بەشی یەکەم:
ڕوونکردنەوەیەک بۆ دەربڕینی
“نایڕمێنێ دانەیی تۆپی زەمان”
لە هۆنراوەی “ئەی ڕەقیب!”ی مامۆستا (دڵدار)
سەروەر پێنجوێنی
پێشەکی؛ کورد بۆ سروودی نیشتمانی و نەتەوەیی و شۆڕشگێریی “ئەی ڕەقیب!” سەیری دەموپلی هیچ کەسێک لە بەرە ئیسلامیە توندڕەوەکە ناکات، ئەوانەی قیبلەیان لە تورکیای نەو-عوسمانی و لە ئیمارەتی ئەفغانستانە و دڵیان بۆ گرووپە سەلەفی-جیهادیەکانی سووریا لێدەدات. هەر کەسێک لەوانە هەرچیی وت بۆ کوفراندن و قەدەغەکردنی سروودی “ئەی ڕەقیب!” و بۆ پاساودانی ئەو کوفراندنەش هەر بیانوویەکی لێ گرت؛ هەر وەکوو بیانوو بۆ “تەکفیر”کردنەکانیان و هەڵنەهاتنی چاویان بە هەموو هەوڵێکی سەربەخۆیی کورد بۆیان دەڕوانین، و مشتومڕیشیان لەگەڵ ناکەین.
بۆیە ئامانجی ئێمە لەم باسانەدا بڕواهێنانی ئەوانە نیە، چونکە لە بنەڕەتەوە دەزانین ئەوانە بەبیانوو و بەگومانن لە هەموو شتێکی ئێمە، و هەرچی بێت هەر بیانووی لێ دەگرن و هیچ “ئینصاف”ـێک بۆ ئێمە بەخەرج نادەن، چونکە لە بنەڕەتەوە نایانەوێت کورد هیچ سەربەخۆییەکی سیاسی و ئایدیۆلۆجیایی و مەزهەبیی هەبێت، و گومان و تۆمەت و کوفراندنیان لە هەموو شتێکی تایبەتی کورد ئامادەیە. وەکوو (ئەردۆغان)ی سوڵتانیان، هەر هیچ بیانوویەکی پێ نەمێنێت؛ دەڵێت ئەوانە (هەر خەباتکار و ئازادیخوازێکی کورد) “زەرتوشت”ـن! یانی زەردەشتین!
بەڵام لە بابی ڕوونکردنەوە و مشتومڕی زانستی و بۆ تێگەیشتنی خۆمان؛ وەکوو پێشتریش زۆر جار بە وتار و لێکۆڵینەوە لەسەری ڕۆشتووین؛ لێرەدا چەند دەستەواژەیەکی هۆنراوەکەی مامۆستا (دڵدار) ڕوون دەکەینەوە:
یەکەم:
ڕوونکردنەوەیەک بۆ دەربڕینی نایڕمێنێ دانەیی تۆپی زەمان”
“نایشکێنێ دانەیی تۆپی زەمان”، یان بەو شێوەیەی لە دیوانەکەدا هەیە: “نایڕمێنێ دانەیی تۆپی زەمان” (کە لێرەدا “ڕمان/نەڕمان” لە ڕووی واتایشەوە ڕاستە یان ڕاستترە)؛ ئەم “دانەیی”ـە لە سروودە خوێنراوەکەدا زۆر جار کراوەتە “دانەری” کە هەڵەیە. هەتا ئەگەر وایش بوایە و “دانەری تۆپی زەمان” مەبەست “خوا” بێت؛ هێشتا ڕستەیەکی بە بێژە “خەبەری”ـە و بە واتا “ئینشائی”ـە، وەکوو نزایەکە و هیوا خواستنێکە بۆ ئەوەی “خوا” ـ وەکوو “دامەرزرێنەی ڕۆژگار” ـ “قەومی کورد” نەشکێنێت. زۆر نزای دینییش هەیە بەڕواڵەت “خەبەری”ـە و بە واتا “ئینشائی”ـە و نزایە، وەکوو دەڵێن “رحمه الله” و “يرحمه الله” وەکوو نزایەک، یان هەتا ڕستەی باوی “صلى الله عليه وسلم”یش لەو بابەتەیە.
ئینجا بۆ ئەوەی لە دەربڕینەکە تێبگەین:
١. “دانەیی” هەر “دانەی”ـە، و بۆ تەواوکردنی کێشی شیعرەکە “-ی” تێرکراوە و درێژکراوەتەوە و بووەتە “دانەیی”. ئەمە لە شیعری کلاسیکیدا زۆرە. بەڵام ئەم “دانەیی”ـە بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکێک کە ئاشنای دەستەواژەی لەم جۆرە نین (و ناشزانن “دانەی تۆپی زەمان” یانی چی)؛ لە خۆیانەوە بیکەن بە “دانەری..”.
٢. “دانەی تۆپ” یانی ‘گوللە تۆپ’. هەر “دانە” خۆی لە کۆندا بۆ ئاماژە بۆ گوللە تۆپ بەکارهاتووە، لە فارسیدا وشەکە “دانه” بەم واتایە هاتووە، و هەتا چووەتە عەرەبییشەوە کە “دانة” بەو واتایە دێت، بەتایبەتی کە دەوترێت “دانة المدفع” و بۆ کۆیش “دانات المدافع”.
ئەوەش لەبەر ئەوەی گوللە تۆپ وەکوو دانە و دەنکێک هاتووە پێش چاو، بۆیە “دانە”ی پێ وتراوە.
یان بەپێی ئەم چاپە کۆنە کە وێنەکەیم داناوە ـ ئەگەر هەڵەی چاپخانە نەبێت ـ دەربڕینەکە خۆی “دانەیێ”یە، کە ئەوەش یانی ‘گوللە تۆپێک’.
٣. “تۆپی زەمان” ئاماژەیە بۆ کارەساتی ڕۆژگار، کە بە هاتنەپێشی ڕۆژگار کارەسات و ڕووداوی نەخوازاو دێنە پێشەوە. و لێرەدا کارەساتێک کە “زەمان” یان ڕۆژگار لەگەڵ خۆی دەیهێنێت؛ وەکوو تۆپێک چاوی لێ کراوە، مەبەستم خودی تۆپی هاوێژراو (کە ئەمەیان ڕاستتر دیارە، مادەم دەقەکە دەڵێت “دانەیی تۆپ” یان “دانەیێ تۆپ”)؛ ئەو کاتە “دانەی تۆپ” بە واتای ‘گوللە تۆپ’ (واتە ‘ئەو دانەیەی کە تۆپە’ یان ‘گوللە تۆپە’، لە بابەتی “ئیزافەی بەیانی”ـە [“الإضافة البيانية” يان “الإضافة التي للبيان”])، ئینجا “(دانەی) تۆپ” یان “(دانەیێ) تۆپ” ئیزافە کراوە بۆ “زەمان” (واتە ‘ئەو گوللە تۆپەی هی زەمان’ـە، لە بابەتی ‘ئیزافەی لامی’ [“الإضافة اللامية”])، و زەمان خۆی دەبێتە جۆرێکی خەیاڵی لە تۆپهاوێژ. بەم بارەیشدا تۆپەکە خۆی دەبێتە ئاماژە بۆ ئەو کارەساتەی کە بە هاتنەپێشی ڕۆژگار و زەمان دێتە بەرەوە و بەرۆکمان دەگرێت.
ئەگەریشی هەیە مەبەست لە “تۆپ” چەکی تۆپهاوێژ خۆی بێت، و لێرەدا “زەمان” یان ڕۆژگار وەکوو تۆپێک چاوی لێ کراوە کە هەمیشە ئامادەیە بۆ تەقاندنی تۆپ، یانی ڕۆژگاریش وەکوو ئەو تۆپە ئامادەیە بۆ هێنانە پێشەوەی کارەسات. بەپێی ئەمە دەستەواژەی “تۆپی زەمان” لە بابەتی ئیزافەی چوێنراوە بە پێچوێنراو (“إضافة المشبه إلى المشبه به”)، کە “پێچواندنی دووپاتکراوە” (“التشبيه المؤكد”)ی پێ دەوترێت. بەڵام ئەمە ئەگەرێکی لاوازە، چونکە دەقەکە دەڵێت “دانەیی تۆپ” یان “دانەیێ تۆپ”، کەواتە مەبەست گوللە تۆپ خۆیەتی نەک تۆپهاوێژ.
بەگشتییش؛ “زەمان” لێرەدا گوزارش لە چەمکی “ڕۆژگار” دەکات وەکوو سەرچاوەی کارەساتەکان کە بەردەوام تووشمان دەبن، چونکە لە کۆندا بڕوا وا بووە کە بە سووڕانی چەرخی ڕۆژگار کارەساتەکان دێنە بەرەوە (چەرخێکی زەبەلاح کە بە عەرەبی “فەلەک”ی پێ وتراوە، و وا زانراوە وەکوو بنمیچێکی زەبەلاحە لە ئاسماندا، بە سووڕانی؛ کات و زەمەن بەردەوام دەبێت، و بە بەردەوامبوونی کات و هاتنی داهاتوو؛ ڕووداوەکان و ـ لەمانەش ـ کارەساتەکان دێنە پێشەوە. بۆیە بە واتایەکی مەجازی ئەم کارەساتانە دراونەتە پاڵ فەلەک و ڕۆژگار و زەمان).
تێبینی: لە وتارێکی کۆنمدا(١) گومانم بۆ ئەوە چووبوو کە “دانەی تۆپی زەمان” ئاماژە بێت بۆ چەرخی بازنەیی خەیاڵیی ڕۆژگار لە باوەڕی کۆندا کە پاشماوەی لە دەربڕینەکاندا ماوەتەوە، بەڵام ئەوە هەڵە بوو، چونکە ئەو چەرخ “فەلەک”ـە خەیاڵیە لەو گەورەترە بە “دانە” ناوببرێت.
٤. کۆی دەربڕینەکە “نایشکێنێ دانەیی تۆپی زەمان” کە مەبەست “قەومی کورد”ە کە لە نیوە دێڕی یەکەمدا باسی هاتووە؛ لەسەر چواندن “تەشبیهـ”ـێکی ناوکۆیی “ضمني”ی لێکدراوی جوان وەستاوە، بەم جۆرە:
ـ نەتەوەی کوردی چواندووە بە قەڵایەک کە دیواری هەیە و خۆڕاگرە لەبەردەم هێرشەکاندا. بەڵام بەڕوونی نەیچواندووە بە قەڵا و وشەی “قەڵا”ی بەکارنەهێناوە بڵێت “قەومی کورد وەک قەڵایەکە تۆپی زەمانە نایشکێنێت”، بەڵکوو لە باسی “نایشکێنێ دانەی تۆپی زەمان”ـەوە ئەوە دەفامینەوە کە کوردی بە قەڵایەک چواندووە کە گوللە تۆپی بەردەکەوێت و ناشکێت.
ـ ئەو کارەساتانەی بە درێژایی ڕۆژگار بەسەر نەتەوەی کورددا هاتوون یان هێنراون (وەکوو هێرش و داگیرکاریەکان، قەتڵوعام و جینۆسایدەکان…)؛ چواندووە بەو گوللە تۆپانەی لە ڕابردوودا (لەو چەند سەد ساڵەی دواییدا) دەنران بە دیواری قەڵاوە بۆ ڕووخاندنی و دروستکردنی دەرچەیەک بۆ چوونەژوورەوە و هێرشبردنە ناو قەڵا و داگیرکردنی، کە لە ڕابردوودا هەر شارێک و دەسەڵاتێک لە قەڵایەکی لەو شێوەیەدا خۆی قایم دەکرد، و بە دیوار و قایمکاریی قەڵا خۆی لە هێرش دەپاراست.
بۆیە “نایڕمێنێ” یان “نایشکێنێ دانەیی تۆپی زەمان” یانی: کارەساتەکانی ڕۆژگار ئەو قەڵایە تێکناشکێنێت کە بریتیە لە نەتەوەی کورد، و بوون و چەسپاوی و ناسنامەی ئەم نەتەوە/قەڵایە هەر بە ڕاوەستاوی و قایمی دەمێنێتەوە. کە ئەوەش واقیعێکە، جگە لەوەی هیوایەکیشە کە بەردەوام بێت.
تێبینی: لێرەدا کە شتێک بە شتێکی تر چوێنراوە، بەبێ ئەوەی ئامڕازی چواندن بەکارهاتبێت و پێچوێنراو (لێرەدا “قەڵا”) باس کرابێت بەڵام شتێک لە شێوە و بارودۆخ (لێرەدا “نە/ڕمان” يان “نە/شکان بە تۆپ”)ی ئەم پێچوێنراوە باس کرابێت بۆ ئەوەی بزانرێت چوێنراوەکە ـ کە ناوی هاتووە (لێردا “قەومی کورد”) ـ بە چی چوێنراوە؛ ئەم جۆرە چواندنە لە زاراوەی ڕەوانبێژیی عەرەبیدا پێی دەوترێت “ئیستیعارەی بەکینایە” (“الاستعارة المكنيّة”)، چونکە لێرەدا “قەومی کورد” ئاماژەیە و کینایەیە بۆ قەڵایەک. ئەو بەشەیشی کە شێوە و بارودۆخی پێچوێنراوەکەیە (لێرەدا “نە/ڕمان” يان “نە/شکان”ی قەڵا “بە تۆپ”) و لە بنەڕەتدا تەواوکەر و پەیوەندیدار (“لازم”)ی ئەوە و وای کردووە پێویست نەکات پێچوێنراوەکە (لێرەدا “قەڵا”) باس بکرێت چونکە پەیوەندیدار (“لازم”)ـەکە ئاماژەی بۆ دەکات؛ ئەمەیان پێی دەوترێت “ئیستیعارەی خەیاڵسازی” (“الاستعارة التخييلية”)، لەبەر ئەوەی وێنەیەکی خەیاڵی دەهێنێتە پێش چاوت کە ڕمان/نەڕمانە بە گوللە تۆپ، کە بۆ قەڵا واقیعیە، بەڵام بۆ “قەومی کورد” خەیاڵیە.
پەراوێز:
(١) بڕوانە: پێنجوێنی، سەروەر، “دانەیی تۆپی زەمان: ڕاڤەیەک”. بلۆگی نووسەر، ٢٠ / ٧ / ٢٠١٢.
https://sarwar-penjweni.blogspot.com/2012/07/blog-post_20.html