لە ئەحمەدی خانیەوە بۆ حاجی قادری کۆیی: تێڕوانینێک بۆ گەشەی ناسیۆنالیزمی کوردی

974
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: محمد کامەران

 

کڕۆکی ناسیۆنالیزم بریتیە لەو: هەستە سازگارەی کە لە دڵی هاوزمان و خۆوڵاتیدا خۆشەویستی خاک و نیشتیمان بەسەر پەیوەندیە حیزبی، عەشایەری، دینیەکان ڕادەشکێنێت، و لە سنوورێکی دیاریکراودا پەیوەندیە ئابووری، سیاسیی و کۆمەڵایەتیەکان ڕادەپسکێنێت. بیری ناسیۆنالیزم لە ئەورووپا، لەسەر داروپەردووی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی دووەم و لاهووت، لە پاش جەنگێکی سی ساڵەی مەزهەبی لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەیەم لە دایکبوو، هێدی هێدی سنووری دەوڵەت و دەوڵەتۆچکە ئەورووپیەکانی نەخشاند و سەروەری دەوڵەتی لە توێی دەوڵەتە-نەتەوەدا بەرپاکرد، دواتر هەوای جەزبەی سیستەمێکی جیهانی ڕۆنراو لەسەر سەروەری دەوڵەت بە هەموو دونیادا بڵاوکردەوە.

دوور لە پێکداپژانە مەزهەبی و سیاسیەکانی ئەورووپا، ئەحمەدی خانی، لە بایەزیدەوە لە کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەیەم، تۆوی ناسیۆنالیزمی کوردی لەناو پزدانی شاکارە ئەدەبیەکەی (مەم و زین)دا چاند، و پێناسەی بۆ نەتەوە و سەربەخۆییە سیاسیەکەی داڕشت. هەڵبەتە لە سەردەمی خۆی “خانی” لە گۆڕانکاریە سیاسیەکانی ئەورووپا بێ ئاگابوو، بەڵام؛ لە بۆتەی دابەشکردنی خاکی کوردانەوە لە نێوان هەردوو ئیمڕاتۆریەتی عوسمانی، سەفەوی و پەرتەوازەیی نەتەوەی کورد، پەلی بە بیری ناسینالیزمی کوردی کوتی و نەش و نمای پێ کرد. ئەم پێوەدانگەش، ئەگەرچی دەرەئەنجامی دەوڵەتە-نەتەوەی لێدەبێتەوە، دەمەلاسکەیەک نییە بۆ ناسیۆنالیزمی ئەورووپی، بەڵکو کەف و کوڵی دەروونی پڕ سۆی خانیە ترنجاوەتە نێو شاداستانێک. بە واتایەکی سادە، خانی ئەو کەسەیە لە ڕێی ھۆنراوەوە شانی کوردی خەوتووی ڕادەکاند و لە شەکرە خەوێ هەستاند. لە خانیەوە، ئیتر ھۆنراوە و ئەدەبیاتە تەنگ و چەڵەمەکانی بەردەم نەتەوەی کورد دەستنیشان دەکات، و ڕێدۆزی بۆ لابردنیان دەکات. لێرە مەبەستمە ئەو گەشە مێژوویەی بیری ناسیۆنالیزیمی کوردی شەنوکەوبکەم لە دیدی خانیەوە، و دواتر بپرژێمە سەر باسێکی کورتی پەیامی ھۆنراوەی حاجی قادری کۆیی، کە سەدەیەک دوای خانی، وەک میراتگرێک، تەقلەیەکی بەرەوژووری بە بیری ناسیۆنالیزمی کوردی لێدا.

لە پێشەکی (مەم و زین)دا، خانی دوو ئاستەنگ لەبەردەم بەرجەستەبوونی ئامانجەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی دەستنیشان دەکات: نەبوونی پاشایەک و پەرتەوازەیی نەتەوەیی کورد. بۆ باسی بوونی فەرمانڕەوایێک، خانی دەنووسێت، “بۆ مەش کە هەبایە پادشایێ، خوا تانجێکی پێ ببەخشایە…. ئێمەی لە کەساسی دەردەهێنا، بێستانی هیوای وەبەر دەهێنا”. جوغزە مێژوویەکە بۆ خانی هەبوونی پاشایەک دەکاتە پێویستی بۆ ئەوەی میرنشینەکان یەکخا، تورک و فارس لە خاکی کوردان وەدەرنێت، لە دوای شەڕی چاڵدێرانەوە (١٥١٤) نیشتیمانەکەیان کرد بە دوو لەتەوە، و خاکەکەیان کردبوو بە مەیدانی شەڕە خوێناویەکانیان. بەدەر لە بەرقەرارکردنی هێوری و سەقامگیری سیاسی، خانی دەیەوێت پاشای کوردان کەسێکی زانا و ڕۆشەنبیر بێت، نەک لە هونەر و زانست پیادە بێت و قەدری هونەرمەندان نەگرێت: “بۆ مەش کە هەبایە خێو و سەردار، بەخشندە و ژیر و زیت و وشیار… ژیری و هونەری بە دڵ کڕیبا، ژەنگی لە دڵی هەژار سڕیبا”. واتە خانی پاشاو و دەوڵەتی تەنیا بۆ سەقامگیری و ئاشتیێکی هەنووکەیی ناوێت، بەڵکو تایبەتمەندی حوکمداریشی بۆ دادەڕێژێت. لەمەڕ پەرتەوازەیی کوردانیش، ئەوەی خانی پەرێشان کردووە ئەوەیە کە کورد میلەتێکی ئازان بەڵام؛ لەبەر یەکنەبوونیان بوونەتە ژێردەستەی تورک و فارس: “پرسیم لە جیهان ڕەقی لە بەردی، نەرمیت بە چیە؟ گوتی بە مەردی…. کورد چۆن دەبێ دیل و چارەڕەش بن، کەی ڕاستە لە خۆشی دوورەبەش بن…. کەس بۆ کەسێ نابێ چاو دەبەر بێ، هەر کەس دەیەوێ زل و لەسەر بێ….. لەم سەر ڕەقیە و دەماری زلیان، بێگانە دەبن سواری ملیان”.

سەد ساڵێک دوای خانی، حاجی قادری کۆیی، کە بینی دەوڵەتی عوسمانی، میرنشینە کوردیەکان لەگەڵ پڕۆسەی بەسەنتەرکردنی دەستەڵات(تەنزیمات) پەیتا پەیتا ڕادەماڵێت، و بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردیش دەرەئەنجام پێڕەوکەر بوو، بیری ناسیۆنالیزیمی لە ھۆنراوەی کوردی هێندەی تر بوژاندەوە و لڤینێکی پێدا. حاجی قادر، وەک خانی، لە ھۆنراوەکانی ئاماژەی بەوەدا کە دوژمن بە دڵی خۆی وەک قوڕە چەورە کورد دەبزوێنێت، و کوردیش بێ بوونی تاکە فەرمانڕەوایەک و یەکێتی ناوەخۆیی ناتوانێت دوژمن وەدەرنێت و ببێتە خاوەن دەوڵەت: “تا ڕێک نەکەون قەبیلەی ئەکراد، هەروا دەبن خەرابە ئاباد”. بەڵام؛ وتاری حاجی بۆ نەتەوەی کورد بۆ ئاستێکی شۆڕشگێڕی پەل دەکوتێت، چونکە لە سەردەمی ئەودا لەشکركێشی عوسمانی تەنگی بە تەواوی میرنشینەکان هەڵچنیبوو، و بزووتنەوەی کوردی بە ڕێبەرایەتی شێخەکان هەڵئایسابوو، بۆیە حاجی قادر شەنوکەوکردنی ئەم گۆڕانکاریانەی لە شیعرەکانی خەپتاندووە. بۆ نموونە دەنووسێت “سەلاحی ئێوە ئێستاکە سیلاحە، تەماعی گەورەیی بێ چەک نەکەن نەک”. یانیش دەنووسێت “بە شیر و خامە دەوڵەت پایەدارە، ئەمن خامەم هەیە و شیر نادیارە”. هەروەها، ئەگەر خانی لە گێژەنی تەنگەتاوی هاواری بۆ پاشایەکی نادیار بەرزکردبێتەوە، حاجی (یەزدانشێر)ی ڕابەری بزووتنەوەی بۆتانی دیاریکردووە، کە یەکەم ڕاپەڕینی دژ بە دەستەڵاتی عوسمانی بەرپاکرد لە سەدەی نۆزدەیەم: “بەخۆی شێرە وەکوو ناوی لە شەڕدا دوژمن ئەندازە، تەمایان هەر بە ئەو ماوە جەمیعی خەڵکی کوردستان”.

بە کورتی، خانی لە بایەزیدەوە بیری ناسیۆنالیزمی کوردی لەناو مێشکی تاکی کوردا پژاند، دواتر حاجی قادر لە گۆڕقەرەجی کۆیەوە هێندەی تر ئەم بیرەی خەپاند و پەرەی پێدا. کورد ئەگەر ناسیۆنالیزمەکەیشی هێشتا بە بەندوباوی خێڵ و حیزبەوە سندم کرابێت و دەوڵەتە-نەتەوەی پێ بنیات نەنرابێت، بیرمەندەکانی ئەوسا نەیانهێشتووە کورد لە نەتەوەکانی تر بەجێ بمێنێت و لەگەڵ ڕسکاندنی بیری نەتەوایەتی و تیۆریەکانی دەوڵەت لە ئەورووپا، ئەوانیش شرۆڤەی هەلومەرجی خاکی خۆیان کردووە و نەهامەتیەکانیان دەستنیشانکردووە و ڕێدۆزیشیان بۆ نەتەوەکانیان کردووە. گەشەی بیری ناسیۆنالیزمیش لە ھۆنراوەی حاجی، دەمەلاسکەیەک نەبووە بۆ ئەو نوختەنیگایانەی لە ھۆنراوەی خانی بەدیدەکرێن، بەڵکو گەشەیەکی تەواو ژینیۆلۆژیی بووە.

بڵاوکردنەوە: