خەونی گەورە بە هەگبەی بەتاڵ نایەتەدی -ڕێکخراوە خۆماڵییەکان بە نموونە

261
0
بڵاوکردنەوە:

“لەسەر هیچ پرۆژەیەکی نائەقڵانی پڕۆژەی ئەقڵانی بونیادنانرێ.“— شۆپنهاوەر

نووسینی: شارۆ شاهۆ

بەمدواییانە بەشداریم کرد لە کۆبوونەوەیەک کە زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی تێیدا بەشداربوون. ئامانج لەم بەشداریەش شیکردنەوەی هەلومەرجی کاری ڕێکخراوەیی بوو لەگەڵ سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومەیەکانی حکومەتی هەرێم لە پارێزگای سلێمانی. یاداشتکردنی ئەم بەشداریە بۆمن جێگای بایەخ بوو بەو پێیەی کە لەمێژبوو پرسی زۆر و زەوەندی ڕێکخراوەکان بۆمن جێگای پرسیاربوو کە بۆچی ناتوانرێ بەم هەموو ڕێکخراوەی کە هەمانە گۆڕانکاری دروستبکرێت لە شێوازی بیرکردنەوەی تاک و کۆمەڵدا؟ بەڵام بەڕاستی ئەو کۆبوونەوەیە بۆمن زۆر سوودبەخش بوو کە ئاشنای دونیابینی ئەو مرۆڤانەبم کە کاری ڕێکخراوەیی دەکەن لەو ناوچەیەی کە تێیدا دەژیم. جۆرێکیش لە ڕاستی هەڵەنجێنم کە بۆ هیچ گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ بەدی ناکرێ لە کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی:

سەرنج و ئەنجامگیری:
١. کاری ڕێکخراوەکان ئەمڕۆ لە جیهاندا گۆڕانکاری زۆر بەسەر میکانیزم و سیستەمی کارگێڕیاندا هاتووە. زیاتر لە فۆڕمی (یەک پرسی – On Issue) کاردەکەن لەسەر بابەتێک. نەوەک بەجارێک پەلاماری دەیان بابەت بدەن کە دەستکاری کردن تێیاندا هێندە ئاسان نیە بە پرۆژەیەکی ١ ساڵی یان ٣ ساڵی ئەنجامگیری و دەستکەوتن چنینەوەی لێ بەدی بهێنرێت. بەڵکو لەسەر بنەمای پرسێکی دیاریکراو، ڕەنگڕێژی ڕوئیای ستراتیژی دەکرێت بۆ مەودایەکی دووری کارکردن. پاشان، بڕیار دەدرێت کە ئایا بە مۆدێلی – (ئاسۆیی Horizontal) یان (ستونی Vertical) دەستنێژی ستراتیژی کارگێڕی ناو ڕێکخراوەکە بکرێت؟ یان پێویستە پاوەجێی میکانیزمی تر بکرێت کە شارەزایانی کارگێڕی دیاری دەکەن بۆ ئەو دامەزراوەیە تاکو بتوانێت بەڕێگایەکدا هەنگاو بنێت کە بتوانێت (Outcome Harvesting – دەرئەنجام چنینەوە) بکات. لەسەر بنەمای ئەو چنینەوەیەش بتوانێت لەناو وێنە پچووک و گەورەکان کار لەسەر ئەو پرسەبکات چ لە ئاستی لۆکاڵی بێت یاخود نێونەتەوەیی. ئەوەی بۆمن جێگای سەرنجە زۆرێک لە ڕێکخراوە خۆماڵیەکان لەسەر کاغەز دونیایەک وشەی جوانیان ڕیزکردوە بەڵام چونکە ئەم ستراتیژەیان نیە تووشی شکست بوون لەوەی کە لە کوێدا دەتوانن کارێک بکەن. وەک چێشتی مجێوریان لێ هاتووە کار لەسەر هەموو پرسێک دەکەن، ڕێکخراو هەیە کە هەر بەڕاستی ناتوانی تێبگەیت دەیەوێت چی بکات؟ کاتێک هەڵسەنگاندن دەکەیت بۆ کار و چالاکیەکانی. هەر بۆ خۆت وون دەبیت کاتێک دەتەوێت بونیادی کارێکی هاوبەشی لەگەڵ بکەیت. سەرباری ئەوە، نموونەی ئەم جۆرە لە ڕێکخراو ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە. زۆرێکیان بوون بە ئامرازێک بەدەست حیزب و کارەکتەری سیاسی و گەندەڵ بۆ براندینگ بۆخۆیان نەوەک بۆ خزمەتی چاکەی گشتی، بونیادی گوتارسازی، هێنانەدی (گۆڕانی ڕەفتاری – Behavior change) و (گۆڕانی هزری – Attitude change) کە ئەمە ئەمڕۆ کڕۆکی کاری ڕێکخراوە سەردەمیەکانە بۆ کارکردن لەگەڵ ئەو چین و توێژانەی کە بۆ پرسێک بە ئامانجیان گرتووە.

٢. ئەوەی تاکەی کە بڕیاری داوە بچێتە ناو خەباتی کۆمەڵی مەدەنی و کاری ڕێکخراوەییەوە. زۆر گرنگە سەرباری خۆماندووکردنی هزری و نوێکردنەوەی زانیاریەکانی. پێویستە خاوەن کارەکتەرێکی خاکەڕا بێت. خۆی زۆر پێ شت و گرنگ نەبێت. بەجل و بەرگی گرانبەها و مەسرەفگەرایی و ئۆتمبێل و شۆفێری تایبەت و پاسەوانەوە دەرنەکەوێت. چونکە بەڕاستی ئەم مۆدێلە باوی نەماوە و شورەییە. ئەمە لە زۆرێک لە بەڕێوبەری ڕێکخراوەکان دەبینی. من پێم وایە هۆکارەکەی ئەوەیە: تۆراوی سیاسی، ئەوانەی خەریکی تەراتێنن لەناو ئەم حیزب و ئەو حیزب. ئیتر بەوە ئیغرایان دەکەن ڕێکخراوێکیان بۆ دائەنێن. وەک کەسێکی گوێ لەمست و ناسک و نازدار و ڕای دەهێنن چی پێ وترا بڵێ بەچاوان. دواتر هەر ئەم کارەکتەرانە گلەیی دەکەن ڕۆڵی ڕێکخراوەکان نادیدە کراوە!

٣. ئەوەی ئەمڕۆ کێشەی زۆرێک لە ڕێکخراوەکانە پرسی وەرگرتنی فەند و دۆزینەوەی بەخشەری دارایی یە. ئەم بابەتە پرسێکە کەسانی قاڵبووەوەی دەوێت لەم بوارەدا. هەر وەک چۆن پڕۆپۆزەڵی توێژینەوەی ئەکادیمی دەنووسرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت لەلایەن پرۆفیسۆرە ئەکادیمیەکان. ئاواش پڕۆپۆزەڵێک شەن و کەو دەکرێت، کاتێک ڕێکخراوێک پێشکەشی (بەخشەرێکی دارایی – Donor) دەکات. چونکە دواجار کاری ڕێکخراو لەلای بەخشەرە داراییەکان، سەرباری پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان، بۆیان گرنگە کە ئەو ڕێکخراوە دەتوانێت لە کوێدا دەستکاری پنتەکانی کۆمەڵگا بکات کە یەکانگیر بێت لەگەڵ ئەو بەهایانەی کە خۆی باوەڕی پێیەتی. نەوەک چی وترا ئەوە بکرێت وەک پرۆکسیەک کوێرانە کار بکات. بێگومان ئەم پرسە بۆ ڕێکخراوە مرۆییەکان جیاوازە چونکە ئەوان زیاتر کار لەگەڵ ئەو پرسانە دەکەن کە دۆخێکی ئاوارتەییان هەیە، پێودەنگیەکانی دۆنەرەکانیش بۆ ئەو هەلومەرجانە تاڕادەیەک کۆنکرێتین. هەروەها، کێشەیەکی تریش بوونی هەیە، ئەوەیە زۆرێک لە ڕێکخراوە لۆکاڵیەکانی ئێمە ناتوانن لۆبی و داکۆکی بۆ ئەو پرسانە بکەن کە کاری لەسەر دەکەن لەلای بەخشەرە داراییەکان. کەمەرکێشیان بکەن بۆ هاوئاوازبوون و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش تاکو چارەسەری ئەو گرفتەبکەن کە لە پڕۆپۆزەڵەکانیان ئاماژەیان پێی داوە. بەڵکو زیاتر ڕێکخراوە خۆماڵیەکان خۆیان لە بەرگی دەرۆزەکەرێک نیشان داوە کە دەبێ کۆمەک بکرێ. بێ ئاگا لەوەی کۆمەکی هیچ پرسێک ناکرێ کە هاوئاوازنەبێ لەگەڵ کۆمەڵێک بەها کە بەخشەرە داراییەکان باوەڕیان پێی هەیە. دواجار ناکرێ تۆ داعش بیت و داوای فەند بکەیت بۆ بەهێزکردنی سیستەمی دیموکراسی و مافی ژنان. یان حیزبی بیت و ئایدۆلۆژیاکەت چەپ بێت داوا لە کۆمپانیای لیبڕاڵ و کاپیتالیست بکەیت فەندت بکات. پرۆسەی نووسینی پڕۆپۆزەڵ پرسێکی تەواو زهنیە و لێکۆڵینەوە و قاڵبوونەوەی، گەڵاڵەکردنی داتای زۆری دەوێت چ لەناو وێنە پچووکەکان بێت یاخود وێنە گەورەکان بۆ بەکارهێنانی بەرژەوەندیە جیهانیەکان لە پێناو ئەو دۆزەی کە خۆت باوەڕت پێی هەیە وەک ڕێکخراوێکی کۆمەڵی مەدەنی.
٤. یەک شت هەیە زۆر گرنگە ئەوەیە کە ڕێکخراوەکان دووربکەونەوە لە پۆپۆلیزم و سیما هەرە دیارەکانی پۆپۆلیزم کە سادەکردنەوەی چارەسەری کێشە گەورەکانە کە پێویستیان بە گۆڕانکاری ڕیشەیی هەیە. ئەوەی بەدیم کردوە ئەمڕۆ زۆرێک لە ڕێکخراوەکان خەون و بەڵێنەکانیان هێندە قەبە و بریقەدارە کە هەر ئەقڵ توانستی قبوڵکردنی نیە. ڕێکخراو هەیە پێی وایە بە کردنەوەی خولێکی سەرکردایەتی دەتوانێت سەرکردەی دروستبکات. یان بە کردنەوەی خولێکی نووسینی پڕۆپۆزەڵ دەتوانێت کەڵەکەی فەند و کۆمەکی دارایی بکات بۆ کۆمەڵە گەنجێک کە خەونەکانیان لەم وڵاتە نیە یان وەک دۆنکیشۆتێک خۆیان دەبینن. ئەوەی جێگای مەترسیە ئەمڕۆ زۆرێک لە ڕێکخراوەکان بوون بە سێبەری پڕۆژەی کارەکتەری سیاسی پۆپۆلیست، پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی و مۆبیلایزی خێڵەکیەکان کە بنکۆڵی شوناسی کلتووری و نەتەوەییان کردوە. لەژێر دروشمی جۆراوجۆری پۆپۆلیستیدا بەدەیان کەسی مشەخۆر کۆبوونەتەوە بۆ دەستکەوتی مادی و مەعنەوی کە کارەکانیان لە فۆڕمێکی (بێ کاری شاراوەدا – disguised unemployment) خۆیان دەنوێنن.هەروەتر، لە هەموو مەترسیدارتر ئەوەیە کۆمەڵێک دەرچووی زانکۆکانی کەرتی تایبەت، یان کۆمەڵێک مرۆڤی ڕۆبۆرتیک بوونیان هەیە کە وەک ئیشێکی پڕ لە قازانج و مووچەی بەرز کاری ڕێکخراوەیی دەبینن، لە بنەڕەتدا باوەڕیان بەو کارە نیە کە دەیکەن، ئەمەش دووبارە ئاریشەیەکی تر دەخوڵقێنێت کە دەرئەنجامێکی هیچگەراییانەی بەرهەم هێناوە.
لە کۆتاییدا، گرنگە کاری ڕێکخراوەی کۆمەڵی مەدەنی ببێت بە کاری گروپێکی (دەستەبژێر – Elite) کە چەکدار بن بە دواین گۆڕانکاریە جیهانی و ئەکادیمیەکانی بواری کاری ڕێکخراوەی کۆمەڵی مەدەنی. ستراتیژیانە دووبارە ڕەنگڕێژی پڕەنسیپی نوێ بکەن لەم کاروانەدا. ئەو ڕێکخراوانەشی کە توانای سەرڕێ خستنی ئەو ئەرکەیان نیە کە خستوویانەتە سەر شانیان، سەر لەنوێ پرسیار لە خۆیان بکەنەوە کە چۆن دەتوانن ڕوانگەی کارکردنیان ڕەنگڕێژبکەنەوە. دووربەکەونەوە لە چەوت بەکارهێنانی ئەم بوارە لە ئاراستەکردنی کۆمەڵی کوردیدا. چونکە دواجار گرنگە چی دەکرێت، کە ئاگای لەگەڵ بێت. نەوەکو بەکاڵ و کرچی شتانێک بکرێت کە کۆمیدیای ڕەشی لێ هەڵبهڵێنجرێت.

بڵاوکردنەوە: