا ئاشتنابێتەوە تا شارەزایانی بەتەمەن ڕای خۆیان لەسەر ئەو ڕووداوە دەردەبڕن.

هاملێت جێمی یەکەمی شمشێربازییەکە دەباتەوە. شا فەرمان دەدات کە شەراب بهێنن، لێ هاملێت دەیەوێت جێمێکی دووەمیش گەمە بکات و پاشان شەراب بنۆشێت. دوای بردنەوەی جێمی دووەمیش، شاژن دەسڕەکەی خۆی پێدەدات تا ئارەقی نێوچەوانی بسڕێت، ئەوجا ڕووی دەمی تێدەکات: “هاملێتم، وا دایکت لە بەختی تۆ شەراب دەنۆشێت”. شا خێرا دەنگ هەڵدەبڕێت کە ئەو شەرابە نەخواتەوە، لێ گێرترود بەقسەی ناکات. ئەمجارە لێرتس لە شمشێربازییەکەیاندا هاملێت زامدار دەکات، لێ پاشان لە گێژاوی پشوودان و دەستکردنەوەدا بە گەمە شمشێرەکەی لێرتس دەکەوێتە لای هاملێت و ئێستا ئەم بەو شمشێرە لێرتس زامدار دەکات. کتوپڕ شاژن دەکەوێت، ئەوجا هۆراشیۆ دەنگ هەڵدەبڕێت کە هاملێت و لێرتس خوێنیان لێدەڕژێت، هاوکات شا دەیەوێت وای پێشان بدات کە گۆیا شاژن بەهۆی بینینی خوێنەوە بووراوەتەوە، لێ شاژن هێشتا هێزی تێدا ماوە و خۆی دێتە گۆ کە بەو شەرابە ژەهرخوارد کراوە. هاملێت فەرمان دەدات کە خێرا دەرگەکان دابخەن، ئەوجا کاتێک بە دەنگی بەرز دەپرسێت: “کوا، لەکوێ خۆی شاردۆتەوە؟”، لێرتس وەڵامدەداتەوە: “لێرەم هاملێت، تۆ تازە کوژرایت، هیچ دەرمانێک لە جیهاندا چارەسەرت ناکات. ئەو ئامرازەی دەستت کول نەکراوە و ژەهراوییە، ئەوەتا ناپاکییەکەم بەسەر خۆمدا شکاوەتەوە، ببینە، وا لێرە کەوتووم، تازە چیدی ناتوانم هەستمەوە، دایکیشت ژەهرخوارد کراوە. ئەوە هەمووی تاوانی شایە!”

هاملێت بە شمشێرەکەی شا دەکوژێت، هاوکات لێرتس تکای لێدەکات کە لە یەکدی ببورن، ئەوجا ئەویش دەمرێت. هاملێت لێی دەبوورێت، پاشان هۆراشیۆ ڕادەسپێرێت کە ڕاستینەی ئەو ڕووداوانە بۆ هەموو کەس ڕوونبکاتەوە.

فۆرتینبراس دوای لەشکرکێشییە سەرکەوتووەکەی بۆ سەر پۆلۆنیا بەسەر ئەم کارەسەتەدا دەگەڕێتەوە بۆ دێنەمارک. هاملێت وەسێت بۆ هۆراشیۆ دەکات کە گەرەکە فۆرتینبراس وتاری ناشتنەکەی بدات. پاشان هاملێت دەمرێت. هەموو بە ئامادەیی فۆرتینبراس کۆدەبنەوە، هەروەها شاندی ئێنگلاند گەیشتۆتە جێ و هەواڵی هێناوە کە فەرمانی کوشتنی ڕۆزنکڕانتس و گولدنستێرن بەجێگەیەنراوە. پاشان هۆراشیۆ دەنگ هەڵدەبڕێت، گەرەکە هەموو جیهان بزانێت کە ئەوە هەمووی چۆن ڕوویداوە. ئەو خۆی ئامادەیە ڕاستییەکان بدرکێنێت: لەبارەی تاوان، کوشتن و مەرگی سروشتی، لەبارەی پیلان و خودی پیلانگێڕانیش.

فۆرتینبراس وەسێتەکەی هاملێت بەجێدەگەیەنێت و فەرمان دەدات کە چوار خانەدان وەک جەنگاوەرێک بینێژن، جگە لەوە نایشارێتەوە کە دەمێکە دەسەڵاتداریی وڵاتی دێنەمارکی بە مافی خۆی زانیوە، کەواتە ئەو لە ئەوڕۆ بەدوواوە هەروەها شای دێنەمارکە.

 

١-٣ “هاملێت”ی کامەران ڕەئوف

شانۆ

پانتاییەک / نمایشگە لە شێوەی زینداندا کە نزیکەی مەترێک بەرزە، چوار دەرگەی هەیە بەرەو ژێڕزەمینێک کە پڕێتی لە زیندانی. لە قووڵایی شانۆوە دوو قەڵا هەن کە لە هەردوو لای نمایشگە بیناکراون. لێڕوانەران لە هەردوو لای نمایشگە دادەنیشن.

دیمەنی یەک

دەستڕێژی فیشەک و دەنگی شاوری ئاگادارکردنەوە بەپێش کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی وڵاتدا ڕادەبوورن، بەشداربووانیش بریتین لە: سەرۆک، گێرترود، پۆلۆنیوس، لێرتس، هاملێت، سکرتێری سەرۆک و چەند پاسەوانێک.

سەرۆکی دەزگا (دەوڵەت) بە پێویستی دەزانێت کە پرسەیەکی تایبەت بۆ سەرۆک هاملێتی کۆچکردوو دابنرێت، هاوکات ڕایدەگەیەنێت کە هاوسەری سەرۆکی کۆچکردوو ئێستا هاوسەری خۆیەتی و هاوبەشی فەرمانە لە دەوڵەتدا، جگە لەوە دەوڵەت پشتئەستوورە بە هێزی سووپا، بۆیە هیچ ترسێکیان لە مەبەستی دوژمنانەی سەرۆکی دەوڵەتی ڕۆژهەڵات نییە.

لێرتس وەک بەندەیەکی هۆشرایەڵ تکا لە سەرۆکی مەزن دەکات کە ڕێی پێبدات “دەزگا جێبهێڵێت” تا لە هەندەران خوێندن تەواو بکات. لێ سەرۆک بە پێکەنینی تەوسمەند و پەنجەی هەڕەشە لێی دەپرسێت، کە داخۆ پێش ئەو تکایە ڕەزامەندیی لە پۆلۆنیوسی باوکی وەرگرتبێت. پۆلۆنیوس کە ڕاوێژکاری سیاسیی دەوڵەتە، خزمەتکارئاسا بۆ جەنابی سەرۆکی ڕووندەکاتەوە کە لێرتس بە پاڕانەوەی کوڕانە ڕەزامەندیی لێ وەرگرتووە، بێگومان گرنگ ئەوەیە کە جەنابی سەرۆک دوا قسەی خۆی بکات. سەرۆک لارینەبوونی خۆی بە ژستێکی هەڕەشەئامێزی گەمەییەوە بۆ خواستی لێرتس دەردەبڕێت.

سەرۆک هەروەها دەخوازێت کە هاملێت واز لە خوێندن بهێنێت و ئەرکی خۆی وەک برازا و کوڕ و جێگری ئەو بەجێبگەیەنێت. گێرترودی دایکی هەمان تکای لێدەکات، ئەویش گفت بە هەردووکیان دەدات گوێرایەڵیان بێت. سەرۆک بەو بۆنەیەوە بڕیار دەدات زیندانییەکان (گێرەشێوێنان) بۆ ماوەیەکی کاتی ئازاد بکرێن و دەروازەی کۆشکیان بۆ بکرێتەوە. لێ هاملێت لە بنەڕەتدا زۆر تووڕەیە لە درۆزنیی سەرۆکی دەزگا و بەدپەیوەندییەکانی نێو وڵات.

(دەوڵەت بە بڵندگۆ ئاگادارییەکی فەرمی ڕادەگەیەنێت کە سەرۆکی دەزگا چاوپێکەوتنی لەگەڵ نوێنەرانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا ڕەتکردۆتەوە، چونکە دەستدرێژییان کردۆتە سەر هەندێک ناوچەی سنووریی وڵاتەکەیان. هەڵوێستی سەرۆک بەڵگەیە بۆ ئەو ڕاستییە کە دەزگا سەربەخۆیە و سەرۆک ئەجێندای هیج وڵاتێک پەسەند ناکات. هاوکات سوپا خراوەتە ئامادەباشییەوە.)

دیمەنی دووەم

لێرتس لەکاتی خۆئامادەکردندا بۆ کەوتنەڕێ ئامۆژگاریی ئۆفیلیای خوشکی دەکات کە هیچ بایەخێک بە هاملێت نەدات، چونکە هاملێت جێی باوەڕ نییە، جگە لەوە پەیوەندیی بەو شێوەیە کە هاملێت دەیخوازێت، “دژی یاسای وڵاتە”. باشترین ڕێگە بۆ مرۆڤ ئەوەیە کە سۆز و خۆشەویستیی خۆی بشارێتەوە و ئاشکرایان نەکات، چونکە ترس مایەی سەلامەتییە.

هەروەها پۆلۆنیوسی باوکیان ئامۆژگاریی لێرتس دەکات کە متمانە بە هیچ کام لە هەڤاڵانی خۆی نەکات، تەنانەت بەردەوام هەڤاڵانی تاقیبکاتەوە، جگە لەوە هەرگیز سەلام لەو کەسانە نەکات کە پێگەی جڤاکییان لە هینی ئەو نزمترە، لێ گەر پێگەیان لە هینی ئەو بەرزتر بوو، ئاساییە بۆیان بچەمێتەوە.

دوای ئەوەی لێرتس بەجێیان دەهێڵێت، ئۆفیلیا بۆ پۆلۆنیوسی باوکی ڕووندەکاتەوە کە هاملێت هەستی ئەڤینداریی خۆی بۆ ئەو دەردەبڕێت و تەنانەت پەیمانی خۆشەویستییەکەی بە پیرۆزترین سوێندەوە گرێداوە، لێ پۆلۆنیوس پەیمانی ئەوها بە وشەی سەرزارەکی دادەنێت.

(دەوڵەت بە بڵندگۆ ئاگادارییەکی فەرمی ڕادەگەیەنێت کە ئەوڕۆ سەرۆک چاوی بە ژمارەیەک نووسەر و هونەرمەند کەوتووە و گوێی لە گلەییەکانیان گرتووە، بەڵێنی پێداون لەبریی ئەو دوو هۆڵەی شارەوانی تێکیدان و لە شوێنی ئەوان قەسابخانەیەکی سەردەمیی دروست کرد، لە بودجەی ساڵی داهاتوو چەندین هۆڵی شانۆ و موزیک و سینەما دروست بکات).

دیمەنی سێیەم

چەند پاسەوانێک چاودێریی هاتنەدەرەوەی زیندانییەکان دەکەن، لەگەڵ کردنەوەی دەروازەی زینداندا تیشکی خۆر دەپەخشێتە ژوورەوە، لێ دوای ئەوەی زیندانییەک دەیەوێت لە دەروازەکەوە بچێتە دەرەوە، دەدرێتە بەر دەسڕێژی فیشەک و بریندار دەکرێت. پاسەوانانی ڕەشپۆش و دەمامکدار بە لێدان زیندانییەکان دەخەنەوە نێو زیندان. هاملێت بۆ خاتری بریندارەکە بانگی هۆراشیۆ دەکات، ئەویش بە سەدریەی پزیشکییەوە خۆی دەگەیەنێتە جێ، لێ هیچی بۆ ناکرێت و زیندانییەکە دەمرێت.

هاملێت دەمێک بوو هۆراشیۆی هەڤاڵی دێرینی نەبینی بوو، ئەوجا هۆراشیۆ لە میانەی گفتوگۆی نێوانیاندا دەیدرکێنێت کە “مەیلی هەڵاتنی لە ناخدا دروستبووە”، لێ هاملێت بڕوای پێناکات و لێی دەپرسێت کە داخۆ هەرگیز دەرەوەی زیندانەکەیانی بینیبێت. هۆراشیۆ بە بیستنی وشەی زیندان سووڕدەمێنێت، لێ خێرا باسەکە دەگۆڕێت بۆ بەشداریی خۆی لە ناشنی تەرمی باوکیدا. هاملێت بۆی دەگێڕێتەوە کە بەردەوام لە پێشبینی یان خەونەکانیدا باوکی دەبینێت و هەموو جارێک کوشتن نەک مردن لە ڕوخساریدا دەخوێنێتەوە، هەروەها دەیەوێت بزانێت کە داخۆ هۆراشیۆ و هاوکارانی پشکنینیان بۆ تەرمی باوکی کردبێت، ئەوجا داخۆ بۆیان ئاشکرا بووبێت کە ژەهرخوارد کراوە یان نا، لێ هۆراشیۆ وەڵامی ناداتەوە.

(دەوڵەت بە بڵندگۆ ئاگادارییەکی فەرمی ڕادەگەیەنێت کە هاوڵاتیان لەژێر سایەی سەرۆکی خۆشەویستدا ژیانیان لە ئەوپەڕی ئاسایشدا بەسەردەبەن، هەروەها سەرۆک بڕیاری داوە بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی ولات و هاوسەرگیرییەوە لەتەک خانمی دەزگادا زیندانیان بۆ ماوەیەک ئازاد بکرێن.)

دیمەنی چوارەم

سەرۆک لە لەتێک نان پارچەی بچووک لێدەکاتەوە و بۆ زیندانییەکانی فڕێدەدات، ئەوانیش بەپەرۆشەوە دەستیان بۆ دەگرنەوە. هەروەها گێرترودی هاوسەری، گولدنستێرن و ڕۆزنکڕانتس ئامادەن. ئەمان هەڤاڵی دێرینی هاملێتن و دەزانن کە ڕەوشی دەرونیی ئەو تێکچووە، لێ سەرۆک دەیەوێت بۆی ساغبێتەوە کە داخۆ شتێکی دیکە جگە لە مەرگی باوکی هەبێت و هاملێتی ئەوها تێکدابێت. ئەوجا گێرترود تکایان لێ دەکات کە چەند ڕۆژێک لای هاملێت بمێننەوە بەشکم بەڕێی ئەوانەوە بێتەوە سەر خۆی، لێ سەرۆک لەوە زیاتری دەوێت: ئەوان گەرەکە هاوکات بیخەنە ژێر چاودێرییەوە. هەردووکیان گفت دەدەن لە فەرمانیان دەرنەچن. پاشان گولدنستێرن ئاماژە بۆ ئەوە دەدات کە هاملێت زیاتر هۆگری ئەو هونەرمەندە دۆستانەی خۆیەتی کە گەرەکە بەو زووانە بە بڕیاری سەرۆک ئازادبکرێن.

دیمەنی پێنجەم

ئۆفیلیا بە پۆلۆنیوسی باوکی دەبێژێت کە لە ڕەفتاری نائاسایی هاملێت زۆر ترساوە، لێ بە دیدی باوکی ڕەنگە خۆشەویستییەکەی بۆ ئۆفیلیا ئەوی شێت کردبێت، هاوکات ئامۆژگاریی ئۆفیلیا دەکات کە کراسێکی قەشەنگ بپۆشێت و خۆی بە ماکیاژ بڕازێنێتەوە تا زیاتر هاملێت شێت بکات.

دوای ئەوەی دەنگی سکاڵای هاملێت دەبیسترێت، ئۆفیلیا دەڕوات، ئەوجا پۆلۆنیوس دەیەوێت هاملێت تاقیبکاتەوە، بۆ نموونە کە داخۆ ئەو بناسێتەوە، لێ هاملێت لە وەڵامدا پێی دەبێژێت: “بەڵێ، تۆ کەللەچیت”، نەخێر زیاتر لەوەش: “خۆزگە تۆ بەقەد کەللەچی بەشەرەف بوویتایە”.

رۆزنکڕانتس و گولدنستێرن وەک بڕیار بوو دێن بۆ لای هاملێت. هەردووکیان بەختەوەرن و وڵاتی خۆیان خۆشدەوێت، لێ هاملێت بە پێچەوانەوە سەرجەم جیهان وەک زیندانێکی نموونەیی و وڵاتەکەشیان وەک کاولتر لە هەر جێیەکی دیکەی نێو جیهان دەبینێت. بەڵێ تەنانەت مرۆڤ کە ئاوەز سەروەرێتی و توانا بێسنوورەکانی دەبزوێنێت، بەهۆی ئەو ئەدگارانەیەوە فڕێ دەدرێتە نێو زیندانەوە.

ڕۆزنکڕانتس بە هاملێتی ڕادەگەیەنێت کە هەڤاڵە هونەرمەندەکانی ئازاد دەکرێن، لێ ئەو وایدەبینێت، کە ئەو جۆرە هەنگاوانە تەنیا دەرفەتێکن بۆ ئەوەی هونەرمەندەکان بیر لە خۆیان بکەنەوە و بێنە ڕیزەوە، هاوشێوەی ئەو هونەرمەندانە کە بەردەوام دەستیان بە سنگیانەوە گرتووە، چونکە چاوەڕوانی ستایش و پیاهەڵدانن، دەسەڵاتدارانیش پارەیان بۆ خەرج دەکەن، چونکە لە کاریگەریی هونەر دەترسن.

(دەوڵەت بە بڵندگۆ ئاگادارییەکی فەرمی ڕادەگەیەنێت، گۆیا ئەوڕۆ کەسێک لە زیندان هەڵاتووە کە سەر بە گرووپێکی تێرۆریستی بووە، هەروەها تێرۆریستان مەرحەمەتی سەرۆکیان بە هەل زانیوە و هێرشیان کردۆتە سەر گرتووخانە بە مەبەستی ئازادکردنی گێرەشێوێنان، لێ پاسەوانان لێیان هاتوونەتە دەست و مەرامەکەیان پووچەڵكردوونەتەوە).

دیمەنی شەشەم

پۆلۆنیوس وەک بەڵگەی وەفاداری بۆ سەرۆک نامەیەکی هاملێت پێشانی سەرۆک و گێرترود دەدات کە بۆ ئۆفیلیای کچی ناردووە و تێیدا شەیدایی خۆی بۆ ئەو دەردەخات. پۆلۆنیوس گفت دەدات کە هەلێک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ئۆفیلیای کچی لەتەک هاملێتدا بەشەڕ بدات، ئەوانیش هەردووکیان لە حەشارگەیەکەوە تەماشایان بکەن تا ڕاستییان بۆ دەربکەوێت.

سەرۆک ڕەزامەندی بۆ ئەو پێشنیارە دەردەبڕێت.

دیمەنی حەوتەم

هاملێت و هۆراشیۆ کتوپڕ لە نیوەشەوەدا گوێیان لە دەنگی ئاهەنگە کە جەنابی سەرۆک دەیگێڕێت. بە دیدی هاملێت خواردن و خواردنەوە و سەما لە وڵاتەکەیاندا بوون بە نەریت، بۆیە گەلانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات گاڵتە بە گەلەکەیان دەکەن. ئاخر گەلی ئەوان مێژووی لەدەستداوە، هۆی ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هەستی بێبایەخیی خۆیان لەنێو مێژوودا. ئەوجا لە وڵاتی ئەواندا بێڕێزی بە مرۆڤ گەیشتووەتە ڕادەیەک کە لاشەی زیندانی بەدەم گۆرانییەوە لە زیندان دووردەخرێتەوە، جا گەرچی هیچ دوور نییە مردووەکە پارێزەرێک بووبێت و لە بەرگریکردنی هەقیقەتدا ئازادیی لێ زەوت کرابێت، هونەرمەندێک بووبێت کە بەهۆی بەرهەمێکی ئافرێنراوەوە بەری خۆری لێ گیرابێت، سیاسییەکی دژ بە سەرۆک بووبێت، یان کیژۆڵەیەکی پاکیزە بووبێت کە نەیویستووە خۆی بەدەستەوە بدات.

پۆلۆنیوس دێت بۆ لایان و ڕایدەگەیەنێت کە نووسراوی ئازادکردنی هەڤاڵە هونەرمەندەکانی هاملێتی لە نووسینگەی سەرۆک تەواوکردووە. ئەوان ئیدی ئازادن تا دوای پێشکەشکردنی نمایشێک لە بەردەم هەموواندا بە خودی سەرۆکەوە. چەند پاسەوانێک دەرگەی زیندان دەکەنەوە و هونەرمەندە دیلکراوەکان دێنە دەرەوە. هاملێت باوەشیان پێدا دەکات، لێ هۆراشیۆ پێکەنینی بەو ڕەوشە دێت. هاملێت جارێ دەخوازێت کە ئەوان بڕۆن بحەوێنەوە و دوای ئەوە پێکەوە بیر لە بەرهەمێکی هونەریی نوێ دەکەنەوە. پاشان هەموویان پێکەوە لەتەک پۆلۆنیوسدا دەڕۆن و هاملێت بەتەنیا دەمێنێتەوە.

هاملێت خۆی بە کوڕی کوژراوێک دادەنێت و دەیەوێت ئەو تاوانەی بۆ ساغبێتەوە، هاوکات سکاڵا لە دەست بێتوانایی خۆی دەکات، گۆیا ئەو هاوشێوەی هونەرمەندانی ڕەسەن نییە کە بە کارەکانیان دەسەڵاتدارانیان تۆقاندووە. کتوپڕ ئۆفیلیا دەردەکەوێت کە پێڕوکەیەکی کردۆتە سەری، ڕوخساری ماکیاژ کردووە و پۆشاکێکی سەردامانی سووری پۆشیوە. هاملێت بە بینینی ئەو شێوەیەی ئۆفیلیا پتر تێکدەچێت، بەتووڕەیی دەسڕێک دەردەهێنێت و ماکیاژی سەر ڕوخساری دەسڕێت. ئاخر ئەو شێوەیە جوان نییە، چونکە: “گەر تۆ پاک و بێگەرد بیت، ئەوا دەبێت پاکی و بێگەردیت کارێک بکات کە گەیشتن بە جوانیت مەحاڵ بێت”. بەڵێ “رۆڵی جوانی زۆر بەهێزترە لە بەسۆزانیکردنی بێگەردی”. جگە لەوە ئۆفیلیا نەدەبوو باوەڕ بە هەستی خۆشەویستییەکەی ئەو بکات، چونکە گەرچی ئەو خۆی بە کەسێکی بێگەرد دادەنێت، کەچی ڕەفتاری ئەوهای لێدەوەشێتەوە کە بەهۆیەوە تەنانەت دایکی هیوا دەخوازێت ئەوی نەبووایە. بەڵێ باشترە ئۆفیلیا شوو بە قەشمەرێک بکات، یان ببێت بە ڕاهیبە.

ئۆفیلیا دەست بە گریان دەکات. هاوکات سەرۆک و پۆلۆنیوس لە حەشارگەکەوە ڕەوشی هاملێت بەڕوونی دەبینن. تەنانەت سەرۆک بەو ڕەفتارانەی ئەو سووڕدەمێنێت، لێ گومانی هەیە کە ئەوە سۆزی کەسێکی ئەڤیندار بێت، بۆیە دەبێت بە هەر شێوەیەک هاملێت لە خۆی دووربخاتەوە و ڕەوانەی باشووری بکات، چونکە مەترسییە لەسەر دەسەڵاتەکەی.

بڵاوکردنەوە: