فەلسەفەی ئیسلامی
نووسینی: ئولریش ڕودۆلف
وەرگێران: کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە
.10 گەڕانەوە بۆ ئەڕیستۆتێلیس:
ئیبن ڕوشد
وەک گۆتمان ئەم باوەڕە لە کۆشکى ئەلمووەحیدون لە مەڕاکیش ڕاگەیەنرا (1) و هەر لەوێ پیاوێکی گەنجیش بیستی کە گرنگیى بە سەرجەم پرسیارەکانى زانست دەدا: ئەبولوەلید ئیبن ڕوشد کە لە ئەوروپا زۆرتر بە ئاڤێروێس ناسراوە (1198 مردووە). ڕێگەى ژیانى هەندێک هاوشێوەیی لەتەک ڕەوتی پێگەیشتنی ئیبن توفەیلدا هەبوو: ئەمیش لە ئیسپانیاوە (وەلێ ئەم لە کۆردۆباوە) هاتبوو بۆ باکورى ئەفریکا، ئەمیش پزیشکی فێرکراو (و هەروەها یاساوان) بوو و لە دیراسەى فەلسەفەدا قووڵبۆوە، جگە لەوە دەستی کرد بە نووسینى شەرح (کۆمێنتار) لەبارەی فەلسەفەى ئەڕیستۆتێلیس – پێدەچێت ئیبن توفەیل ئامادە نەبووبێت ئەم ئەرکە لەئەستۆ بگرێت، بۆیە پێشنیارى بۆ سوڵتان کردبێت ئەرکەکە بدات بە هاوپیشە گەنجترەکەى. سەربارى ئەوە بەدەگمەن دەتوانین ئەم دوو هزرڤانە بە یەکدی بەراورد بکەین، چونکە ئیبن ڕوشد پێشبینیی تەواو جیاوازی سەبارەت بە چییەتیی فەلسەفە و مێژووى فەلسەفە هەبوو، بۆیە بۆ ڕێگەیەکى دیکە دەگەڕا تاکو زانستى فەلسەفەیى لەو پەشێوییانە دەربهێنێت کە بە دانوستاندنەکانى سەدەى یازدەیەم و دوازدەیەم دوچاریان بوو بوو.
جیاوازییەکان سەرەتا بەو پرسیارە دەستپێدەکەن کە داخۆ ڕێ بە مرۆڤ درابێت بفەلسەفێنێت. ئاشکرایە ئەم پرسیارە بە هیچ شێوەیەک ئیبن توفەیلى بە خۆیەوە خەریک نەکردبوو، وەلێ ئیبن ڕوشد هێندە بەجیددى وەریگرت کە ئیدی کارێکى خۆى بە ناونیشانى “لێتوێژینەوەى بڕێنەرەوە” (“فەسڵ ئەلمەقال” – و) بۆ تەرخان کرد. ئێمە گەرەکە وشەییانە لەم ناونیشانە تێبگەین، چونکە ئیبن ڕوشد لەم تێکستەدا بەوە ڕازی نابێت کە بە ئەرگومێنتى فەلسەفەیى بەرگرى لە ئیدێکانى بکات، بە پێچەوانەوە دەیەوێت بگات بە بڕیارێکى یاسایی لەبارەی ئەوە “کە داخۆ دیراسەى فەلسەفە و لۆگیک لە یاسا (ى ئایینییە)وە ڕێپێدراو بێت، یاساغ یان پێشنیار کرابێت، یاخود زەروورى بێت”.
ئیبن ڕوشد بۆ ئەو مەبەستە دەگەڕێتەوە بۆ قورئان کە گرنگترین سەرچاوەى بڕیاری دادوەریانەی ئیسلامییە و تێیدا گۆتەى بەم چەشنە دەبینێتەوە: “ئێوە کە تێڕوانینتان هەیە، هەروەها بهزرێن” (سورەتى 59، ئایەتى 2) (2)، یان: “ئایا ئەوان ڕانەمان لە دەسەڵاتى (خودا) بەسەر ئاسمان و زەویدا و لەوەش کە خودا سەراپا ئافراندوویەتى؟” (سورەتى 7، ئایەتى 185)(3). ئەم گۆتانە بە تێڕوانینی ئیبن ڕوشد دەیسەلمێنن کە پێویستە مرۆڤان لەبارەى ڕێکخراوى جیهان و بنەڕەتى خودى خۆیان بهزرێن، بەڵێ زۆرتر لەوەش، ئەم لێهزرینە گەرەکە بە چاکترین شێوازی شیاو ئەنجام بدرێت، چونکە قورئان هەروەها دەبێژێت: “بە دانایی و ئامۆژگاریی چاک بانگی مرۆڤان بکە بۆ سەر ڕێگەی پەروەردگارت و بە چاکترین شێوەی شیاو موجادەلەیان لەگەڵدا بکە …” (سورەتى 16، ئایەتى 125)(4). وەلێ باشترین شێوەی هزرین ئەوەیە کە ئەنجامەکانى دەسەلمێنرێن. ئەوە فەلسەفەیە کە زۆرتر لە زانستەکانى دی پشت بە زانینومای سەلماندنی ئەڕیستۆتێلیس دەبەستێت. کەواتە ئیبن ڕوشد دەتوانێت وەک یەکەم سەرئەنجامى لێهزرینەکانى جەخت بکات کە قورئان (و بەمەش شەریئەت) نەک تەنیا پێشنیار دەکات، بەڵکو هەروەها وەک فرمان (واجب) دەیسەپێنێت کە مرۆڤان خۆیان بە فەلسەفەوە خەریک بکەن.
بێگومان ئەم فرمانە هەموو مرۆڤان وەک یەک ناگرێتەوە. ئاخر ئیبن ڕوشد هاوشێوەى هزرڤانانى پێش خۆى جیاوازى دەکات لە نێوان گروپى جوداى مرۆڤاندا. هەندێک کەس لە بورهانەکانى (دێمۆنستراسیۆنەکانی) فەلسەفە تێدەگەن، هەندێکى دیکە تەنیا لە ئەرگومێنتە دیالێکتیکى یان ڕەوانبێژییەکان تێدەگەن و لەبەر ئەم هۆیە لە داواکارییەکە بۆ فەلسەفاندن بەدەرکراون. سەربارى ئەوە دەربڕینەکەى ئیبن ڕوشد وەک هاندانێک دەمێنێتەوە، چونکە ئێستا هەروەها واتایەکى ئەوتۆ دەگەیەنێت کە فەلسەفە بێچەندوچوون پێویستە بۆ هەموو ئەو کەسانە کە خاوەنی زەینێکى بەهێزن. وەلێ گەر ئیبن ڕوشد بەڕاستى بییەوێت ئەم ڕێنومایە لە قورئانەوە دەربئەنجامێنێت، ئەوا دەبێت ڕوونی بکاتەوە کە بۆچى نووسەرانى دیکە (بۆ نموونە غەزالى) تۆمەتى زەندەقە دەدەنە پاڵ فەیلەسوفان و لێرەشدا بە هەمان شێوە پشت بە قورئان دەبەستن.
لەسەر ئەمەش “لێتوێژینەوەی بڕێنەرەوە” وەڵامێکمان پێدەدات، ئەوە ئێستا نەک لە لێهزرینێکی یاساییەوە، بەڵکو لە تێڕوانینێکەوە لەبارەی پرنسیپەکانى ڕاڤەى (تەفسیری) قورئان. ئیبن ڕوشد جەخت لەوە دەکات کە نابێت مرۆڤ هەمیشە تەنیا بە یەک شێواز لە نووسراوى پیرۆز تێبگات، بە پێچەوانەوە سێ جۆرى جیاوازى گۆتە لە خۆ دەگرێت و هەر یەکەیان پێویستی بە دەرچەیەکى ڕاڤەکارییانەیە: 1) کۆمەڵێک ئایەت هەیە کە لەنێو خۆیەوە ڕوون و ئاشکرایە و مرۆڤ دەتوانێت چە بە دەستوێژەکانى بورهان و چە بە دەستوێژەکانى دیالێکتیک و ڕەوانبێژى بەڕوونى لێی تێبگات. نموونەیەک بۆ ئەم کۆمەڵە ئایەتە بریتییە لەم ڕستەیە: “هیچ خودایەک جگە لە ئەڵلا نییە”. ئەم ڕستەیە بۆ هەموو یەکێک ڕۆشنە و نابێت بە ڕاڤەکردنی خوازەیی بەزۆر واتاکەى لێبکرێتەوە. 2) کۆمەڵێکى دیکەى ئایەت هەیە کە بەگوێرەى گوزارشتی دەرەکى وەک کۆمەڵى یەکەم ڕوون و ئاشکرایە، وەلێ پێویستە مرۆڤانى سادەش وشەییانە لێی تێبگەن؛ ئەمە بۆ نموونە لەم ڕستەیەدا دەبینین: “خوداى میهرەبان لەسەر تەختى خۆی دامەزرا” (سورەتى 20، ئایەتى 5)(5). ئەم ڕستەیە وا پێشانى زۆرینەى ئیماندارانی دەدات هەروەک خودا وەک پاشایەک لەسەر تەخت دانیشتبێت، ئەمەش لەتەک تێگەیشتنى ئەواندا بۆ دەسەڵات یەکدەگرێتەوە. وەلێ کێ خاوەنى تێگەیشتنی باڵاتر بێت، دەزانێت کە خودا ناجەستەییە، کەواتە ناشێت بە شوێنێکەوە ببەسترێتەوە، بۆیە کەسانی خاوەن زەینێکى بەهێز دەزانن کە دەبێت ئایەتێکى بەو چەشنەى قورئان خوازەییانە ڕاڤە بکرێت. 3) لە کۆتاییدا کۆمەڵێکى دیکەى ئایەتگەلى قورئان هەیە و پەیوەند پێیانەوە دیار نییە کە داخۆ مرۆڤ وشەییانە یان لە مەغزایەکى خوازەییدا لێیان تێبگات. ناسراوترین نموونە بۆ ئەوە گۆتەکانن لەبارەى زیندووبوونەوە (قیامەت). ئێمە ناتوانین پشتبەستوو بە سەلماندن ئەم گۆتانە بپشکنین، چونکە ئێمە بەئاسانی نازانین کە بە چە شێوەیەک زیندووبوونەوەکە (جەستەیی؟ هۆشەکی؟ تاکەکەسی؟) ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕوودەدات. ئیبن ڕوشد لە ڕەوشى ئەم جۆرە ئایەتانەدا جەخت دەکات کە زانایان دەتوانن بۆچوونى جیاوازیان هەبێت، چونکە هیچ کامیان ناتوانێت زانینوماکەى خۆى بە ئەرگومێنتى بورهانى مسۆگەر بکات. بۆیە نابێت هیچ کەس بەهۆى بۆچوونەکانییەوە بە زەندیق دابنرێت – یان ئەوەتا ئەو کەسە نکۆڵى لە خودى بنەماکەى ئیمان دەکات (لەم ڕەوشەدا هەقیقەتى زیندووبوونەوە) و بەمەش دژبێژیى یەکێک لە بنەماکانى ئیسلام دەکات.
کەواتە ئیبن ڕوشد بۆ ڕاڤەى قورئانیش بەقەد پێویست فەزاى کارکردن دادەنێت – هەر ئەوەندە کە ئەو خۆى پێویستى پێیەتى. بەڵێ، ڕاڤەی قورئان تەنانەت مسۆگەری بە سەرئەنجامى لێهزرینە یاساییەکانى ئەو دەدات، چونکە دەیڕاستێنێت کە گۆتەکانى نووسراوى پیرۆز (ئەوە گەر دروست ڕاڤە بکرێن) لەتەک تێزە فەلسەفەییەکاندا یەکدەگرنەوە. وەلێ گەر ئەمە ئەوها بێت، ئیدی هیچ هۆیەک بۆ ناوزڕاندنی فەیلەسوفەکان لەگۆڕێ نابێت. کێ سەرباری ئەوە کاری ئەوها بکات، بێچەندوچوون بەسەهوودا چووە. ئەمە بێگومان غەزالیش دەگرێتەوە کە لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانى “دژبێژیکردنی فەیلەسوفەکان” / Inkohärenz der Philosophen (“تەهافوت ئەلفەلاسیفە” – و) گۆتبووى، فەیلەسوفەکان لە بیست پنتدا بەهەڵەدا چوون (بڕوانە سەرەوە، لا 59 (ی کتێبەکە – و)).
دەرخستنی ئەوە دووەم ئەرکى گرنگە کە ئیبن ڕوشد لەئەستۆی دەگرێت. ڕاستییەکەی دەبوو ئەم ئەرکە بەجێبگەیەنرێت، چونکە لەسەر تانوتە ڕاگەیەنراوەکانی نێو “دژبێژیکردنی فەیلەسوفەکان” نە ئیبن باجە (کە پێدەچێت تێکستەکەى نەناسیبێت) و نە ئیبن توفەیل (کە پێدەچێت لە پێناوی ڕاگرتنى هارمۆنیدا گرنگیى بە تێکستەکە نەدابێت)، پەرچەکرداری پێگونجاویان نواندبوو. ئیبن ڕوشد ئەوها نەبوو، چونکە دەیزانى ناشێت هێرشێکى بەو چەشنە لەدژى فەلسەفە بەبێ شەرحکردن وەلاوەبنرێت، بۆیە خۆی بەو تۆمەتانەوە خەریک دەکات و وەڵامێک دەنووسێت: “دژبێژیکردنی دژبێژیکردن” / Inkohärenz der Inkohärenz (“تەهافوت ئەلتەهافوت” – و). ئەو لەم نووسینەدا ئاماژە بۆ سەرجەم تانوتەکانى غەزالی دەدات و هەوڵ دەدات بەرپەرچیان بداتەوە.
ئەرگومێنتەکانى ئیبن ڕوشد کە لەم نووسینەدا دێنە دەربڕین، سەرنجڕاکێشن، چونکە لەسەر چەند ئاستێکى جیاواز دەبزوێن. ئەو لە لایەک هێرشەکانى غەزالى ڕەتدەکاتەوە، لە لایەکى دى ڕەخنە لە فەیلەسوفانى پێش خۆى دەگرێت (پێش هەموویان لە ئیبن سینا): تێزە بیرلێنەکراوەکانی ئەوان بوون بە هۆیەک کە فەلسەفە ناتەبایی نێوەکی (تناقض) لە خۆ بگرێت و ئیدی بشێت هێرشى بکرێتە سەر. باوەجو ئیبن ڕوشد لێرەدا دەیەوێت شکۆمەندی بۆ دابی فەلسەفە بگەڕێنێتەوە، بۆیە زۆر مەبەستێتى فەلسەفە لە هەموو ئەو تانوتانە بپارێزێت کە غەزالی لەدژی دەری بڕیبوون. ترۆپکی تانوتەکانى غەزالى ئەو تێڕوانینەیە کە فەیلەسوفەکان بێبڕواییان (کوفریان) بڵاوکردۆتەوە، چونکە ئەوان ئەم تێڕوانینانەیان فێرکردووە: 1) ئەزەلییەتى جیهان (“تەهافوت ئەلفەلاسیفە“، بەشی 1)، 2) خودا تەنیا بەگشتی شتە تاکەکان دەناسێت (بەشى 13)، 3) مرۆڤ نەک بە لەش، بەڵکو تەنیا بە دەروون زیندوو دەبێتەوە (بەشى 20).
ئیبن ڕوشد زۆر بەتوندی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە، ئەویش بە دانانی ئەم ئەرگومێنتانە: 1) قورئان لە هیچ جێیەکدا نابێژێت کە جیهان لە هیچەوە (من العدم – و) ئافرێنراوە و لە کاتدا هاتۆتە ئاراوە. گەر لە قورئاندا بەگشتی گۆتە لەبارەی بنەڕەتی جیهان هەبێت، گۆتەکان بەزۆریى ئاماژەن بۆ ئەوە کە پێویستە ئێمە بۆ هاتنەئاراى جیهان کەرەسەیەکی (ماتەرییەکی) ئەزەلی وەک دەرچە دابنێین؛ بۆ نموونە لە سورەتى 11، ئایەتى 7دا هاتووە: “هەر ئەوە کە ئاسمانان و زەمینى لە شەش ڕۆژدا دروست کرد کاتێک تەختى فەرمانڕەواییەکەى بەسەر ئاوەوە بوو …”(6). وەلێ ئەم جۆرە ئایەتانە ڕوون نین و دەرفەتی ڕاڤەکردن چە بە فەیلەسوفان و چە بە تیۆلۆگان دەدەن، کەواتە ناشێت هیچ لایەنێک تۆمەتى بێبڕوایى (کوفر) بداتە پاڵ لایەنەکەی دی بەهۆى بیروڕاکانییەوە. 2) ئەمە بە هەمان شێوە پرسیارەکە لەبارەی زانینی خودا دەگرێتەوە، وەلێ هەروەها لێرەش بەهەڵەتێگەیشتن لە فەیلەسوفەکان هەیە، چونکە ئەوان بە هیچ شێوەیەک نکۆڵى لەوە ناکەن کە خودا شتە تاکەکان (Partikularia) دەناسێت، بەڵکو تەنیا دەبێژن کە پێویستە جۆرى زانینى خودا جیابکرێتەوە لە هەر شێوەیەکى زانینى مرۆڤ. ئاخر مرۆڤان هەنگاو بە هەنگاو زانینى خۆیان بەدیدەهێنن؛ لێزانییەکانیان بە ڕوانین لە شتە تاکەکان دەهێنرێنەدی، وەلێ ئەمە لاى خودا تەواو پێچەوانەیە: زانینى خودا هەر لە ئەزەلەوە سەرجەم شتەکان (بە زانینى مرۆڤیشەوە) لە خۆ دەگرێت و پێشمەرج بووە یان پێشمەرجە بۆ ئەوە کە شتە تاکەکان بەدووى یەکدا دروست بوون یان دروست ببن. 3) لە کۆتاییدا لە پرسیارى زیندووبوونەوەشدا ناڕەوایی بەرانبەر فەیلەسوفەکان کراوە، چونکە ئەو زانینە کە ئەوان لەم ڕووەوە لە خەڵکی دەگەیەنن، بە هیچ شێوەیەک دژبێژیی قورئان ناکات، هۆى ئەمەش پێشتر لە “لێتوێژینەوەی بڕێنەرەوە“دا باس کرا: مرۆ ناتوانێت ئەو جێیانەى قورئان کە لە زیندووبوونەوە دەدوێن، بە واتاى وشە یان لە مەغزاى خوازەییدا بچەسپێنێت، کەواتە ناشێت تۆمەتى بێبڕوایی (کوفر) بدرێتە پاڵ هیچ کەسێک کە پەیوەست بەم پرسیارەوە ڕاڤەیەکى دیکە ئەنجام دەدات.
بەمەش پێدەچێت هەموو پنتە گرنگەکان ڕوونکرابێتنەوە. ئیبن ڕوشد ڕەوایەتیى بە فەلسەفە دا، ئەوە چە لە داواکارییە بنەماییەکەیەوە (“لێتوێژینەوەی بڕێنەرەوە“) و چە لە تاکە تێزەکانییەوە (“دژبێژیکردنی دژبێژیکردن“). لەمەبەدوا ئیبن ڕوشد ڕێپێدراوە بچێتە سەر لێهزرینە فەلسەفەییەکانى خۆى. وەلێ ئەوە لەو نووسینانەدا ڕوونادات کە تا ئێستا لێمان ڕوانین، بەڵکو لە ژانرێکى دیکەى تێکستدا، واتا: نووسینە پوختە فێرکارییەکان، پارافرازە ڕوونکەرەوە و شەرحەکان (کۆمێنتارەکان) کە لەبارەى کۆبەرهەمەکەى ئەڕیستۆتێلیس (هەروەها لەبارەى ڕێس پوبلیکا ى پلاتۆن و کارانى جیاوازى دیکەى ئەنتیکە) نووسینى.
ئیدی لە کۆتاییدا بەم نووسینانە هزرى سیستەماتیکانەى خودى ئیبن ڕوشد ئاوەڵا دەبێت. وەلێ مەبەستى ئەو لەم نووسینانەدا ئەوە نییە کە ڕوانگەی نوێ و چاوەڕواننەکراو پێشانی فەلسەفە بدات، بەڵکو دەیەوێت ڕێگەی ڕووەو ڕاستى بدۆزێتەوە. ڕاستی بە تێڕوانینى ئەو ناسراوە، چونکە پێشتر ئەڕیستۆتێلیس پەیڕەویی کردووە. ئاخر ئەوە ئەڕیستۆتێلیس بوو کە فێرى کردین لە سروشتى دەورى خۆمان تێبگەین و لە سروشتەوە دەرئەنجامگیریى بێهەڵە سەبارەت بە سەرجەمێتیی بوون ئەنجام بدەین. وەلێ ئەم توانستە درەنگتر لەدەستچوو، چونکە هزرڤانانى وەک ئیبن سینا فەلسەفەیان بە تیۆلۆگییەوە (و ئەڕیستۆتێلیزمیان بە نوێپلاتۆنیزمەوە) گرێ دا؛ ئەوان ئاستى بورهانییان تێکەڵ کرد بە ئاستەکانى دیالێکتیک و ڕەوانبێژى. هەر بەم شێوەیە فەلسەفە کۆهەڕێنسە (تەماسوکە) بنەڕەتییەکەى خۆى لەدەست دا و لێرەشەوە دەرفەت بۆ ڕەخنەگرانى وەک غەزالی ڕەخسا هێرش بکەنە سەرى.
ئیبن ڕوشد بۆ ئەوەى هەڵوێست لەدژى ئەو هێرشانە وەربگرێت، سەرلەنوێ دەگەڕێتەوە بۆ ستاگیرییەکە (بۆ ئەڕیستۆتێلیس – و). ئەمە لە زۆر ڕەوشدا سەرئەنجامێکى ئەوتۆ دەهێنێت کە ئیبن روشد ئەو تێزە “نوێ”یانە کە فەیلەسوفانى پێش خۆى بەتایبەتى گۆڕانیان پێدابوون (بۆ نموونە جیاکردنەوەى کرۆک (ئێسێنس) و لێرەبوون (ئێکسیستێنس) لای ئیبن سینا، یان مۆدێلە گەردوونناسییەکەى فارابى بە خوداوە وەک هۆ لە ترۆپکدا) ڕەتدەکاتەوە و بە زانینوما “کلاسیکی”یە ئەڕیستۆتێلییەکان (واتا گەوهەرەکان وەک بەردى بناغەى بوون، خودا وەک هۆى بزووتن) جێیان دەگرێتەوە. سەرەڕاى ئەوە ئیبن ڕوشد هێشتا هەر ناتوانێت وا ئاسان فەلسەفەى ئەڕیستۆتێلیس بنیاتبنێتەوە، ئەو خۆیشى ئەمە دەزانێت، چونکە لە دەربڕینەکانییەوە خویا دەبێت، کە ئەو زانیاریى تەواوى هەبوو سەبارەت بەو ڕاڤە جیاوازانە کە لەبارەی بەرهەمەکەى ستاگیرییەکە لە بەردەستدا بوون (ڕاڤەکانی ئەلێکساندەرى ئەفرۆدیسیاسی، تێمیستیۆس، سیمپلیکیۆس، یۆهانس فیلیپۆنۆس و هتد). کەواتە ئیبن ڕوشدیش لە لایەنى خۆیەوە ڕاڤەى ئەڕیستۆتێلیس ئەنجام دەدات. ئەو ئێستا دانوستانى ئەو کێشانە دەکات کە لە کۆبەرهەمەکەى ئەڕیستۆتێلیسەوە دەکەونەوە، هەروەها بەراوردى ئەو ڕاڤانە دەکات کە پەیوەند بەو کێشانەوە گۆڕان پێدرابوون. بەم شێوەیە ئیبن ڕوشد بە خەریکبوونى بەویژدانانە لەتەک مۆدێلە ترادیسیۆنیەکانى چارەسەرکردندا دەگات بە ڕیزێک وەڵام کە لە بەرنامەڕێژییاندا تەواو نوێ و ڕەسەنن.
بۆ ئەوە تیۆریى زەین ناسراوترین نموونەیە و لە لێهزرینەکانى ئیبن ڕوشددا رۆڵێکى گرنگ دەگێڕێت. وەلێ ئەو لێرەدا لە پێگەی زەینى چالاک ناهزرێت (ئەمە لاى ئیبن باجە و ئیبن توفەیل پێشینەیى بوو)، بەڵکو دەیەوێت باشتر دیاریی بکات کە داخۆ مەسەلەکە پەیوەند بە زەینى شیمانەییەوە / پۆتێنسیەلەوە (یان ماتەریەلەوە) چۆن بێت. زۆرینەى کۆنترین نووسەران بۆچوونێکى هاوشێوەیان لەبارەى زەینى شیمانەیی هەبوو. ئاخر چە کندى، چە فارابى و ئیبن سینا (هەروەها پاشەوارانیان) وایان دادەنا کە هەموو مرۆڤێک خاوەنی زەینێکى خۆیى شیمانەییە، تەنانەت کاراییەکى گرنگیان پێدابوو: زەینی شیمانەیی گەرەکە دەرفەتى بەختیاربوون بۆ تاکەکەس بڕەخسێنێت (بێگومان فارابى سنوورى بۆ دانابوو). ئاخر دەگۆترا، گەر مرۆڤ بۆى بلوێت مەئریفە بەدیبهێنێت، ئەوسا زەینى شیمانەیی خۆى ڕیالیزە (تەحقیق) دەکات و بەشی لە جیهانى هۆشەکیى ئەزەلیدا بەردەکەوێت.
ئیبن ڕوشد دژى ئەو تێڕوانینە دەوەستێتەوە. بە دیدى ئەو چەند هۆیەک هەن کە ئاماژە بۆ هەبوونی یەک زەینى گشتگیری (یونیڤێرساڵی) شیمانەیی دەدەن. ئێمە دەبێت لە لایەک ئاستگەلى تاکەکان (لێرە بەواتای ئاستەکانى تاکە مرۆڤ) و گشتێتى (لێرە بەواتای مەئریفەى هۆشەکى) لەیەک جیابکەینەوە. کاراییەکانی سەر بە تاکەکەس بەندن بە لێرەبوونى لەشەکى-دەرکییەوە و سەرجەمی ئەو کردانە کە پەیوەندییان بە شئورە دەرکییەکانمانەوە هەیە (وەک دەرککردن، یادوەرى، پێشبینى و هتد)، سەر بەوانن، بۆیە کاراییەکان لە لایەن دەروونێکى تاکەکەسییەوە کە لەتەک لەشدا لەناودەچێت، پێکەوە دەگونجێنرێن. وەلێ بە تێڕوانینی ئیبن ڕوشد مەئریفەى هۆشەکى سەر بە کایەى تاکەکەس نییە، بەڵکو خۆی لە سەرووى هەموو ئەو سەرئەنجامانەوە دەبینێتەوە کە لە تاکە دەرککردنەکانەوە بەدیدەهێنرێن، ئەویش چونکە مەئریفەی هۆشەکی بە داماڵین (ئەبستراکسیۆن) لە سەرئەنجامەکان، تێگەیەک دەسازێنێت. وەلێ تێگە گشتییە و زانین لەمەڕ تێگە لاى سەرجەم مرۆڤان هەمان زانینە (بۆ نموونە یاسا ماتماتیکییەکان). لێرەوە ئیبن ڕوشد دەرئەنجامێنێت: دەبێت شوێنگەی (ئینستانسی) تایبەت بە ناسین لاى سەرجەم مرۆڤان هەمان شوێنگە بێت. هەروەها ئەرگومێنتێکى دی لە خودى زەینى شیمانەییەوە دەکەوێتەوە: زەینى شیمانەیی، پێش ئەوەى بهزرێت، توانستى پەتییە. ئیبن ڕوشد پێناسەى دەکات وەک: “بەشیمانەیى بریتییە لە سەرجەمی ئەو فۆرمە (هۆشەکی)یانە کە سەر بە فۆرمە گشتگیرە (یونیڤێرساڵە) ماتەریەلەکانن”. ئەو هەروەها جەخت دەکات: “پێش ئەوەى (زەینى شیمانەیی – و) لێیان (لە فۆرمە گشتگیرە ماتەریەلەکان – و) تێبگات، خۆى بوونەوەرێکی کردەکى نییە”. بێگومان زەینی شیمانەیی وەک توانست ناجەستەییە، هەروەها وەک توانست هەمیشە هەبووە. ئەمە هەروەها ئاماژەیە بۆ گریمانەکردنی یەک تاکە زەینى شیمانەیی کە ئەزەلییە و بە چالاکییە (فەلسەفەییە)کەی گەرەنتى بە نەمریى ڕەگەزى مرۆڤ دەدات – بێگومان نەک بە نەمریى تاکە مرۆڤ.
پەراوێز
- مەبەستى نووسەر پێشنیارەکەى ئیبن توفەیلە بۆ ئەوە کە پەرچەکردار بەرانبەر فەلسەفەى ئیبن سینا بنوێنرێت: ئیبن توفەیل نەیدەویست وەک غەزالى رەخنە لە فەلسەفەى ئیبن سینا بگرێت، ئەو هەروەها نەیدەویست وەک ئیبن باجە بگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەى فارابى، بە پێچەوانەوە ئیبن توفەیل لەو بڕوایەدا بوو کە دەشێت کۆتێزێک لە مەبەستەکانى ئیبن سینا و غەزالی چێبکریت بڕوانە: هەمان نووسەر: فەلسەفەی ئیسلامی. سەقامگیربوونی فەلسەفە لە ئیسپانیا. هەمان سایت.
- “فَاعْتَبِرُوا يَا أُولِي الْأَبْصَارِ”. لە وەرگێڕانی هەژار موکریانی: “سا ئێوە دەرس وەرگرن، ئەی گرۆی خاوەن ئاوەزان”.
- “أو لم ينظروا فى ملكوت السموات والارض وما خلق الله من شىء …” (بە كوردى لە وەرگێڕانی هەژار موکریانی: “ئاخۆ ئەوان لە دامو دەزگای پڕ شکۆی عاسمانەکان و زەمین و هەرچی خوا دروستی کردوون، ڕا نەماون؟”. لای بورهان محەمەد یاسین، تەفسيرى ئاسان: “ئايا بۆ سەرنجيان نەداوە لەو هەموو دەسەڵاتە گەورەيەى خودا لە ئاسمانەكان و زەويدا و ئەو هەموو شتانەى كە خودا بەدیی هێناون؟”.
- “ادْعُ إِلَى سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ وَجَادِلْهُمْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ …”. لە وەرگێڕانی هەژار موکریانی: “بە کارزانی و ئامۆژگاریی پەسند، مەردوم بەرەو ڕێگەی پەروەرندەت گازی بکە و بە چاکترین شێوە لەگەڵیان بدوێ.”
- “الرَّحْمَنُ عَلَى الْعَرْشِ اسْتَوَى”. لە وەرگێڕانی هەژار موکریانی: “ئەو خودایەی لەسەر تەختی خۆی دامەزرا”.
- دەربڕینە ئەرەبییەکە: “وهو الذى خلق السموت والارض فى ستة أيام و كان عرشه على الماء …”. لە وەرگێڕانی هەژار موکریانی: “هەر ئەویشە کە ئاسمانان و زەمینی لە شەش ڕۆژدا دروست کرد و تەختی فەرمانڕەوایی ئەو لەسەر ئاو بوو …”.
سەرچاوە:
Ulrich Rudolph, Islamische Philosophie, München 2004
فەرهەنگۆک
ماتەری: (بە واتای وشە) کەرەسە.
پارافراز: دانەوەی تێکستێک بە وشەی خۆیی.
ڕێس پوبلیکا: کۆمار، ناونیشانە لاتینییەکەی دیالۆگی “پۆلیتێیا”ی پلاتۆنە کە بە ئەڵمانی وەرگێڕراوە بۆ “دەوڵەت”.
زەینى شیمانەیى / توانستەکی (پۆتێنسیەل) و زەینى کردەکی (ئەکتوێل): یەکەمیان توانستى سروشتیی مرۆڤە بۆ هزرین، فێربوون و هتد، کە تایبەتە بە سەرجەم مرۆڤان؛ دووەمیان ئەو زەینەیە کە لە شتە کەرەسەییەکانەوە (ماتەریەلەکانەوە) فۆرمەکانی کرۆکی گشتاندووە، واتا بە داماڵین لێیان تێگەیەکی گشتیی سازاندووە، هەروەها شارەزای هەر پرنسیپێکی زانستەکانە.