حاجی قادری کۆیی – باوکی ڕۆحی نەتەوەخوازان

905
0
بڵاوکردنەوە:

ئەو شاعیرەی لە چەرخی عوسمانیدا باوەڕی بە شۆڕشی چەکداری هەبوو!

نووسین و ئامادەکردنی: ئاریان ئومێد

سەدەی نۆزدە سەرەتایەکی گرنگ بوو بۆ هەستانەوەی بزاوتی نەتەوەیی لە کوردستان و تەوژمێکی نوێی پەرەسەندنێکی خێرای ئەدەب و وێژەی کوردیش بوو. لەگەڵ ئەوەی سەدەی کۆتایی هاتنی دواین دەسەڵاتە لۆکاڵی و نیمچە سەربەخۆکانی کوردە، بەڵام هاوکات سەرەتایەکی کاریگەریشە بۆ دەرکەوتنی کەسانێک کە کوردبوونیان لە سیستەمی باوی ڕۆژهەڵات جیاکردەوە و تەپڵی جیاکاری و دەوڵەت نەتەوەی کوردیان لێ دا.
یەکێک لەو کەسایەتیە دیارو گرنگانەش (حاجی قادری کۆیی)ە، کە بە شێوەیەکی چالاک و کاریگەر لەسەر شانۆی ئەدەب و وێژە دەردەکەوێ و ڕۆڵێکی گرنگ و پڕ بایەخ دەگێڕێت، حاجی قادر زۆر لەشاعیرێکی کلاسیکی ئاسایی تێیپەڕاندووەو دەتوانین بڵێین هەڵگری ئاڵای قۆناغێکی نوێیە کە کەس پێش خۆی بەو شێوەیە نەیوروژاندووەو گرنگی پێ نەداوە.
شیعری لە وەسفی مەی و مەیخانەو ئیشق و ئەوینداریەوە گۆڕی بۆ چەکێکی کاریگەرو کردیە خزمەتی نیشتیمان و نەتەوەکەی خۆیەوە.

ژیاننامە

حاجی قادر ناوی تەواوی (قادر یان عەبدولقادری کوڕی مەلا ئەحمەدی کوڕی مەلا ساڵحی کوڕی مەلا ئەحمەدی گەورەیە)، دایکی ناوی “فاتیمە” بووە.
سەبارەت بە شوێن و ساڵی لە دایکبوونی قسەی جیاواز دەکرێ، بەڵام بە گشتی ڕای زۆرینە وایە لە ساڵی “١٨١٦” لە گوندی گۆڕ قەرەج لە دایکبووە، ئەم ئاواییە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای شاری کۆیە.

حاجی بە دێڕە شیعرێک لەبارەی خۆیەوە دەدوێ و دەڵێ:

بـاوکم ئەحمەد بوو ناوی فیکرم دێ

خـەڵقـی لادێ بوو دایکی مـن فاتـێ

ئەوەی جێی سەرنجە حاجی قادر پێشناوی “حاجی” لەڕێی حەجکردن و زیارەتی حیجازەوە وەرگرنەگرتووە، بەڵکوو لە مانگی “حاجییان” لە دایک بووەو هەر ئەوەش هۆکاربووە کە لە منداڵیەوە نازناوی حاجی بەسەردا ببڕێ.

حاجی ژیانی منداڵی زۆر بە بێ نازی و مەینەتەوە بەڕێکردووە، لە کاتێکدا زۆر منداڵ بووە باوکی دەمرێ و بەخێوکردنی بە تەنها دەکەوێتە ئەستۆی فاتێی دایکی.
بە پێی ئەو نەریتەی ئەو ڕۆژگارە لە کوردستان و ناوچەی کۆیەدا باوبووە منداڵی تاقانە کە باوکی کۆچی دوای کردبێ نراوەتە بەر خوێندن، وا دیارە ئەمەش بەو مەبەستە بووبێت کە پلەو پایەیەکی ئاینی بەدەست بهێنێ کە تا ڕادەیەک جێگای ئەو تەنها باڵی و بێ برایەی بۆ بگرێتەوە.
حاجیش هەر بەم هۆیە لە تەمەنی حەوت ساڵیدا دەینرێنە بەر خوێندن و لە مزگەوتی موفتی لای خاڵۆزایەکی باوکی بە ناوی مەلا ئەحمەد ئۆمەر گونبەتی لە شاری کۆیە دەست بە خوێندن دەکات.
دوای دوو ساڵ فاتێی دایکیشی کۆچی دوای دەکاو بەو جۆرە لە تەمەنێکی کەمدا حاجی بێکەس و بێ ناز دەکەوێ. مەلا ئەحمەد بەخێوکردنی لە ئەستۆدەگرێ و لای خۆی دەیهێڵێتەوە.

حاجی و گەشتی خوێندن:

حاجی لە خوێندنی حوجرە تا دەگاتە فەقێیایەتی لە شاری کۆیە بووە، لە هاوینی ساڵی “١٨٥٣” لەگەڵ مەلا عەبدوڵای جەلیزادە وەک فەقێیەک بۆ خوێندن ڕوو لە گوندی شێخ وەتمان لە ناوچەی باڵەکایەتی دەکات، لەوێ دەبن بە فەقێی مەلا محمدی کاک عەبدوڵا.
حاجی زۆر لەوێ نامێنتەوە و دوای ماوەیەک لێیان جیادەبێتەوەو بە تەنها ڕوودەکاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەردانی هەریەک لە شارەکانی سابڵاغ و سەردەشت و شنۆ دەکات و شەش تا حەوت ساڵ زانستە ئاینیەکان دەخوێنێ و هەر لەوێ خوێندنی حوجرە تەواو دەکات و ئیجازەی دوازدە عیلم بەدەست دەهێنێ کە لەو ڕۆژگارەدا پلەیەکی زانستی باڵابوو.
ڕەنگە زۆر جار ئەو پرسیارەمان بۆ دروست ببێ بۆچی حاجی بۆ خوێندن گوندێکی باڵەکایەتی هەڵبژاردوو لەبری ئەوە نەچووە سلێمانی و شارەزوور کە چەندین حوجرەو مامۆستای ئاینی بەتوانای لێبوو، بەڕای من جگە لە چەند هۆکارێکی تایبەتی کە ڕەنگە هەبێت، بە شێوەیەکی گشتی پێدەچێت لەو کاتەی حاجی کۆیە جێ دەهێڵێ، بارودۆخی سلێمانی نائارام و پشێوو بووبێت، چوونکە لەو مێژووەدا تازە دەسەڵاتی بابانەکان لەو شارەدا کۆتایی پێهاتبوو، ئەگەر لە نامە شیعریەکانی نێوان سالم و نالیشەوە بۆی بڕوانین ئەوا زیاتر ڕاستی ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە لەو دەمەدا بارودۆخی سلێمانی لە غیابی بابانەکاندا زۆر پشێوو ئاڵۆز بووەو عوسمانیەکان وەکوو بێگانەیەک حوکمیان کردووە، هاوکات ڕێزی قوتابخانەو زانستگاو شوێنە گرنگ و دیارەکانی سلێمانیشیان نەگرتووەو خوێندن لەو شارەدا لە سایەی دەسەڵاتی عوسمانیدا ئەو گرنگی و شەوقەی پێشتری نەماوە، بە تایبەت لەو دەمەدا کە تازە دەسەڵاتیان گەیشتبووە ناوچەکە.

حاجی و هەستی نەتەوایەتی:

وەک د.ڕێبوار سیوەیلی لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێ دەدا تیرەو هۆزەکەی حاجی قادر بەر لە چەند ساڵ پێش لە دایکبوونی حاجی لە نزیکی کرماشان نیشتەجێ بوون، بەڵام دواتر ناچار بە کۆچ دەکرێن، تا لە کۆتاییدا لە نزیکی کۆیە دەگیرسێنەوە.
لای حاجی خۆشەویستی نیشتیمان لە شوێنگەی لە دایکبوونی و خاکی کۆیەوە دەست پێ دەکات تا لە دواتردا ئاسۆی ڕوانینی فراوانتر دەبێ و هەموو خاکی کوردستان دەگرێتەوە.

حاجی قادر دوای ئەوەی دەچێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خوێندنی ئاینی لەوێ تەواو دەکات، دەگەڕێتەوە بۆ شاری کۆیە، لەم شارەدا وردە وردە هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەبزوێ و دژی ئەوانە دەوەستێتەوە کە بوونەتە بەربەست لەبەردەم پێشکەوتنی کوردان، بە تایبەت شێخەکان، کە حاجی بە یەکێک لە هۆکارە دیارەکانی دواکەوتووی کۆمەڵگای زانیوون. هەر بەهۆی ئەوەشەوە لەگەڵ یەکێک لە شێخەکانی نەقشبەندی بە ناوی شێخ نەبی ماویلیی ناکۆکی و جیا ڕایی دەکەوێتە نێوانیان. حاجی بڕوای وابوو شێخەکان دەسەڵات و هێزی خۆیان خستووەتە بەرژەوەندی سوڵتانی عوسمانی و گەلەکەی خۆیان لە یادکردووە، هاوکات لە ڕێی خوڕافەو خەیاڵەوە خەڵکی لە زانست و خوێندن و دنیایی واقیع دوور دەخەنەوە.
هەرچەند حاجی پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ گەورە پیاوانی کۆیەدا هەبووە بەڵام وادیارە لە بەرامبەر شێخ نەبی پشتیوانیەکی ئەوتۆیان لە حاجی نەکردووەو هەڕەشەو کێشە بەرۆکی حاجی گرتووە، هاوکات خەڵکیش وەک پێویست گوێیان بە حیکمەت و دانایی حاجی نائەدا، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ڕوویان لە شێخانێکی وەک شێخ نەبی ماویلی بوو، هەر بۆیە حاجی نائومێد دەبێ بڕیاری جێهێشتنی کۆیە دەدات و ڕوودەکاتە ئەستەنبول.
لەو شارەشدا پەیوەندی لەگەڵ ناوداران و بنەماڵە گرنگەکانی کوردی نیشتەجێی ئەوێدا دەبەستێت، بە تایبەت بنەماڵەی میر بەدرخان کە ساڵانێک بوو دوای ڕووخانی ئەمارەتەکەیان لە زێدی خۆیان دوورخرابوونەوە. سەردانی ئەستەنبول دەلاقەیەکی نوێ بۆ دنیابینی حاجی دەکاتەوە. لەو شارەدا چاوی بەڕوی داهێنان و پێشکەوتنەکانی جیهاندا دەکرێتەوەو هەر بەهۆی نزیکی لە ئەوروپاشەوە ئاگاداری ڕووداوەکانی وڵاتانی ئەو کیشوەرە ئەبێت و بە پێشکەوتن و زانست پەروەرییان سەرسام دەبێت. وە بە تەواوی هەست بەوەش دەکات کە کۆمەڵگای کوردی پێویستیەکی زۆری بەم پێشکەوتن و پەرەسەندنە هەیە. لە دیدی حاجیەوە کورد لەوە باڵاترە نەتەوەو گەلانی دیکە حوکمی بکەن و پێی وابووە کە زۆر لە تورک و عەجەم شیاوترو لێوەشاوەترن بۆ حوکمڕانی نیشتیمانی خۆیان، ئەم باوەڕەش زۆر بە ڕوونی لە شیعرەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەم چەند دێڕە شیعرەی خوارەوە نموونەیەکن لەو هەست و جۆشە بەرزەی نەتەوایەتی لای حاجی قادر.

ڕۆمی وەکوو بەنی مـوون کـەس پشتیان پــێ نەبەسـتــێ

کـەوتوونە داوی خـۆیان سـەرگەشتە ماون و حـەیــــران

کـــــوا والــــی ســـەنـەنـدوج بـەگــــزادەیــی ڕەوانــدوز

کـــــوا حــاکـمـانــی بـابـان مــیری جـــەزیـرو بـۆتــــان

کـوا ئەو دەمـەی کـە کـوردان ئازاد و سەربەخۆ بـــوون

ســوڵتانی مـوڵک و مـیلەت ساحێبی جەیش و عـیــرفئان

جۆشێــک بدەن وەکوو هەنگ تەکبیر بکەن بە بێ دەنگ

ئـەسـبابــی شـەڕ پـەیدا کـەن تـۆپ و تـفەنــگ و هـاوان

پــاڕانەوە تـەوەککول لەم عـــەســـــرە پـارە نـاکـــــــــا

تــیـرە دوعایـی جـەوشەن پـەیکانە حـیـــرزی مــەیــدان

حاجی ئەم شیعرەی لە سەروبەندی ئەو کاتەدا نووسیوە کە باس و خواسێکی زۆر هەبووە بە پشتیوانی زلهێزەکانی ئەوروپا وڵاتێک بۆ ئەرمەنەکان دروست بکرێ کە بە پێی پلانەکەیان بەشێکی فراوانی خاکی باکوری کوردستانی دەگرتەوە، حاجیش داوا لە سەران و دەسەڵاتدارانی ئەودەمەی کورد دەکات بەرامبەر ئەم داگیرکاریە بێنە دەنگ و ڕێگا نەدەن نیشتیمانەکەیان بۆ جاری دووەم دابەش بکرێت، کە جاری یەکەم دوای جەنگی چاڵدێران لە ساڵی “١٥١٤” دابەشکرا.
ئەوەی لێرەدا زۆر جێی سەرنجە ئەوەیە پاڵنەری حاجی لەم شیعرەدا بەگشتی هەستی نەتەوایەتیە نەک هەستی ئاینی و دیفاع کردن لە خاکی خەلافەت، ئەمەش لەو دێڕەدا جوانتر دیارە کە دەڵێ متمانە بە “ڕۆم” واتە بە تورکانی عوسمانی مەکەن و پشتیان پێ مەبەستن کە لەژێر ناوی خەلافەتدا نیشتیمانەکەتان بپارێزن، بەڵکوو دەبێ خۆتان دەست بدەنە چەک و شەڕی پاراستنی بکەن.

باوەڕبوونی حاجی بە شۆڕشی چەکداری بە ئاشکرا لە شیعرەکانیدا دیارەو نای شارێتەوە، وەک لەم دێڕە شیعرەدا بە تەواوی هەستی پێدەکەین.

بـە شـیرو خـامـە دەوڵـەت پـایـەدارە

ئـەمن خـامەم هـەیـەو شیـر نـادیـارە

حاجی ئەم دێڕەی لە توێی غەزەلێکدا نوسیووە کە تێیدا وەسفی شاری کۆیە دەکات و لە چەند دێڕی پێش کۆتایی ناوی چەند ئاغایەکی شاری کۆیە دەهێنێ و وەک دەسەڵاتدارێکی خۆماڵی کوردی وەسفیان دەکات، ئەم چەند دێڕەش کە باسی شۆڕش دەکات ڕاست دەکەوێتە دوای وەسفی ئاغاکان. بێگومان حاجی ئەمەی بە مەبەست کردووە تا هەستی ڕاپەڕین و شۆڕش لە ناخیاندا بچەسپێنێ و ئەو دەسەڵاتە لۆکاڵیەی ئاغاکان بقۆزێتەوە بۆ هەڵایسانی شۆڕشێکی نەتەوەیی.

لە دێڕێکی دیکەدا دەڵێ:

ســەڵاحــی ئێــوە ئـێـسـتـاکـە سـیــلاحـــــە

تـەماعـی گەورەیـی بێ چەک نەکـەن نەک

لەم شیعرەشدا بەهەمان شێوە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ بێ خۆپڕچەک کردن و گرنگیدان بە لایەنی سەربازی ناتوانرێ هیچ بەدەست بهێنرێت.

حاجی وەک کۆمەڵناسێکی شارەزا بە باشی دۆخی کۆمەڵگای کوردی خوێندوەتەوەو کێشەو گرفتەکانی دیاری کردووە و پەنجەی هاویشتۆتە سەریان. لەم ڕووانگەیەوە پێیوابووە دەروێش و شێخانی تەریقەت یەکێکن لە هۆکارە دیارەکانی نەزانی و دواکەوتووی گەلی کورد و هۆکارێکی دیاریشن بۆ لاوازکردن و سڕینەوەی مانای ڕاستەقینەی ئاین. هەر بۆیەش زۆر جار لە شیعرەکانیدا هێرشی کردووەتە سەریان، وەک لەم چەند دێڕە شیعرەدا بەدیار دەکەوێ.

حـەز دەکـەی تـێ بـگــەی لە بــێ دیـنــی

بـبــــە دەروێشـی شێخـەکـان بە هــەوەس

هــەر زەمـانـێ کـە گـوێـــت زریـنـگــاوە

بێت دەڵێ باری خۆت بـبـەسـتـە حـەرەس

چـەنـد پـوولـــێ ئـەگـەر بــهێنــی ئـەتـــۆ

قەسـرت خۆشتر دەبـێ لە ئـی هـەرکـەس

شاعیر لێرەدا دەیەوێ ئاماژە بەوە بدات کە چۆن شێخەکان ئاین بەکار دەهێنن بۆ پەیداکردنی پارەو پوول و کۆکردنەوەی سامان.

حاجی و شێوازەکانی شیعر:

حاجی وەک هەر یەک لە شاعیرانی ئەو سەدەمە زۆرینەی هۆنراوەکانی پێکهاتووە لە غەزەل و قەسیدە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چوارینەو و تاکیشی بەکارهێناوە
ئەم نموونانەی خوارەوە بەشێکن لەو بەرهەمانە کە گەرچی لەچاو بەرهەمانی تری شاعیردا ژمارەیان کەمترە بەڵام لە ڕووی بەرزی و گرنگیان هیچیان لە غەزەل و قەسیدەکانی کەمتر نیە.

چوارینەکانی حاجی:

حاجی قادر ژمارەیەکی کەم لە چوارینەی هەیە، کە بە گشتی گوزارشتن لە هەندێک کێشەی کۆمەڵایەتی و وەسف و سەناو وەڵامدانەوەی هەندێک پرسیاری دانایانە.
ئەمانەی خوارەوە چەند نموونەیەکن:

شـەوکـەتـی جـووتـەی سمێڵت تــاکەمانەنــدی کـەمــە

تـارکـەژی تیـری تـەژاوو شیـری دەسـتـی ڕۆستـەمـە

ڕووی لـە تـەختی ڕوومەتت هێناوە بۆ شـانـت دەڵـێـی

مـاری سـەرشـانـی زوحاک و دژمنی تـەختی جـەمـە

حاجی ئەم شیعرەی بۆ وەسفی سمێڵی کابرایێکی خەڵکی تەقتەق داناوە، سمێڵەکە ئەوەندە جوانە بێ وێنەیە، وەکوو شیرێکە لە دەستی ڕۆستەمی زاڵدا بێ، ئەوەندە درێژە لە ڕوومەتی تێپەڕیووەو بۆ سەر شان و ملی وەکوو مارەکەی زوحاکە.

لە چوارینەیەکی دیکەدا حاجی دەربارەی چارەنووسی شیعری خۆی دەدوێت و دەڵێ:

نـەقــدی عـومــرم بـە غـەزەل دا و دوکـانـم دانــــا

هـیـچ کەسـێ نەیکڕێ ترسام لە ڕزین و لە خـوران

بــێ بەهـا دامـە ئەم و ئەو وەکـو کـوردێک کە ڕژا

ڕۆنـی ئـەو وەقتـە دەڵـێ کردمە خێـری کـوڕەکـــان

لەم شیعرەدا حاجی وەسفێکی جوانی چارەنووسی بەرهەمی شیعری خۆی دەکاو دەڵێ، شیعرم دانا کەچی خوێنەری نەبوو، لەوە ترسام بفەوتێ بە خۆڕایی دامە ئەم و ئەو. ئەوکاتە وەکوو ئەو کوردەم بەسەرهات ئەگەر ڕۆنەکەی بڕژێ دەڵێ کردمە خێری سەلامەتی کوڕەکانم.

تاک شیعرەکانی حاجی:

لە دیوانی حاجیدا کۆمەڵێک تاک دەردەکەون گەرچی ئەمانیش وەک چوارینەکان ژمارەیان کەمە.
لە یەکێکیاندا دەڵێ:

شێخ غەفــوور بـیـستـوومـە چاچیم پێ دەڵێــی

چـــاکــــە مــــن نـابـــم بـە نـوقـتـــەی لابـەلا

ئەم شیعرە وەڵامی وتەیەکی شێخ غەفووری تاڵەبانییە گۆیا بە پێی گەمیەکی ڕەوانبێژی کە ❪قەلب و تەسحیف❫ی پێ دەڵێن بۆ گاڵتە ناوی “حاجی” بە کردووە بە “چاچی”.
ئەم وشەیە بە فارسی دەبێتە “کەمان” (کەمانی ئامێری مۆسیقا)، لێرەدا زۆر بە ئاسانی دەنگی ❪ک❫ دەبێ بە ❪گ❫

واتە کمان دەبێ بە گمان، ئەم وشەیە بە عەرەبی دەبێ بە ❪شک❫. ئەگەر نوقتەکانی لاببرێن دەبێت بە ❪سک❫ بە مانای “سەگ”.

بەم شێوەیە شێخ غەفوور بە حاجی وتووە سەگ.
ئەویش لە وەڵامدا ئەم تاکەی بۆ نووسیووە و نەیهێشتووە قسەی سەربکەوێ.
حاجی لە شیعرەکەدا کە دەڵێ ❪نوقتەی لابەلا❫ مەبەستی ئەوەیە نوختەی دەنگی ❪غ❫ دەخزێ بۆ دەنگی ❪ف❫ی وشەی ❪غەفوور❫ سروشتی خۆی و وشەکە دەبێ به ❪عقورە❫، ئەم وشەیەش بە مانای سەگی هار هاتووە. بەم جۆرە حاجی تۆڵەی خۆی لە شێخ غەفوور دەکاتەوە.

لە دێڕێکی تردا حاجی دانایانە لە دەردی پیری ئەدوێ و دەڵێ:

چـاوەکـەم تـۆش پـیـردەبـی ڕیـشـت دەبێتـە گــۆرەوی

وەک بـفەرمـووی من فڵانـم پێت دەڵێـن تخـوا هـەوی!

لەم شیعرەدا حاجی دەیەوێ بڵێ هەموو کەسێک پیر دەبێ، هەزار جار  بڵێ من فڵانە کەسم بۆ ئەوەی بەرگری لە ڕۆژانی جوانی و گەنجی خۆی بکات، بۆ گاڵتەو قەشمەری پێی دەڵێن تخوا ئەو کەسەی!

حاجی و ڕەخنەگرتن لە باری کۆمەڵایەتی کوردان:

حاجی قادر وەک کۆمەڵناسێکی وردبین لە دەردو زامی کۆمەڵگەکەی خۆیی ڕوانیووە، بۆ ئەمەش دەستی نەبواردووە لە ئاگادارکردنەوە و دانانی ڕێگا چارەی دەردەکان.

ئەم چەند دێڕە شیعرە نموونەیەکن:

هـەر کـوردە لـە بـەیـنـی کــوللـی مـیـلــــەت

نـەبـێ بـەهـرە لـە خـوێـنـدن و کـیـتـابـــــەت

بـێـگــانـــە بــە تــەرجـــەمــــەی زوبــانــی

ئـەســراری کـتـێـبـــی خـــەڵـقــــی زانــمــی

یـەکـســەر عـولــەمـــــــا درشــــت و وردی

نـاخـوێـنـنـەوە دوو حــەرفــــی کــــــــوردی

لێرە حاجی باس لە دواکەوتوویی دەکا لە ڕووی خوێندەواریەوە، بێ گومان بۆ ئەو ڕۆژگارە حاجی ڕاست دەکات. پلەی خوێندەواری زۆر نزم بوو، بەتایبەتی لە ڕووی زمانی کوردیەوە، خوێندن لە زانستگاکان کە ئەوسا زیاتر هەر حوجرەکان بوو بریتی بوو لە خوێندنی شەریعەتی ئیسلامی کە ئەویش بە زمانی عەرەبی بوو.

لە چەند دێڕێکی تردا حاجی سەرنج دەخاتە سەر خۆ بەکەمزانی کوردان و دەڵێ:

وەرە بـا بـۆت بکـەم بـاسـی نـیــهــانـــــی

تـەفـەننـون خـۆشـە گـەر چـاکـی بزانـــی

ســەڵاحـەددیـن و نـورەددیـنـی کــــوردی

عـەزیـزانـــی جـزیـــر و مــوش و وانـی

مـولـهـەل ئـەردەشێر و دەیسەمی شـێـــــر

قـوبــاد و بـــازو مــیــــری ئــەردەڵانـــی

ئـەمـــانـە پـاکـیـــان کــوردن نـیـهایــــەت

لـەبـەر بـێ دەفـتەری ون بـوون و فانــــی

کـتـێـب و دەفتـەر و تـەئـریـخ و کـاغــــەز

بـەکــوردی گـەر بــنــووســرایــە زبـانــی

مــەلا و شــێـخ و پـیــــر و پــادشــامـــــان

هـەتـا مـەحـشـەر دەمـا نـام و نـیـشـانـــــی

حاجی لێرەدا لەمەڕ هەستی خۆ بەکەمزانی کوردان دێتە جواب و پێیان دەڵێ نابێ پێیان شەرم بێ کە کوردن، چوونکە کوردیش پیاوی گەورەی لێ هەڵکەوتووە، بەڵام بە هۆی بێ نووسینی و تۆمارەوە ناویان لە نێو ناواندا ون بووە.

تیشکێک لەسەر حاجی قادرو ڕۆڵ و سەنگی لە بزاوتی ڕۆشنگەری کوردیدا:

وەک د.مارف غەزنەدار دەڵێ حاجی لە مێژووی ڕۆشنبیری نەتەوەی کورد بە گشتی و مێژووی ئەدەبی کوردی بە تایبەتی پێویستە ناوی تەنیا بە (حاجی) ببرێ. مەزنی ئەم کابرایە دایدەبڕێ لە هەموو ناوێک؛ قادر، گۆڕ قەرەج، کۆیە، ئەستەنبول، ئەحمەدی باوکی و فاتێی دایکی و گەلێ کەس و شتی دیکەش. حاجی بووە بە ڕۆڵەی کورد و خاکی کوردستان.
حاجی لە ژیانیدا هەموو هەوڵی بۆ ئەوەبووە لە ڕێی شیعرو نووسینەکانیەوە پەیامی هۆشیاری و نوێ خوازی خۆی بگەیەنێت، بۆ ئەمەش گوێی بەوە نەداوە شیعرەکانی لە ڕووی ئاستی هونەریەوە چەنێک بەرزو گرنگ بن، بەڵکوو سەرنجی لەسەر ئەوەبووە لە ناوەڕۆکدا هەڵگری بیرو باوەڕو پەیامەکانی بن. هەرگیز بۆ گەیاندنی پەیامی پیرۆزی خۆی درێخی نەکردووە و سەرەڕای ئومێدێکی کەمی گۆڕانکاری بەڵام هەمیشە لەسەر ڕێبازی کوردپەروەری و ژیاندۆستی خۆی بەردەوامبووەو هەرگیز لێی دڵ ساردو پەشیمان نەبووە.

کۆچی دوایی حاجی:

بەداخەوە دەبێ بڵێین حاجی سەرەڕای ئەم شۆڕشە مەزنە کە لە کایەی ڕۆشنبیری کوردیدا هەڵیگیرساند، بەڵام بە ئاوارەیی و دوور لە نیشتیمان و زێدی خۆی، لە ساڵی”١٨٩٧” لە ئەستەنبول سەری نایەوەو وەک دەڵێن لە بەری “ئوسکودار” لە گۆڕستانی “قەرەج ئەحمەد” نێژراوە.
سەبارەت بە مێژووی مردنیشی سەرەتاو بۆ یەکەم جار لە ژمارە سێی ڕۆژنامەی کوردستان لە ساڵی “١٨٩٨” ئاماژەی پێکراوەو دەڵێ (لە ساڵی ڕابردوودا، واتە لە ١٨٩٧ حاجی وەفاتی کردووە).

بۆ نووسینی ئەم بابەتە سودم لەم سەرچاوانە بینیووە:

1- د.مارف خەزنەدار: مێژووی ئەدەبی کوردی- بەرگی چوارەم، چاپی یەکەم هەولێر 2004.
2- پ.ی. ڕێبوار سیوەیلی: حاجی قادری کۆیی، چاپی یەکەم هەولێر 2016.
3- دیوانی حاجی قادری کۆیی، لێکۆڵینەوەو لێکدانەوەی: سەردار حەمید میران، کریم موستەفا شارەزا، چاپی یەکەم سنە 1390ی هەتاوی.
4- ماڵپەڕی مێژووی کورد و چەند چاوپێکەوتن و بەرنامەیەک.

بڵاوکردنەوە: