ئەلف و بێ-ی (ABC) دیالێکتیکی ماددەگەرایی

368
0
بڵاوکردنەوە:

لیۆن ترۆتسکی

١٥ی١٢ی ١٩٣٩

وەرگێڕانی: ئاراس ئەنوەر

دیالێکتیک نە خەیاڵە و نە عیرفان، بەڵکو زانستی شێوەکانی بیرکردنەوەی ئێمەیە، بە ڕادەیەک کە بە کێشەکانی ژیانی ڕۆژانەمانەوە سنوردارنەبێت بەڵکو هەوڵێکە بۆ گەیشتن بە تێگەشتن لە پرۆسەگەلێکی ئالۆزتر و درێژخایەنتر. دیالێکتیک “dialectic” و ژیربێژی فەرمی “formal logic” پێکەوە پەیوەندییەکی هاوشێوەی بیرکاری “mathmatics” ئاستی نزم و ئاستی باڵا هەڵدەگرن.

لێرەدا هەوڵدەدەم بەشێوەیەکی کۆنکرێتی ناوەرۆکی کێشەکە دابڕێژم. ژیربێژی ئەرستۆیی لە پێوەری ڕەهایی سادەدا یان بڵێن لە دەرئەنجامی ژیربێژی سادەدا “syllogism”١ لە دەربڕینی ئەو بیردۆزە سەلمێنراوەوە دەستپێدەکات کە ‘A’ یەکسانە بە ‘A’.٢ ئەم گریمانەیە وەک دەربڕینێکی بەڵگەنەویست “axiom” بۆ کۆمەلێک چالاکی کرداری مرۆڤ و گشتاندنە سەرەتاییەکان قەبوڵکرا. بەڵام لە ڕاستیدا ‘A’ یەکسان نییە بە ‘A’. ئەمەش بۆ سەلماندن ئاسانە ئەگەر ئەم دوو پیتە بهێنین لەژێر چاویلکەدا لێیان وردببینەوە – تەواو لە یەکتری جیاوازن. بەڵام کەسێک دەتوانێت ناڕەزایی دەرببڕێت سەبارەت بەوەی پرسیارەکە دەربارەی قەبارە و شێوەی پیتەکان نییە، لەکاتێکدا هەردووکیان هێمان بۆ دووبڕی یەکسان بۆ نمونە، یەک کیلۆ شەکر. ناڕەزایەتییەکە شیاو نییە: لە ڕاستیدا کیلۆیەک شەکر هەرگیز یەکسان نییە بە کیلۆیەک شەکر، تەرازوویەکی پێوەر ورد و بەدیقەت جیاوازییەکە دەردەخات. دووبارە ئەکرێت کەسێک ناڕازی بێت و بڵێت؛ بەڵام یەک کیلۆ شەکر یەکسانە بە خۆی. ئەمەش ڕاست نییە – چونکە گەردە شەکرەکان بە بەردەوامی و بەبێ پچڕان قەبارە و کێش و ڕەنگیان لە گۆڕاندایە، بە گشتی توخم و گەرد و جەستە و پێکهاتەکان لە گۆڕانی بەردەوامدان، بۆیە هەرگیز بە خۆیان یەکسان نابن. سۆفستێک “sophist” وەڵام دەداتە و دەڵێت؛ لە هەر ساتێکی دیاریکراودا کیلۆیەک شەکرد یەکسانە بە خۆی.

جگە لە بەهای کرداری زۆر گوماناوی ئەم دەربڕینە بەڵگە نەویستە “البدیهیە”، بەرگەی ڕەخنەی بیردۆزەییش ناگرێت. بەڕاستی پێویستە چۆن لە وشەی ‘سات’ ‘moment’ تێبگەین و دەرکی پێ بکەین؟ ئەگەر ماوەیەکی بێ کۆتایی و بێ سنوری کات بێت، ئەوا لە ماوەی ئەو ‘ساتەوەختەدا’ یەک کیلۆ شەکر بەدڵنیاییەوە هەر دەبێت تووشی گۆڕانکاری ببێت. یان ئایا ‘سات’ بەرهەستێکی بیرکارییانەی پوختە، واتە سفری ‘zero’ کات؟ بەڵام هەموو شتێک لە کاتتدا بوونی هەیە، خودی بوونیش “existence” پرۆسەیەکی بێ پچڕانی گۆڕانکارییە؛ لە دەرەنجامیشدا (کات)یش توخمێکی بنەڕەتی بوونە. بەم شێوەیە بێت، ئەگزیۆم یاخود دەربڕینی بەڵگەنەویستی ‘A’ یەکسانە بە ‘A’ ئەوە دەگەیەنێت کە شتێک بە خۆی یەکسان دەبێت لەکاتێکدا ئەگەر نەگۆڕێت، واتە ئەگەر بوونی نەبێت.

لە یەکەم سەرنجدا دەکرێت وەها دەربکەوێت کە ئەم وردەکارییانە بێ سوودن، بەڵام لە ڕاستیدا گرنگییەکی یەکلاکەرەوەیان هەیە. دەربڕینی بەڵگەنەویستی ‘A’ یەکسانە بە ‘A’ لەلایەکەوە وەک خاڵی دەستپێک بۆ هەموو زانستەکەمان، لەلایەکەی ترەوە وەک خاڵی دەستپێک بۆ هەموو هەڵەکانی ناو زانستەکەمان دەردەکەوێت. بۆ سوودبینین لەم دەربڕینە بەڵگەنەویستە، بەپارێزی و بەبێ سزا، تەنها لە سنورگەلێکی دیاریکراودا گونجاوە. کاتێک توانای گۆڕانکارییە چەندایەتیەکان لە ‘A’دا بۆ ئەو ئەرکەی لە بەردەستدایە کەمن ئەوا ئەتوانین ئەو گریمانەیە بکەین کە ‘A’ یەکسانە بە ‘A’. ئەمەش بەو مانایە دێت، وەک نمونەی شەکرەکە، کە فرۆشیارێک و کڕیارێک یەک کیلۆ شکر لەبەرچاو دەگرن. ئێمەش بەهەمان شێوە پلەی گەرمی خۆر لەبەرچاو دەگرین. تا ئەم دواییانەش ئێمە هێزی کڕینی دۆلار بەهامان شێوە لەبەرچاو دەگرین. بەڵام گۆڕانە چەندایەتییەکانی “quantitative changes” دەرەوەی سنورگەلێکی  دیاریکراو بۆ چۆنایەتی “qualitative”٣ دەگۆڕدرێن. کیلۆیەک شەکر لەژێر کاریگەری چالاکی ئاو یان نەوتی سپیدا وک خۆی نامێنێتەوە، و دۆلارێک لە باخەڵی سەرۆکدا ناکاتەوە یەک دۆلار “one dollar”. دیاریکردنی ئەو خاڵە گرنگەی کە چەندایەتی دەگۆڕێت بۆ چۆنایەتی لە ساتەوەختێکی گونجاودا، یەکێکە لە ئەرکە هەرە قورس و گرنگەکان لە هەموو بوارەکانی زانیندا “knowledge” بە کۆمەڵناسیشەوە “sociology”.

هەموو کرێکارێک دەزانێت زۆر ئەستەمە دوو تەنی تەواو یەکسان دروست بکرێت. لە پیشەسازی گۆڕینی مسی ڕووتدا بۆ بۆڵبرینی قوچەکی، لادان یان خواربوونەوەیەکی دیاریکراو لە کۆتایی لێوی بۆڵبرینە قوچەکییەکەدا ڕێگاپێدراوە کە نابێت لە سنوری دیاریکراوی خۆی تێبپەڕێت (بەمە دەڵێن ڕێگاپێدانی میکانیکی یاخود لێبوردەیی “tolerance”). بە وردبوونەوە لە پێوەرەکانی لێبوردەیی، وەهای لێ تێدەگەین کە قوچەکەکانی بۆڵبرینەکە یەکسانن. (‘A’ یەکسانە بە ‘A’). کاتێک دۆخی لێبوردەیی یاخود دۆخی ڕێگاپێدانی میکانیکی لە بڕی دیاریکراوی خۆی تێدەپەڕێت چەندایەتی زیاتر دەڕوات بەرەو چۆنایەتی، بە واتایەکی تر بۆڵبرینە قوچەکییەکان پێوەرە دروستەکەیان کەم دەبێتەوە یان بەتەواوەتی بەها کردارییەکەیان لەدەست دەدەن.

بیرکردنەوەی زانستیمان تەنها بەشێکە لە کردارە گشتییەکانمان لەنێویاندا کردارە تەکنیکییەکانیشمان. هەروەها بۆ چەمکەکانیش “concepts” ‘لێبوردەیی’ یاخود ڕێگاپێدانی قەبوڵکراو هەیە، کە نەک لە ژیربێژی فەرمی دەربڕینی بەڵگەنەویستی ‘A’ یەکسانە بە ‘A’ سەرچاوە گرتووەوە بەدەست نەهاتووە، بەڵکو لە ژیربێژی دیالێکتیکی سەرچاوە گرتوو لەو دەربڕینی بەڵگەنەویستەی کە هەموو شتێک هەمیشە لە گۆڕاندایە بەدەست هاتووە و دامەزراوە. هەستی باو ‘ئەقڵی ساغ’ “common sense” بەو ڕاستییە دەناسرێتەوە کە بەشێوەیەکی سیستەماتیکی لێبوردەیی دیالێکتیکی یاخود تۆلێرانسی دیالێکتیکی تێدەپەڕێنێت.

بیری پووچ و پەرپوت لەگەڵ چەمکەکانی وەک سەرمایەداری، ئەخلاق، ئازادی، دەوڵتی کرێکاران و هتد… وەک چەمکگەلێکی جێگیر و بەرهەست کاردەکات، گریمانەی ئەوە دادەنێ کە سەرمایەداری یەکسانە بە سەرمایەداری. ئەخلاق “moral” یەکسانە بە ئەخلاق و هتد… بیرکردنەوەی دیالێکتیکی هەموو شتێک و هەموو دیاردەکان لە گۆڕانکارییە بەردەوامەکانیاندا شی دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا سنوری ڕەخنەیی گرنگ لە هەلومەرجە ماددیەکانی دەرەوەی ئەو گۆڕانکارییانە دیاری دەکات کە ئیتر ‘A’ لە یەکسان بوون بە ‘A’ دەوەستێنێت و دەوڵەتی کرێکار لە یەکسانبوون بە دەوڵەتی کرێکار دەوەستێنێت.

کەموکورتی بنەڕەتی لە بیری پووچدا “vulgar thought” لەو ڕاستییەدایە کە دەخوازێت خۆی بە جێ پەنجە بێجوڵەکانی واقعێک “reality” ڕازی بکات کە خودی ئەو واقعە پێکهاتووە لە جوڵەی هەمیشەیی. بیرکردنەوەی دیالێکتیکی لە ڕێگای نزیکی زیاتر لە هاوتایی و نزیکایەتی، ڕاستکردنەوە و بەرجەستەکردن، دەوڵەمەندییەک لە ناوەرۆک و نەرمی و گونجاویی بە چەمکەکان دەبەخشێت؛ تەنانەت دەڵێم جۆرێک لە تەڕوپاراویی بە چەمکەکان دەبەخشێت کە تاڕادەیەکی دیاریکراو لە دیاردە زیندووەکان نزیکیان دەکاتەوە. نەک سەرمایەداری بە گشتی، بەڵکو سەرمایەدارییەکی دیاریکراو لە قۆناغێکی دیاریکراوی گەشەسەندندا. نەک دەوڵەتی کرێکار بە گشتی، بەڵکو دەوڵەتێکی کرێکاری دیاریکراو لە وڵاتێکی دواکەوتووی بە ئیمپریالیزم گەمارۆدراودا، هتد…

پەیوەندی بیرکردنەوەی دیالێکتیکی بە پوچی و پەڕپوتییەوە بە هەمان شێوەی پەیوەندی گرتەوێنەی جوڵاوە بە وێنەی فۆتۆگرافی وەستاوەوە. گرتەوێنەی جوڵاو لە یاسا و ڕێسای وێنەی فۆتۆگرافی وەستاو دەرناچێت بەڵام بە پێی یاساکانی جوڵە زنجیرەیەک وێنەی فۆتۆگرافی وەستاو پێکەوە کۆدەکاتەوە. دیالێکتیک ئینکاری لە بوونی دەرەنجامی ژیربێژی سادە “syllogism” ناکات، بەڵام فێرماندەکات کە زنجیرەی دەرەنجامە ژیربێژییە سادەکان پێکەوە کۆبکەینەوە بە جۆرێک وەک ئەوەی تێگەشتنمان زیاتر لە واقعی گۆڕانکاری هەمیشەیی نزیکتر بکەینەوە. هێگڵ لە ژیربێژییەکەیدا “Logic” زنجیرەیەک یاسای وەک؛ گۆڕانی چەندایەتی بۆ چۆنایەتی، گەشەسەندن لە ڕێگای پێچەوانەکان و دژبەرەکانەوە، بەربەرەکانێی ناوەرۆک و ڕووخسار، پچڕانی بەردەوامی، گۆڕانی ئەگەر بۆ حەتمییەت، هتد… دامەزراندووە کە بە دڵنیاییەوە بۆ بیرکردنەوەی بیردۆزەیی گرنگن وەک چۆن دەرەنجامی ژیربێژی سادە بۆ ئەرکە زۆر سەرەتاییەکان گرنگە.

هێگڵ لە پێش داروین و مارکسەوە نووسیویەتی. لە سایەی ئەو پاڵنەرە بەهێزەی کە شۆڕشی فەرەنسی بە بیرکردنەوەی بەخشی، هێگڵ پێشبینی بزوتنەوەی گشتی زانستیی کرد. بەڵام لەبەر ئەوەی تەنها پێشبینیەک بوو ئەویش لەلایەن بلیمەتێکەوە، کارەکتەر و خەسڵەتی ئایدیاڵستی لە هێگڵەوە وەرگرت. ئەو لەگەڵ سێبەری تاریکی ئایدۆلۆجیاکاندا کە وەک کۆتا واقع یاخود واقعی ڕەها “ultimate reality” لێی دەڕوانین کاریکرد. مارکس ئەوەی نیشاندا کە جوڵە و بزاوتی ئەم سێبەرە ئایدۆلۆجیایانە بێجگە لە بزاوتی تەن و جەستە ماددییەکان ڕەنگدانەوەی لەسەر هیچیتر نابێت.

ئێمە دیالێکتیکەکەی خۆمان بە دیالێکتیکی ماددەگەرایی ناودەبەین، بەو پێیەی ڕەگوڕیشەکەی نە لە ئاسمان و نە لە قوڵایی ئیرادەی ئازادماندایە “free will”، بەڵکو لە واقعی بابەتیدایە، واتە لە سروشتدایە. ئاگایی لە نائاگاییەوە گەشەی کردووە، دەروونناسیش لە فیسیۆلۆجییەوە، زانستی ئۆرگانی “ئەندامی” لە نائۆرگانییەوە و کۆمەڵەی خۆریش لە نێبولاوە گەشەی کردووە “هەوری تەنۆلکە پرشنگدارەکانی گەردوون” “Nebulae”. لەسەر هەموو پێ پلەکانی پەیژەی گەشەسەندن، گۆڕانکارییە چەندایەتییەکان گۆڕاون و گواستراونەتەوە بۆ چۆنایەتی. بیرکردنەوەمان بە بیرکردنەوەی دیالێکتیکیانەشەوە، هیچ نیە جگە لە یەکێک لە شێوەکانی گۆڕانی ماددە. لەناو ئەم سیستەمەدا، نە بۆ خودا و نە بۆ شەیتان، نە بۆ ڕۆحی نەمری، نە نۆرم و پێوەرە هەمیشەییەکانی یاسا و مۆڕاڵ جێگایەک نیە. بیرکردنەوەی دیالێکتیکی کە لە دیالێکتیکی سروشتەوە گەشەی سەندووە لە ئەنجامدا خاوەنی خەسڵەتی تەواو ماددەگەراییە.

داروینیزم “Darwinism” لە ڕێگای گۆڕانکارییە چەندایەتییەکانەوە و تێپەڕبوونیان بۆ گۆڕانکارییە چۆنایەتییەکان پەرەسەندنی جۆرەکانی “species” ڕوونکردوەتەوە، بەرزترین سەرکەوتنی دیالێکتیکی بوو لە هەموو بوارەکانی ماددە ئەندامییەکاندا. یەکێکیتر لە سەرکەوتنە مەزنەکان، دۆزینەوەی خشتەی کێشی ئەتۆمی توخمە کیمیاییەکان و زیاتر گۆڕینی توخمێک بوو بە توخمێکی تر.

لەگەڵ ئەم گۆڕانانەدا (جۆرەکان، توخمەکان، هتد…) پرسی پۆلێنکردنیش “catagory” بەشێوەیەکی نزیک گرێدراوە بەم بابەتەوە، ئەم پرسەش هەمان بەهای گرنگی لە زانستە کۆمەڵایەتیەکاندا هەیە. سوودبینین لە بەکارهێنانی سیستەمی لینیوس “Linnaeus” (سەدەی هەژدە) وەک خاڵی دەستپێکی بەردەوام نەگۆڕی جۆرەکان، بە پێناسەکردن و پۆلێنکردنی ڕووەکەکان بەپێی خاسیەتە دەرەکییەکانیان سنوورداربوو. قۆناغی کۆرپەیی ڕووەکناسی “botany” و قۆناغی کۆرپەیی ژیربێژی بە نزیکەیی هاوشێوەن، چونکە شێوەکانی بیرکردنەوەمان هەمان شێوەی ئەو شتانەی تر کە دەژین، گەشە دەکەن. تەنها ڕەتکردنەوەی یەکلاکەرەوەی جۆرە جێگیرەکان، و لێکۆڵینەوەی مێژووی پەرەسەندنی ڕووەکەکان و زانستی توێکاریکردنیان، بنەمای ڕاستی پۆلێنکردنی زانستییان بەیانکردن.

مارکس “Marx” جیاواز لە داروین، دیالێکتیکزانێکی وشیاربوو، بنەماکانی پۆلێنکردنی زانستی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دۆزییەوە لە گەشەکردنی هێزە بەرهەمهێنەکانیان و پێکهاتەی پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی کە زانستی توێکاری “anatomy” کۆمەڵگا پێکدەهێنێت. مارکسیزم بووە جێگرەوەی پۆلێنکردنی پێناسەکراوی پووچەڵانەی کۆمەڵگاکان و دەوڵەتەکان، تەنانەت هەتا ئێستاش پۆلێنکردنی دیالێکتیکی ماددەگەرایی لە زانکۆکاندا لە گەشەکردندایە. تەنها لە ڕێگای بەکارهێنانی شێوازەکەی مارکسەوە بەشێوەیەکی دروست دەتوانرێت هەم چەمکی دەوڵەتی کرێکاری و هەم ساتەوەختی داڕوخانی دەوڵەتی کرێکاری دیاریبکرێت.

وەک دەبینین، هەموو ئەمانە وەک ئەوەی نەزان و خۆبەزلزانەکان دووپاتی دەکەنەوە، هیچ شتێکی میتافیزیکی “metaphysical” یان زانستخوازانە “scholastics” تێدا نیە. ژیربێژی دیالێکتیکی لە بیری زانستییانەی هاوچەرخدا گوزارشت لە یاساکانی جووڵە دەکات. بەپێچەوانەوە، خەبات دژی دیالێکتیکی ماددەگەرایی گوزارشتە لە ڕابردوویەکی دوور، لە کۆنەپارێزی بۆرژوازی بچووک، لە خۆبەزلزانێکی ڕۆتینکراوی زانکۆ، لە پریشکێکی هیوا بۆ ژیانی دوای مردن.

سروشتی یەکێتی سۆڤییەت The USSR

بە پێی پێناسەکەی کە هاوڕێ بێرنهام “Comrade Burnham” بۆ یەکێتی سۆڤیەتی کردووە، کۆماری یەکێتی سۆڤیەتی سۆشیالیزمی نە دەوڵەتی کرێکارانە و نە دەوڵەتی بۆرژوازییە، بەتەواوەتی نەرێنییە، لە زنجیرەی گەشەسەندنی مێژوویی پچراوە و بەهەڵواسراوی بەجێ هێڵراوە، لە چوارچێوەی زانستی کۆمەلناسی خاڵییە و لەکۆتاییدا نوێنەرایەتی تەسلیمبونێکی بیردۆزەیی دەکات بۆ پراگماتیزم لە بەرامبەر دیاردەیەکی مێژووی دژبەیەکدا. ئەگەر بێرنهام سەر بە ڕێبازی دیالێکتیکی ماددەگەرایی بووایە، ئەوا پرسوجۆی ئەم سێ پرسیارەی دەکرد:

  • ڕەسەنایەتی مێژوویی یەکێتی سۆڤیەتی چیبوو؟
  • لە ماوەی بوونی خۆیدا، ئەم دەوڵەتە تووشی چ گۆڕانکارییەک بووە؟
  • ئایا ئەم گۆڕانکارییانە دەوڵەتی لە قۆناغێ چەندایەتییەوە گواستەوە بۆ چۆنایەتی؟ واتە، ئایا زاڵبوونێکی مێژووی پێویستیان لەلایەن چینێکی ئیستغلالکاری نوێوە دروستکرد؟

وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە بێرنهامی ناچار دەکرد تاکە دەرەنجامی گونجاو دەربهێنێت، ئەویش ئەوەیە کە یەکێتی سۆڤیەتی دەوڵەتێکی کرێکارانەی پێنەگەشتوو و تێکچووە.

دیالێکتیک کلیلێکی سەرەکی جادووی نییە بۆ هەموو پرسیارەکان. جێگای شیکاری زانستیی کۆنکرێتی ناگرێتەوە. بەڵام شیکارەکە بەدرێژایی ڕێگایەکی ڕاست ئاڕاستە دەکات و لە سەرگەردانە نەزۆکەکانی بیابانی سوبێکتگەرایی “subjectivism” و زانستگەرایی “scholasticism” دەیپارێزێت.

بڕونۆ ئاڕ “Bruno R.” هەردوو ڕژێمی سۆڤیەت و فاشست دەخاتە ژێر پۆلی کۆمەڵگەرایی بیرۆکراسییەوە “bureaucratic collectivism”، چونکە یەکێتی سۆڤیەتی و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لەلایەن بیرۆکراسییەوە حوکم دەکرێن، لێرە و لەوێ بنەماکانی پلاندانان هەیە، لە حاڵەتێکدا موڵکایەتی تایبەت کۆتایی پێ دەهێنرێت، لە حاڵەتێکی دیکەدا سنوردار دەکرێت…هتد. بەم شێوەیە، لەسەر بنەمای لێکچوونی ڕێژەیی هەندێک تایبەتمەندی دەرەکی بە بنەچە جیاواز، سەنگی تایبەتی جیاواز، جیاوازی گەورەی چینایەتی، بەتەواوەتی بە رۆحیەتی ئەو پرۆفێسۆرە بۆرژوازانەی کە پۆلێنەکانی ئابووری کۆنترۆڵکراو “controlled economy”، دەوڵەتی ناوەندێتی “centralized state” بونیاددەنێن، بەبێ ئەوەی سروشتی چینایەتی یەکێک یان ئەوی دیکە لەبەرچاو بگیرێت شوناسێکی بنەڕەتی ڕژێمە کۆمەڵایەتییەکان بونیاد دەنرێت. برونۆ ئاڕ. و شوێنکەوتووانی یان نیمچە شوێنکەوتووانی وەک بێرنهام، لە باشترین حاڵەتدا لە کایەی پۆلێنکردنی کۆمەڵایەتیدا “social classification” لە ئاستی لینیوسدا دەمێننەوە، هەرچەندە پێویستە پاساوەکەی لینیوس لە پێشچاو بگرین چونکە ئەو پێش هێگڵ و داروین و مارکس ژیاوە.

ڕەنگە خراپتر و مەترسیدارتر لەوە ئەو کەسانەبن کە بیرۆکەیەک لەسەر بنەمای کۆکراوەی سەرچاوەی هەمەجۆر دەردەبڕن و پێیانوایە کە خەسڵەتی چینایەتی لە دەوڵەتی سۆڤیەتدا گرنگ نیە و ئاڕاستەی سیاسەتی ئێمە لەلایەن خەسڵەتی جەنگەوە دەستنیشان کراوە. وەک بڵێی جەنگ توخمێکی سەربەخۆی سەروو کۆمەڵایەتی “super-social” بووبێت؛ وەک بڵێی خەسڵەتی جەنگ لەلایەن چینی حوکمڕانەوە دیاری نەکرابووبێت، واتە بەهەمان هۆکاری کۆمەڵایەتی خەسڵەتی دەوڵاتیش دەستنیشان دەکرێت. زۆر سەرسوڕهێنەرە کە بۆچی و چۆن هەندێک لە هاوڕێیان لەژێر زەبری ڕووداوەکاندا ئەلف و بێکانی مارکسیزم لە بیردەکەن.

جێی سەرسوڕمان نییە کە بیردۆزەزانەکانی بەرەی نەیار ‘ئۆپۆزسیۆن’، ئەوانەی کە بیری دیالێکتیکی ڕەتدەکەنەوە، بە پەشیمانییەوە لەبەردەم سروشتی دژبەیەکی یەکێتی سۆڤیەتدا خۆیان بەدەستەوە دەدەن. هەرچەندە دژیەکی و دژبەرییەکانی نێوان بنەما کۆمەڵایەتییەکان کە شۆڕش دروستی کردن و خەسڵەتی ئەو چینەی کە بەهۆی داڕمانی شۆڕشەوە سەری هەڵدا نەک تەنها ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرن بەڵکو هێزێکی بزوێنەریشن. لە خەباتمان بۆ ڕووخاندنی بیرۆکراسی خۆمان لەسەر ئەم دژایەتییە دادەنێین. لەم نێوەندەدا هەندێک لە چەپە توندڕەوەکان گەشتوونەتە ئەوپەڕی بێ مانایی “absurdity” بەوەی کە جەخت لەوە دەکەنەوە پێویستە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی یەکێتی سۆڤیەتی بکرێتە قوربانی لە پێناو ڕووخاندنی دەسەڵاتی کەمینەی بۆناپارتستی “Bonapartist oligarchy”. ئەوان هیچ گومانیان لەوە نیە کە یەکێتی سۆڤیەت بەبێ ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەی شۆڕشی ئۆکتۆبەریان هەڵگیرساند، دەبێتە ڕژێمێکی فاشت.

پەرەسەندن و دیالێکتیک

ڕەنگە هاوڕێ بێرنهام وەک پەرەسەندنخوازێک ناڕەزایی دەرببڕێت کە ئەو حەزی بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵگا و شێوازەکانی دەوڵەت کەمتر نییە لە ئێمە دیالێکتیکخوازەکان. ئێمە مشتومڕی ئەمە ناکەین. لەوەتەی داروین ناونیشانی پەرەسەندنخوازی “evolutionist” لە خۆیان ناوە، لەو کاتەوە هەموو کەسێکی خوێنەوار بانگەشەی ناونیشانی پەرەسەندنخوازی دەکات. بەڵام پەرەسەندنخوازی ڕاستەقینە پێویستە بیرۆکەی پەرەسەندن لەسەر شێوازەکانی بیرکردنەوەی خۆی جێبەجێ بکات. ژیربێژی سەرەتایی کە لە کاتێکدا دۆزرایەوە خودی بیرۆکەی پەرەسەندن هێشتا بوونی نەبوو، بۆ شیکاری پرۆسەی پەرەسەندن نەگونجاوە. ژیربێژی هێگڵ ژیربێژی پەرەسەندنە. پێویستە کەس ئەوە لە بیر نەکات کە چەمکی ‘پەرەسنەندن’ لەلایەن زانکۆ و نووسەرانی ئازادیخوازەوە بە مانای گەشەسەندنی ئاشتیانەوە بەتەواوی لاواز و گەندەڵکراوە. هەر کەس گەشت بەو تێگەشتنەی کە پرۆسەی پەرەسەندن لەڕێگای ململانێی هێزە دژبەرەکانەوەیە؛ کە کەڵەکەبوونی هێواشی گۆڕانکارییەکان لە ساتێکی دیاریکراودا بۆمبە کۆنەکە دەتەقێنێتەوە و کارەساتێک، شۆڕشێک بەدوای خۆیدا دەهێنێت؛ هەرکەسێک لە کۆتاییدا فێرببێت کە یاسا گشتییەکانی پەرەسەندن بەسەر خودی بیرکردنەوەدا جێبەجێ بکات، ئەوا ئەو کەسە دیالێکتیکزانە و لە پەرەسەندنخوازە هیچ و پروپوچەکان جیادەکرێتەوە. ڕاهێنانی دیالێکتیکی بە ئەقڵ بۆ خەباتکارێکی شۆڕشگێڕ هێندەی پەنجە بۆ نیشانەگرتنەوە پێویستە، کنەوپشکنینی هەموو کێشەکان نەک وەک پۆلێنکاری بێجووڵە بەڵکو وەکو پرۆسێس دەخوازێت. لەکاتێکدا پەرەسەندنخوازی پڕوپووچ بەگشتی تەنها بە ناسینی پەرەسەندن لە هەندێک بواری دیاریکراودا خۆیان سنورداردەکەن لە هەموو پرسەکانی تردا خۆیان بە هیچوپووچی ‘هەستی باو’ ‘ژیری گشتی’ “common sense” ڕازی دەکەن.

 

———————————————————————————————-

  • سیلۆجیزم (syllogism) “بڕگە” “پێوەری ڕەهای سادە” “دەرئەنجامی ژیربێژی سادە”: لە ڕوانگەی مێژووییەوە یەکەم شێوازی کەمکردنەوەیە “لێبڕین” “deduction”، لە سێ زاراوە پێکدێت: تاک “individual”، جیهانی “گشتگیر” “Universal” و تایبەتمەند “particular”، لە سێ پێشنیاردا ڕێکخراون کە دوو پێشمەرج و ئەنجامێک پێکدەهێنن. فیدۆ “Fido” (تایبەتمەند) سەگێکە (تاک). هەموو سەگەکان چوارپێن (جیهانی). کەوایە فیدۆ چوارپێیە (دەرئەنجام). هەر یەک لە لێدوانەکان پێی دەوترێت بڕیار “حوکم” “Judgement”. هێگڵ کاتێکی زۆری لە ڕێبازی بیرۆکەدا “The Doctrine of the Notion” بەسەربرد، وەک بەشێک لە ڕەخنەکانی لە ژیربێژی فەرمی “formal logic” پەرەی بە پەیوەندییەکانی نێوان تاک، جیهانی و تایبەتمەند دا. تەماشای بەشی ژیربێژی زانستی سەبارەت بە سیلۆجیزم “The Science Logic on the Syllogism” بکە. هێگڵ گاڵتە بەو بیرۆکەی ژیربێژییە دەکات کە گوێ بە ڕاستی بنچینەکان نادات، بەڵام تەنها ئەگەر دەرئەنجامەکە لە بنەماکانەوە سەرچاوەبگرێت: هیچ شتێک ناتوانێت لە چەمکێکەوە دروستبێت و بێتە دەرێ ئەگەر ناوەرۆکێکی نەبێت.
  • شتێک “یەکسانبێت بە خۆی” بەو مانایە دێت، سەرەڕای گۆڕانکاری چەندایەتی، هێشتا وەک خۆی دەمێنێتەوە، واتە هیچ گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی تێدا بوونی نییە. لە زاراوەی هێگڵدا خودی یەکسان “خودی هاوشێوە” بە مانای شتێک دێت کە بە تەواوی لە دژیەکی و زیندوویی ناوخۆییدا کەمی هەیە.
  • چۆنایەی و چەندایەتی “Quality and Quantity”: چۆنایەتی، لایەنێکە لە شتێک کە بەهۆیەوە ئەوەیە کە هەیە و شتێکی تر نییە؛ چۆنایەتی، ڕەنگدانەوەی ئەو شتەیە کە لە نێوان گۆڕانکاریدا جێگیرە. چەندایەتی لایەنێکە لە شتێک کە ڕەنگە بگۆڕێت (کەم یان زۆر بێت) بەبێ ئەوەی شتەکە بەو هۆیەوە ببێتە شتێکی تر؛ چەندایەتی ڕەنگدانەوەی ئەو شتەیە کە بەردەوام لە جیهاندا لە گۆڕاندایە (هەرچەندە شتەکان زیاتر بگۆڕدرێن زیاتر وەک خۆیان دەمێننەوە). چۆنایەتی تەنێک پەیوەندی بە هەموو تەنەکەوە هەیە نەک بەشێکی تەنەکە یان بەشێکی تەنێکی تر، چونکە بەبێ ئەو چۆنایەتییە ئەوەی نەدەبوو کە هەیەتی، لە کاتێکدا تەنێک “ئۆبێکت” دەتوانێت “بەشێک” لەدەست بدات و هێشتا وەک خۆی بێت. لە لایەکی دیکەوە چەندایەتی لایەنێکی شتێکە کە بەهۆیەوە دەتوانرێت “لە ڕووی زهنییەوە یان بەڕاستی” دابەش بکرێت بۆ بەشەکانی “یان پلەکانی” و دووبارە کۆبکرێتەوە. کەوایە، ئەگەر شتێک بە شێوەیەک بگۆڕێت کە بووەتە شتێکی جۆرێکی جیاواز، ئەمە گۆڕانکارییەکی چۆنایەتییە “qualitative change”، لە کاتێکدا گۆڕانکارییەک لە شتێکدا کە بەهۆیەوە هێشتا هەمان شتە، بەڵام کەم تا زۆرە، گەورەتر یان بچووکترە ئەمەیان گۆڕانی چەندایەتییە “quantitative change” لە ژیربێژی هیگڵدا، چەندایەتی و چۆنایەتی سەر بە بوونن “being” بۆ ڕوونکردنەوەی ئەنگڵس “Engels” سەبارەت بە دیالێکتیکی چەندایەتی و چۆنایەتی بە تایبەت لە سروشتدا، بڕوانە بەشی دژە دوهرینگ “Anti-Duhring”، “Eugen Karl Duhring”.
تاگهزر
بڵاوکردنەوە: