سەردانەکەم بۆ کوردستان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤

520
0
بڵاوکردنەوە:

 

نووسینی: مەحموود چاوش

جارێکی دی و پاش چەند ساڵێکی زۆر سەردانی ئەو وڵاتەم کرد، کە لانەی ساوایەتیم و ژیانی منداڵی و هەرزەکاریم بوو، جێگای ئەو گوند و شاخانەی، ساڵانێك ژیانی پێشمەرگایەتی و دەوران بەشوێن ئازادیدا بوو. وڵاتێك، کە دەمانویست سەربەخۆ و گەلێکی بەختەوەر تێیدا نیشتەجێبێت. ژیانێکی ساکار و لەهەمان کاتدا پڕ مەترسی لە دوژمنێك، بەبێ سڵەمینەوە لەهەموو نرخەکانی مرۆڤایەتی، لەهەموو سەتەوەختێکدا ئامادەبوو، گەلێك تێکەڵی خاك و خەڵتانی خوێن بکات. ئەو سەردەمە خێزان و نیشتمان لەهاوسەنگی و هاڕمۆنیەکی کۆمەڵایەتیدا دەژیان، گەر بە ڕێژەیەکی کەمیش بووبێت. پاش هەڵهاتنم لە پێشانگای تەکنەلۆجیای بەغداد بەهۆکاری چالاکی نهێنیم لەو شارەدا، ڕومکردە شاخەکان و چەندساڵێك پێشمەرگایەتیم کرد. لەپاش ئەوەی بۆم ڕوونبۆوە، کە ئەم خەباتەی ئێمە هیچ بەرهەمێکی هزری و پاشەڕۆژێکی بۆ کوردستان نابێت، جارێکی تر هەڵهاتم و ڕوومکردە هەندەران و لە ساڵانی 1986 وە لە ئەڵمانیا جێگیرم. وڵات هەمیشە خەونێکی لەکۆتایی نەهاتوبوو، هەردەم خەونم بە خێزان و بە گەلەکەمەوە دەبینی، ئایا ڕۆژگارێك دێت، تاکی کورد لە وڵات و خانەخوێی خۆیدا بەئازادی بژی، بەتایبەت لەژێر سێبەری دەسەڵاتی خۆماڵیدا (!)؟ دەتوانم بڵێم نەخێر، پێچەوانەکەی هاتە بەرهەم. ئەمە ڕەخنە نییە تەنها لە دەسەڵاتدارانی ئەو دەڤەرە، بەڵکو ڕەخنەی توندیشە لە هەندێك لە دانیشتوانی ئەو هەرێمە، کە بەردەوام سەرقاڵی خۆردن و خەوتن و سەیرانن، لاوان بێبەرنامە و لاواز کراون، منداڵانیش لەژێر پەروەردەیەکی خەڕەکئاسا و سەقەتی بێوێنەدا سەرگەردان کراون. لەدەمی بەرەبەیانەوە تاکو ئێوارە و بەدویدا خەوتن سەرقاڵی کارگەلێکی بێمانا و هەڕەمەکین، بەشێوەیەکی ئەوتۆ، کەس ئاگاداری لە کەس نییە. هەمێستا نیشتمانی باوانم وڵاتێکە، تاکەکانی پێی نامۆن، هاوسەنگی کۆمەڵایەتی تەنها وشەیەکی بێگانەیە، گەندەڵی و دزی لەپێش چاوی هاووڵاتیاندا سنووری هەموو ئەخڵاقخوارییەکی تێپەڕاندووە، نەوەی نوێش سست و لاواز و نامۆکراون بە کۆمەڵگەکەیان. لاوان ڕاهێنراون بە سیستەمێکی پەروەردەیی ئەوتۆ، کە هەستی خۆبەکەمزانی و بێبەرپرسایەتی بەرامبەر کۆمەڵگەکەیان لەبیر خۆیان بردۆتەوە. ئەمڕۆ نەوەیەك لەم وڵاتەدا بەڕێوەیە، کە زمانی دایکی خۆشیان بەباشی نازانن، زمانەکانی ئینگلیسی و توركی و فارسی جێگەی بە زمانی دایكی لەقکردووە و باوانیشیان لەئاستیدا بێدەنگن و هەموو بەرپرسیارێتیەك لەخۆیان دووردەخەنەوە. لە فێرگەی بەناو “ئەهلیەکان”، گەر فێرگەشیان ناوبنێین، دوو چینی هەژار و دەوڵەمەندیان لەناوەڕستدا لەتکردووە، منداڵانیش لەبری زمانی دایکیان، بە زمانەکانی دی وانەیان پێدەگوترێتەوە. ئەگەر ئەمە کارەساتێکی لەسەرخۆ و تاوان بەرامبەر ئەم نەوەیە نەبێت، ئەدی ئەم دیاردە تازەیە بەچی دەنرخێندرێت؟ جێگای سەرسوڕمانم بوو، کاتێك لەتەك منداڵەکانی نەوەی نوێدا بە زمانی کوردی دەئاخافتم، ئەوان بەزمانێکی تێکەڵەی ئینگلیزی ـ کوردی وەڵامیان دەدامەوە. بەهەموو پێوەرێکی زانستی، بەتایبەتی لە زانستی زمانەوانیدا  (لینگویستیك Ligustic) زمانی دایك بناغە و بنچینەیەکی زۆر گرنگە بۆ فێربوونی زمانەکانی تر و سیستەمی  کۆگنەتیڤ و لەهەمانکاتدا هۆشمەندی منداڵان تۆکمە دەکات، لێ زمانی دایك یەکەمین سیستەمی بیرکردنەوەی مرۆڤ و دەروربەرەکەیەتی. کارەساتەکە لەوەدایە، کە ئەم نەوە تازەیە، بناغەکەی، کە زمانی دایکییە، بۆی ئامادە نەکراوە، تاکو لەسەر ئەم بناغەیە مامەڵە لەتەك زمانەکانی تردا بکات، بەکوردییەکەی لەهەردوو جەژنە بوون. ئەمڕۆ نەوەیەك لە کوردستان بەڕێوەیە، کە زمانی دایکی خۆیان وەك سیستەم و بناغەی هزر و بیرکردنەوە، فێرنەکراون. فێرگە ئەهلییەکانیش بەبێ کۆنتڕۆڵی لایەنە بەرپرسەکان وانەیان بە زمانە بێگانەکان پێدەڵێنەوە، ئەگەر ئەمە کارەسات نەبێت، ئەی بەمە دەوترێت چی؟ ئەمە چ لۆگیکێک و چ پاشەڕۆژێکە بۆ ئەم منداڵانە، کە نەتوانن بە زمانی دایکی خۆیان بئاخاڤن/بدوێن. لەم وڵاتەدا نەوەیەک بە سیستەمێکی پەروەردەیی سەقەت و بە سۆسیالیزەکردنێکی شێواو، بەرەو ئایندەیەکی لێڵ و نادیار دەڕمێننە \ دەهاونە هەندەڵانێ. لاوانیش سست و تەمبەڵ کراون و سەرەتاییترین باوەڕبوونیان بەخۆ نییە. بەکارهێنای زۆری سمارتفۆن و لەپتۆپ و تەواوی سۆشیاڵمێدیاکانی تر هۆیەکی سەرەکین لەم کەمترخەمییە، کە ئەمڕۆ بۆتە گرفتێکی گەورە بۆ لاوان لە جیهاندا. ئەمە باس لەو گەل و وڵاتەیە، کە ئێمە هیوا و مەبەستمانبوو، ئەمە ئەو سەرکەوتنانەیە، کە ئێمە بەئاواتیانەوەبووین؟

لەم وڵاتەدا مزگەوتەکان زیاترن لە فێرگەکان، زۆرینەیەك لە برا موسوڵمانەکان پێیان وایە، کە عیبادەتی خوداوەند تەنها لە مزگەوتەکاندا دەکرێت و خێری زۆرترە. جێپێی ئیسلامی سیاسی و توندڕەوەکان لەتەواوی ژیانی ڕۆژانەدا بەدیدەکرێن. فرەژنی گەڕێنراوەتەوە بۆ سەردەمانی پەیامبەر و خەلیفەکان. هەواو و هەوەسی سێکسیان هێندە زۆرە، کە کۆنتڕۆڵی خۆیان پێناکرێت. بەرماڵ فرۆشتن لە هەندێ لە مزگەوتەکاندا بازاڕیان لەفرەدایە، نیقاب و بەرگی ژنان لەزۆریدان، کولتووری عەرەبی ئیسلامی و خێڵەکی لەبرەودایە و لە برەوێکی گەلەك باشدایە. برا عەرەبەکانمان کە کوردستانی کوردنشیندا تەنها بە زمانی عەرەبی دەئاخڤن، لێ ئەوان پێویستان بە زمانی کوردی نییە. ئەمە چ ڕۆژگارێکی سەیرە، کە زمانی ملیۆنان کورد لە وڵاتی خۆیدا نەبۆتە سیستەمی پێئاخاڤتن و لێکتێگەیشتن. مژدە، مژدە، ئەم دیاردەیە تەنها لە وڵاتی کورداندا هەیە. جا با بێینە سەر بەسەرهاتی نووسەرانی کوردیش.

نووسەرانیشمان لەنێوخۆیاندا ناکۆکن، کەسێکیان دانی خێر بەوی تردا ناهێنێت، زۆرێك لە هۆکانیش کەسین. خەڕەکەی کۆنخوازی لەبرەودایە، نوێخوازی و داهێنانیش گەلەك سستن. کتێبێکی زۆر لە زمانەکانی ئینگلیسی و عەرەبی و فارسی وەڕگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی، کە زۆرینەیان سەقەت و بێنرخکراون. کتێبی وەڕگێڕدراوم کڕیوە، کە لە چاوگدا بە زمانی ئینگلیسی نووسراوە و کراوەتە سەر زمانی عەرەبی و لەپاشاندا بۆ زمانی کوردی، ئەمە چ تاوانێکە بەرامبەر نووسەری ئەم کتێبە؟ کتێبێکی بێدەسەڵات بە دوو فلتەردا دەخزێنرێت و لاقەیەکی کولتووری باش دەکرێت، بەبێ پرس و ڕا بە نووسەرەکەی، ئەمە چ فەرهەنگێکە؟ ئاخر ئەمە تاوانە، کەسێکی وەڕگێڕ لە کولتوور و سیستەمە کۆمەڵایەتییەکانی فەڕەنسی یان ئەڵمانی شارەزا نەبێت و نووسراوێکی نووسەرێکی ئەم دوو کولتوورە لە زمانی عەرەبی یان فارسی وەرگێڕێتە سەر زمانی کوردی. بەبڕوای من ئەمە تاوانە و هیچ پێناسەیەکی تری بۆ ناکرێت، لێ ئەم وەڕگێڕانە نە لەناوەڕۆکدا وە نە لە ئیستاتیکای نووسیندا نرخی ئەدەبی خۆی دەبەخشێت. ئاخر فارسێکی تارانی چ لە فەرهەنگ و کولتووری فەڕەنسی یان ئەڵمانی تێگەیشتوە، کە ژیانی لەم دوو کولتوورەدا نەبردبێت و ژیانی کۆمەڵایەتی تێدا نەبردبێتە سەر و تەنها زمانەکەیان فێربووبێت. تاکو ئێستاش سیستەمێکی فێربوونی زمانی کوردی بۆ ئەو کەسانە نەکراوە، کە بەسەردان یان بە شێوەیەکی هەمێشەیی لە کوردستاندا دەمێننەوە. دەبێت برای کورد لەتەك ئەرەبەکانی ئەو وڵاتادا بە زمانی ئەوان بئاخڤن، چونکە ئەوان زمانی کوردی نازانن، ئاخر ئەوان زمانی کوردی بۆچی بەکار بهێنن، برا کوردەکانیان هەردەم بە زمانی عەرەبی دەدوێن. ئەمە چ سیستەمێکە لە وڵاتی ئێمەدا، کە کارمەندێکی عەرەبی جێنشینی کوردستان هەر بە زمانی خۆی دەدوێت و کۆرسێکی زمانی کوردی بۆ ناکەنە بەرنامەیەك، کە ئەوانیش فێری زمانی ئێمەبن.

باری خێزانی لە هەڵوەشاندنەوەدایە و پاشەکشە و تەنگژەی کولتووری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕوو لە لاوازی دەکەن. لە خێزانی ئەو دەڤەرەدا منداڵەکان بە خواستی باوان و فێرگە و لە پاشانیشدا بە خواستی کۆمەڵگە لە قاڵب دەدرێن. کۆپیکردنی منداڵان لە دایکبوونییانەوە کراوەتە سیستەمێکی ستاندارت و وەچەیەکی گوێڕایەڵیان پێکهێناوە، کە لەتوانای ئەوەدا نییە، ڕەچاوی پاشەڕۆژ بکات و بناغەیەکی پتەو بۆ کۆمەڵگە دابڕێژێت. ئازادی تاك پێشێلکراوە و دەستەجەمعی دەستی خستۆتە هەموو کاروبارێکی لاوان و گەنجانەوە. پاشەڕۆژ و ئایندەی گەلێك خزێنراوەتە دەستی چینێکی دەسەڵاتداری بێپرس بەرامبەر پارێزگاری و ئاسایشی ئەو دەڤەرە، بەرامبەر ژینگە و مافی ژنان، بەرامبەر پەروەردەی نەوەیەکی نوێ. هیچ ساتەوەختێك بە هێندەی سەردانی ئەمساڵم دڵگران و بێهیوا نەبووم و هیچ شەوانێکیش بەئارامی چاوم لێکنەناوە. سەیرم زۆر لەو کوردانەی هەندەران دێت، کە لەسەردانیان بۆ کوردستان پۆزەتیڤ باسی بارودۆخی ئەو دەڤەرە دەکەن. بێگومان سروشتی ئەو دەڤەرە جوان و سەردانی کەسوکاریش ئەرکێکی مرۆڤی و نیشتیمانییە، بەڵام چیم لەو نیشتمانە هەیە، کە نیشتمانپەروەرێتی تێدا لاواز کراوە، چی لەو کەسوکارەی بەسەرقاڵی ژیانی جەنجاڵی ئەوێوە سست و لاواز کراوە.

هانۆڤەر

04.08.2024

بڵاوکردنەوە: