خەونی ئەمریکی لەناو هەناسەکەی کوبریکدا

360
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: داریا ئیبراهیم

لەدوای نیو سەدە لە بڵاوکردنەوەی فیلمەکە، ٢٠٠١: ئۆدیسەیەکی فەزا، بەڵام هێشتا فیلمێکی تەماوی و قورسە بۆ لێکدانەوە و تێڕامان. بەڵام بۆ وایە؟ بۆچی فیلمێک لەدوای دوو نەوە هێشتا فەزای ئەوەی هێشتووەتەوە کە دووبارە و سێبارە شیکاریی بۆ بکرێتەوە؟ فیلمەکە لە ترۆپکیی زانستی خۆیدا دەردەکەوێت. بە کەت سینێک؛ سەرلەبەری مێژووی ئێڤەلوشنی هۆمۆساپیان پێشاندەدات. زۆر لە تێماکانی داهاتووگەرایی کە کوبریک پێمان نیشاندەدات لەناو فیلمەکەدا بۆ ڕۆژگاری ئەمرۆ بێ زیادوکەم دەرکەوتوون و هەن. بە هۆکاری ئەوەی فیلمەکەی کوبریک زۆر زانستییە، لە دەشتاییەکانی ئەفریکاوە دەمانبات بۆ چاخی کەشفکردنی فەزاو و لوتکەی تەکنەلۆژیا لە ژیانی هۆمۆساپیاندا، ئەمە وادەکات ئەو خوێندنەوانەی بۆی دەکرێت لە چوارچێوەیەکی زانستی و فەلسەفیدا بێت. وە ئەوەی واملێ دەکات کە دووبارە بیر لە فیلمەکە بکەمەوە ئەوەیە کە ئایە بەڕاستی ئەوە هەموو شتێکە کە فیلمەکە پێمان دەڵێت؟ ئێڤەلوشنەکەی، بازدانەکەی لە گایاوە بۆ فەزا، تووڵەکەی لە ئێسقانەوە بۆ کۆمپیوتەرە زیرەکەکە. ئایە ئەوە هەموو شتێکە کە دەبێت لێکدانەوە و شیکارییەکانمانی لەسەر بنیات بنێین؟ ئامانجی سەرەکی من لە نووسینی ئەم وتارە نیشاندانی دیوێکی تری فیلەمەکەیە، کە ناوم لێناوە بنی شاخەسەهۆڵبەندی کوبریک. لەبەرئەوەی زۆر لەو شیکارانەی کە پێداچوونەوە و گەڕانم بۆ کردوون خۆیان دەدەن لە سەرڕووی فیلەمەکە نەک شاخەسەهۆڵبەندییەکەی. وە من لێرەدا هەوڵدەدەم شیکارێکی تر، لێکدانەوەیەکی تر، لە دیدێکی ترەوە ئەو شاخەسەهۆڵبەندییەی کوبریکتان پێبناسێنم.

فیلمەکە لە زۆر ڕەهەندەوە دەکرێت قسەی لەسەر بکرێت، جا تەکنیکی ڕەگەزەکانی فیلمسازی بێت یاخود شەنوکەوی ئایدیایی فیلمەکە بێت. بۆ نموونە، چەند جارێک بە درێژایی فیلمەکە هەڵەی بەردەوامێتی دەبینرێت. تەنانەت کەتە بەناوبانگەکەی مێژووی سینەماش، هەڵدانی ئێسقانەکە و کەوتنەخوارەوە بە کەشتی فەزایی. ئەمە لە فیلمەکە کەم ناکاتەوە، لەوانەیە هەندێک کەس بڵێن تەنانەت کوبریک هەڵەی بەردەوامێتی تیایە و کردوویەتی؛ بەڵام بێ ئاگا لەوەی گرنگترین یاسای مۆنتاژی فیلم ئەوەیە کە پاراستنی هەست و سۆزی نێوان بینەر و دیمەنەکەیە. بە واتایەکی تر، گەر تێچووی پاراستنی پەیوەندی هەستەکی بینەر و فیلمەکە هەڵەی بەردەوامێتی بێ، ئەوا بابکرێت. وە کوبریک نەک هەر پاراستووێتی بەڵکو بەتینوتاوتریشی کردووە. بۆیە لێرەدا باسی ئەو ”شتانە” ناکەینەوە کە پێشتر باسکراون.

 بنی شاخەسەهۆڵبەندی کوبریک

لە تێڕامانم بۆ ناوی فیلمەکە، ٢٠٠١: ئۆدیسەیەکی فەزا، ڕاستەوخۆ تێمای ”سەفەری پاڵەوانم” بەیادا هات. بەڵام لە کۆی فیلمەکەدا کە تەماشادەکرێت، دەشێ بپرسرێ؛ ئایە کە من پاڵەوانم نییە لە فیلمەکەدا، بە واتای پاڵەوانیی نەریتی، کێ ئۆدیسەکەیە؟ وەڵامێک کە ڕاستەوخۆ بەخەیاڵماندا بێ، مرۆڤە (هۆمۆساپیان). ئەوە ئۆدیسەبوونی مرۆڤە لە دەشتاییەکانی ئەفریکاوە گەیشتووە بە کەشفکردنی فەزا و گەردوون. بەڵام؛ یەکێک لەو هۆکارانەی وای لێکردم بیر لە بنی شاخەسەهۆڵبەندی کوبریک بکەمەوە ئەوەیە کە ئایە ئەو مێژووی ئێڤەلوشنەیی کوبریک پێمان نیشاندەدات، هۆمۆساپیان کە بە مانای ناوە زانستییەکەی مرۆڤ دێ، پاڵەوانەکەیە؟ لەسەرڕووی فیلمەکە؛ بەڵێ، مرۆڤ بە ”گشتی” پاڵەوانەکەیە، سەفەرکەرەکەیە. بەڵام؛ لە بنیبنەوەی نائاگایی کوبریکدا، وەڵامەکە ”بەڵێ” نییە. مرۆڤی ئەمریکیی ئۆدیسەکەیە، پاڵەوانەکەیە، کەشفکەرەکەیە، ساپیانەکەیە. ئەوە مرۆڤی ئەمریکییە کە ئێڤەلوشنی کردووە نەک ئێراقییەک یان شوێنێکی دی. ئەمە هەنگاوی یەکەممانە لە شیکردنەوەی شاخەسەهۆڵبەندانەکەی، لە نیشاندانی فیلمەکە لە دیدێکی ترەوە، لە ژێر میتۆد و بیرکردنەوەکانی کارل یۆنگدا. هەوڵدەدەم بە شیکارییەکی ورد شاخەسەهۆڵبەندی ”نائاگایی دەستەجەمعی ئەمریکی” ڕۆشنبکمەوە. کە چۆن کوبریک هەروەکوو هەر ئەمریکییەکی دی، لە ”نائاگایی دەستەجەمعیدا هەڵگری خەونی ئەمریکی و مرۆڤی باڵان. لەگەڵ ئەوەشدا، چۆن ئارکەتایپەکانی ناو نائاگایی دەستەجەمعی ئەمریکی، سەرهەڵدەکێشێتە ناو ڕەفتاری دەستەجەمعییانەوە، لەمەوە لەسەر ئاستی گشت نەک تاک، کەشفکەر و داگیرکەر و داهێنەر و زانستوانیان لێ دەردەچێت و چووە.

خەون و نائاگای دەستەجەمعی ئەمریکی

بەڕای من، گرنگترین میتۆد بۆ ناسنی هەر نەتەوەیەک؛ نزیکبوونەوە یان ڕۆشنکردنەوەی نائاگایی دەستەجەمعی نەتەوەکەیە. وە بە پێچەوانەشەوە بۆ خۆ-ناسین،  هەر گرنگترەینە. هەموو نەتەوەیەکە لەسەر ئاستی دەستەجەمعی هەڵگری خاڵی هاوبەشە هەروەکوو چۆن ئەندامەکانی خێزانێک خاڵی هاوبەشیان هەیە بە بەراورد بە خێزانێکی دی. بۆیە ڕۆشنکردنەوەی ئەوەی کە چی هەیە لە بنیبنی نائاگای نەتەوەیەکدا، زۆر یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە ڕەفتاری دەستەجەمعی ئەو نەتەوەیە. لێرەدا چوارچێوەکەمان نەتەوەی ئەمریکییە و ناسینێتی. بەڵام لە شیکاری نائاگایی دەستەجەمعی و ئارکەتایپەکانی ناویی ڕاستەوخۆ بەر کێشەیەک دەکەوین ئەویش ئەوەیە؛ ئەو میتۆدانەی بۆ تێگەیشتن لە نەتەوەکانی تر بەکاریان دەهێنین وەکو حیکایەتەکان و میتۆلۆژییەکان و ئاینەکانیان، ناتوانین بەهەمان میتۆد کار لەسەر ئەمریکیی بکەین. بۆچی؟ لەبەرئەوەی ئەمریکی نەتەوەیەکەی ڕەسەن نییە کە سەر بە خاکێکی ڕەسەنی خۆی بێت. تێگەیشتن لەمە زۆر گرنگە؛ پەیوەندییەکی قوڵ هەیە لەنێوان مرۆڤ و خاکەکەی، وە ئێمە لێرەدا کار لەسەر ئەو پەیوەندییە دەکەین.

گەر تەماشای یەکێک لە نیشانەکانیی ڕەفتاری دەستەجەمعی ئەمریکی بکەین، ئەوەیە کە خەڵکی ئەمریکی نابێت لە ئەمریکا بن. دەبێت لە شوێنکی دی بن، بۆ نموونە، لە فەزا بن، لە مانگ بن، لە ئێراق بن، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان هەرشوێنێکی تر بن. زۆر بە دیاریکراوەیش، بۆ نموونە، لە فیلمەکەدا دکتۆرەکە لەناو کەشتییە فەزاییەکەدا پەیوەندییەکی تەلەفوونی ئەنجامدەدات لەگەڵ کچەکەی کە لەسەر زەوییە. پێی دەڵێت، کە ناتوانم لە ڕۆژی لەدایکبوونەکەت لەگەڵتا بم لەبەرئەوەی لە سەفەرم، لەسەرکارم. ئەمریکی کاتیان نییە بۆ خێزانەکانیان، لەبەرئەوەی ئامانجی گەورەتریان هەیە، خەونی گەورەتریان هەیە، مرۆڤی باڵا کاتی نییە بۆ لەدایکبوونی کچەکەی! ئامانجی و خەونی گەورە لە پێشینەترە. گەر بگەڕێینەوە تێمای ئۆدیسەییەکە و بەرجەستەبوونی لە ئەمریکییەکاندا، بە ڕۆشنی بۆمان دەردەکەوێت، کە ئەمریکییەکان هەڵگری ئارکەتایپی دۆزەرەوە-گەریدە-گەڕوان، داگیرکەر و زانستوانن. دەشێ بپرسرێ؛ کە ئایە ئەمریکا خاکی کۆچبەرانە و لە هەموو جێیەکەوە دەچن بۆی، وە لە هەمان کاتدا کۆچبەرەکان خاوەنی خاکی ڕەسەنی خۆیانن، بۆ دەتوێنەوە لەناو خەونی ئەمریکیبووندا؟ لە وەڵامی ئەمە و زۆریش سادەتر بم، ئەمریکا خۆی خاکێکە دۆزراوەتەوە، ئەوەی دۆزیوێتییەوە خۆی ئارکەتایپی گەریدە-دۆزەرەوەی هەیە. گەر ئۆدیسەیەک ئەمریکای دۆزیبێتەوە، ئەی شوێنی دواتر کوێیە دەبێت بیدۆزێتەوە؟ گەر ئۆدیسەیەک ئەمریکای داگیرکردبێت، ئەی شوێنی دواتر کوێیە کە داگیری بکات؟ گەر ئۆدیسەیەک بە کۆمەڵێک مەتەڵدا تێپەڕیبێت بۆ ڕزگاربوون و مانەوە لە ژیان تا گەیشتبێ بە ئەمریکا، ئەی مەتەڵی دواتر چییە کە بیانەوێت شیکاری بکەن (هەڵبەت ئەمە دەرهاوێژە دەبێتە ناو دەستکەوتە زانستییەکانی ئەمریکاوە – وە بە نموونەش، سلیکۆنی ئەپڵ و جەیمز وێب تازەترین بەرهەمی ئەم ئارکەتایپی  دەستەجەمعی نائاگاییەن). هەر بۆیەش لە وەڵامی پرسیارەکەدا، ئەوانەشی دەچنە ئەمریکا، هەر سەر بەهەمان ئارکەتایپن، هەر بۆیەش دەتوێنەوە لەناو فەزایی دەستەجەمعی نائاگای ئەمریکیدا.

سەرنجێکی ترم لەسەر سینەما و خەونی ئەمریکی؛ ئەکرێ کەسێک بپرسێ، کە چۆن جۆزێف کامبڵ کاریگەری هەیە لەسەر سینەمای ئەمریکی، ئەوهاش فەلسەفەی نیتشە جێپەنجەی خۆی داناوە لەسەر سینەماکە[١]. هەڵبەت من پسپۆری فەلسەفەی نیتشە نیم تاکو ڕوونی بکەمەوە کە چۆنە. بەڵام؛ ئەوەی خوێندوومەتەوە و بەریکەوتووم لەم جۆرە لە بیرکردنەوە، کاریگەری فەلسەفەی نیتشە بەسەر هالیوودەوە، بیرکردنەوەیەکە کە کورت دەهێنێت (ناڵێم نییە، بەس کورت دەهێنێت). بۆچی؟ بەڕای من، بۆچی دەبێت فەلسەفەی کەسێکی دیاریکراو کاریگەری دابنێت لەسەر سینەمایەکی دیاریکراو؟ بۆ سینەمایەکی تر نا؟ ئایە هەر ئەمریکا سینەمای هەیە؟ بۆ بەتایبەت نیتشە، ئایە هەر نیتشە فەلسەفەی هەیە؟ بۆ بە دیاریکراوی ئەو ”دووانە”  دەبێت پەیوەندییەکیان هەبێت؟  بەڕای من، کاتێک لەسەرڕووەکەوە تەماشایان دەکەین، وەڵامەکە بەڵێیە. بەڵام لەم جۆرە لە بیرکردنەوە؛ تێنەگەیشتنە لە بنی شاخەسەهۆڵبەندی کوبریک، یان باشترە بڵێم تێنەگەیشتنە لە سەرلەبەری نائاگایی دەستەجەمعی ئەمریکی. بە واتایەکی دی، خۆی لە خۆیدا نائاگایی دەستەجەمعی ئەمریکی ئەو دراوەی تیایە\هەیە کە ئەو ”شتە” بێت کە پێی دەوترێت نیتشەی. واتە سینەماکە بارگاوی نییە بە فەلسەفەی نیتشە، بەڵکو، وەکو ئەوەی ڕوونمانکردەوە، بارگاوییە بە: هەم  لە پەیوەندی خاک و نیشتەجێبووەکاندا و هەمیش ئارکەتایپەکانیان. وە ئەم تێزەشم تەنها کاتێک ڕۆشن دەبێتەوە کە هەوڵبدەین لە شاخەسەهۆڵبەندی کوبریک و فیلمەکەی تێبگەین. بۆیە، بۆ ڕۆشنکردنەوەی ئەو سەرنجەم، بەراورد و شەنوکەوی هەم پەرتوکەکەی نیتشە و هەمیش فیلمەکەی کوبریک دەکەین. وە پاشان پەیوەندی نێوان ئەو دووانە دەردەکەوێت و ڕووندەبێتەوە کە هەر لە یەکەم پاچەکۆڵەوە هەردووکیان هەر یەکن.

لە سەرەتادا، باسی زەردەشت وەها دوا دەکەین لە ژێر میتۆدەکانیی شیکاری یۆنگدا، وە لە پاشاندا بەراوردی دەکەین بە فیلمەکە. زەردەشتی تەمەن سی ساڵ، لە گۆماوی ماڵەکەی خۆی دووردەکەوێتەوە و ڕوودەکاتە ئەشکەوت، ئەم جۆرە لە وردەکاری گەر لە دیدی هێماکانی خەونەوە لێکیبدەینەوە؛ گۆماوی ماڵەکەی خۆی، هێمایە بۆ نائاگایی کەسی خۆی. گەر گۆماو بەراورد بکەین بە زەریا، ئەوا زەریا بەوپێیەی بێ سنوورە، هێمایە بۆ نائاگایی دەستەجەمعی. بۆیە بەجێهێشتنی گۆماوی ماڵەکەی خۆی، هێمایە بۆ بە جێهێشتنی نائاگایی کەسیی. بە واتایەکی دی، گۆماوەکە سنووری گیراوە بە وشکانییەکەی چواردەوری، کە هێمایە بۆ ئاگایی، بۆیە بە جێهێشتنەکە هێمایە بۆ بە جێهێشتنی ئەو بەشەی نائاگایی کە ئاگاییەکەی درکی پێدەکات. وە کاتێکیش دەچێت بۆ شاخ، چوونە بەرزایی و چوونە سەرشاخ بەجۆرێک لە جۆرەکان هێمایە بۆئەوەی کە زەردەشت(نیتشە) بییەوێت لە ئاستێکی ئاگایی بەرزتردا بێت، لەودیو مرۆڤایەتییەوە، هەر ئەمەشە سەرچاوەی لەودیو چاکە و خراپەی نیتشەوە. وە دوای دەساڵ دەردەکەوێتەوە، هەڵبەت ئەم ساڵانەی باسی دەکات، یەکەم سی ساڵەکە زۆر هاوتایە لەگەڵ تەمەنی مەسیحا و، دووەم چڵ ساڵەکە هێمایە بۆ تەمەنی خۆی، چونکە لە تەمەنی ٣٩ ساڵیدا نووسیوێتی.  بۆیە چوونە سەرشاخ هێمایە بۆ ئاگاییەکی زیاتر وبەرزتر لە ئاگایی مرۆڤ، وە هەروەها خۆریش هێمایە بۆ سەرچاوەی ئاگاییەکی بەرزتر. بە واتایەکی دی، خۆر چەقی ئاگاییە، گەر بیرخۆمانی بێنینەوە لە فیلمی پادشا شێرەکە[٢]، سیمبا کاتێک لەدایک دەبێت، مەیموونەکە بەرزی دەکاتەوە و یەکەم شەبەقی خۆر لێی دەدات و ئاشنای دەکات بەو خاکەی کە ڕۆشنایی لێی دەدات وەکو جێنیشینی باوکی[٣]. هەربۆیە؛ خۆر سەرچاوەی ژیانە، سەرچاوەی ئاگاییمانە. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە، زەردەشت(نیتشە) قسە بۆ خۆر دەکات، ئەمە ئەو تایبەتمەندییە کە وادەکات زەردەشت(نیتشە) زۆر گرنگ و بە بایەختر بێت. ”  دەشێت زەردەشت(نیتشە) لەگەڵ بە فیگەرکردنی ئاگایی خۆی قسەبکات. تا ڕادەیەک ئەمە کردارێکی نا باو و سەیرە، بەڵام گەر هەوڵبەی خۆو لە جێی ئەو پیاوە دانێیت کە هەمیشە بە تەنها بووە، هەر وەک نیتشە کە وابووە، بۆو دەردەکەوێت کە  ئەوە ئاگایی خۆتە دەستدەکات بە چاوتێبڕینی ناو  ڕووخساری خۆت. بۆ هەمیشە، خودی خۆت دەبێت بە هەم قسەکەر و هەمیش گوێگری خۆت؛ بۆ هەمیشە، سەیری ڕۆشنایی خۆت ئەکەیت، سەیری ناو چاوی خۆت ئەکەیت. وە دواتر زۆر بەباشی دەتوانی ئاگایی خۆو وەکو هاوەڵێکی ڕۆژانە بە فیگەر بکەیت، وەک ئەوەی شتێک بێت ڕۆژانە ڕووبدات. تەنانەت دەشتوانی ئاگایی خۆت وەکو تاکە هاوەڵێک لۆمە بکەیت.”[٤]. وە دواتر ئەوەی گرنگە، دەڵێت، بەبێ من چی دەکەیت؟ بە واتایەکی تر، ئەوانەی بە تەنیان و تاکە هاوەڵیان ئاگایی خۆیانە، ئەودەم ئاگاییەکانیان لەو قەبارە زێدەترە کە جەستە بتوانێت هەڵیبگرێت. هەر بۆیە لێی بێزاردەبێت و دەڵێت من لەگەڵ مار و هەڵۆکەمدا دەبم و دەچمە خوارەوە. یەکەم چوونە خوارەوە، هێمایە بۆ دابەزینە لەو ئاستە خود-درککردنە بەرزەی کە ئاگایی هەیەتی. وە هەروەها دووەم، بوونی لەگەڵ ئەو دوو گیاندارەدا هێمایە بۆ گەڕانەوە بۆ ”غەریزە”؛ گەر هەڵۆکە هێما بێت بۆ ژیری، ئەوا مارەکە هێمایە بۆ هەست و سۆز. لەوە زیاتر ڕوونی ناکەیەنەوە، پێم وابێت بەشی پێویست رۆشنە، ئەمە لە لایکە و لە لاکەی ترەوە شیکاری سایکی نیتشە ئامانجی وتارەکەمان نییە، تەنها ئەونە گرنگبوو لەلام کە دیمەنێک دابمەزرێنم بۆ هاوتاکردنی نیتشە و کوبریک.

لە بەرامبەردا، ڕۆبچینە ناو سایکی کوبریکەوە، بە ڕۆشنی کۆمەڵێک تێمای هاوبەشمان بۆ دەردەکەوێت. یەکێک لەوانە، دەرکەوتنی خۆرە لە فیلمەکەدا؛ هەر لە دەستپێکی فیلمەکەوە کاتێک خۆر دەبینین کە بە ستوونی لە زەویی دەدات، لەو جێیەیی لێی دەدات هێڵی کەمەرەییە، بەس کامێراکە بە گۆشەی نەوەت پلە خوارکراوەتەوە بۆئەوەی ئەو دیمەنە ببینرێت کە شەبەقی بەیان لە ئەیپ دەدات. ناونیشانی قۆناغی یەکەم، ناوی خۆی بە خۆیەوێتی، ئەویش گزنگ-بەرەبەیان-شەبەق-کازیوە-ڕۆژبوونەوە هەموویان بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕۆشنکردنەوەی ئاگاییمانە. بە واتایەکی دی، یەکەم گزنگی بەیان دەدات لە دەشتاییەکانی ئەفریکا کە کاتێک ئەیپەکانی لێ نیشتەجێبوونە، ئەو ڕۆشناییە دەبێتە هۆکاری تاودەر بۆ ئەیپەکان، وە بە دەرکەوتنی مۆنۆلیتەکە یەکەم بەرهەمی گزنگی بەیانییەکە لە بەکارهێنان و درکردنی تووڵدا دەردەکەوێت. وە پاشان، گەر لە لای زەردەشت(نیتشە) سەرکەوتن بۆ سەرشاخ هێما بێت بۆ چوون بەرەو ئاگاییەکی باڵاتر و لەودیو ئاگایی خەڵکی گشتییەوە، ئەوا چوونە فەزا لەلای کوبریک ترۆپکی ئاگاییە، لوتکەی ڕۆشنکردنەوەیە. گەر لەسەر لوتکەی شاخ هەتاوی خۆر بەتینتر لێمان بدات، ئەوا لە فەزا بەبێ شکانەوە، بەبێ ئاوابوون ڕۆشنای خۆر لێمان دەدات. گەیشتن بە لوتکەی ئاگاییمان چونمانە بۆ سپەیسە. بەڵام ئەوەی زۆر سەرنجراکێشە، چۆن زەردەشت(نیتشە) هاتەخوارەوە و دابەزی لەو ئاستە بەرزەی ئاگایی، ئەوا لە لای کوبریک دابەزین نییە بە مانای دابەزین، سەرەڕای کە بەتینوتاوتریشە بەس هەر هەنگاوێک زیاتر دەڕوات، ئەویش بەچوونە ناو نائاگاییمانەوەیە. بۆئەوەی ڕوونتر و سادەتر بم، دەرکەوتنی ئەرکی مانگەکە، هێمایە بۆ نائاگایمان. مانگ، بە پێچەوانەی خۆرەوە، هێمایە بۆ نائاگایی، خەونەکانمان، غەریزەکانمان، خودە شاراوەکەی ناخمان. گەر دیقەت بەن، لە زنجیرەی ئەنیمی بکوژی ئەهریمەنەکان، ئەوەبوو ئەهریمەنەکان بەشەو دەردەکەون و بەهاتاو دەسوتێن، ئەمە هێمایە بۆ نائاگاییمان کە ئەهریمەن وەک فیگەرێکی خەیاڵیی بەرهەمی نائاگاییمانە. بە واتایەکی دی، گەشتی مرۆڤ بۆ سەر مانگ، سێمبۆلی، گەشتە بۆ نائاگاییمان. مرۆڤ لەلای کوبریک، ناچێتە شاخ بۆئەوەی بگات بە ترۆپکی هەتاوی خۆر، بەڵکو دەچێتە فەزا بۆئەوەی ناکۆتا زەردەی خۆر لێی بات و ڕۆشنی بکاتەوە. وە بە چوونیشی بۆ سەر مانگ، چوونە بۆ نائاگایی. کوبریک بە درککردنەوە دەچێتە ناو نائاگاییەوە، بەڵام ئەوەی گرنگترە ئەم گەشتە بە تەنیا ناکات وەکو چوونی کەشتیوانەکە بۆ پەردەی کۆتای، بەڵکو دەستەجەمعییە. مانگ پرۆجێکتکراوەتە ناو نائاگایی دەستەجەمعی مرۆڤ. بۆیە دەشێ یەکێ بپرسێ، گەر بە ئاگایمانەوە بچینەوە ناو نائاگاییمان چی ڕوودەدات؟ وەکو چۆن ئاگایی زۆر مەترسیدارە، وە لە هەندێک کاتدا دەشێت ببێتە هۆی لەناوچوونی بوونی کەسەکە. ئەوهاش چوونە ناو نائاگاییەوە مەترسیدارە. گەر ئەوانەی فیلمی سوزومێتان دیبێت، ڕاستەوخۆ بە دەرکەوتنی هەورە ڕەشەکە کە لە جیهانی ژێرەوە دێتە سەرێ، هێمایەکی ڕوونە بۆ ئەو ”شتانەی” لەناو نائاگاییماندا هەیە، بە جۆرێک لە جۆرەکان گەر بکرێنەوە و دەربکەون کارەساتی لێدەکەوێتەوە (وەکو بومەلەرزەکە). دەتوانین بڵێین دەرگاکەی سوزومێش سێمبولە بۆ سنووری نێوان ئەو دوو جیهانە. بۆیە گەر بە وردی دیقەتی ئەم قۆناغە بدەین، لەو دەمەی کۆمەڵە دکتۆرەکە دەچنە جێی مۆنۆلیتەکە و لەو دەمەی دەیانەوێت وێنەیەکی فۆتۆگرافی بگرن، زریکە یان زرنگانەوەیەکی توند دەبیسترێت و لە پاشاندا بەکەتێک بۆ قۆناغی دواتر. دەتوانم بڵێم، وێنەگرتن لەویادا لەگەڵ مۆنۆلیتەکە بە واتای ئەوە دێت کە وێنەی ”شتێک” دەگیرێت کە هی بنیبنی نائاگایمانە، وێنەی شتێکە کە نابێت ببینرێت و درکی پێبکرێت. خۆی ئامانجی وێنەی فۆتۆگرافی؛ هێنانەوەی یادەوەرییە لە ساتەوەختێکی دیاریکراودا لەناو سپەیسێکی دیاریکراو. بە واتایەکی دی، بە فۆتۆگرافکردنی ”شتەکە” هێنانێتی یان کەشفکردنێتی بۆ نێو ئاگایمان. هۆکاری زرنگانەوەکەش هەر ئەمەیە، ورژاندنی ”شتێکە” کە نابێت بورژێت.

لەدوای ئەوەی هەم کوبریک هەم نیتشەمان ناساند و ڕۆشنمانکردەوە، پێموابێت، دەشێت کۆتاشت مابێتەوە لەم بارەیەوە لێی بدوێین ئەویش ئەوەیە کە ئایە دەتوانین ئارکەتایپی ئەم دوو هزرڤانە دیاریبکەین؟ نیتشە بە هاوتەریب لەگەڵ زەردەشتدا ئارکەتایپی پاوی پیری دانان. ئەم فیگەرە لەناو نائاگایی دەستەجەمعی ئێمەدا، لە زۆر جێوڕێی تر دەردەکەونەوە و، زۆر ئارکەتایپێکی قورس نییە بۆ ناسینەوە. زیاتر لەناو قەبیلە و کۆمەڵە سەرەتاییەکاندا هێمایە بۆ پیاوە پیر و ژیر و داناکەی ناو قەبیلەکە. ئەم ئارکەتایپە بەهۆی تەمەنەکەیەوە دنیا دیدەیە، گەر زۆر بە سادەیی لێی بدوێین، نەک هەر چاکەوخراپەیان دیوە، بەڵکو لەودیو چاکە و خراپەکەشەوەن. وە زانینەکەی و، داناییەکەی لە ئەزموونەوەیە، ڕاستەوخۆ لەناو کاتەوە دێت. هەروەکو چۆن زەردەشت دەساڵی پێچوو تا گەیشت بە لوتکەی ئاگایی، ئەوهاش لەم جۆرە لە پیرە داناکان، داناییەکانیان لە ئەزموونی کاتەوە دێت، هەروەکو دەڵێن کە گەیشتن بە ژیری کاتی دەوێت. بۆیە دەتوانم بڵێم، هەم کوبریک هەم نیتشە هەمان ئارکەتایپیان هەیە، ئارکەتایپی پیاوی پیری دانا. کوبریک بە کەتێک سەرلەبەری مێژووی ئێڤەلوشنمان نیشاندەداتەوە، بە زرنگەیەک ئاگادارمان دەکاتەوە کە لەو ”شتانەی” لەناو نائاگایماندا هەیە. پیرە پیاوەێکە هەم ئاگایی بەتینوتاوی کردووە (چوون بۆ فەزا و هەتاوی ناکۆتایی خۆر) و هەمیش چووەتە ناو نائاگیی و، زەبری نائاگایی لێیداوە (زریکەی مۆنۆلیتکە). بۆیە لە دەرئەنجامدا، وەکو ئەوەی لەسەرەوە ڕوونمکردەوە، کە بیرکردنەوە لەوەی کە نیتشە کاریگەری هەبێت بەسەر کوبریکەوە بە تایبەتی و هالیود بە گشتی، بیرکردنەوەیەکە کورت دەهێنێت لەبەرئەوەی هەر لە یەکەم پاچەکۆڵەوە هەم کوبریک و هەم نیتشە سەر بەهامەن ئارکەتایپن. هیچ سەیر نییە لەلام کە هەردووکیان کاریان لەسەر مۆڕاڵ کردووە.

مۆنۆلیت وەک جیهانێکی مەسکولانی کوبریک

مۆنۆلیتەکە یەکێکە لەو تێمایانەی کە زۆر کراوەیە بۆ لێکدانەوە، واتە لە دیدێکەوە بۆ دیدێکی تر و لە ڕەهەندێکەوە بۆ ڕەهەندێکی تر، دەکرێ لێکدانەوە و شیکاری جیابەجیای بۆ بکرێت، هەروەکوو ئەوەی کە بۆشی کراوە. بەڵام؛ من لێرەدا بە پشتبەستن بە شیکاری یۆنگ و خوێندنەوەی سیمبۆلیزمی ئارکەتایپی دایکی مەزن، مۆنۆلیتەکە ڕۆشن دەکەمەوە. هەروەها بە درێژکراوەیی ئەوەش، هەوڵدەدەم چەند سەرنجێکی دی بخەمەڕوو[٥].

مۆنۆلیتەکە لە سێ قۆناغدا دەردەکەوێت و هەر فیلمەکەش دابەشکراوە بەسەر ئەو سێ قۆناغەدا. هەڵبەت لە بیرکردنەوەی کوبریکدا، ئەو سێ قۆناغە بە خاڵی وەچەرخانی مرۆڤ(هۆمۆساپیان) دادەنرێت. قۆناغی یەکەم – بەرەبەیانی مرۆڤ؛ پێمان دەڵێت کە چۆن بۆ یەکەمجار ئامڕاز دەبێتە هۆی مانەوەیی دەستەیەکی دیاریکراو لە ئەیپەکان. لە دواتردا بە کەتە مێژووییەکە دەگەینە قۆناغی دووەم – چوونە سەرمانگ و کەشفی فەزا؛ پێمان دەڵێت مرۆڤ لە بەکارهێنانی ئەو ئامڕازانەی کە دایهێناوە و دۆزیونێتییەوە گەیاندوێتیی بە کوێ. قۆناغی سێیەم و کۆتای – دواڵیتەی مەرگ و ژیانە. بۆیە سەرنجی یەکەمم لەسەر مۆنۆلیتەکە ئەوەیە کە ئەگەر بگەڕێینەوە ناو مێژوو، بەتایبەتی حیکایەتەکان، میتۆلۆژییەکان و ئاینەکان، بۆ گەڕان بەدوای پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ئامڕاز ئەوا دەردەکەوێت کەسێکی تر یان باشترە بڵێم کەسی سێیەم هەیە. بۆ نموونە، لە میتۆلۆژیایی گریکیدا، پرۆمیسیۆس کە لە رەگەزی جایانتە، ئاگر دەدات بە مرۆڤ. وە ئاگر سێمبولە بۆ ئاگای و درکردن، کە توانای مێتامۆرفیۆسبوونی دەداتێ. واتە ئاگایی لەلایەن جایەنتێکەوە دراوە بە مرۆڤ. لەگەڵ ئەوەشدا، لە میتۆلۆژیایی مەکسیکیدا، لەدوای لافاوەکەوە بەلەمێک لە کەنار دەریاکەوە دەردەکەوێت و چەند کەسێکی تیایە و، ئەو کەسانەش لە ڕەگەزی جایەنتن، ئەوان دووبارە زانین فێری مرۆڤ دەکەنەوە[٦]. واتە دووبارە ئاشناکردنەوەی مرۆڤ بە تووڵ لەلایەن جایانتێکەوە دراوە بە مرۆڤ. هەروەها، لە ئاینە ئیبراهیمییەکاندا، ئاگایی یان درکردن لەلایەن ئیبلیسەوە دراوە بە مرۆڤ، چیرۆکی سێوەکەی حەوا. دەمەوێت بڵێم، بە گەڕانەوەمان بۆ خاڵی وەچەرخانی مرۆڤ لەناو مێژوودا، لەناو نائاگایی دەستەجەمعییە جیاوازەکانی مرۆڤدا، ئەو هاوشێوەبوونە بەدی دەکەین، کە ئامڕاز دانەهێنراوە بەڵکو پێیدراوە. بە واتایەکی دی، بەکارهێنانی ئامڕاز لەلایەن مرۆڤەوە بە داهێنان نییە، بەڵکو بە دراوە. کێ پێیداوە؟ پەنجەکان ئاراستەی ڕەگەزی سێیەم دەکەن، لە زۆربەیاندا جایانەتەکانن. لە دەرئەنجامدا، مۆنۆلیتەکە سێمبولە بۆ پێدانی ”ئامڕاز”ە بە مرۆڤ، هەر بۆیە دوای هەر دەرکەوتنێک خاڵێکی وەچەرخانە لە کاتهێڵی ساپیاندا.

سەرنجی دووەمم لەسەر مۆنۆلیتەکە، پرۆجێکشنی بەهێماکردنی مۆنۆلیتەکەیە. گەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی سەرەتایی مرۆڤ و پرسیاری ئەوە بکەین کە شکل و شێوەی تەنە ئەندازەییەکانیان چۆن بووە، بە جۆرێک لە جۆرەکان لە هونەرەکانیاندا، لە ماڵە کۆنەکانیاندا (بەتایبەت ئەوانەی هێشتا لە دارستانەکان دەژێن و، لەناو فۆرمە سادەکەی ماڵدا دەژێن) سێمبولی ئارکەتایپی دایکی مەزن دەبینین. واتە، لەڕووی ئەندازەییەوە، جۆرێک لە گۆیی دەبینین، وەکو سکی دایکە کە کاتێک دووگیانە. ماڵەکانیان، ئەوانەی کە تیرەو قەبیلەکانی ناو دارستانەکانن، جۆرێکە لە نیمچەگۆی. هەروەها، گۆزە و هونەرەکانیشیان بە هەمان شێوە. لە جیهانی سەرەتاییدا، ئارکەتایپی دایکی مەزن زاڵبووە و بارگاویی بووە بەو ئارکەتایپە. سادەترین نموونە زەوییە، لەناو میتۆلۆژییەکاندا زەوی دایکە، ئارکەتایپی دایکی مەزنە. بە واتایەکی دی، بە بەراورد بە قۆناغەکانی دواتردا، بازدانێک دەبینین لە جیهانێکی فێمەنییەوە بۆ مەسکوولانێتی، لە گۆییەوە بۆ ڕێکی، لە نیمچە گۆییەوە بۆ لاکێشەیی. دیزاینی شار و ماڵی ئێستا، زێدەتر دیزاینێکی مەسکولانە، ڕێکە، ئەندازەیەکە ١٨٠ دەرەجە پێچەوانەی ئارکەتایپی دایکی مەزنە. هەر بۆیە دیزاینکردنی مۆنۆلیتەکە لە شاخەسەهۆڵبەندی کوبریکدا، دیزاینێکی مەسکولانە، باشتر بیڵێم فۆرمێکی مەسکوڵانی هەیە. هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا، کەشی فیلمەکە کەشێکی مەسکولانی هەیە، بەگشتی لەکۆی فیلمەکەدا بە ڕوونی ئەم تێمایە دەردەکەوێت. بەڵام گەر بگەڕێینەوە بۆ ئەندێشەکەی کوبریک، پرسیارەکە ئەوەیە بۆ لە بنیبنی نائاگایی کوبریکدا، وێنەی دیزاینێکی مەزن، دەبێ فۆرمێکی مەسکولانی هەبێت؟ جا لێکدانەوەکە بۆ مۆنۆلیتەکە هەرشتێک بێت، فۆرمەکە فۆرمێکی مەسکولانە، ئەمە زۆر گرنگە. وە گرنگیشە لەبەرئەوەی بۆچی ئەندێشەکردنی ڕەگەزێکی هۆشمەندی تر فۆرمێکی مەسکوڵانی هەیە؟ هەرچەندە گەر لە ڕووی زانستییەوە لێی بڕوانین، فیلمێک بەو شێوەیە بازدانی ئێڤەلوشنی تیادا پێشانبدرێت، ناکرێت دینی بێت وێنەکە، وەکو خودایەکی دینی سەیربکرێت. بەڵام گەر واش بکەین، وەکو خودایەکی دی، لە بەستێنێکی تردا پێناسەی بۆ بکرێت، سەرەڕای ئەوەش هەر فۆرمێکی مەسکوڵانی هەیە، کە ئەم خاڵە زۆر گرنگە لام. گەر کوبریک بخەینە ناو شەبەنگی ئەو زانستوانانەی پشت بە بەڵگەی زانستی و لێکدانەوەی زانستی دەبەستن و لەوێوە دێنە گۆ لەسەر چەمکی ”خودا”، بەڵام ئەوانیش لە بنیبنەوە هەر بە فەزای دینی قسە لەسەر دین دەکەنەوە. وە زۆریش گرنگە لام ئەمە ڕوونبکەمەوە، لەناو فەزای دینیدا، وێنەی خودا، وێنەیەکی ببە، ئەویش دەبێتە. بە واتایکی دی، کاتێک باسی ”خودا یان دیزاینێکی مەزن” دەکەن، ڕاستەوخۆ وێنەیەکە کە بە چاوتروکانێک دروستبووبێت. ئەتوانم بڵێم، ئەونەی دیقەتم دابێت، چەمکی ”کون فەیەکوون” ڕیشەیەکی قوڵی هەیە لەناو نائاگایماندا، دیندارەکان چەنێک لەژێر ئەو کاریگەرییەدان، ئەونەش شەبەنگی ”زانستوانان” لەژێر ئەو کاریگەرییەدان. بۆئەوەی زۆر ڕوونتر بێت، دەتوانن سەیری چاوپێکەوتنەکانی ڕیچارد داوکینز و هاوکینگ و لاورێنس کراوس و فیزیکوان و ئێڤەلوشنەرییەکانی دی بکەن، کە چۆن هەروەکو دیندارەکان لە نائاگاییاندا لەهەمان فەزاوە دەدوێن دەربارەی ”خودا” بە چەمکی ”کون فەیەکوون”. دەشێ کەسێک بپرسێ، ئەی ئەگەر کەسێکی زانستی لەمەڕ دیزاینێکی مەزن بدوێت، دەبێت چۆن بدوێت؟ تا ئەو ڕادەیەیی کە بتوانم وەڵام بدەمەوە، بوونی هۆشمەندی یان ئاگایی پەیوەستە بە مێشکەوە، مێشکیش پەیوەستە بە دی ئێن ئەیەوە، وە دی ئێن ئەییش پەیوەستە بە کاربۆنەوە، بۆ ئەوەی کاربۆنیش دروستبێت، پێویستی بە بیلییۆن ساڵە[٧]. بە واتایکەی تر، ”شتێک” نییە بە ناوی کون فەیەکوونەوە. لە فەزای زانستیدا، نابێت و ناکرێت بەو چەشنەی ئەوان قسەی لێ دەکەن، بکرێت. بۆ من و بۆ ئێوەش کە ئێستا شاخەسەهۆڵبەندەکە دەبینین و ڕۆشنمان کردووەتەوە، زۆر ڕوونە کە کێشەکە لەشوادایە.

هەروەها، دەتوانین لە دەنگی هاڵدا بە ڕوونی ئەوە ببینین کە دەنگێکی مەسکوڵانی هەیە. بەڵام گەر ئێمە دیقەت بەین و بگەڕێین بەدوای هەموو ئەو فیلمانەی تر کە دەنگێکی وەکو دەنگی زیرەکی دەستکردی تێدابێت، زۆر بە سانایی دەردەکەون کە دەنگێکی فێمەنییە. بۆ نموونە، دەنگی زیرەکیە دەستکردەکەی فیلمی ئەو، لەگەڵ دەنگی پەیوەندییەکانی ئاسیاسێڵ و سێری ئەپل (سادەترین نموونە). بۆیە جیهانەکەی کوبریک جیهانێکی مەسکووڵانە.

سەرنجی سێیەمم، ئەوەی کە سەرنجم ڕادەکێشێت، پرسیارێکی زۆر بنچینەییە؛ بۆچی، سەرەڕای ئەوەی کەسەکە بکەوێت سەر هەر هێڵێکی شەبەنگەکە، ئێستا بێت یان دێرین، مرۆڤ توانای ئەندێشەکردنی رەگەزێکی هۆشمەندی باڵا دەکات؟ بۆچی دەتوانێت ئەندێشەیەکی وەها بکات؟ بۆچی ئەندێشەی خودا گەلێک دەکەین؟ مۆنۆلیتێک؟ ئالییەنێک؟  دیزاینەرێکی مەزن؟ بۆ ئێمە لە تواناماندایە ئەم ئەندێشەیە بکەین؟ من وەڵامەکەم لانییە، بەڵام ئەمە بنەماترین پرسیارە.

هاڵ و هەناسەکەی کوبریک

لێرەدا، باسی کاریگەرییە باش و خراپەکانی تەکنەلۆژیا و گەشەسەندی ئامڕاز لە فەزای مرۆڤدا ناکەم، هەم زۆری لەسەر وتراوە و هەمیش ئامانجی سەرەکی ئەم وتارە نییە. گەر ”هاڵ” وەکو سێمبول وەربگرین، ئەودەم چیمان پێدەڵێت؟ لەپاڵ ئەو ئارکەتایپانەی باسم کردن، لەگەڵ ئەوەشدا ئارکەتایپێکی تر هەیە لەناو نائاگایی دەستەجەمعی ئەمریکیدا ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە. ئەمریکا لە دەمی جەنگی جیهانی دووەم و دواتردا، بەهۆی کاریگەری یان بە جۆرێک لە جۆرەکان پشت ئەستووری بە زاناکان و تێکنەلۆجیستەکان، نەک هەر توانی یەکەمین بازبدات بۆ چاخی ئەتۆمی بەڵکو خەونی ئەمریکیبوونیشیان دووپاتکردەوە؛ ئێمە نەک گەریدە-دۆزەرەوە و داگیرکەرین بەڵکو گەشەپێدەری ئامڕازیشین. ئەو بەرهەمە زانستییانەی ئەمریکا دروستیکردوون و دایهێناون، دووبارە و سێبارە دەرکەوتنەوەی ئارکەتایپی گەشەپێدەری ئامڕازن. گەر چاوێک بە پەیمانگا و زانکۆ پلەیەکەکانی ئەمریکادا بخشێینین، زۆر بە ڕوونی ئەمەمان بۆ دەردەکەوێت. پەیمانگای پرینستن بۆ لێکۆڵینەوەی ئاست بەرز، باشترین و رۆشنترین نموونەیە؛ ئەمریکا بەبێ پرینستن و خانەی وەرگێڕانی پرینستن، ئەو ئەمریکایەیی ئێستای لێدەرنەدەچوو. ئەتوانم بڵێم، پرینستن – پرۆمیسیۆسی ئەمریکایە. هەروەها، پەیمانگایەکی وەکو (ئێم ئای تی)  و هاوشێوەکانی جێپەنجەیان لەسەر ئەم هێڵە داناوەو و بەردەوامیشە. چەند نموونەیەکی تری زیندوو گەر بهێنینەوە، دەزگای ناسا، دروستکردنی جەیمز وێب و داهێنانی سلیکۆنی ئەپڵ، ئەمانەش هەمووی دەرخەری ئەو ڕاستییە ئەزموونییەن کە ئەمریکا لە بنیبنیی نائاگای دەستەجەمعییەوە، چۆنن و چین. گەر پرسیاری ئەوە بکەین، کە بۆچی وان؟ وەڵامەکە بە تەنیا ڕەبت نابێتەوە بە ئارکەتایپی گەشەپێدەری ئامڕازەوە، دەشێ یەکێ بپرسێ، ئەی لە شوێنی دی هەمان ئارکەتایپ دەردەکەونەوە! ڕاستە کە وایە، بەڵام لەناو فەزای ئەمریکیدا؛ بۆئەوەی بەدیاریکراوی ئەو جۆرە لە ئارکەتایپ کاریگەری دابنێت، بە تەنها پەیوەست نییە بەو جۆرە لە ئارکەتایپەوە. بەڵکو وەکو تۆڕێک ئارکەتایپەکانی دیش پێویستن بۆ خەونی ئەمریکی. بە واتایکی دی، نائاگایی دەستەجەمعی ئەمریکی کاریگەری دادەنێت لەسەر ڕەفتاریی دەستەجەمعی ئەمریکی. لەگەڵ دراوەکانی تردا، ئینجا خەونەکە کامڵ دەکەن. وە خۆشبەختانە، وەک ئەوەی ڕۆشنمانکردووەتەوە و بینیومانە خاکی ئەمریکا دراوەکانی تری هەیە. زۆر بە سادەی ئەوەی دەمەوێت بیڵێم، تۆڕیی ئارکەتایپەکانی نائاگایی دەستەجەمعی ئەمریکی کاریگەری لەسەر ڕەفتاری دەستەجەمعی دادەنێت. وە بەمەش ”هاڵ” هەم سێمبولە بۆ ڕابردووە و ئێستا و داهاتووی بەرهەمی خەونی ئەمریکی.

کۆی فیلمەکە، کە دابەشکراوە بەسەر قۆناغەکاندا، لەگەڵ هەر قۆناغێکدا بازدانێکی ئێڤەلوشنی دەبینین، دەتوانم بڵێم ئەو ”میمەی” لەسەر وێنەی ئێڤەلوشن هەیە، لە مەیموونەوە بۆ سوپەرمان، هەڵە نییە و بەجۆرێک لە جۆرەکان پەیامێکی دی کوبریکە. ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێش بوو لەلام، هەناسەکەی کەشتیوانەکەیە، کاتێک کە بەشێکی بچوک لە کەشتیە فەزاییەکە دەشکێت و ناچار دەبێت لە کەشتییەکە بێتەدەرەوە و چاکی بکاتەوە. لەو دیمەنەدا کە چەند خولەکێکە زۆر بە دیاریکراویی گوێمان لە ”هەناسەدانێکی قورسە”. دەشێ یەکێ بپرسێ، ئەم هەناسەیە چیمان پێدەڵێت؟ گەر بە جوانی گوێ لە هەناسەکە بگرین، دەبینین کە هەناسەدانێکی قورسە، هەناسەی قورسیش بە جۆرێک لە جۆرەکان نیشانەی ترسە، ترسیش پەیوەندی هەیە بە ئەدریناڵینەوە، ئەدریناڵینیش هۆڕمۆنی زیندومانەوەی ئێمەیە. بەواتایەکی دی، هەناسە قورسەکە هێمایە بۆ کرداری مانەوە لە ژیان و هەستی غەریزیی زیندوومانەوە. سەرەڕای هەموو ئەو ”شتانەی” ڕۆشنمانکردوونەتەوە، بەڵام هێشتا ڕەهەندێکی تر ماوە کە لێی بدوێین. ڕەهەندە بایلۆژییەکەی مرۆڤ، هەرە غەریزەییەکەی. یەکێک لەو خراپ هەڵسەنگاندنانەی هاڵ کردبووی، ئەوە بوو کە نازانێت، مرۆڤ لە بنیبنەوە هێشتا هەر ئاژەڵەکەیە، هێشتا هەر هۆڕمۆنی ئەدریناڵی هەیە، هێشتا هەر غەریزەی زیندوومانەوەی تیایە. بەڵام ئەوەی لەلای من گرنگە ئەوەیە کە ئۆدیسەیە ئەمریکییەکان، ئاگاییان هەیە لەمەڕ ئەم هەستە. ئەمە لەلایەک، لەلاکەی ترەوە درکردن بەم هەستە بەتەنها نیشانەی تێگەیشتن نییە لە ”ئێڤەلوشنی مرۆڤ” بەڵکو درکردنی ئەوەشە کە بەبێ هۆڕمۆنی ئەدریناڵین خەونەکە بەهیچ جۆرێک بەدی نایەت. گەر بە شێوەیەکی دی بیڵێم، کۆمەڵگەی ئەمریکی ئاگایی یان درکردنیان هەیە بە ”قوربانیدان” لە پێناو مانەوە. دەزانن بە دیهاتنی خەونی ئەمریکی بەبێ هەناسەکەی کوبریک بەدی نایەت، ئاگایی ئەوەیان هەیە کە چۆن ئەدریناڵەکەیان بەکاربهێنن بۆ ئامانجێکی گەورەتر، خەونێکی گەورەتر، دەستکەوتێکی گەورەتر. دەتوانین بڵێین، ئەو ئاژەڵەی ماستەرە لەسەر زەوی، لە سپەیسدا وەکو ماسییەک وایە کە لە ئاو دەریانهێنابێت[٨]. بەڵام، ئۆدیسییە ئەمریکییەکان ئاگاییان هەیە لەمەڕ هەناسەکەی کوبریک. وە ئەوەی وادەکات ئەم درکردنە زۆر تایبەت بکات، درکردنەکە لەسەر ئاستی دەستەجەمعییە، نەک تاک. واتە ئاگایی دەستەجەمعییان هەیە لەسەر ”خۆ – بە قوربانیدانیان” بۆ خەونی ئەمریکی.

سەمای شیڤا وەک وزەی ژیان

گەر بگەڕێینەوە بۆ سەمای شیڤا لە میتۆلۆژیایی هیندیدا، شیڤا لە یەک کاتدا هەم درووستکەرە هەم لەناوبەر، هەم بدەری ژیانە هەمیش وەرگر. دەگوترێ سەماکەی لەناوەندی کۆسمۆسە، ناوەند وەک هێمایەک بۆ دڵ، بۆ دڵی کۆسمۆس. بۆ ئەوەی کۆسمۆسێکی هاڕمۆنی دروستبکات، دەبێت وێرانی بکات. وە ئەوەی گرنگە لێرەدا، ئەوانەن دریکیان بەم ماهیەتی ئەم سەمایە کردووە، یەکێک لەو فەیلەسووفە ڕۆژئاواییانەی کاریگەری فەلسەفە و میتۆلۆژیایی ڕۆژهەڵاتی بەسەرەوە بێت، شۆپنهاوەرە. لە پەرتووکەکەی، جیهان وەک ویست و ئایدیا، بە جۆرێک لە جۆرەکان باس لە گرنگی ماهییەتی ئەم سەمایە دەکات، بەوەی کە ”ویڵ یان ویست” وەکو پاڵنەرێکی ئافرێنەری کوێرانە وایە، لە بنچینەدا وێرانکەر و کایۆتیکە، وە ئەوە ئەقڵێکی دەوێت مانایەکی لێ دروستبکات. وە یۆنگ پێمان دەڵێت دەربارەی ئەم کەشفکردنەی شۆپنهاوەر، ئەو ویستە کە بە ئافرێنەرێکی کوێرانە ناوی دەبات هیچ نییە جگە لە ئازار چەشتنی مرۆڤ نەبێت. وە ئەم وزەی وێرانکاری و دروستکەرە، ناو دەنێت وزەی سایکی، بە واتایەکی تر بە مانای لیبیدۆ دەگەیەنێت لە پارادایمی یۆنگدا. لیبیدۆ لەلای یۆنگ وزەی ژیانە، نەک تەنها وزەی سێکسواڵی وەک لای فرۆید. گەر بگەڕێینەوە بۆ هێمای خۆر، بە جوانی بۆمان دەردەکەوێت کە لیبیدۆی ژیانە. هەم وێرانکەر هەم دروستکەر. وە لە بنەمادا لەلای یۆنگ دابەشبوونێک هەیە لەنێوان ئەو ئافرێنەرە کوێرانەیە، کە دەکاتە نائاگایی، لەگەڵ ئەقڵدا، کە دەگاتە ئاگایی. وە ئەوە وزەی ژیانە یان وزەی سایکییە کە ئۆردەر و نەزمی دەدات بە شتە کایۆتیکییەکانی نائاگاییمان. وە تێمای مەرگ و ژیان هیچ نییە جگە لە ڕووباری ئەم وزەی ژیانە کە دووبارە و سێبارە دەبێتەوە. وە ئەو ڕێگەیەیی کە ئاگای درک بە ناوەخنی نائاگای بکات و کەشفی بکات، ئەوە سێڵف\خودە، وە خودیش دەبێت لە پرۆسەی ئیندیڤیدوەیشندا بێت، واتە گۆڕان لە ئیگۆ-ئاگاییەوە بۆ خود-ئاگایی. وە بە باڵانس ڕاگرتنی ئەم دوو تێمایە، ئیگۆ و خود، هاڕمۆنی و خود-درکردن لە بوونی مرۆڤەکەدا دروست دەکات. وە پرۆسەی ئیندیڤیدوەیشنی کوبریک، سایکڵی مەرگ و ژیانەکەیەتی. بۆ ئەوەی کە ژیان و ژیانەوە هەبێت، دەبێت مەرگێک هەبێت[٩].

هەر بۆیە پەردەیی کۆتای کوبریک لە فیلمەکەدا، تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ دیمەنەکانی دی، کە هەڵگری لێکدانەوە و شیکاری کراوەن. بەڵام بەڕای من، پەردەی کۆتایەکە هەڵگری تێمایەکیی زۆر جوانی ژیانە. ئەویش تێمای دواڵیتە، تێمای هێزە-دژ-بەیەکەکانە. بە واتایەکی دی، ژیان کۆنتراستە، ئەوە کۆنتراستەکانی ژیانە کە مانا بە ژیان دەدەن. بە نموونە، ڕەش و سپی، مەرگ و ژیان، شەو و ڕۆژ، گەرمی و ساردی، خۆشەویستی و شەڕ، خۆشی و ئازار، جەستە و رۆح، وە چەندینی تر. گەر گریمانەی ئەوە دانێین بۆ ئەوەی ژیان هەبێت، دەبێت ”شتێکی” پێبدرێت، ”شتێک” وەربگیرێت. بۆ ئەوەی ژیان هەبێت، دەبێت مەرگیش هەبێت، ئەوە مەرگە مانا دەدات بە ژیان. بۆ ئەوەی قەدری ڕۆژ بزانین، دەبێت شەو ببینین. بۆ ئەوەی بزانین جەستەیەکی تەندروست چەند پێویستییە، دەبێت نەخۆشی ببینین. بە شێوەیەک لە شێوەکان، لەناو وێنە میتۆلۆژییەکاندا، بۆ ئەوەی ژیان هەبێت، دەبێت شتێک بخورێت، واتە ژیان شتێک قوت دەدات. هەڕەمی ئیکۆسیستەم بەجۆرێک ڕۆشنکەرەوەی ئەم گریمانەیەیە. لە میتۆلۆژیایی باکوریدا، مارێک دەوری جیهانی داوە و قەپی کردووەتەوە بە کلکیا. کامبڵ پێمان دەڵێت، مارەکە هێمایە بۆ وزەی ئیمۆرتاڵ و ئاگایی کە تێوەگیراوە لەناو کاتدا، کە بە بەردەوامی مەرگ فڕێ ئەیات و دووبارە لەدایکدبێتەوە. … لەوەش زێدە تر، مارکە هێمایە بۆ ئەرکیی سەرەکی ژیان کە خواردنە. ژیان پێکهاتووە لە خواردنی مەخلووقەکانی دی. … ژیان دەژێ بە کوشتن و خواردنی خۆی، بە فرێدانی مەرگ و دووبارە هاتنەوە بوون، هەروەکو  سایکڵی  مانگ[١٠]. بۆیە مەرگی کەشتیوانەکە، مەرگی مرۆڤ نییە، بەڵکو مەرگی سەردەمێکی دیاریکراوی مرۆڤە. بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر، ئەوانەی فیلمی باوکی ڕۆحییان دیوە، دیمەنی مەرگی کۆرلیۆنی هێمایە بۆ لەدایکبوونی کۆرلیۆنی گەنج(مایکڵ). بۆیە بەڕای من، مەرگی کەشتیوانەکە، هێمایە بۆ لەدایکبوونی سەردەمێکی نوێی مرۆڤ، بازێکی تری ئێڤەلوشنی مرۆڤ. هەروەها، ئەوانەی ئۆپنهایمەریان دیوە، دیمەنی سێکسەکەی ئۆپنهایمەر و خۆشەویستەکەی، لەکاتی سێکسەکەدا دێڕە شیعرییەکانی شیڤا دەخوێنێتەوە وەکو خوایەکی وێرانکەر، یان باشتر بڵێین بوون بە خوایەکی وێرانەکەر، بە دەلالەتی ئەوەی ئافراندنێک بێتەبوون، هەم سێکسەکە وزەی ژیانە، هەمیش وێرانکارییەکە دەبێتە ئافراندنی دووبارە هاڕمۆنی بۆ کۆسمۆس. بۆ ئەوەی ئاشتی و هاڕمۆنییەک هەبێت، دەبێت وێرانکارییەک هەبێت.

گەر تەماشای ڕەهەندەکانی تری ئەم تێمایە بکەین لەناو میتلۆژییەکانی تردا ئەوا زۆر بە باشی بۆمان ڕۆشندەبێتەوە کە چەمکی دوالیتە لە ژیاندا دەرخەری کۆ-بوونی هێزە دژبەیەکەکانە. بۆ نموونە، لە میتۆلۆژیایی باکوریدا، جەنگەکانی نێوان خواکانی ئەیسیر و جایانتەکانی یۆتنار، هێمایە بۆ جەنگی نێوان کەیۆس و ئۆردەر. کە خواکان هێمان بۆ ئۆردەر و شارستانییەت و بە پێچەوانەشەوە جایەنتەکان هێمان بۆ وێرانکاری و کەیۆس. هەر لەبەرئەوەشە ڕاگناڕۆکیان هەیە؛ سایکڵی دروستکردن و وێرانکاری، خوا کۆنەکان و خوا تازەکان. هەروەها، لە میتۆلۆژیایی چاینیدا، بەتایبەت داویستەکاندا، یین و یانگ هەیە. یین هێمایە بۆ تاریکایی، ماتێتی و مانگ، وە لە بەرامبەردا یانگ هێمایە بۆ ڕووناکی، چالاکی و خۆر. بەڵام ئەوەی گرنگە لە یین و یانگدا، وەک لە وێنە گەورەکەیاندا پیشاندراوە، هەردووکیان نەک سەربەخۆیانە بوونیان هەیە، بەڵکو تۆویشیان هەیە لەناو یەکدیدا، هیچیان بێ ئەوی دی نابێت. کۆ-بوونی هەردووکیان هێمان بۆ ڕاگرتنی باڵانسی هاڕمۆنییەتی گەردوون. هەروەها، لە میتۆلۆژیای بابلیۆنەکاندا، جەنگی نێوان مەردوک لەگەڵ تیاماتی خوای کەیۆس، هێمایە بۆ سەرکەوتنی ڕووناکی بەسەر تاریکی، ئۆردەر بەسەر کەیۆسدا. نموونەیەکی دی، لە میتۆلۆژیایی گریکیدا خۆشەویستی نێوان ئارێس کە خواوەندی شەڕە لەگەڵ ئەفرۆدییەت کە مێخوای خۆشەویستییە. میتۆلۆژیاکە پێمان دەڵێت کە چۆن جەنگ و خۆشەویستی دوو هێزی بنچینەیی بوونی مرۆڤن، هیچیان بێ ئەویدی نابێت، وە زۆری تر. لە دەرئەنجامدا، بەڕای من، مەرگی کەشتیوانەکە هێمایە بۆ لەدایکبوونەوەیەکی نوێ، مرۆڤێکی نوێ، بازێکی تری ئێڤەلونشنی مرۆڤ.

 

سەرچاوەکان

 

[١] Campbell, J. (2004). The hero with a thousand faces (2rd ed.). BOLLINGEN SERIES XVII

[٢] Allers, R., & Minkoff, R. (1994). The Lion King. Buena Vista Pictures.

[٣] Personality and it’s Transformations, Carl Jung and the Lion King (Part 1)

. YouTube, Jordan B Peterson. (2017).

[٤] Jung, C. G. (Carl Gustav), 1875-1961. Jung’s Seminar on Nietzsche’s Zarathustra. Princeton, N.J. :Princeton University Press, 1998.

[٥]   Mother Consciousness and The Great Mother Archetypes. Dr. Victoria Shackelford. (2022).

[٦] Ancient Apocalypse Season One, (2022).

[٧] John Archibald Wheeler. At Home in the Universe. American Institute of Physics, 1994.

[٨] https://www.kubrick2001.com/

[٩] The Wisdom of the Serpent: The Myths of Death, Rebirth, and Resurrection. Joseph L. Henderson and Maud Oakes. Princeton 1990.

[١٠] The Power of Myth. Joseph Campbell and Bill Moyers. Anchor Edition, 1991.

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: