نیگەرانى وەک بنەمایەکى ئۆنتۆلۆژی لە شیعرەکانى (رامیار مەحمود) دا.

671
0
بڵاوکردنەوە:

لێکۆڵینەوەیەک لە ڕوانگەى فەلسەفەى بوونگەراییی مارتن هایدیگەر.

نووسینی: محەمەد نەبی

پێشەکى:

پەیوەندیی شیعرو فەلسەفە پەیوەندییەکى لەمێژینەیە، لە مێژووى فەلسەفەدا کەم فەیلەسوف هەن قسەیان لەسەر شیعر نەکردبێت و لە مێژووی ئەدەبیاتیشدا کەم ئەدیب هەن لەژێر کاریگەریی فەیلەسوفێک، یان قوتابخانەو رێبازێکى فەلسەفى نەبووبن. هەروەها هەموو رێبازو ڕەوتە ڕەخنەییەکانیش باکگراوندێکى فەلسەفییان هەیەو لە پشتیانەوە فەلسەفەیەک ئامادەیی هەیە. لەم بەستێنەوە دەشێ بڵێین هیچ شیعرێکى راستەقینە نییە، هەڵگری بیرێکى مەعریفى، فیکرى و فەلسەفى نەبێ، لەپشت هەموو شیعرێکى باش حەقیقەتێکى بوون خۆى حەشارداوە، شیعر دەرخەرى راستییەکانى بوونە، یان هاوشێوەى فەلسەفە بیرکردنەوەى داهێنەرانەیە. کەواتە شیعر تەنها بۆ سەرگەرمى و چێژو، تە نها بۆ یارو پیاهەڵدانى یارو دڵدارى و ستایش نییە، بەڵکو ئەرکێکى مەعریفی و وجودیی هەیە، ئەویش گەڕان و دۆزینەوەو کەشفى ماناکانى بوونە. ئەمە بارێک نییە بخرێتە سەر شانى شیعر، بەڵکو جەوهەرى شیعرى راستەقینە گەیاندنى پەیامێکى مەعریفیی و فیکرییەو راستییەک دەردەخات، ڕاستی(حەقیقەت)یش بەلاى هایدیگەر گونجانى شتەکانە لەگەڵ ژیرى داو سەر بە ئازادییە، تا بکەر ئازاد نەبێ راستی نادۆزرێتەوە، راستی ئازادبوونى بکەرە. (هایدیگەر: 1961: 5). ئازادیش زیاتر لەهەر جۆرێکى نووسین، شیعر نوێنەرایەتیی دەکات.

بە درێژایی مێژووى ئەدەب و فەلسەفە، شیعر یەکێک بووە لە ژانرە پڕ جەدەلەکان چ لاى ئەوانەى رەتیان کردۆتەوە، یان لاى ئەوانەى پەسەندیان کردووە، لە ئەفلاتونەوە تا سەردەمى ئێستا، بیرمەندان لە شیعر دواون، چونکە شیعر لە هەر جۆرێکى ترى نووسین لە هزرو  هەست و دەروونى مرۆڤەوە نزیکترە، ئەوە هزرو هەستیشن کۆى بابەتە جیاوازەکانى نووسین بەرهەم دێنن و، دەڕژێنە ناو ژیانى مرۆڤیشەوە. تەنانەت شێوازى نووسینى فەلسەفیی هەندێ لە بیرمەندان نزیکە لە شێوازى شیعرى و ناوەڕۆکى هەندێ شیعریش نزیکە لە بابەتى فەلسەفە، بەبێ ئەوەى نوسراوە فەلسەفییەکە ببێتە شیعرو شیعرەکەش ببێتە فەلسەفە، لەم بارەیەوە هایدیگەر دەڵێت ((هەموو بیرکردنەوەیەکى فەلسەفى بەتایبەتى ئەوانەى قوڵترینن لەنێو خۆیاندا شیعرین، بەڵام هێشتا نابن بە هونەرى شیعر. بەهەمان شێوە بەرهەمى شیعرى وەکو سرودەکانى هۆڵدەرلین خاوەنى هزرى بەرزن، بەڵام فەلسەفە نین))) ( فەلسەفەى هونەر: 2017: 187) دیارە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شێوازو رەگەزانەى تایبەتن بە نووسینى فەلسەفى و شیعریى.

لەم لێکۆڵینەوەیەدا ئێمە لە شیعردا بەدواى ئەم رەهەندە فەلسەفى و مەعریفییەى شیعردا گەڕاوین و لەژێر رۆشنایی فەلسەفەى بوونگەرایی بەدواى ئەم راستییەى شیعر، لە شیعرەکانى (رامیار مەحمود) دا گەڕاوین، لەمەش دا یەکێک لە بنەماکانى فەلسەفەى بوونگەرایی فەیلەسوفى ئەڵمانى( مارتن هایدیگەر)مان وەرگرتووە، کە ئەویش (نیگەرانی)یەو رەنگدانەوەى ئەم پرسەمان لە شیعرەکانى رامیاردا تاوتوێ کردووە. دیوانى (دڵ لەناو سنگى ئەم جیهانەدا لێنادات) بە نموونەمان وەرگرتووە.

نیگەرانى لە ڕوانگەى فەلسەفەى بوونگەرایی مارتن هایدیگەر

هایدیگەر وەک فەیلەسوفێکى بوونگەرا، کۆمەڵێ پێشمەرجى ئۆنتۆلۆژیی داناون بۆ بوونى مرۆڤ، لەوانە: بوون لەناو جیهان، بوون لەگەڵ کەسانى دیکە، مەزاج، تێگەیشتن، زمان، نیگەرانى، مردن و هەندێکى تریش کە بنەماى بوونى مرۆڤن و رۆڵ دەبینن لە ژینى دازاین دا (هایدیگەر: 2013: کورتە بەشى دوازدە: 107تا 114). واتە ئەگەر مرۆڤ هەبێت بەو پێشمەرجانەوە هەیە، چونکە مرۆڤ دەبێ لەناو جیهان(شوێن) دابێ و بەبێ شوێن نابێت، وە دەبێ لەگەڵ کەسانى دیکەدا بژیت و مەزاجى هەبێ و نیگەران بێ و لەکۆتایشدا بمرێت، ئەمانە یاساى وجودیین، هەربۆیە هایدیگەر کردوونییەتە پێشمەرج بۆ بوونى مرۆڤ. هەریەکە لەم پێشمەرجانە لایەنێکە لە بوونى مرۆڤ و خاسییەتێکى مرۆڤمان بۆ دەردەخات.

مارتن هایدیگەر لە پرۆژە بوونگەراییەکەى دا، نیگەرانى دەکات بە بنەمایەکى گرنگ و بنەڕەتیی بوونى مرۆڤ و لە  بنەڕەتەکانى تر کاریگەرتر دایدەنێت ((نیگەرانى سەرجەمى بونیادى سەرەکیی بوونى دازاینە، پێش هەموو رەفتارێکى فاکتۆرى و هەڵوێستى دازاین دەکەوێت و پێشمەرجێکى ئۆنتۆلۆجییە)) (هایدیگەر:2013، ل277) سەبارەت بە دانانى (نیگەرانى) وەک بونیادێکى ئۆنتۆلۆژى، هایدیگەر ئەفسانەیەکى سەرنجڕاکێشى یۆنانى دەگێڕێتەوە، کە ئەفسانەکە بە قوڵى دەرى دەخات (نیگەرانى) توند بە بوونى مرۆییەوە بەستراوە، ئەفسانەکە بەم شێوەیەیە: (( رۆژێک خواى نیگەرانى لە روبارێک پەڕییەوەو تۆپەڵە قوڕێکى بینى، بە سەرنجەوە هەڵیگرتەوەو شێوەیەکى پێدا. لەوکاتەدا خوا (جۆبیتەر) هات. نیگەرانى داواى لێکرد گیان بە بەرى دا بکات. ئەویش بەخۆشییەوە گیانى پێبەخشى. بەڵام کاتێک (نیگەرانى) ویستى ناوى خۆى لێبنێت، جۆبیتەر رازى نەبوو، داوایکرد ناوى   (جۆبیتەر) ى لێبنرێت. ئەو دوو خواوەندە کەوتنە مشت و مڕ، زەوى بەرزبووەوەو داوایکرد ناوى ( زەوى)ی لێبنرێت چونکە ئەو هەبووە ئافەریدکراوە پارچەیەک بوو لە لەشى ئەو. لەدوایدا هەموویان داوایان لە (ساتورن) کرد ناوبژییان بکات و رێگاچارەیان بۆ بدۆزێتەوە. ئەویش ئەم بڕیارە دادوەرانەیەى دا: مادام جۆبیتەر گیانى پێبەخشیوە لەکاتى مردندا گیانەکە بۆ لاى جۆبیتەر دەگەڕێتەوە، مادام زەوى لەشى داوەتێ لاشەکەى بۆ زەوییە، مادام خواى نیگەرانى یەکەمجار شێوەى بۆ درووستکرد دەبێت تاکو لە ژیان دا بێت بۆ نیگەرانى بێت. مادام ئێوەش لەسەر ناوەکەى رێکناکەون من ناوى (هۆمۆ)ى لێدەنێم چەنکە لە (هیومس)ى زەوى درووستکراوە))  (هەمان سەرچاوە، ل282) ئەم ئەفسانەیە ئەوە دەردەخات تا مرۆڤ لە ژیاندا بێ، بە نیگەرانییەوە دەژیت.

(نیگەرانى) هەندێ جار وشەو زاراوەکانى ( قەلەقى، دوودڵى، دڕدۆنگى، خەم)یشى بۆ بەکاردێت، حاڵەتێکى بوونى مرۆڤە لە ئاست مرۆڤانى دیکەو جیهان و شتەکانى دەوروبەرى دا، راوەستانى مرۆڤە لەبەردەم ئەگەرەکانى بوونی دا،بیرکردنەوەیەکى هەڵسەنگێنەرانەیە لەبەردەم هەڵبژاردنەکان دا. لە روانگەى فەلسەفەى بوونگەرایی هایدگەرەوە (نیگەرانى) سایکۆلۆژییانە نییە، بەڵکو بنەمایەکى وجودییە لە بوونى مرۆڤ دا. چونکە ساتێکى هەڵچوون، یان بارودۆخێکى کاتیی پەیوەستدار نییە بە سۆزو دەروون، بەڵکو بەستراوەتەوە بە حەقیقەتى بوونى مرۆیی(( مرۆڤ بۆ بوون نیگەران و خەمخۆرە بۆیە دوودڵە. (نیگەرانى) بارودۆخێکى دەروونى(سایکۆلۆجى) نییە، پێشمەرجێکى ئۆنتۆلۆجییە بۆ بوونى مرۆڤ…ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو باوەڕە فەلسەفییەى ئەگەر مرۆڤ هەبێت دەبێ نیگەران بێ)) (د.محەمەد کەمال :2007، ل 106) ، کە زیاتر لە ئەنجامى ( خۆداهێنان، بیرکردنەوە لە بوونى رەسەن و بون لەگەڵ ئەوان، بایەخپێدان، مردن)ەوە سەرچاوە دەگرێ.

مرۆڤى رەسەن هەمیشە نیگەرانى بوونییەتى، لەوەى چۆن ناوەڕۆکى بوونى دابهێنێت، چونکە بوونگەراکان بەتایبەتیش هایدیگەرو سارتەر پێیانوایە مرۆڤ لە سەرەتادا بێ ناوەڕۆکە، لە درێژەى بوونى دا خۆى ناوەڕۆک بۆ خۆى دادەهێنێت، رەوتى ژیانى بریتییە لە خۆداهێنان و خۆدرووستکردن، داهێنان و پڕکردنەوەى ئەم بوونە پێویستى بە پرۆژەدانانە، پرۆژەدانان بیرکردنەوەو خەمخۆریی و گرنگیدانى مرۆڤە بۆ بوون بە شتێک، داهێنانى شتێک، هێنانەئاراو بەرجەستەکردنى هێزو بیر…، بۆیە مرۆڤى رەسەن کە مرۆڤێکە خۆى، خۆى دادەهێنێت و بیرکەرەوەو ئاگامەندە لە ئاست بوونى، بیر لەو پرۆژانە دەکاتەوەو گرنگیان پێدەدات و لە ئاستیاندا نیگەران دەبێ. لە فەلسەفەى بوونگەرایی دا (نیگەرانى )ئەرێنییە، نەک نەرێنى، چونکە دەبێتە هۆى ئەوەى دازاین(مرۆڤ) بایەخ بە پرۆژەکانى بوونى بدات و خەمخۆریان بێ.  واتە نیگەرانى (بەرهەمهێنەرە). بەمەش جیادەبێتەوە لە ترس کە (روخێنەرە). دازاین نیگەرانە لەوەى نەکەوێتە ناو بوونى ساختەو پێوەرەکانى ئەوان، چونکە کەسێکى سەربەستەو نیگەرانە لەوەى سەربەستییەکەى داگیربکرێت، لە لایەکى دیکەوە نیگەرانیى ئەوانى ترە ((نیگەرانى، مرۆڤانەیەو تەنیا مرۆڤ بە نیگەرانییەوە دەژی. ئەمەش پەیوەندییەکى دیکە، بێجگە لە پەیوەندییە ئەپستمۆلۆجى و کردەگییەکە، لەنێوان ئاگامەندى و بوون دا دەخاتە ڕوو، بوونى مرۆڤ لەنێو جیهان دا و لەگەڵ کەسانى دیکەدا دەکات بە بوونێکى نیگەران و خەمخۆر، کە لەسەر بنەما ئۆنتۆلۆجییەکانى بوونى مرۆڤ دامەزراوە. بوونى مرۆڤ هەمیشە بوونێکە لەنێو جیهان و لەگەڵ کەسانى دیکەدا)) (هەمان سەرچاوە، ل108) واتە بوونى مرۆڤ پەیوەندیدارە بەو جیهانەى تێیدا دەژیت کە بریتین لە شوێن و ئەو کەسانەى لە دەورووبەرى دەژین، بەمەش مرۆڤ نیگەرانیان دەبێ((واتاى نیگەرانى بەو شتەوە بەستراوە کە بۆى نیگەرانین. کەوابوو، بوونى کەسانى دیکە لە نیگەرانى دەردەکەوێت))15 (هایدیگەر: 2013، ل192) نیگەرانیش جۆرێکە لە بایەخپێدان و گرنگیدان و بەتەنگەوەبوون و بەتەنگەوەچوونى ئەوانى ترو دەروبەرو جیهان، (( لە بنەڕەتەوە بوون لەنێو جیهان نیگەرانییە، بوون لەتەنیشت بابەتەکانى بەردەستدا دەبێت بە (گرنگیپێدان)، بوونى دازاینیش لەگەل کەسانى دیکەداو لەنێو جیهاندا نیگەرانییە. بوون لەتەنیشت شتێکەوە گرنگیدانەو بناخەکەشى نیگەرانییە)) (هەمان سەرچاوە، ل276).

هەروەها نیگەرانى پەیوەستە بە بوونى (مەرگ)یشەوە ((هایدیگەر مەرگ و خەم پێکەوە دەبەستێتەوە…خەمیش بوونى رۆژانەى دازاین پێکدەهێنێت)) (جۆن ماکوارى:2007، ل297). مەرگ هەڕەشەیەکى بەردەوامە لە بوونى دازاین، لەو رۆژەوەى مرۆڤ دێتە بوون، بوونى، بوونە رووەو مردن، مەرگ ئەگەرێکى دانەبڕاوە لە بوونى مرۆیی. دازاین لە ئەزموونى ژیانى دا خەریکى خۆداهێنان و پرۆژەسازییە، بە ئاگاییەوە بەرامبەر بوونى رادەوەستێت و روو لە بوونى خۆى دەکات، بەڵام مەرگ هەمیشە هەڕەشە لە پرۆژەکانى و بوونى دەکات و کۆتایی پێ دەهێنێت، کەواتە دازاین بوونێکى تراژیدیانەى هەیە، کە نیگەرانى دەکات.  لەم رووەوە هایدیگەر بەم جۆرە پەیوەندیی مردن و نیگەرانى روون دەکاتەوە ((مردن ئەگەرێکى بوونە، کە دازاین لە هەموو حاڵەتێک دا روویتێدەکات، لەگەڵ مردن دا دازاین بە هەموو توانایەوە بۆ بوون لەبەردەم خۆیدا رادەوەستێت. ئەمەش ئەگەرى بوونە-لەنێو-جیهاندا)) (هایدیگەر:2013، ل344) هەروەها دەڵێ (( مردن لەسەر زەمینەى نیگەرانى دادەمەزرێت…ئەگەر بوون ڕووەو کۆتایی، ئەگەرێکى بوونگەرانەى سەرجەمى بوونى ژیانى رۆژانە پێکبهێنێت، تێدەگەین کە نیگەرانى دەبێت بە چەمکێکى ئۆنتۆلۆجى بۆ سەرجەمى بونیادى دازاین)) (هەمان سەرچاوە، ل245). مەبەستى هایدیگەر لەوەیە کە مادام مردن بەدواى خۆى دا نیگەرانى درووست دەکات و هەمیشە ئەگەرێکە لەبەردەم دازاین دا، ئەوا نیگەرانى سەراپاى بوونى مرۆڤ دادەپۆشێت، چونکە ئەگەرێکى حەتمییەو هەر روودەدات. بەکورتى نیگەرانى وەستانى مرۆڤە لەبەردەم بوونى دا، رووکردنە بەرەو بوونى، کە بریتییە لە (لەجیهاندابوون و بوون لەگەڵ کەسانى دیکەو خۆداهێنان و پرۆژەدانان و بوونى رووەو مردن).

ڕامیار مەحمود

نیگەرانی وەک بنەمایەکى ئۆنتۆلۆژى لە شیعرەکانى رامیار مەحمود دا

بەلاى هایدیگەر، شیعر هاوشێوەى فەلسەفە بیرکردنەوەى داهێنەرانەیەو لەسەردەمى تەکنەلۆجیادا ئەدەب بەتایبەتیش شیعر، هێزێکە مرۆڤ دەخاتەوە ناو بیرکردنەوەو ناهێڵێت بکەوێتە ناو کلتورى بازاڕى و ناڕەسەن ببێت، هەڵبەت ئەم ئەرکەى شیعر لە هەموو شیعرێک دا دەرناکەوێت، بەڵکو لەو شیعرانەدایە کە شیعرى رەسەنن، شیعرى رەسەنیش ئەو شیعرەیەدا کە لەپاڵ چێژو جوانى دا، هەڵگرى مەعریفەو بیرکردنەوەى داهێنەرانەیەو سەر بە بوونى رەسەنە (بوونى رەسەنیش پێچەوانەى بوونى ساختەیە، بوونى رەسەن ئەو بوونەیە کە خۆى بڕیار لە ژیان و بوونى خۆى دەدات و ناهێڵێت لەلایەن ئەوانیدى بوونى داگیربکرێت) پێچەوانەى شیعرى ناڕەسەن  کە لەدایکبووى کلتورى بازاڕى و بوونى ساختەیە ((شیعر وەکو بیرکردنەوەى فەلسەفییانەى ئۆنتۆلۆجى، راستیی بوون دەردەخات و داوامان لێدەکات ئەو راستییە بناسین)) (د.محەمەد کەمال، گۆڤارى شیعر: 2017، ل34)    واتە شیعر هاوشێوەى فەلسەفە کەشفى حەقیقەتەکانى بوون دەکات و مەعریفە بەرهەم دێنێت بۆیە((بەدیدى هایدیگەر ئەدەب “هێزى رزگارکەر”ە بۆ مرۆڤى ونبووى سەردەمى تەکنەلۆجى)) (د.محەمەد کەمال:2007، ل110). لە شیعریشدا نابێ ڕۆڵى زمان نادیدە بگیرێت، چونکە ((جەوهەرى شیعر لە جەوهەرى زمان پەى پێ دەبرێت)) (هایدیگەر: 2009: 123). جەوهەرى شیعر، یان شیعرییەت پەیوەندیدارە بە زمانەوە، زمان ناوکى شیعرە، بەڵام ئەوە دەکەوێتە سەر شاعیر ئاخۆ زمان بە چ ئاراستەیەک بەکاردەبات، بۆیە هەموومان ئەو رستەیەى هایدیگەر دەڵێینەوەو وەک کڵێشەیەکى لێهاتووە، کە لە نوسراوەکەى دا بەناوى (نامەیەک لەسەر هیومانیزم) دا دەڵێت (زمان ماڵى بوونە). بەڵام بە بۆچوونى من ماناى ئەم رستەیە لێرەدا ناوەستێت، بەڵکو کەوتۆتە سەر دێرى دواترى کە سپاردنى ئەو ماڵەیە بە (مرۆڤ) بۆیە جارێکى تر ئەو رستەیەو رستەى دواتریشى دەنووسینەوە بەڵکو لە بەکڵێشەکردنەکەو جوینەوەکەش رزگاری بکەین: (زمان ماڵى بوونە، لەو ماڵەدا “مرۆڤ” نیشتەجێییە. ئەوانەى بیردەکەنەوە، ئەوانەى لە ڕێى وشەکانیانەوە داهێنان دەکەن، ئەوانە پارێزەر/سەردارى ئەو ماڵەن)) (هایدیگەر: نامە لەسەر هیومانیزم).

 لەم بەشەدا ئێمە لەژێر رۆشنایی ئەم مانایەى شیعرو بە پشتبەستن بەو مانایانەى لە باسەکانى پێشودا سەبارەت بە چەمکى (نیگەرانى) خستمانە ڕوو، شیکردنەوە بۆ شیعرەکانى رامیار دەکەین و باسەکە

دابەشى ئەم تەوەرانە دەکەین:

یەکەم:  نیگەرانى و پەیوەندیی بە بوون لەناو جیهان دا

دووەم: نیگەرانى و بوون لەگەڵ کەسانى دیکەدا

سێیەم: نیگەرانى و مردن.

یەکەم/ نیگەرانى و پەیوەندیی بە بوون لەناو جیهان دا

لە فەلسەفەى بوونگەرایی هایدیگەردا مرۆڤ(دازاین) ئەو هەبووەیە کە جیهان بۆى دەبێت بە کێشە، (کێشەداریی بوون) لایەنێکى ئەرێنییەو پەیوەستە بە بیرکردنەوەو راوەستان لەبەردەم بوون دا بە هۆشیاری و کارو پرۆژەوە. بوون لەناو جیهان دا بۆ دازاین بوونێکە بە هۆشیارییەوە، بە کارو جوڵەوە ئەمەش خەمخۆری و گرنگیپێدان و بیرکردنەوەى گەرەکە ((ئەوەى دازاین لە ئاستیدا دوودڵە بوون لەنێو جیهانە)) (هایدیگەر:2013، ل269) . بوونى مرۆڤ لەناو جیهان دا وەک بوونى (کورسی، مێزو بەرد) نییە، بەڵکو جیهان بۆ مرۆڤ دەبێت بە لانکەى ژیان و شوێنى داهێنانەکانى. بۆیە بە هۆشیارییەوە، بە خەم و نیگەرانییەوە لەناو جیهاندا درێژە بە رەوتى ژیانى دەدات و لە جیهان رادەمێنێت. لە شیعرى  رامیار مەحمود دا، جیهان دەبێت بە کێشەو، خراپیی جیهان شاعیر دەخاتە بەردەم بیرکردنەوە لەم جیهانەدا:

((بەڵێ من سەربوردەى پووچى ئەگێڕمەوە

 بەڵێ من کێشەم لەگەڵ جیهانێکدا هەیە کە لە بەردو ئاسن دروستکراوە

تۆش بەداخەوە لەکاتێکدا ژیان لە دڵتا چڕئەکەیتەوە

دونیا ژوانى لەگەڵ تۆفان دا بەستووە)) (دڵ لەناو سنگى ئەم جیهانەدا لێ نادات:2012، ل78).

جیهان بەو جۆرەى هەیە، شاعیر دەخاتە دۆخێکى کێشەدار، شیعر هاوشێوەى فەلسەفە راستی(حەقیقەت)ى بوون دەردەخات، راستیی ئەم شیعرە، گوزارشتکردنە لە جیهان، جیهانێک کە لە سەردەمى ئێستادا بەرهەمى تەکنەلۆژیاو سەرمایەدارییە، تەکنەلۆژیاو سەرمایەداریش ئەو دوو هێزە داگیرکەرەن کە بۆ مرۆڤى ئێستا بوونەتە دیکتاتۆرو جیهانێکیان درووستکردووە لە (بەردو ئاسن). جیبهانى بەردو ئاسن، لەلایەک ئاماژەیە بۆ دڵڕەقیی مرۆڤى ئێستاو دابڕانى لە بوونى رەسەن، لە لایەکى تر بۆ رەقیی سەردەم و شێوەژیانى مۆدێرن، کە ژیانێکى ئامێریی کەرستەییە، ئەمەش لاى شاعیر دەبێتە کیًَشەو جیهانەکە رەتدەکاتەوە.

لە باسەکانى پێشودا باسمان کرد نیگەرانى حاڵەتێکى سایکۆلۆژى نییە، بەڵکو بنەمایەکى بوونگەراییەو پەیوەستە بە تایبەتمەندیی ئۆنتۆلۆژیی بوونى مرۆیی، هەروەها نیگەرانى رەشبینییش نییە، بەڵکو بەستراوەتەوە بە بوونى مرۆڤ لە جیهاندا، کە بوونە لەگەڵ کەسانى دیکەداو بوونە رووەو مردن، شاعیر بەباشى درکى بەوە کردووە کە کەسانێک هەن رەسەنانە لەناو جیهاندا نین و نیگەرانیی مرۆڤى رەسەن ناس ناکەن و لە واتاى ژیان ناگەن، بۆیە دەڵێت:

((ژیان هەتا ئەگاتە مردن لە سەرئێشەیەکى درێژخایەن زیاتر نییە

کۆمەڵێک خەڵکى نەفام لەم دواییانەدا

من وەک مرۆڤێکى رەشبین ئەبینن

بەڵام من سەرفى نەزەرم هەیە

ئەزانم ئەوان هێشتا لەناو جیهان دا نین

ئەبوایە ئاگادارتان بکەمەوە

ژیان چییە)) (دڵ لەناو سنگى ئەم جیهانەدا لێ نادات:2012، ل13).

شاعیر درکى بە گرنگیی جیهان کردووە، بۆیە ناڕەسەنى و نەزانیی کەسانى دیکەى بەستۆتەوە بە لەناو جیهاندا نەبوون: (ئەزانم ئەوان هێشتا لەناو جیهان دا نین) هەلًبەت دەزانین هەموو مرۆڤێک ئەوانەى خاوەن بوونێکى ساختەشن لەناو جیهان دان و، جیهان پێشمەرجێکى ئۆنتۆلۆژییە، هیچ مرۆڤێک ناتوانێت بەبێ شوێن(جیهان) بوونى هەبێت، بەڵام مەبەستى شاعیر مەبەستێکى شیعریی و مەجازییە، کە (لەناوجیهاندانەبوون)ى ئەوان ئاماژەیە بۆ لەبیرکردنى بوونیان و دابڕان لە بیرکردنەوەو خۆبوون، بۆ مرۆڤى ناڕەسەن جیهان جێى بایەخپێدان و داهێنان نییە، کەواتە ئەمانە لەناو جیهان دا نین، بەڵکو لە جیهانێکى ناجیهان دان کە وەهم و بیرنەکردنەوە حوکمى دەکەن.

رامیار نیگەرانیی خۆى لەئاست جیهان دا دەکات بە رەخنە، رەخنەش خەمى مرۆڤە بۆ باش بوون، رازینەبوونە بە تاریکى و ویستى چاککردنى جیهانە بەشێوەیەکى درووست، ئەمەش بە شیعر دەردەبڕێت، جیهانیش هەرتەنها شوێن نییە، بەڵکو نیشتیمانى ژیانە، بەڵام جیهانى تازە، جیهانێکە مرۆڤ لەناوى دا وێڵ و سەرگەردانە، بۆیە شاعیر رەخنە لە جیهانى تازە دەگرێت و نیگەرانە بەرامبەر بوونى  لەم سەردەمەدا:

((شەڕى من دژى رۆحى ئەم سەردەمەیە

رۆحى ئەم سەردەمە ئەگەرچى پڕشنگدارترین شتە

بەڵام مرۆڤ شەکەت و پەرتەوازە دەکات)) (دڵ لەناو سنگى ئەم جیهانەدا لێ نادات:2012،ل62).

هەروەها لەچەند دێرێکى تریش دا بێزارى بەرامبەر جیهانى تازە دەردەبڕێت و دەڵێ:

بەیانى ئەچین بۆ کار

دوو بەیانیش هەرەوەها

وەرزێکى تر هەروەها

ساڵێکى تر هەروەها

ئەمە سەرەتاو کۆتایی سەردەمى تازەیە)) (دڵ لەناو سنگى ئەم جیهانەدا لێ نادات:2012، ل69).

ئەم شیعرە پێ دەچێ لەژێر کاریگەریی روانینى (ئەلبێر کامۆ) دا نووسرابێت، رامیار بۆخۆى یەکێکە لەو شاعیرانەى بەباشى ئاگادارى فەلسەفەى بوونگەراییە، بۆیە دەکرێ ئەمەى لەژێر ئەم تێڕوانینەى کامۆوە هۆنیبێتەوە کە سەبارەت بە سەرهەڵدانى پووچى و نیگەرانى لاى مرۆڤ دەڵێت: (( هەڵسان لەخەو، پاس، چوار سەعات لە فەرمانگە، یان کارگە، ژەمێک نانخواردن، پاس، چوار سەعاتى کار،  ژەمى ئێوارە، خەو، دووشەممە، سێ شەممە، چوار شەممە، پێنج شەممە، هەینى، شەممە، ئیتر هەمان ئەم ریتمە بەردەوام دەبێت….بێزارى لە کۆتایی هەموو کردەیەکى میکانیکییەوە پەیدادەبێت)) کامۆ:2014، ل38). بەم شێوەیە دەردەکەوێت ئەم فیکرەى شاعیر زۆر نزیکە لە فیکرى (کامۆ) بەڵام رامیار) بە شیعرو (کامۆ) ش لە چوارچێوەى بابەتێکى فەلسەفى، دەرى بڕیوە.

دووەم/ نیگەرانى و بوون لەگەڵ کەسانى دیکە

 لە خاڵى پێشوودا باسى ئەوەمان کرد، کە بوون لەناو جیهان دا یەکێکە لە پێشمەرجەکانى بوونى مرۆڤ، بۆیە مرۆڤ لە ئاست (بوونى لەناو جیهان دا) نیگەران دەبێ، چونکە خەمخۆرە لە ئاست پرۆژەکانى بوونى دا، ئەو پرۆژانە تێکڕاى کارەکانى دازاین دەگرێتەوە، کە لە ئێستاو داهاتوو دا بنیاتیان دەنێت، بەڵام بوونى مرۆیی تەنها پێویستى بە ژینگەیەکى شوێنى(مادى) نییە بۆ بوونى، بەڵکو لەناو ئەو ژینگەیەدا بوونى کەسانى دیکەش پێویستەو بە ئەرێنى و نەرێنى کاردەکەنە سەر دازاین.

بوون لەگەڵ کەسانى دیکەدا پێشمەرجێکى ئۆنتۆلۆژییە بۆ بوونى مرۆڤ، واتە مرۆڤ بەبێ کەسانى دیکە نییەو نابێ و پەیدانابێ، دەکرێ کەسێک بەتەنهایی و گۆشەگیرى بژیت، بەڵام تەنهایی و گۆشەگیرى ئۆنتۆلۆژییانەنین، واتە بنەڕەتیًَک نین هەر لە ئەزەلەوە لەگەڵ بوونى مرۆڤ دا بن، بەڵکو هەڵوێست و کاردانەوەیەکى کۆمەڵایەتیی و کەسییە، ئەگەرنا لە سەرەتادا هەموو تاکێکى گۆشەگیرو تەنها لەناو کەسانى دیکەدا بووەو کەسانى دیکە هێناوییانەتە بوون، واتە بەبێ کەسانێکى تر هیچ مرۆڤێک ناتوانێ پەیداببێ، کەواتە بوونى دازاین لەسەر بوونى ئەوانى دیکە وەستاوە.

مادام بوونى دازاین بوون بێ لەگەڵ کەسانى دیکەدا، ئەم شێوازى بوونە کاریگەریی ئەرێنیى و نەرێنیی دەبێ. بە بارێک دا کەسانى دیکە دەبنە هۆی بەختەوەری و ئاسودەیی دازاین و بەبارێکى دیکەش سەربەستییەکەى داگیر دەکەن و رووبەڕووى دۆخێکى نالەبارى دەکەن ((پەیوەندیی تاکەکان لەناو کۆمەڵ دا دوو فۆرم وەردەگرێت: یەکەم: بڕواکردنە بە بوونى سەربەستیی یەکترو رێزگرتنە لە مافى یەکدى.  دووەم: داگیرکردن و زەوتکردنى مافى یەکدى)) ( د.محەمەد کەمال:2007، ل59).  لەم بارەوە هایدیگەردەنووسێت ((لە بایەخدان بۆ کەسانى دیکە یان دژى ئەوان، جۆرە نیگەرانبوونێکى بەردەوام هەیەو جیاوازیی تاکێک لەگەڵ کەسانى دیکەدا دیارى دەکات. بەگوێرەى جیاوازییەکە تاک دەیەوێ خۆى بەرامبەر ئەوان دابنێت، دوایانبکەوێت یان رەتیان بکات. نیگەرانبوون بۆ ئەم دوورییە هەرچەندە شاراوەبێت لەنێوانیاندا بۆ بوون-لەگەڵ-یەکدیدا پەرێشانبوون درووست دەکات)) (هایدیگەر:2013،ل195) .

بوونى (دازاین) لەژێر هەڕەشەى داگیرکارییەکانى (ئەوان) هەمیشە لە ئەگەرى زەوتکردنى سەربەستییەکەى دایە، بۆیە بەردەوام بە نیگەرانییەوە دەژییت، دەسەڵاتى (ئەوان) لەهەموو شوێنێکە، چەمکى (ئەوان) لاى هایدیگەر زیاد لە هێزو دەسەڵاتێکە، هەموو هێزێک دەگرێتەوە کە بییەوێ پەلهاوێژو داگیرکەر بێ، لە دەسەڵاتى ئایینەوە بۆ دەسەڵاتى حیزب، لە دەسەڵاتى تاکێکەوە بۆ دەسەڵاتى کۆمەڵگا. (بڕوانە:هەمان سەرچاوە، کورتەبەشى 27، ل195).

لە زۆربەى شیعرەکانى رامیاردا، سەداى نیگەرانییەکى بەرز دەبیستین، کە زایەڵەکەى سەراپاى شیعرەکە دەنگڕێژ دەکات، هۆکارەکەى کەسانى دیکەو بوونە لەگەڵ کەسانى دیکەدا، کە کۆمەڵ و بازنەى دەورووبەرە، کاریگەریی کەسانى دیکە، کاریگەرییەکى نەرێنییە، کۆمەڵگا دیلى نەریتە، نەریتیش حەزى لە کۆگەلییەو لە فەردانییەت دەترسێ، بۆیە هەمیشە وەک هێزێکى باڵادەست سێبەرى داگیرکارییەکەى بەسەر سەرى تاکەکانەوەیە، بۆیە دەبینین شاعیر حەقیقەتى ژیان لە بۆتەى خەمگینییەکى چڕ پەخش دەکاتەوە:

خەمگینیی من:

بەرهەمى جەوهەرى تەنیاو کڵۆڵیی مرۆڤەکانە

ئەو مرۆڤانە با هۆشیارنەبنەوە

با لەناو  هەڕەمەکى و گێژى خۆیاندا بژین..

رۆژێک دێت لە رۆژێکى تر خراپتر

ساڵێک دێ لە ساڵێکى تر بەدتر

من لە هەموو ئەو سەردەمانە قسەئەکەم..

بەهۆى قسەکردنەوە ئەتوانم

خۆم لەو بێفەڕییە دوور بگرم

کە مرۆڤایەتیی تیایە…

ئێمە درەتگ تێئەگەین…،

لە ئاوازی ئەو گۆرانییە تاریکانە…

ئێمە درەنگ تێ ئەگەین…

بوونمان لە نەبوونى ئازادی دا بۆگەن ئەبێت…

بەداخەوە هەرگیز پرسیارت نەکردووە تۆ چ کەڵکێک دەبەخشیت…

ئێمە بۆ لەناو یەکسانیدا زەلیلین

بۆ لەناو دادپەروەری دا کۆیلەین

بۆیە من لەناو ئەم خەڵکە رەوشتبەرزەدا

بێ رەوشتێکى ئاسودەم…

خۆم رائەهێنم کەس بە پیربوونم نەزانێت..

کەس پێنەزانێت چ خەمگیینییەک کاسى کردووم…

زۆر بێتاقەتم…

بڕوابکە کۆڵانەو کۆڵان ئەڕۆم

حەزناکەم کەس لاشە هیلاکەکەم ببینیێت..،

کەس خەون و خەیاڵە قورسەکانم تێک بدات)) دڵ لەناو سنگى ئەم جیهانەدا لێ نادات:2012،ل72-73).

گەر سەرنج بدەین شیعرەکە چەندین رەگەزى بوونگەرانەى تێدان، کە گوزارشت لە بوونى دازاین دەکەن لەگەڵ کەسانى دیکەدا: کەسانى دیکە جیهانێکى تاریک و بێفەڕیان خولقاندووە کە شاعیر لەناوى دا خەمگینە، خەمگینییەکە بەرهەمى مرۆڤەکانە، نیگەرانە لە ئازادى و لە تێنەگەیشتنى کەسانى دیکە لە بەهاى ئازادى دا ( ئێمە درەنگ تێ ئەگەین، بوونمان لە نەبوونى ئازادى دا بۆگەن دەبێ) ئازادى جەوهەرى بوونى رەسەنە، بۆیە بێبەشبوون لە ئازادى، نامۆیی و ساختەیی لێدەکەوێتەوە.

 مرۆڤى داگیرکراو ناتوانێ گوزارشت لە بوونى خۆى بکات و ژیانى دابهێنێت، داهێنان کەسێکى ئازادو سەربەستى دەوێ، بۆیەش شاعیر بە گرنگییەوە لە بەهاى ئازادى دەڕوانێت و دەزانێت (بوون بێ ئازادى بۆگەن دەبێ). شاعیر بێ ئومێدە لە خەڵکى، بۆیە (ناهێڵێ کەس پیربوون و لەشە هیلاکەکەى ببینن و خەیاڵەکانى تێک بدن). ئەمەش سنوردانانە بۆ هێزى داگیرکەرى (ئەوان) و مرۆڤى رەسەن ناهێڵێت بوونى داگیربکرێت. سەرچاوەى ئازارەکانى دازاین، کەسانى دیکەن. بەدرێژایی مێژوو هێندەى مرۆڤ هەڕەشەبووە بۆ سەر مرۆڤ، هێزە وێرانکەرەکان و بوونەوەرانى دى هێندە هەڕەشە نەبوونە بۆى، تەنانەت مرۆڤ هەر بۆ هاومرۆڤانى نا، بۆ ئاژەڵ و سروشتیش بۆتە بوونەوەرێکى وێرانکەر کە تەواوى زەویی گرتووەتەوە، هەروەک لە کۆپلەیەکى تردا هاتووە:

ئینسان هێندە بەربەرییە تەحەمول ناکرێ

باران ئەبارێت، باران گریانى خودایە

چونکە زەوى بەتەواوى بۆگەنى ئینسانى لێدێت (دڵ لەناو سنگى ئەم جیهانەدا لێ نادات:2012،ل96)

بەربەرییەتى مرۆڤ، لە وێرانکاریی و خراپەکارییەکانییەتى، ئەگەرچى مرۆڤ هاوخوێن و هاوڕەگەزى مرۆڤەو سەرچاوەى بوونى یەکترین، بەڵام بەدرێژایی مێژوو مرۆڤ چەندە برا بووە بۆ هاومرۆڤانى هێندەش گورگ بووە بۆیان.لەمەدا شیعریش هاوشێوەى فەلسەفە بێبەری نەبووە لە دەرخستنى ئەم حەقیقەتەو شاعیران هونەرمەندانە لە شیعردا بەیانیان کردووە، رامیاریش یەکێکە لەو شاعیرانەى هۆشیارانە درکى بەم راستییە کردووە.

سێیەم/ نیگەرانى و مردن

لە روونکردنەوەى چەمکى نیگەرانی دا مردنمان بە هۆکارێکى بنەڕەتى دانا بۆ نیگەرانى، گەر بۆ هۆسرێل (ئاگامەندى، ئاگامەندى بێت بە شتێک) (د.محەمەد کەمال: 2013، ل51) ئەوا بۆ هایدیگەریش (نیگەرانى، نیگەرانییە لە شتێک) و واتاى نیگەرانی بەو شتەوە بەستراوە کە بۆى نیگەرانین (هایدیگەر: 2013: 192). لە خاڵەکانى پێشودا باسمان لە پەیوەندیی نیگەرانى کرد بە  هەریەکە لە بوون لەنێوجیهان و بوون لەگەڵ کەسانى دیکەدا، جیهان و کەسانى دیکەمان بە پێشمەرجى ئۆنتۆلۆژى دانان بۆ بوونى مرۆڤ، چونکە هیچ مرۆڤێک ناتوانێ بەبێ شوێن و بەبێ کەسانى دیکە پەیداببێ، بوونى مرۆڤ هەمیشە بوونە لەناو جیهان و لەگەڵ کەسانى دیکەدا. بەڵام جگە لەمانە مردنیش یەکێکە لە پێشمەرجە ئۆنتۆلۆژییەکانى بوونى مرۆیی و دەبێتە سەرچاوەى نیگەرانیی.

دازاین لەگەڵ لەدایکبوونى دا مەرگیش لەخۆدا هەڵدەگرێ و هەمیشە رووى لە مەرگە. هەموو مرۆڤێک کە لەدایکبوو، دەبێ رۆژێکیش بمرێ و کۆتایی بە داستانى ژیانێ بێ. مردن هێزێکى بەردەوامى هەڕەشەرەکەرە،کە لەبەردەم دازاین دایە، بوونى مرۆڤ دەکاتە بوونێکى تراژیدیى، چونکە کۆتایی بە پرۆژەکانى دازاین دەهێنێت و کەسانى دیکەى لێدەسەنێت و پەشێوى لە بوونى مرۆڤ دا پەیدا دەکات.

لە شیعرەکانى رامیار مەحمود دا، مردن بە بەربڵاوى ئامادەیی هەیە، تەوزیفکردنیشى لە شیعرەکان دا رەهەندێکى بوونگەراییانەى هەیە، چونکە هاوشێوەى بیرمەندێکى بوونگەرا، شاعیر درکى بە ئامادەیی مەرگ لە ژیان و تراژیدیای بوونى مرۆیی کردووە، هەروەک لەم کۆپلەیەدا دەڵێ:

من لە تۆرنتۆم و ماڵەکەم چەند هەنگاوێک لە دەریاوە دوورە

من و ئەو دەریایە لە یەک شت دا لەیەک ئەچین،

من دڵەڕاوکێم هەمیشە بەخەبەرەو ئەویش شەپۆڵەکانى،

بەڵام لەوێدا جیائەبیەوە(سەربارى ئەرک گرانی دراوسێیەتیش) ئەو هەمیشە ئەژى و من رۆژێک هەمیشە ئەمرم)) دڵ لەناو سنگى ئەم جیهانەدا لێ نادات:2012،ل65)

لەم کۆپلەیەدا شاعیر حەقیقەتێکى وجودى دەردەبڕێت ئەویش حەقیقەتى مەرگە. شاعیر هۆشیارە بە مەرگ، جیاوازیی خۆى و دەریا دەکات لەوەدا دەریا هەمیشە دەژى، هەبوێکى(هەرمانە)و ئەویش دەمرێت و هەبووێکى (فانییە). ئاگایی بە مەرگ دازاین تووشى دڵەڕاوکێ دەکات، بۆیەش شاعیر دەڵێت (دڵەڕاوکێم هەمیشە بەخەبەرە). دازاین  دڵنیایە کە ساتێک هەر دێت دەمرێت، ئەم دڵنیابوونەى لە ئەزموونى ژیانى لەگەڵ کەسانى دیکە وەرگرتووە، رۆژانە مرۆڤ دەبینێت ئەوانی دى دەمرن، لەمەوە دەزانێت کە ئەویش  دەمرێ و کۆتایی پێ دێت، ئەم هۆشیارییە بە مەرگ بەدووى  خۆی دا نیگەرانی و دوودڵى و دڵەڕاوکێ دێنێت، بۆیە لە فەلسەفەکەی دا (هایدیگەر) نیگەرانى و مەرگ بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بەڵام هۆشیاری بە مەرگ بۆ مرۆڤى رەسەن بەرهەمدارەو ئەرێنییە، هەروەک چۆن باسمان کرد نیگەرانیش ئەرێنییەو جیایە لە ترس.

مرۆڤى رەسەن پێیوایە مادام تەمەنى سوردارە، دەبێ تا هەیە، لە کارو پرۆژەدابێ و بە داهێنانەکانى و کارەکانى ناوى خۆى نەمر بکات. بەڵام ئەم هۆشیارییە بە مەرگ بۆ مرۆڤى ناڕەسەن دەبێتە (ترس) بۆیە ((هایدیگەر (ترس) بە بوونى ناڕەسەن و (دوودڵى) بە بوونى رەسەنەوە گرێ دەدات. مرۆڤى ناڕەسەن ترسنۆکە، لەبەرئەمەشە (تەسلیم) بووەو سازش بۆ دەسەڵاتە داگیرکەرەکە دەکات. بەپێچەوانەى ئەمەوە، بوونى رەسەن  چاونەترسە، بەڵام لەئاستى بوون دا بەگشتى (دوودڵە) ئەو دەزانێت خۆى خاوەنى پرۆژەو بەهاکانى بوونییەتى، بۆیە پێش هەڵبژاردنى پرۆژەیەک و بڕیاردان لەسەر دامەزراندنى دوو دڵە. مردنیش جارێکى دیکە ئەم دوو دڵییە لاى دازاین پەیدادەکاتەوە))26 (د.محەمەد کەمال:2007، ل130-131) ئاگایی بە مەرگ شاعیر ناخاتە بەردەم ترس و لەرز، بەڵکو هۆشیارانە لەبەردەم بوونى دا رای دەگرێت و ئازایانە بوونى خۆى دەردەخات:

هەستى ئەوەى رۆژێک لە رۆژان کۆتاییم دێت

وام لێ ئەکات لە ئارەزووەکانم شەرم نەکەم

کێشەى مردن ئەوەیە کە نییە، بەڵکو رووئەدات

کێشەى ژیان ئەوەیە بەشێوەیەک درووست کراوە

تەحەمولى ئەوە ناکات زۆر بخایەنێت

لەگەڵ ئەوەش دا کە ژیان خۆى رۆژانەیە

بەڵام مرۆڤ وا راهاتووە بیخاتە داهاتوو

ئەوانەى رۆحیان چۆڵە تێناگەن من باسى چى ئەکەم

رۆحى چۆڵ ئەوەیە هێشتا جیهان ناناسێت. (دڵ لەناو سنگى ئەم جیهانەدا لێ نادات:2012 ، ل29).

شاعیر بەئاگایە لەوەى رۆژێک دەمرێت و کۆتایی دێت، بۆیە رەسەنانە ئارەزووەکانى دەردەبڕێت و شەرم ناکات، ئەمەش جۆرێکە لە ئازادى و سەربەستى، چونکە بەربەرست و سنورەکانى بەردەم ئارەزووەکانى لاداون، هەمیشە نەریت و هێزە داگیرکەرەکان و سیستەمى باڵادەست ئازادیی مرۆڤ زەوت دەکەن و ئارەزووەکانى سەرکوت دەکەن، بەڵام مەرگ بۆتە هۆى ئەوەى دازاین شەرم لە ئازادییەکانى و ئارەزووەکانى نەکات و سەربەستانە روو لە بوونى خۆى بکات. هەر لەم کۆپلەیەى سەرەوەدا شاعیر گوزارشت لە حەقیقەتى مەرگ  دەکات ئەویش خەسڵەتى مەرگە وەک رووداو: (کێشەى مردن ئەوەیە کە نییە، بەڵکو رووئەدات) ئەمە گوزارشتێکى تەواو بوونگەرانەیە، چونکە هایدیگەرو زۆربەى فەیلەسوفانى بوونگەرا باس لەوە دەکەن کە مردن (ئەگەر)ە، ئەگەریش ئەوەیە کە هێشتا نییەو بەرجەستە نییە، بەڵکو روودەدات، هەروەک هایدیگەر لەم بارەیەوە دەڵێ: (( مردن ئەگەرێکى بوونى دازاینە، کە دازاین لەهەموو حالًَەتێکدا رووى تێدەکات)) 27 (هایدیگەر:2013، ل344). ئەم ئامادەگییەى مەرگ لە شیعرى رامیاردا بەشێوەیەکى فراوان دەبینرێتەوە.

ئەنجام:

1_شیعرو فەلسەفە کەندەڵانێکیان لەبەین نییە تا لێکجیابووبنەوە، بەڵکو دوو جۆگەلەن دەڕژێنە یەک رووبارەوە: رووبارى بوون.

2_ شیعر هاوشێوەى فەلسەفە بیرکردنەوەى داهێنەرانەیەو تەنیا بۆ چێژوو جوانى و ستایش نییە، بەمەش هاوشێوەى فەلسەفە حەقیقەتەکانى بوون  دەردەخات، بەڵام بە کەرەستەو ستایلى شیعرى.

3_شیعرەکانى رامیار مەحمود رەهەندێکى بوونگەرانەیان هەیەو بنەماکانى بوونگەرایی (بوون لەناو-جیهان، بوون لەگەڵ-کەسانى دیکە، نیگەرانى، مەرگ…)بەشێوەیەکى هونەریانە بەبێ لەدەستدانى بەهاى شیعرى تەوزیف کراون.

4_نیگەرانى بنەمایەکى ئۆنتۆلۆژییە لە بوونى مرۆڤ دا، حاڵەتێکى وجودییەو پەیوەستە بە دۆخى مرۆیی کە بوونە لە جیهان دا و لەگەڵ کەسانى دیکە. بەمەش ئەرێنیى و بەرهەمدارە نەک نەرێنى و روخێنەر، چونکە مرۆڤ بەشێوەیەکى هۆشیارانە دەخاتە بەردەم بوونى، بەمەش جیادەبێتە لە ترس کە حاڵەتێکى دەروونییەو جۆرێکە لە نەخۆشى.

5_لە شیعرەکانى رامیار مەحموددا، نیگەرانی پەیوەستە بە بوونى شاعیر لەناو جیهان و لەگەڵ کەسانى دیکەو بوونى رووەو مەرگ، ئەمەش لەگەڵ خۆى دا شاعیرى خستۆتە  دۆخێکى نیگەرانیی وجودیانە، کە رەخنە لە خراپیی جیهان و کەسانى دیکە بگرێ و جیهانى ئاگرو ئاسن و تەکنەلۆژى رەتبکاتەوە.

سەرچاوەکان:

1_Martin Heidegger، on the essence of truth، translated by: john sallis، depaul university Chicago،1961.

2_the Heidegger reader، edited by:gunter figal، translated by: jirome veith، Indiana university press 2009.

3_martin Heidegger، letter on humanism، translated by: frank A. capuzzi.

لە نێت وەرگیراوە، ئەمە لینکەکەیەتى: http://pacificinstitute.org/pdf/Letter_on_%20Humanism.pdf

4_ بوون و کات، مارتن هایدیگەر، وەرگێڕانى: د. محەمەد کەمال، دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، چاپى یەکەم، سلێمانى، 2013.

5_ئۆنتۆلۆجیى بنەڕەتى و بوونى مرۆڤ، د. محەمەد کەمال، دەزگاى سپیرێز، چاپى یەکەم، دهۆک، 2007.

6_هایدیگەرو شۆڕشێکى فەلسەفى، د. محەمەد کەمال، دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، چاپى یەکەم، سلێمانى، 2007.

7_ فەلسەفەى بوونگەرایی،جۆن ماکوارى، وەرگێڕانى: د.محەمەد کەمال، دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، چاپى دووەم، سلێمانى، 2007.

8_هایدیگەرو ئۆنتۆلۆجیی شیعر، د. محەمەد کەمال، گۆڤارى شیعر، ژمارە 1، چاپى یەکەم، 2016.

9_دڵ لەناو سنگى ئەم جیهانەدا لێنادات،رامیار مەحمود، بڵاوکراوەى رێکخراوى کۆنسێپت بۆ پەرەپێدانى کلتورى، سلێمانى، 2012.

10_ئەفسانەى سیزیف، ئەلبێر کامۆ، وەرگێڕانى: ئازاد بەرزنجى، لە بڵاوکراوەکانى ناوەندى غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، 2014.

11_فینۆمینۆلۆجى، د.محەمەد کەمال، لە بڵاوکراوەکانى گۆڤارى کۆچ، بێ نۆبەتى چاپ و ساڵى چاپ.

12_فەلسەفەى هونەر، د. محەمەد کەمال، ، دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، چاپى یەکەم، سلێمانى، 2017.

 

 

بڵاوکردنەوە: