ڕامانێک لە تابلۆی جەستەی مەسیحی مردوو لە گۆڕدا

582
0
بڵاوکردنەوە:

نووسینی: شارۆ شاهۆ

لە ساڵی ١٨٦٧دا، فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی لەگەڵ هاوسەرەکەی (ئانا گریگۆریێڤنا) لە سویسرا، بەر تابلۆیەکی تایبەت و سەمەرە دەکەون کە ئەویش تابلۆی (جەستەی مەسیحی مردووە لە گۆڕدا) کە لەلایەن (هانس هۆڵباین) کێشراوە. دۆستۆڤسکی لەبەردەم تابلۆکەدا بارودۆخی دەروونی تەواو دەشێوێت، وەک ئەوەی «فێ-پەرکەم» ی لێ بێت. بۆیە بە پەلە هاوسەرەکەی لەبەردەم تابلۆکە دووری دەخاتەوە. تابلۆکە تەواو هەڵگری ترس، سادەکردنەوەی کارەکتەری مەسیحە وەک پێغەمبەرێکی پەسن کراو لەبەرامبەر مەرگدا. ئەم تابلۆیە هەڵگری تێمایەکی قووڵە و دەبێتە ئیلهامێک بۆ دۆستۆڤسکی کە ڕۆمانی (گەمژەی) لەسەر ئاوا بکات. لە ڕاستیدا خودی کارەکتەری سەرەکی ئەم ڕۆمانە کە (میرزادە لیون نیکولایوفیچ میشکین) ە گوزارشتە لە کارەکتەری مەسیح. کاتێک مەسیح وەک پێغەمبەرێک دێت بە هەگبەیەکەوە کە جگە لە ئاشتی و خۆشەویستییەکی هیچی تری تێدا نییە بۆ ئەو مرۆڤانەی کە شوێنی دەکەون. ئەو گوتە نێودارەی کە دەڵێت: هەر کاتێک کە زلەیەکیان لە ڕوومەتی چەپتدا، یەکسەر ڕوومەتی ڕاستی تێکە، با زلەیەک لەلای ڕاستیشدا بدەن. ئاماژەیە بۆ ئەو ناخ پاکییەی مەسیح بەرامبەر مرۆڤە شەیتانییەکان. میرزادە مووشەکین وەک مەسیح نامۆیە بەو جڤاتەی کە پڕە لە مرۆڤی دووڕوو خاوەن دیوە تاریکەکان. ئەو مرۆڤانەی کە چاوچنۆکن، لە کۆتاشدا هەر ئەوان کە براوە دەبن بەرامبەر مرۆڤە پاکزادەکان. خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بەتەواوی خوێنەر پەست و دڕدۆنگ دەکات لەبەرامبەر دڵ سافی و هەرزەیی «میرزادە موشکین»، بەردەوام ئەو پرسیارە دەکەیت باشە بۆ دەبێت مرۆڤ تاکوو ئەو ڕادەیە دڵ ساف بێ کە جگە لە دووچاربوون بە کۆتایییەکی تراژیدی، هیچ شتێکی دیکە چاوەڕێی ناکات!

لە فیلمی باوک سالار بەشی ٣ «III Godfather» کاتێک مایکڵ کۆرلیۆن لەلایەن باندە مافییەکانی ڤاتیکان چاوبەست دەکرێت و بە فێڵ و تەڵەکەبازی پارەیەکی زۆری لێ دەسێنرێت. بۆ شەکوای حاڵی خۆی ڕوو لە کاردیناڵێکی ئیمانداری پاک دەنێت و باسی ئەو تەڵەکەبازانەی بۆ دەکات. ئەویش دەست دەبات بۆ بەردێک لەناو حەوزێک ئاوی نافوردە و بەردێک دەردەهێنێت و دەیشکێنێت، نیشانی ئەدات ناو بەردەکە بەتەواوی وشکە کە بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر لەناو ئەم حەوزە ئاوەدا بووە. بە مایکڵ دەڵێت: مەسیح و پەیامەکەی بۆ چەندین سەدەیە دەوری مرۆڤە ئەورووپییەکانی داوە بەڵام وەک ناو ئەم بەردە نەیتوانی بچێتە ڕۆحیان و کاریان لێ بکات. وەک ئاماژەیەک بۆ خراپە کاری مرۆڤەکان و باڵای ڕۆح خراپە لەنێویاندا. گرێدانەوەی بە کولتووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت جیهانی ئیسلام ئەم بابەتە بە جۆرێکی تر کار دەکات. زۆرێک لە زاناکانی ئیسلام هەمیشە جەخت لەوە دەکەنەوە کە جیهانی ئیسلامی بە شیر و شمشێرەکان سەرکەوتووە و توانیویتی پەیامە ئاسمانییەکان بچەسپێنێت هەتاکوو پەیامە ئاشتیخوازەکان. هەر بۆیە ئیسلام وەک ئایین زیاتر لەناو ئەو ڕۆحە پەنها و شەڕانگێزییەی مرۆڤەکان دەگونجێت هەتاکوو ئەو ڕۆحە مەسیحییەی کە مرۆڤەکان بۆ ئاشتی بانگ دەکات. بۆیە شتێکی سانایە بوون بە جەنگاوەر، بوونی جەستەیەکی بەهێز بۆ جیهاد لە هەموو سەردەمێکدا بووەتە پێشمەرجی یەک بۆ مرۆڤی موسڵمانی ئیماندار هەتاکوو خۆی بسەلمێنیت کە بەڵێ ئەو خزمەتکاری ڕاستەقینەی ئایینەکەیە. سەربار، هەتاکوو ئەمڕۆ یاساغ بووە وێنەی پێغەمبەری ئیسلام بکێشرێت و زیاتر لەناو خەوندا بینراوە هەر بۆیە لە بری تابلۆکان خەونەکان زیاتر ئیلهامبەخش بوون لەناو کولتووری ڕۆژهەڵاتییدا. لەم سۆنگەیەشەوە بەردەوام ئەو گوتارەش زاڵە لەناو کۆنەپارێزە ئایینییەکاندا کە پرسی وێنەکێشان و هەڵواسینی تابلۆ لەناو ماڵەکاندا دروست نییە و نابێت ڕێگەی پێ بدرێت چونکە وێنەکان دەتوانن پەردە لەسەر ڕووی بەشێک لە ڕووە پەنهانەکان هەڵماڵن و نەنگییەکان بخەنە ڕوو ئەگەر هاتوو نیگارکێشەکان بە بوێرانە و ڕەچەشکێنانە تابلۆکانیان بکێشن ئەو هەلومەرجەش فەراهەم بکەن کە تاک تێیدا بتوانێت خزمەت بکات بەو هەگبەی کە پاڵنەرێتی ڕەخنەگرانە بیربکاتەوە.

هەر بۆیە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە مرۆڤە ئەورووپییەکان ئەوانەی کە سەرداری میراتی ئەورووپاین لە ئەمڕۆدا زیاتر ڕەوایەتی دەدەن بە بنەماکانی شۆڕشی ڕۆشنگەرییەکان، سوودوەرگرتن لە میراتی ڕێنسانس و پاشخانی فەلسەفەی یۆنانی و شۆڕشی زانستی و تەکنۆلۆژی بەرامبەر پەیامەکانی مەسیح. خودی دەرکەوتنی شەپۆلی پۆست مۆدێرنەش لێدانە لە تەواوی پیرۆزییەکان بە وانەشەوە کە مۆدێرنە ئاوای کردوون. لە کۆتایشدا میراتگرانی ڕاستەقینەی کلتور و پاشخانی هزری ڕۆژئاوا ئەو مافە بە خۆیان ئەدان کە بەڵێ ئەوانن کە دەتوانن سەرداری زەوی بن هەتاکوو نوێنەرانی هێزە میتافیزیکی و ئاسمانییەکان کە بۆ چەندی سەدە ئەو مافەیان بۆ خۆیان دەستەبەرکردبوو لە حوکمڕانی ئایینی و ئاواکردنی سیستەمی سیۆکراسیدا.

 

 

 

تاگهزر
بڵاوکردنەوە: