ئەنتی-گڵۆبەلیسەیشن (دژە-جیهانگیریی)

370
0
بڵاوکردنەوە:

وەرگێڕانی: شادیار شۆڕش

وشەی جیهانگیریی وێنای جیهانێکی گشتگیر دەکات، جیهانێک کە سنوورەکان هەڵوەشاونەتەوە و هیچ وڵاتێکی ئەم جیهانەش لێک دوورنەخراونەتەوە. وێنای ئەوە دەکات ئەم گۆی زەوییە بۆ هەمووان بێت، بەبێ جیاوازی چینایەتی و ناکۆکییە ناسۆنالیستییەکان. خێرایی بڵاوبوونەوەی کردە تەکنیکییەکان بەندە بەسەروو مەعریفەوە، بارودۆخی ئابووری و کارەکتەرە کلتووری وسیاسییەکانی کات و شوێن. بەڵام لەهەمان کاتدا جیهانگیریی خۆی وەک سیستەمێکی دادپەروەر و یەکسانی تەواوەتی، پیشانی ئێمە نەداوە. بوونی ڕێژەیەکی زۆری سەرمایە و سەرچاوە جیاوازەکان و هێزی تاک و پیشەسازییەکان دەگەڕێتەوە بۆ بوونی جیهانگیری و کردەیەکی ستراتیژین، کە لەلایەن وڵاتانەوە بە چاوێکی جیاوازەوە تەماشادەکرێن. چینێکی دیاریکراو توانادارن بەوەی دەتوانن سوود لەم سیستەمە ببینن، وەلێ لەهەمان کاتدا کۆمەڵێکی دی پاراوێزخراو دەبن و لەڕووی ئابوورییەوە دەبنە کەسانێکی دوورخراوە. بەرەنگاری بەرامبەر بە جیهانگیری لە چەندین فۆڕمی جیاوازی ناهاوتا و جیاواز و تەنانەت لەنێو سەرسامییە جیاوازەکانی مرۆڤیشدا خۆی مانیفێست کردووە. دژە جیهانگیریی لەسەرەتادا هەست و سۆزی خۆی چڕکردبویەوە لەو کرێکارانەی کە لە پیشەسازییە پێشکەووتووەکانی کۆمەڵگادا کارەکانیان لەدەستدابوو، وە پشکنینی دەکرد بۆ ئەو کاڵا بەرهەمهاتووانەی دەرەوەی وڵات کە لەناوچەیەکدا بەرهەمدەهێنران کە دەستی کار تێیدا کەمتر گران بوو، وە یاسا پیشەسازییەکان کەمتر گرنگییان پێ دەدرا یاخود هەر بوونیان نەبوو. بەڵام دواتر ئەم تێڕوانین و جووڵانەوەیە کەمتر بوویەوە، لێ هەرچۆنێک بێت بوویە هێزێکی زیاتر کاریگەر لە خودی جیهانگیریی کە زۆر بە فراوانی  بەرپرسیار بوو لە بوونی بێکاری(Catells,2000) . کۆمەڵەیەکی نوێی چالاکوانان بوونە سەرمەشق و پێشڕەوی بزوتنەوەی  دژە-جیاهانگیریی و ئەم جارە ئەمان سەرنجیان نەخستە سەر کرێکاران ودەرئەنجامەکانی جیهانگیریی بۆ سەر کۆمەڵگا لە ئابووری  نایەکسان و بێبەریکردنە سیاسییەکان، بەڵکو سەرنجە سەرەتاییەکانی ئەوان بۆ سەر کێشەکانی سویت شۆپ [1] بوو کە لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەرکەوت، کە پێیان وابوو دروستبوونی براندی نایک و ستراتیژییە ڕیاکارییەکانی لە بواری مارکێتینگدا کە (ئازادی و هێز)ی دروستکردووە و کردە چەوسێنەرەکەی ئەم براندە لە دروستکردنی کەلوپولدا، دەرکەوتە هەرە دیارەکانی جیهانگیریی بوون لەو کاتەدا. جوڵانەوەی دژە-جیهانگیریی لە ساڵی ١٩٩٥دا گرنگی بە چەندین کێشەی جیاواز دەدا و کاری لەسەر دەکردن، بۆ وێنە؛ کین سارۆ-ویوای نەیجیری کە چالاکوان و نووسەر و سەرکردەیەکی بواری ژینگە بوو، لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەوە خرایە زیندانەوە تەنها لەبەرئەوەی کە سەرکردایەتی کەمپینێکی دەکرد لەدژی کۆمپانیای دەرهێنانی نەوت [2] لە ڕووبارەکانی نەیجیریادا. ساڵێک دواتر سارۆویوا و هەشت چالاکوانی تر لە سێدارەدەدرێن. لە هەردوو نموونەکەدا ئەوە دەبینین کە ئەو هاوپەیمانێتییە ناڕەوشتییە کە لە نێوان دوو دەوڵەت یان زیاتر بۆ هاوکاریی کردن و بادکارییەکانیانی ڕژێمەکان بنیادنراوە، لە دەرئەنجامە نەرێنییەکانی جیهانگیرییە. (Klein, 2000: 331) ئەم خۆپیشاندانە تایبەتانە دەرخەری چەند نموونەیەک بوو بۆ تەواوی جیهان، کە دواتر پێکەوە توانییان بەهۆی چەندین خۆپیشاندانی گەورە و بەرفراوانەوە، چەندەها کەمپینی تایبەتمەند ڕێکبخەن.  کۆبوونەوەی گروپە جیاوازەکانی هەریەک لە دژە-کاپیتالیست، چالاکوانانی بواری ژینگە، ئەنارشیست و ڕێکخەرانی کەمپینەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ، لەدەرەوەی چوارچێوەی کۆنگرە و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی سیاتڵ (١٩٩٩)، مێڵبۆورن (٢٠٠٠)، پراگ ( ٢٠٠٠)، شاری کەباک (٢٠٠١) وە جەنەوا (٢٠٠١)، وای کرد بزووتنەوەی دژە-جیهانگیری بچێتە قۆناغێکی نێودەوڵەتییەوە. لەزۆر ڕەهەندەوە، هەڵەتێگەیشتن و جؤرێک لە چەواشەکاری هەیە لەمەڕ کارکردنە سەرەتاییەکانی ئەم جووڵانەوەیە. چالاکوانانی ئەم جوڵانەوەیە داوای بە دامەزراوەیی کردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکەن، داوای ڕێکخستنێکی دیموکراتییانەی ئەو دامەزراوانە دەکەن کە سەرمایەی جیهان ڕێکدەخەن، وە چارەسەرکردنی نایەکسانی لە دابەشکردندا، داوای ئەوانە لە یەکێتییە بازرگانییەکانی جیهان. سەرنجی ئەوان لەسەر ئەوە نییە کە جیهانگیریی بوەستێنن، بەڵکو هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە دەدەن بۆ کێشەکانی ئەم کۆمەڵگەیەی کە لە قۆناغی بە جیهانگیریی بووندایە، هەروەک چۆن پاڵەوانی جووڵانەوەی دژە-جیهانگیریی، نۆومی کلێین ڕایگەیاند؛ سەرکەووتنی ئابووریی جیهانگیریی بۆتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی شەپۆلێک لە چالاکوانی بواری پشکنینی تەکنەلۆجیای سەردەم کە بەڕێوەبردنی کۆمپانیا و دامەزراوەکانیان، دەبنە سەرکردە و بەڕێوەبەری ئەم جیهانە. (Klein, 2000: 327)  دروستبوونی (www.indymedia.org[3]) کردەیەکی تری بەرەنگاری نێودەوڵەتیی جوڵانەوەی دەژە-جیهانگیریی بوو کە چەندین سایتی لۆکاڵی و سەنتەری جیاوازی لەتەواوی جیهاندا لەخۆدەگرت.  شەپۆلە جیاوازەکانی دژە-جیهانگیریی هەست و سۆزی خۆی بەشێوەیەکی گوماناویی و وریایانە مانیفێست کردووە سەبارەت بە گەشەسەندنی خێرا و دووڕەگیی لە هەڵبژاردە کلتوورییەکاندا کەبەزەبری هێز هێنراون و ناونراوە جیهانگیریی. ڵۆکاڵیزم بەهێز و جێگیر بووە بە خاوەندارێتی ڕەسانایەتی و کۆمەڵگە سرووشتییەکان وە پەیوەندی ڕووبەڕوو مافی زیاترە و زاڵبووە بەسەر ئەو پەیوەندییانەی ناوبژیوانیی دەکەن. ئەم شێوازی بیرکردنەوەیە پشتگیریی ئەو ڕەوتەی چەمکی دژە-جیهانگیریی دەکات کە پێی وایە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی بچووکتری جوگرافیی. ڕەخنەگران پێیانوایە دووبارە هاتنەوە کایەی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەرۆشییە نۆستالیجییا ئەفسانەییەی ساڵانی ڕابردوو کە چاوپۆشی دەکات و سوودە و قازانجەکانی ئەو کلتوورە بەرفراوان و هەمەچەشنەی جیهان پشتگوێدەخات. ئەم تێڕوانینە ساڵانی پەنجای ئەمریکامان دەخاتەوە بیر، بەڵام بەبێ بوونی گرنگی بەهەندوەرگرتنی ئەوەی ک چەندە کۆمەڵگەکان سەبارەت بە مافی خەڵکی و گومانکاری لەمەڕ جیاوازییەکان تەنگییان پێهەڵچنرابوو.

پەراوێز:

1ئەم وشەیە لە زمانی ئینگلیزییدا بۆ ئەو شوێنانە بەکاردێت کە تێێدا مافی کرێکاران پارێزراو نییە و لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا بۆ ماوەیەکی درێژ لە ڕۆژدا بە مووچەی کەم، بەتایبەت لە وڵاتە هەژارەکاندا کرێکاران کاردەکەن.

2 بەناوی Royal Dutch Shell’s کۆمپانیای تایبەت بە شانشینی بەریتانیا کە ئەوکاتە نەیجیریا لەژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیی بەریتانیا بووە.

Independent Media Center 3 سەنتەری میدیای سەربەخۆ

سەرچاوە:

https://library.uniteddiversity.coop/Media_and_Free_Culture/Communication_Culture_and_Media_Studies-John_Hartley.pdf

by (John Hartley) Communication, Cultural and media studies

بڵاوکردنەوە: