بەڕێكەوت بووم بە “ئەدۆنیس”

468
0
بڵاوکردنەوە:

-گفتوگۆیەك لەگەڵ ئەدۆنیس- دا

شوان ئەحمەد كردوویەتی بەكوردی

*ئەدۆنیس… بۆچی؟

-سەروەختێك ئەوناوەم هەڵبژارد، كاری رێكەوت بوو. هێشتا لەپۆلی دووی سانەوی بووم و دەمنوسی. دەمویست بەناوی ڕاستەقینەی خۆمەوە (عەلی ئەحمەد سەعید) نوسینەكانم بڵاوبكەمەوە، وەلێ‌ ڕۆژنامەكانی ئەو سەردەمە (كۆتایی چلەكان)، سوربون لەسەرئەوەی هیچم بۆ بڵاونەكەنەوە.

ڕۆژێكیان ئەفسانەی خواوەندی فینیقیەكان (ئەدۆنیس)م خوێندەوە كەچۆن بەرازێك دەیكوژێت و  چۆن چۆنی، لە كۆتایی ئەفسانەكەدا زیندوودەبێتەوە. هەستمكرد لێكچون و هاوشێوەبونێك، لە نێوان بارودۆخی من و چیرۆكە میتۆلۆژیەكەی (ئەدۆنیس)دا هەیە. ئەو ڕۆژنامەیەی نوسینەكانم بڵاوناكاتەوە، ئەو بەرازە كێوییە.

لەدڵی خۆمدا وتم لێرەبەدواوە، ناوی (ئەدۆنیس) لەسەر نوسینەكانم دادەنێم و هەر بە فیعلیش وامكرد. سەیر ئەوەیە لەوكاتەوە (1948)، هیچ ئاستەنگێكم لەبڵاوكردنەوەدا نەهاتۆتە پێش و تەنانەت ئەو ڕۆژنامەیەشی پێشتر قایل نەدەبوو، هیچ بۆ (عەلی ئەحمەد سەعید) بڵاوبكاتەوە، ئەوەی (ئەدۆنیس) ناردبووی بڵاوی كردەوە.

شیعرەكەیان لەیەكم لاپەڕەدا دابەزاندبوو، لە دامێنی شیعرەكەشدا، ئەم تێبینیەیان نوسی بوو: (داوا لە ئەدۆنیس دەكەین، سەردانی ئۆفیسی ڕۆژنامەكەمان بكات). منیش وەك كوڕە جوتیارێك چووم. وەك هەر جوتیارێكیش شل و شێواو هاكەزایی بووم. ئەوەش سوپرایزێكی سەیر و چاوەڕواننەكرابوو بۆ سەرنوسەری ڕۆژنامەكە. ئیتر لەوكاتەوە من (ئەدۆنیس)م و (ئەدۆنیس)یش هەڵگری ماناگەلێكە وەك: (ژیانەوەو پڕپیتی و نوێ‌ بوونەوەو شەهیدبون و… هتد).

*ئەی ڕۆڵی چی بوو؟

-لەسەرەتادا ئەوە ڕوون نەبوو، دوای ئەوە و لە قۆناغی دواتردا تێیگەیشتم. بەدووری نازانم ئەو مانایانە چوبنە ناخود ئاگامەوە و بەبێ‌ ویستی خۆم، ناچاریانكردبم ئەو ناوە هەڵبژێرم.

*بەڕاستی پێتوایە شیعر لەم سەردەمەدا، بتوانێت ئەو ڕۆڵە ترسناكە وازی بكات و بەهار بهێنێت، وەك ئەوەی (ئەدۆنیس)ی میتۆلۆژی دەیكات؟

-ئەڵبەتە ئەوە لەڕووی عەمەلییەوە، كاری نەكردەیە. بەڵام لەسەر ئاستی سیمبولی، ئەوەی شیعر یان داهێنان بەگشتی دیكات، بریتیە لە نوێكردنەوەی ژیان. بەوپێیەی شێوازی دنیابینی لای مرۆڤ نوێ‌ دەكاتەوە و دەسكاری چەشەو تێگەیشتنی دەكات، چ بۆ دنیا و چ بۆ مرۆڤ.

ئەوەش مانای وایە، هەر هێندە بەس نییە كەبڵێین ڕۆڵی داهێنان نوێكردنەوەیە، بەڵكو ئەفراندن بۆخۆی نوێكردنەوەیە.

*ئاخۆ ئەم تێگەیشتنە لە ئەفراندن وای لێكردیت  لە شیعر نوسیندا، بەدیار فۆرمی تەقلیدی و شێوازی گوزارشتكردنی ترادسیۆنالەوە ماتڵ نەبیت و زۆر بە خێرای، بەرەو نوێ‌ بوونەوەو ئەزمونگەری بەردەوام مل بنێیت، بەهەموو ئەو مەترسیانەی لەخۆیی دەگرێت؟

-تەواو وایە. تۆ بۆئەوەی گوزارشت لە ئەزمونێكی نوێ بكەیت، پێویستت بە هێنانەئارای فۆرمێكی گوزارشتكردنی نوێ‌ هەیە.

*بەڵام شاعیرێكی وەك (عەبدوڵڵا بەردونی)، چێژێكی تایبەتی بەو شیعرە دەبەخشێت كەدەینوسێت، بەبێ‌ ئەوەی یەك چركەسات دەستبەرداری( فۆرمی ستونی) تەقلیدی بێت؟

-ئاخر (بەردونی) شاعیرێكە خاوەنی بەهرەیەكی ڕاستەقینەی وایە، نكوڵی لێناكرێت. بەڵام شیعرەكانیت حەزپێ‌ بێت یان نا، ئەوە بابەتێكی دیكەیە.

*ئایا ئەم قسانەت ئەوەدەگەیەنێ‌ كەحەزت بەشیعری ئەونییە؟

-هەندێ‌ شیعریم بەدڵە. دڵخوازی ئەو ڕەهەندە یاخی و سركەم لەشیعرەكانیدا. هەرچەندە لەئاست شێوازی دەربڕینیدا، جۆرنیم و بەفۆرمێكی تەقلیدی دەبینم.

*لەوبڕوایەدام لەنێو ئەوانەی خۆیان بە سەرمەشق و زمانحاڵی مۆدێرنە دازانن، كەسانێكیان تێدایە لە (بەردونی) زۆر تەقلیدی ترن، گەر وشەكەمان گەڕاندەوە بۆسەر بنەما زمانەوانیەكە (لاسایكردنەوە)، لەبری مانازاراوەییەكەی كەپێی ئاشناین و هاوواتای وشەی (كەلەپوورە)؟

-گومانی تێدانییە مۆدێرنە، لاسایكەرەوەی خۆیی هەیە.

*ئاگاداری ئەوبزاوتە نوێخوازە شیعرییەی میسر هەیت كە لە گروپی (ڕوناكی 77)و گروپی (دەنگەكان)دا خۆیان بەیانكردووە (دەنگەكان لە 77 جیابونەتەوە)و بڵاوكراوەكانیان دەبینیت؟

-كەمێك ئاگادارییان هەم، لەبەرئەوەی بەداخەوە ئەو بڵاوكراوانەم بەدەست ناگات! ڕەنگە دوو ژمارە یان زیاتری گۆڤاری (دەنگەكان)م بینیبێت.

*لەوەی كە خوێندوتەتەوە، هیچ شتێكی وای لادروست نەكردویت، تەنانەت ئەگەر ڕاو سەرنجی سەرپێیش بێت؟

-بیرم ناكەوێتەوە.

*ئەی بیرت ماوە بۆچی بەتایبەتی ناوی (مهیار)ت هەڵبژارد، بۆ ناونیشانی دیوانە بەناوبانگەكەت  (گۆرانیەكانی مهیاری دیمەشقی)؟ ئایا ئەو ناوە پەیوەندی بە شاعیری ئەمەوی (مهیاری دلێمی)یەوە هەیە كە بەوەی لەنەتەوەی فارسە، خۆی بەسەر عەرەبدا ڕادەدا؟

یەكەم/ (مهیاری دلێمی) بۆ یەكجاریش چییە، نكوڵی لە عروبە نەكردووە. ئەوە قەدرگرتنیەتی لەڕوی مێژوییەوە. ئەو وتە بەناوبانگە هی ئەوە كەدەڵێت: (سؤدد الفرس و دین العرب). واتە ئەو عروبە و ڕەچەڵەكی خۆی، پێكەوە كۆكردبووەوە. ئەوەش نە نەنگیەو نەشورەیی.

دووەم/ ناوەكە هیچ ناگەیەنێ‌. مهیاری دیمەشقی دور و نزیك پەیوەندی بە مهیاری دلێمییەوە نییە، لەپەیوەندی ناوی ئەحمەد بە ئەحمەدێكی دیكەوە زیاتر. پوختەی مەسەلەكە ئەوەیە، مهیار وشەیەكی قەشەنگەو تۆن و زرنگانەوەی لەوشەی (أنهیار- هەرەس)ەوە، نزیكە.

ئێمەی عەرەب بێ‌ هیچ پاساو و بەهانەیەك، دەكەوینە لێپێچینەوە و كنەدانی ئەو شتانە. بۆنمونە دەڵێن من ئەنگێزەی فینیقیانەم هەیە، لەبەرئەوەی ئەدۆنیس خواوەندێكی فینیقییە. ئەم ئەنجام گیریانە مایەی پێكەنینە.

*داستانێكی نوێت بەرهەم هێناوە، كۆكراوەی هەڵبژاردەیەكە لەشیعری كۆنی عەرەبی، بەناونیشانی (دیوانی شیعری عەرەبی). باوای دابنێین بڕیارت داوە هەڵبژاردەیەك لەشیعری نوێش بڵاوبكەیتەوە، كێ‌ دەست نیشان دەكەیت و چی هەڵدەبژێریت؟

-ئەوە نهێنیەكەو ناتوانم ئاشكرای كەم.

*ئەوە مانای وایە، بەفیعلی دەستت بەوكارە كردووە؟

-بەڵێ‌، وایە. بەمزوانە بەرگی چوارەمی (دیوانی شیعری عەرەبی) ئامادە دەكەم و تاقۆناغی حەفتاكان دەگات.

*بەرلەوەی بچم بەلای كاری خۆمەوە، پرسیارێك هەیە. تۆ دەڵێیت: (شیعر ژیان نوێ‌ دەكاتەوە). ئەوە چۆنە؟

-نوێكردنەوە بەسێ‌ ڕەگەز دەكرێت، گەرهاتوو ئەوسێ‌ ڕەگەزە گۆڕان:

1-گۆڕینی پەیوەندی شاعیر بەشتەكان و بەدنیاوە.

2-گۆڕینی پەیوەندی زمان بەشتەكان و بەدنیاوە.

3-گۆڕینی پەیوەندی مرۆڤ بەمرۆڤەوە، پشت ئەستور بەو دوو گۆڕانەی پێشوترەوە.

لەنێو ئەو پەیوەندیە سەرەكیانەی ژیانی كۆمەڵایەتی ڕێك دەخەن، نوێ‌ بوونەوە و گۆڕان دەڕسكێت.

*بەڵام سەروەختێك پەیوەندی (زمان بەشتەكانەوە) دەگۆڕێت، خوێنەر لێت تێناگات. كەواتە چۆن پەیوەندی ئەو بەبرای مرۆڤیەوە دەگۆڕێت؟

-من نازانم گەر خوێنەر توانای تێگەیشتنی دەبێت یان نا، بەڵام دەزانم كاریگەری شیعری بریتیە لە كاریگەری هەست و سۆز. واتە قەسیدە لەناخی خوێنەردا هەست و سۆز و هەڵچون و ئەندێشەو وێنە دەخوڵقێنێ‌ و جۆش خرۆشی (بەمانا سیاسیەكەی و تەنانەت بەمانا فیكریەكەشی)، تێدا دروست ناكات.

جۆش و خرۆشی سیاسی یاخود ئایدیۆلۆژی، نوسینی ئاسایی و سەرپێی دروستی دەكەن، بەڵام شاعیر یان چامەی شیعریی، دنیایەكی دیكە لەچەشەكردن و خەیاڵدان و هەست و سۆزی نۆرماڵ و مۆدێرن، دێننەئارا.

*عەبدوڵڵا بەردونی؛ شاعیر و مێژوو نوس و رەخنەگرێکی بەناو بانگی یەمەنیەو نابینا بووە، لە ساڵی ١٩٢٩ لە دایک بووەولە ٣٠ ئۆگۆستۆسی ١٩٩٩ کۆچی دوایی کردووە و خاوەنی چەندین بەرهەمی شیعری و ئەدەبی و مێژووییە.

سەرچاوە:

 ئەم گفتوگۆیە (بها‌ء جاهین) سازی داوەو لە (دنیا الثقافة)دا بڵاوبۆتەوە. ئێمە لەم سەرچاوەیەوە وەرمانگرتووە .

أدونیس: الحوارات الكاملە (1987-1990– بدایات،  الجزء الثالث ,دمشق- الطبعة الاولی، 2010).

بڵاوکردنەوە: