فرانکیشتاین لە شەرواڵدا

663
0
بڵاوکردنەوە:

زاموا محەمەد

 

کە منداڵ بووم باوکم کوژرا، کە گەورە بووم من زیندووم کردەوە. بە منداڵی، هەر کاتێک پرسیاری باوکمم دەکرد، لە یادمە ڕاستەوخۆ و بێ لەبەرچاوگرنتی کاڵفامیی ئەوسای من، ڕاستەوخۆ و بێ لەبەرچاوگرتنی منداڵیی ئەوسای من، زۆر بە سادەیی، پێیان دەگوتم کە باوکم لە شەڕی ناوخۆدا کوژرا؛ منیش دەمگوت چاکی دەکەمەوە. کە لێیان دەپرسیم کاتێک گەورەبووم حەز دەکەم ببمە چی، دەمگوت دەبمە پزیشک و باوکم چاک دەکەمەوە؛ کە پێیان دەگوتم باوکم شەهید بووە و دەچێتە بەهەشت، دەمگوت نەخێر ناچێتە هیچ کوێ، ئەو تەنیا مردووە و چاوەڕوانی منە تا گەورە ببم و چاکی بکەمەوە.

شەهیدبوونی باوکم کەمێک پاش مردنی بوو. لە سەرەتای شەڕی ناوخۆدا، هیچ کەسێک بیری لەوە نەکردبووەوە کە داخۆ ئەو کەسەی لەو شەڕەدا دەمرێت، کە داخۆ ئەو کەسەی دژ بە هاوزمانەکەی خۆی دەجەنگێت و دەکوژرێت، شەهید دەبێت یان نا. باوکم کوژراوی ئەو سەرەتایە بوو، کە تێیدا کەس هێشتا فریای ئەوە نەکەوت بوو لە خۆی بپرسێت ئایا کوژراوەکان شەهیدن یان نا؛ ئێمەش دڵنیا نەبووین کە باوکم شەهیدە یان نا. ئیدی چەند مانگێک لە کەڵەکەبوونی تەرمی تر و لە کوژرانی پێشمەرگەی تری خایاند، تا خانەوادەکەی من و هەموو نەتەوەی کوردیش دڵنیابوونەوە، لەوەی کە کوژراوەکانی ئەو شەڕەش، هاوشێوەی کوژراوەکانی هەموو شەڕەکانی تری کورد، شەهیدن و وان لە فیردەوسی بەرین.

بەم شێوەیە، باوکم بە مردنی، نەک بە پشتگیری و هاوکارییکردن و پەروەردەکردنم، هەر لە منداڵییەکی زووەوە داهاتوویەکی بۆ داڕشتبووم، تا بەرەوڕووی هەنگاو بنێم. بە مردنی، بۆی دیاریی کردبووم کە دەبێت زۆر بخوێنم و ببمە پزیشکێکی شارەزای هەموو زیندەوەرێک، زۆر بخوێنم و ببمە پزیشکێکی هێندە لێزان کە نەک تەنیا نەخۆش چاک دەکاتەوە، بەڵکو دەتوانێت مردووش زیندوو بکاتەوە.

ساڵان هاتن و ساڵان تێپەڕین، لەگەڵ تێپەڕینیشیاندا من قوتابخانەم قۆناغ بە قۆناغ بڕی و چوومە کۆلێژی پزیشکی. هەر لە سەرەتای گەنجیمەوە خۆمم فێری زمانی ئینگلیزی کرد، چونکە دەمزانی کە لە دوای شکستی بلۆکی شیوعییەوە لە سۆڤیێت، ئیدی ئەو زمانە بەهۆی دەستباڵابوونی ئەمریکا و ئەوروپاوە ببووە زمانی زاڵی هەموو جیهان، ببووە زمانی یەکەمی زانین کە هەرچی فەیلەسووف و زانا و داهێنەرە قسەی پێ دەکەن، یان پێی دەنووسن.

وەک شێت خەریکی سەعی و وانەکانم بووم، لە پاڵیشیدا وەک شێت وێڵی کتێبە ئینگلیزیەکان بووم لە بارەی پزیشکیەوە، تا بیانخوێنمەوە. بۆ خوێندنەوە و شارەزابوونی کلاسیکیاتی کیمیا و زیندەزانی، خۆمم فێری عەرەبییش کرد؛ هەر بە عەرەبی و بە زمانی یەکەم “الحاوي في الطب”ی محەمەد بین زەکەریای رازی و “قانوون لە پزیشکیدا” و “پەڕاوی شیفا”ی ئیبن سینام خوێندەوە. بە وردی ئاگام لەو وەرچەرخانە گرنگەی زانستی پزیشکیی عەرەبی بوو کە لە سەردەمی عەباسیدا ڕوو دەدات، دەمێک عەرەب دەست دەکەن بە وەرگێڕانی ڕاستەوخۆی سەرچاوە پزیشکیەکان لە یۆنانیەوە و وەرگێڕانە سریانیەکان لەمەڕ پزیشکیەوە وەلا دەنێن، ئەو وەرگێڕانانەی کە سریانیەکان لە سەردەمی گیرسانەوەیاندا لە قوتابخانەی پزیشکیی گوندەیشاپوور-ی فارسستانی سەردەمی پێش ئیسلامدا کردبوویان؛ مەبەستم لەو سریانیە نەستووری مەزهەبانەیە کە لە دەست چەوساندنەوەی بێئەندازی ئیمبراتۆریەتی بێزەنتینی هەڵهاتن، چەوساندنەوەیەک کە لە بنەڕەتدا هۆکارەکەی مەحکومکردن و بڕیاری دەرکردنی نەستۆریۆس-ی پاتریارکی قوستەنتینیە بوو لە لایەن ئەنجوومەنی ئەفسیسەوە -نەستۆریۆسی ڕابەری نەستوریەتی مەسیحی کە هێندە بوێر بوو مریەمی بە “دایکی مەسیح” ناوبرد نەک بە “دایکی خودا” و بەمەش، خودایەتیی لە مەسیح داماڵی. ئەو بەوە قاییل نەبوو کە مەسیح بریتیبێت لە یەکگرتنێکی کامڵ لە نێوان جەوهەری خوداییدا (کە وشەیە) لە لایەک، لەگەڵ جەوهەری مرۆییدا (کە عیسایە) لە لایەکی تر؛ زۆر بە سادەیی، نەستۆریۆس ڕای وابوو کە مەسیح شنیانی کاتیانەی وشەی خوداییە بە ناو بوونی مرۆییانەی عیسادا تا چرکەساتی لەخاچدانی، نەک ئەوەی مەسیح خوداش بێت، چونکە لەو بارەدا ئەوەش کە چەوسێندرایەوە و لەخاچدرا و کوژرا هەر دەبێت خودا بێت-.

بە وەرگێڕانی ڕاستەوخۆی زانا عەرەبەکان لە یۆنانیەوە، من کتێبە گرنگەکانی هیپۆکراتسی دووەم و گالینۆس و دیسکۆریدۆسم خوێندەوە، هەروەها ئاگاداری ئەو سەردەمانەش بووم کە تێیاندا وەرگێڕانی عەرەبەکان لە لایەن ئەوروپیەکانەوە خۆرئاوای تا ئەودیو ڕینیسانس گەیاند. بۆ توێژینەوە و فێربوونی کیمیاش، هەمان شێوەی زیندەزانی، لە سەرەتای سەرەتاوە دەستم پێکرد: لە ناو کتێب و کتێبخانەکاندا، بە هەرسێ زمانم(کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی)، لە کیمیاگەریی سەردەمی هێلینیستیەوە تا ڕۆژگاری زۆسیمۆسی پانۆپۆلیس-ی بێزەنتینیم تەی کرد، مەبەستم لەو بەشە سەرەتاییەی مێژووی کیمیایە کە من ناوم ناوە کیمیای تەماحی –یان زانستی چاوچنۆکان-، بەو پێیەی هەرچی کیمیاگەری ئەو سەردەمە بوو، دەیویست بیدۆزێتەوە کە چۆن کانزای خراپۆلکە و هەرزان دەگۆڕدرێت بە زێڕ، یان چۆن ئاوی زیندەگی بەرهەم دەهێندرێت تا ئەوەی دەیخواتەوە نەمر ببێت … ئیدی دواجار گەیشتمە ئەو ڕۆژە پرشنگدارەی مێژووی کیمیا، کە تێیدا جابیر بین حەییان دەنووسێت: “ئەرکی کیمیاگەر کار و تاقیکردنەوەیە”. هەڵبەت بەر لە ناسینی جابیر خۆی، من مامۆستاکەیم ناسی. مەبەستم لە خالید بین یەزید-ی برای معاویە بین یەزید بین معاویە بین ئەبی سوفیان-ی خەلیفەی ئومەویە؛ لەگەڵ خالید-دا کیمیا زمان پەیدا دەکات، خالید یەکەم کەسە لە کیمیای نوێدا بە عەرەبی بنووسێت. لە کاتی  خوێندنەوەمدا لە بارەی خالید بین یەزیدەوە شتێکی کەمێک چاوەڕواننەکراوم بەسەر هات، شتێکم بۆ دەرکەوت کە دەرکەوتنی هەرگیز بەمێشکمدا نەهات بوو: ئەدەبیات.

مەسەلەکە ئەوەبوو کە لەم قۆناغەی کیمیادا خالید بەشێک لە بۆچوونەکانی خۆی لە بارەی کیمیاوە بە هۆنراوە و هەڵبەست داڕشتووە، منیش ناچار بووم بە ناو دەیان کێش و دەریا و بازنەی عەرووزییدا، لە لێواری ئەم سەرواوە باز بۆ لێواری ئەو سەروا بدەم، تا چەند دێڕێکی نوێ لە بارەی کیمیاوە ئاشنا ببم؛ لە پاڵ ئەو ئاشنابوونەشمدا هێدی هێدی تێدەگەیشتم کە هیچ زانستێک دابڕاو نییە لە زانستێکی تر، وەک چۆن هیچ زانستێک و هیچ بوارێکی مەعریفیش دابڕاو نییە لە ئەدەب و خەیاڵ … تێدەگەیشتم کە هەموو زانستێک لە سەرەتادا داڵغەیەکە، ئەدەبیاتێکە هێشتا بابەتی توێژینەوەی خۆی و ڕێبازی خۆی نەدۆزیوەتەوە، چرکەساتی سەرپێکەوتن و دەستپێکردنی هەر زانستێکیش، لە ڕاستیدا، هیچ نییە جگە لە چرکەساتی دۆزینەوە و داهێنانی بابەتی توێژینەوەی زانستی لە لایەن خودی ئەو زانستەوە، بۆ نمونە دۆزینەوەی توخمەکان و دیاریکردنیان وەک بابەتی توێژینەوەی زانستی لە لایەن کیمیاوە.

*

 

تەماشاکە دیسان، کە گریمانیش وەک چاو نایانبینێت

لە دوورەوە، تەنی ئەو ئەستوانەی قەبارەیان هەیە، وەک خۆیان

 

لەم بەیتەی خالیدەوە دەربڕینی ئەدەبیم ناسی، ئاشنای چواندن و مەجاز و ڕەوانبێژی بووم، ئاشنای ئەو بۆشایی و شلیەی نێوان وشە و ڕستەکانی دەقی ئەدەبی بووم کە هێندە فراوان و بەرینە، دەتوانێت هەموو جیهان لە خۆی بگرێت. ئاشنای ئەو لێکترازانەی نێوان وشەیەک و ماناکەی بووم کە درزێکە هەموو جیهانی تێدا جێ دەبێتەوە. لەگەڵ کیمیا و زیندەزانیدا بەردەوام بووم، خوێندنی زانکۆشم لە کۆتایی و دەرچوون نزیک دەبووەوە، کەمە کەمە شاعیرانی عەرەبیشم دەخوێندەوە؛ بە نووسەرانی وەک موتەنەبی، ئەبو نەواس و بەشار بین بورد، نالی و گۆران، فاوکنەر و جۆیس و پۆ، کەمە کەمە ئەو تینوێتیەم بۆ مانا دەشکاند کە ئاشنابوون بە ئەدەبیات تێیدا چاندبووم. پاش تەواوبوونی خوێندن و وەرگرتنی بڕوانامەی پزیشکی و بەر لە زیندووکردنەوەی باوکم، من هەندێک نووسەرانی تری جیهانی و ناوخۆییشم خوێندبووەوە و بەرەو ئەدەبی هاوچەرخ هەنگاوم دەنا. کاتی زۆرم هەبوو، بژێوییشم ئاسان پەیدا دەبوو: لە قۆناغی خوێندنمدا شەهیدانەی زۆری باوکم، بۆ ژیانی خۆم و دایکم و برا بچکۆلەکەم سەروزیاد بوو. دوای تەواوکردنی خوێندنیش، لە پاڵ شەهیدانەکەدا، ئەو مووچەیەی کە وەک کوڕە شەهیدێک بۆیان بڕیبوومەوە، وای کرد کە پێویستم بە کارکردن نەبێت. ماوەیەکیش پاش زیندووبوونەوەی باوکم، پێکەوە بڕیارماندا خۆمان بۆ خوێندنەوە تەرخان بکەین؛ باوکم، کە ڕۆژێک پاش زیندووبوونەوەی، لێم پرسی دەیەوێت چی بکات و ڕێک و ڕەوان پێی گوتم: “دەمەوێت نەمرییم لە خوێندنەوەی هەموو ئەو نووسینانەدا بەسەر بەرم کە زیندووەکان لە بارەی مەرگ و مردنەوە نووسیویانە”.

کاتی ئەوەیە باسی بکەم چۆن باوکمم زیندوو کردەوە … گەڕان و فێربوون و خوێندن لەو هەموو لقەی زانستە سرووشتییەکاندا سیوپێنج ساڵی تەمەنمی برد، بەڵام لە کۆتاییدا ڕێگەیەکم دۆزیەوە بۆ زیندووکردنەوەی باوکم. فێر بووم لە ڕێی چەند تێکەڵکردن و داڕشتنەوەیەکی کیمیایی ئەستوو(ماددە)کانەوە بتوانم ئەستووی ئەندامی بەرهەم بهێنم، ئاوا دەبوا خانە بە خانەی جەستە و هەناوی زیندەوەرێک دابڕێژمەوە، داڕشتنەوەکەش دەبوا لەسەر بنەڕەتی ئەو پاشماوە و شوێنەواری “ناوکەترشی بنەڕەتیی کەم‌ئۆکسجین”ەوە بێت کە لە ئێسکوپروسکەکانی باوکمدا دەستم کەوت، پاش ئەوەی نیوەشەوێکی تاریک و چۆڵ، بەدزییەوە، لە گردی سەیوان، گۆڕەکەیم هەڵدایەوە و چی لە کفنەکەیدا بوو هێنامەوە ماڵەوە. من تەنیا دەمتوانی مێشک و هەندێک خوێنی باوکم لەو شوێنەوار و ئێسکوپروسکانەیەوە بەرهەم بهێنم، بۆیە ناچار بووم ئەندامەکانی تری جەستەی قەرز بکەم. ئاسان بوو، بە هۆی واستە و ناسییاویەوە، توانیم چەند لاشەیەکی نێر لە “توب‌عەدلی” بهێنمە دەرەوە. لەو لاشانە، یەک لاشەی ساغم بەش بە بەش و ئەندام ئەندام پێکەوە نا و درووەوە، هەروەها هەموو ئەو ئەندامانەشم تێدا دامەزراند کە لە ترشەڵۆک و شوێنەوارەکانی باوکمەوە بەرهەمم هێنابوونەوە. لاشەکە دەبوا کارەبای پیادا بگەڕێت تا بجووڵێت و زیندوو ببێتەوە، کارەبایەک نە هێند لاواز کە بەشی بزواندنی مێشک و ئەندامەکانی تر نەکات و نە هێند بەهێزیش کە زیانیان پێ بگەیەنێت؛ ئەویشم ئامادە کرد و ڕێکخست. کاتی هات … نیوەشەوێک کە دایکم و برا بچوکەکەم نوستبوون، لە هۆدەکەی خۆم کە وا لە نهۆمی دووەمی خانووەکەمان، کارەبام لە لاشەکە دا.

پاش ئەو هەڵتەکانەی کە پێداگەڕانی کارەباکە هۆکاری بوو، لاشەکە هیچ جووڵەیەکی تری نەکرد. نزیکی پێنج خولەک وەستام، هیچ ڕووی نەدا. هەستم بە نائومێدی دەکرد، هەستم بە بێهودەیی دەکرد، هەستم بە دەستی چارەنووس دەکرد کە درێژ دەبێت و بیستوپێنج ساڵی تەمەنم دەگرێت و هەڵیدەداتە زاریەوە و قوتی دەدات. لەم خاتیرانەدا بووم کە بە ڕێکەوت چاوم چووە سەر پەنجەی شایەتمانی دەستی ڕاستی لاشەکە و بینیم کە دەلەرزێت. بینیم کە هێدی هێدی لەرزینەکەی زیاد دەکات، بینیم کە لەرزینەکە دەستی و پاشان قۆڵیشی دەگرێتەوە، بینیم کە دەگاتە شانی. تەواوی لاشەکەم بینی کە بە چوار پەل و سەرێکەوە بست بە بستی دەلەرزێت و ڕادەپسکێت. لە پڕ زاری کرایەوە و هاوارێکم بیست کە دڵنیابووم پێشتر بەر پەردەی گوێی هیچ زیندەوەرێک نەکەوتووە، هاوارێک کە هێند وەحشی و سامناک بوو، هەستم دەکرد لە ئاسمانەوە دێت، نەک لە زاری ئەو باوکەوە کە خۆم بەشی هەرە زۆریم درووست کردبوو.

ڕاستبووەوە و لەسەر ئەو قەرەوێڵەیەی پێخەفەکەی نایلۆنێکی خوێناویی بوو، بە دانیشتنەوە، چاوێکی بە هۆدەکەدا گێڕا. هەر کە چاوی کەوتە سەر پارچەی زیادەی ئەو لاشانەی هێنابوومن، وەک هار خۆی بۆ هەڵدان و دەستی کرد بە خواردنیان. ئەم دۆشاومژەی بڕدراوی هەڵدەدایە دەمیەوە و قوتی دەدا، قەپی لەو ڕان دەگرت، بە پەنجە چاوی ئەو کەللەسەری دەردەهێنا و حەپەلووشی دەکرد، ئەو گونی هەڵدەدایە دەمیەوە و مڵچ‌مڵچ دەیجاوی … هەمووی خوارد. ڕووی کردە من، خوێنی ئەو پارچانەی خواردبوونی، هەموو سنگ و بەرۆکی سوور کردبوو. چەند هەنگاوێکی بەرەوڕووم نا. دەمویست هاوار بکەم و نەمدەتوانی، دەمویست ڕابکەم و قاچەکانم بە قسەیان نەدەکردم. لەپڕ ڕاوەستا. دەمی کردەوە. قڕقێنەیەکی دا. پشتی تێکردم و گەڕایەوە سەر قەرەوێڵەکەی. پاڵکەوت. چاوانی نوقاند، خەوت. کەوتە پرخەپرخ.

نەمدەوێرا بجووڵێم، بە ئەسپایی لە جێگەی خۆمدا دانیشتم، تا بەرەبەیان تەماشام کرد. خۆر هەڵهات، باوکم خەبەری بووەوە. بە نەرمی و ئارامییەک کە هەرگیز لەو جەستە و ڕوخسارە چاوەڕوان نەدەکرا، -جەستەیەک کە هەر ئەندامێکی، پێستەکەی ڕەنگێکە و سەرتاپای تەقەڵ و دروومان و برینە؛ ڕوخسارێک کە هەر سانتیمێکی ڕەنگێکە و وەک تۆپێکی “ئۆفیشاڵ” خانەخانە پێکەوە دووردراوە، تۆزێکی چرچنە و تۆزێکی ساف- چاوی بڕییە چاوم و پاش کەمێک لەرزینی لێوەکانی، گوتی “دەمەوێت ژن بهێنم”.

“چی! ژن بهێنێت؟! باوکێکم درووست کردووە و زیندووم کردووەتەوە و لە نیوە شەوەوە چاوەڕوانی جەنابیم، سیوپێنج ساڵە لە پێناویدا دەژیم و ئێستا لە خەو هەڵساوە و یەکەم قسەی داواکردنی ژنە؟!”، لە دڵی خۆمدا وام گوت. توڕەییەکە لە ناخمدا تۆپەڵ بوو، گرمۆڵە بوو و چڕبووەوە تا بوو بە گاڵتە و بوێری. “ئەی بۆچی نەچم لەو ڕۆژئاوایە جەستەی دوو سێ ژنە گەریلات بۆ پێکەوە بنێم و لێتی مارە بکەم؟”، بە لاقرتی و جورئەتێکەوە کە نەمدەزانی لە کوێم بووە، وەڵامیم دایەوە. نەڕاندی، نەڕەیەک کە خۆی کرد بە پەردەی گوێمدا و تا پاژنەی پێمی لەرزاند: “تۆپیوباب! گونم لە بندا دەبڕم و نابم بە زاوای ستالین و ماو”. “خۆیەتی”، بەخۆمم گوت، “دەڵێن بەر لە مردنیشی هەر وا ڕقی لە چەپ و مارکسیەکان بووە!”.

کەوتینە قسە. ڕێکەوتین کە لە ژوورەکەی مندا بژی و تەنیا پاش نیوەشەو و لە چۆڵەوانیدا بگەڕێت، تاکو کەس نەیبینێت. سێ‌ژەمە نانم بۆ دەهێنا، بەردەوام کتێبم بۆ دەکڕی. هەموو ڕانگوچۆغە و مراخانی و شەرواڵەکانی خۆیم بۆ هێنابوو کە دایکم لە تاکێکی کەنتۆرەکەیدا هەڵیگرتبوون؛ ئەوانەی لەبەر دەکرد، تەنیا شەرواڵی لە پێ دەکرد، تەنیا جلە کوردییەکانی سەردەمی پێشمەرگایەتیی خۆی دەپۆشی.

پێکەوە لە بارەی مەرگ و مردەنەوە دەمانخوێندەوە. “فرانکیشتاین”ی ماری شێلیمان خوێندەوە. “ڕاستیەکان لە کەیسی بەڕیز ڤالدماردا”ی ئێدگەر ئالان پۆمان دەخوێندەوە، وتارەکەی ڕۆلەند بارتمان لەبارەی ئەو چیرۆکەوە دەخوێندەوە و چەندەها دەقی تریش. جار جار گفتوگۆمان دەکرد. “باوکە”، لێم دەپرسی، “تۆ مردنت ئەزموون کردووە، مردن چییە؟”. “مردن”، دەیگوت، “ئەو گۆرانییانەیە کە مەرگ بە دەم پیاسەکردنەوە بە کووچەکانی شەودا دەیانچڕێت؛ دەمێک دەستی ناوەتە گیرفانی، تا مشتێک ئەبەدیەت دەربهێنێت و دەنک دەنک بیخوات”. کەمێک دەوەستا، سەرە کەچەڵە تەقەڵاوییەکەی دەخوراند، پاشان دەیگوت: “نا. نازانم. ناتوانم بە زمانی زیندووەکان پێت بڵێم، هەر ناتوانم بە زمان پێت بڵێم”.

ئیدی بەم جۆرە ژیاین. کە لە پیری نزیکبوومەوە، فێرم کرد کە چۆن زیندووم کردووەتەوە، بەڵێنم لێ وەرگرت پاش مردن ئەویش من زیندوو بکاتەوە، تاکو تاهەتایە پێکەوە لە بارەی مەرگ و مردنەوە بخوێنینەوە و گفتوگۆ بکەین.

بە هەرحاڵ، ئەوەی لەم بەسەرهاتەدا بیرم نەبوو باسی بکەم، ئەوەیە کە من لە دوایین ساڵی زانکۆمدا کەوتم بەسەر دەقێکی شیعریی گێڕانەوەئامێزی ئێدگەر ئالان پۆدا بە ناوی “قەلەڕەشەکە”وە، پاش خوێندنەوەی ئەو دەقە و پاش خوێندنەوەی “گوڵەباغێک بۆ ئیمیلی”ی ویلیەم فاوکنەر، تێگەیشتم کە ئەدەبیات کۆچە لە ئاسۆکانی ژیانەوە بەرەو ئاسۆکانی مەرگ، تێگەیشتم کە مردووەکان و ئەوانەی ڕۆیشتوون تەنیا لە گێڕانەوەدا دێنەوە؛ بۆیە بڕیارم دا ببمە چیرۆکنووس.

 

٢٠١٩

 

گرافیك: رامیار محەمەد

بڵاوکردنەوە: