جۆرە نوێیەکەی کونی ڕەش

493
0
بڵاوکردنەوە:

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پڕوشە ئازاد

 

کونی ڕەش جۆرە تەنێکە کە هێزی کێشکردنی هێندە بەهێزە کە هیچ شتێک، تەنانەت ڕووناکیش ناتوانێ لە دەستی دەربازی ببێ.

ئەستێرەناسان بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر وا بیریان دەکردەوە کە تەنها دوو جۆر لە کونی ڕەش بوونی هەیە، جۆری (کونی ڕەشی ئەستێرەیی) و هەروەها جۆری ( کونی ڕەشی زەبەلاح). جۆری کونە ڕەشەکان بەپێی کێشەکەیان یاخود بە شێوەیەکی ڕوونتر بیڵێین، جۆرەکەیان بەپێی بارستاییەکەیان دەستنیشان دەکرێت.

ئێستا، لە سایەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە لەلایەن دوو تیمی ئەستێرەناسییەوە ئەنجام دراوە، لە نێویاندا یەکێک لە بنکەکانی ناسا لە سەنتەری گەشتی ئاسمانی گۆدارد لە گرینبێڵت، ماریلاند. وا بەدیار دەکەوێت کە جۆرێکی نوێ لە کونی ڕەش بوونی هەیە. لەبەر ئەوەی لە شوێنێکدا بارستاییەک لە نێوان ئەو دوو جۆرەی تردا هەیە، و بە ( کونی ڕەشی بارستە نێوەندیی) ناو دەبرێت.

بە شێوەیەکی ڕوونتر لێی بدوێین، کێش و بارستایی دەکرێت بە شێوەیەکی گۆڕاو بەکار بهێنرێت. تاکە جیاوازی لە نێوانیاندا ئەوەیە لە بۆشایی ئاسماندا تا لە کاریگەریی هێزی کێشکردنی زەوی دوورتر بیت، ئەوا کێشت دەبێتە سفر؛ بە پێچەوانەوە بارستایت هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە، چ جا لە زەوییەوە نزیکتر بیت یاخود دوورتر. کێش بە پێی هێزی کێشکردنی زەوی هەژمار دەکرێت، بەڵام بارستایی وا نییە. لەگەڵ ئەوشدا بنچینەی پێوانەکردنی بارستایی بریتییە لە ئەو شتانەی کە تەنەکە لە خۆی دەگرێت.

(لە سیستەمی مەتریدا یەکەی پێوانەکردنی بارستایی کیلۆگرامە و، بە سیستەمی بەڕیتانیی پاوەند یەکەی پێوانەکردنییەتی. یەک کیلۆگرام بەنزیکەیی یەکسانە بە 2.2 پاوەند. کەسێکی 130 پاوەندیی بارستاییەکەی تەنیا نزیکەی ٥٩ کیلۆگرامە.)

تێلێسکۆپی تیشکی چاندرای ناسا قەبارەی کونی ڕەشی ناوەندی دەدۆزێتەوە

کێشەکە لەوەدایە، ڕێک بە پێچەوانەی دوو جۆرەکەی ترەوە، جۆری ئەستێرەیی کە خاوەن کێشێکی کەمە و، جۆری زەبەلاح کە خاوەن کێشێکی زۆرە، هیچ ڕێگەیەکی بەرچاو بوونی نییە کە بتوانین پێوانەی بارستایی کونی ڕەشی ناوەندی پێ بکەین.

بوونی ئەم جۆرەیان کە تا ئێستا ڕوون نەکراوەتەوە چۆنە، لە چوارچێوەی ئەو بیردۆزەی کە باسی چۆنییەتیی  پێکهاتنی  کونە ڕەشەکان دەکات ناتوانرێت ڕوونکردنەوەی لەسەر بدرێت. بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە بوونیان سەلمێنرا، ئەوا پێویستە کە چاوێک بە بیردۆزەکەدا بخشێنرێتەوە.

هەندێک جار بارستایی کونە ڕەشەکان بە (بارستە خۆر) ناودەبرێت. بارستە خۆر جیاوەزە لە بارستایی خۆرەکەی خۆمان. کە ژمارەکەی زۆر گەورەیە کە بە نزیکەی ٢x٣٠١٠  کیلۆگرامە ٢ و ٣٠ سفر بە دوایدایەتی یان بەم شێوەیە دەنوسرێت:

٢،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ کە یەک ملیۆن هێندەی بارستایی زەوی دەکات.

کونی ڕەشی ئەستێرەیی لە دەرئەنجامی تەقینەوەی ئەستێرەیەکی زەبەلاحەوە پەیدا دەبێت کە ئەم تەقینەوەیە کۆتایی هاتنی ئەستێرەکەیە و بە تەقینەوەی ئەستێرەیی پرشنگدار ناودەبرێت. ئەم تەقینەوەیە کە لە توانایدایە تەواوی گەردوونێک بۆ ماوەی یەک هەفتە ڕووناک بکاتەوە، لە دوای خۆی ئەستێرەکە ئەو کڕۆکە بچکۆلە و قورسە جێ دەهێڵێت. ئەگەر ئەم کڕۆکە بە ئەندازەی پێویست زەبەلاح بوو، ئەوا لە خۆیدا دەژاکێت و کونێکی ڕەش پێکدەهێنێت. (خۆرەکەی خۆمان زۆر بچکۆلەیە، یان بە هێندەی پێویست زەبەلاح نییە تاوەکو بتوانێت لەو کاتەی کە سوتەمەنی لێ دەبڕدرێت کونێکی ڕەشی لەم جۆرە پێک بهێنێت.) بە شێوەیەکی ئاسایی کونی ڕەش لە جۆری ئەستێرەیی بارستاییەکەی لە نێوان ٣ بۆ ١٠ بارستە خۆردایە.

کونی ڕەشی زەبەلاح لە نێوجەرگەی زۆرینەی گەلەئەستێرەکاندا هەن و، تەنانەت گەلەئەستێرەکەی خۆشمان- گەلەئەستێرەی ڕێگای کاکێشان. بارستاییەکی زۆر زۆر سەرسوڕهێنەریان هەیە، کە بارستاییان لە نێوان ملیۆنێک بۆ بلیۆنێک لە بارستە خۆر هەژمار دەکرێت. لەبەر چییە کە بەو شێوەیە سەرسوڕهێنەر زەبەلاحن و نەناسراون؟ ئەستێرەناسان زۆر لەوە دڵنیان کە گەشەکردنیان پەیوەندی هەیە بەو گەلەئەستێرە و نێوجەرگەی  ئەو گەلەئەستێرەیەی کە تێی کەوتوون. بڕێکی زۆر لە ئەو گاز و تەپوتۆزانە بوونیان هەیە کە دەتوانێت یارمەتیدەریانبێ لە خێرایی گەشەکردنیاندا و لەوەتەی بڕێکی زۆر لە گەلەئەستێرەکان بە شێوەیەکی بەردەوام پێکدادان دەکەن لە ماوەی بوونیاندا، ڕێگەخۆشکەربوون بۆ کونە ڕەشە زەبەلاحەکان کە لەگەڵ کونە ڕەشە زەبەلاحە قورسترەکاندا یەک بگرن.

کونی ڕەشی بارستە نێوەندی بارستە خۆرییەکەی وادەخەمڵێنرێت کە لە نێوان ١٠٠ بۆ ١٠٠٠ بارستە خۆریدا بێت. هیچ ئەستێرەیەک لە توانایدا نییە کە کونێکی ڕەش لەو بارستاییەدا بێک بهێنێت. تاکە ڕێگەیەک کە ئەستێرەناسان بە مێشکیاندا دێت و بیری لێ دەکەنەوە بۆ پەیدابوونی ئەم جۆرە ئەوەیە کە تاکە کونێکی ڕەش دەست بکات بە قوتدانی بڕێکی زۆر زۆری ئەو ماددانەی کە دەتوانن بیاگەیەنێت بە ئەو بڕە بارستەیە، یان ئەوەتا کونە ڕەشە تاکەکان یەکدەگرن. هەرچۆنێک بێت، هەردوو ڕەوتەکە دەبنە کێشە و تا ئێستاش ئەستێرەناسان توانای وەڵامدانەوەیان نەبووە.

تۆد ستڕۆمایەر کە یەکێکە لە ئەو زانایانەی ئەستێرەناسی لە گۆداردا کە بە دوای نهێنی ئەو کونە ڕەشە بارستە نێوەندیە نهێنی ئامێزانەدا دەگەڕێن و گوتوێتی:

“سروشتی ئەم تەنانە یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین مەتەڵە سەیروسەمەرەکانی نێو فیزیای گەردوونی خاوەن وزە بەرز”.

 

سەرچاوە:

https://go.nasa.gov/3x0FWTV

بڵاوکردنەوە: