شانۆیی شینە لە شیندام

608
0
بڵاوکردنەوە:

سەرنجێک لەسەر تێزەی شانۆییەکە

بەکر عەلی

(ئەو دۆخە سیاسییەی ئێستای هەرێمی کوردستانی تێدایە دەرەنجامی ئەو سزا میتافیزیکییەیە کە دراوە بەسەریدا دوای ئەوەی ئەندامانی ئەو هەرێمە کەوتنە پێشێلکردنی دەستووری پێکەوەژیان.)

دوای بینینی ئەم پارچە شانۆییە، هەستم کرد ڕەنگە بواری ئەدەبیات و کایەی هونەری کوردی تائێستا دەرەقەتی ئەوە نەهات بێتن دەستنیشانی خاڵە گەرمەکەی  گرفتی بوونی ئێمە بکەن. ئێستا دەرک بەوە دەکەم کە شانۆ دەتوانێت ببێت بە ڕۆحی سەردەمەکان، ببێتە سەکۆی پیشاندانی ڕۆحی ئەو گرفتارییە دێرینەی هەبوونی ئێمەی پێوە دەرگیر بووە.

ئەم شانۆگەرییە دەربارەی ئەو کارەساتەیە کە مرۆڤەکان ناتوانن لە قەوارەیەکی یەکانگیردا(خێزان بێت یان کۆمەڵگە یاخود گەل بێت) پێکەوە بژین و ڕێز لە بوونی یەکتری بگرن،  یەکێکیان هەڵەیەک، گوناهێک، تاوانێک بەرامبەر بەویتریان دەکات، ئیتر ئاوا دەکەونە نێو ژیانێکی ناپاکانە و گەندەڵانە و ناڕاستگۆیانەوە، لە ئەنجامدا جۆرێک سزای میتافیزیکی بەسەریاندا دەسەپێنرێت و پەرشوبڵاویان دەکاتەوە و فانی وکەساس و زەلیلیان دەکات. سزای ئەوەی لەسەرەوە فڕێیان دەداتە خوارەوە و لە بری ئەوەی یەک گەل بن دەیانکاتە چەندین گەل، لەبری ئەوەی یەکزمان بن دەیانکاتە چەندین زمان تا لێک حاڵی نەبن، لەبری ئەوەی نەمر بن، دەیان کاتە فانی و مردوویی وزەلیل لە سەر زەوی، وەک پلاتفۆرمێکی خوارەوە لە هەرێمێکدا دەبنە براکوژی یەکتر. ئەو دۆخە سیاسییەی ئێستای هەرێمی کوردستانی تێدایە دەرەنجامی ئەو سزا میتافیزیکییەیە کە دراوە بەسەریدا دوای ئەوەی ئەندامانی ئەو هەرێمە کەوتنە پێشێلکردنی دەستووری پێکەوەژیان. هەموو سزایەک بریتییە لە فەرمانێکی دادوەرانە بەسەر ئەوانەی نادادوەرانە ڕەفتاریان کردووە.

بەپێی چیرۆکی ئەفراندن خەڵکی بابل یەکیانگرت و بورجێکی بەرزیان دروست کرد، ئەوان نەشیاویان کردە شیاو، کردگار بەمە تووڕە بوو، بۆیە پارچەپارچەی کردن و کردینی بەچەندین زمان وڕەگەزی جیاواز لەیەکتری. کردگار سزایەکی ژیرانەی هەڵبژارد بەوەی زمانەکەیانی شێواند و کردییە چەند زمانێکی جیاواز، چونکە ئەو دەیزانی زمان یەکەمین میدیۆمی کۆکردنەوەی مرۆڤەکانە و ئەوان لەڕێی زمانێکی هاوبەشەوە دەتوانن یەکانگیر بن وکۆببنەوە. ئەو چیرۆکە دۆخی سیاسییانەی مرۆڤ دەگێڕێتەوە بۆمان کە چۆن تووشی گەندەڵی دەبن و چێوەی پەیوەندییە کۆگەلییەکان پێشێل دەکەن، کردگاریش بۆ ئەوە سزایان دەدات، کارەساتی پەرشوبڵاوبوونەوە وپارچە پارچەبوون دەبێت بەو سزا میتافیزیکییە، هەربۆیە خودی ئەم پارچەیەش بە گێڕانەوەی ئەو چیرۆکە لەناو پاسەکەدا دەست پێدەکات کاتێک بەرەو شانۆکە دەچن. لەچیرۆکی ئەفراندندا ئاوەها هاتووە، یەزدان گووتی:<< ببینن ئێوە ئێستا یەک گەلن و بەهەمووشتان تەنیا یەک زمانتان هەیە، ئا ئەمەش بریتییە لە دەستپێکی کارەساتەکەی ئێوە. دوای ئەمە ئیتر هیچ شتێک لەوانەی ئێوە نیازتانە بیکەن بەلاتانەوە نابێتە شتێکی نەکردە. بۆیە وا ئێمە دێینە خوارەوە بۆلاتان. ئێمە دەبێت زمانەکەتان وەها لێ بشێوێنین، بەجۆرێک هیچ کەسێک لە قسەی کەسێکی تر تێ نەگات.>>.  ئیتر یەزدان دەستیکرد بە پەرتکردنی هەموویان بەسەر زەویدا و چیتر ئەوانیش وازیان لە دروستکردنی شار هێنا. لەبەرئەوەیە شارەکە ناوی << بابل>>ە، چونکە یەزدان لەوێدا زمانی هەموو دنیای لەیەک تێکدا و ئیتر هەر لەوێشەوە خەڵک بەسەر هەموو زەویدا پەرشوبڵاو بوونەوە.>>..

لەبەر تیشکی ئەم چیرۆکەدا ئێمە دەتوانین لە گرفتە بوونگەرییەکەی کورد تێبگەین، گرفتی ئەوەی بۆچی ئەو ناتوانێت خۆی لە فۆرمێکی یەکانگیردا، لە قەوارەیەکی یەکگرتوودا کۆبکاتەوە. ئەو سزا نەفرەتییە لەچ میتافیزیکێکەوە دابەزیوەتە سەری. ئەو کردگارە بۆ بەم سزایە هەستاوە بە جۆرێک لە  <<خەساندنی سیاسی>> هەر کۆششێکی سیاسی بۆ کۆکردنەوەی ئەو خەڵکە پارچەپارچەیە. بۆچی مێژووی بوونی کورد بریتییە لە مێژووی یەکنەگرتن. بۆچی ئەو سزادەرە میتافیزیکییە سروشتێکی سادیستێکی هەیە کە چێژ لەوە دەبینێت نەهێڵێت ئەو خەڵکە داماو و پەرت پەرتە بچنەوە پاڵ یەکتری. ئایا هەموو کارەساتە مێژووییەکانمان لەوێوە سەرچاوەی نەگرتووە کە ئێمە لەپاڵ یەکدا نین، ئەی بەرەو ئەوێش مل نانێین کە هەستی پێکەوەبوونی گشتی وئینتیما لەخۆماندا بخەسێنین.

تێزەی شانۆییەکە لەهەرە جەوهەریترین کێشەی مرۆڤگەلێکە کە چەند سەدەیەکە سزادراوی ئەو هەڵانەن کە خۆیان دەرهەق بە بوونی پێکەوەیی خۆیان کردوویانە. لە هەموو وێستگە مێژووییەکاندا ئێمە تەنیا هەڵەکانی خۆمان دەرهەق بەیەکتری بوونتە مایەی شکستمان لەوەی پێکەوە بەیەکگرتووی بمێنینەوە. لەدێرینتری زەمانەوە، کە زەردەشت تێیدا دەرکەوت بە تێپەڕینی بەناو هەموو ئەمارەتەکاندا تا دەگاتە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ئەو بەڵگەنەویستە بەئاشکرا دەبینین کە ئێمە سزادراوی ئەو گوناهانەی بەرامبەر یەکتری دەیکەین. گرنگی تێزەی ئەم پارچە شانۆییە لەوەدایە مرۆ دەتوانێت پەی بەو نهێنییە وجودییە ببات کە ئایدیای کوردبوون دەیخاتەڕوو بۆمان. واتە نهێنی ئەوەی هیچ ئایدیایەکی سیاسی ناتوانێت بهێنرێتە بوونەوە گەر هەڵگرەکانی ئەو ئایدیایە هۆشمەندی ئەوەیان نەبێت ئەوان ئینتیمایان بۆ شتێکی گەورەتر لەخۆیان هەیە. ئایدیایەکی گەورەتر ئێمە کۆدەکاتەوە. هونەری سیاسەت و هونەری پێکەوەبوون بریتییە لە خودی ئەم تێزەیە، مرۆڤ پەیوەستداری ئەوانیترە. لەم پەیوەستدارییەدا دەستوورێکی سیاسی کۆیان دەکاتەوە و پێکەوەژیان و هەستی پێکەوەیی بۆ ئەندامەکانی شیاو دەکات. پێشێلکردنی ئەو دەستورە، تێکشکاندنی هەستی کۆگەلییە و گەڕاندنەوە و دابەشکردنەوەی جڤاتە بۆ خێڵی تاکوتەرا و پەرشوبڵاو. هەموو بوونی سیاسی کورد لەدێر زەمانەوە تا ئێستای مۆدێرنە لەو ڕێڕەوە لاینەداوە کە قبوڵی یەکتری نەکەن و هەستی کۆگەلی لەخۆیاندا چێ نەکەن. بەبێ ئەم ڕێکارەش نە مرۆڤیان دەبێتە مرۆڤ و نە خێڵیان دەبێتە کۆمەڵگە ونە کۆمەڵ دەبێتە گەل و دواجاریش نە گەل دەبێتە نەتەوە.

خودی سزا میتافیزیکییەکە لێرەوە چی دەبێت، کاتێک ئەم سوبیەکتە پارچەپارچەیە خۆی لە ئاوێنەیەکدا بەیەکگرتوویی نابینێتەوە. دروستنەکردنی ئاوێنەی سوبیەکتی یەکانگیر، بەمانا لاکانییەکەی، مانەوەی ئەو سوبیەکتەیە لە قۆناغی پێش ئاوێنەدا، واتە لەو قۆناغەدا کە هێشتا خۆی وەک تەنێکی یەکپارچەیی نەبینیوە، بەڵکو خۆی وەک چەندین پارچە هەست پێ دەکات.

گەیشتن بە قۆناغی ئاوێنە، گەیشتنە بە سوبیەکتە یەکپارچەکە. قۆناغێک کە تاوەکو ئەمڕۆ ئێمەی کورد پێی نەگەیشتووین، ئەوەش هۆکاری  وەرگرتنی ئەو سزایەیە کە فڕێ دەدرێین بۆ دەرەوەی مێژوو، دەرەوەی ئەتڵەسی سیاسی جیهان.

ئەم شانۆگەرییە توانی ڕۆحی ئەو گرفتە بوونگەرییە کوردییە هەمیشەییە لە مۆدێلی چیرۆکە بابلییەکەوە بەرجەستە بکات و پیشانمان بدات، هەموو پارچەپارچەبوونێک لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەی فۆرمێکە. لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەکە بریتییە لەو سزا میتافیزیکییەی کە لەکردگارەوە نەسەپێنراوە بەسەرماندا، بەڵکو لەو باوکمانەوە کە ماممان ناپاکی لێ کرد وهەموومانی کردە  خەڵکانێکی زۆڵ و باستارد. مرۆڤی باستارد سروشتێکی ناکۆکی هەیە لەگەڵ جڤاتدا، باستارد زۆر بۆ خۆی دەژی و هیچ گیانێکی پێکەوەژیانی تێدا نییە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر باستاردبوونی جڤاتی کوردی و ناڕەسەن بوونی ڕەگەزی کوردی لەڕووی جینیالۆژییەوە. لەکوێدا باستارد هەبوو، لەوێدا مەیلی لادان لە ئەوانیتر، لادان لە نەریتی پێکەوەیی  سەرهەڵ دەدات. ئایا ئێوە تێبینی ئەو مێژووە باستاردییەی کوردتان نەکردووە، کە بۆ تەنیا وێستەگەیەکی مێژوویی نەیتوانیوە  دەستبەرداری مۆرالی باستاردانەی خۆی ببێت. من پێموایە ئەم تێزەیە کە لەم شانۆگەرییەدا خراوەتە ڕوو، بریتییە لە کرۆکی هەموو ناتەباییە فیکری وسیاسی وڕۆحی و ئاینزاییەکانی کورد. بۆیە کارێکی ئاوەها پێویستی بە لێ تێگەیشتنی وردتر وخوێندنەوەی قووڵترە.

من لێرەدا ڕادەوەستم و هێندەم لەسەرە بۆ دەرهێنەر ونووسەری ئەم شانۆگەرییە، کاک ڕاڤیار نەوزادی هێژا، کە ئەرکی کێشا و هاوکات بەوەی کە شانۆگەرییەکە لە سلێمانی نمایش دەکرا، ئەرکی کێشا و بەڤیدیۆ بۆی ناردم، سوپاسگوزاری خۆم و ئەم چەند ڕستەیەی پێشکەش بکەم.

بەرلین ٢٩.١١. ٢٠٢٠

بڵاوکردنەوە: