گۆڕان

247
0
بڵاوکردنەوە:

گۆڕان

نووسینی: ئێرنست هێمنگوەی

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕامیار محەمەد

 

پیاوەکە گوتی: “زۆر باشە، قسەت هەیە لەسەری؟”

کچەکە گوتی: “نەخێر، ناتوانم.”

“مەبەستت ئەوەیە نایکەی؟”

کچەکە گوتی: “ناتوانم. مەبەستم لەوەیە ناتوانم و تەواو.”

“ئێ کەواتە مەبەستت ئەوەیە نایکەی.”

کچەکە گوتی: “زۆر باشە، با ئەوەبێ کە تۆ دەیڵێی.”

“ئەوە نییە کە من دەیڵێم. خۆزگە دەخوازم ئەوە بووایە کە من دەمویست.”

کچەکە گوتی: “بۆ ماوەیەکی زۆر ئەوە بوو کە تۆ دەتویست.”

کات زوو بوو. جگە لەو دووانە، لەسەر مێزێک لە سووچێکی کافێکە دانیشتبوون، هیچ کەسێکی دیکەی لێ نەبوو. کەشوهەوا بەرەو ساردی دەچوو، پێستی هەردووکیان بەهۆی خۆهەڵخستنیان لەبەر تیشکی خۆر مەیلەو قاوەیی بووبوو، هەر بۆیە لە پاریس ئاسوودە نەبوون. کچەکە چاکەت و پانتۆڵیکی پایزانەی لەبەر بوو، پێستیشی ئاڵتوونیی و نەرم بوو. قژە زەردەکەی کورت کردبووەوە و پەرچەمی لەنێو چاوانیدا هێشتبووەوە. پیاوەکە تەماشایەکی کرد و گوتی:

“دەیکوژم.”

کچەکە گوتی: “تکایە وا مەکە.”

لەبەر ئەوەی دەستەکانی زۆر ناسک و جوان بوون، پیاوەکە تەماشای کردن. دەستەکانی باریک و قاوەیی بوون.

“دەیکوژم. سوێند بە خوا دەیکوژم.”

“ئەوە دڵخۆشت ناکا.”

“نەتدەتوانی شتێکی تر بکەیت؟ نەتدەتوانی خۆت بگلێنیتە ناو کێشەیەکی ترەوە؟ بۆ ئەمە؟”

کچەکە گوتی: “لەوە دەچێ نەمتوانیبێ. چی لەم باروودۆخە دەکەی؟”

“پێم گوتی.”

“نا، ئاخر من بەجدیمە.”

کاتێک کچەکە دەستی لە گیرفانی دەردەهێنا، پیاوەکە گوتی: “نازانم.”

کچەکەش گوتی: “«فیڵ»ـی خاکەسار و داماو.” پیاوەکە تەماشای دەستەکانی کرد، بەڵام هەوڵی نەدا دەستی بگرێت.

پیاوەکە گوتی: “نەخێر، من وا نیم.”

کچەکە گوتی: “گەر بڵێم ببورە، هیچ لە باروودۆخەکە دەگۆڕێ؟”

“نەخێر.”

“پێشت نەڵێم شتەکە چۆنە؟”

“پێم باشترە گوێم لێی نەبێ.”

کچەکە گوتی: “زۆرم خۆشدەوێی فیڵ.”

“دیارە! ئەوەتا سەلماندووتە.”

“ئەگەر تێشناگەی قەینا، بەڵام بمبورە.”

“تێدەگەم، ئەوە کێشەکەیە.”

کچەکە گوتی: “تێدەگەی. بەدڵنیاییەوە ئەمەش باروودۆخەکە خراپتر دەکات.”

پیاوەکە تەماشای کرد و گوتی: “بێگومان. من هەموو کات تێدەگەم. بەدرێژایی ڕۆژ تێدەگەم. بەدرێژایی شەو تێدەگەم. بەتایبەتی شەوان. تێیدەگەم. پێویست ناکا خەمی ئەوەت بێت.”

کچەکە دووبارە گوتییەوە: “بمبەخشە.”

“گەر پیاو بووایە…”

قسەکەی پێ بڕی: “ئەوە مەڵێ. پیاو نەبووە و ناشبێ. خۆشت ئەمە دەزانی. متمانەم پێ ناکەی؟”

پیاوەکە گوتی: “زۆر گاڵتەجاڕییە. باوەڕکردن بەتۆ؟ زۆر زۆر گاڵتەجاڕییە.”

کچەکە گوتی: “ببورە. ئەوە تاکە شتە بتوانم بیڵێم. بەڵام کاتێک لە یەکتری تێدەگەین، هیچ سوودێک لەوە نابینین وا خۆمان دەرخەین تێناگەین.”

پیاوەکە گوتی: “نەخێر، پێم وا نییە.”

“دێمەوە لات گەر منت بوێ.”

“نەخێر، نامەوێیت.” پیاوەکە ئەوەی گوت و لەپاش ئەوە بۆ ماوەیەک کەسیان هیچیان نەگوت.

کچەکە گوتی: “تۆ بڕوا ناکەی کە خۆشمدەوێی وایە؟”

پیاوەکە لە بەرسڤدا گوتی: “با گاڵتەجاڕانە قسە نەکەین.”

“هەر بەڕاستی بڕوام پێ ناکەی کاتێک دەڵێم خۆشمدەوێی؟”

“بۆچی نایسەلمێنی؟”

تۆ وا نەبووی. هەرگیز داوات لێ نەکردووم هیچت بۆ بسەلمێنم. ئەوە شتێکی جوان نییە.”

“زۆر گاڵتەجاڕی.”

“بەڵام تۆ وا نیت. تۆ پیاوێکی زۆر باشیت، دڵم لەت لەت دەبێ ئاوا جێت بهێڵم…”

قسەکانی پێ بڕی و گوتی: “دەبێ جێم بهێڵیت. بێگومان دەبێ جێم بهێڵیت.”

کچەکە گوتی: “بەڵێ. پێویستە بەجێت بهێڵم، خۆشت ئەمە دەزانی.”

پیاوەکە هیچ شتێکی نەگوت. کچەکە تەماشای کرد و دووبارە دەستی لە گیرفانی دەرهێنا. ساقییەکەش دوور لە ئەوان، لە کۆتایی مەیخانەکە بوو. دەموچاوی وەکوو چاکەتەکەی بەری سپی بوو. ئەو دووەی دەناسی و پێی وا بوو دوو خۆشەویستی جوانن. زۆر خۆشەویستی جوانی دیبوو جیاببوونەوە و زۆریشی دیبوو ببوونە خۆشەویست، بەڵام هێندەی ئەوان جوان نەبوون. ئەو بیری لە جیابوونەوەی ئەو دووانە نەدەکردەوە، بەڵکوو بیری لای پێشبڕكێی ئەسپەکان بوو. سەعات و نیوێکی دیکە دەیتوانی یەکێک بنێرێت تا بزانێ ئەسپەکەی ئەو بردوویەتییەوە یان نا.

کچەکە گوتی: “دەتوانی لەگەڵمدا باش بیت و لێم گەڕێی بڕۆم؟”

“بۆ وا دەزانی چی دەکەم؟” دوو کەس هاتنە ژوورەوە و چوونە لای ساقییەکە.

ساقییەکە داواکارییەکانی وەرگرتن و گوتی: “بەسەرچاو بەڕێزم”.

کچەکە گوتی: “ناتوانی بمبوری؟ کەی دەیزانی؟”

“نەخێر.”

“پێت وا نییە ئەو شتانەی پێکەوە کردومانن هیچ جیاوازییەک دروست بکەن لە لەیەکتێگەیشتنمان؟

“ئاکارە ناشرینەکانمان دێوێکن بۆ ڕووکەشێکی ترسناک.”[1]

کچەکە گوتی: “با نەڵێین ئاکاری ناشرین، ئەوە شتێکی جوان نییە.”

پیاوەکە گوتی: “بەدئەخلاقی.”

یەکێک لە موشتەرییەکان گوتی: “جەیمس… تۆ زۆر جوان دەردەکەویت.”

ساقییەکەش لە وەڵامدا گوتی: “خۆتان جوان دەردەکەون قوربان.”

یەکێکی دیکەیان گوتی: “پیرە جەیمسی قەڵەو.”

ساقییەکە گوتی: “زۆر خراپ جلەکەم لەبەر کردووە.”

یەکەم موشتەری گوتی: “بیرت نەچێ براندییەکەی تێکەی جەیمس.”

ساقییەکە گوتی: “خەمت نەبێ بەڕێزم.” دوو موشتەرییەکەی لای ساقییەکە تەماشای دووانەکەی سەر مێزەکەیان کرد. پاشان دووبارە تەماشای ساقییەکەیان کردەوە. دیمەنی بەرانبەر ساقییەکە زۆر ئاسوودەتر بوو.

کچەکە گوتی: “پێم باشترە وشەی وا بەکار نەهێنی. هیچ پێویست ناکات وشەیەکی لەو جۆرە بەکار بهێنی.”

“ئەی دەتەوێ چی بەمە بڵێم؟”

“پێویست ناکا ناوی بنێی. پێویست ناکا هیچ ناوێکی بخەیتە پاڵ.”

“ئەوە باشترین ناوە بۆی.”

کچەکە گوتی: “نەخێر. ئێمە باش یەکتری دەناسین. تۆش ئەوە دەزانی. تۆ زۆر چاک ئەوەت بەکار هێناوە.”

“پێویست ناکا دووبارەی بکەیتەوە.”

“دووبارەی دەکەمەوە چونکە ئەوە بۆت ڕوون دەکاتەوە.”

پیاوەکە گوتی: “زۆر باشە، زۆر باشە.”

“تۆ زۆر بەهەڵە لێکت داوەتەوە. دەزانم. زۆر بەهەڵە. بەڵام دێمەوە. پێم گوتی دێمەوە. ڕاستەوڕاست دێمەوە.”

“نەخێر نایەیتەوە.”

“دەگەڕێمەوە.”

“نەخێر، نایەیتەوە. ناگەڕێیتەوە بۆ لای من.”

“دەیبینی.”

پیاوەکە گوتی: “بەڵێ، لەوانەیە بگەڕێیتەوە، ئەوەش ناخۆشترین شتە.”

“بێگومان دەگەڕێمەوە.”

“کەوایە بڕۆ.”

“بەڕاستتە؟” کچەکە بڕوای بە قسەی پیاوەکە نەبوو، بەڵام دەنگی دڵخۆش دەری دەخست.

“بڕۆ.” دەنگی نامۆ بەخۆی دەری دەخست. تەماشای کچەکەی دەکرد، تەماشای لێوی دەکرد، خوارییەکەی ئێسکی چەناگەی. تەماشای چاوی دەکرد، بەوجۆرەی پەرچەمی لەناوچاوانی هێشتبووەوە و لە قەراغی گوێچکەکانی ورد دەبووەوە، تەماشای ملی دەکرد.

کچەکە گوتی: “نا. تۆ زۆر باشی. زۆر باشی بۆ من.”

پیاوەکە دەنگی تەواو نامۆ بووبوو. بە کچەکەی گوت: “کاتێک گەڕایتەوە ئەمەم بۆ ڕوون بکەوە.” هێندە نامۆ ببوو تەنانەت دەنگی نەدەناسییەوە. کچەکە بەخێرایی تەماشای کرد. پیاوەکە لە مێشکیدا لە شتێک تێڕامابوو.

کچەکە بەجدی پرسیاری لێ کرد: “دەتەوێ بڕۆم؟”

پیاوەکە بەجدییەوە وەڵامی دایەوە: “بەڵێ، هەر ئێستا دەمەوێ بڕۆی.” کە وای دەگوت، دەنگی هەمان دەنگی پێشوو نەبوو و دەمیشی تەواو وشک بووبوو. گوتی: “هەر ئێستا بڕۆ.”

کچەکە هەستایە سەر پێ و بەخێرایی ڕۆیشتە دەرەوە. تەماشای دواوەی نەکرد. ئەویش تەماشای ڕۆیشتنەکەی دەکرد. پیاوەکە هەمان دەرکەوتنی ئەو کاتەی نەبوو کە پێی گوت بڕۆ. لەسەر مێزەکە هەڵسا و حسابەکەی برد و چوو بەرەو لای ساقییەکە.

بە ساقییەکەی گوت: “ئێستا پیاوێکی تەواو جیاوازم جەیمس. ئێستا تۆ پیاوێکی تەواو جیاواز لە مندا دەبینی.” جەیمس گوتی: “تێنەگەیشتم بەڕێزم؟”

پیاوە گەنجە چاوقاوەییەکە گوتی: “ئاکاری ناشرین، ئەوە شتێکی تەواو جیاوازە ها جەیمس.”

پیاوەکە تەماشای دەرگاکەی کرد و بینی کچەکە بە شەقامەکەدا دەڕواتە خوارەوە. کاتێک تەماشای پەرداخەکەی کرد، پیاوێکی تەواو جیاوازی بینی. ئەو دوو پیاوەی تر شوێنەکەیان بۆ چۆڵکرد تا زیاتر ئاسوودە بێت.

جەیمس گوتی: “تۆ ڕاست دەکەی بەڕێزم.” دوو پیاوەکەی تر زیاتر چوون بەو لاوە تا «فیڵ» ئاسوودەتر بێت.  پیاوەکە لە ئاوێنەی پشت مەیخانەکەدا خۆی بینی و گوتی: پێم گوتی ئێستا من تەواو جیاوازم جەیمس.” ئەوەی دەگوت و لە ئاوێنەکەدا تەماشای خۆی دەکرد و ئەوەی دەبینی کە تەواو جیاوازە.

جەیمس گوتی: “تۆ زۆر باش و جوان دەردەکەویت بەڕێزم. دەبێ هاوینێکی زۆر باشت بەڕێ کردبێت!”

 

Vice is a monster of such fearful mien [1] شیعرێکی “ئەلێکساندەر پۆپ”ـە. لێرەدا هێمینگوەی لەڕێی ئەم کارەکتەرەوە شیعرەکە بەشێوەیەکی هەڵە دەڵێ و وشەیەک بە هەڵە دادەنێت. جا نازانین ئاخۆ مەبەستی لێی چییە. (و.)

 

سەرچاوە:

https://shorturl.at/fiytA

بڵاوکردنەوە: