بەشی دووەم:
ڕەگوڕیشەی زەینی و ڕەهەندە ڕەوانبێژیەکانی دەربڕینی
“دینمانە ئایینمانە نیشتمان”
نووسینی: سەروەر پێنجوێنی
ئەم نیوە دێڕەش لە سروودە خوێنراوەکەدا بۆ ڕێکخستنی زیاتر لە ڕووی ئاوازەوە کراوە بە “دینمان ئایینمان هەر نیشتمان” کە هەڵەیە و خۆی وا نییە، و ئەم “هەر”ە لێرەدا دەکرێت واتایەکی هەڵە بدات.
بە داڕشتنەوەی ئاسایی و پەخشانیی ڕستەکە “دینمانە ئایینمانە نیشتمان”؛ دەبێتەوە بە “نیشتمان دین و ئایینمانە”.
ئەم دەربڕینەش، وەکوو پێشتر باسمان کردووە؛ دەگەڕێتەوە بۆ دەربڕینێکی میللی کە ـ بۆ نموونە ـ دەڵێن: “فڵان کەس دین و ئیمانی تۆپی پێیە”ـە، یانی زۆری حەز لە یاری تۆپی پێیە و زۆر بۆی گرنگە (مەبەستیش ئەوە نیە لە جێی ئایین تۆپی پێی هەیە!). هەندێک ئەدیبیش ئەم دەربڕینەیان بەکارهێناوە، وەکوو:
ـ مامۆستا (هەژار) لە “چێشتی مجێور”ـدا (بڕگەی “نەقیبی غەوس”) لە بارەی (حوزنی موکریانی)ـەوە دەڵێت: “حوزنی لە کوردایەتیدا سووتابوو، دین و ئیمانی کوردستان و ئازادیی کورد بوو”، مەبەستیشی ئەوەیە کوردستان و ئازادیی کورد بۆ مامۆستا حوزنی زۆر گرنگ و بایەخدار بووە و زۆر بۆی بەپەرۆش بووە.
ـ مامۆستا (صابری) [شێخ نەجمەدین کوڕی شێخ عەبدوڕڕەحمان بەرزنجیی شۆرجەیی] لە “دیوان”ـەکەیدا، پێنج خشتەکیی “مەزبەتە بۆ جەنابی حەق” (١٩٢٣)، کە دەڵێت: “دین و ئیمانی هەموو دەوڵەت و میللەت؛ پارە * مەنشەئـ و مورسی(؟) ئەنواعی موزیللەت(!)؛ پارە”. لێرەدا دەیەوێت بڵێت دەوڵەت (کاربەدەست) و میللەت (جەماوەر) هەموویان “دین و ئیمان”ـیان پارەیە! وەکوو واقیعێکی تاڵ. مەبەستیشی ئەوە نیە “دین”ـێکی تریان نیە و “ئیمان”ـیان بە هیچی تر نیە، بەڵکوو مەبەستی ئەوەیە پارە لای ئەوان ئامانجێکی گەورەیە.
ئەم دەربڕینانە کە هەڵقوڵاوی کولتوور و ماریفەتێکی کۆمەڵایەتیی کوردەوارین؛ لە خۆیاندا لەو ڕاستیەوە سەرچاوە دەگرن کە “دین و ئیمان” ـ بە مانا ئیسلامیەکەی ـ سەرمایەی گەورە و پیرۆزی کۆمەڵگای کوردەواری بووە، بۆیە بوونەتە هێما و ئاماژە بۆ شتی گرنگ و بایەخدار. هەر دەربڕینەکە لە خۆیدا باکگراوند و پاشخانێکی دینی و ئیسلامیی هەیە.
جا دیارە دڵدار لەبەر واتا بووبێت یان ـ بە ئەگەری زیاتر ـ بۆ کێشی هۆنراوەکەی؛ دەربڕینی باوی “دین و ئیمان”ی گۆڕیوە بۆ “دین و ئایین”، یانی لە جێی دەربڕینێکی وەکوو “دین و ئیمانمانە” بە شێوەی “دینمانە ئایینمانە” دەریبڕیوە، ئەوە بۆ کێشی هۆنراوەکەی گونجاو بووە.
بە زاراوەی ڕەوانبێژیی عەرەبییش؛ دەربڕینێکی وەکوو “نیشتمان دین و ئایینمانە” دوو ئەگەری تێدایە و دەکرێت بە دوو تێرمی ڕەوانبێژی ناوببرێت:
١. یان لە بابەتی “پێچواندنی ڕەوانبێژانە” (“التشبيه البليغ”)ـە، کە بریتیە لە پێچواندن لەگەڵ لابردنی ئامڕازی پێچواندنەکە. یانی لە جێی “نیشتمان وەکوو دین و ئایینمانە” و بەم واتایە، ئەمەش یانی ‘نیشتمان وەکوو دین و ئایین پیرۆز و بایەخدارە’، و لایەنی لێکچوونەکە (“وجه الشبه”) بریتیە لە ‘پیرۆزی و بایەخداری’. ئاشکرایشە کە هەمیشە چوێنراوەکە (“المشبَّه”) لەو واتا و لایەنی لێکچوونەدا ناگاتەوە بە پێچوێنراوەکە (“المشبَّه به”)، چونکە پێچوێنراوەکە خۆی بنچینەیە و بووەتە نموونە و بنچینەی پێچواندنەکە، بۆیە دەربڕینەکە (بۆ کەسێک ڕەوانبێژی بزانێت و لە قسە بگات) ئەوەش ناگەیەنێت کە نیشتمان بە هەمان بڕ و ئەندازەی دین و ئایین پیرۆز و بایەخدارە، بەڵام پیرۆزی و بایەخداری کۆیان دەکاتەوە.
٢. یان دەستەواژەی “دینمانە، ئایینمانە” هەر لە بابەتی “ئیستیعارە”یە، یانی دەربڕینی ئاوەڵواتایی “مەجازی” لەسەر بنچینەی پەیوەندیی لێکچوون (“الشَّبَه”)، بەتایبەتی لە جۆری “ئیستیعارەی ناوهێنی” (“الاستعارة التصريحية” يان “المصرَّحة”)، کە پێچوێنراو (لێرەدا “دین و ئایین”) باس کراوە و ناوی هێنراوە. بەپێی ئەمەش؛ دیسان نیشتمان بە دین و ئایین چوێنراوە، لە پیرۆزی و بایەخداریدا، ئەوەی کە کۆیان دەکاتەوە؛ ئەوەیە کە هەردووکیان (دین و نیشتمان) دەستیان پێوە دەگیرێت و بەرگرییان لێ دەکرێت.
ئەم جۆرە دەربڕینە نموونەی تری زۆرە، و هەتا لە دەقی قورئاندا هاوشێوەی هەیە، لە ڕووی داڕشتن و جۆری هونەری ڕەوانبێژیەوە، کە ـ بۆ نموونە ـ لە قورئاندا هاتووە دەڵێت: “إنما المؤمنون إخوة” (الحجرات: ١٠)، یانی ‘(بەدڵنیایی) باوەڕدان بران’ یان ‘باوەڕداران هەر بران’، ئەم دەقە قورئانیە و بەتایبەتی بەکارهێنانی وشەی “إخوة” (دەقاودەق ‘براگەل’) لێرەدا بۆ وەسفی ‘باوەڕداران’، وەکوو ـ بۆ نموونە ـ (ئالووسی) و ڕاڤەکارەکانی تری قورئان باسیان کردووە [و مامۆستا (جاسم کەلاری) لەم ڕۆژانەدا ڕوونی کردەوە، لەگەڵ نموونەی تردا(١)] ئەو دوو ئەگەرەی تێدایە بۆ پۆلێنکردنی بەپێی زاراوەی ڕەوانبێژیی عەرەبی: یان لە بابەتی “التشبيه البليغ”ـە (یانی دەربڕینەکە بە جۆرێکی تر دەبێتە “إنما المؤمنون كإخوةٍ” بە دانانەوەی ئامڕازی پێچواندن، یان “ئیستیعارە”یە بەو جۆرەی ڕوونمان کردەوە کە ئەمیش هەر لەسەر بنەمای پێچواندنە (لایەنی لێکچوونەکەش، لەنێوان براگەلی ڕەچەڵەک و هاو-باوک و نێوان باوەڕداران؛ وەکوو ئەو ڕاڤەکارانەی قورئان باسیان کردووە؛ یان هاوڕێیەتی و دۆستایەتیە، یان ئەوەیە وەکوو چۆن براکان یەک باوکیان هەیە؛ باوەڕدارانیش هەموویان دەچنەوە سەر یەک بنچینە و بنەما کە باوەڕە، یان وەکوو چۆن باوک بنچینەی هاتنە ژیانی براکانە؛ ئاوایش بنەمای باوەڕ بنەمای بوون و ژیانی هەتاهەتایی باوەڕدارانە).
پەراوێز:
(١) بڕوانە:
واتا و حوکمی سروودی ئەی ڕەقیب – مامۆستا جاسم کەلاری، لە چەناڵی یوتیووبی خۆی، ١٩ / ١٢ / ٢٠٢٤.