شۆڕش

640
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: ڕامیار مەحمود

– جیهان تاریکە،

گەلەمرۆڤ بە هەموو لایەکدا بڵاو بوونەتەوە.

بە تەنیا ڕۆشتن،

بە تەنیا بیرکردنەوە،

بە تەنیا ژیان،

ئیتر قەدەغەیە!

 

– گەلە مرۆڤ هات،

دڵی خۆت کۆکەرەوە،

زمانت هەروەها پڕە لە کەلەبەر

ئەویش  کۆ کەرەوە؛

چاوەکانت دوور ئەڕوا،  ئەویش  کۆکەرەوە.

 

– لەشە نەخۆشەکەت بەرەو ناو پێخەفەکە بەرە،

ڕەنگە شۆڕش وەک تاعون بڵاوبێتەوە،

کە مافی پەناهەندەیی بۆ تۆ

نەهێڵێت وەک شاعیرێکی وجودی.

 

– ئەوان  پرسیار ناکەن،

قیڕەقیڕەکانییان لە بەر دەرگای  ژوورەکەت هەڵئەڕێژن،

ئەو شۆڕشگێڕانە سەروسەکوتێکی قێزەونییان هەیە.

زمانییان هەمووی نیهاد و گوزارەیە،

شۆڕش ڕێزمانی هەیە…

بەڵام شاعیران نەخێر!

هەمیشە وتوومە گوو بە ڕێزمان.

 

– ئەوان هاتن کۆڵانە و کۆڵان راستی ئەگێڕن،

کە بە مردنی مرۆڤەکانی تر ساغی ئەکەنەوە.

دەبێت ژیانە بچکۆلەکەی خۆم بشارمەوە لێیان،

دەزانم ئەوان تاعون و نەخۆشییەکەن،

بەڵام دەبێت

من خۆم نەخۆش نیشان بدەم،

ئەگەر بگیرێم ناخۆشە.

ئەوان بە دەنگی بەرز دەقیڕێنن،

بۆ کەسێک زمانی لێکەوتبێت ئازارێکی زۆر ئەدرێت.

 

– کاتی ئەوە هاتووە خزمەتی خۆم بکەم،

تەنانەت ئەبێت خۆم لا جوانتر بێت،

پێویستە خۆت پەسەندتر بیت.

بە قوڵی ڕۆچووم،

هەموو ڕۆچوونێکی قوڵ کۆتاییەکەی خنکانە.

من ئەمەم بە خۆڕسک لەگەڵ ئەوانیتردا کرد،

بەرلەوەی سەرئەنجامەکەی بزانم،

تۆ هەمان هەستی منت نییە

چونکە تۆ من نیت!

بۆیە کاتی ئەوە هاتووە هەستەکانم بگێڕمەوە بۆ خۆم.

 

– خۆ ناهێڵم  ژیانم بە بەرچاومەوە ببرێت!

تۆ لە ژیانێکی تاریك منت هێنایە دەر بۆ جەنگ،

نازانم مرۆڤ ئایا بە تەنیا  چی  پێدەکرێت؟

ڕەنگە مرۆڤ هەر بە تەنیا هەموو شتێکی  پێبکرێت!

ڕەنگە مەبەستەکەش ئەوە بێت،

ئیتر بە تەنها بە تەمای  خۆتبیت.

 

– وەک ئەوەی لە ژیاندا نەمابم،

شەقامەکان بە تەنیا ڕێدەکەم

بە تەنیا بۆ قاوەخانەکان دەڕۆم،

تەنانەت بە تەنیا ئەخۆمەوە!

ئەگەر گریمان دەخۆمەوە

حەز ئەکەم ئیتر ئەوین بێنمە دەرەوە لە خۆم،

هەروەها هزرینیش.

بۆم دەرکەوتووە مرۆڤ نابێت جڵەوی خۆی بداتە دەست  خەیاڵ،

خەیاڵ بە ڕاستی سەیرە!

 

– نازانم بۆ ئێوە چی باشە،

بۆ خۆم:

خۆ خاڵیکردنەوەیەکی ڕەها لە هەموو شتێک،

هەموو دەرگایەک من ئەی کەمەوە

هەڵەیەکە.

هەموو دەرگایەک من دای ئەخەم،

ئارامییەکە.

سەرباری ئەوەش

وەک هەر کەسێکی ئاسایی

حەزم لە دەرگایەکی ئارام بەخشە،

ئای خودایە،

من چەندم دووبارە کردەوە پێویستم بە ئارامییە،

خۆزگە دەستێک دەبوو،

کاتێك کە ئاوا مرۆڤ پارچەپارچە دەبێت بە هەموو لایەکدا

یان گسکی بدات یان کۆی کاتەوە.

 

– چیرۆکەکە باوەڕپێکراو نییە،

کاتێک سەرقاڵیت…

بەڵکوو ناتەوێت؛

نەویستن تاڵییەکە من دەیناسمەوە.

کاتی ئەوە هاتووە پلانەکانم بگۆڕم،

مەبەستم خۆبەتەمای هیچ نەکردن.

با بەخێربێت شەوی نەبڕواوەی ژیان،

باشترە لە خۆبەتەماکردن.

لە کۆتاییدا منیش ئەبێت لەوە تێبگەم

ئەوەی کە بۆ من نییە بۆ من نییە.

 

– من کۆتا هەڵەی خۆمم  خۆشئەوێت،

ئەبووایە خۆشم نەوێیت،

مەبەستم  ئەوەیە لە کۆتا هەڵەدا ئەوەستم،

پێویستم بە دڵشکاندن نەماوە…

چونکە هیجی وام پێوەنەماوە.

بە هەزار ئەمسەر و ئەوسەر ژیان بەڕێ دەکەم،

تکایە ئیتر وا تێمەگە بێ تۆ باش نیم،

بگرە زۆر باشترم!

بە لایەنی کەمەوە بەخۆمەوە ئەگیرسێمەوە.

بێگومان مرۆڤ دەبێت شوێنێکی شاراوەی خۆی بهێڵێتەوە

لەگەڵ هەمووکەس.

من ئەوەم نەکرد!

بەڵام دووبارە دەست بە خۆشاردنەوەی خۆم دەکەم،

حەز ناکەم کەس لە کاتی بەتاڵی خۆیدا دامبنێ.

وەک شاعیرێک،

تەنها چۆڵەوانییەکەمم هەیە،

تەنها بێدەنگییەکەم.

 

– ئەگەر کاتژمێرەکەتان بۆ شۆڕش ناوەتەوە،

ئەوە هەم چۆڵەوانی و هەم  بێدەنگی

لە منەوە بۆ ئێوە…

بە دڵنیاییەوە جیهان بە بوونی ئەم دوو شتە دەگۆڕێت.

 

– چی لە جیهان بکەم؟

من بیری تۆ ئەکەم،

حەزێکی وام هەیە تۆش بیرم بکەی،

بەڵام دەزانم ئەمە ڕوونادات.

ئەزانم من ئارەزووەکانم

لاوازییەکانم ئاشکرا ئەکەن،

رەنگە تۆ چارەسەرە هەڵەکەی من بیت،

جا من کەی بە هەڵە چارەسەرم بەکارنەهێناوە؟

 

نۆڤەمبەری ٢٠٢٠

بڵاوکردنەوە: