“ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین”:
نووسینی: سەروەر پێنجوێنی
نووسەرە ئیسلامیەکان بە هۆی نیوە دێڕی “دینمانە ئایینمانە نیشتمان”ـەوە بیانوو لە هەموو وشە و دەستەواژەکانی هۆنراوەکەی مامۆستا (دڵدار) دەگرن، بۆیە بیانوو لەو نیوە دێڕەش دەگرن کە دەڵێت “ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین”، بیانووی بێبنەما و بێتام.
و جاری وا هەیە هەندێکیان بۆ شاردنەوەی پاڵنەرە ئایینیەکەی و ڕێبازە تەکفیریەکەی خۆی؛ وا خۆی نیشان دەدات کە خەمی مێژووی کوردیەتی و تەنها ڕەخنەی مێژوویی لە هۆنراوەکە هەیە، و کێشە ئایینیەکەی لەگەڵ نیوە دێڕی “دینمانە ئایینمانە نیشتمان” دەشارێتەوە.
نووسەریش هەبووە نووسەری ئیسلامی نیە بە واتای وشە [مەبەستم (سامڕەند) کە باسی دێت]، بەڵام بە هۆی باکگراوندی ئایینیەوە دیسان هەستیاریی بە کۆی هۆنراوە و سروودەکە هەبووە و ڕەخنەی لەم نیوە دێڕەش گرتووە.
لێرەدا چاوێک دەخشێنین بەم بڕ و بیانووانەی هەندێک لەمانەدا:
یەکەم:
گرووپە فیکر سەلەفی-جیهادیەکەی گۆڤاری (ڕێگا)، (ماکوان کەریم) و (سۆران عومەر) و ئەوانی تر، لە وتارۆچکەکەیاندا بە ناونیشانی “ئەی ڕەقیب هیچ پەیوەندیی بە کوردەوە نیە” (ژمارە ١ی گۆڤارەکە، ٢٠٠٨)، دەڵێن:
ـ ئەمەی کە کورد کراوە بە “ڕۆڵەی میدیا و کەیخوسرەو” هەڵەیەکی گەورەیە لە هۆنراوەکەدا کە کوردی کردووە بە نەوەی دوژمنەکانیان! گوایە مێژوو و شارستانێتیی کورد لەسەر دەستی ئەم کەسێتیە ڕووخاوە کە بە “کەیخوسرەو” ناوبراوە! ئەوەش دوای ئەوەی لە هەندێک سەرچاوەی تەقلیدی دەگوێزنەوە کە مەبەست لە کەسێتیی “کەی-خوسرەو” لە مێژووی تەقلیدی و داستانیی ئێراندا هەمان (کووروش)ـە، کە دەوڵەتی مادی ڕووخاندووە.
وەڵامی من: ڕاستە ئەو دابونەریتە ئێرانیە هەیە کە لە کەسێتیی (کووروش)ی هەخامەنیشیدا بنچینەی مێژوویی کەسێتیی ئەفسانەیی (کەیخوسرەو) دەبینێتەوە (بەگشتی هەوڵێکە لە چوارچێوەی هەوڵداندا بۆ دۆزینەوەی بنچینەی مێژوویی بۆ زنجیرە پاشایانی پێشدادی و ـ بەتایبەتی ـ کەیانی لە مێژووی ئەفسانەئاسای ئێرانیدا، لەناو زنجیرە پاشایانی مادی و هەخامەنیشی و ئەشکانی و ساسانی). جگە لە کووروش؛ هەندێک پاشای هەخامەنیشیی تریش وەکوو بنچینەی ڕێتێچووی تر بۆ کەسێتیی (کەیخوسرەو) پێشنیار کراون، و هەموویشی پشتدەبەستێت بە بەراوردێکی گشتی و گومان، و هەموویشی ئەوە فەرامۆش دەکەن کە کەسێتیی (کەیخوسرەو) ئەگەر بێتە سەر لایەنی واقیعی مێژوویی؛ کەسێتییەکی کولتووریە نەک مێژوویی:
لە ڕاستیدا “کەڤی هەۆسرەڤە-“ی دەقی ئەوێستایە (دەقاودەق ‘شایەر/خەوندیدەی ناوبانگباش’) کە لە کۆتاییدا ناوەکەی دەبێتە “کەیخوسرەو”، و ئەمە کەسێتییەکی کولتووری و ئەفسانەییە، و ئەم جۆرە کەسێتیانە باکگراوندێکی گشتیی سروشتی یان کۆمەڵایەتیی کۆنیان لە پشتەوە هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ کولتووری ئێرانی (و هیندی-ئێرانی)ی هەرەکۆن، و کەسێتیی مێژوویی نین.
بۆیە بنچینەی کەسێتیەکە ئەو باکگراوندە گشتیە سروشتی و کۆمەڵایەتیە کۆنەیە، نەک کەسێتییەکی مێژوویی دیاریکراو.
بەدوور لە دابونەریتە ئێرانی و فارسیە باوەکەش؛ لە هەمان کاتدا کوردیش لە پاشایەکی هەرەبەهێزی ماددا بنچینەی بۆ کەسێتیی (کەیخوسرەو) بینیوەتەوە:
ئەو پاشا مێژووییەی ماد، کە بە زمانی مادی ناوی “*هو-ڤەخشەرە-” یان “*هو-وەخشەرە-” یان ـ بەپێی بیناکردنەوەیەکی تر ـ “*هو-ڤەخشترە-” بووە. جا دوایی ئەم ناوە، جگە لەوەی لە ئەککەدیدا بە “ئومەکیشتەر” و شێوەی تر گوازراوەتەوە؛ لە گریکیی کۆندا بە شێوەی “کیەکسەرێس” Κυαξάρης گوازراوەتەوە، تا لە لاتینیدا دەبێتە Cyaxares کە ئەمە لە لاتینیی کلاسیکیدا هێشتا بە “کیەکسەرێس” خوێنراوەتەوە، بەڵام ئەم شێوە نووسراوە ئەورۆپاییە -Cyaxar لە زمانی خۆرهەڵاتیی وەکوو فارسیدا بە گواستنەوەی پیت-بە-پیتی نیمچەهەڵە بە “کیاخسار” دانراوەتەوە. دوایی ئەم ناوە “کیاخسار” بە شێوەیەکی تری “کەیخوسرەو” زانراوە، بە هۆی لێکچوونی ڕواڵەتییانەوە. بەم شێوەیە ئەم دابونەریتە پەیدا بووە کە کەیخوسرەو بە هەمان پاشای مادی “هو-ڤەخشەرە” یان ” کیەکسەرێس” یان “کیاکسار” یان “کیاخسار” دەزانێت. بۆیە لە ڕۆشنبیریی کوردیی هاوچەرخدا چەسپاوە کە کەسێتیی (کەیخوسرەو) بە هەمان پاشای ماد دەزانرێت کە بە (کیەخسار) ناودەبرێت، وەکوو لە هۆنراوەکەی مامۆستا (دڵدار)یشدا دەرکەوتووە.
بۆیە کاتێک مامۆستا (دڵدار) بەدوای باسی “میدیا”دا ناوی “کەیخوسرەو” دەهێنێت؛ ئەمە مەبەست “کەیخوسرەو”ی “شاهنامە” نیە، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ دیارترین و بەهێزترین پاشای ماد.
ـ لەسەر باسی “میدیا” و دەوڵەتی ماد؛ هەوڵ دەدەن تەمومژ و کێشە لە دەوری ئەمیش سازبکەن، و دەڵێن:
ـ کورد زۆر لە دەوڵەتی ماد کۆنترە، بەڵکوو مادیەکان بەشێکن لە کورد، کوردەکانی تر، وەکوو کوردەکانی ناوچەی زاگرۆس(!)، دەسەڵات و فەرمانڕەوایی خۆیان هەبووە.
سەرنجی من: ڕاستە پێشینان و باووباپیرانی کورد لە زاگرۆس و ناوچەی تر لە خێڵەکانی ماد کۆنترن، بەڵام ڕۆڵی ماد لە دامەزراندنی ناسنامەی زمانی و کولتووری و فراوانکردنی پانتایی و هەژموونیی زمانی و کولتووری و سیاسی بۆ کورد لە هەموو ئەو گرووپە کۆنانە زیاترە. بۆیە شایەنی ئەوەیە لە ناوهێنانێکی شیعریی خێرای ئاوادا تیشکی زیاتر بخرێتە سەر “میدیا” وەکوو ڕەگوڕیشە و بنچینەی مێژوویی. وەکوو دواتر زیاتر لەسەری دەڕۆین.
جگە لەوەش؛ خێڵەکانی ماد جێگرەوەی خێڵە کۆنترەکانی هەمان ناوچەی زاگرۆسن. دیارە نووسەرەکانی (ڕێگا) نەیانزانیوە کە ناوچەی ماد قووڵایی زاگرۆسە! وا دیارە وا دەزانن ماد لە دەرەوەی زاگرۆسە!
ـ ئینجا دەڵێن: زۆر جار مادیەکان هێرشیان بردووەتە سەر کوردەکانی ناوچەی زاگرۆس!
سەرنجی من: دەشێت لە سەرەتاوە هەموو ئەو خێڵ و گرووپە مرۆییانە لە سەرەتاوە ململانێ و کێشمەکێشیان بووبێت، بەڵام کاتێک ماد وەکوو دەوڵەتێک و ئیمپراتۆرێتییەک دەردەکەوێت؛ گرووپە مرۆییەکانی تری زاگرۆس لەم ناسنامە و چوارچێوەدا تواونەتەوە. ئیتر “کوردەکانی ناوچەی زاگرۆس”(!) کێن تا بۆ دەسەڵاتی ماد ببنە کێشە و هێرشیان بکاتە سەر؟!
ـ هەروەها دەڵێن: فارس و عەرەب و تورک (و ئازەری و ئوزبەکی) و تاجیکی و قەوقازی و پەشتۆنی فەرمانڕەوای مادیان کردووە و تەنها کورد فەرمانڕەوایی مادی نەکردووە! بۆیە دەڵێن دەبێت کورد خۆی ساخ بکاتەوە دەچێتەوە سەر کامیان؟!
وەڵامی من: دەی ئاسانە: داگیرکەر هەر داگیرکەرە، و خاوەن ماڵیش هەر خاوەن ماڵە! کورد خۆی ناباتەوە سەر داگیرکەر.
ـ هەروەها دەڵێن: فارسیش فەرمانڕەوایی مادیان کردووە و خۆیان بە خاوەنی ماد دەزانن، بۆیە باشتر وا بوو کە جێی ناوی “میدیا” هەر ناوی “کورد” بەکاربهاتایە!
وەڵامی من: ڕاستە هەخامەنیشیەکان (و پاشان ساسانیەکان و پاشان دەوڵەتە فارسیزمانەکانی دواتر) ناوچەی ماد دەکەن بە کەرتەیەکی ئیمپراتۆرێتیەکەیان. بەڵام دەوڵەتی ئیمپراتۆری شتێکە، و ناوچەی مێژوویی و قەڵەمڕەوی زمانی و کولتووری شتێکی ترە. ناوچەی ماد و باکووری ئێران هەمیشە جیاواز بووە لە ناوچەی پارس. ئەوەی کە جێگەی داخە؛ ئەوەیە لە سەردەمی نوێدا زمانی فارسی وەکوو زمانی ئاخاوتنیش باڵی بەسەر زۆربەی ناوچەکانی مادی بنچینەییشدا کێشاوە، و خەریکە جێی زمانە خۆجێییەکانی ماد و هەموو باکووری ئێران دەگرێتەوە.
دووەم:
نووسەری ئیسلامیی پێشینە سەلەفی-جیهادی (فازڵ قەرەداغی)، ئەمیش لە وتارۆچکەیەکی کۆنیدا، هەندێک لە بڕوبیانووەکانی گرووپەکەی گۆڤاری (ڕێگا)ی دووبارە کردەوە، و ویستی لە لایەن خۆیەوە بەڵگەی بەڕواڵەت زانستی و مێژویی بهێنێتەوە بۆ ئەو هەڵوێستە ئایینیە توندڕەوەی ناوبەناو هەندێک لە سەرکردە و کەسێتیەکانی کۆمەڵی ئیسلامی دەینوێنن بەرامبەر سروودی “ئەی ڕەقیب!”، لەناو پەرلەمانی کوردستانیشدا. بەم شێوەیە بیانویەکی تری خستە پاڵ بڕوبیانوە ئیسلامیەکان لە سرودی ئەی ڕەقیب.
بیانووەکەی ناوبراو ئەمە بوو کە ـ گوایە ـ “ئهی ڕهقیب دوو ههزار ساڵ له مێژووی كوردستان دهسڕێتهوه”! بۆ سەلماندنی ئەمەش دەڵێت: ئەو پاشایە (کەیخوسرەو)، و دەوڵەتی میدیا، “دهگهڕێنهوه بۆ سهدهی حهوتهمی پێش زایین، مێژووی ئهو گهلانهش كه له كوردستان ژیابوون دهگهڕێتهوه بۆ زیاتر له دوو ههزار ساڵ پێش دامهزراندنی ئهو دهوڵهته”.
سەرنجی من (وەکوو لە کاتی خۆیدا لەسەری نووسیم):
قسەکەی فازڵ قەرەداغی وەکو ئەوە وایە ئەگەر کەسێک بە شانازیەوە ناوی باوکی خۆی ببات و بڵێت من کوڕی ئەوم؛ کاک فازڵ لێی بکات بە هەڵڵا و بڵێت “باسی باپیرت بکە نەک باوکت”! لە کاتێکدا باسی باوک نەفیکردنی باسی باپیر نیە. هەروەکو خوێنەرێکی زیرەکیش بۆی نوسیبو که: ئەگەر بەپێی ئەو لۆجیکەی تۆ بێت؛ دەبێت دەستەواژەی (نەوەکانی صەلاحوددین) “أحفاد صلاح الدین” یش ـ کە هەندێک جار بە کورد دەوترێت ـ هەڵە بێت چونکە کورد پێش صەلاحوددینیش هەبوە!!
ئەم گوزارشە “ڕۆڵەی..”؛ مەرج نیە مەبەست ڕەچەڵەکی ڕاستەوخۆ بێت، بەڵکو جاری وا هەیە مەبەست ئەوەیە لە گەلێک ئاکار و سیفەتدا ئەو کەسە دەچێتەوە سەر ئەو کەسێتیە یان ئەو باپیرە کۆنە. بۆ نمونه: کاتێک یەشووع بە هەندێک لە پیاوانی ئایینی یەهودی دەڵێت: “ئەی وەچەی عەزیا!”؛ مەبەستی ئەوەیە لە ئاکار و سیفەتی وەکو غەدردا لە مار دەچن.
مەبەستی دڵداریش لەوەی کە کورد “ڕۆڵەی میدیا و کەیخوسرەو” ە؛ ئەوە نیە ئەوانە تاکە باپیرەی کوردن. نەخێر! مەبەستی ئەوەیە کورد ئەو شانازیە گەورەیەی هەیە و ئەوەندەی بەسە کە لە ڕابردودا ئیمپراتۆرێتییەکی وەکو (ماد) و پاشایەکی گەورە و لێهاتوی وەکو (کەیخوسرەو) ی هەیە کە لێهاتووترین پاشای مادە، بۆیە کورد بۆی هەیە شانازییان پێوە بکات و خۆی بە نەوەی نوێی ئەوانە بزانێت. لە لایەکی تریشەوە مەبەستی ئەوەیە کورد لە دلێری و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەردا وەکو ئەو باووپابیرانەی خۆی وایە و ڕۆڵەی ئەوانە. لە کوردیدا کاتێک بە کەسێک دەوترێت “کوڕی باوکی خۆیەتی”؛ مەبەست تەنها ڕەچەڵەکێک نیە، بەڵکو مەبەستەکە ئەوەیە لە ڕەوشت و ئاکاریدا چووەتەوە سەر باوکی. ئەمەیە باکگراوندی زمانی و زیهنیی ئەو دێڕەی هۆنراوەکەی دڵدار.
ئەگەر بەپێی لۆجیکەکەی فازڵ قەرەداغی بێت؛ دەبوایە دڵدار لەبریی “کەیخوسرەو” ناوی “دیاکۆ” بهێنایە چونکە دیاکۆ دامەزرێنەری ئەو پاشایەتیەیە. بەڵام ئاشکرایە ـ بۆ هەر کەسێک کە غەرەز و مەبەستی تایبەتیی نەبێت ـ کە دڵدار مەبەستی ڕەچەڵەکی یەکەم نیە بەڵکو مەبەستی دیارترین دەسەڵات و دەسەڵاتدارێکی مێژووی کوردە کە مرۆڤی کورد شانازییان پێوە بکات و بیانکات بە سەرمەشقی خۆی. لە مێژوی ڕابردووی کۆنی کورددا ئیمپراتۆرێتیی ماد درەوشاوەترین قۆناغی ئەو مێژووەیە، لە زنجیرەی پاشاکانی مادیشدا کەیخوسرەو لە هەمویان زیاتر درەوشاوەترە، بۆیە دەکرێت لە هێماسازی و ئاماژەیەکی شیعریدا زیاتر تیشک بخرێتە سەر ئەم دو هێمایە “ماد” و “کەیخوسرەو”.
ئیسلامیەکان خۆیان حەزیان بە ڕستەکەی ترە، واتە وەسفی کورد بە “نەوەکانی صەلاحوددین”، ئەمەش ـ هەر بەپێی لۆجیکەکەی فازڵ قەرەداغی ـ یانی ئیسلامیەکان خۆیان مێژوی کوردی پێش صەلاحوددینیان سڕیوەتەوە!
جاری وایش هەیە ئیسلامیەکان تیشک دەخەنە سەر کەسێتییەکی ئیسلامیی کۆن کە لە هەندێک گێڕانەوەی ئیسلامیدا ناوی بە شێوەی “جابان” هاتووە (ڕەنگە شێوەی عەرەبیی ناوێکی وەکوو “گاڤان” بووبێت) و لە هەندێک لەو گێڕانەوانە دەفامرێتەوە بە ڕەچەڵەک کورد بووبێت و پێغەمبەری ئیسلامییشی بینیبێت و قسەی لێ بیستبێت، ئەمەش یانی “صەحابی” بووبێت. هەرچەند بابەتەکە ڕوون نیە و ئاڵۆزە و پێویستیی بە ساخکردنەوە هەیە، بەڵام ئیسلامیەکان کەسێتیی “جابان”ـیان کردووەتە “نوێنەری کورد لای پێغەمبەری ئیسلام”!! و بەڵکو ڕەنگە خۆیشیان وەکو کورد بە نەوەی “جابان” بزانن! ئەم کەسێتیە بێناونیشانە کە وەسفکردنی بە “الکردي” ڕامان و توێژینەوەی دەوێت؛ دەکەن بە مەشخەڵێک کە گوایە دەبێت کورد شانازیی پێوە بکات، تەنها لەبەر ئەوەی گوایە کەسێتییەکی ئیسلامیە، بەڵام نابێت کورد شانازی بە ماد و پاشاکانیەوە بکات! چونکە ئەمانە دەگەڕێنەوە بۆ پێش ئیسلام. لێرەوە دیارە کێشمەکێشەکە لای ئەوان لەسەر ناسنامە ئیسلامیەکەیە، ئەوان هەر لە بنەڕەتەوە نایانەوێت کورد جگە لە ناسنامە ئیسلامیەکە ناسنامەیەکی تری هەبێت.
هەر بۆیە ئەوان لە جێی “ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین”؛ زمانی حاڵیان دەڵێت ” ئێمە ڕۆڵەی جابان و صەلاحوددینین”! و ئەمە وەکوو واتای هێمایی بۆ تەوژمی ئیسلامی لە کوردستان دروشمە ڕاستەکەیە. ئیسلامیە کوردەکان، بەتایبەتی ئەوانەی دەچن بۆ وڵاتانی عەرەبی و لەوێ تەمەن و وزە و خوێنی خۆیان بەخت دەکەن و وەکو عەرەبیان لێ دێت؛ ئەوانە بڵێن “ئێمە نەوەی صەلاحوددینین”؛ ڕاست دەکەن!
دژایەتیی ئیسلامیەکان بۆ ئەم دێڕە “ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین” سەرەتا سەیر دێتە پێش چاو، چونکە دێڕەکە هیچ شتێكی تێدا نیە لەگەڵ باوەڕی ئیسلامیدا نەگونجاو بێت، چونکە باسی یادەوەرییەک و شانازییەکی مێژوویی دەکات نەک بابەتێک کە لە باوەڕی ئیسلامیدا پۆلێنێکی خراپی هەبێت. بەڵام بە شارەزابوون لە ئەدەبیات و گوتاری ئیسلامیەکان دەرکی نهێنیی پشتی ئەو هەستیاربوون و دەژایەتیەی ئەوان بەرامبەر ئەو دێڕە دەکەین. ئەو نهێنیەش ئەوەیە: ئەو دێڕە لە ڕاستیدا ڕەنگە لە لایەنێکەوە گرنگترین دێڕی ئەو هۆنراوەیە بێت، کە لە هەمان کاتدا هەستیارترین و ناحەزترین دێڕیەتی لای ئیسلامیەکان. بۆچی؟ چونکە ئەو دێڕە باسی ڕابردووی مێژوویی “پێش ئیسلام”ی کورد دەکات، ئیسلامیەکانیش زۆرتر بەوە پەست و قەڵس دەبن کورد باسی مێژووی پێش ئیسلامی خۆی بکات و ناسنامە و ڕەگوڕیشەی خۆی لەو مێژووە پێش-ئیسلامیەدا ببینێتەوە. ئیسلامیەکان هەر ڕێکەوڕاست گوزارش لەو باوەڕ و حەزەی خۆیان دەکەن کە پێیان وایە مێژووی ڕاستەقینەی کورد لە ساتی موسوڵمانبوونیەوە دەستپێدەکات. هەرچەند ناتوانن ئەمە لە هەمو شوێنێک بڵێن و داکۆکیی لێ بکەن چونکە دەزانن لە لایەنی مێژووییەوە و لەگەڵ خەڵکانی هۆشیار و شارەزادا بۆیان ناچێتە سەر، بەڵام ئەوە ئەو باوەڕە دامەزراوەی ئەوانە کە زۆر جار بە شێوەیەکی هاکەزایی گوزارشی لێ دەکەن. لە زۆریانم بیستوە و بینیوە کە دەڵێن: ئادەی کورد کوا پێش ئیسلام دەوڵەت و دەسەڵاتی هەبوە؟! ئادەی نووسینێکی کوردیم پێ نیشان بدە کە بگەڕێتەوە بۆ پێش ئیسلام! کوا کورد پێش ئیسلام چیی هەبووە؟! بەگشتی حەز دەکەن و دەیانەوێت مێژوی کورد لە دوای هاتنی ئیسلامەوە دەستپێبکات و کورد جگە لە قۆناغە ئیسلامیەکە هیچ مێژوویەک و هیچ ناسنامەیەکی تری نەبێت. ئەوەی ئەوان لێی ترساون؛ ئەو هۆشیاربوونەوەیەیە کە کورد بگەڕێتەوە بۆ هەرچی “پێش-ئیسلامی” ـە لە کولتوور و مێژووی کوردیدا. هەر لەم ڕوانگەیشەوەیە بە هەمو شێوەیەک دژایەتیی جەژنی نەورۆز و سەرمایە هێماییەکەی دەکەن.
بۆیە کاتێک ئەوان دەبینن هەمو کورد دروشمی “ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین” لەبریی “ئێمە نەوەی صەلاحوددین” ـەکەی ئەوان دەڵێتەوە؛ ئیتر شاردراوە نیە بۆچی بەوە پەست و قەڵس دەبن.
سێیەم:
نووسەرێکی تر، کە نووسەرێکی خۆرهەڵاتیە بە ناوی (سهلاحهددین وههابپوور)، و بە ناوی “سامڕەند” دەنووسێت. نووسەرێکی باکگراوند-ئیسلامیە یان پارێزکار و ترادیشناڵە (کاتی خۆی ئەندامی دێموکرات بووە) لە بەرگی نووسەرێکی سەردەمیدا. جارێکیشیان (٢٠١٥) پێشنیاری مۆدێلی پاشایەتییەکی دەستووری وەکوو ئەوەی نۆروێگی بۆ هەرێمی کوردستان لە میدیای پارتیدا دەکرد، دەیکردە ئایدیۆلۆجیایەک یان نەخشەڕێگایەک بۆ ڕیفراندۆم و “ڕۆڵی بارزانی”. لە مۆدێلی ناسیۆنالیستە تەقلیدی و خۆشخەیاڵە خۆرهەڵاتیەکان کە لە هەندەرانەوە و لە ژیانی دوور لە کوردستانەوە خەیاڵی قەبە دەکەن و متمانە و دڵخۆشکردنی سادەدڵانەیان بە دەستەی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان هەیە.
جا ئەمە لە وتارێکدا بە ناوی “نامەی کراوە لە بابەت سروودی ئەیرەقیب”، ساڵی ٢٠١١، گوایە بۆ پەرلەمانی کوردستانی دەنێرێت، و داوای لابردن و گۆڕینی سروودی “ئەی ڕەقیب!” دەکات (و هەست دەکەم نووسەرە ئیسلامیەکان هەندێک لە بیرۆکەکانی ئەم وتارە بەکاردەهێنن)، بە کۆمەڵێک بیانوو، لەوانە لەسەر نیوە دێڕی “ئێمە رۆڵەی میدیا و كەیخوسرەوین”، دەڵێت: “ئەو ناوانە ناوی دەستكرد و مێژووی مەجعوولی ئەدەبیاتی ئێرانن كە لەم یەك یان دوو قەڕنی ڕابردوو دا داتاشراون و بڵاو كراونەتەوە. دیاریكردنی باب و باپیری گەلی ئێمە بەو شێوەیە زانستی نیە و بناغە و سەرچاوەی سەحیحی نیە”.
سەرنجی من:
ـ دادگاییکردنی دروشمێکی هێمایی لە هۆنراوەیەکی نیمچە-کلاسیکی و سروودێکی نەتەوەیی و “حەماسی”ـدا، وەکوو ئەوەی پێداچوونەوەی توێژینەوەیەکی زانکۆیی بێت؛ هیچ لە جێی خۆیدا نیە، و مەبەست و “غەرەز”ی تری لە پشتەوە هەیە.
ـ ئەمیش وەکوو نووسەرە ئیسلامیەکان لە ڕستە و دەربڕینی “ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین” نەگەیشتووە، کە ئەمە خۆگێڕانەوەیەکە بۆ بڕگەیەکی پرشنگدار لە مێژوویەکی کۆنی بەشێکی گرنگ و دامەزرێن لە پێشینانی کورد، کە بایەخی زیاتریان هەیە، و ناوهێنانی تەنها پاشایەکیش لە پاشاکانی ماد هەر لەبەر بایەخی زیاتریەتی. مەبەستیش لەو دەربڕینە شیعری و سروودیە دیاریکردنی باوباپیری یەکەم و هەرەکۆن نیە. وەکوو پێشتر ڕوونم کردەوە.
ـ ئەگەر وەکوو ئایدیۆلۆجیایەکیش بێت؛ کورد بۆی هەیە بنچینەی خۆی بگێڕێتەوە بۆ ماد، چونکە کولتووری ماد بنچینەی ئەم ناسنامە کولتووری-زمانیەیە کە کورد هەیەتی، و زمانی کوردیی کۆن دەگەڕێتەوە بۆ هەمان زمانی مادی، و ئەم ناسنامە کولتووری-زمانیە بنچینەکانی تری لەناو خۆیدا تواندووەتەوە.
ـ ناوی “ماد”، یان بە شێوەی گریکی-لاتینیی “میدیا” دوو هەزار ساڵ و زیاترە هەیە. ناوی “کەیخوسرەو”یش دەگەڕێتەوە بۆ دەقی ئەوێستا، و ئەمانە ڕەگوڕیشەی زۆر کۆنیان هەیە. جگە لەوەی ناوی پاشا مادیەکەش بە شێوەی “کیەکسەر-” لە سەرچاوە گریکی و لاتینیەکاندا گەیشتووە.
ـ هەرچی مێژووی ساخکراوەی گەلان و وڵاتان هەیە لەم یەک-دوو سەدەی دواییدا ساخکراوەتەوە، بە لێکۆڵینەوەی مێژوویی نوێ، و هەر زانستی “لێکۆڵینەوەی مێژوویی” وەکوو یەکێک لە زانستە مرۆییە ئەزموونیەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی (١٩)، بە پەرەگرتنی میتۆدی ئەزموونی لە زانستە مرۆییەکاندا، و ـ لێرەوە ـ بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوە بنچینەییەکان و شوێنەوار و شیکردنەوەی ڕەخنەیی ئەدەبیاتی مێژوویی و خوێندنەوەی مێژوو لە چوارچێوەی خۆیدا.
ـ مێژووی ئێرانی، کە مێژووی ماد بەشێکە لەم مێژووە؛ ئەدەبیاتێکی دەستکرد و “جەعلی”ی ئێرانیی تەقلیدی نیە، و بەڵکوو ئێستە بوارێکی زانستیە، و بەشێکە لە زانستی “لێکۆڵینەوە ئێرانیەکان” کە یەکێکە لە زانستە مرۆییە نوێیەکان. تەنها خەڵکانی نەشارەزا یان ئایدیۆلۆجیستی دەمارگیر ئەمە نازانن یان نکوولیی لێ دەکەن. ئەگەر مێژووی ئێرانی مێژوویەکی دەستکرد بێت؛ گەلێک لە بنچینە مرۆیی و کولتووری و زمانی و سیاسی و مێژووییەکانی کورد دەستکرد دەردەچن.