وشەی “ڕەقیب” و شێوازی “ئەی ڕەقیب”
سەروەر پێنجوێنی
بیانوویەکی تری ڕاگەیاندنی ئیسلامیی میللی لە هۆنراوەی “ئەی ڕەقیب!”؛ وشەی “ڕەقیب”ـە کە پێیان وایە ئەمە هەمان ناوی “الرقيب”ـە بۆ خوا لە ئیسلامدا کە بە یەکێک لە “الأسماء الحسنى” دادەنرێت، ئەویش بە واتای ‘چاودێر’ و ‘ئاگاداری هەر شتێک کە ڕوودەدات’، و زیاتر بە واتای ‘چاودێری مرۆڤەکان و هەموو کارەکانیان’، کە لە چەند دەقێکی قورئاندا ئاماژەی بۆ کراوە: “إِنَّ اللهَ كَانَ عَلَیْكُمۡ رَقِیبࣰا” (النساء: ١)، “وَكَانَ اللهُ عَلَى كُلِّ شَيْءࣲ رَقِیبًا” (الأحزاب: ٥٢)، “فَلَمَّا تَوَفَّیْتَنِي كُنْتَ أَنْتَ الرَّقِیبَ عَلَیْهِم” (المائدة: ١١٧).
ئیتر گوایە کاتێک هۆنراوە/سروودەکە دەڵێت “ئەی ڕەقیب!”؛ ئەمە لەگەڵ خوایەتی، و گوایە بەو شێوەیە ڕووبەڕووی خوا دەبێتەوە و بە جۆرێک لە سەرکۆنەکردنەوە وەڵامی دەداتەوە.
هەرچەند نووسەرێکی ئیسلامیی مەعقوول شک نابەم بەم شێوەیە لێکی دابێتەوە، بەڵام لە ڕاگەیاندنی ئیسلامیی میللیدا لە کوردستان شتێکی باوە.
لە ڕاستیدا ناشیرینترین و نەزانانەترین و هەرزەگۆیانەترین بڕوبیانووی ئیسلامیەکانە لە هەر شتێکی جیاوازیان گرتبێت.
چونکە وشەی “رقیب” |ڕەقییب-|ی عەرەبی (و پاشان فارسی و کوردی) وشەیەکی ئاساییە لە زمان (بە واتای گشتی ‘چاودێر’ یان ‘چاودێریکەر’)، و دەکرێت بۆ زۆر مەبەست و زۆر کەس و گەلێک چوارچێوە بەکاربێت. هەتا لە قورئانیشدا وەکوو ئاوەڵناوێک و “صیفەت”ـێک هاتووە، نەک ڕاستەوخۆ و بەڕەهایی خوا بە “الرقیب” لە ڕیزی ناوەکانی تردا ناوببات. هەتا هەر لە قورئاندا بۆ وەسفی زاتی تر بەکارهاتووە، وەکوو لەسەر زمانی پێغەمبەر (شوعەیب)ـەوە هاتووە کە دەڵێت: “وَارْتَقِبُوا إِنِّي مَعَكُمۡ رَقِیبٌ” (هود: ٩٣)، کە یانی ‘منیش لەگەڵتان چاودێرم’ (یانی: چاوەڕێم بزانم چیتان لێ بەسەر دێت). هەروەها بۆ وەسفی “فریشتەی چاودێر” بەسەر مرۆڤەوە هاتووە کە دەڵێت: “مَا یَلْفِظُ مِن قَوْلٍ إِلَّا لَدَیْهِ رَقِیبٌ عَتِیدٌ” (ق: ١٨).
ئینجا لە زمانی عەرەبی و دەقە عەرەبیەکاندا بەگشتی بۆ گەلێک واتا بەکارهاتووە، لە واتای ‘چاودێر و سەرپەرشتیاری ئاگادار’ەوە (کە لەسەر ئەم واتایەوە لە دەقە ئیسلامیەکاندا خوای پێ وەسف کراوە)، تا واتای ‘چاودێریکەر و تەماشاکەر’، و واتای ‘چاودێری پاسەوان’، و ‘چاودێری چاوەڕێ’ [وەکوو لە دەقی (هود: ٩٣)ـدا بینیمان]. ئەمانە وەکوو ئاوەڵناو یان ناوی وەسفی. وەکوو ناویش؛ بە چەند شتێک وتراوە، وەکوو ‘پێشەکیی سوپا’ (لەبەر ئەوەی لە پێشەوەن و چاودێر و ئاگادارن)، و واتای ‘جێگر’ و ‘پاشگر’ یانی ئەوەی جێی سەرۆکەکەی پێش خۆی یان باوکی دەگرێتەوە، لەو واتایەوە چاوەڕێیە ئەو بمرێت و ئەم جێی بگرێتەوە [ئەمە لە دەقی حەدیثدا هاتووە: “كُلُّ نَبِيٍّ أُعْطِيَ سَبْعَةَ نُجَبَاءَ رُقَبَاءَ…”، بەپێی یەکێک لە ڕاڤەکانی]، و واتای ‘ئەستێرەی جێگیر کە جێگەکەی لە ئاسماندا بەجێناهێڵێت’، وەکوو بڵێیت: چاودێری دەکات! [ئەمەیان ـ بۆ نموونە ـ لە بەیتێکی (ئەلئەعشا)ی گەورەدا هاتووە]. هەروەها بە چاودێر و ئەمانەتداری “مەیسیر” یانی ‘قومار’ی عەرەبیی پێش ئیسلام وتراوە، و ـ لێرەوە ـ بە تیر “قدح”ی سێیەمی تیرەکانی ئەو یاریی “مەیسیر”ەش ڕاڤە کراوە. هەروەها بە ‘ئامۆزا’ وتراوە، دیارە لەبەر ئەوەی چاوی لەسەر ئامۆزاکانیەتی. هەروەها بە جۆرە مارێک وتراوە، ڕەنگە لەبەر ئەوەی چاوەڕێیە و خۆی داگرتووە بۆ گەزتن! هەروەها هەرچی ‘ئەستێرەی هەڵهاتوو’ە یاخود ‘کەلوو’ەکەی، لەو واتایەوە چاوەڕێیە ئەستێرەیەکی تر ئاوا ببێت و ئەم هەڵبێت! هەر بۆیە بە ‘قۆناغ’ (“منزلة”)ـەکانی مانگیش وتراوە کە ئەمیش هەر چاوەڕێیە قۆناغی پێش خۆی بڕوات و ئەم دەرکەوێت (بۆ ئەم واتایانە؛ بۆ نموونە؛ بڕوانە: “القاموس”، و ڕاڤەکەی: “تاج العروس”).
دواییش وشەکە لە فارسیدا بە هەموو واتاکانی ‘چاودێر’ و ‘ئاگادار’ و ‘چاودێریکەر’ و ‘پاسەوان’ (و گەلێکی تر لە واتاکانی وشە عەرەبیەکە بەکارهاتووە)، بەڵام بە واتایانە بووەتە وشەیەکی کۆنینە، و بە دوو واتای تریش بەکارهاتووە کە ئێستە لە فارسیدا زیاتر بەم دوو واتایە دێت:
ـ ‘ڕکەبەر و نەیار’ کە چاوی لەسەر کەسێکە و چاودێریی دەکات و دەیەوێت بەسەریدا سەرکەوێت.
ـ هەر لەم بابەتە؛ بەتایبەتی بە ڕکەبەری “عاشق” وتراوە، واتە کەسێک کە ئەمیش بە تەمای هەمان “مەعشووق”ـە و چاوی لەسەریانە و هەوڵ دەدات بەینیان تێکبدات و “مەعشووق” بۆ خۆی ساخبکاتەوە، یان ـ ئەگەر خۆی لێی نائومێد بووبێت ـ هیچ نەبێت نەهێڵێت بە یەک بگەن.
هەر بۆیە لە ئەدەبیاتی کوردییشدا زیاتر بەم دوو واتایە دێت:
١. زیاتر بە واتای ‘ڕکەبەر و نەیاری عاشق’.
٢. هەندێک جاریش بە واتای گشتیی ڕ’کەبەر و نەیار و ناحەز’، وەکوو لە “ئەی ڕەقیب!” خۆیدا.
سەرنج دەدرێت لە شیعری کلاسیکیی کوردی بە هەمان شێوازی “ئەی ڕەقیب” زۆر هاتووە. لەوانە:
ـ (کوردی) (-١٨٥٠)، کە دەڵێت: “ئەی ڕەقیب! سەد جار دەرم کەی یا جوێنم پێ بدەی * ناعیلاجم هەر دەبێ بێم بۆ سەلاحی کارەکەم”. هەروەها: ” ئەی ڕەقیب! بەس بڵێ یار خۆشی دەوێی! من کوردیم * کۆنە ڕەندم، بە خودا! بەو قسە ناکەومە مەلە”. هەروەها دەڵێت: ” ئەی ڕەقیب! وێڵم لە دەستت، لێرە بۆ لێم ناگەڕێی؟ * باوکە کوژتەت نیم، ئەرێ! هەی بەدمەزەب! چیت لێم دەوێ؟”.
ـ (سالم) (-١٨٦٦)، کە دەڵێت: ” لە توهمەت، تا تەوانا بێ، «حذر کن»، ئەی ڕەقیب ئامان! * لە دامەن پاکیی مووسا زەمین ساحێب گوناهی گرت”. هەروەها: “ئەی ڕەقیب! با تۆ لەگەڵ من زوڵمی فیرعەونی بکەی * سەرزەمین قوتت دەدا وەک گەنجی قاروون عاقیبەت”. هەروەها دەڵێت: “ئیلاهی! ناسەلامەت ئەی ڕەقیب هەمدەردی سالم بێ * وەکوو کردت لە کۆی جانانە قەتعی ڕەهگوزاری من”. هەروەها: “ئەی ڕەقیب! بیمارە دڵ، تیکرار دوعای ئەووەڵ دەکا * دەک! ئە زنجیرێ کەوی! ڕەببی! نەجاتت قەت نەبێ!”، وەکوو لە سەرەتای هەمان قەسیدەیشدا دەڵێت: “دەک! ڕەقیب! تووشی بەڵایێ بی نەجاتت قەت نەبێ! * مانیعی وەسڵی حەیاتم تۆی، حەیاتت قەت نەبێ!”.
ـ (وەفایی) (-١٩٠٢)، دەڵێت: “کە هەستا زولفی ڕووی داپۆشی من لەو داغە سووتاوم * ئیلاهی! ئەی ڕەقیب! ڕۆژی قیامەت بێیە پێناوم!”. لێرەدا “ئیلاهی!” سەربەخۆیە یان تەواوکەری واتای نیوە دێڕی یەکەمە، دواییش کە دەڵێت “ئەی ڕەقیب!” لەگەڵ ڕکەبەر و ناحەزیەتی، کە دەڵێت: ڕۆژی دوایی وەرە سەر ڕێگەکەم!
ـ (تاهیر بەگی جاف) (-١٩١٨)، دەڵێت: “لێم گەڕێن تەنهانشینی کونجی خەم بم! ئەی ڕەقیب! * دەردەکەی من دەردی ئەشقە و زۆر گران و سارییە”، لە سەرەتای قەسیدەکەیشدا دەڵێت: “ناشکێ ـ قوربان! ـ دڵم هەرگیز لەبەر جەوری ڕەقیب * عادەتی ئەو دائیمەن هەر فیتنە و بەدکارییە”.
ـ (حەمدی) (-١٩٣٦)، کە دەڵێت: “بەس بڕێژە خوێنی ناحەق ـ ئەی ڕەقیب! ـ لەم بەردەرە! * کۆیی یارە قەت بووە بکرێتە دەشتی کەربەلا؟!”، بەدوای ئەمەشدا دەڵێت: “ئەی ڕەقیب! بۆ چاری دەردم ئیحتیاجم کەوتە تۆ * ئێستە هەر گاور ئەنووسێ نوشتە بۆ شێخ و مەلا”. هەروەها دەڵێت: “عاشقان کەوتوونە میعراجی موحیببەت. ئەی ڕەقیب! * مۆڵەتێ! تووبی خودا! لەم پلەیە تا سەرکەوین”.
ـ (خادیم) (-١٩٥٣)، کە دەڵێت: “لێم گەڕێ! بەس تووشی هیجرانم کە! تۆ خودا! ئەی ڕەقیب! دەفعەێ تر با ببم شاد من بە دیداری حەبیب!”.
ـ (قانع) (-١٩٦٥)، کە لە تێهەڵکێشێکدا لەسەر شیعری حافز دەڵێت: “ئەی ڕەقیب! بۆچی بەهانەی بێ وساڵیم تۆ ببی؟! * کین چنین رفته است از روز ازل تقدیر ما”.
ـ (ڕاجی) (-١٩٦٩)، کە دەڵێت: “ئەی ڕەقیب! تۆ کونجڕێک پەیدا بکە! * «تەیری گول ئاشق بە داری ژەقنەمووت»”. هەروەها دەڵێت: “من کەوا بێ تاقەت و لەب وشک و بێزارم لە خۆم * لێم گەڕێ تاوێ بگریەم! ئەی ڕەقیبی قوڕمساغ!”. هەروەها دەڵێت: “دەست لە مل ـ ئەی ڕەقیب! ـ هەستە بچین بۆ دەرەک! * سوودی نەبوو دوژمنیی تالیعی پۆشی فەلەک”.
ـ (ویساڵی) (-١٩٧٣)، کە دەڵێت: “وەختێ ئەمنی دی بە هەوری زوڵفی ڕووی پۆشی لە من * ئەی ڕەقیب! خوا بتگرێ! گەر وەک منت لەو یارە کرد”. پاشان دەڵێت: “ئەی ڕەقیب! هاتی وەکوو ئیبلیس ویساڵیت دەرپەڕان * بۆ بە بێ جورم و گونەهـ لەو لەززەتەت ئاوارە کرد؟!”.
ـ مەلا مستەفای (عاسی) (-١٩٧٥)، کە دەڵێت: “بۆچی کوێر نابی لە تاوان؟! ئەی ڕەقیبی سەگ سیفەت! * چونکە سەگ مەرگی چە فایدە؟! زیندەگانیت تا بە کەی؟”.
ـ (سامی عەوداڵ) (-١٩٨٥)، کە دەڵێت: “ئەی ڕەقیبانی نەزانە! بەسیە فیتنە! و تۆبە کەن! * چوونکی بێ چارەن کە عاشق زوڵمە هێندەی لۆمە کەن*، بەدوایدا دەڵێت: “ئیشی دیوانی هەتاکەی؟! ئەی ڕەقیبی سەگ سیفەت! * هێسک لەبەر حەیوان بەسیە جۆ لەبەر سەگ ڕوو مەکەن”. هەروەها دەڵێت: “گرتەی خودا بی! یا خوا! ئەی ڕەقیب! * خستمتە دووریی هەناسەی حەبیب”. هەروەها: “ئەی ڕەقیب! تۆ خوا نەناسی! یا خودا! کۆست کەوێ! * لەحزەیەکی کولحەیی چاوم بە چاوی ناکەوێ”.
ـ (سەید کامیل ئیمامی) (-١٩٨٩)، کە دەڵێت: “ئەمن خۆ کۆشی خۆم پڕکردووە، هەڵناگرێ چیدی * جەهەننەم! ئەی ڕەقیبی بەدمەزەب! تۆش کۆشی خۆت دانێ!”.
ـ مەلا عەبدولڕەحمانی (فاتیحی) (-٢٠٠٢)، لە “کڵپەی دەروون”ـدا، کە دەڵێت: ” ئەی ڕەقیب! با تەپڵی شادی لێ بدەم من دەم بە دەم! ئاسمانی بەختم ئەمڕۆ سافە بێ باران و تەم”.
لەم هەموو دەقە شیعریە کلاسیکیانەدا، وشەی “ڕەقیب” بە هەمان شێوازی بانکگردنی “ئەی ڕەقیب!” هاتووە، و لە زۆربەیشیاندا مەبەست ‘ڕکەبەر و نەیاری عاشق’ـە، و لە هەندێکیشیاندا مەبەست ‘ڕکەبەر و نەیار و ناحەز’ە بەگشتی.
لە دەربڕینی گەلێکیشیاندا [وەکوو مامۆستا (جاسم کەلاری) لەم ڕۆژانەدا لە ڕوونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەم لایەنە کرد] بە جۆرێک کەسی “ڕەقیب” دەدوێنرێت و قسەی پێ دەوترێت، کە ڕوون دیارە ناحەز و دوژمنێکە، و ناشێت مەبەست کەسێکی ڕێزدار بێت، یان ـ نەخوازەڵا ـ زاتێکی پیرۆزی وەکوو خوا مەبەست بێت! ئەوەتا (کوردی) دەڵێت: “ئەی ڕەقیب! سەد جار دەرم کەی یا جوێنم پێ بدەی”، هەروەها دەڵێت: ” ئەی ڕەقیب!… هەی بەدمەزەب!…”. (سالم) بە “ڕەقیب” دەڵێت: ” نەجاتت قەت نەبێ!” و “حەیاتت قەت نەبێ!”. (تاهیر بەگی جاف) باسی “جەوری ڕەقیب” دەکات و دەڵێت “عادەتی ئەو هەر فیتنە و بەدکارییە”. و (حەمدی) بە ڕەقیب دەڵێت “بەس بڕێژە خوێنی ناحەق!”. و (ڕاجی) دەڵێت “ئەی ڕەقیبی قوڕمساغ!” و پێی دەڵێت “هەستە بچین بۆ دەرەک!”. و (ویساڵی) بە “ڕەقیب” دەڵێت “خوا بتگرێ!” و “هاتی وەکوو ئیبلیس…”. و مەلا مستەفای (عاسی) دەڵێت: ” ئەی ڕەقیبی سەگ سیفەت!”. و (سامی عەوداڵ)یش بە هەمان شێوە “ڕەقیب” بە “ڕەقیبی سەگ سیفەت” ناودەبات و دەڵێت “گرتەی خودا بی!” و “کۆستت کەوێ!”. و (سەید کامیل ئیمامی)یش هەر بە “ئەی ڕەقیبی بەدمەزەب!” دەیدوێنێت. و بەم شێوەیە.
لە ڕاستیدا ئەم بیانووگرتنەی ئیسلامیە توندڕەوەکان لە وشەیەکی لەم جۆرە؛ بەرهەمی دەردێکی فیکری و مەنهەجیی کوشندەیانە کە دیمەن و دەرکەوتەی فیکر و فیقهێکی “ظاهیری” و “نا-ئوصوولی”ـە کە لەناو گرووپە ئیسلامیە سەلەفیمەشرەبەکاندا زۆر بڵاوە و شوێنەواری خراپی زۆرە. ئەویش ئەوەیە کە سەرباری ئەوەی هەموو ژیان دەکەنە بابەتی ئایینی و هیچ بوارێک بۆ شتی دنیایی و نا-پیرۆز ناهێڵنەوە و ـ ئیتر ـ دنیا دابەش دەکەن بۆ “شەرعی” و “نا-شەرعی”؛ دەگەنە ئەوەی تەنانەت وشە و زاراوەکانیش ئیتر تەنها وشە و زاراوەی “شەرعی” (و “نا-شەرعی”)ـن، و هیچ بوارێک بۆ وشە و زاراوەی زمانی “لوغەوی” و باو و نەریتی “عورفی” ناهێڵنەوە. بۆیە وشەیەکی وەکوو “جەژن”یش (نەک تەنها “عید”ی عەرەبی) تایبەت دەکەن بە جەژنی “شەرعی”ـەوە، و دەڵێن ئێمە تەنها هەردوو جەژنی “ڕەمەزان” و “قوربان”ـمان هەیە، و جەژنی ترمان نیە. تەنانەت چەمک و وەسفی “برا” و “برایەتی” تایبەت دەکەن بە برایەتیی ئایینیەوە، و پێیان نادروستە وشەی “برا” بۆ جگە لە “برای موسوڵمان” بەکاربێت، ئیتر برای نەتەوەیی و نیشتمانی و ئینسانی لای ئەوان نیە.
ئەوە لە کاتێکدا زانا ئایینیەکانی ئیسلام (بەتایبەتی لە زانستی ترادیشناڵی “ئوصوولی فیقهـ”) بەڕوونی ئەوەیان بڕاندووەتەوە کە “ئەلفاظ” (چ “حەقیقەت” و چ “مەجاز”) لە ڕووی واتاسازی و بەکارهێنانەوە بەسەر سێ پۆلدا دابەش دەبن: زمانی “لوغەوی”، و “عورفی”، و “شەرعی”، و هەبوونی وشەیەک بە واتایەکی شەرعی ڕێگر نیە لەوەی بە واتای زمانیی سادە و عورفیی باویش بەکاربێت، و تەنها ئەوەندەیە کاتێک ئەو وشەیە لە دەقێكی شەرعیدا دێت؛ یەکەم جار بە واتا و مەبەستە شەرعیەکە لێکدەدرێتەوە، ئەگەر نەکرا ئینجا بە واتای عورفی و واتای زمانیی سادە لێکدەدرێنەوە. بۆیە “جەژن” و “برا” و “برایەتی”ـیش دەکرێت بە واتای زمانیی سادە و بە واتای عورفییش بەکاربێن، جگە لە واتا شەرعیەکانیان لە دەق و چوارچێوەی خۆیاندا.
لێرەشدا دەبینین تەنها واتا ئایینی و شەرعیەکە بۆ “ڕەقیب” دەهێڵنەوە، و لە شیعرێکیشدا کە لەسەر ڕێبازی کلاسیکی دەڕوات شێوازی “ئەی ڕەقیب!” بە دواندن و ناوهێنانی خوا لێکدەدەنەوە! بۆ ئەوەی بیکەنە بابەتێکی “(نا)شەرعی”.
هەندێک کۆلکە نووسەری تریان بە جۆری تر بیانوو لە وشەی “ڕەقیب” لە هۆنراوەکەی (دڵدار) دەگرن، وەکوو ئەوەی دەڵێن “رقیب” لە عەرەبیدا بە واتای ‘چاودێر’ە و بۆ ئەم دەقە نابێت! و دەڵێن ئەگەر لە “رقیب”ـە فارسیەکەیشەوە هاتبێت؛ بە واتای ‘دوژمن’ نیە (بەو بیانووەی فارسی بۆ ئەم واتایە هەر “دشمن” بەکاردەهێنێت!)، بەڵکوو بە واتای ‘نەیار’ و ‘بەرهەڵستکار’ و ‘ڕکەبەر’ە! و ئینجا دەڵێن: خۆ “رقیب” وشەیەکی عەرەبیە و چۆن دەکرێت وشەی عەرەبی لە سروودێکی نیشتمانیی کورددا بەکاربێت؟! [کاتی خۆی گرووپەکەی (ماکوان کەریم) و (سۆران عومەر) لە گۆڤاری (ڕێگا)، بە ناونیشانی “ئەی ڕەقیب هیچ پەیوەندیی بە کوردەوە نیە” بەم شێوەیە بیانووەکەی دەهۆنیەوە]. کە بڕوبیانووی ساردوسڕ و بێتامن، چونکە واتای زمانیی بنچینەیی ‘چاودێر’ لە هەموو واتا گۆڕاوەکانی وشەکەدا ماوەتەوە، و بە واتای دەقاودەقی ‘دوژمن’یش نیە، و ڕێک مەبەست ‘نەیار’ و ‘ڕکەبەر’ە، و وشەکەش بەشێکە لە زمانی ئەدەبیی کوردی، و هەتا ئێستەش زمانی کوردی وشەی خوازراوی عەرەبیی تێدایە (هەر لە “سڵاو”ەوە، هەتا “بەڵێ!” و “نەخێر!”ەکەش)، و هیچ نەنگییەک نیە.
بەو شێوەیە گرنگ نیە بیانووەکە تا چ ڕادەیەک لۆجیک و ماریفەت و زانستی تێدایە. گرنگ ئەوەیە هەتا بتوانن بیانووی لێ بگرن و ناشیرینی بکەن، هەتا ببێتە پەستانێک بۆ لابردنی و سڕینەوەی و گۆڕینی بە سروودێک و دروشمێکی تەوژمە ئیسلامیەکەی خۆیان.