ئیکۆفێمینیزم – دەنگێک کە ژینگە و مافی ژنانی دەپارێزێت

271
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: شارۆ شاهۆ

ڕۆژی نێودەوڵەتیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان (25ی تشرینی دووەم) ڕۆژێکی گرنگی جیهانییە کە لە ساڵی 1999 لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاری کراوە بۆ یادکردنەوەی کوشتنی سێ خوشکی تێکۆشەری میرابال (پاتریا ، میرڤا، ماریا تێریسا) لە ساڵی 1960 لە کۆماری دۆمینیکان کە ناسراو بوون بە “پەپولەکان” (Las Mariposas). خانمانی کوردیش وەک توێژێکی ستەم دیدەی دەستی سیستەمی پیاوسالاری کوردی و نەریتپارێزان ساڵانە یادی دەکەنەوە. یادکردنەوەیەک کە وەک بڵێی ئەرکێکە و دەبێ بەپەلە بیکەن، کۆمەڵێک داتای توندوتیژی و ژنکوژی نیشانی جڤاتێک بدەن کە تەواوی ماکەکانی ژنکوژی و ژنبێزی لەناو خۆیدا مەڵاس داوە. چڤاتێک کە ساڵ بەساڵ لە خۆ بەهێزکردنی خۆیدایە لەڕێگەی تاک و گروپە کۆنەپارێزەکان بۆ داتاشینی هەزار بڕوبیانو بۆ خەتابارکردنی خانمان وەک سەچاوەی تەواوی کێشەکان. هەڵبەت ئەم خەتابارکردنەش لەو سیستەمە حکومداریەوە سەرچاوەدەگرێت کە تاکەکانی ماندووی ململانێ سیاسی و ئابوریەکان کردوە. سیستەمێکی ڕەق لێبوونەوە و توندوتیژی دروستبووە کە پیاوانیشی بەجۆرێک گیرۆدە کردوە کە تەواوی ڕەقەکانی خۆی بەخانمان دەڕێژن. بەوپێیەی کە پیاوان هەتاکو ئیمڕۆش خۆیان بە خاوەنی ژنان دەزانن، چونکە دواجار هەلومەرجێکی نەریتی بوونی هەیە تێچووی تەواوی پرۆسەی هاوسەرگیری بەسەر پیاودا ئەرکردارکردوە. خودی ئەم ئەرکداریەش پرۆسەی بەکاڵابوونی ڕۆڵی ژنانی لێ سەوزبووە لەپاڵ هەر جۆرە خاوەندارێتیەک کە سیستەمی کوردی لە باشور بەپیاوانی بەخشیوە. ڕیشەکانی توندوتیژی دژ بەژنان لەناو کۆمەڵگای باشوردا بە جۆرێک پەرشبۆتەوە کە تەواوی کایەکانی گرتۆتەوە کە بەجۆرێک سیستەمایزبووە. لە ڕێکەوتی ٣ ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی ناخهەژێنی بڵاوکردەوە لەسەر ئەو پێشێلکاریانەی کە بەرامبەر بە خانمان دەکرێت بەناونیشانی ( Daunting and Dire- ترسناک و نائومێدکەر). ڕاپۆرتەکە بەرهەمی شەونوخونی تیمەکانی ڕێکخراوەکەیە لە هەرێمی کوردستان کە ئەوەمان نیشان ئەدات زیاتر لە 50% ژنان تووشی جۆرێک لە توندوتیژی خێزانی دەبن. سیستەمی یاسایش بەجۆرێکی زۆر لاواز ڕۆڵ دەبینێت لە بەسزاگەیاندنی تاوانباران. هەر لە دواخستنی کەیسەکانەوە بیگرە تاکو پێدانی ڕۆڵ بە کارەکتەرە نەریتخواز و پیاوسالارەکان بەناو پرۆسەی ئاشتی کۆمەڵایەتەوە. ئەوەی لەم ڕاپۆرتەدا جێگای سەرنجم بوو یەکێک لە بەڕێوبەرانی سەنتەری بەرەنگاربووەی توندوتیژی خێزانی ئاماژەی بەوەداوە ” چۆن دەتوانین هەر کاتێکی خۆمان تەرخان بکەین بۆ باشترکردنی پاراستن و خۆشگوزەرانی ڕزگاربووان توندوتیژی کاتێک پەنامان بۆ دەبەن. لەکاتێکدا ئێمە تەواوی کاتەکانمان بەسەردەبەین بۆ دەستخستنی کۆمەکی دارایی بۆ دابینکردنی سوتەمەنی و چاکردنەەوەی ئۆتۆمبێل و ئاوی خواردنەوە بۆ ستافی بەڕیوبەرایەتیەکەمان؟” [1]ڕاپۆرتەکە بۆمن زەنگێکی مەترسیداربوو کە حکومەتی زۆرینە پیاوسالار بێ باکن لەوەی ژنان دوچاری چی ستەمێک دەبنەوە. تەنها شتێک بۆ ئەوان گرنگە لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان بەپۆشینی بەرگە گرانبەهاکانیان بە کۆمەڵگای نێودەولەتی بڵێن کە ئەمان چەند خەمخۆری ژنانن. شتەکە لە شانۆییەکی تەواو دەچێت کە بەرگی داوە بەسەر ستەمکارییەکی شاراوە و برواپێهێنانی ژنان بەوەی کە ئەوان خاوەن مافن بەڵام تاکو ئەو شوێنەی مەترسی دروستنەکات لەسەر بەرژەوەندیەکانیان. کاتێکیش دروستی کرد ماشێنێکی زەبەلاحی میدیای ئامادەیە بۆ داتاشینی هەر جۆرە وەڵامێک کە ژنی پێ تاوانباربکرێت.

من چی دەبینم؟

لەپاڵ ئەو ستەمکارییە شاراوەیەی کە بوونی هەیە لەناو کۆمەڵی کوردییدا، ژنانیش خەریکە ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیاریان بەرامبەر ئەو هەلومەرجەی بۆیان سازێنراوە لەلایەن پیاوسالارەکانەوە ڕوو لە پاشەکشێیەکی مەترسیداردەکات. دەرکەوتنی دیاردەی خۆبەکاڵاکردنی خانمان لەناو پرۆژەی بازرگانی پیاوسالارەکان و پارتە سیاسیەکان بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار هەنگاوی ناوە، کارلێکیان کردوە لەگەڵ ئەو گوتارەی کە سالانێکی زۆرە کاری لەسەر دەکرێت کە پێی وایە مادەم ژن لە پیگەکانی دەسەڵاتدایە ئەوا نابێت ئیتر مافی گلەی و گازندەیان هەبیت. یاخود دەرکەوتنی خەباتی ژنان دەستی دەرەکی لە پشتەوەیە، نمیاندەی تێکدانی شیرازەی خێزان و کلتوری کوردەوارین. لەکاتێکدا کلتوری کوردەواری هەر لە پەند و چیرۆکە فلکۆری و نوکتەکانیدا پڕێتی لە سیمای ژنبێزی و بەکەم سەیرکردننی ژن وەک بوونەوەرێکی خاوەن کەم ئەقڵ. کاتێک ئەم رۆشنبیریەش بوونی نەبوو کە تەواوی دیاردەکان ڕەخنەبکات لەناو خانمان خۆیاندا، ئیتر خانمان ناچار دەبن باوەڕبەوە بهێنن کە هەر بەراستی ئەمان مافی تەواویان پێدراوە. ئیتر فەزای ئەمان بەتەنها فەزای خۆجوانکردن و کڕینی جل و بەرگی مارکە و ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکارییە بۆ ئەوەی دڵی پیاوسالارانی سەرمایەداری پێ ڕابکێشن، ببنە ئایکۆنێک بۆ جوانکردنی سیستەمێک کە لە هەناویدا تەواو بۆگەن بووە و لە ئان و ساتی سفربوونەوەدایە.

پێشنیارنامەیەکی نوێی خەباتی فێمێنزمی:

گومان لەوەدا نیە کاتێک سیستەمی پیاوسالاری زاڵبوو تاکە شتێک کە ڕاستەوخۆ زەرەرمەند ئەبێت پرسی ژینگەی سروشتی و وێرانکردنێتی ئەم دیاردەیەش پرسێکی تەواو جیهایشە لە هەمان کاتدا. زۆربەی ئەو کارگە و وەبەرهێنانەی کە لە جیهاندا دەکرێن و تۆمەتبارن بەوەی کە دەستی باڵایان هەیە لە پیسکردنی ژینگەدا پیاوانی سەرمایەدار خاواندارێتی دەکەن. بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ڕێکخراوی جیهانی OXFAM لە ٢٠٢٣بەناونیشانی ( یەکسانی کەشوهەوا) گەیشتوون بەو دەرئەنجامەی لە ١٠٪ دەوڵەمەنترینی سەرمایەدارەکانی جیهان بەرپرسن لە دەردانی گازی CO2 بە ڕێژەی لە ٪٥٠ کە هۆکارێکە بۆ گەرمبوونی زەوی. [2]ئەمەش ئاشکرایە کە زۆرینەی ئەو دەوڵەمەندانە پیاوەکانن نەوەکو ژنەکان. بەپێچەوانەشەوە ژنان ئیمڕۆ لە پێشینەی ئەو بزاوتانەن کە ژینگە دەپارێزن. دیاترین نموونەش (ماری بارا) ە کە یەکەمین سەرۆکی کۆمپانیای گەورەی ئۆتۆمبێل ( جەنەڕاڵ مۆتۆرس- General Motors) ئەمریکیە بە جۆرێک ستراتیژی دوورمەودای کۆمپانیاکەی داڕشتووە کە هەتاکو ساڵی ٢٠٣٥ تەواوی بەرهەمی ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن بە ئۆتۆمبێلی کارەبایی و دۆستی ژینگەی، لەپاڵ وەبەرهێنانی جۆری نوێی پاتری کە دۆستی ژینگەیین. [3]
لەهەرێمی کوردستانیش ئەوە ئاشکرایە کە ئیمڕۆ چۆن ژینگە دەشیوێنرێت و باڵاخانەی بەرزی پڕ لە نههۆمی دروست دەکرێت کە دیاردەی پیسبوونی بینی دروستکردوە. ئەمە سەرباری ئەوەی کە لە ئیستادا سەرمایەدارانی پیاو لە کوردستان ئامانجی تەماحکاری خۆیان بەرەو چیاو دارستانەکان ئاراستەکردووە. هەر لە دابڕینی شاخەکانەوە بیگرە تاکو سوتاندن و بڕینەوەی دار بەپاساوی دروستکردنی پرۆژەی وەبەرهێنان. هەروەتر، هێنانی سوتەمەنی کوالیتی خراپ و خواردنی پڕ لە ژەهر بەڕیگای قاچاخ و مەرزە نا یاساییەکانەوە. بەبڕوای من زۆر گرنگ و بایەخدارە ژنان ئیتر لەو مۆدێلی خەباتی مەدەنیەدا گیرنەخۆن کە لەناو ئۆفیس و هۆتێلە گرانبەهاکان بەڕیوەدەچێت کە سەرمایەداران پیاوسالار هیچ گرفتێکیان لەگەڵ ئەم مۆدێلە نیە مەگەر چەند کارەکتەریکی ئاینی نەبێت کە ئەوانیش دواجار هەر دۆستی سەرمایەدارانن. بەڵکو ئیتر بێنە ناو خەباتی مەدەنی ڕاستەقینە کە بەبڕوای من نموونەی باڵای ئەو خەباتە (ئیکۆفێمینزیم)ە. نموونەی ئەو جۆرە لە خەباتی ڕاستەقینەیە کە ئەوان ئەگەڕێنێتەوە بۆ ناو باوەشی سروشت و باڵاکردنی دەنگیان لە وێنە جیهانیەکاندا. لێرەدا بە گرنگی دەزانم سێ نموونەی دیار بخەمەڕوو لە خەباتی خانمان لەو کۆمەڵگایانەی کە تاکی کوردی پێی وایە کە پاشکەوتوون. بەو هیوایە ئایدیەکی نوێی خەباتی ژنان لەبواری ئیکۆفێمێنیزم سەرڕێ ببێت لەناو کۆمەڵی کوردییدا وەک دەروازەیەکی نوێ بۆ خەباتی خانمانی چالاکوان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو ستەم و توندوتیژیانەی کە بەشێوەیەکی ڕێکخراو ئاراستەیان دەکرێت. هەروەتر، گرتنەبەری ڕەوتێکی دیاریکراو لە کاروانی خەباتی ژینگەییاندا وەک ستارتیژێکی دوورمەودا بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتی پیاو سالاری بەسەر کۆمەڵی کوردیدا.

١.بزووتنەوەی چیپکۆ لە هیندستان:

بزووتنەوەی چیپکۆ ڕیشەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٦٠، کاتێک ناوچە گوندنشینەکانی هیمالایا دووچاری داماڵینی بەردەوامی دارستانەکان دەبوونەوە. یەکەمین نیشانەکانی بزووتنەوەکە لە ساڵی ١٩٦٥دا دەرکەوتن، کاتێک گوندنشینانی ناوچەی گۆرخالاند بەرگری جەماوەریان دژی کۆمپانیا دارتاشەکان دەستپێکرد. لە ساڵی ١٩٧٠دا، دوای چەندین ساڵ لە چالاکی و بەرگری، ڕووداوێکی گرنگ ڕووی دا کە بوو بە خاڵی وەرچەرخان: لە ١٢ مارسی ١٩٧٠، ژنانی گوندی ڤیچاری، بە سەرکردایەتیی چاندی پراساد بهاٹ، بە شێوەیەکی هێمایی باوەشیان بە دارەکان دا بۆ ڕێگری لە دارتاشینیان. ئەم کردەیە بوو بە سیمبولی بزووتنەوەکە و ناوی “چیپکۆ” (بە مانای باوەش)ی پێ درا. لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠-١٩٨٠، بزووتنەوەکە پەرەی سەند و باڵی کێشا بە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکانی هیندستان، بە تایبەتی لە ویلایەتەکانی ئوتار پرادێش، دایارا، و بیهار. سەرکردایەتی ئەم بزووتنەوەیە زۆرینەیان ژنان بوون، وەک گاورا دیڤی، سوندەرلال باهوگونا، و چاندی پراساد بهاٹ. دوای چەندین ساڵ لە خەبات و بەرگری، لە ساڵی ١٩٨٠دا دەوڵەتی هیندستان ناچار بوو یاسای دارستانی نیشتیمانی (National forest policy) دەربکات. بڕیاری دا کە ٣٣٪ لە ناوچەکان دەبێت بە دارستان دابپۆشرێت و مافی کۆمەڵگا خۆجێیەکان لە بڕیارە ژینگەییەکاندا پێشێل نەکرێت. هەروەها لە ساڵی ١٩٨٦ یاسای مافی دارستان ١٩٨٦ (Forest Rights Act 198 دەربکات بۆ پاراستنی دارستانەکان کە دەسەڵاتی بڕیاردانی ژینگەیی دایە دەست کۆمەڵگا خۆجەییەکان لەناوچە دارستانیە چڕەکاندا. پاشخانی خەباتی ئەم بزووتنەوە کاریگەریەکی ڕیشەیی بەدی هێنا لە خەباتی ئیکۆفێمێزنزمیدا لە هیندستان، بووە ئیلهام بەخش بۆ چەندین بزووتنەوەی ژینگەیی لە وڵاتانی جیاوازدا.
٢.بزوتنەوەی پشتی سەوز (Green Belt Movement) لە کینیا:
ئەم بزوتنەوەیە لەلایەن وانگاری ماتهای، خەڵاتبێری نۆبڵی ئاشتی، لە ساڵی ١٩٧٧ دامەزرا کە بنەمای سەرەکی دەچووە سەر چارەسەرکردنی دوو گرفتی هەرەگرنگ: لەناوچوونی دارستانەکان و هەژاریی ژنان لە گوندەکانی کینیا. ئەم بزووتنەوەیە توانی زیاتر لە ٥١ملیۆن دار بچێنێت، ١٥٠,٠٠٠ ژنی گوندی بۆ کاری ژینگەیی ڕاهێنێت، بواری بژیوی ژنانی باشتر بکات، هەروەها بووە هۆی گەڕاندنەوەی ٢٥٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە دارستانەکان. وانگاری ماتهای نەک هەر توانی سیستەمی سیاسیی کینیا ناچار بکات پرسی ژینگە بە بەهەند وەربگرێت، بەڵکو هەموو ئەفریقیا و جیهانیشی هۆشیار کردەوە کە پاراستنی ژینگە و مافی ژنان دوو بابەتی لێکدانەبڕاون. لە ئەنجامدا، ئەم بزووتنەوەیە بووە هۆی گۆڕانکاریی یاسایی لە کینیا، لە ساڵی ٢٠١٠ دا دەستووری کینیا ماددەیەکی تایبەتی بۆ مافی ژینگەیی تەرخان کرد کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی بزووتنەوەکەی وانگاری ماتهای بوو. ئەم بزووتنەوەیە بیردۆزی ئیکۆفێمینیزمی بە کردەوە سەلماند کە ژنان لە کۆمەڵگا گوندنشینەکان بەرپرسی یەکەمی کۆکردنەوەی دار، ئاو، و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ژیانن، بۆیە زیاتر لە پیاوان لە لەناوچوونی ژینگە زیان دەبینن. ماتهای بەردەوام جەختی دەکردەوە کە پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان یەک پڕۆسەن، نەک دوو بابەتی جیا. بزووتنەوەکە نەک هەر دەیان هەزار دار چاند و ژنانی گوندی فێری چۆنیەتیی چاندن و پاراستنی دار کرد، بەڵکو هاوکات ئابووریی ژنانی بەهێز کرد، متمانەبەخۆبوونیان زیاد کرد، و دەرفەتی سیاسیی بۆ کردن. لە ئەنجامدا، ئەم بزووتنەوەیە بووە سەرچاوەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی، هەروەها بووە نموونەیەکی جیهانی بۆ ئەوەی کە چۆن ژنان دەتوانن ببنە هێزی سەرەکیی گۆڕان لەناو کۆمەڵگادا.

٣. خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی Standing Rock:

ئەم بزووتنەوەیە Standing لە نیوەی دووەمی ساڵی 2016 لە ناوچەی داکۆتای باکوور سەریهەڵدا، بوو بە بزووتنەوەیەکی جیهانی بۆ بەرگری لە مافی هۆزی “سیۆکس” (Sioux) – کە یەکێکن لە گەورەترین هۆزە ڕەسەنەکانی ئەمریکا و لە ناوچەکانی داکۆتا، مینیسۆتا، نەبراسکا و وایۆمینگ نیشتەجێن ، خەباتی خۆیان سەرڕێ خست لە دژ بە (پڕۆژەی بۆڕی نەوتی Dakota Access) کە دەبوو بۆریەکانی ئەم پڕۆژەیە بە سەر زەوی پیرۆز و سەرچاوە ئاوییەکانی «هۆزی سیۆکس» ڕەتببێت. ئەوەی شایەنی باسە ئەم هۆزە کۆنەی ئەمریکا مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە لە بەرگریکردن لە زەوی خۆیان. ئەم بزاوتە خانمێک ڕێبەری کرد بەناوی “لادۆنا بڕاڤ بوڵ ئەڵارد” (LaDonna Brave Bull Allard) – کە ژنێکی بوومی خەڵکی هۆزی Standing Rock بوو بەتەواوی لەگەڵ ئەندامانی هۆزەکەی دژی پڕۆژە نەوتیەکە وەستانەوە. ئەم ژنە چالاکوانە کاتێک بیستی پڕۆژەی بۆڕی نەوت دەبێت بە نزیک گۆڕستانە کۆنەکان و سەرچاوە ئاوییەکانیان تێپەڕێت، کەمپێکی بچووکی بۆ بەرگری دامەزراند کە دواتر بوو بە ناوەندی سەرەکی بزووتنەوەکە. لە سەرەتادا ئیدارەی ئۆباما هەڵوێستێکی بێ لایەنی هەبوو، بەڵام دواتر بڕیاری وەرگرتنەوەی مۆڵەتی پڕۆژەکەی دا کە کۆتایی ٢٠١٦ دا بەشێوەیەکی کاتی ، بەڵام ئیدارەی ترامپ لە ٢٠١٧ دا مۆڵەتی دا بە کۆمپانیایەکە کە بەردەوام بێت لە پێڤاژۆی جێبەجێکردن! بزووتنەوەکە لە ماوەیەکی کورتدا گەیشتە ئاستی جیهانی و زیاتر لە 300 هۆزی بوومی هاتنە پاڵ بزوتنەوەکە، دروشمی “ئاو ژیانە” (Mni Wiconi) بوو بە دروشمی سەرەکی خۆپیشاندانەکانیان، کە نیشاندەری قووڵایی پەیوەندی ژنانی هۆزە ئەمریکیە ڕەسەنەکان لەگەڵ ژینگە و سروشت. هەرچەندە بۆڕی نەوتەکە لە کۆتاییدا تەواو کرا، بەڵام بزووتنەوەی Standing Rock سەرکەوتوو بوو لە ڕاکێشانی سەرنجی جیهانی بۆ مافی ئەمریکیە ڕەسەنەکان و پاراستنی ژینگە،هەروەها بوو بە سەرچاوەی ئیلهام بۆ بزووتنەوە ژینگەپارێزی و ئیکۆفێمینیستیەکان لە ئاستی جیهانیدا.

پەیامی کۆتایی:

گومان لەوەدا نیە کە بەربەستەکانی خانمان لە کۆمەڵی کوردیدا زۆرن. بەڵام ئیتر ئیمڕۆ پاساوێک نیە بۆ خانمان گازندەی ئەوە بکەن کە دەنگەکانیان ناگات چونکە هاوپشتی ڕاستەقینە بەدی ناکەم لەناو بزوتنەوەکانی ژناندا. وەک ئاماژەمان پێیدا مۆدێلی کارکردنی ڕیکخراوەکانی ژنان نابێ قەتیسبووی ئۆفیسەکان بێ. دەبێ هەمو ژنان خۆیان پاڵپشتی یەکتری بن لە داهێنان و خۆڕۆشبنیرکردندا. رازی نەبن بەو هەلە چەواشاکارانەی کە پێیان دەدرێت لەژێر دروشمە پۆپۆلیستیەکاندا. لەچوارچێوەی ئەم وتارەدا پشنیاری خەباتی ئیکۆفێمینزمیان کردووە بۆ خانمان وەک خەباتێکی ڕاستەقینە بەرامبەر ئەو ستەمەی پیاوسالارەکان دەیکەین لەناو کۆمەڵی کوردیدا. ئەگەر لە ڕابردوودا ڕژێمی فاشیستی بەعس گوندەکان و سروشتی وێرانکردبێت، منداڵ و ژنانی ئەنفال کردبێت. ئەوا هێشتا ئیمڕۆ کاریگەری ئەو وێرانکاریە دەبینین بەسەر سروشتەوە کە دەسەلاتی کوردی و شۆڕشگێرەکان نەیان توانی کلتورێکی بەرخۆدان دروست بکەن بەرامبەر ئەو کلتور و وێرانکاریە. بەڵکو ئەوان بە جۆرێک لە جۆرەکان هەر سێبەری ئەو ستەمکاریەن. ئەو ستەمکاریەش کاتێک ڕیشەکێش دەکرێت کە ژنان ئیتر بڕیاربەن پاڵپشتی یەکبن بەبێ گوێدان بە باگراوند و ڕەنگەکانی دەسەڵاتی کوردی کە بەردەوام ستەمکاری خۆی نوێدەکاتەوە هەر جارەو لە بەرگ و ڕەنگێکدا.

 

سەرچاوەکان:

1. Amnesty International. Daunting and Dire: Impunity, Underfunded Institutions Undermine Protection of Women and Girls from Domestic Violence in the Kurdistan Region of Iraq.
2. Pathak, Shekhar. The Chipko Movement: A People’s History. Translated by Manisha Chaudhry, Permanent Black, 2020.
– Earth.Org. 50 Years On: The Legacy of the Chipko Movement. 2024. Available at: https://earth.org/50-years-on-the-legacy-of-the-chipko-movement/.
3. Maathai, Wangarĩ. The Green Belt Movement: Sharing the Approach and the Experience. Lantern Books, 2003.
4. National Museum of the American Indian. Plains Treaties and the Dakota Access Pipeline. Smithsonian Institution, 2024. Available at: https://americanindian.si.edu/nk360/plains-treaties/dapl.

________________________________________
[1] Amnesty International. Daunting and Dire: Impunity, Underfunded Institutions Undermine Protection of Women and Girls from Domestic Violence in the Kurdistan Region of Iraq, page 29.
[2] Oxfam America. The Climate Inequality Report: Why Climate Justice Matters for Human Rights. 2023, page 8.
[3] Columbia Business School. General Motors CEO Mary Barra: “We Believe in an All-Electric Future”. 2024. Available at: https://business.columbia.edu/insights/climate/general-motors-ceo-mary-barra-we-believe-all-electric-future.

 

بڵاوکردنەوە: