نووسینی: بەیان سەلمان
پێشەکی
پێناسەی کارەسات: شانۆگەرییەکە نوێنەرایەتی کردەیەکی کارەساتبار دەکات کە زۆرجار بە مردن کۆتایی دێت.
پرسە: دڵدانەوە و پێشکەشکردنی سەرەخۆشییە لە کەسێک.
کارەسات، شیوەن و ماتەمینی لە خۆی هەڵگرتووە. لێرەوە، پرسە وشەیەکە پەیوەندی بە مردنەوە هەیە و زاراوەی (تشابە) دەکاتە لەیەکترچوون، کە دەپێکێتە سەر نواندن لەسەر سەکۆی شانۆ.
پرسە لە دوو بەشدا ئەنجام دەدرێت:
١- ئەو نمایشەی کە پێی دەگوترێت: دەستە و زنجیر لێدان، (ئەو دەستە کەسانەی بە زنجیرەکان لە خۆیان دەدەن)
٢- (قراءة)، واتای خوێندنەوه دەگەیەنێت.
ڕێکەوتی یەکەم ڕێوڕەسم لە ساڵی ٣٥٢ز / ٩٦٣ ز بوو. دوای ئەوەی لەلایەن سوڵتان موعیز الدولە بە فەرمانێک ڕاسپێردرا و بە یەکەم ڕێوڕەسمی سەر لەوبەیانییە لە نێو جەماوەر دادەنرێت.
پرسە کە ساڵانیکی زۆر لەلایەن ڕژێمی سەدامەوە قەدەخە کرابوو، ئەمڕۆکە ڕێوڕەسمێکی فەرمییە لە عێراق و ئێران. ساڵی جارێک ئەنجام دەدرێت. ڕێوڕەسمێکی ئایینییە بۆ یادکردنەوەی ئازار و کۆچی دوایی دڵتەزێنی نەوەکانی خەلیفە عەلی و بنەماڵەکەی. ئەم ڕێوڕەسمە بە ڕێپێوانێک دەست پێ دەکات کە تەنیا لەلایەن ئەو پیاوانەوە ڕێک دەخرێت کە جلوبەرگی ڕەشی کەتانیان لەبەردایە، لە هەر دەستێکیاندا زنجیریان هەڵگرتووە و لە پشتیان دەدەن، لەسەر ڕیتمێکی مۆسیقا (تەپڵ و شمشاڵ و سەنج) کە هاوشانی ڕێپێوانەکەیە و ڕیتمەکەی بەرەبەرە زیاتر توندوتیژ دەبێت. پیاوان لە سەر و سنگ و دەموچاویان دەدەن، هەندێکجار تەنانەت مردنیشی تیا روودەدات. لە پێشەوای ئەم ڕێپێوانەدا، پیاوێکی زۆر ماسولکەدار ئاڵای هەڵگرتووە، قوماشەکەی پێی دەگوترێت کوتاڵ، نزیکەی ٣ مەترە، ئاڵاکە ڕەنگەکەی ڕەشە و لەسەری بە نووسینێکی سەوز ناوی (اڵڵە، محمد، علی، حسێن) نووسراوە. هەروەها ئامرازی ڕەمزی شەڕیان هەڵگرتووە: خەنجەر، شمشێر، قەڵغان، زنجیر، پەڕ، پەلکی دارخورما و دەستی فاتیمە (دایکی حوسێن). ئەم ئامرازانە بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ لەگەڵ مۆسیقاکەدا ڕێکخراون تا پێکەوە پێکدادان بکەن و دەنگ و غەڵبەی شەڕ دەردەکەن.
نمایشی پرسە:
– ڕێکەوتی مێژوویی: یادەوەری ڕۆژێکە لە ١٠/١٠/٦٨٠
– ماوەی نمایشەکە: لە نێوان چوار تا شەش کاتژمێر لە ڕۆژدا دەخایەنێت.
– جل و بەرگ: جەنگاوەرانی یەزید جل و بەرگیان وەکو سەردەمی ئومەوییەکانە (یەکەم سەردەمی خەلافەتی ئیسلام). هەرچی حوسێن کوڕی عەلییە، بە هەمان شێوە بەرگی ئەو سەردەمەی لەبەرە، بە مێزەرێک کە نیشانەیەکی زۆر بەهێزە لای موسڵمانان، ئەو کەسەی لەسەرێتی بە سەید دادەنرێت، ئەمەش دەکاتە ئەوەی لە پێغەمبەر محەمەد هاتووەتە خوارێ و هەتا ئەمڕۆکە بەردەوامە.
نمایشەکە بەم شێوەیە دەست پێ دەکات، لە دەوری گۆڕەپانێکی کراوەی فراوان (بە ڕەهەندێکی سینەماییەوە) ئەنجام دەدرێت. لە پرسە جێگایەک بۆ ئافرەتان نییە و هیچ بەشدارییەکیان لە نمایشەکەدا نییە. دەتوانین پەیوەندییەک لەگەڵ کارەساتی یۆنانیدا دروست بکەین کە لەو جۆرە شانۆیانەدا ژن ونە. نەک هەر لەبەر ئەوەی بەشداری ژنان قەدەغە بوو، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە بنەماڵەی پێغەمبەرن. لێرەوە، با سەرنجی واتای پیرۆزی دەرنەکەوتنی ژن بدەین. تەنها لە ڕێگەی ئەو چیرۆکەوەی کە دەگێڕدرێتەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ژنانی ئەم بنەماڵەیە وەک دیل گیراون و بۆ شام (دیمەشق) ڕەوانە کراون.
پرسە دیمەنێکی درێژ و نەبڕاوە، ئەکتەری ناپڕۆفیشناڵ لەخۆدەگرێت. نمایشێکی پانتۆمایمە بەهاوشانی چیرۆکێکی نووسراوە کە چیرۆکی ئەلحوسێن و ١١ کەسی ناو خێزانەکەی دەگێڕێتەوە. چیرۆکی ئەم نمایشە بە ڕیتمێکی سەرکەوتوو دەگێڕدرێتەوە، وردە وردە چڕتر دەبێتەوە. ئەوجا لە کاتی دیمەنی هەرە توندوتیژی دراماکەدا بەرزترین پلەی چڕی خۆی وەردەگرێت، ئەویش سەربڕینی ئیمامە، ڕادەی هەستی جەماوەر بە جۆرێکە کە هەمووان پێکەوە دەگریێن. ژنەکان بە گریان و شیوەنەوە جلەکانیان دادەڕێنن، هەمووشیان کەتانێکی ڕەشیان لەبەرە. بەم جۆرە لەگەڵ ئەم ماتەمینە بەکۆمەڵەدا بینەرانی ئامادەبوو مەبەستیانە لە یەکتر خۆشبن و تاوانەکەش کەمتر قورس بکەوێتەوە کە بەکۆمەڵ لە ئەستۆی بگرن نەک بە تەنیا، ئەمەش جۆرێکە لە پەشیمانی و خۆ کڕینەوە لەلایەن شیعەکانەوە، کە لە کاتی شەڕەکەدا وازیان لە حسێن هێنا. ئەم ڕۆژە، ڕۆژی عاشورا، بە توندی لە یادەوەری بەکۆمەڵی شیعەکاندا هەڵکەندراوە.
لە ئاکامدا، ئەم نمایشە بۆ چەند کاتژمێرێک ماندوومان دەکات، لە کۆتاییدا لە نێوان دوو هەستی دژ بەیەکدا کۆتایی دێت: کنجکاوی پێداگری لەسەر ئەم تەماشکردنە، کە هەموو ساڵێک دووبارە دەکرێتەوە، هەروەها چێژێکی دیاریکراویشی بەسەر هەستەکانی بیستنمان هەیە و ڕەتکردنەوەی ئەم کردەیەی کە توندوتیژیەکەی بۆ جەستەی ئێمە ناگوازرێتەوە، بەڵام بەهۆی دووبارەبوونەوەی ساڵانە، دیمەنی ئەو جەستانەی کە بە هۆی زنجیرلێدان دەبنە هەڵگری دەنگێکی بەردەوام لە پانتاییەکی دیاریکراودا و لە پەیوەندیدا بە یەکترەوە، توندوتیژییەکە بۆ تەماشاکەران دەگوازرێتەوە. بەم شێوەیە ئەلحوسێن و ئۆمەویەکان بەپێی نەخشەیەکی فەزایی دیاریکراو ڕێکخراون. بۆیە ئەم پانتاییە دەبێتەوە ئەو شوێنە ڕەمزییەی کە دەتوانین بە تەواوی وشەی کاتارسیسی [1] بۆ بەکار بهێنین.
هەندێک پەیوەندی و دژایەتی: ئەم کارەساتە ڕووداوێکی مێژوویی ڕاستەقینە دەخاتە ڕوو و مامەڵە لەگەڵ ئەفسانە ناکات، وەک ئەو چیرۆکانەی لە نێو تراژێدیای گرێکدا هەن، کە بەرهەمی خەیاڵە، بۆیە ئێمە وا هەست دەکەین کە ڕووداوێکی یۆتۆپیایە لە پانتاییەکی سنووردا ڕوودەدات. مردن بە چارەنووسێکی ئیلاهی نیشانەیەکە کە لە ساییەی ئەوە حوسێن بڕیار دەدات بەشداری شەڕەکە بکات، لە کاتێکدا دڵنیابوو لەوەی چی بەسەر دێت. لێرەدا وەک ئەخیلۆس وایە کە ئاگادار دەکرێتەوە لەو چارەنووسەی وا چاوەڕێی دەکات: ئەگەر بەگەڕێتەوە بۆ شەڕ، بۆ تروا، ژیانی کورت دەبێت بەڵام بۆ هەتاهەتا شکۆمەند دەبێت.
حوسێن، لە ئەزموونی برا گەورەکەیەوە، حەسەن، کە دوای دووبەرکێی شیعەکان، دەست لە مافی خۆی هەڵدەگرێت بۆ یەزید بن معاویە، نەیویست پێگەی خۆی وەک یەکێک لە نزیکترین نەوەکانی پێغەمبەر لەناو ئەو شیعانەی کە کەمینە بوون لەدەست بدات. پاشان، حوسێن بڕیاریدا لە مەدینەوە بچێتە کوفە و لەگەڵ سوپای یەزید شەڕ بکات و سەرەڕای زانینی دەرئەنجامی ئەم شەڕە: هاوڕێکانی ئەلموشایعین خۆیان بۆ ئەلئومەیاد بەجێ دەهێڵن کە دواتر حوسێن لە دەشتی کەربەلا دەکوژن و هەروەها هەموو ئەندامانی خێزانەکەی (هەموو نێرەکان، جگە لە کوڕێک کە لەناو خێوەتی ژناندا مابووەوە) ئەم هەڵوێستەی حوسێن ئەو هەڵوێستەی مەسیحیشمان بیردەخاتەوە کە پلانێکی چارەنووسازی بۆ داڕێژرابوو؛ ئەم دۆخە وەک ئەوەی (ئەژاکس) نییە، پاڵەوانێکی ئیلیادەیە، کە کاتێک بەرەو چارەنووسی خۆی دەڕوات، وەک نابینایەک بەرەو نادیار دەڕوات و نازانێت چی چاوەڕوانی دەکات.
کارەساتی گرێک لە سەرووی هەموو شتێکەوە پرسێکی ئازادی بوو، لە کاتێکدا پرسیاری پرسە ئەوەیە کە کۆمەڵکوژییەک دژی حوسێن ئەنجام دراوە، چونکە الحوسێن مافی ئەوەی هەبووە لە دوای حەسەنی برای ئەو ببێت بە (خەلیفە)، وەک پێغەمبەر داوای کردووە، بەڵام ئەو مافی خۆی بەخشی بە بنەماڵەی ئومەوییەکان بۆ ئەوەی ئارامی بۆ خۆی و بنەماڵەکەی بکڕێت. ئەم بڕیارەش لە دوای ئەوەیە کە دڵنیابوو لەوەی شیعەکان لە ئومەوییەکان دەترسن و پشتی تێ دەکەن. لە کاتێکدا یەزید هەمیشە ویستویەتی تۆڵە لەم بنەماڵەیە بکاتەوە کە ناوی ئەلئەتنا-عەشەریان لە خۆیان ناوە (دوانزە ئیمامەکە) و هەموویان نەوەی پێغەمبەرن؛ بەو پێیەی کە فاتیمە تاکە کچی پێغەمبەر بووە و منداڵی بووە، ئەوانی دیکە زوو مردوون. کەواتە، دەسەڵاتی سیاسی و پلەی روحی (پلەی ئایینی) ئامانجی یەزید بوو. بۆیە بەتەواویی هەوڵێکی ئازادی نەبوو، بە ئەندازەی ئەوەی دەسەڵاتێکی لەدەستچوو بوو. هەرچەندە حوسێنیش بە دوای یەکسانی لە نێوان سونییەکان و شیعەکاندا دەگەڕا، کە بە درێژایی مێژووی ئیسلام، هەتا ئەمڕۆکە، بە کەمینە هەژمار کراون.
تراژیدیای پرسە لە دیمەنێکی ئایینی تراژێدی شانۆی (نۆ) nô ناچێت، قوتابخانەی شانۆی ژاپۆنی، کە تراژێدیا پاڵاوتە دەکرێت بۆ جۆرێک لە ڕازیبوون کە بە هەستی بودایی نەرم کراوەتەوە.
بەڵام، دەکرێ بڵێین کە پرسە زیاتر بە شانۆی ئەلیزابێسی (١٥٥٨ تا ١٦٠٣) دەچێت، لەو ڕووەوەی کە هەموو ئەم شانۆیانە لە دەرەوەی شارنشین بوون و سەکۆیان نەبووە. لە ئێران ئەمڕۆ شانۆیەکە کە سەکۆی هەیە، بە دوو یان سێ نهۆم ڕێکخراوە، بێ پەردە و دیکۆر، بەڵام بە جلوبەرگی نایاب و بە ڕەنگی ڕەمزی کە گوزارشت لە کارەساتەکە دەکات.
لەم نمایشەدا هیچ ئاڕاستەی بۆرژوازی یان ئەرستۆکراسی نەکراوە. هەموو کەسە ئاساییەکان لەسەر پارچە زەوییەک کۆدەبنەوە، لە ڕیزی پێشەوەی شانۆیەکدا کراوەیە بۆ چەند کەسێک و بۆ کەسانی تر بە پێوە وەستاون، هەموو سەرنجیان داوە، پەشێو، بەسۆز، توانای ئەوەیان هەیە بۆ چەند کاتژمێرێک گوێ لەو چیرۆکە بگرن کە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە.
گرنگە بزانین، زمانی کارەساتی پرسە زمانێکی زارەکییە، کاریگەری گواستنەوەی لە زمانی قورئانەوە بەسەرە، کە بە هەمان شێوە زارەکی بووە و ئێستا شوێنەواری ئەم زارەکییە لە ئایینی ئیسلامدا بەجێدەهێڵێت، هەروەها دواتر لە ئەدەبیشدا.
ئەگەر تێبینیش بکەین، دووانەیی خوداوەندی دێرین: ئەهریمان (تاریکی، خراپە) و ئەهورا-مزدا (ڕووناکی، چاکە)، کاریگەرییان لەسەر پرسە هەبووە و لەم کارەساتەدا دەبنە بەرجەستەکردنی دووانەی یەزید و حوسێن.
بابەتی ئەم نمایشە کلاسیکە (ململانێی نێوان چاکە و خراپە) تەنها ئەوە نەبێت کە لە پرسەدا خراپە بەسەر چاکەدا سەردەکەوێت. هەموو شتێک لە کەشوهەوای کۆمەڵایەتی پڕ لە سۆزدا ڕوودەدات، لە فەزایەکی ڕەمزیدا کە شەڕەکەمان بیردەخاتەوە، بۆ نمایشکردنی جەستەی مرۆڤ و هەروەها نمایشی پارچە شانۆگەرییەک. جگە لەوەش نمایشی پرسە لە نێو شیعەکاندا جێگەیەکی گەورەی هەیە. چونکە ئەم جۆرە پڕۆژەیە فۆرمێکە کە پەیامێکی زۆر سیاسیی لەخۆ گرتووە. هەروەها لەبەر ئەوەی عێراق ناوەندی بزووتنەوەی سیاسی لایەنگرانی ئەهل البەیت بوو، کە ڕێوڕەسمی پرسەی دەستپێکرد. بێجگە لەوەی کۆیادکردنەوەیەکە بۆ گەلێک کە ماتەمینی بۆ پاڵەوانەکەی دەگێڕێت و ئەمەش، دیواری گریانی قودسمان بیردەخاتەوە و ئەم وتە بەناوبانگەمان بۆ زیندوو دەکاتەوە کە دەڵێ:
”هەموو شوێنەکان لەبەر چاوم کەربەلایە و هەموو کاتەکان ڕۆژانی عاشورایە”
پوختە
ڕیتمی پرسە خاو و قورسە. جەماوەر خۆی لەبەردەم تاقیگەیەکی ڕق و کینە و لە بەردەم چیرۆکێک کە زمانێکی هاوبەشی هەیە دەبینێتەوە. حوسێن خاڵی هاوبەشی نێوان هەموو جیهانی شیعەیە و لەبەردەم ئەم نمایشەدا، بینەران بەهۆی کاردانەوەیان بەشدارێکی چالاکن. جۆرێک لە ئاشتەوایی لەگەڵ خۆدا هەیە و لە هەمان کاتدا کوشتنی خود بە مەحکومکردنی خۆی وەک دووبارەکردنەوەی کوشتنی حوسێن؛ بەم شێوەیە خۆی لەگەڵ ئەوی دیکە (حوسێن) لە سەرتاسەری پرسەدا شووناس دەکات.
گۆڕەپانی ئەم نمایشە دەبێتە شانۆی دیمەنێک لە فەزایەکی ناڕوون، کە لەلایەکەوە فەزایەکە هەر یەکیک هەوڵ دەدات خۆی ڕزگار بکات لە هەستێکی تاوانکاری، بەوەی سەردەمی خۆی پشتی لە حوسێن کردووە. لەلایەکی تر، بەربەستێکە کە ڕابردوو لە ئێستا جیا دەکاتەوە، هاوکات بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە. بەو جۆرە دەمانخاتە بەردەم لەدەستدانی واتا. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە شیعەکان خۆیان لەم بەربەستەدا دەبیننەوە، لە فەزایەکی کراوەی ژێر بنمیچەی ئاسماندا، گوێ لە چیرۆکێک دەگرن و دەگریێن کە ژیاننامەی نەوەکانی پێغەمبەر دەگێڕێتەوە.
هەموو شیعەیەک، لە یەکەم بەیانییەوە، لە دوایین ١٠ ڕۆژی مانگی موحەڕەمەوە، ئەم ڕێوڕەسمە پێویستە بۆ ئەم ماتەمینە بەکۆمەڵە دەگێڕێت: ئاڵایەکی ڕەش لە سەربانی ماڵەکانیان دادەنێن لەگەڵ پەلکی دارخورما و لە ماوەی ئەم ١٠ ڕۆژەدا بەرگی ڕەش لەبەر دەکەن. لە ڕۆژی دەیەمدا هەمووان چاوەڕێی ڕێوڕەسمی پرسە دەکەن بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانێکی دیاریکراو ئامادە بن کە نمایشێکی ئاسایی نییە و بەرجەستەکردنی توندوتیژییەکان لە ڕادەبەدەرن.
تێبینی:
* نمایشەکە شێوەی بازنەیی هەیە ئەم فۆرمە لە ئێستادا لە ئێران گۆڕاوە، بەڵام ڕێپێوانێک وەک چالاکییەکی جودا لە شانۆی پرسە بەڕێوە دەچێت. بەم شێوەیە (دەستەکان) ٤ بۆ ٦ ڕیزی پیاون و ئاڵاکە لە پێشەوەی ئەم ڕێپێوانە هەڵ دەگیرێت.
* دیمەنی کارەساتەکە: حوسێن لەلایەن شەمر ئیبن ذي ئەلجۆشەن تیرۆر کراوە. سەری خراوەتە سەر ڕمێک و دەبرێت بۆ خەلیفە لە شام؛ ڕیتمی مۆسیقا و گریانەکە لە ئاستێکی بەرزدایە.
* دوو بیرۆکە لە بارەی نووسینەوەی ئەم کارەساتە هەیە: یەکەم، کە کەس نووسەری ئەم چیرۆکە ناناسێت. دووەم، هەندێک دەڵێن کە لەلایەن (ساحیب ابن عەباد)ەوە نووسراوە. بەڵام من لەلای خۆمەوە، پێموایە کە بیرۆکەی یەکەم زیاتر ڕێی تێ دەچێت، چونکە بە درێژایی مێژووی ئیسلام ئەوە سوننەکان بوون کە دەسەڵاتی سیاسی و ئایینییان هەبووە، بۆیە قەدەغە کرابوو لەسەر حوسێن بنووسرێت.
سەرچاوەکان:
* Ali Al-Chabi, « Les chiites en Iran » :, 1980.
* Babak Ershadi, « Le Ta’zieh, théâtre religieux iranien » revue de Teheran, N° 27, février 2008.
* « Histoire de la littérature de monde » : Ahmed Amine et Zaki Nahgeb Mahmoud, Caire 1945.
* « L’Imam Al-Hussayn Et Le Jour De Achoura » préparé par : Dârul Towheed, Traduit et annoté par : Abbas Ahmad Al-Bostani.
* Mohamed Jawad Maggniah, « Les chiites et les gouverneurs » : 1981.
* « Mohtachem al-kachani, la littérature persan » : pour Abdel-Wahabe Azame, Caire 1945.
* « Les troupes d’islam » : A Treasury of the Religious Drama of Iran by: Dr. J. Mr. Anasseri.
* Rachid Bencheneb, « L’Islam », dans Guy Dumur (dir.), Encyclopédie de la pléiade, tome 19, Histoire des spectacles, Editions Gallimard. Paris, 1965,
* Rachid Bencheneb, « L’islam, spectacles populaires » : de page 490 à 507.
* Que sais-je ? Histoire du théâtre, Robert Pignane, Presses Universitaires de France, PUF; 15e édition, 1999.
[1] Catharsisلەلای ئەرستۆ، کاتارسیس دەکاتە کاریگەری “پاکژکردنەوە” کە بەهۆی نوێنەرایەتیی نمایشێکی دراماتیکەوە ئاکامی بەسەر تەماشاکەران دەبێت. هەروەها، شێوازێکی چارەسەرکردنە، کە بە نێوەندی ئەو قەیرانەی وا ورووژاندوویەتی چارەسەرەکە بەدەست دەهێنێت. بۆ نموونە: لە نمایشی پرسە، کاتێک لە خۆیان دەدەن و دەگریێن، ئەم گریانە وەکو خاوێنبوونەوەیە بۆ ئەو گرێی دەستبەرداربوونەی حوسێن کە دواتر بووە هۆی کوشتنی. واتە لە گرێی هەستکردن بە تاوانی وژدان چارەسەریان دەکات.