بۆریس گرۆیس، دەربارەی (ئاندرێ تارکۆڤسکی)

410
0
بڵاوکردنەوە:

(بۆریس گرۆیس) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کورەیتەر (نەدیم سامان)  و خاوەن گالەری (ئانیا ستۆنێڵکا)، لەسەر دەرهێنەر (ئاندرێ تارکۆڤسکی).

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕامیار محەمەد

(هەندێك فیلمکار زۆر باشن لە دەربڕینی جوڵەدا، یان لە کۆنسێپتی جوڵە خۆیدا، بە کردنی هەموو شتێك بەخێراییەکی زۆر. بۆ ئەوان، فیلم فەندەمێنتاڵانە دەربارەی جوڵەیە. هەرچەندە فیلمکاری واشمان هەیە کە زۆر بایەخ بە وێنە تاکەکان دەدەن. فیلمەکانی ئەوان زنجیرەیەکە لە وێنەی تاك کە زۆر بەخاوی دەجوڵێن، تارکۆڤسکی یەکێکە لەوان)

پ: ڕات چییە لەسەر ئەو وێنە فەورییانەی کە تارکۆڤسکی گرتوونی لە حەفتاکاندا؟ پەیوەندی چییە بە فیلمەکانییەوە؟

بۆریس گرۆیس: هەموو وێنەکان لە ئیتاڵییا گیراون، هەربۆیە ئەمە جۆرێکە لە (یادداشتنامەی بینراو visual diary)ی ئەو کە وەکوو کۆچەرێك، لە چواردەوریدا ئەم یادداشتانەی تۆمار کردوون. ئەوەی سەرنجی من ڕادەکێشێ لەم وێنانەدا ئەوەیە، وەکوو تابلۆی ڕۆمانتیکی سەدەی نۆزدە وەهایە، لە داڕشتنییان و هەروەها لە جوڵە و یاریکردنی رووناکییاندا.

ئەمە   مەیل و  موودێکی شکۆمەندانەو باڵایە، بە واتایەکی تر،ئەمە ئەو شتە بووە کە هەموو کات پێی سەرسام بووم کاتێك تەماشای فیلمەکانی ئەوم کردووە؛ چونکە مرۆڤ هاوەڵی وێنەی جوڵاو دەکات لەگەڵ سەدەی بیستدا. دەتوانم بڵێم فیلم خودکارانە شتێکی تەکنەلۆژییە، کە ئەویش سەر بە مۆدێرنیتەیە. هێشتاکە لە ڕاستیدا هەموو ئامێرە تەکنەلۆژییەکان، جۆرێکن لە (کەلەپوورێکی بینراویی) سەدەی نۆزدە.

وەکوو تێکهەڵکێشێک وایە لە (چیخۆف) و (کاسپەر دەیڤد فرێدریك)، بە واتایەکی تر-لە جۆری کوختێك- ژیان لەگەڵ داتەپینی ئەرستۆکراسی ڕوسیی. ئەم وێنانە نۆستالجییە، بەڵام نۆستالجی نییە بۆ کولتووری سۆڤیەتی ڕوسی کە ئەو بەجێیهێشت، بەڵکوو نۆستالجیایە بۆ ڕوسیای بەرلە شۆڕش. ئەو وێنانە ڕەنگدانەوەی جەوی نیۆ ڕۆمانتیکن، لەو کاتەی کە تیایدا بەرهەمهاتوون. ڕۆمانتیسیزمی ئەو وێنانە زیاتر ئەڵمانین وەك لەوەی فەڕەنسی بن. هەروەکوو (کاسپەر دەیڤد فرێدریك) یان (ئۆتۆ ئەنگە). کلاسیسیستە، بەڵام بە ڕووخسارێکی ڕۆمانتیك.

پ: ئایا ئەم بینینە نۆستالجییە وەکوو (گەڕانەوە بۆ لای پەروەردگار) وایە بەلای تۆوە واتە  هەمان پاڵنەری ریستۆرەیشنستەکانە؟

بۆریس گرۆیس: نەخێر ئەمە وەکوو (گەڕانەوە بۆ لای پەروەردگار) نییە، چونکە ئاشکرایە مرۆڤ ناتوانێ بەمجۆرە بۆ لای شتەکان بگەڕێتەوە. ئەمە زیاتر هەوڵێکە بۆ یەکسانکردنی ئەم جۆرە ڕۆمانتیکەی سەدەی نۆزدە، و لە هەمان کاتدا داتەپینی هێواشی ئیستاتیك، بە واتایەکی تر، وەکوو جۆرێك لە جەو و مەیلی هەرێمیانەی (چیخۆف) و (تورگانێڤ) بۆ ڕوسیا وایە. هەربۆیە، خێزانەکەی جۆرێکە لە سپەیسی یوتۆپی.

 

پ: کەواتە تۆ پێت وایە ئەمە بەهۆی ئەوەوەیە کە ئەو خێزانەکەی بۆ ماوەیەك جێهێشتووە؟

بۆریس گرۆیس: نەخێر. بەڵكوو، ڕەنگدانەوەی جەو و  مەیلی چەقبەستنی سۆڤییەتە. تەماشای ئەو فیلمەی بکە (ئاوێنەکە The Mirror)، کە بە هەمان شێوە زۆر چیخۆفییانەیە. من ئەو فیلمەم لە یەکییەتی سۆڤییەت تەماشاکرد. باس لە ژیانی پیاوێكی خانەدان دەکات لە لادێ؛ بە واتایەکی تر ژیانێكی خانەدانیی دەگێڕێتەوە، نەك واقعییەتی پرۆلیتاری سۆڤییەت. هەموو شتێك لە (داچا)* کاندا ڕوودەدەن، یاخود لە باڵەخانەی نیشتەجێبوونەکانی کەسانی دەوڵەمەند یاخود کەسانی چینی ئینتلینجیسیا (رۆشنبیران)ی مۆسکۆ. خەڵکانێك کە بە هەرشێوەیەك بووە ئەو شتەیان بنیاتناوە یان خێزانەکانییان بۆیان بنیاتناون. ئەمە بە نزیکی زیندووکردنەوەی هەستیاری بوون بوو بەرامبەر خانەدانیی سەدەی نۆزدە.

پ: تۆ لە هەمان ئەو ساڵەدا ڕوسیات بەجێهێشت کە تارکۆڤسکی بەجێیهێشت. ئایا تۆ بەم جەوە ڕۆحییە، نۆستالجییەوە دەبەسترێیتەوە؟

بۆریس گرۆیس: کچەکەی تارکۆڤسکی چوو بۆ هەمان گروپی منداڵانی کوڕەکەی من، ئێمە لە مۆسکۆ دراوسێ بووین. باش شارەزای ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەم. لەو کاتەدا، “ڕۆحانییەت” ناوێکی تری (تایبەتمەندێتی) یاخود (ئینتیما) بوو. نەك بڵێین بەزۆری بۆ سپەیسێکی فیکری تایبەت بێت، بەڵکوو بە سادەیی، دەتوانین بڵێین سپەیسی تایبەتی. ئەوەی لە یەکییەتی سۆڤییەتدا ڕوویدا، جۆرێك بوو لە  کۆگەلیکرنی هۆشمەندی، کۆگەلیکردنی مەیلی هەموو دانیشتوان، وەک جۆرێك  سەرتاسەریکردنەوەی ناخود ئاگایی. بەم پێیە، خەڵك تەنها دەیویست سپەیسە تایبەتەکەی خۆی بگەڕێنێتەوە.

مەیلی ئاینیانە لەکۆتایی (١٩٦٠)ەکان و سەرەتایی (١٩٧٠)کان، یەکەمین شەپۆلی بەتایبەتیکردن بوو. ئەوە بەتایبەتیکردنی سپەیسی ئایدیۆلۆجی بوو… بە واتایەکی تر دیسکۆرسی بەتایبەتیکردن مێژووییانە بەپێشی بەتایبەتیکردنی ئابووری دەکەوێت. ئیستاکە ئێمە گەیشتووینەتە بەتایبەتیکردنی موڵکی دەوڵەت. ئەمە جۆرێك بوو لە سپەیسێكی ئایدیاڵ و یوتۆپی، لە ناوەڕاستی سپەیسێکی کۆلێکتڤ. من بە گومان بووم، هیچ نۆستالجیایەکم نییە دەربارەی ئەوەی یەکییەتی سۆڤییەت چی بووبێت. وە هیچ پەیوەندیم بەم جۆرە سپەیسە تایبەتییانەوە نییە. من هیچ کات بڕوام بە بەتایبەتیکردن نەبووە، هێشتاش بڕوام پێی نییە.

پ: بینەر چۆن دەتوانێت خەیاڵی فیلمەکانی و سروشتی دۆکیومێنتاری وێنە فەورییەکانی ئەو لە یەکتری جیا بکاتەوە؟

بۆریس گرۆیس: ئەگەر شتێك هەبێ سەرنجڕاکێش بێت دەربارەی تارکۆڤسکی، ڕێك ئەوەیە کە ئەوەیە کە لە (کیچ) هەڵدێت، چونکە ئەو زۆر دۆکیومێنتاریستە و نایەوێت ببەسترێتەوە بە ڕابردووەوە و بیری بێتەوە. لە هەردووکییاندا: وێنە فەورییەکانی و فیلمەکانیشیدا، گەر بە ڕابردووەوە ببەسترێتەوە، ئەوا بە ڕێگایەکی نێگەتیڤانەوە پێوەی دەبەسترێتەوە. وەکوو لە (ئەندرێ ڕۆبلێڤ Andre Rublev) دا هەیە. ئەو ئەم (ئێرە و ئێستا) ڕۆمانتیکییە، ڕۆحییە، پتەوەی دەوێت. زۆرتر دەربارەی هەستکردنە بە دانپیانان، گەڕان بەدوای ئەوەی (ڕۆلاند بارت) بە (خاڵ Punctum) وەسفی دەکات. فیلم و وێنەی فەوری زۆر لە یەکەوە نزیکن؛ هەردووکییان بەخێرایی روودەدەن و زۆر بە باشی (سات) دەچەسپێنن، هەر بۆیە ئەوە دەربارەی نۆستالجیا و بیرەوەری نییە، ئەو کاری بە مێژوویی کردن ناکات، وە کۆنەپەرستیش نییە. لە وێنە فەورییەکانیدا، ئەو لە یەکسانییەك، یاخود لە پێناسکردنێكی ئەم ئەزموونکردنە گرنگە دەگەڕێت لە ژیاندا لەگەڵ جۆرێکی تایبەتی بەخانەدانکردنی کولتووری مێژوویی هونەر. ئەو شتێکی ڕوسی ناناسێتەوە، ئەو شتێك دەناسێتەوە کە سەیری کردووە لە مۆزەخانە و گالەرییەکی هونەریی سەدەی نۆزدە.

پ: لە گفتوگۆیی پێشووترتدا گەشتیتە ئەم ئەنجامانە وەکوو ” دۆکیومێنتاری ڕۆمانتیسیزم” کە دەگەڕێتەوە بۆ ئامڕازی ڕۆحانی بەبێ پەنابردنە بەر سوریاڵ…

بۆریس گرۆیس: بەڵێ بێگومان، ئەو نایەوێت واقع بگۆڕێت، ئەو نایەوێت هیچ شتێك لە دۆخێکەوە بگوازێتەو ەبۆ دۆخێکی تر. ئەو دەیەوێت جۆرێك لە دانپیانان ئەزموونبکات، بە  واتایەکی تر تەماشاکردنی شتەکان و کتوپڕ  ناسینەوەی وەکوو بەشێك لە مێژووی کولتووری ڕۆحانی. ئەو دەیەوێت بە ڕاستوڕەوانی هەموو شتێکی دەستکردو مشەخۆرانە لە  سەر هونەر وەلانێت ،ئەگەر  ئەم  دەربڕینە  دروستبێت.

پ: بەڵام هێشتا وێنە فەورییەکانی زۆر سەرنجڕاکێش و جوان و بە ستایل داڕێژراون…

بۆریس گرۆیس: بەڵێ بێگومان وایە، بەڵام ئەمە بینینی ئەوە بۆ شتەکان؛ ئەمە هەندێ لە وێنە سەرەتاییەکانی (جێف واڵ)م بەبیر دەهێنیتەوە. ئەو بۆ جوانی و دیمەنی سروشتی دەگەڕێت کە (پۆسن و مانێت)ی بەبیر بهێننەوە، پاشان وێنەیان دەگرێت. وێنەکانی لە کارەکانی (پۆسن و مانێت) دەچن، بەڵام ئەوانەی ئەو بنیاتنراو نین. لێرەدا نایابییەکی دۆکیومێنتاریی هەیە لە پشاندانی راستەوخۆیی،لە هەمانکاتدا هەڵگری کۆدی مێژووییانە و کولتوورییانەشن .

پ: وەك ئەوەی بتەوێ بڵێی، سینەماتۆگرافەر دەگەڕێتەوە بۆ تابلۆ وەکوو جۆرێك لە سەرەتاییترین مەحەك بۆ فیلم؟

بۆریس گرۆیس: زۆر بە رەهایی. ئەمە دەربارەی وێنەیە، دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی جوڵەیە بۆ پلەیەکی دیاریکراو، وە کردنی فیلم بە جۆرێك لە سڵایدشۆ. ئەم  هونەرە بە  هەڵە ناسێنراوەو لێکدراوەتەوە وەک ئاڤانت گارد. خۆی ئەمە بەهیچ جۆرێک ئاڤانت گارد نییە.

پ: لەم سۆنگەوە دەکرێ ئێمە بڵێین: وێنە فەورییەکانی تارکۆڤسکی تەنها تەریب نین بە ڕاهێنانەکانی وەکوو فیلمکارێك؟ بەڵکوو ئەوان درێژکراوەی کارەکانی ئەون؟

بۆریس گرۆیس: دەتوانم بڵێم، لە روانگەی منەوە، وێنە فەورییەکانی ئەو تا رادەیەکی زۆر دەرخەری ئەوەن کە ئەو چۆن فیلم درووستدەکات. ئەو فیلمەکانی بەجۆرێکی وێنەی زنجیرەیی کتوپڕیی درووستکردووە کە خۆی دەیانناسێتەوە. وە لەلایەن بینەرەوە بەشێوەیەکی شاراوە دەناسرێتەوە، کە خۆی پێشوەختە کۆدکراوە. لە روانگەیەکی جیاوازیشەوە(بۆدریار) دەڵێ: کاتێك تۆ تەماشای ژنێکی ڕووت دەکەیت هیچ شتێکی تازەت بۆ دەر ناکەوێت، چونکە جەستەی ژن هەرزوو پێشتر بە کۆدکراوە، پێشوەختە درووستکراوێکی کولتوورییە. تارکۆڤسکی تەماشای جیهان دەکات بەڵام جیهان هیچ  ئیلهام نابەخشێت. لە بنەڕەتدا هەر وایە و  هیچ شتێک نییە. هەر خۆی وێنەیەکە لە جۆری بەدوایەکداهاتنی مێژوویی، بە شتێکەوە دەبەسترێتەوە کە ئەو پێشتر بینیوییەتی، درووستکراوی کەسێکە کە پێشتر دەربارەی زانیوە.

پ: بەڵام هێشتا ئەم وێنە فەورییانە بۆ بەکارهێنانی تایبەتی گیراون…

بۆریس گرۆیس: بەڵام تۆ هەر شتێك بکەیت وەکوو هونەرمەند، هەمیشە ئەگەری بڵاوکردنەوە لە مێشکتدا دادەنێیت. ئەگەر تۆ نامەیەك یاخود یادداشتێك دەنووسیت، ئەم ئەگەرەت هەمیشە لە مێشکدایە. ئەمە هەمیشە بەشێکە لە بەرهەمی هونەریت. وێنە فەورییەکان دیوێکی جیاوازی ئەندێشە هونەرییەکەی ئەوە، یاخود دیوێکی جیاوازی ماتریاڵی چالاکییە هونەرییەکانی ئەوە. بە واتایەکی تر، ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو چۆن لە فیلمدا زنجیرەی وێنەیی لە وێنە تاکەکانەوە بنیاتدەنێت.

پ: وەکوو فیلمکارێك، هەوڵەکانی تارکۆڤسکی تا چەندە گرنگە بۆ وێنەی وەستاو still-Photography)؟  واتە دەکرێ بڵێین، ڕادیکاڵانە دژی پراکتیسی هەندێك فیلمکار و وێنەگری دیکەی وەکوو (دەیڤد لینچ) یاخود (ویم وێندەرس)ە؟

بۆریس گرۆیس: نەخێر، پێم وانییە وابێت. هەندێك فیلمکار زۆر باشن لە دەربڕینی جوڵەدا، یان لە کۆنسێپتی جوڵە خۆیدا، بە کردنی هەموو شتێك بەخێراییەکی زۆر. بۆ ئەوان، فیلم فەندەمێنتاڵانە دەربارەی جوڵەیە. هەرچەندە فیلمکاری واشمان هەیە کە زۆر بایەخ بە وێنە تاکەکان دەدەن. فیلمەکانی ئەوان زنجیرەیەکە لە وێنەی تاك کە زۆر بەخاوی دەجوڵێن، تارکۆڤسکی یەکێکە لەوان. دەیڤد لینچ و ویم وێندەرسیش بەهەمان شێوە زۆر خاون. ئەو فیلمکارانەی کە دەزووی ئەم وێنە تاکانە بەیەکەوە دەبەستن، زۆرتر نزیکە لە تابلۆ و وێنەی نەجوڵاو. بژاردەیەکمان لەبەردەمە بۆ لێکدانەوەی فیلم وەک بە  دوایەکداهاتنی وێنە  تاکەکان، تارکۆڤسکیش سەر بەم بەشە لە ترادسیۆنی سینەماتۆگرافییە.

 

*داچا: خانووی گەورەی لادێی ڕوسی.

سەرچاوە:

BORIS GROYS ON ANDREY TARKOVSKY’S DOCUMENTARY ROMANTICISM
01 FEB 2019.

بڵاوکردنەوە: