وێنە، وەک دەرخەری نامۆیی لە ڕوانگەی کارڵ مارکسەوە

818
0
بڵاوکردنەوە:

وێنەکانی دڵشاد جەمال بە نموونە

نووسینی: ئاسۆس ساڵح

نامۆیی لە ڕوانگەی ”کارڵ مارکس”­ەوە:

نامۆبوون (Alienation) یەکێکە لەو زاراوانەی لە سەدەی رابردوودا زۆرترین گفتوگۆ و تێروانینی لە بارەوە خراوەتە ڕوو، لەم مشتومڕانەدا تیۆریزەکردنەکەی مارکس بۆ نامۆیی ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا. هەروەک ئاشکرایە، مانای ئەم زاراوەیە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، هەر ”لە گوتاری تیۆلۆژیی (ئیلاهیناسی)دا بۆ مەودای نێوان مرۆڤ و خودا بەکارهێندراوە؛ لە تیۆریەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییدا، بۆ لە دەستچوونی ئازادیی بنچینەیی تاک بەکارهێندراوە؛ و لە ئابووریی سیاسیی ئینگیزیشدا ئاماژە بۆ حەواڵەکردن و گواستنەوەی خاوەنداریێتی موڵک و مومتەلەکات.” (مارچێلۆ مۆستۆ، ٢٠١٨؛ ل٤) واتا نامۆیی پێش ئەوەی وەک چەمکێکی فەلسەفیی بناسرێت و شوناسی فەلسەفیی وەربگرێت لە دەرەوەی پانتاییی فەلسەفە بەکارهاتووە، بەڵام دواتر هیگڵ وەک یەکەمین بیریار نامۆیی لەڕوانگەیەکی فەلسەفیی هەڵدەسەنگێنیت ئەمە ڕاستە کە ”پێش ئەوەی نامۆیی وەک چەمکێکی بان فەلسەفیی (شۆشگێڕانە) لە لای مارکس باڵا بکات، وەک چەمکیکی فەلسەفیی لەسەر دەستی هیگڵ و فۆیەرباخ پێگەیەنرابوو. هیگڵیش لە پێگەیاندنی چەمکی نامۆییدا کۆمەڵێک پێشڕەوی لە پشت بوو. هەندێک لەم پێشڕەوانە کەڵکیان لەم زاراوەیە وەرگرت بەبێ ئەوەی نزیک ببنەوە لە مانا هیگڵیی (یان مارکسی)یەکەی” (گاج پێترۆڤیچ، ٢٠٢٠؛ ل١١٧٠)

کارڵ مارکس وەک یەکێک لە هیگڵیییە چەپڕەوەکان کاری لەسەر نامۆیی کردووە و ڕاڤەی جیاوازی بۆ چەمکی نامۆیی کردووە، هەر ئەمەشە وادەکات ئەمڕۆ چەمکی نامۆیی یەکێک بێت لە چەمکە گرینگەکانی مارکسیزم، هەم مارکسیستەکان و هەمیش نا مارکسیستەکان بۆی بگەڕێنەوە و کاری لەسەر بکەن. ئەریک فرۆم، پێیوابوو لە دیدی مارکس مێژووی مرۆڤ لە ڕووی جۆرەوە مێژووی گەشەسەندنی مرۆڤە، لە هەمان کاتدا، مێژووی نامۆیی زیاتریشە، هەروەها کۆمۆنیزم بریتییە لە ڕزگاربوونی مرۆڤ لە نامۆیی و گەڕانەوەیەتی بۆ خودی خۆی و بەدەستهێنانەوە و سەلماندنی خۆیەتی. مارکس بۆ شیکردنەوەی چەمکی نامۆیی بە دیدێکی جیاوازتر لە هیگڵییە چەپڕەوەکانی تر دێت ڕاڤەیەکی نوێ بۆ نامۆیی دەکات ئەویش بە ”گۆڕینی کاتیگۆرییە هیگڵییەکانی وەک کۆیلە و خاوەن کۆیلە بۆ کرێکار و سەرمایەدار، هەروەها جەختکردن لەسەر شێوازی داگیرکردن، بەکارهێنانی بەرهەمی کرێکاری لەلایەن سەرمایەدارەوە، نامۆیی بە قۆناغێکی نوێی مێژووەوە بەستووەتەوە. بایەخدانی مارکس بە نامۆیی لە سەرەتای بیکردنەوەی فەلسەفی و نووسراوەکانیدا دەردەکەوێت و بە جەوهەری کۆمەڵگەی سەرمایەداریی دادەنێت.” (محەمەد کەمال، ٢٠١٩؛ ل١٣١) مارکس سەرنجی تەواوی لەسەر جیاوازیی چینایەتیی بوو، هاوشان لەگەڵ ئەنگڵس لە کتێبی مانیفێستی پارتی کۆمۆنیست دەنووسێت: ”مێژووی کۆی کۆمەڵگاکان تا ئێستا، مێژووی خەباتی چینایەتی بووە.” (مارکس و ئەنگڵس، ٢٠١٧؛ ل١٥) ئەم جیاوازیی چینایەتییەش لە کۆمەڵگەی سەرمایەدارییدا دەگاتە کۆتا ئاستی و کرێکاران وەک چینی زۆرینە دەکەونە ژێردەستی چینی بۆرژوازیی کە کەمینەیەکی نێو کۆمەڵگەن، دەرئەنجامی ئەمەش بە نامۆیی بۆ کارێکاران دەشکێتەوە و نامۆیی لە سیستەمی سەرمایەدارییدا دەکاتە لوتکە.

مارکس سەرچاوەی سەرەکی نامۆبوونی مرۆڤ لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریی مۆدێرنیتەدا دەگەڕێنیتەوە بۆ سیستەمی ئابووریی و دابەشکردنی کار. ئەو پێیوایە ”کاری نامۆبوو (Entfremdete Arbeit) نەک تەنها دەستی کرد بە فراوانکردنی پرسی نامۆبوون لە بواری فەلسەفیی، ئایینیی و سیاسییەوە بۆ بواری ئابووریی بەرهەمهێنانی ماتریالیی؛ بەڵکو هەروەها ئەوەشی دەرخست کە بواری ئابوریی مەسەلەیەکی جەوهەریی و کرۆکییە بۆ تێگەیشتن و زاڵبوون بەسەر نامۆبوون لە هەموو بوارەکانی دیکەدا. نامۆبوون لە کتێبی دەستنووسە ئابووریی و فەلسەفییەکانی ١٨٨٤دا وەک دیاردەیەک پیشاندراوە کە بەرهەمی کار وەک شتێکی نامۆ، وەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆ لە بەرهەمهێنەران لە بەرانبەر و دژی کار دەوەستێتەوە.” (مارچێلۆ مۆستۆ، ٢٠١٨؛ ل٩) لە دیدی مارکس کار چالاکییە، پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سروشتە، بۆ خوڵقاندنی جیهانێکی نوێ، هاوکات دەبێت خۆی لە ناو ئەم کارەدا بدۆزێتەوە واتا جەوهەری بوونایەتی خۆیتێدا ون نەکات و سەربەستانە کارەکە بکات. بەڵام کاتێک خاوەندارییەتی تایبەت بەتەواویی جێکەوتە بوو، ئیدی کار لەم بەهایەی دەکەوێت کرێکاریش لە کاری خۆی نامۆ دەبێت، چیتر کار وەک بەشێک لە کرێکار هەژمار ناکرێت ئیدی کار بە نامۆکراوە؛ کرێکار بەدەر لەوەی لە کارەکەی هیلاک و ماندوو دەبێت بەهەمان شێوە هەست بە هیلاکیی و نامۆبوونی دەروونیش دەکات تەنها ئەوکاتە هەست بە سەربەستی و ئازادیی دەکات کە لە کار نییە و لە ماڵ لە پشوودایە. بەپێی تێگەیشتنی مارکس نامۆبوونی مرۆڤ چوار شێواز لە خۆ دەگرێت: نامۆبوونی مرۆڤ لە بەرهەمی کاری خۆی، نامۆبوون لە بەرهەمەم هێنان، نامۆبوون لە سروشتی کۆمەڵایەتیی خۆی و نامۆبوون لە هاوکارانی خۆی. مارچێلۆ مۆستۆ لە کتێبی ”گەڕانەوەی دووبارە بۆ چەمکی نامۆیی مارکس” ئاوا پۆلێنی نامۆبوونی کرێکاری کردووە و دەنوسێت: ”١/ نامۆ دەبێت لە بەرهەمی کاری، کە دەبێتە بابەت و ئۆبێکتی نامۆ و دەسەڵاتی لە سەرووی خۆیەوە هەیە. ٢/ لە چالاکی کاری خۆی کە ڕاستەوخۆ وەک ئەو شتەی سەربەخۆیی نییە، لە دژی خۆی دەوەستێتەوە. ٣/ لە بوونی جۆریی مرۆیی خۆی کە دەبێت بە بوونێکی نامۆ بەخۆی. ٤/ لە بوونی مرۆڤەکانی دیکە و لە پەیوەندیدا بەکار و ئۆبێکتەکانی کاری ئەوان.” (مارچێلۆ مۆستۆ، ٢٠١٨؛ ل١٢)

نامۆبوون لە بەرهەمی کار، کرێکار لە بەرهەمەکانی خۆی نامۆ دەبێت، ئەو شتەی خۆی بەرهەمی دەهێنێت لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریی بە پیشەسازییبووی مۆدێرندا ناتوانێت خۆی بەکاریبهێنیت و خۆی ڕاستەوخۆ سوودمەند بێت لەم بەرهەمەی کە بە هەوڵ و ماندووبوونی ئەو هاتووەتە بەرهەم. بەدەر لەوە هەمیشە جۆرێک لە بێگانەیی بە بەرهەمەوە دیارە، کرێکار هەست بە نامۆیی دەکات لە کار و بەرهەمەکەی چونکە بۆ کەسێکی تری بەرهەم هێناوە و قازانجەکەش بۆ کەسێکی ترە نەوەک خوودی بەرهەمهێنەرەکە، کە کرێکارەکەیە. کرێکار تا زیاتر کاڵا بەرهەمبهێنیت بەهای کرێکار وەک کاڵایەک زیاتر دادەبەزێت، هەروەها هێزی خۆی دەفرۆشێت تەنها بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی خۆی پێدابین بکات. واتا دەتوانین بڵێین: مرۆڤ لە دۆخێکی ئاوادا لە خۆ نامۆیە، لە بەرامبەر بەرهەمەکانی خۆی نامۆ بووە، چونکە بەرهەمهێنان ڕاستەوخۆ بۆ ڕەزامەندیی و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی کرێکار (مرۆڤ) نییە، لەبەر ئەوەی ئەوکارە ڕاستەوخۆ بۆ خۆی ناکات بەڵکوو بۆ کەسێکی تر دەکات، لە ئەنجامدا نامۆبوون لە بەرهەمەکانی خۆی دەبێتە نامۆبوون لە خۆی.

نامۆبوون لە بەرهەمهێنان لە سیستەمی سەرمایەدارییدا مرۆڤ مەحکومە بەکارکردن، واتا پەیوەندی نێوان کار و کرێکار لەسەر خواست و حەز نییە، بەڵکوو شتەکە ناچارییە بۆ زیندوو مانەو و درێژەدان بەژیان. ”لە ئەنجامدا بە وتەی مارکس کرێکار تەنیا لە دەرەوەی کار هەست بە خۆی دەکات، هەروەها لە ناوەوەی کاریشدا هەست بە دەرەوەی خۆی دەکات.” (ت.ز. لاڤین، ٢٠١٧؛ ل٤٢٥) لە چوارچێوەی خاوەندارییەتی تایبەتدا کار بریتییە لە نامۆبوونی ژیان، تا زیاتر کار بکەیت زیاتر لە مرۆڤ دەکەویت و زیاتر نامۆ دەبیت، کار کردن بەم شێوەیە دەبێتە ئازار و کرێکار لە سروشتی بەرهەمهێنان و کاری خۆی نامۆ دەبێت.

نامۆبوون لە بوونی جۆریی مرۆیی خۆی کە دەبێت بە بوونێکی نامۆ بەخۆی، ئەمە یەکێکی ترە لە نامۆبوونەکانی مرۆڤ لە چوارچیوەی خاوەنداریەتیی تایبەت و سیستەمی سەرمایەدارییدا بەمە مرۆڤ لە سروشتی ڕاستەقینەی خۆی نامۆ دەبێت. لە دیدی مارکسدا مرۆڤ کار و بەرهەمی بۆ گشت مرۆڤایەتیییە، بە پێچەوانەی گیانەوەرانی تر کە تەنها بۆ پێداویستی سەرەتایی کار دەکان، بەڵام هەرچی مرۆڤە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتیی، زانست و کولتوور و داهاتوو کار دەکات وەک هونەر، ئەدەب، زانست و تەکنەلۆژیا …هتد بەرهەمدەهێنێت. بە ئامانجی ئەوەی خزمەتی پێشکەوتنی مرۆڤایەتیی بکات، بەڵام سەرمایەداریی ئەم تایبەتمەندییەی مرۆڤ دادەماڵێت و کورتی دەکاتەوە لە پێداویستی کەسیی و ئامانجیشی قازانج و کۆکردنەوەی سەرمایەیە، ئەوەیە مرۆڤ لە بوونی ڕاستەقینەی خۆی دادەبڕێت و دەبێت بە مرۆڤێکی ئەقڵ ئامرزایی و ڕۆبۆتیی.

نامۆبوون لە مرۆڤەکانی دیکە، بە واتایەکی تر نامۆبوون لە هاوپیشە و هاوکارانی خۆی یانیش دەتوانین بڵێین نامۆبوونی مرۆڤ لە مرۆڤ، مامەڵە کردنیان وەک بێگانەیەک و خۆ بەسەردا زاڵکردن لە کاردا، هەمیشە لەو کێبڕکێیە دان. ئەمە وادەکات هەردووکیان لە سرووشتی زاتی خۆیان نامۆ ببن. لۆژیکی سەرمایەداریی وا دەخوازێت هەمیشە لە کێبڕکێ دابیت، بەڵام کێبڕکێ لەسەر نامۆبوونی زیاتر. لە کۆمەڵگەی سەرمایەردارییدا چاوچنۆکیی و زێدەخۆریی نەک تەنها سەرمایەداران دەگرێتەوە بەڵکوو شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو چینی کرێکارانیش واتا مرۆڤ دەبێتە کۆیلەی پارە، بەمەش نامۆیی زیاتر ڕوو لە هەڵکشان دەکات. دەرئەنجامەکەی نامۆبوونی مرۆڤە لە خۆی و دەورووبەی و ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەشی کە دادەنێت.

لە دیدی مارکسەوە ئەو چینەی زۆرترین نامۆیی بەسەردا دێت چینی کرێکارانە و دەکەونە ناو نامۆییەکی قوڵەوە وەک لە سەرەوە باسمان کرد، بەڵام ئەریک فرۆم لە کتێبی ”چەمکی مرۆڤ لای مارکس” لە بەشی ”نامۆبوون”دا دەنووسێت: ”ئەمڕۆ، پیاوی ئایینی، فرۆشیار، فەرمانبەرێکی فەرمانگە، هەموویان لە کرێکارێکی پیشەوەری شارەزا زیاتر تووشی نامۆبوون هاتوون، چونکە هێشتا کار و فەرمانی کرێکارەکە پشت بە هەندێک تایبەتمەندیی تاکەکەسی دیارییکراو دەبەستێت، لەوانە وەک شارەزایی و کارامەیی و تاد. هەروەها کرێکارەکە ناچار نییە ”کەسایەتییەکەی”، زەردەخەنە و بیروڕاکانی بکاتە پرۆتۆکۆڵێک و بیانفرۆشێت.” (ئەریک فرۆم، ٢٠١١؛ ل١١١) لە دیدی فرۆمەوە دۆخی گشتی کۆمەڵگەی سەرمایەداریی فەزای نامۆبوونی بەسەردا زاڵە گشت چین و توێژەکان تووشی نامۆیی دەبن.

چارەسەر بۆ ڕزگاربوون لە نامۆیی، لە دیدی مارکسەوە تەنها بە هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارییەتی تایبەت و هێنانەدی کۆمۆنیزمە. مارکس پێیوایە نامۆیی و چاوچنۆکی و زێدەخۆریی مرۆڤ بەهۆی خاوەنداریەتیی تایبەتەوەیە، پێویستە ئەم جۆرە خاوەنداریەتییە هەڵبوەشێندرێتەوە تاوەکوو مرۆڤ ڕزگار بێت لە نامۆبوون. ئەو ڕێگەچارەی ئەوەیە سەرەتا لە سۆسیالیزمدا بەهۆی دکتاتۆریەتیی پرۆلیتاریا و دەسەڵات زۆرینەی کۆمەڵگە دەستبکرێت بە لەناوبردنی سلبیاتی سەرمایەداریی بەسەر مرۆڤەوە و مرۆڤسازیی و زەمینەسازیی تەواو بکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆی بەهاکانی سەرمایەداریی و خاوەنداریەتیی تایبەت و نەهێشتنی پارە بە ئامانجی ئەوەی مرۆڤ لە چاوچنۆکی و لۆژیکی سەرمایەداریی پاک بکرێتەوە تاوەکوو کۆمەڵگە ئامادەبکرێت بۆ قۆناغی کۆمۆنیزمی (کۆمۆنەیی) لەوێدا مرۆڤ هەست بە نامۆیی ناکات لە کارەکەی، لە بەرهەمهینانەکەی، لە سروشتی جۆریی خۆی و هاوپیشەکانی چونکە ئیدی کۆمەڵگەکە کۆمەڵگەیەکی ئازادە و بێچینایەتیییە، خاوەنداریەتیی تایبەت هەڵوەشاندراوەتەوە و هەموو ئەو فاکتەرانەی هۆکارن بۆ نامۆبوونی مرۆڤ لەناو براون.

نامۆیی لە وێنەکانی ”دڵشاد جەمال”دا:

هونەری فۆتۆگرافیی و وێنە هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ گرینگییەکی زۆری هەبووە بۆ مرۆڤایەتیی، خزمەتێکی زۆری بەلایەنە گشتییەکانی مرۆڤ کردووە هەر لە مێژوو، هونەر، سینەما و کلتوور ..هتد. لە هەمووشی گرینگتر نیشاندانی بارودۆخی زەمەنێکی دیاریکراوە بە شێوەیەکی ڕاست و دروست وەک بەڵگە بۆ مێژووی مرۆڤایەتیی دەمێنێتەوە. بەدەر لەو شتانە هونەری فۆتۆگرافیی پێویستی بە کارامەیی زۆرە، بە واتایەکی تر دەبێت وێنەگر بتوانێت هونەر و ئێستاتیکا لە وێنەکەیدا بخوڵقێنێت و هەڵگری پەیامێک بێت. واتا نیشاندانی دۆخێک بێت کە وا لە بینەر بکات هەست بە وێنەکە بکات و قوڵببێتەوە لە ناویدا. هەروەک وێنەگری ناودار دۆن ماککۆلین دەڵێت: ”فۆتۆگرافیی بۆ من تەنها سەیرکردن نییە، بەڵکوو هەستکردنە، ئەگەر تۆ نەتوانیت هەست بکەیت کەواتە سەیری چیدەکەیت؟ پاشان هەرگیز هەستی کەسانی تریش لە فۆتۆکانت بەدەست ناهێنیت، کاتێک سەیری فۆتۆکانت دەکەن.” دەتوانین بڵێین هونەری فۆتۆگرافیی هەمیشە ڕازێکی نەگوتراوی لە خۆیدا هەڵگرتووە، تێگەیشتن کەوتووەتە سەر بینەر خۆی، ڕەنگە وێنەگر و بینەر بۆ وێنەکە جیاواز بێت. هەر ئەمەشە وادەکات نەتوانرێت وێنە تەنها لە یەک ڕەهەند و دیدەوە بخوێنینەوە و چاوی لێبکەین چونکە وێنەی هونەریی فرەڕەهەندە بۆیە لە قاڵبدانی دەبێتە کارێکی ئەستەم.

دڵشاد جەمال، وێنەگرێکی کوردە لە ڕێگەی وێنەکانی توانیوەتی تواناکانی خۆی لە هونەری فۆتۆگرافیی بسەلمێنێت. بە چرکاندنێک واقیعی ژیانی مرۆڤی ئێرە لە وێنەیەکدا نیشان دەدات. بەشێک لە وێنەکانی نامۆییبوونی تێدا ڕەنگدراوەتەوە، ئەو نامۆیییەی مارکس باسی دەکات کەوا مرۆڤ لە سیستەمی سەرمایەدارییدا توشی دەبێت. واتا دەتوانین هەست بە هەر یەک لەم نامۆبوونانە بکەین لە ناو وێنەکاندا، دەتوانین وێنەکان بەم شێوەیە پۆڵێنبەندییان بۆ بکەین: ١/ ئەو وێنانەی نامۆبوون لە بەرهەمی کار نیشان دەدەن. ٢/ ئەو وێنانەی نامۆبوونی مرۆڤ لە چاڵاکی کار خۆی نیشان دەدات. ٣/ ئەو وێنانەی نامۆبوون لە بوونی جۆریی مرۆیی نیشان دەدەن. ٤/ ئەو وێنانەی نامۆبوون لە مرۆڤەکان تر نیشان دەدەن.

وێنە وەک سەکۆی نیشاندانی ئەم نامۆبوونەیە لەلای وێنەگر، هەر ئەمەشە وادەکات بتوانین چەندان جۆری تری نامۆیی لە ناو وێنەکاندا بەدی بکەین، هاوکات ڕەهەندی تری نامۆیی لە وێنەکان ڕەنگیداوەتەوە. بەڵام ئەوەی ئێمە مەبەستمانە نامۆییە لە دیدی کارڵ مارکسەوەیە هەربۆیەش ئەو وێنانەمان هەڵبژاردووە کە تەواو ئەم جۆرە لە نامۆییە بەسەر دید و هزری پشت وێنەکە زاڵە و پەیام لە پشت ئەم وێنانە هەیە؛ دەیەوێت نامۆبوونی خۆمان پێنیشان بدات لە ناو دونیای سەرمایەداریی و ئەم جیهانگیریی و بەکاڵابوونەی کۆی کایەکانی ژیانی گرتووەتەوە.

لیستی سەرچاوەکان:

_ مارچێلۆ مۆستۆ، گەڕانەوە بۆ چەمکی نامۆیی مارکس، و/ پێشڕەو محەمەد، ساڵی چاپ ٢٠١٨، ناوەندی لێکۆڵینەوەی سۆسیالستی-کوردستان.

_ تۆم بۆتۆمۆر، ڤیکتۆر کیرنان و ئەوانیتر، فەرهەنگی هزری مارکسیستی، و/ د. ژیار فەلاح و هاوڕێ یوسفی، چاپی یەکەم ٢٠٢٠، لە چاپکراوی ئایدیا.

_ ت..ز. لاڤین، لە سوقراتەوە تا سارتەر فەلسەفە بۆ هەمووان، و/ ئارام مەحموود ئەحمەد، چاپی یەکەم ٢٠١٧، چاپخانەی حەمدی.

_ د. محەمەد کەمال، مارکس وەک فەیلەسووف، چاپی یەکەم ٢٠١٩، چاپخانەی سەردەم سلێمانی _ کوردستان.

_ ئەریک فرۆم، چەمکی مرۆڤ لای مارکس، و/ ئارام جەمال سابیر، چاپی دووەم ٢٠١١، چاپخانەی چوارچرا – سلێمانی.

_ کارڵ مارکس و فریدیک ئەنگڵس، مانیفێستی پارتی کۆمۆنیست، و/ پێشڕەو محەمەد، چاپی یەکەم ٢٠١٦، چاپخانەی تاران.

بڵاوکردنەوە: