لە جیهانگیرییەوە بۆ دژەجیهانگیری

158
0
بڵاوکردنەوە:

لە جیهانگیرییەوە بۆ دژەجیهانگیری: تێگەیشتن لە بردنەوەکەی ترەمپ لە جیهانێکی دژەجیهانگیردا

نووسینی: ڕامیار محەمەد

 

پێشەکی

گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لەم ساڵدا ٢٠٢٤ تەنیا گەڕانەوەیەکی سیاسی نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەیەکی بەرفراوانتری جیهانییە، کە تێیدا وڵاتەکان ئێستا بەرەو ناوەوەی خۆیان دەکشێن وەک لەوەی بەرەو دەرەوە بکشێن. دوور دەکەونەوە لە هەماهەنگی نێودەوڵەتی. ئەمەش بە deglobalization (دژەجیهانگیری) ناسراوە، ئەوەی لەئێستادا لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا دەبیندرێت. بەوەی کە دەوڵەتان زیاتر سەرنجیان دەخەنە سەر بەرژەوەندی ئابووری و شوناسی خۆیان، هەروەها لەو دەستەواژە باوەی کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەیبینین دوور دەکەونەوە ئەویش Globalization  (جیهانگیری)ـە.

بردنەوەکەی دۆناڵد ترەمپ هێمایەکە بۆ ئەو تەوژمانەی لە ئێستادا لە جیهان دەیانبینین؛ تێیدا خەڵک زیاتر پشتیوانی لەو سیاسەتە دەکەن کە بایەخ بە بەرژەوەندی دەوڵەتەکە خۆیان دەدەن نەک کێشە و ملمملانێ جیهانییەکان و جیهانگیری. ئەم گۆڕانە لە هەڵوێستی خەڵکدا تەنیا تایبەت نییە بە ئەمریکا، بەڵکوو لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپی و ئاسیایش هەن، تێیدا جووڵانەوە ناشناڵیزمەکان دووبارە سیاسەت و شێوازی فەرمانڕەوایی ئەو دەوڵەتانە بنیات دەنێنەوە. بە تێگەشتنمان لە سیاسەتەکانی ترەمپ بۆ بازرگانی و کۆچبەریی و دونیابینی ئەو بۆ دونیای ئێستا، دەتوانین ئەوە ببینین کە چۆن دژەجیهانگیری دونیابینی خەڵک دەگۆڕێت دەربارەی ئەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەوان چین لە قەوارەیەکی یاسایی و دەوڵەتییدا، لە جیهانێکدا کە بەرەو دابڕان لەیەکدی دەڕوات.

 

تێگەشتن لە دژەجیهانگیری

بۆ ئەوەی لە دژەجیهانگیری تێبگەین، سەرەتا دەبێ لە جیهانگیری خۆی تێبگەین. وەکوو مانفرێد شتیگە پێناسەی دەکات: “بریتییە لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئاگاییەکی فرەڕەهەند کە تۆخبوونەوەیەکی نایەکسانی لە جیهاندا لەنێوخۆیدا جێبەجێ دەکات، بەتێپەڕاندنی سنوورەکانی کات و شوێن.”[1] هەر بۆیە دژەجیهانگیری لێرەدا دەبێت بەپێچەوانەی ئەمە. دژەجیهانگیری واتە تۆخبوونەوەی دەوڵەتان لەناوخۆیاندا و بچووکردنەوەی سنوورەکان، بەرژەوەندیخوازیی ئابووری بۆ خۆیان و تەسککردنەوەی سنوورەکانی کۆچکردن و وەرگرتنی بێگانە بۆ ناو وڵاتەکەیان. لێرەدا بەکورتی باسی دوو خاڵی گرنگی دژەجیهانگیری دەکەم:

  • پاراستنی ئابووری و لەپێشتردانانی ناوخۆ:

دژەجیهانگیریبوون جەخت لەسەر پاراستنی بازرگانییە ناوخۆییەکان دەکاتەوە و بایەخی سەرەکی بە ئابووری ناوخۆیی دەدات وەک لە بازرگانی نێودەوڵەتیی. حکومەت باجی شمەکی هاوردە زیاد دەکات و سنوور بۆ موڵکایەتی بێگانە لە وڵاتدا دادەنێت و کەمی دەکاتەوە، هەروەها بەرهەمی ناوخۆیی زیاد دەکات تا پشتبەستن بە بەرهەمی دەرەکی کەم بکاتەوە بۆ کەمترین ئاست. وێڵدن بێڵۆ ئەمە وەکوو هەوڵێک دەبینێت کە دژی ئەو دەرئەنجامانەی جیهانگیریی دروستی کردوون دەبێت بگیرێنە بەر، لەهەمانکاتدا دانی ڕۆدریک پێی وایە بەهێزبوونی ئابووری نیشتیمانیی دەتوانێ پارێزگاریی لە کۆمەڵگا و دانیشتوان و خەڵکیی بکات لەو هەڵبەز و دابەزینانەی لە دونیای جیهانگیریدا ڕوو دەدەن.[2]

  • سەروەری نیشتمانی و کۆنتڕۆڵکردنی کۆچ:

هەروەها دژەجیهانگیری سەرنجی لەسەر سەروەری نیشتمانییە و بەتوندی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان ڕەت دەکەنەوە، هەروەها سیاسەتی کۆچ قورستر دەکەن. ئەمەش سەربەخۆیی بڕیاردان دەدات بە ئەوان کە سیاسەتی وڵاتەکەیان بەبێ کاریگەریی هێزی دەرەکی دابڕێژن. مانفرێد شتیگە ئەمە بەو جۆرە پەسن دەکات کە؛ ئەم جۆرە سیاسەتانە لەگەڵ کێشەکانی ڕای گشتییدا هاوئاهەنگە، کێشەکانیش زۆر جار دەربارەی کار، شوناس و ئاسایشی ئابوورییە، کە ئەمە لەلای ڕۆجەر ئیستوێڵ و ماتیو گودوین توێژینەوەیەکی لەسەر کراوە دەربارەی ناسیۆنالیزم و پۆپۆلیزم و مانفرێد شتیگە دووبارە باسی دەکاتەوە.

 

کەمپینەکانی ترەمپ بۆ هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٤ و تێماکانی دژەجیهانگیریی

جێی باسە کەمپینەکانی دۆناڵد ترەمپ تێماکانی دژەجیهانگیریی بەتۆخی تێیدا ڕەنگی دەدایەوە، بەتایبەتی دەربارەی ئاسایشی ئابووری و کۆنترۆڵکردنی کێشەی کۆچبەر. بەڵێنی گەورەی داوە دەربارەی بەهێزکردنی کارگەکانی ئەمریکا و دەستەواژەی (لە ئەمریکا دروست کراوە – made in America) هێزێکی زۆریان دایە بەر کەمپینەکانی. ئەمەش ڕێک و ڕەوان تێماکانی دژەجیهانگیرییە، ئەوەی باسمان کرد؛ گرنگیدان بە ناوخۆ و سەرنجخستنە سەر ناوخۆی دەوڵەت. ترەمپ بە بەڵێنەکانی دەربارەی دووبارە دانوستاندنی ڕێککەوتننامە ئابوورییەکان و زیادکردنی باج بۆ بەرگریکردن لە بازاڕ و ئابووریی ئەمریکا، هەڵوێستێکی ناشناڵیزمانەی ڕوونی دا بەدەستەوە، بەوەی کە ئامانجی ئەوەیە کار بۆ ئەمریکییەکان بگەڕێنێتەوە و سنوور بۆ ڕکابەریی بازاڕە دەرکییەکانی ناو ئەمریکا دابنێ.

ترەمپ جەخت لە قورسترکردن و کۆنتڕۆڵی سیاسەت کۆچبەریی دەکردەوە، بەوەی کە ئەگەر بێت و ئەو لایەنە کۆنتڕۆڵ بکەن، دەستی کاری زیاتر بۆ ئەمریکییەکان دەگەڕێنێتەوە و شوناسی نیشتمانی بەهێزتر دەکات. ئەمەش یەکێکە لە تێما دیارەکانی دژەجیهانگیری و لەسەرەوەش باسمان کرد، ڕۆجەر ئیستوێل و ماتیو گودوین دژەجیهانگیریی بەوە باس دەکەن کە دەوڵەتان سنوورەکان توندتر دەکەن بۆ پاراستنی دەستی کار و بازاڕیی ناوخۆیی هەروەها بەهێزترکردنی شووناسی کولتووریی و نەتەوەیی.

ئەمە بەڕوونی بەدەنگدەرانی ترەمپەوە دیار بوو، بەتایبەتی ئەوانەی کە دوودڵ و نادڵیان لە ئابووریان لە ناوچە جیاجاکانی ئەمریکا. بەڵێنەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ پارێزگاریکردن لە ئابووری ئەو خەڵکانەی کە لە مەترسیدان کاریگەریی تەواوی هەبوو بەسەر خەڵکییەوە. هەروەها وەسفکردنی دۆخەکە بەوەی ئەوەی ڕوو دەدات لێکەوتەکانی جیهانگیرییە و، پیشاندانی خۆی وەکوو ڕزگارکەری ئەمریکییەکان لەو نەفرەتەی ناوی جیهانگیرییە بووە هۆی ئەو ڕێژەی زۆرەی دەنگدەرەی کە دەنگیان پێی دا. ئەمەش لەئێستادا شتێکە لە سەرانسەری جیهاندا دەبیندرێت نەک تەنیا لە ئەمریکا.

 

کاردانەوەی گشتیی: کاریگەریی دژەجیهانگیری لەسەر هەستی خەڵک

  • پشتیوانی خەڵک لە یاسا ناشناڵیستییەکان.

بردنەوەکەی ترەمپ ئەو ڕاستییە جیهانییە دەر دەخات کە زۆرینەی خەڵکی ناشناڵیزم و نەتەوەویستییان لە لا پەسەندترە وەک لە تێكەڵبوون لەگەڵ جیهاندا. ئەم گۆڕانە کتوپڕ نییە و تایبەت نییە بە ئەمریکا، بەڵکوو لە وڵاتانی ئاسیا و بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپاش بەدی دەکرێت، حیزبە ڕاستڕەوەکان و ناشناڵیستەکان لە گەشەسەندندان و ئێستا زۆرینەی جەماوەریان لەگەڵە. دەتوانین وڵاتانی هندستان لەلایەک و هەنگاریا لەلایەکی دیکە بە نموونە بێنینەوە. کە سەرکردەکان ڕای زۆرینەیان بەدەست هێناوە بەوەی پشتیوانی لە سەرەوەری وڵات دەکەن و کاریگەریی دەرەکیی لە وڵاتدا کەم دەکەنەوە یاخود نایهێڵن. ئەمەش دووبارە ئەو ڕاستییە دەر دەخاتەوە کە خەڵکی پشتیوانی لە ناشناڵیزم دەکەن بۆ ئەوەی ئابوورییەکی پارێزراویان هەبێ و لەگەڵیشیدا سەروەری خاک و پاراستنی شووناس و ناسنامەی وڵات. ئەمە ئەوەیە کە ئیتوێڵ و گودوین بە ترس لە لەدەستدانی ناسنامەی کولتووری و ئابووری لە جیهانێکی تێكهەڵكێشدا ناوی دەبەن.

  • دژەجیهانگیری و ئاستەنگەکانی جیهانگیری

لەکاتێکدا ڕای گشتی لە جیهاندا زیاتر بەرەو ئاڕاستەی ناشناڵیزم و داخرانی زیاتری نەتەوەکان بۆ ناو خۆیان دەڕوا؛ هێشتا کۆمەڵێک پرس هەن پێویستیان بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە. ئەو کێشانەش سنوور و جوگرافیا نازانن و کێشەی هەموو تاکێکی سەر هەسارەکەمانە. لەئێستادا گەورەترین کێشەی جیهان، کە هەموو سنوورەکان دەبڕێت و دووبارە ئاستەنگ دەهێنێتەوە بەردەم دژەجیهانگیری، کێشەی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوایە. ئەم کێشەیە پێویستی بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە و دەبێ دەوڵەتان شێوازی کارکردن و تێكەڵاویان زیاتر بکەن بۆ ئەوەی بەسەر ئەم کێشەیەدا سەرکەون. واتە دووبارە مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سروشتی خۆی لەوکاتەی وەکوو بوونەوەر دەکەوێتە مەترسییەوە. واتە دەچێتەوە دۆخی (مانەوە). بۆیە لێرەدا هەم حیزبە ناشناڵیستەکان و هەم ڕای گشتی خەڵکیش تووشی دووڕیانێک دەبن، ئەویش داخستنی سنوورەکان بەڕووی تێكەڵاوی جیهانیدا یاخود تێكەڵاوبوون لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەی هاوبەش؟ ئەمەش ئەو شتەیە کە شتیگە بە ڕاڕایی جەماوەر ناوی دەبات.

 

دژەجیهانگیری لە نەتەوەکانی تردا.

وەکوو باسمان کرد، دژەجیهانگیری تایبەت نییە بە ئەمریکا، بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری دەستەواژەکە، لێرەدا چەند نموونەیەک دەهێنمەوە:

  • دەرچوونی شانشینی یەکگرتوو لە یەکێتی ئەوروپا

دەرچوونی شانشنی یەکگرتوو لەڕێی برێکزیتەوە بە یەکێک لە کاردانەوە ڕوونەکانی دژەجیهانگیری دادەنرێت لە جیهاندا. وڵاتەکە بڕیاری دا چیتر لە یەکێتی ئەوروپادا نەبێت و سەروەری خاکی بەڕیتانیا و ئابووری سەربەخۆ و قورسکردنی ڕێکارەکانی کۆچبەریی لەپێشینەی سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە بوون. لەو کاتەشەوە هەتا ئێستا، یاساکانی شانشینی یەکگرتوو تیشکدانەوەی بڕیاری دەرچوونیانە لە یەکێتی ئەوروپا. شانشنینی یەکگرتوو بە دەرچوونی لە یەکیتی ئەوروپا، هەنگاوێکی سەختی دژەجیهانگیری بڕی.

  • ئابووری ناشناڵیزمانەی هندستان لەژێر دەسەڵاتی (مۆدی)

لەژێر دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانەکەی ئێستایاندا نارێندرا مۆدی هندستان ناشناڵیزمی ئابووری بەرەوپێش دەبات، بەبەکارهێنانی دەستەواژەکانی وەکوو (دروستکراوی هندستان)، بەهەمان شێوە چۆن لە ئەمریکا ترەمپ ئەو دەستەواژەیەی بەکار دەهێنا. لە هندستانیش شتەکە تا ڕادەیەکی زۆر هاوشێوەیە. بە بەکارهێنانی دروشمەکانی بەهێزکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و دەستی کاری هندی و دوورخستنەوەی دەستی کاری بیانی و…هتد. پارتی جاناتای هندی توانی زۆرینەی ڕای جەماوەر بەدەست بهێنێت.

  • هەنگاریا و پۆڵەندا، سەروەری نەتەوە و کولتوور

شوێنێکی دیکە کە دیگڵۆباڵیزەیشن دەچیتە ناوی وەکوو باسمان کرد، کولتوور، شوناس و ناسنامەی نەتەوەییە. لەم سۆنگەوە هەردوو وڵاتی هەنگاریا و پۆڵەندا یاساکانی دژەجیهانگیریان بەکارهێناوە بۆ ئایدیۆلۆجی ناشناڵیزم. ئێستا وڵاتانی هەنگاریا و پۆڵەندا یەکێکن لە سەختترین وڵاتەکان لە ڕووی وەرگرتنی پەنابەر، تەنانەت بەبەردەوامی فشار دەخەنە سەر یەکێتی ئەوروپاش، بۆ توندوتۆڵکردنەوەی سنوورەکان و پاراستنی سەروەری وڵات.

 

دەرئەنجامەکان؛ چاوەڕێی چی دەکرێ؟

  • دەرئەنجامە ناوخۆییەکانی ئەمریکا:

بەهۆی سیاسەتە نوێیەکان و دانانی باجی زۆر، ڕەنگە ناهاوسەنگی بازرگانی دروست ببێت. هەروەها زادبوونی تێچووی بەکاربەری، لەگەڵیشیدا نەمانی ئەو هەژموونە زۆرەی ئەمریکا لە ڕکابەرییە جیهانییەکان لە بابەتی پیشەسازی و کوشتوکاڵی. بەهەمان شێوە گەر باسی لایەنی دیبلۆماسی بکەین، کابینەی پێشووی ترەمپ زۆر ڕەخنەی هەبوو لەسەر هاوپەیمانەکانی، بەتایبەتی ناتۆ! بۆیە ڕەنگە لەڕووی دیبلۆماسییەوە ئەمریکا لاواز ببێت.

  • دەرئەنجامە جیهانییەکان:

سیاسەتەکانی ترەمپ ئەگەری هەیە وا لە دەوڵەتانی تری دنیا بکا بەرەو دژەجیهانگیری بڕۆن، لەگەڵیدا لاوازکردنی دامەزراوە جیهانییەکان وەکوو (WTO) (ڕێکخراوی بازرگانی جیهان). ئاڵۆزکردن هەماهەنگییە جیهانییەکان ئەگەرێکە و دەبێ ڕەچاوی بکەین، لەوانە کێشەی گەرمبوونی زەوی، گۆڕانی کەشوهەوا و سەقامگیری ئابووری، کە ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی گۆڕینی بلۆکە بازرگانییە جیهانییەکان بە بلۆکە بازرگانییە ناوخۆییەکان، واتە بلۆکە بازرگانییە ناوخۆییەکان جێگای کۆمپانیا گەورە بازرگانییەکانی جیهان بگرنەوە.

 

دەرئەنجام

  • پوختە

بردنەوەکەی ترەمپ یەکێکە لە گەورەترین ڕووداوەکانی ئەم ساڵ، کە لە ساڵی ٢٠٢٥دا هەست بە دەرئەنجامەکانی دەکەین. دەرئەنجامەکان هەر چییەک بن، لەئێستادا ئەگەرن، ئەگەرەکانیش بریتین لە: بەرەوپێشبردنی بیری دژەجیهانگیری و چڕبوونەوەی زیاتری ئەمریکا لەناو خۆیدا، لاوازبوونی پێگەی ئەمریکا لە ڕووی ئابووری و بازرگانییەوە، کە لە ئێستادا وڵاتی چین یەکێکە لە بەهێزترین ڕکابەرەکانی ئەمریکا. هەروەها برەودان بە دژەجیهانگیری لە وڵاتانی تری جیهاندا، بە نموونە وڵاتە ئەورووپی و ئاسیاییەکانیش. قورسکردنی ڕێکارەکانی کۆچبەریی لە ئەمریکا و زیاتر کۆنتڕۆڵکردنی. لاوازبوونی پێگەی دیبلۆماسی ئەمریکا.

  • کۆتا سەرنج:

لە دوای ساڵی ٢٠١٤ ەوە بیری دژەجیهانگیری لە جیهاندا لە پەرەسەندندایە، ئایا ئەمە خراپە یان باشە هێشتا جێگای مشتومڕی زۆرە، هەریەکەیان ئارگومێنت و دژە ئارگومێنتی خۆیان هەیە. لە جیهانێکدا کە هەر لەسەرەتای شارستانییەتەوە، هەندێ نەتەوە شتێکیان هەبووە و هەندێک شتی دیکەیان پێویست بووە کە لای نەتەوەیەکی تر هەبووە. ئەمەش بووەتە هۆی هەماهەنگی زیاتری نێوان مرۆڤایەتی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و تێکەڵاوبوون. هەروەها بووەتە هۆی چەندین شەڕ و گرانی و خوێنڕشتنی بێژوماریش.

جیهانگیری لە ساڵانی ١٩٨٩ ەوە چووە ترۆپکی خۆی. بە گەشەسەندنی تەکنەلۆجیا و ئامڕوازەکانی گواستنەوە و پەیوەندیکردن، جیهان ورد وردە زیاتر و زیاتر بچووک دەبووەوە لەنێو خۆیدا، کە ئەمەش دووبارە چاکە و خراپەی خۆی هەیە. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە جمجووڵەکان دژی جیهانگیری (globalization) دەستیان پێ کرد، بەتایبەتیتر لەدوای دەرچوونی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٦. ئێستا نەتەوەکان و دەوڵەتان دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ بیری ناشناڵیستی و سەروەری دەوڵەت و پاککردنەوەی دەوڵەت لە نەتەوەی تر. نازانین لە داهاتوودا چی ڕوو دەدات، ئایا وڵاتان زیاتر بە رووی یەکدیدا دەکرێنەوە؟ ئایا جیهان دەچێتە دۆخی پەڕگیرییەوە و دەوڵەتان سنووریان بەهێزتر دەکەن؟ ئایا دۆخی کۆچبەران دەگا بە چی لە جیهانێکدا کە هێدی هێدی بەرەو ڕاستڕەوییەکی توند دەچێ؟ ئایا دووبارە دەگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمەی ئەرووپییەکان Limpieza de Sangre [3]دەست پێ کرد؟ یاخود بەپێچەوانەوە؟ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە زۆر گرنگن بۆ دروستکردنی جیهانێکی سەقامگیر و تێكەڵ لەناو یەک.

 

سەرچاوەکان:

کتێب:

  • Bello, Walden. Deglobalization: Ideas for a New World Economy. London: Zed Books, 2002.
  • Eatwell, Roger, and Matthew Goodwin. National Populism: The Revolt Against Liberal Democracy. London: Pelican Books, 2018.
  • Rodrik, Dani. Straight Talk on Trade: Ideas for a Sane World Economy. Princeton, NJ: Princeton University Press, 2017.
  • Steger, Manfred B. Globalization: A Very Short Introduction. 4th ed. Oxford: Oxford University Press, 2020.

وتار

  • Alon, Ilan, and Florence Kellerman. “Rising Nationalism and Populism: The Impact on Globalization and Business.” International Business Review 28, no. 5 (2019): 101590. https://doi.org/10.1016/j.ibusrev.2019.101590.

سەرچاوەی تر

  • Huntington, Samuel P. The Clash of Civilizations and the Remaking of World Order. New York: Simon & Schuster, 1996.
  • Levitsky, Steven, and Daniel Ziblatt. How Democracies Die. New York: Crown Publishing Group, 2018.

 

پەراوێزەکان:

[1] Manfred B. Steger, Globalization: A Very Short Introduction, 4th ed. (Oxford: Oxford University Press, 2020).

[2] Walden Bello, Deglobalization: Ideas for a New World Economy; Dani Rodrik, Straight Talk on Trade: Ideas for a Sane World Economy.

[3]  (لامپیێزا دی سانگرا) یاخود (پوختی خوێن)، پڕۆسەیەک بوو دوای شەڕە دوورودرێژەکانی دووبارە داگیرکردنەوەی ئەندەلووس دەستی پێ کرد لە ساڵانی ٧٢٢ وە بۆ سەدەکانی ١٥ و ١٦ لە سەردەمی ئومەوییەکان. ئەویش پێدانی هەموو مافێک بوو بە مەسیحییەکان و دوورخستنەوەی موسڵمان و جوولەکەکان بوو لە هەموو پلەوپۆستێکی بەرز. بۆ ئەوەی بیسەلمێنی کە تۆ مەسیحییەکی کۆنی دەبوو بەڵگە و شایەت و دۆکیومێنتت هەبێ، گەر وا نەبووایە بە مەسیحی کۆن هەژمار نەدەکرای و پلەوپۆستی گەورەت وەر نەدەگرت. هەروەها نەک تەنیا لە پلەوپۆستدا، بەڵکوو بە چاوێکی ناشرین سەیری هەموو ئاینێکی تر دەکرا جگە لە مەسیحییەت. (نووسەر).

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: