لە چاوەکانی پاییزدا

891
0
بڵاوکردنەوە:

هەندرێن

 

بۆچی ئەو گەڵایانە،

ئەوها دادەکەن.

پاییز چۆن وەک ئەوەی هەیە،

خۆی دەنوێنێ.

مرۆڤیش ئەوەی ژیان دەیخوازێ،  وا دەژیی.

من وەک تۆ لەگەڵ پاییزدا،

لە جەنگدام.

بەم جەنگەش نە سەرەتای ئۆکتۆبەر و نە کۆتایی خەزەڵوەریش، بە کۆتا دێ. بەناو دێر دێری دەقەکانی بارانەوە رێدەکەم ، کیژێکیش لەوبەری دونیاوە، گەڵای رەنگینیی لەسەر چاوی زەویدا دەچنییەوە. لە نێوان ستوونەکانی بارانم.

بێدەنگ بانگی تۆ دەکەم،

زمان بە وشەی رەنگا و رەنگەوە تەڕی دەکردم.

بایەک دێ و گومانم نەواژەن دەکا. کە تۆ دێیت، نە خەزان کۆتایی دێ و سەرەتای خەزەڵوەریش، دەستپێکی پاییزێکی ترە.

من ئێستا نییە، کە تەنیام.

لەوەتەی غەریبییت ناکەم، تەنیاییم بیر دێتەوە. چاوەڕوانییەک بۆ خۆی گۆرانی دەچڕێ. ئەو یادەش کە لەگەڵ بێداربوونەوەدا بە یادم دێتەوە، بێ خواستی فەرامۆشییە.

لە شەوێکی درەنگدا بە دەستێکی بۆن شەرابییەوە، نامەت بۆ دەنووسم. دووریی خۆی لە من کەمبیناترە. گەڵایەکان وەک دەرەوەی من: بێمنداڵن. پاییز وەک دڵی عاشقێک، خوازیاری ماڵ نییە. ژنیش وەک پاییز، تاوێک جوانییەکی تراویلەکیی و تاوێکیش  مەندییەکی دژوارە.

 

دەرەوە، بێماڵە،

ناوەوەش تەنێ ماڵێکە.

 

ئێستا هەردەڵێی لە قەراغ رووباری “بەرازگر”دا، ئاسۆ بانگ دەکەم،  یان وێنەی سێبەری لووتکەی چیایەکت بۆ دەکێشمەوە، کە لە چیایەکاندا خەونێکی منی فێنک دەکردەوە. گێژەنێک لە گەڵا بەناو بێماڵییدا سەما دەکا. تۆ لەگەڵ رێژنەی رەنگەکاندا، لە چاوی مندا دەگۆڕێی. ماڵ ئاوەز دەبێ؛ بێماڵیی، ماڵ رادەگەیەنێ. ئاوەدانی من، ئازادی ئاوەڵا دەکاتەوە. خەریکم رەنگێکی تر بە رەگەزی رەنگەکان ببەخشم، تا بە پاییز داگیرت بکەم.

لە بوونێکەوە بۆ بوونێکی تر،

“دووبارەبوونەوەی ئەبەدیی” لە دایک دەبێتەوە.

تۆش وەک ئەوەی نەبیت کە هەیت. لە وەرزێکەوە بۆ وەرزێکی تر، عەشقیش شەیداییەکە لە هەژەندی شادیی. دەبا بوونیش لە بازنەی وەرزەکاندا، ژیان کۆبکاتەوە.

کە من هەبێت، تۆش رەنگینتر دەبێت.

گەڵایەکان پۆل پۆل بەرەو رووخساری سێبەرگرتووی شەو و شوێنکاتەوە لە کۆچدان. بایەکی درەنگ هەڵکردووش بەناو ئەم شارەدا بە دوای بێمروەتی کاتەوە رادەکا.  بێدەنگی بیر دەکاتەوە، یان تۆی بانگم دەکەی؟ گزنگیش لەسەر پەنجەرەکەمدا شەوقدەداتەوە. لە دەرێ هیچ کەسێک چاوەڕوانی من نییە. لە ناوەوەش هەموو من لە گەمارۆدانی درەنگیی تۆ دایە. لە نزیکەوە، هەموو دونیا لە جەنگی مندایە، لە دوورەوەش، تۆش لە یادەوەریی من دایە.

ژیان گریمانەیەکە لە بیرکردنەوە، یان بیرهاتنەوە؟!

هەنووکە کە بیر لە تشتێکی نادیار دەکەمەوە، تۆم بە یاد دێتەوە. تۆم بیر دەچێتەوە، نەبوون بێدارم دەکاتەوە.

ئەم شارە پڕ بووە لە بیرکردنەوەی زەردبوونی گەڵا. ژیانێک لە گەڵا، یادەوەریی ئەم شارەیە. ئەوکاتەی پاییز بۆنی مانگ دەگرێ،  بۆنی کراسە نارجییەکەتم بە یاد دێتەوە. دەستم بەرەو تۆ درێژ دەکەم، باڵندەیەک لەسەر ئەم درەختە رووتەوە هەڵدەفڕێ. ئیرەیی بە هەڵفڕینی گەڵا و باڵدارەکان دەبەم. ئاخۆ سەهەندەیی مرۆڤ، لە نەبوونی هەڵفڕین دایە؟

کات کۆمدەکاتەوە.

بە راکردنەوە وەرزەکان بە یەک گرێدەدەمەوە.

تەنێ مەودایەکانی نێوان عەدەم و ئومێدەواریین،

کە لە من نزیکن.

دوای هەناسەدانێک، دەستم بەو لا روومەتەتدا دەهێنم، کە ئەو لای چاوت قووڵ لە منی دەڕوانی. پاییزێک لە چاوەکانتدا، لەگەڵ سووڕگووم کراوێک لە زماندا دەجەنگێ. وەرز دەدوێنم، رەنگی رووخسارم هەڵدەوەرێ. لە هەڵەتبوونی هەڵەی گوتندا دەپرسی، زایەڵەی ئەزموونیش نادیاریی تۆ هەڵناداتەوە. ئەوەتا لە زارمدا شەپۆڵێک لە تەنیایی تلدەبێتەوە.

من دەزانم وەک چۆن زستان بە زریانەکانییەوە، رەنگەکانی پاییز سپی دەکاتەوە، ئەوهاش ئەسپەکانی جەنگ، گەڵاڕێزانی وشەکان، ئەم شوورای تەنیاییە گەمارۆ دەدەن. گەڵایەکی نارنجیی و گوڵێکی زەردی ناو کێڵگەی گەنمەکان، لە خەیاڵدا دەڕسکێن. وەک مرۆڤ جیاوازیی رەنگەکان جەختدەکەمەوە.

رەنگی گەڵایەکان،

لە ناو گۆمە ئاوێکی باراندا دەژیین.

رەنگیش لە رەگەزی رەنگدانەوەی سروشتدایە.

گەوهەری سروشتیش، تەنێ لە رەنگدایە.

سروشتیش وەک مرۆڤ، هەبوونێکە لە جەنگی جیاوازیی رەنگەکان. پاییز هیچی نەبێ، باغچەیەک رەنگی خۆکردی هەیە.  من لە وەرزێکدا چاوەڕوانی بەسەر دەبەم، کە لە ناوەوەی مندایە. شەوانە بە خۆم چاوی جەنگاوەرانەی شەقام لێکدەنێم و رووناکیی کاڵی بێداریی خۆشم دەلاوێنمەوە.

بە سوپایەک لە وشە،

بۆشایی نێوان خۆم و تۆ دەلەرێنمەوە.

گەڵا سەما دەکا، لێ جەنگی سەر زەوی نابڕێتەوە. بێ ئاشنابوونی ئێمە، چۆن جیاوازی وەرزەکان ئاشت بکەینەوە؟ تەنیایی بێئەوەی بیبینم، دەمدوێنێ. ئاوەدانی تۆش لەمدیو تراویلکەی رەنگەکان، لە نائامادەیی مندا دەپەیڤێ. تۆ لەناو منیت و ئامادەییشت، نادیارتر دەبێ. ئەوەتا دوو دوورگە لە هاوزمانیی، پەڕگیریی دەنووسنەوە.

ئێستا بیر لە جەنگێک دەکەمەوە،

لە هیکڕا گەڵایەکان ، بەرەو چاوی “کانی تەلانە”وە هەڵدەوەرێن.

دەبینی بایەکی پاییزیی هەورێکی سەر هەنییەی کازیوە راو دەنێ و چیای “هەورێ”ش لە ژێر سەری پەنجەکانمدا هەناسە دەکێشێ؟

بارانێک لەناو زماندا وێڵ دەبێ. من لەسەر زەوییەکی نامۆدا، لە جەنگی ئەزموونەکاندام. بە هەژەندی شادیی عەشقەکان، سێبووری هەستی ئاوابوونی پاییز دەدمەوە.

 

شەو بە باڵافڕێی گەڵاکانەوە نێوان وەرزەکان، من و تۆ دەخرۆشێنێ. ڤانگۆگیش ماخولیایەک لە شێتی، بە گێژەنی ناو دڵی دەگوت: تووتن دەسووتێ و ژیانیش گەشە دەسێنێ. لەناو ئەم پاییزەدا، تەنێ رەنگەکان بە خۆیان نامۆ نین. جەنگی رەنگەکانیش، وەک نادیاریی تۆ، بانگی زمان دەکا.

لە نێوان گفتوگۆی دوو دەنگدا،

بە یاد هاتنەوەی من دەڕژێتە ناو فەرامۆشیتەوە.

پاییزی ٢٠١٢/ستۆکهۆلم

خۆر لە نێوان باڵەکانی کێڵگەی شەودا باڵەفڕی دەکا. ژنێک لەمدیو یادەوەریی خۆیدا، تەنیایی من کۆدەکاتەوە. ئاخۆ ئەوە ئەم شارەیە کە لە ژێر گەڵایەکاندا بێدەنگی من دەلەرێنتێتەوە؟ بە چرپەکانی غەریبیکردنی تۆوە، گەردوون دەهێنمە گۆ. دونیا بەناو یەکدا دەنگدەداتەوە. بێ تۆ، بێدەنگی ئاوەدان نابێتەوە. ئەو هەموو  ماخولیایە پاییزییەی من، دووریی تۆ کۆ ناکاتەوە. گەرەکە بەر لە نزیکبوونەوە لە خۆم، تۆ دوور بخەمەوە. دەبێ بە دوای شوێنپێیەکانی خۆمەوە سەفەر بکەم. لێ ئەوەتا بۆ ئەوەی پەرتی هەندرێن کۆبکەمەوە، دووورگەکانی ستۆکهۆڵم یادنشین دەکەم.

کۆکردنەی تۆ،

بێکۆتایی ئەو رێگەیە کە بە ماڵە رەسەنەکەی من ناکەوێتەوە.

وازم لە ماخولیای جەنگی تۆ هێنا و دووبارە بۆ ناو خۆم گەڕامەوە.

وەرزی ئێستام پۆشیی و وەک ئەوەی لەگەڵ خۆمدا بم، بە تەنیشت ئێوارەی تۆوە رۆیشتم.

کات پاییزیی دەنوێنێ یان زەوی؟

بیرهاتنەوەکان رەنگی دابڕانی تۆی لێدەڕژێ.

پاییز لە رەگەزی زەوییە، تۆش لە رەچەڵەکی پاییز.

کات بەڕێوەیە، دەنگی بیرکردنەوەی من و زەنای مەکینەکانی شار و دەستبازی درەختەکانی بەرباش بە دوای بوونی منەوە رادەکەن. هەبوون هەرا دەگرێ. بۆ مرۆڤ وەک کەژی پاییز، کاژی ناوەکیی خۆی ناگۆڕێ؟

غەمی من، خەریکە کات کاڵدەکاتەوە . هەر ئێستا وێنەی رەنگەکانی ناو چاوی پاییزی ئەم چرکەساتە دەگرم. وێنە بیرهاتنەوەت زیندوو دەکاتەوە؟

خەریکە لە خۆم جیا دەبمەوە، کەچی ئەم بیرهاتنەوانە وەک شانە هەنگێک لە ناو مندا نابنەوە.

هەر تۆ نیت بەرەو ماڵەوە دەچییەوە، ئەوەتا شەقامی کات مرۆڤەکان  بۆ ماڵەوە دەباتەوە. تۆش لەوێ بە رازێک بە دیار ئاسۆیەکەوە وەستاویی. ماڵەکەم بە بێماڵیی منەوە خۆی ئاوەدان دەکاتەوە. من بەرەو زەریایەک دەچم کە ماڵە مەندەکەی بەسەر شەپۆڵەکانییەوە هەڵگرتووە.

کۆچکردن:

هەمیشە رووی لەو ماڵە بیرلێکراوەیە دەستپێدەکا کە وەزریی نییە.

لە ماڵێکەوە بۆ مالێکی تر،

بوون دەکا بە ماڵێکی گەڕیدە.

تا دەرکەوتنت بدەرەوشێتەوە: بەناو خۆت بگەڕێوە، ئەی من!

پاییز هاتن و چوونێکی بازنەییە. لێ بوونی مرۆڤ، مێژوویەکی ئاسۆییە. مەنزڵگەی مەرگ، چاوەڕوانی هاتنی بوونە. عاشق بوون بە خۆی  نەبا، پاییز هێندە بەسەر زەویی و وەرزەکاندا نازی نەدەکرد. زێدی بازنەیی، زمانی بزواوی وەرزە.

من لەم وەرزی گەڵایەدا، جەنگی رەنگەکانت بۆ دەگێڕمەوە. بارانێکی بێمروەت پاییز ئاگادار دەکاتەوە.  تۆش کە لە رەنگی منی، کەچی لە جیاتی گەڕانەوە بەرەو خۆت بۆناو بێدەنگیی رازی ژنێتیی دەگەڕێیتەوە. رۆژە زەردەکانی پاییز چەند زۆر بن، وزەی تەنیایی من بەرزتر دەبێ. ئەو پاییزە وەک ئەوەی تۆ بیت، ناوەوەم دەلاوێنێتەوە. منیش کە دەنووسم، گەڵایەکانت دەبن بە تشتگەل. هەموو تشتەکانیش وشە. ئەو گەڵایە باڵدارانەش بە دوای تشتگەلێکەوەن کە وشەن. وشەکان بەر لە تشتەکانن یان تشتەکان بەر لە وشەکانن؟

تشتەکان لەگەڵ نووسیندا،

نووسین لەناو تشتەکاندا

دەبن بە حەقیقەت.

حەقیقەت کە بە دیار دەکەوێ، دەبێ بە خۆی. تۆش لە پاییزدا دەبی بە زایەڵەی تەنیایی. من لە مدیو واقیعەوە، لە حەقیقەتی تۆ دەدوێم. کە حەقیقەتی تۆ نەبێ، دەبێ لە خۆمدا خۆت بدۆزمەوە. ئەوە تۆی بە راکردنەوە بەناو پاییزەوە بانگی نادیاریی من دەکەی. پاییزیش بە هەموو دەنگ و رەنگی تەنیاییەکانییەوە بەرەو ناوەوەی مندا شەپۆڵ دەدەن.

بێ ئەوەی بمەوێ، دەبێ پاییز بنووسمەوە. پاییز دڵی وەرزەکانە.  شێوازی پاییز،  ناوەڕۆکی زمانی منە.  بە وزەیەک لە تەنیایی، زمان دەنووسمەوە. لە تەوژمی ئەو بایە باڵدارە لە گەڵایە ناسڵەمێمەوە کە لاسارانە لە باغچەی تەنیایی مندا هەڵدەکا . چەپەری من تەنیاییە. من غەریبی ئەو کچە دەکەم کە جەستەی ناوەکیی لە رەنگی پاییزە. هەموو پاییزەکانم بە یاد دێنەوە.

هەتاوی پاییز هەموو یادگارییەکانی زەرد کردم،

تەنێ موتفەڕکی زەنگەی دەستم نەبێ کە تاکە میراتی دایکم بوو.

بیرهاتنەوەکانی تۆش وەک خاڵە کوتراوەکانی سەر دەستم زیندوون.

ئەو کچە وەک پاییز لە خۆی دەچێ و لەناو منیشدا دەکرێتەوە، کەچی لەناو خۆیدا چڕ دەبێتەوە.  ئەوەتا کە دەمەوێ ئەو کچە پاییزە بە وشە بکەم، هەست بە لەرینەوەی خۆم دەکەم. چۆن تۆ بنووسمەوە؟ من لە وشە زیاتر هیچی تر شک نابەم، بۆ نزیک بوونەوە لە ناوەوەی پاییزی تۆ. من نامەوێ لە پاییزێک بدوێم کە رابردووە.  من سەر بە پۆلێنکردنەکان، پەراوێزی پایەکان نیم. نووسین وەک پاییزی تۆ پەڕگیرییە. نووسین رامانێکە لە ئاوازی رەنگگەلی پاییز. شەوقدانەوەکانم وەک گەڵایەکان باڵەفڕێ دەکەن.

من باس لە پاییزێک دەکەم کە هێشتا ناودێرم نەکردووە. گشت ئەوانەی دەیاننووسمەوە، سەرهاتی سەرهاتەکانن. دەزانم وشەکان بەرهەمی وشەکانن. کە بیرت دەکەم، وشە وشەی لێ دەبێتەوە، دوای ئەوەی: “بەرد لە بەرد بێتەوە، دەنگی هەیە.” (هێمن) تۆش وەک وشە لە مندا پێدەگەی. لێ تۆش وەک وشە، خودی خۆتی. وەک ئازادییەک، تۆ دەبینم. هەبوون خۆی، دۆخێکی ئاوەزیی نییە.

 

ئەو گەڵایە تەنیایە سێبوورانە رەنگی لێدەڕژێ،

ئێمەش بەرەو زەریایەک دەچین کە نادیارە.

مامزێک بە راڕاییەوە لە رێچکەکەدا دەپەڕێتەوە.

دارستانەکەش نووستوە.

چاوم دادەخەم و دەکەمەوە، تۆ مانگێکی زراڤ بوویی و لە نێوان درەختەکانی وشەدا لە چاوی خەوتووی دارستانەکەت دەڕوانی و وەڵامی تەلەفۆنەکەت دەدەیتەوە. بەر لەوەی شەو بگاتە ئەم شارە، بۆنی شەوبا دەکەم. تۆ لەناو چاوی پاییزدا نارنجیت دەتروسکێیتەوە. شەو بێدەنگ دەبێ و گەڵایەکانیش بە چرپەوە بەرەو زەوی دەزرینگێنەوە. لە خەوندا بووم، بیرم لە وشەیەک دەکردەوە ناودێرت بکا.

بڵاوکردنەوە: