تێکشکانی پاڵەوان لە ”سکوید گەیم”

293
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: بەیان سەلمان

پێشتر چەند ڕەهەندێکیم لە وەرزی یەکەمی زنجیرەی کۆریای باشوور ”سکوید گەیم” شیکردەوە. بە گرنگی دەزانم بچنەوە سەر ئەو خوێندنەوەیەی پێشووم تاکو باشتر بچنەناو ئەم بەشە نوێیە. لە وەرزی دووەمەدا کە لە ماوەی جەژنەکانی کرسمس، واتە کۆتایی 2024 پەخشکرا، لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێردا هەموو پلەی زنجیرەکانی تری سەر نێتفلیکسی شکاند.

جۆری کەسایەتییەکان لە نێوان بەشداربوواندا: ژنی پیر، ژنی دووگیان، هونەرمەندێک کە هەموو شتێکی دۆڕاندووە و دەرمانخۆرە، دەوڵەمەندی ئیفلاسکردوو، ژنی منداڵدار، ئەوانەی کەسێکی نەخۆش یان پیریان لە دوای خۆیان بەجێهێشتووە… هەمووشیان قەرزارن و لە تەنگانەدان و لە پارواێزدا بوون. یەکێکی سیخوڕ و ژمارە (456) کە بۆ دووەم جار دوای بردنەوەی لە گەمەکانی وەرزی یەکەم دیسان دەگەرێتەوە بۆ نێو یاریکەرەکانی وەرزی دووەم، بەڵام بە ئامانجێکی نوێوە.
خاڵێکی تر ئەوەیە کە لەم وەرزەیاندا بەر پاسەوانەکان دەکەوین. لە نێوانیاندا ژنێکە لە کۆریای باکوور هەڵهاتووە. هاوسەرەکەی و منداڵەکەی لەدسەتداوە. بۆ بژێوی ڕۆڵی کەروێشێک دەبینێت بۆ منداڵانی سەیرانگە، وێڕای دۆخی پێشووی، بۆمان دەرەکەوێت کە لە ڕابردوودا پاسەوان بوو و دیسان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ببێتەوە بە پاسەوان. پلەی پاسەوان لەم گەمانە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ یاریکەراندا نییە. هەردوولا وەک یەک ڕۆڵێکیان پێ سپێردراوە و دەبێ تا کۆتایی بیبینن و ناتوانن لێی هەڵبێن. بێجگە لەوەی هیچ هەڵەیەکیان لێ قبوڵ ناکرێت و بە توندیی، یان بە کوشتن، سزا دەدرێن.

زنجیرەکە دوو گرەو لە ناوەڕۆکی ئەو حەوت زنجیرەیە دەخاتە ڕوو، کە دوو ئەلقەیان لەوی پێشووتر کەم کردووەتەوە، وەرزی یەکەم نۆ ئەڵقە بوو. لەم بەشدا گرەوی خواست و ڕێککەوتن و گرەوی هەڵوێست و کۆتاییهێنان بە ”پاڵەوان” گەمەیەکە لەناو خودی گەمە سەرەکییەکە. ئەم دوو لایەنەش وەک هاودژێک بەرابەر بە بەیەک لێکدراوەتەوە. پرسیاری سەرەکی لەم جارەیان، لەوانەیە بە پەنهانی لە وەرزی یەکەمیشدا ئاڕاستەی بەشداربووان کرابێت؛ بابەتی ڕازیبوونی کەسەکانە بە بەشداریکردن لەو گەمانە.

ئایا ڕازیبوون و ڕێککەوتن لە ئارادایە لە نێوان دوولا، یەکێکیان لە ڕادەبەدەر بەهێزە و ئەویتر لە ڕادەبەدەر بێچارە و لاوازە؟ بێگومان ئەم لاوازییە دۆخی تایبەتی کەسەکان و دۆخی گشتیی وڵاتەکە و تێپەڕبوون بە ناو ئاگری قەیرانی دارایی دروست بووە. ئەوە وایکردووە مرۆڤەکان مل بە هەموو جۆرە ڕێگاچارەیەک بنێن بۆ دەرچوون، تەنانەت بە ملشکاندنی ئەوانەی نزیکترین کەسی خۆیانن. وەلێ ئەوە دەرچوونە یان ملکەچبوونە؟

بەشداربووان بە هۆی نەبوونییان لاوزبوون و ئامادەن ببنە لایەکی ئەو گەمەیە بەبێ ئەوەی بزانن چی چاوەڕوانیان دەکات! لێرەشدا تاقە کەس، یاریکەری ژمارە (456)، بە حوکمی پێشینەی و بردنەوەی، دەزانێت کە ئەم گەمانە کوشندەن و بنەمایان تا کۆتایی لەسەر کەمکردنەوەی یاریکەران دامەزراوە هەتا دەگاتە تاقە کەسێک و بردنەوەی ئەویش بە مەرجی پشتکردنە لە مرۆڤایەتی. ئەم تاقە کەسە هەوڵی زۆر دەدات کە هۆشداریی بە بەشداربووان بدات تا پاشەکشێ بکەن. بڕی پارەکە زۆرە و کەس هان نادات بکشێتەوە تا دەستپێکی گەمەی یەکەم. لێرەدا کوژرانی ژمارەیەک و کوژانەوەی ژمارەکانیان وەک گڵۆپێک ترس دەخاتە دڵی ئەوانیتر. دووبارە ژمارە (456) هانیان دەدات داوای دەنگدان بکەن بۆ ئەوەی لەوێ دەرچن و رزگاریان بێت. بەڵام وێڕای کوشتنی ژمارەیەکیان زۆرینەی دەنگدانەکان لە قازانجی مانەوەیە و بەردەوامبوونە لەسەر گەمەکان. لە ئاکامدا، دەکرێن بە دوو گروپ، ئەوانەی ڕازین بمێننەوە بازنەیەک لەسەر پارچەیەک بە ڕەنگێکی شین بەسەر سینگیانەوە دەنووسێنن و ئەوانەی ڕازی نین نیشانەیەکی x بە ڕەنگی سوور بە سینگیانەوە دەنووسێنن. بێگومان خودی گەمەکە لێرەدا ئەوەیە، وێڕای ئەو دەنگدانە، کە بە ڕووکەش ئازادانەیە، گەمەکان بەردەوام دەبن و پاڵەوانەکە دەکرێ بە نەیاری ئەوانەی دەیانەوێ بمێننەوە.

لەم وەرزەیان بە پلەی یەکەم خودی گەمەکان کە لە بەشێکیاندا گۆڕانکارییان تێدا کردوون جێی تێڕامانە. وەک ئەوەی داهێنان لە خودی گەمەکان خاڵێکی تری گرەو بێت کە ئەوانەی لە پشتەوەی شاشەیەکی گەورەوەن ڕاستەوخۆ تەماشای دەکەن. چونکە ڕازی نابن گەمەکان دووبارە ببنەوە و ببێتە مایەی بێزاری و وەرسبوونییان.
خاڵی دووەم خودی کەسایەتی سەرەکییە، یاریکەر (456) کە لە وەرزی یەکەمی گەمەکاندا، ئەو لە کۆتاییدا دەیباتەوە و مەرجی ئەوەی بۆ دادەنێن وڵات بەجێهێڵێت و نەگەڕێتەوە بۆ سیۆل پایتەختی کۆریای باشوور. بەڵام وێڕای هەڕەشە پێشێلی لەو بڕیارەیان دەکات و دەگەرێتەوە. بە هاتنەوەی لە دەرەوەی وڵات، سەرەتا ئامێرێکی بیسەری سیخۆڕی لەلا گوێچکەی دەدۆزێتەوە کە بەوە هەر هەنگاو و جووڵەیەکیان تاقیب کردووە.

هێشتا لە ناوەڕاستی وەرزی یەکەمی گەمەکانداین کە وەرچەرخانێک لە کەسایەتیدا تێبینی دەکەین. ویستێکی وجوودییانەی بەسەردا زاڵە بۆ کۆتاییهێنان بەو گەمانە. هەرچی کات و وزەیەتی دەیخاتەگەڕ بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجە. ئەو سەروەتەی بە خوێنڕشتن و کۆتاییهێنان بە یاریکەرەکانی تر دەستی کەوت، دەیداتە چەک و لۆجیستیک. ئەوجا کەسانێک دەخاتەکار، چەک و پارەیان دەداتێ و مەشقیان پێ دەکات، بە هاوکاریی پۆلیسێک، کە هاوتەریب بە چیرۆکی گەمەکان، بە دوای برایەکی ونبووی دەگەڕێت. هەر ئەم خاڵە لە خودی خۆیدا جێی مشتومرە کە کەسی ونبوو لە هەموو ئەوانیتر ئامادەترە بەبێ ئەوەی پۆلیسەکە ئاگادار بێت.
لێرەوە بۆ ڕیشەدەرهێنانی ئەو گەمانە، ناچارە دیسان ببێتەوە بە یاریکەر. هەر بە خودی بەشداربوونەوەی ئەو، گەمەکان ئاڵۆزتر دەبن. چونکە دەبێتەوە بە هەمان ژمارەی هەڵگرتووە، یاریکەر (456). بێگومان کەس بە ناوی خۆیەوە بانگ ناکرێت. هەر نووسینی ژمارەکان بە پیتی لاتینی دەمانخانە بەر گەمەی سەرمایەداران، کە بە زمانی ئینگلیزی دەدوێن و لە بەشی یەکەمدا لەسەر ئەو خاڵە وردتر وەستاوم.

لە دوای دەرچوونی وەرزی یەکەم کەس پێشبینی بەشێکی دووەم و سێهەمی نەدەکرد! بەڵام دووبارەی داهێنانەوەی گەمە لە وەرزی دوو، بێگومان لەسەر خواستی جەماوەرە، کە بۆ جاری دووەم چەندین ملیۆنی لەسەر نێتفلیکس تێپەڕاند و هەموو زنجیرەکانی تری خستە پلەی دوای خۆی.
”جەماوەری ڕاستی” و ”جەماوەری ڤیرتوەل” کێن کە لێرەدا تێکەڵ بوون و یەکیان گرتووەتەوە؟
جەماوەری راستی ئێمەین، کە تەنانەت دەرکەوتنی وەرزی دووەم لە کاتی جەژنەکانی کرسمس و هاتنی ساڵی نوێ، وەک ئەوەیە، بەشدارمان بکەن لەو گەمانە، دیارییەکە لەناو هەموو دیارییەکانی تردا پێشکەشمان دەکرێت! هەرچی جەماوەری ڤیرتوەلە، واتە ئەو زلهێزانەی لەناو زنجیرەکە لەودیو شاشەیەکەوە تەماشای گەمەکان دەکەن، تێکەڵ بە گەمەی تەماشاکەران دەبێت کە ئێمەین. بەتایبەتی لە وەرزی ئەم جارەدا، ئەوانەی لەودیو شاشەکەوەن دەرناکەون، وەک بیانەوێ بەم یارییە ڕەمزییە هێز بخەنە سەر نائامادەییان، کە لە خودی ئەو ماسکانەی بە نێوەندیانەوە گەمەکان هەڵەسوڕێنن، لە وەرزی یەکەم، کاریگەرترە. ئێمە دەبین بە بەشێک لە جیهانی ئەوان، بە پێی ئەوەی هەموو ڕۆژانەمان بە داتا و کامێرا کۆنتڕۆڵ کراوە و جیهان بە شەڕ و قەیرانی دارای زۆر گەورە تەندراوە.

بۆ گەشەکردنی ڕووداوەکانی ئەو گەمە کوشندانە، یاریکەری ژمارە یەک (001) دەبێتە کاریگەرێکی وەرچەرخێنەر لە ئاڕاستەکردنی گۆڕینی جۆری گەمەکان، کاتێک یاریکەر (456) کە بە هۆی بەشداریکردنی پێشووی، دەزانێت گەمەکان چین و بۆ ئەوانیتر ئاشکرای دەکات تاکو ئاگایان لە خۆیان بێت و هەڵە نەکەن لە هەڵبژاردن. بەڵام کێشەکە ئاڵۆزتر دەبێت لەوەی چاوەڕوانی دەکات، چونکە ڕەوتی گەمەکان بەو شێوەیە ناسوڕێن، پتر گەمەکان لە دژی ئەو و ئەوانیتر دەبێتە گەمەیەکی تری کوشندەتر و خێراتر لەوەی بۆیانیان داڕشتبوو. بەوەش داهێنانەوەی گەمەیەک دەکەن لەناو گەمە سەرەکییەکە، بەڵام کەسیان، تەنانەت یاریکەر (456) بە ئاگا نییە لەوەی کوشتنی یاریکەران و خودی پاسەوانەکانیش بۆ ئەوانەی تەماشایان دەکەن، جێی برسیار نیە و خۆشترین گەمەیە. بگرە زۆر داهێنەرانەترە، چونکە (ارتجاليە) ئامادەباشیی بۆ نەکراوە و پلەی چێژوەرگرتنیان زیاد دەکات!

دواجار لەم سەردەمە و لەسەر دەستی زلهێزەکان لەناو بازنە داخراوەکان بە ڕەنگی جیهانی منداڵ و پەلکەزێڕینە، لەسەر ریتمی ئاوازێکی سەرسامکەر کە بە چرکەی کاتژمێر دەکات؛ پاڵەوان دەکرێتە دژەپاڵەوان و تێکدەشکێندرێت. بۆ کۆتاییهێنان بەو قەسابخانەیە، بە دڵنییایەوە بە شێوەیەکی کاتیی، چونکە پێویستیان بە بەردەوامبوونی گەمەکانە، پێویستە پاڵەوانەکە، یاریکەر (456)، بە رەمزیی بکوژن. لەلایەکەوە، بۆ ئەوەی دیسان بێینەوە سەر ڕەوتی گەمەکان و بەردەوام بن، چونکە بە هۆی ئەو گەمە ”ڕاستییە” تێئاخنراوە بچڕا؛ لەلایەکیتر، بۆ ئەوەی وێنەی پاڵەوانەکە لەلای خودی خۆی بسڕنەوە تا چیتر نوێرێت دووبارە هەڵسێتەوە. پوختەی دوا زەنجیرەی ئەم وەرزە، بەم ڕستەیە کۆتایی پێ دێت کە ماسک هەڵگرەکە بە دەنگێکی ڕۆبۆت دەڵێت: ”یاریکەری ژمارە (456)، خۆشیی زۆرت بینی لە ڕۆڵی پاڵەوان؟ دەبزانە ئاکامی بینینی ڕۆڵێکی بچووکی قارەمانێتی چییە!”

 

– Squid Game:
– Lee Jung-jae (یاریکەر456)
– Lee Byung hun (یاریکەر01)
– Wi Ha- Jun(پۆلیسەکە)
-Hwang Dong-hyuk (داهێنان و دەرهێنان)2021; 2025.

بڵاوکردنەوە: