ئیدیت پیاف (میلۆدی ئەوین و ئازار)

545
0
بڵاوکردنەوە:

د.هاشم ساڵح

شوان ئەحمەد كردوویەتی بەكوردی

 

ئەم كتێبە، لەنوسینی نوسەری فەرەنسی دایڤد لولێیە كەپسپۆڕی بواری شانۆ و هونەرو مێژووی گۆرانی فەرەنسیە. لەم كتێبەیدا باس لەژیانی گەورەترین گۆرانیبێژی فەرەنسی دەكات لەچاخی نوێدا ، ئەو گۆرانی بێژەش ئیدیت بیاف (ئوم كەلسوم)ی فەرەنسایە. ئەم خانمە سترانبێژە دواتر دەبێتە ئەفسانە، بەڵام چۆن و بۆچی بوو بەئەفسانە؟

لەبەرئەوەی ئەو خانمە لەهیچەوە دروست بوو. هێدی هێدی لەدامێنەوە دەستی پێكرد، تاگەیشت بەلوتكە. ئەویش بەهۆی بەهرەمەندی زۆرو بلیمەتی، لەگۆرانی گوتندا. ئیدت بیایف لەسەر جادە لەدایك بوو (بەمانای پڕاو پڕی وشكە). لەسەر شۆستەكان گەورەبوو. ماڵێكی شك نەدەبرد تیا بسرەوێ‌. ژیانێكی وێڵگەردانە ژیا، لەم گەڕەك بۆ ئەو گەڕەك، لەپاریس و لەشارەكانی دیكەی فەرەنسادا. باوكی كۆمیكار بوو. لەسەر شۆستەكان خەڵكی دەهێنایە پێكەنین و خەڵك و خواش دڵیان پێی دەسوتاو هەندێ‌ پارەیان بۆ دادەنا، تامنداڵەكەی پێ‌ تێر بكات.

وەك دەزانرێت دایكی بەماوەیەكی كەم دوای بینینی، جێیدێڵێت و سەری خۆی هەڵدەگرێت. ئاخر دایكی خانمێكی هەژار دەبێت و ترسی لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی منداڵێك دەبێت كەبەبێ‌ خواستی خۆی بینیوویەتی. كەواتە ئیدیت بیاف كچی جادەو بانەكان بووە، وەكو دەڵێن. بەڵام لەپڕێكدا باوكی بۆی دەردەكەوێت، دەنگی خۆشەو داوای لێدەكات ستران بچڕێت. ئەویش جوانترین گۆرانیە كۆنە فەرەنسیەكان دەچڕێت كەلەبەری بوون. ئیدی دەنگە فریشتە ئاساكەی، شەقامە میللیەكانی ناو پاریس دەتەنێ‌. خەڵك و خوا دەوری لێدەدەن و ڕێبواران، بەناچاری دەوەستن و پارەی بۆ دادەنێن. بەو جۆرە ژیانی سترانبێژی ئیدیت بیاف دەست پێدەكات: (وەک ستران بێژی سەر شەقام).

هەموو ڕۆژێك ڕێبواران دەوەستان، یان دەكرێت بڵێین لەجێی خۆیان ڕەپ دەبوون و هەر هێندەی گوێ‌ بیستی دەنگی ئەو منداڵە ژیكەڵەیە بونایە كەگۆرانی دەچڕی، واق وڕماو دەبوون. كاتێك دەیانبینی كیژۆڵەیەكی تەمەن نۆ یان دەساڵان، تاهێزی تێدابوو دەنگی لێهەڵدەبڕێ‌، بۆئەوەی پارە و پول بۆ باوكی خڕ بكاتەوە.

ئەو باوكەی لەژیانی سێرک و تەنافبازی ماندوو بوو بوو. پاشان كچێكی وەك خۆی بێ‌ دایك و باوك خۆی لێ‌ نزیك دەكاتەوەو تاكۆتایی ژیانی دەبێتە هاوڕێی. وەلێ‌ ئەو كچە هەندێ‌ جار ئیرەی پێ‌ دەبات و كێشەی بۆ دەنێتەوە.. ئەو كچە دەست لەخەڵك پان دەكاتەوەو پارەو پولەكان لەقتویەكی بچوك دەنێت، لەكاتێكدا بیاف بەگۆرانی گوتنەوە خەریك دەبێت.

ئیتر ئاوا ئەو کیژۆڵەیە دەبێتە دیاردەیەك، لەكوچەو كۆڵانەكانی پاریسدا. خەڵك و خوا حەز بەدەنگی دەكەن و بەیانیان لەكاتی چونیان بۆسەر كارو ئێواران لەكاتی گەڕانەوەیاندا، بۆ گوێگرتن لێی ڕادەوەستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕقیان لێی دەبووەوە، لەبەرئەوەی كچی جادە و بانەكان بوو. ئاخر نەیاندەزانی تەنها دوای چەند ساڵێكی كەم، دەبێتە مەزنترین سترانبێژ لەمێژووی فەرەنسادا. بەخەیاڵیاندا نەدەهات ڕۆژێك دێت كارەكتەرە گەورەكانی فەرەنساو جیهان، لەبەردەمیدا دەچەمێنەوەو دەستی ڕادەموسن.

ڕۆژێكیان كابرایەك بەشەقامێكی نزیك شانزلیزێدا ڕەت دەبێت و دەبینێت، ڕێبوارانی ئەو ناوە ڕاوەستاون و گوێ‌ لەكیژۆڵەیەك دەگرن ستران دەچڕێت. ئەوكەسە بۆرژوایەكی گەورە دەبێت و شیكترین جلی لەبەردادەبێت. لەگەڵ ئەو خەڵكەدا ڕادەوەستێت و دوای تۆزێك، بەو دەنگە سەرسام دەبێت كەلەناخی میللەتەوە دێت. لەو كچە منداڵە دەچێتە پێش و لەناوی دەپرسێ‌ و پاشان پارەیەكی زۆر دەكاتە چنگی، ئەوەندە زۆر كەهەرگیز سترانبێژە میللیەكانی سەرجادە بەخەیاڵیاندا نایەت. هەروەها ئەدرەسی خۆشی دەداتێ‌ و دەردەكەوێت، كابرا بەڕێوەبەری یەكێك لەهۆڵە گەورەكانی گۆرانی گوتنە لەپاریس و وادەیەكی بۆ دادەنێت تاپەیوەندی پێوە بكات، یاخود ڕاستەوخۆ بچێت بۆ ئۆفیسەكەی.  سەروەختێك ناوی كابرا لەسەر كارتەكە دەخوێنێتەوەو دەزانێت كێیە، شایی مەرگ دەبێت و باوەڕ ناكات.

ڕۆژی مەوعیدەكەیان درەنگ لەخەوهەڵدەستێ‌، بەهۆی ماندوێتیەوە بڕیار دەدات نەچێت. لەدڵی خۆیدا دەڵێت: (لای كابرایەكی وا چی بكەم كەمیوانداری هەموو كەسایەتیەكانی پاریس لەهۆڵەكەیدا دەكات؟ تۆبڵێی بەڕاستی گرنگیم پێ‌ بدات و تۆبڵێی لەو ئاستەدابم؟ ئاخر من چیم، تا كەسێكی وا گرنگیم پێبدات؟ من بۆ سەرجادەو خەڵك و خوای ئاسایی دروست بووم، نەك بۆ چینە ئاست بەرزەكانی بۆرژوازیەت. ئاخر من لەهۆڵ و سەر شانۆو ئۆپێراو ئەو شوێنە گەورەو ڕازاوانەم چی كەبەزستان گەرم و بەهاوینان فێنك دەكرێن؟ پێویستە بەئاستی خۆم ڕازی بم و قەدەر و چارەنوسی خۆم بزانم و هەروەك كچی جادەو بانەكان بمێنمەوە. من هەژارم و بۆ هەژارانیش ستران دەچڕم. ستەیجی ڕاستەقینەی من شەقامە میللیەكانی پاریس و  شۆستە بەرتەسك و پان و پۆڕەكانیەتی، نەك هۆڵی گەورەی بۆرژواكان).

وەلێ‌ لەدواساتەكاندا بڕیار دەدات بچێت  بۆ مەوعیدەكەی . هەرچەندە دواش دەكەوێت، كەچی ئەو كابرا بەڕێزو خانەدانە پێشوازی لێدەكات. پاشان داوای لێدەكات بچێتە سەر ستەیجەكە، تاچەند كۆپلەیەكی گۆرانی لەبەردەم خۆی و یاریدەدەرەكانیدا بچڕێت. كابرا دەیەوێت تاقی بكاتەوە. ئەوە تاقیكردنەوەی یەكەم دەبێت. بەرلەوە جل و بەرگێكی نوێی بۆ دێنێت و داوای لێدەكات، جلە شڕۆڵە هەژارانەكەی بگۆڕێت كەلەگەڵ شانۆیەكی بۆرژوازی هایلایفدا ناگونجێت.

بۆ یەكەمجار بیاف دەزانێت دنیایەكی دیكە هەیە، جگە لەجیهانی سەرجادەو گەڕەكی (بیگال)، ئەو گەڕەكەی لەشفرۆشانی پاریس و گەواد و تاوانباران و تلیاك فرۆشانی لێیەو شەوانیشی، پڕە لەسەرخۆش و هەرچی و پەرچی. ئەمە ئەو گەڕەكەیە ئێمەی خوێندكارانی عەرەب، یەكەمجار كەگەیشتینە پاریس، بۆی چوین.

ئیدیت بیاف دوای ئەوەی جل و بەرگ دەگۆڕێت و دەچێتە سەر ستەیج و دەچریكێنێ‌، كابراو هەموو ئەوانەی چوار دەوری ئەوق دەبن و پێی دەڵێت: (كچم لێرە بەدوا لەجادەو بانەكان گۆرانی ناڵێیت، بەڵكو لێرە لەم هۆڵە ڕازاوەیە وەك تێكڕای سترانبێژە بەڕێزەكانی دی، گۆرانی دەڵێیت.. ئاخر تۆ شاژنی گۆرانی فەرەنسیت، یاخود لەداهاتودا بێ‌ چەند و چون وات لێدێت و دەبیت بەوە. ئایا دەزانیت تۆ مرۆڤێكی ئاسایی نیت؟).

ئەوكات بیاف تەمەنی پانزە ساڵ یان تۆزێك زیاتر بووە. ئیتر لەو چركەساتەوە، ژیانێكی دیكە دەستپێدەكات و لەشەو و ڕۆژێكدا دەبێتە كەسێكی بەناوبانگ. پاشان هەنگاو بەهەنگاو بەرەوپێش دەچێت، تادەگاتە لوتكەو ڕۆژانی هەژاری و دەردەسەری و ڕۆژكردنەوەی لەشەقامەكاندا، بەبێ‌ هیچ جل و بەرگ و پەتو و لێفەیەك، بیردەچێتەوە. بەڵام هەر بەڕاستی ئەوانەی بیردەچێتەوە؟ ئایا دەشێت ئیدیت بیاف ئەسڵ و فەسڵی خۆی و ژینگە میللیەكەی و ڕۆژانی هەژاری و نەبونی لەبیربكات؟

بێگومان نەخێر. ئاخر ئەو شتانە بەلای ئەوەوە پیرۆز بوون. هەر لەبەرئەوە هەموو ساڵێك هەڵدەستا بە بەخشینەوەی بڕێكی زۆری سامانەكەی، بەسەر هەژاران وخەڵکانی نەداردا. نەخێر ئیدیت بیاف ئەو خەڵك و خوا هەژارەی لەبیرنەكرد كەلەناویاندا چاوی كردەوەو لەناخیدا، هەروەك بەشێكی جیانەبووەوە لەڕۆحی خۆی سەیری دەكردن.

تەنانەت دوای ئەوەشی نیشتەجێی كۆشك و ڤێلا ڕازاوەكان بوو، بەئۆتۆمۆبیلە گران بەهاكان هاتوچۆی دەكردو وەك شازادەكان دەژیا، لەخۆی نەگۆڕا. نەگۆڕاو هەروەك خۆی مایەوە: (واتە هەر كچی ئەو دەرۆزەكارە بوو كەلەسەر شەقامەكان شتی سەیرو سەمەرەی دەكرد، تاخەڵك بهێنێتە پێكەنین و چەند فرەنكێكی لێیان دەست دەكەوێت، بۆئەوەی قوتی ڕۆژانەی خۆی و كچەكەی پێ‌ پەیدا بكات). لەجەوهەردا هەروەك خۆی مایەوەو نەگۆڕا، تەنانەت ئەوکاتانەشی تەواوی هۆڵە بەناوبانگەكانی گۆرانی گوتن لەپاریس و نیویۆرك و ڕۆما و بەرلین و سەرجەم پایتەختەكانی دنیا، كێبڕكێیان بوو لەسەری و دەرگایان بەڕودا خستبووە سەر پشت.

لەوكاتانەشدا كۆپلەیەك لەو گۆرانیە بەناوبانگەی خۆی لەسەر زاربوو كەدەڵێت:

 

(نا، نا بەهیچ شێوەیەك، هەر هیچ.

نا، نا، من پەشیمان نیم لەهیچ شتێ.

نەلەو چاكانەی بەرامبەرم كران و نەدەرهەق بەخراپەكاریەكانیش.

هەمووی ئاسایی وەردەگرم و چیتر من پەشیمان نیم).

 

ئێدیت بیاڤ خەم لەئەسڵ و فەسڵی خۆی ناخوات، داخ لەوە ناخوات كەلەبنەماڵەیەكی بۆرژوازی دەوڵەمەنددا لەدایك نەبووە. حەسرەت كێش نییە لەوەی لەمنداڵیدا ژیانی بێ‌ دایكی و نەبونی و برسیەتی گوزەراندووە، بەپێچەوانەوە، ئاخر ئەگەر هەموو ئەوشتانە نەبوایە، نەیدەتوانی ببێتە گەورەترین ژنە گۆرانیبێژ لەمێژووی فەرەنسادا. ئەوە ساڵانی برسیەتی و هەژاری، ساڵانی وێڵگەردی لەشەقام و كوچە و كۆڵانەكاندا بوو وایلێكرد، ئەو دەنگە فریشتە ئاسایە بەو هێزەوە لەناخیەوە بێتەدەرێ‌. دەنگێك كەهەرگیز فەرەنسا لەیادی ناكات و لەیاد ناچێت.

سەروەختێك ژان كۆكتۆی نوسەری بەناوبانگی فەرەنسا گوێ‌ بیستی دەنگی دەبێت، مەست و حەیران دەبێت و دەچێت داوا لەڕادێوكان دەكات، تاگۆرانیەكانی پەخش بكەن و شانۆنامەی بۆدەنوسێت، بۆ ئەوەی ڕۆڵی تێدا بگێڕێت. كۆكتۆ هەر بەوەندەشەوە ڕاناوەستێ‌ و تێكستگەلێكی قەشەنگی لەبارەوە دەنوسێت و دەڵێت: (لەكارەكتەری بیافدا بلیمەتی سترانی فەرەنسی بەرجەستە دەبێت).

كۆكتۆ لە 14 شوباتی ساڵی 1940، بۆ یەكەمجار چاوی پێی دەكەوێت و بەتواناو لێهاتویی خۆیەوە ئەم دەستەواژەیەی پێی دەڵێت: (تۆ لەمەزنترین شانۆی دنیاوە هاتویت: شانۆی شەقام و ژیان. خانمەكەم تۆ شازادەی گۆرانی فەرەنسیت. تۆ شازادەی دەردەسەری و نەهامەتی فەرەنسیت. فەرەنسا هەر هەمووی لەژێر پێتدایەو تەواوی فەرەنسا لەتۆدا بەرجەستە دەبێت).

پاشان بیاف ئەم سترانە دەچڕێ‌:

 

هێندە نییە خۆشەویستیم كۆتایی هات،

خۆشەویستیم باری كردو ڕۆیشت.

ئارەزووم بۆ ژیان نەماوە، هێندەنییە ئەوینم مرد.

 

داڤید لولێی نوسەری ئەم كتێبە دەڵێت: (دوای ئەوە ئەوینی ئەو چەند جارێكی تر سەردەنێتەوەو دەمرێت)، ئەویش لەبەرئەوەی لەژیانیدا پیاوانێكی زۆر دەناسێت و هەموو جارێكیش هەمان شت پێشكەشی ئەو پیاوە دەكات كەئەوینداری دەبێت: (زنجیرێكی ئاڵتون و چەرخی ئاڵتون و قات و سێتێ بۆینباخ و… پاشان كەپەیوەندیەكە كۆتایی دێت، دەرگا بەڕووی كۆنەكەدا دادەخات و بەڕووی یەكێكی تازەدا دەیكاتەوە. لەگەڵ ئەویشدا هەمان سیناریۆ دووبارە دەكاتەوە، تائەویش ئاوادەبێت و… ئیتر بەوجۆرە).

كەس ناتوانێت ژمارەی دۆستەكانی ئیدیت بیاف بژمێرێت، لەوانەی ناوداربوون و لەوانەشی خەڵكانی ئاسی بوون. وەلێ‌ دەتوانین لەناو ئەوانەدا ناوی ئیڤ مۆنتان بێنین. بیاف ئەم كابرایە دەگەیەنێتە لوتكە و پاشان جێی دێڵێت. ئەڵبەت لەسەرەتاكانیدا جێی ناهێڵێت، بەڵكو سەروەختێ دەستبەرداری دەبێت كەدەتوانێ‌ لەسەرپێی خۆی بوەستێت و دەبێتە ئەفسانەیەك. گەورەیی و شكۆمەندی ئیدیت بیافیش لێرەدایە. ئاخر ئەو لەكاتی تەنگانەدا دەستبەردارت نابێت، بەڵكو لەكاتی فەرەحیدا وازت لێدێنێت كەتۆ بتوانیت دەستبەرداری ئەو بیت.

هەر بەڕاستی ئیدیت بیاف ئەسڵی خۆی لەیادنەكردو لەیادیش نەدەچوو، هەرچەندە لەگۆرانیە بەناوبانگەكەیدا دەڵێت: (هەمووشتێكم سڕیەوەو هەرچی هەبوو لەبیرم كرد. هەمووشتێكم تێپەڕاندو ڕابردوو بەباداچوو). نەخێر ئەو هەر وەفاداربوو بۆ ساڵانی وێڵگەردی و نەبونی، ساڵانی دورو درێژی بەدبەختی. بۆیە هەر نەدارو  بێچارەیەك ڕووی لێ‌ بنایە، دەستی بەڕوویەوە نەدەنا.

دەگێڕنەوەو دەڵێن: (ئیڤ مۆنتان بەزەحمەت دەستبەرداری بووەو كۆتایی بەپەیوەندی ئەوینداری نێوانیان هێناوە، هەرچەندە بیاڤ بەتەمەن لەویش گەورەتر بووە. لەبەرئەوەی خۆشی ویستووەو ئەوەی زیاتریش خۆشەویستی كردووە لای، ئەو ناخە مەلول و خەمگین و پاك و بێگەردە بووە كەپەروەردەی شەقامە میللیەكانی پاریس و خەڵكە سادەكەی ئەو شارەبووە).

ئەڵبەتە مۆنتان زیاد لەجارێك هەوڵدەدات لەگەڵیدا دەست پێبكاتەوەو بگەڕێتەوە بۆلای، وەلێ‌ ئەو ڕۆژەی بۆیەكتر بینین دای دەنێن، زریان و گێژەڵوکەیەک لەئاسمانی پاریسدا ڕوودەدات و ناتوانێت خۆی بگەیەنێتە ئەو قاوەخانەی دیاریانكردبوو، تایەكتری تێداببینن و ئاشت ببنەوە. ئیدی ئەوە دابڕانی یەكجارەكی دەبێت. دابڕانێكی تفت و تاڵ. تەنانەت گەردونیش دەكەوێتە پلانگێڕی لێیان! لەپای ئەوە ئیڤ مۆنتان یەكێك لەجوانترین سترانەكانی خۆی دەچڕێت: (گەڵا وەریوەكان).

شانازیە بۆ ئیدیت بیاف كەبوو بەئیلهام بەخشی ئەو گۆرانیە نەمرە. ئاخر گەر ئەو نەبوایەو دوا ماڵئاوای و دابڕان ڕوی نەدایە، گەر تاسەی دوری و جیابونەوە نەبوایە، ئەوا (گەڵا وەریوەكان) و تۆنی ئەو گۆرانیە دڵڕفێنەی ئیف مۆنتان، نەدەبوو. ئەو گۆرانیە بەجوانترین گۆرانی فەرەنسی ئەژماردەكرێت. ئەوەی گوێبیستی سترانی (گەڵا وەریوەكان و ئەوینی بەسەرچوو) نەبوبێت، زۆرشتی لەكیس چووە. گۆرانیەكە لەئەسڵدا قەسیدەیەكی جاك بریڤەری شاعیرە. هونەر خۆی ڕادەستی هونەرمەند ناكات، دوای ئەوە نەبێت كەلەکوانوی ئێش و ئازاردا دەسوتێت. دوای ئەوەی چەند جارێك دەمرێت و دڵی لەداخ و كەسەردا، لەت و پەت دەبێت. ئاخر ئەوە باجی هونەر و شیعر و گۆرانی و هەموو شتێكە.

داڤید لولێی نوسەری كتێبەكە، لەكۆتایدا دەڵێت: (ئیدیت بیاف لەهیچ پەشیمان نییەو داخ لەهیچ ناخوات، لەبەرئەوەی تاخوا حەزكات تامی ئێش و ئازاری كردووەو دەزانێت ژیان كورتەو ئەوینداریش، هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەدایە. كەواتە باژیان وەك خۆی چۆنە، وەها سەودای لەگەڵدا بكەن و بەئارەزووی دڵمان بیگوزەرێنین. ئاخر ئەو چركەساتانەی بەسەردەچن، ناگەڕێنەوە). ئیڤ مۆنتان زۆر بەچاكی وێنای كردووەو لەبارەیەوە دەڵێت: (ئیدیت پێویستی بەئەوین بوو. هیچ كاتێكیش بەچاكی سترانی نەدەچڕی، گەر سەرگەرمی خۆشەویستیەكی نوێ‌ نەبوایە، یاخود دڵشفتەو بریندار نەبوایە، دوای ئەوینداریەكی بەسوێ‌ و كوشندە. ئەو لەو مرۆڤانە بوو بەچارەسەری نیوەو ناچڵ ڕازی نەدەبوو: یان دامێن یاخود لوتكە).

ئیدیت بیافیش لەنامەیەكیدا دەڵێت: (سەروەختێك ئەم نامەیە دەخوێننەوە – نامەیەك كەلەپاش مردنم نەبێت بڵاو نابێتەوە -، داواتان لێدەكەم بۆم مەگرین. ژیانی خۆتان بژین، دڵخۆش بن و ئەوینداری بكەن. گەرا نا، ئەوا بەوەفا نابن بۆم).

وەلێ‌ كەمرد، هەموو فەرەنسا بۆی گریا.

بڵاوکردنەوە: